براکانی شۆڕش ( فیدڵ و جیڤارا ) 3
مه‌کسیکیه‌کیش به‌ناوی ( ئێلکواتێ ) واته هاوڕێ ، که قاچاخچی تفه‌نگو ته‌قه‌مه‌نی بوو ، نیوه‌ی ئه‌و چه‌کو تفه‌نگانه‌ی که گروپه‌که‌ی کاسترۆ پێویستی پێ بوو ده‌سته‌به‌ر کردبو . دوو پیاوی تر له پیاوه‌کانی کاسترۆ ، شه‌وی پێشووتر له‌به‌ر ڕووناکی گڵۆپێکدا هه‌رچیان کردبو نه‌یانتوانی بوو کارێک بۆ خوارو گێری که‌شتیه‌که بکه‌ن و ڕاستی بکه‌نه‌وه ، چونکه هه‌ر که له دووره‌وه سه‌یرت ئه‌کرد ئه‌تووت هه‌ر ئێستا نا که‌مێکی تر نوقوم ئه‌بێته‌وه .
مێلبا هێرناندز که یه‌کێک بوو له‌و ژنه ڕاستگۆ کوبیانه‌ی که له گروپه‌که‌ی کاسترۆدا ئیشی ئه‌کردو له‌خۆئاماده‌کردنه‌کدا ئاماده بوو ، کاتێک که که‌شتیه بچووکه‌که‌ی بینی به کاسترۆی ووت : ئه‌م که‌شتیه ئه‌وپه‌ڕی دوانزه که‌س ئه‌گرێت . مێلبا دیاربوو له‌سه‌ر هه‌ق بوو ، به‌ڵام کاسترۆ که‌له ڕه‌قانه ووتی : نه‌خێر ئه‌مه نه‌وه‌د که‌س ئه‌گرێت .
به‌هه‌رحاڵ ئێستا تازه بۆ ئه‌مان دره‌نگ بوو ، تا که‌شتیه‌کی تر په‌یدا ئه‌که‌ن و ئه‌مان بگوازێته‌وه بۆ کوبا. هه‌ر که فه‌رمان به پیاوه‌کان درا که سواربن ، 82 که‌س به په‌له له‌ژێرزه‌مینی خانوی ته‌نیشت ڕووباره‌که هاتنه ده‌ره‌وه‌و به خۆیان و ئه‌و ده‌مانچانه‌ی که ( ئێلکواتێ ) بۆی په‌یدا کردبون خۆیان هاوێشته نا‌و که‌شتیه‌که‌وه . کاسترۆ له لایه‌ک ناڕه‌حه‌تی ئه‌وه بوو که هێشتا هه‌ندێکی تر له هاوڕێکانی نه‌گه‌شتبون ، له‌له‌یه‌کی تریشه‌وه ئه‌ترسا گه‌ر له‌وه زیاتر بمێنێته‌وه ڕه‌نگه ئاشکرا ببێت و بگیرێت ، به‌ڵام دوا جار هیوای ئه‌وه‌ی خواست که‌به‌خت یاوه‌ری بێت و سه‌رکه‌وتوبێت ، بۆیه دوا خۆئاماده‌کردنه‌کانی جێبه‌جێ کرد .
**********
ئه‌رک و مه‌کانه‌ی فه‌رمی جیڤارا له‌م فه‌رمانه گرنگه‌دا دکتۆرو سه‌رۆکی گروپه‌که بوو ، فیدڵ کاسترۆ تا هاوینی ڕابردو ، واته پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جیڤارادا یه‌ک ببینن و به‌یه‌ک بگه‌ن هه‌ر خۆی به‌ڕێوه‌به‌رو داینه‌مۆی زاڵی گروپه‌که‌ی بوو . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کاره‌که‌ی هه‌تا ئێستا به باشی هێنابو به‌ڵام که‌مێک خۆپارێزی و ڕێگری له‌م ڕێگایه‌ی که ئێستا ئه‌یگرته به‌ر هه‌بوو ، مه‌سه‌له‌که ترس نه‌بوو له‌وه‌ی که سه‌رنه‌که‌ون به‌ڵکو هه‌موو بۆچونه ئه‌قڵیه‌کان و ئه‌و باوه‌ڕه زۆر که‌مه‌ش که هه‌یانبو بۆ سه‌رکه‌وتن زۆر که‌م بوو .
جیڤاراش هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه که وه‌کو پیاوه‌کانی تر خۆی حه‌شار داب‌و ، باوه‌ڕێکی سنوردار‌و کوێرانه‌ی به‌سه‌رکه‌وتنی کاره‌که‌یان هه‌بو ، به‌ڵام له‌سه‌رێکیشه‌وه گه‌شبین بوو که به‌ئامانجی خۆیان بگه‌ن . ئه‌و له‌خه‌یاڵی خۆیدا وای دانابو دوای ئه‌وه‌ی که شوڕشه‌که‌ی ئه‌مان سه‌ری گرت ، شۆڕشه‌که ببێته پاڵپشتێک تا هه‌مان چاره‌نووس بۆ هه‌موو ووڵاتانی تری ئه‌مه‌ریکای لاتین به‌ده‌ست بێنێت و له‌و ڕژێمه گه‌نده‌ڵانه پاکیان که‌نه‌وه .
ئه‌م هه‌ر له‌ئێستاوه ترسی له‌وه هه‌بو له دوای ئه‌م شۆڕشه گه‌ر شۆڕشی تر به چوارده‌وردا نه‌کرێت ، ئه‌وا وه‌کو شۆڕشه‌کانی تر له لایه‌ن بۆرجوازیه‌ت و تینوه‌کانی دۆلاره‌وه شۆڕشه‌که‌ی ئه‌مانیش له‌ناو ئه‌چێت . به‌ڵام دیاره ئێستا کاتی ئه‌م خه‌یاڵاتانه نه‌بو ، بۆیه وازی له هه‌موو ئه‌مانه هێناو خۆی بۆ ئه‌م ئیشه‌ی ئێستایان ته‌رخان کرد که چاوه‌ڕێ ی ئه‌کردن .
جیڤارای گه‌نج ئه‌و ئێواره‌یه که له‌ماڵ هاتبویه ده‌ر له‌گه‌ڵ ( هیڵدا ) ی ژنیدا هه‌ر فریای خواحافیزیه‌کی به‌په‌له که‌وتبو . ئه‌م هیڵدای له یه‌کێک له‌و سه‌فه‌رانه‌یدا که پێشتر به‌ناو ئه‌مه‌ریکای لاتیندا کردبوی ناسیبو . هه‌ر ئه‌م ئێواره‌یه پێش چه‌ند سه‌عاتێک له‌مه‌وبه‌ر یه‌کێک له ئه‌ندامانی گروپه‌که‌ی کاسترۆ ، به‌په‌له‌و شڵه‌ژاویه‌وه خۆی گه‌یاندبویه ماڵی جیڤاراو هه‌واڵی جیڤارای پرسیبو . ئه‌ندامه‌که به جیڤارای وتبو یه‌کێکی تر له ئه‌ندامه‌کانمان گیراوه‌و ده‌ستیش به‌سه‌ر چه‌ند نامه‌و ته‌قه‌مه‌نییدا گیراوه که له ماڵه‌که‌ی ئه‌ودا بوه .
هیڵداش که ئه‌ندامه‌که‌ی بینیبو به جیڤارای وتبو : هیچ ڕویداوه ¬¬¬. جیڤاراش به بێ ئه‌وه‌ی سه‌یری هیڵدای ژنی بکات هه‌ندێک که‌لوپه‌لی خۆی کۆکردبویه‌وه‌و پێ ی ووتبو : نا … ته‌نیا ئه‌بێت ووریا بین و جموجووڵه‌کانمان چا‌ره‌سه‌رکه‌ین . دوای ئه‌وه‌ی که ئاماده‌ی ڕۆشتن بوو به‌ره‌و لای ته‌خته خه‌وی مناڵه ساواکه‌یان که خه‌وتبو ڕۆشت و به هێواشی ده‌ستێکی به سه‌رو ده‌مو چاویدا هێنا .
هیڵدا پاشان هه‌ر خۆی باسی ئه‌و ئێواره‌یه ئه‌گێڕێته‌وه‌و ئه‌ڵێت : جیڤارا دوای ئه‌وه‌ی ڕوی کرده من ، پاشان هات و باوه‌شی پیادا کردم و ماچیشی کردم . من خۆشم نازانم که بۆچی هه‌موو گیانم ئه‌له‌رزی و بۆچیش وا به توندی باوه‌شم به جیڤارادا کرد . ئه‌وه‌شم له‌بیره که ئه‌و هه‌وڵیدا خۆی ئاسایی پیشانی من بدات و ئاگاشم لێبو پارچه له‌فا‌فێکی له خۆی به‌ست و ئیتر ڕۆشت و نه‌گه‌ڕایه‌وه .
ئا له‌م کاته‌دا که هه‌موو پیاوه‌کان سوار بوبون و خه‌رییک بوون به‌ڕێ ئه‌که‌وتن ته‌نیا فیدڵ شتێکی له‌مه‌سه‌له‌که ئه‌زانی که چی ڕوئه‌یا ، یان به لانی که‌مه‌وه ئه‌بێت چی ڕوبدا . به قووڵی بۆی داچوبو و بیری له‌و ڕێگا چارانه ئه‌کرده‌وه کاتێک که خۆی و گروپه‌که‌ی ئه‌گه‌نه کوبا .
پێش چه‌ند سه‌عاتێکیش له‌مه‌وبه‌ر که له ماڵه‌وه به‌ڕێکه‌وتبو به که‌مێک هه‌ست و سۆز‌و خۆشه‌ویستیه‌وه خواحافیزی له هه‌ندێک که‌س و خزم و هاوڕێ و هه‌تا چه‌ند هاوبیرێکی خۆیشی کردبو باوه‌شیشی به هه‌ندێکیاندا کردبو . گه‌رچی ئه‌م له کاتی ووتا خوێندنه‌وه‌دا به درێژدادڕ‌ی ڕاهاتبو به‌ڵام ئه‌مجاره بۆ یه‌که‌مجار زۆر به کورتی و چڕوپڕی باسی ئه‌وه‌ی بۆ کردبوون که‌چی له‌به‌رده‌میدایه و به‌ته‌مایه چی بکات . فیدڵ پێش ئه‌وه‌ی بڕوات فه‌رمانی خۆی به‌مانه دابوو و پێی ووتبوون : هه‌موو خۆتان بشارنه‌وه‌و مه‌چنه ده‌ره‌وه هه‌تا ئه‌و کاته‌ی وه‌ڵامی ئێمه به گه‌شتن یان به گیران ئه‌بیستن .
دوای ئه‌مه تاکه شتێک که فیدڵ گوێی ئه‌دایێ ئه‌و بروسکه نهێنیه بوو که به هاوخه‌باته‌کانی له کوبا بگات . ئه‌و پیاوانه‌ی که له‌گه‌ڵ گروپه‌که‌ی فیدڵدا هاتبوون بۆ خواحافیزی و خۆیان له‌ناو ئۆتۆمبیله کوژاوه‌کانی خۆیاندا به درێژایی ڕووباره‌که حه‌شار دابوو ، ئه‌رکی گه‌یاندنی ئه‌و بروسکه نهێنیه‌یان به شاره‌کانی ( سانتیاگۆ دی کوبا و هاڤانا و سانتا کلارا ) له کوبا له‌سه‌ر بوو ، بروسکه نهێنیه‌که‌ش ئه‌مه بوو ( ئه‌و کتێبه‌ی که داواتان کردبو وا له چاپخانه له ده‌رچوندایه ) .
فیدڵ دوای ئه‌وه له قه‌راغی ڕووباره‌که بۆ دوا جار ( مێلبا ) ی ژنی له ئامێز گرته‌وه ، به خێرایی ده‌مانچه‌که‌ی لێوه‌رگرت و فه‌رمانیشیدا به‌و پیاوانه‌ی که هێشتا مابوون و سه‌رنه‌که‌وتبوون تا سه‌رکه‌ونه سه‌ر که‌شتیه بچووکه‌که ، پاشان خۆیشی سه‌رکه‌وت و ڕۆشت له به‌شی پێشه‌وه‌ی که‌شتیه‌که دانیشت ، تا له‌وێوه به‌سه‌ر ده‌ریاکه‌دا ئاگای له لێخوڕینی که‌شتیه‌که بێت ، کاتژمێر نزیکی دووی شه‌و بوو ، دیار بوو ئێستاش کاتی ئه‌وه هاتبو که ئیتر بکه‌ونه ڕێ .
ئه‌و ڕوداوه‌ی که ئه‌بوایه ڕۆڵێکی گرنگ له جه‌نگی ساردا ببینێت و هه‌موو سیاسه‌تی ووڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتینیش له چوارچێوه بداته‌وه کاتی ڕودانی نزیک بوبوه‌وه .
ژماره‌یه‌کی زۆر له هه‌واڵنێره‌کان چاودێری ئه‌م گروپه شۆڕشگێڕانه‌یان ئه‌کرد که‌وا ئێستا به‌ڕێوه‌ن . به‌ڵام هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌که‌ی واشۆنتۆن و مۆسکۆ له‌و گه‌وره که‌مئاگایانه بوون که شتێکی ئه‌وتۆیان له‌م ڕوداوه نه‌ئه‌زانی و نه‌یانئه‌زانی چی به‌ڕێوه‌یه .
هه‌واڵی بڵاوبونه‌وه‌ی شۆڕشه‌که له ڕاپۆرتی هه‌واڵنێره‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی دنیادا ( ئه‌مه‌ریکای لاتین ) ، به‌شێکی گرنگ و به‌رچاوی گرتبو ، که‌چی واشۆنتۆن هیچ بایه‌خێکی به فیدڵ کاسترۆ نه‌ئه‌یا و جێگای هیچ گرنگیپێدانێکیشی نه‌بوو . چونکه تا ئه‌وکاته ئه‌م جموجووڵه شۆڕشگێڕیه هێشتا هه‌ر سه‌ره‌تایی و دووه‌میش هیچ بۆن و به‌رامه‌یه‌کی کۆمۆنیزمی پێوه نه‌بوو ، ته‌نانه‌ت فیدڵ خۆیشی تا ئه‌وکاته له هیچ شوێنێک به فه‌رمی باسی کۆمۆنیزمی نه‌کردبو .
ماویه‌تی