گفتووگۆ له‌گه‌ڵ ئایشه گوێككان سه‌رۆكی شاره‌وانی نوسێبین
سه‌رۆكی شاره‌وانی نوسێبین
ئایشه گوێككان
رێژه‌ی بێكاری له شاری نوسێبین له سه‌دا هه‌شتا و پێنجه.
سه‌باره‌ت به شاری نوسێبین:
شاری نوسێبین سه‌ر به هه‌رێمی ماردینه. ده‌كه‌وێته سه‌ر سنووری توركیا-سوریاوه. له‌گه‌ڵ شاری قامشلۆدا یه‌ك شارن و سنوور كردوویانی به دوو به‌شه‌وه. ئه‌و دوو به‌شه‌ی شارێك كه ئێستا سه‌ر به دوو ده‌وڵه‌تی جودا، خه‌ڵكه‌كه‌ی تا ئێستا دان به‌و سنووره‌دا نانێن و ناوی هه‌ردوو به‌ش له لای ئه‌وان تا ئێستا هه‌ر “سه‌ر خه‌ت و بن خه‌ت”ه. له جه‌ژن و بۆنه گرنگه‌كاندا خێزان و بنه‌ماڵه لێكدابڕاوه‌كان له هه‌ردوو به‌ری سنووری به ته‌له‌زی ته‌ندراو كۆده‌بنه‌وه و دیارییه‌كانیان بۆ یه‌كتر هه‌ڵده‌ده‌ن. ئه‌وه دیمه‌نێكی غه‌مگینی كه ساڵانێكه زۆره دووباره ده‌بێته‌وه و جگه له خه‌ڵكی ناوچه‌كه كه‌م كه‌سی تر هه‌یه له‌و ئازار و ژانی له‌ت له‌تكردن تێبگات. نووسێبین شارێكه له‌و هه‌لومه‌رجه دژواره‌دا ده‌ژی،
نووسێبین له كۆندا وێستگه‌یه‌كی گرنگ بووه له‌سه‌ر رێی ناسراوی ئاوریشم. رێی ئاوریشم به‌و شاره‌دا تێپه‌ڕیوه. به‌ڵام له ئێستادا سه‌رباری ره‌وشی سه‌ختی سیاسی له‌و شاره، رێژه‌ی بێكاریش ده‌ردێكی هه‌ره كوشنده‌یه. به پێی لێدوانی خاتوو ئایشه گوێككان، رێژه‌ی بێكاری له شاری نوسێبین، له ئێستادا له سه‌دا هه‌شتا و پێنجه. شارێك رێژه‌ی بێكاری ئه‌وه‌نده تێدا ترسناكه، سه‌ر به ده‌وڵه‌تی توركیایه و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یش وڕكی له یه‌كێتی ئه‌وروپا گرتووه بیكه‌ن به ئه‌ندام. چ مه‌رگه‌ساتێكه.
شاری نوسێبین، هه‌روه‌ها شارێكی هه‌مه‌ڕه‌نگه، تێكه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت و جوانه له زمان و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، هه‌رچه‌نده زۆرینه‌ی دانیشتوانی كوردن، به‌ڵام له شاره‌كه‌دا به روونی گوێت له كه‌سانێك ده‌بێت كه به سوریانی یان به عه‌ره‌بی قسه ده‌كه‌ن. بۆیه شاره‌وانی شاره‌كه، هه‌رچه‌نده به ده‌ستی كوردانه‌وه‌یه، تا بۆی بكرێت ره‌چاوی ئه‌و تێكه‌ڵه جوانه ده‌كات، ته‌نانه‌ت پێگه‌ی ئینته‌رنێتیان به پێنج زمان ئاماده كردووه. به زمانه‌كانی كوردی، توركی، ئینگلیزی، سوریانی و عه‌ره‌بی. په‌یوه‌ندی ئه‌و پێكهاتانه له‌و شاره‌دا تا ئاستێكی شایسته باشه و بێ كێشه پێكه‌وه هه‌ڵده‌كه‌ن.
به‌ڵام به‌گشتی ژیان له نوسێبین ئاسان نییه. بۆ هیچ كه‌سێك ئاسان نییه و له‌وێ سه‌ره‌ڕای ترس و نادڵنیایی، كار و داهاتیش له ئاستی نه‌بوون دان. ژیان له‌وێ ته‌نانه‌ت بۆ كه‌سێكی ئاساییش ئاسان نییه، جا بۆ كه‌سێك سیاسه‌تكار بێـت و به‌ده‌نگی گه‌لی كورد بووبێت به سه‌رۆكی شاره‌وانی دژوارتره. دیاره ئه‌و كه‌سه خاتوونێك بێت، ئه‌وا سه‌ختی زۆرتری رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه. خاتوو ئایشه گوێككان، سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌و شاره هه‌ژار و پڕ له بێكاره‌یه.
ئه‌و خاتوونه له گوندی كولینجه كه سه‌ر به شاری ئورفایه ساڵی 1965 له دایكبووه. له قوبرس له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی زمانی ئینگلیزی خوێندووه. پاشان له توركیا زانستی میدیای ته‌واو كردووه. له هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانی ساڵی 2009دا، له‌سه‌ر لیستی (د.ت.پ)، له 29.3.2009دا له‌سه‌دا هه‌شتا و سێی ده‌نگه‌كانی نوسیێبینی به‌ده‌ست هێنا و بوو به سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌و شاره.
سه‌ر له‌به‌یانی رۆژی 3.5.2011 له شاره‌وانی شاری نوسێبین بینیمان، ئه‌و ده‌مه دوو میوانی سویسراییم له‌گه‌ڵ بوون و ته‌نها بۆ سه‌ردان چووینه لای سه‌رۆكی شاره‌وانی. كاتێك دانیشتین، به زمانی ئنگلیزی به میوانه‌كانی گوت: “به‌خێر بێن بۆ كوردستان”. ئه‌وانیش هه‌م خۆشحاڵ و هه‌میش سه‌رسام بوون به‌و هه‌ڵوێسته‌ی خاتوونی شاره‌وان.
ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ، ئێمه كاتمان دانابوو، له سه‌عات هه‌ژه‌ده یه‌كتر ببینین. كاتێك به ناو شاری نوسێبیندا به پێ به‌ره‌و شاره‌وانی ئه‌و شاره ده‌چووم، به ئاسانی هه‌ستم به‌وه ده‌كرد بێ كاره‌بایی بازاڕی ئه‌و شاره‌ی چۆن په‌ك خستووه و خه‌ڵكه‌كه‌ی چه‌ند دڵته‌نگ كردووه. ته‌واوی ئه‌و رۆژه تا نیوه شه‌و كاره‌بای ئه‌و شاره بڕدرا بوو. كاتێك گه‌یشتمه لای خاتوو ئایشه گوێككان-ی سه‌رۆكی شاره‌وانی نوسێبین، كات هێشتا نه‌ببوو به سه‌عات هه‌ژده. شاره‌وان تا ئه‌و ده‌مه سه‌رقاڵی كاركردن بوو. به رووی خۆش و میهره‌بانانه پێشوازی لێم كرد. گوتی زانیم زووتر دێیت. بۆیه منیش خۆم ئاماده كردبوو.
دیداری خاتوونی شاره‌وان:
له نووسینگه‌كه‌ی، كه نووسینگه‌یه‌كی خاوێن و دڵگیره، دانیشتین, هه‌موو شتێك له شوێنی خۆیدا و هه‌ست ده‌كه‌یت له شوێنێكیت ره‌نجی رێك و پێكی و خاوێنی پێوه دیاره. ئه‌و له شارێكی پڕ له كێشه‌دا ده‌ژی و شاره‌وانی ئه‌و شاره پڕ بێكار و پڕ له كێشه‌یه‌یه، كه‌چی به‌رده‌وام رووی خۆش و ده‌م به‌خه‌نده‌یه. به هێمنی جگه‌ره‌كه‌ی پێده‌كات و ده‌كه‌وێته قسه. قسه‌یش هه‌مووی خه‌می ره‌نگینه بۆ شاره‌كه‌ی. شارێك كه ده‌بێت زۆر كاری بۆ بكرێت و زۆر پێداویستی بۆ جیبه‌جێ بكرێت.
یه‌كه‌م پرسیاری من له خاتوو گوێككان سه‌باره‌ت به نه‌بوونی كاره‌با بوو. لێم پرسی كاتێك به بازاڕدا تێده‌په‌ڕیم هه‌ستم ده‌كرد بێ كاره‌بایی ئه‌و شاره‌ی په‌رێشان كردووه.
خاتوونی شاره‌وان، غه‌مگینانه وه‌ڵامی دایه‌وه:
كێشه‌ی كاره‌با له‌م شاره نوێ نییه. پێشتریش به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با هه‌ر خراپ بوو. به‌ڵام ئه‌و ده‌م چونكه ژماره‌ی دانیشتوانی شاری نوسێبین زۆر كه‌متر بوون، ده‌كرا مرۆڤ به‌و بڕه كاره‌بایه زۆر پێداویستی جێبه‌جێ بكات. كێشه‌كه كۆنه. ئه‌و ده‌مه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌م شاره‌ی ئێمه بیست و پێنج هه‌زار كه‌س بوون، هه‌ر هه‌مان بڕه وزه‌ی كاره‌با هه‌بووه وه‌كو ئێستا كه ژماره‌كه بۆ هه‌شتا و پێنج هه‌زار هه‌ڵكشاوه. به‌ڵێ ئێستا ژماره‌ی دانیشتوانی شاره‌كه‌ی هه‌شتا و پێنج هه‌زار كه‌سه. بێگومان ئه‌و هه‌ڵكشانه به په‌له‌یه، له ئه‌نجامی كرده‌وه و هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. كاتێك ده‌وڵه‌ت گونده‌كان كاول و وێران كرد، خه‌ڵكی گوندنشین ناچار بوون روو له شاره‌كان بكه‌ن. نوسێبین یه‌كێكه له‌و شارانه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر گوندنشین روویان تێكرد و تێیدا مانه‌وه. دیاره ده‌وڵه‌تیش بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه هیچ پلانێكی تا ئێستا نه‌بووه و خه‌می ئه‌وه‌یشی نه‌بووه ئه‌و خه‌ڵكه چۆن جێگیر ده‌بن و له شوێنی نوێی نیشته‌جێ بوونیان پێداویستی گوزه‌رانیان بۆ مه‌یسه‌ر بكات. نه‌خێر ده‌وڵه‌ت ته‌نها شتێكی بۆ گرنگه ئه‌ویش جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی خۆیه‌تی. پلانی سه‌ربازی و دابینكردنی ئاسایش. بۆیه ئێستا كه كاره‌با له‌م شاره بڕاوه، ده‌وڵه‌ت هیچ خه‌مێكی ئه‌و بێ كاره‌باییه‌ی نییه. نه‌ك هه‌ر له بواری كاره‌بادا، له زۆربه‌ی بواره‌كانی تردا شاری كوردنشین بۆ ئه‌وان گرنگیی نییه. له نوسێبین كه هه‌شتا و پێنج هه‌زار مرۆڤ ده‌ژین، له نه‌خۆشخانه‌ی شاره‌كه‌دا ته‌نها جێی خه‌وتنی بیست و پێنج كه‌س هه‌یه. ئه‌مه چ ره‌وشێكه ده‌وڵه‌ت دروستی كردووه؟ ئایا جگه له ده‌وڵه‌ت كێی تر له‌م ره‌وشه به‌پرسیاره؟.
سه‌باره‌ت به پرسیاری رێژه‌ی بێكاری له شاری نوسێبین خاتوو ئایشه گوێككان ده‌ڵێت:
سه‌رباری ئه‌وه‌ی شاری نوسێبین، شارێكه ده‌كه‌وێته سه‌ر سنووری سوریا و له سنوری عێراقیشه‌وه نزیكه، كه‌چی رێژه‌ی بێكاری له‌م شاره‌ی ئێمه گه‌لێ له سه‌ره. رێژه‌كه ترسناكه، كه‌سانێك هه‌ن تا خۆیان ئاماده‌ی شاره‌كه نه‌بن باوه‌ڕ ناكه‌ن كه ئه‌و رێژه زۆره‌ی بێكاری هه‌یه. له سه‌دا هه‌شتا و پێنجی خه‌ڵكی نوسێبین بێكارن. ئه‌وانه‌ی ده‌توانن داهاتێكی كه‌م دابین بكه‌ن، له رێی سوریا و عێراق له ره‌وشێكی زۆر دژوار‌دا خه‌ركی هێنان و بردنی هه‌ندێ خۆراك و كه‌ره‌سته‌ی بچوكن و بوارێكی تر كه شایانی باس بێت بۆ كار نییه. بێگومان ده‌وڵه‌ت به‌رپرسیاره له‌م ره‌وشی بێیكارییه‌ی كه باكوری كوردستان و شوێنه‌كانی وه‌كو شاره‌ی نوسێبینی تێدا ده‌ژی. ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت ئه‌و ره‌وشه چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام بۆ نایكات، ئه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و ده‌وڵه ده‌یزانن بۆ؟.
لێی ده‌پرسم، باشه سه‌رباری هه‌موو ئه‌و كێشانه، هه‌ڵكه‌وته‌ی شاره‌كه، كه له رۆخی سنوور دایه كێشه نییه؟ ئه‌و ته‌لبه‌ندانه‌ی به نێو شاره‌كه و باخچه و كێڵگه‌كانیدا راكێشراون سه‌رچاه‌وه‌ی چ كێشه‌یه‌كن؟ خاتوو ئایشه گوێككان ده‌ڵێت.
ئه‌وه كێشه‌یه‌كی مێژووی سه‌خته. ئه‌و سنووره چه‌ندین پرسگرێكی گه‌وره و ترسناكی دروست كردووه بۆ خه‌ڵكی ئه‌م شاره. جگه له‌وه به‌رده‌وام هه‌موو كه‌س له ژێر چاودێریدان له پای ئه‌وه‌ی سنوور نه‌به‌زێینن. هه‌روه‌ها هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت چه‌ندین رێكه‌وتنی سه‌ربازی و ته‌ناهییان هه‌یه بۆ ئه‌و ره‌وشه و بۆ پاراستنی ئه‌و سنووره، دیاره هه‌موو ئه‌وانه به زیانی گه‌لی كورد و به تایبه‌تی دانیشتوانی ئه‌و شوێنانه ده‌شكێنه‌وه كه له دۆخی شاری نوسێبین دان. هه‌لومه‌رجێكی غه‌مگین و ئاڵۆزه.
قسه زۆره له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی شاره‌وانی نوسێبیندا بكرێت، ئه‌و له بۆته‌ی كارێكی سه‌خت دایه. كاره‌كه‌ی ئه‌و ئاسان نییه، به‌ر له ماوه‌یه‌ك كاتێك ئه‌و له ریزی پێشه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناڕازی نوسێبیندا له رێپێواندا ده‌بێت، به ئاوپرژێنی دوورهاوێژی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت بریندار ده‌بێت. ئه‌و ده‌مه‌ی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 3.5.2011 چووینه لای خاتوو ئایشه گویككان، خاتوونێكی سویسراییمان له‌گه‌ڵ بوو كه پێشتر و ساڵانێك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی ناوچه‌یه‌كی بچوك بووه له نزیكی شاری بێرن-پایته‌ختی سویسرا. سویسرا هێمن و دووره شه‌ڕ. كاتێك هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌سه‌ر شاره‌كه و شاره‌وان بیست شۆك بوو. سه‌رۆكی شاره‌وانی به‌و خانمه‌ی گوت: به‌ڵێ ئه‌مه‌یه توركیا و ژیانی ئێمه له توركیا. ده‌زانم ئێوه ئه‌ندام نین له‌و یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه ده‌یه‌وێـت ببێت به ئه‌ندامی یه‌كێتی وه‌ڵاتانی ئه‌وروپا.
شاره‌وان هه‌موو ئه‌و شتانه به روویه‌كی خۆشه‌وه ده‌ڵێت، بێ ئه‌وه‌ی بزه‌ی له‌سه‌ر لێو لاچێت. بۆ منه ئه‌وه شتێكی سه‌رنجڕاكێش له‌و شاره‌وانه‌دا. ژیان له شارێكی پڕ له كێشه و ئاڵۆزیدا، گوزه‌ران له شارێك پڕ له بێكار و پڕ له كێشه‌دا. كه‌چی به‌رده‌وام روو خۆش و ده‌م به‌خه‌نده. به هێمنی جگه‌ره پێبكات و وه‌ڵامی پرسیار بداته‌وه. بۆیه لێم پرسی ئه‌و وره‌یه، یان ئه‌و هێزه و وزه‌یه له كوێوه‌ی سه‌رچاوه ده‌گرێـت؟
خاتوو گوێككان، وه‌كو هه‌میشه، به پێكه‌نینه‌وه، ته‌ماشای كرد و پرسیاره‌كه‌ی دووباره كرده‌وه، ” له كوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت”؟ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و هێز و وره‌یه، گه‌له، گه‌ل. خه‌ڵك هێزێكی گه‌وره و كاریگه‌رن. ئێمه به ده‌نگی گه‌ل هاتووینه‌ته ئێره. ئه‌و گه‌له‌یش له پشتمانه‌وه‌یه و ئه‌وان هاوكارمانن، بۆیه ناترسین و به‌رده‌وام ده‌بین. راسته كێشه‌كان زۆرن، راسته بێكار و ئاڵۆزی زۆری بۆ هێناوین، به‌ڵام كاریش ده‌كه‌ین و نه‌وه‌ستاوین. گرنگ ئه‌وه‌یه لێره گه‌ل بڕیارده‌ره كێ دێت و كێ ده‌بێت به شاره‌وان. شاره‌كه هی ئه‌وان و ئه‌وان بڕیارده‌رن له ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا.
لێم پرسی: باشه له وه‌ڵانێكدا كه زمانی كوردی و ناوی كوردستان قه‌ده‌غه‌یه، به‌ڕێزت وه‌ك شاره‌وان چۆن ده‌توانیت به كوردی كار بكه‌یت؟ ناوی شه‌قامه‌كانتان به كوردی نووسیوه و له پێگه‌ی سه‌ره‌كی ئینته‌رنێتی شاره‌وانیدا كوردیش وه‌كو توركی به‌كارهاتووه؟ هه‌روه‌ها به ئینگلیزی به میوانه‌كانتان ده‌ڵێن: “به‌خێر بێن بۆ كوردستان”؟
دیسانه‌وه پێده‌كه‌نێت: سه‌رۆكی شاره‌وانیی شاری نوسێبین ئایشه گوێككان له وه‌ڵامدا ده‌ڵێـت:
ئه‌وه هه‌ر ئێمه نین گوێ به‌و یاسایانه‌ی ده‌وڵه‌ت ناده‌ین و به كوردی قسه ده‌كه‌ین و ده‌نووسین. به‌ڵكو ئیتر ره‌وشه‌كه هاتۆته ئاستێك ده‌وڵه‌ت و به‌شێك له سه‌رانی كۆماری توركیا خۆیشیان ئه‌و قه‌ده‌غه‌كردنه پێشێل ده‌كه‌ن. كاری “ته‌ره‌ته 6” و به‌رنامه و هه‌واڵه‌كانی ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه به زمانی كوردی نمونه‌ی ئاشكران. ئیتر كورد ز زمانه‌كه‌ی مه‌حاڵه بتوێنه‌وه.
پرۆژه‌ی گرنگ بۆ خزمه‌تی ژنان:
سه‌رۆكی شاره‌وانی ده‌رباره‌ی ره‌وشی ژنان له شاری نوسێبین ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه ئه‌وان بۆ ره‌خساندنی بواری كار، به تایبه‌تی بۆ ژنانی شاره‌كه و ده‌وروبه‌ری، كۆمه‌ڵێ پرۆژه‌یان ئه‌نجام داوه و كۆمه‌ڵێ پرۆژه‌ی تریان به ده‌سته‌وه‌یه. دیاریترینیان پرۆژه‌ی “نانی ته‌ندووره” بۆ ژنانی شاری نوسێبین. پرۆژه‌ی نانی ته‌ندوور، پرۆژه‌یه‌كه كه بواری كار بۆ كۆمه‌ڵێك له ژنانی بێكاری شاره‌كه مه‌یسه‌ر ده‌كات. هه‌م بوونی خۆیان ده‌سه‌لمێنن و هه‌میش داهاتیان ده‌بێت. به جۆرێك كاره‌كه‌یان رێكخستووه كه كڕیاری به‌رده‌وام بۆ نانی ئه‌و خاتوونانه هه‌بێت. به‌و شێوه‌یه هه‌م ئه‌وان به‌رهه‌مه‌كه‌یان دێته فرۆشتن و هه‌میش به‌رده‌وام كڕیار ده‌توانێت نانی نوێ و له هه‌ندێ حاڵه‌تیشدا نانی گه‌رم بخوات.
شایانی باسه یه‌كێك له‌و پرۆژانه كه سه‌ر به شاره‌وانی نوسێبینه، قاوه‌خانه و چایخانه‌ی ناوه‌ندی رۆشنبیری میتانه له‌و شاره. ناوه‌ندی میتان، ناوه‌ندێكی گرنگی هونه‌ری و رۆشنبیری شاری نوسێبینه. له بینایه‌كی جوان و نایاب دایه، بیناكه له لایه‌ن شاره‌وانی شاره‌كه‌وه بنیات نراوه. خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ر له‌و ناوه‌نده‌ی رۆشنبیرییه ده‌ده‌ن. كافتریای ئه‌و ناوه‌نده له لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه دراوه به كۆمه‌ڵێك ژن. له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت و بووه به بوارێكی گرنگی كاركردنی ئه‌و خاتوونانه. شایسته‌ی باسه ته‌واوی ئه‌و ژنانه‌ی له‌وێ كار ده‌كه‌ن، پێشتر له سۆنگه‌ی دۆزی كوردایه‌تیدا زیندانی كراون و ئازاری زۆریان له‌و باره‌وه بینیوه. ئاشكرایه ئه‌و ماوه‌ی زیندانی بوونه ده‌بێـت به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ژنانه به ئاسانی كاریان له زۆر شوێن ده‌ست نه‌كه‌وێت، بۆیه كاركردنیان له‌و كافتریایه و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و شوێنه له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه یه‌كێكه له كاره گرنگه‌كانی شاره‌وانی نوسێبین.
وێنه: ئایشه كوردی