Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
بەراوردێک لەنێوان فەلسەفەی سیپۆنزا و ابن رشد

بەراوردێک لەنێوان فەلسەفەی سیپۆنزا و ابن رشد

Closed

بەشێکی زۆری پسپۆران و شارەزایان لە بواری فەلسەفەی عەرەبی و رۆئاوایی ، لەو باوەڕەدان کە فەلسەفەی سیپۆنزا ، هەمان ڕێچکەی ابن رشدی هەیە. بگرە هەندێک لەو باوەڕەدان کە فەلسەفەی سیپۆنزا ، لە ڕووی تیۆری و ماناوە بەگشتی قەرزاری فەلسەفەی ابن رشدە. هەندێکی تر لەو باوەڕەدان کە هزری ماددی لە فەلسەفەی ابن رشدا  زۆر دیارەو هەنگاوێکی گەورەشی  لەم بارەیەوە ناوە، بەتایبەت کاتێک  ئەو سروشتی لەهەموو هزرێکی غەیبی و ئایینی دوورخستۆتەوە . هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە ، کە جیهان بوونێکی ماددیانەی هەیە ، هەر ئەویش سەرچاوەکەیەتی ، هەروەک سیپۆنزا دەڵێت.
لێ ئەوەی من دەیبینم پێچەوانەی ئەم حاڵەتەیە. فەلسەفەی سیپۆنزا ، وەڵامدانەوەیەکی بەهێزە بۆ فەلسەفەی ابن رشد و بۆچوونەکانی دەربارەی (بوونەوە) . وە ئەم ووەڵامدانەوەیەش لە چەندین ئاست و مەفهوومی جیاواز ڕەنگی داوەتەوە . من لەم  ووتارەمدا هەوڵ دەدەم لێکۆڵینەوەیەک و شرۆڤەیەکی تایبەت بە دەستەواژەی ( العنایة، ئاگاداربوون) باس بکەم ، وە چۆن هەردوو فەیلەسووف ( ابن رشد و سیپۆنزا) ، شرۆڤەو بۆچوونی خۆیان لەم بارەیەوە دەربڕیوە.

ئاگاداربوون ( العنایة)
دیارە ابن رشد بۆچوونی خۆی دەربارەی دەستەواژەی ( ئاگاداربوون)  کردووە ، بەتایبەت لە کتێبی ( الکشف عن مناهج الادلة )  لێرەدا باسی بەڵگەی بوونی خودای کردووە. بە پێچەوانەی ڕووناکبیرانی پێش خۆی کە زیاتر پشتیان بە بەڵگەی فیزیکی دەبەست ، بۆئەوەی بوونی خودا بسەلمێنن ، وە بە پێچەوانەی (ابن سینا)ش ، کە دەیویست پشت بە بەڵگەی بوونی دەبەست .( ابن سینا دەڵێت : بوونی خودا ، بوونێکی پێویستە ) . ابن رشد بە پێچەوانەی ئەمانەوە ، پشت بە دوو بەڵگەی تایبەت بە خۆی دەبەست ئەوانیش : ( بەڵگەی ئاگاداربوون و بەڵگەی دزەپێکردن، الاختراع) .  لێرەدا تەنها باسی بەڵگەی ئاگاداربوون دەکەین ، باسی بەڵگەی دووەمیان ناکەین چونکە ئەمەمان لا گرینگترە.  هەروەها ناچینە سەر ئەوەی کە ابن رشد چەندە سوودی لە بۆچوون و کارەکانی هزرڤانانی پێش خۆی یان ابن سینا وەرگرتووە . چونکە ئەم مەسەلەیە لە باسە سەرەکیکەمان دووردەخاتەوە و ئەوەش مەبەستی ئەم ووتارەی من نییه . ئەوە گرینگە تەنها باسی  بەهێزی و سروشتی ئەم بەڵگەیە چییه واتە بەڵگەی ئاگاداربوون .
دیارە ابن رشد بۆ سەلماندنی بەڵگەی ئاگاداربوون  ، پێی وایە بوونی ( خاڵقێکی حەکیم ) پێویستیەکی گرینگە ، چونکە (  ئەو دەتوانێت ئاگاداری مرۆڤ بکات و هەموو شتەکانیش ” مەبەستی ئەو شتانەی کەلەسەر زەوی بوونیان هەیە ”  بۆ خزمەت و بەرژەوەندی مرۆڤ دروستکردووە1) .  وە بۆ ئەم بەڵگەیەش پشت بە دوو بنەڕەتی سەرەکی دەبەستێت.
یەکەمیان : هەموو ئەو شتانەی کەلێرەدا ” مەبەستی سەر زەوی” هەن ، هەموویان لەگەڵ بوونی مرۆڤ دا دێتەوە( یان یەک دەگرنەوە)  .
دووەمیان : ئەم یەک هاتنەوەیە ( یەکگرتنەوەیە)  بە دڵنییایەوە لەلایەن کەسێکەوە “خوڵقێنەرێکەوە” ئەنجام دراوە . چونکە هیچ ڕێی تێناچێت ، کەئەم یەکگرتنەوەیە هەروا  لە خۆرا هاتبێتە کایەوە 2.
لێرەدا مەبەست لەم یەکگرتنەوەیە ئەوەیە ، کەهەموو شتەکانی سەرز زەوی ، بۆ ژیانی  مرۆڤ  گرینگن و لەهەمانکاتیشدا پێویستین بۆ ئەوەی لە ژیان بەردەوام بێت. پاشان ابن رشد لەسەر بۆچوونەکانی خۆی بەردەوام دەبێت ، بەتایبەت لەسەر بوونی بەڵگەی پێویست بۆ  یەکبوون و ئاوێتەبوونی ڕاستی  بوونی خودا. کاتێک  هەموو شتەکان ( بوونەکان، موجودات) لەگەڵ  بوونی مرۆڤ دا یەکدەگرێیتەوە ، ئەمەش دەبێتە یەقینێکی گەورە ، بەتایبەت کاتێک سەیر دەکەین کە شەو و ڕۆژ ، هەتاو مانگ  لەگەڵ بوونی مرۆڤ یەک دەگرێیتەوە.  هەروەها یەکگرتنەوەی  هەر چوار وەرزەکەی ساڵ ، وە ئەو شوێنەی کە مرۆڤ لەسەری دەژی واتە زەوی ،  لەهەمانکاتیشدا ئاژەڵ ، ڕووەک و جەماد، دڵۆپە بچووکەکانی باران ، ڕووبارەکان ، دەریاکان .  هەوا ، ئاگر، ئاو ، هەموو شتەکانی تری سەر ئەم زەوییه لەگەڵ ژیانی مرۆڤ دا یەکدەگرێیتەوەو بۆ  بەرژەوەندی ئەو دروست بووە3. .  کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە  بەم شێوەیە بەڵگەی (ئاگاداربوون) پشت  بەو ڕاستیە دەبەستێت ، کە هەرچوار ڕەگەزە سروشتیەکان  ( زەوی ، ئاگر، هەوا ، ئاو)  لەگەڵ بوونی مرۆڤ دا یەکدەگرێیتەوە.  سروشت بەگشتی ، بەهەر چوار ڕەگەزەکەیەوە ( زەوی ، ئاگر، هەوا ، ئاو) لەگەڵ مرۆڤ دا یەکدەگرێیتەوەو لەهەمان کاتیشدا ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لەبەردەوام بوونی ژیانی مرۆڤ و تەنانەت  خزمەتی خۆشی و پێشکەوتنی ژیانی مرۆڤیش دەکات.
بەم شێوەیە مرۆڤ  لە ناو گەردوون و سروشتدا دەبێتە سەنتەرێکی گرینگ . وە بەم شێوەیەش هەموو ڕەگەز و پێکهاتەکانی لە خزمەتی ژیانی مرۆڤ دا دەبن . تەنانەت ئاژەڵەکانیش  هیچ مانایەکیان لە بوون دا نییه ، تەنها بۆ ئەوە دروست کراون ، کەلە خزمەتی  مرۆڤ دا بن  . ئاژەڵەکان بەگشتی وەکوو  دیاریەک بۆ ژیانی مرۆڤ دروستکراون.  سروشت و پێكهاتەکانی خۆی لەخۆیدا  هیچ نرخێکی نییه ، تەنها نرخەکەی لەوەوە سەرچاوە دەگرێیت ، کەلەگەڵ ژیانی مرۆڤ دا یەکدەگرێیتەوە.  تەنانەت مرۆڤ خۆشی سوود لەم یەکگرتنەوەیە دەبینێت . بۆ نموونە مرۆڤ سەیر دەکات ، کە بوونی شەو رۆژ  لەبەر خۆشی  و کار و کامەرانی ئەو دروست بووە.  هەروەها بۆ خۆشی دەبینێت ، کە بوونی ئاژەڵەکان  بەهەموو جۆرەکانیەوە  بۆ ئەوە دروست بوون ، کە ببنە خۆراک  بۆ مرۆڤ ، هەتاوەکوو بەردەوامی بە ژیانی مرۆڤ بددەن .
هەروەها ئەم یەکگرتنەوەیە تەنها لە نێوان سروشت و مرۆڤ دا نییه ، بەڵکە کاتێک سەیری لەشی مرۆڤ دەکەین ، دەبینین ئاوێتەبوون و یەکگرتنەوەو هاوئاهەنگیەک لەنێوان دروستبوون و پێکهاتەکانی لەشی مرۆڤ داهەیە . ابن رشد دەڵێت :
 ( بەهەمان شێوە ئاگاداربوون  لە ئۆرگانەکانی لەشی مرۆڤ و ئۆرگانەکانی جەستەی ئاژەڵیش بوونی هەیە . من زیاتر مەبەستم لەوەیە ، کە هەموویان لەگەڵ ژیان  و بوونی مرۆڤ یەکدەگرنەوە . 4 )
 کاتێک سەیری  ئۆرگان و پێکهاتەکانی ناو لەشی مرۆڤ دەکەین ، دەبینین هەمووی بۆ خۆشی و بەردەوامی ژیانی مرۆڤ  و بوونی دروستبووە. بۆنموونە کاتێک سەیری ئۆرگانی هەناسەدان دەکەین ، دەبینین ئەم ئۆرگانە یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆئەوەی هەوای پاک  هەڵمژێت . ئۆرگانەکانی تریش بەهەمان شێوە بۆ خزمەتی مرۆڤ دروستبوون.  بەم شێوەیە دەبینین هەموو ئۆرگانەکانی لەشی مرۆڤیش ، بۆ سوودی مرۆڤ دروست بوون . لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی ، کە مرۆڤ تەنها نابێتە سەنتەرێکی گرینگی گەردوون ، بەڵکە لەناو لەشی خۆشیدا ، بۆتە سەنتەرێکی گرینگ.  هەروەک چۆن هەموو شتەکان و پێکهاتەکانی تری سەر زەوی و سروشت ، هەموو بۆ سوودی مرۆڤ دروست بوون ، دەبینین بەهەمانشێوەش هەموو ئۆرگان و پێکهاتەکانی تری ناو لەشی مرۆڤیش بۆ خزمەتی ژیانی مرۆڤ و بەردەوام بوونی ئەو دروستکراون . هەموو شتێک لەم گەردوونەدا ئامانج و هیوای تەنها مرۆڤە . لەم گەردوونەدا مرۆڤ دەبێتە دەسەڵاتدار و لووتکەی هەرەمی هەموو بوونەوەرەکانی تری سەر زەوی .
لێ ئامانجی ابن رشد لەم هەموو بۆچوونانەی دەربارەی ئەوەی کە مرۆڤ سەنتەری گەردوونە، مەبەستی لە بەرگریکردن لە  باری ئینسانی  گەردوونەوە نەبووە ، بەڵکە ابن رشد دەیەوێت ئەوە بڵێت ، کەئەم سەنتەری( ناوەندی بوونی) مرۆڤ لە گەردوون ، ئەم یەکگرتنەوەی  نێوان سروشت و مرۆڤ ، لە ڕێگای مرۆڤەوە نایەت ، هەروەها لە ڕێگای شانس و بەختەوە نەهاتووە، بەڵکە هەموو ئەم شتانە لەڕێگای بکەرێکی زانا و حەکیمەوە هاتووە . ( مەبەستی خودایە) . ئەو دەڵێت لێرەدا بکەرێک بوونی هەیە ، چونکە هەر ئەو بکەرە وایکردووە ، کە سروشت  بەهەموو پێکهاتەکانیەوە لە خزمەتی  مرۆڤ دا بێت ، سوود بە پێداویستیه گرینگەکانی ژیانی مرۆڤ ببەخشێت. ئاخۆ چۆن دەبێت ئەم هەموو یەکگرتنەوەیە بەبێ بوونی بکەرێکی ژیر هاتبێتە ئاراوە؟ .

پاشان دەڵێت ، گەر سروشتێک بە بێ بکەرێک بوایە ، ئەوا هەموو گەردوون تووشی فەوزایەکی گەورە دەبوویەوەو مرۆڤیش نەیدەتوانی کەشێکی وای دەستبکەوێت بۆئەوەی لە ژیان بەردەوام بێت . هەروەها لاشە و دەروونی مرۆڤیش نەیاندەتوانی بەردەوامی و ژیان بە مرۆڤ ببەخشن . 
بەم شێوەیە ابن رشد دەیەوێت لەڕێگای بەڵگەی (ئاگاداربوون) بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بمانباتە سەر کرۆکی مەبەستەکەی ، کەئەویش  ئەوەیە ، کە بوونی بکەرێکی ژیر و ڕێکوپێک  کە مەبەستی خودا بسەلمێنێت .
با لێرەدا بە ووردی باسی ئەو بەڵگە و بنەڕەتە بکەین ، کە ابن رشد پشتی پێ بەستووەو کەزۆر لە نووسەران و توێژەر بە بنەمای سەرەکی فەلسەفەکەی دەزانن ، ئەمەش بەتایبەت لە کتێبی ( الکشف عن مناهج الادلة) دەردەکەوێت . دیارە ئەم بەڵگەیەش ( مەبەستی ئاگاداربوون) لەسەر بنەمایەکی بنەڕەتی  دامەزراوە ، ئەویش تیۆری (مەبەستداری، الغائیة) .  ( الغائیة، مەبەستداری)  دەبێتە هۆکاری سەرەکی ابن رشد بۆ دامەزراندنی فەلسەفەکەی  خۆی . لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەم دەستەواژە( مەبەستداری)  شرۆڤەبکەم .
جێگای ئاماژەیە گرێی ( مەبەستداری)  دەردێکی ئەرستۆییه ، ئەمەش ئەرستۆ جارێکی تر  گیانی بەبەرداهێنایەوە ، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو مێژووی فەلسەفەدا نەمابوو. وەئەمەشی  کردە چەکێک و لە دژی هەوادارانی فەلسەفەی ماددی _ سروشتی  ، کە  فەیلەسووفانی پێش سقرات پەیڕەوییان دەکرد.
جێگای ئاماژەیە فەلسەفەی پێش سقرات ، بە شێوەیەکی بێگەرد و ئازاد و کراوە بووە و دوور بوە لە رەگەزی ( مەبەستدار، الغائی). وە ئەم ڕەوتە زۆر بەڕوونی و ئاشکرایی لە دیدی فەیلەسووفی دیاری یۆنانی هیراقلیتیس  دەردەکەوێت. دیارە ئەم فەیلەسووفە یەکێکە لە فەیلەسووفەکانی پێش سقرات. جێگای ئاماژەیە هیراقلیتیس  مافێکی گەورەی بە فەلسەفەدا کاتێک گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە ( بوون)  مانایەکی بەردەوامی هەمیشەیی هەیە و هیچ  ئامانج و مەبەستێکی نییه . بوونی ئەم سیلانە مەزنە ، کەبەبێ وەستا و  دابڕان  دەڕوات ، هیج ئامانج  و مەبەستێک لەم سیلانە بەردەوامە نییه . جێگای ئاماژەیە ئەمە تەنها دیدی هیراقلیتیس نەبووە ، بەڵکە زۆربەی فەیلەسووفەکانی پێش ئەویش  ، شرۆڤەی سروشت و یاساکانیان کردووە ، بەبێ ئەوەی پشت بە ڕەگەزی ( مەبەستدار) ببەستن .  لێ هیراقلیتیس هات ، تۆنێک  و ئاوازێکی باشی ( پۆزەتیفی)  دایە ئەم نەبوونییه.    بە دڵنییایەوە هیراقلیتیس  هەنگاو تەوژمێکی گەورەی بەم بۆچوونە دا ، کە پێی وایە سروشت و بوون ، بەبێ هۆ و مەبەست دروست بووە.  لێ نەمانی دیدی ( مەبەستدار) مانای نەمانی بوونی شانس و لەخۆرابوونی سروشت ناگەیەنێت، هەروەک هەندێک وای بۆدەچن، بەڵکە بە پێچەوانەوە نەمانی  دیدی ( مەبەستدار)  ، بوونێکی زاتی و تەلقائی ، عەفەویی و ساکار دەداتە سروشت .
بەدڵنییایەوە فەلسەفە بەخێرایی کەوتە داوی موهاتەراتی دیدی ( مەبەستدار)  و کەوتە پاشەکشەکردنەوە. جێگای ئاماژەی فەلسەفەی ئەرستۆ  هۆکاری دروستبوونی ئەم پاشەکشەو داڕمانەی فەلسەفە بوو.  لەکاتێکدا ئەو ( ئەرستۆ) پێی وابوو داهێنانی ڕەگەزی ( مەبەستدار)  لە لێکۆڵینەوەی فەلسەفیدا، ئیمتیازو پێشکەوتنێکی گەورە دەداتە فەلسەفە. ئەرستۆ زۆر بەداخ بووە بۆ ئەوەی کەفەیلەسووفەکانی پێش خۆی ، دیدی ( جووڵە، حرکة) بوونی نەبووە، پاشان دەڵێت ( ئێمە ناتوانین  گۆڕان  لە سۆنگەی بوونەوە ببینین) لە حالەتێکدا ئێمە  ئەم دیدەمان لای هیراقلیتیس لە جووڵەی بەردەوام دا هەیە. لەکاتێکدا ئەرستۆ ئاماژە بە ئامانج دەکات  ، مەبەستیش دەکاتە پڕەنسیبێکی  زۆر قووڵ . مەبەست دەبێتە پڕەنسیبێک جێگیر  بوونی خۆی لە ناو خۆیدا دەبینێتەوە ، هەر لەناو خۆشیدا بریاری دەرچوونی دەدرێت . بەم شێوەیە مەبەست دەکرێتە هەق و بە شێوەیەکی ڕاستی و ساکار بۆ خۆی دەبێت ، وە بەم شێوەیەش  دەبێتە هۆی بوونی هەموو شت و بوونەکانی تری جیهان 5.
ئەرستۆ رەخنە لە فەلسەفەی پێش  سقرات دەگرێیت ، چونکە پڕەنسیبی ( مەبەستداری) بوونی نییه. ڕاستیەکەی ئەرستۆ تیری رەخنەی خۆی ئاراستەی هیراقلیتیس کردووە، هەرئەمەش وای لێکردووە کە لەگەڵ ئەودا بەشێوەیەکی توند بکەوێتە موجادەلەیەکی گەورەوەو دژی بوەستێتەوە. هەرئەمەش بابەتی بەردەوامی خۆبەخۆ و ساکاری بەرەو هەنگاوێکی زۆر پاڵناوە. لای هیراقلیتیس ( هەموو جوڵەیەک بەبێ پەنا و مەبەستێک هەنگاو دەنێت6) . لەگەڵ ئەرستۆدا فەلسەفە بوو بە دیلی پڕەنسیبی ( مەبەستداری) . لای ئەرستۆ جوڵەی بوون ناکرێت جووڵەیەکی خۆبەخۆ و ئیعتباتی بێت .  ئەو بەبێ ( مەبەست) ناتوانێت دروست ببێت . لەبەر ئەوە ئەرستۆ هۆکاری ( مەبەست) ی بە دایکی هۆکارەکانی داناوە. چونکە هیچ هۆکارێکی ماددی یان وێنەیی تەنانەت هۆکاری بکەریشی هەموویان لەبەر هۆکاری ( مەبەست)  دروست بوون ( واتە ئەو بە سەرچاوەی هەموو هۆکارەکان دادەنرێت) .
لەبەر ئەوە دەبینین فەلسەفە نەیتوانی لەژێر چەپۆکی بیری مەبەستداری ڕزگاری بێت. لەحاڵەتێکدا  ئەم پڕەنسیبە بووەتە هۆی بێ هێزی فەلسەفەو بیری فەلسەفی ، چونکە جووڵەی بوون سەربەرەوخوار دەبێت. لێرەدا مەبەست دەبێتە پڕەنسیب ، هەر ئەویش دەبێتە سەرەتای بەردەوامی. لێرەدا ئامانج و  هۆکاری بەردەوامی لەخۆیدا نییه ، بەڵکە لە مەبەستەکەیدایە . هەربەم شێوەیەش بوون دیلی پڕەنسیبێکە  کەلەخۆی بڵندترە  و پێشكەوتووترە . لێرەدا مەبەست لە بوون بڵندترە ، چونکە ئەو دەیجووڵێنێت و مانای پێدەبەخشێت.
دیارە زاڵبوونی بیری (مەبەستداری)  لەسەر لێکۆڵینەوەی مانای بوون( الوجود) ،  تەنها ئەم بوارەی نەگرتەوە ، بەڵکە بوارەکانی تریشی گرتەوەو ئەوانیش سزاو دەرئەنجامی خراپیان بینی .  بەتایبەت تیۆری مەعریفە  زۆر ئازاری بەدەستی زاڵبوونی پڕەنسیبی  مەبەستداریوە بینی .

بەم شێوەیە مەعریفە  ، هەتا مەبەستی بوونەکەی دیاری نەکەین ،هیچ مانایەک نابەخشێت.  هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندیان بە هزر و هەستەوە هەیە ، هیچ مانا و نرخێکیان نییه ، هەتا مەبەست و ئامانجیان دیاری نەکەین . بەم شێوەیە  مەعریفەیەک گەر مەبەستەکەی نەزانینین ، بە مەعریفەیەکی نووقسان و شێواو دادەنرا. زانین و تێگەیشتی  مانای شتەکان  تەنها لەڕێگای زانینی  مەبەستەکانیانەوە دەبێت . لێرەوە مەبەست ، لەپشتی هەموو کارو کردارێکەوە دادەنرێت. وە ئەوەشی مەبەستێکی نەبێت  ، هیچ کارو کردارێکیشی نابێت .  کار کاتێک دیاری دەکرێت و مانایەک دەبەخشێت ، لەوکاتەی کە مەبەستەکەی دەردەکەوێت . گرێی مەبەستداری دەبێتە هۆی دروستبوونی پرۆسەی مەعریفە ، هەر ئەویش هەلی ئەوەدەداتە ئەندێشەو هزری مرۆڤ ، هەتاوەکوو مەعریفەیەکی تەواو و باشی دەربارەی کردارێکەوە دەستبکەوێت.
جێگای ئاماژەیە ابن رشد یەکێک بوو لەو کەسانەی کە شرۆڤەی فەلسەفەی ئەرستۆی کردووە. لێ ئەمە لە گرینگی ابن رشد کەم ناکاتەوە. بەهێزی ابن رشد لە ڕووی فەلسەفیەوە ،  تەنها لە ڕووی شرۆڤەکردن و لێکدانەوە نەبووە، وەتەنها شرۆڤەی کتێبەکانی مامۆستایەکەمەکەی نەبووە. بەڵکە  کارەکانی ابن رشد  بە پلەی یەکەم توانی بنەڕەتێکی تەواو بۆ فەلسەفەی مامۆستایەکەمەکەی دابڕێژێت . بە واتایەکی تر  ئەو توانی بەشداری لە پێکهاتن و پێشکەوتنی بکات و لەهەمانکاتیشدا توانی  فەلسەفەکەی  لەگەڵ  شێوە نوێکانی ئەو سەردەمەی فەلسەفە بگوونجێت.  وە ئەم گوونجاندنەی فەلسەفەی مامۆستاکەی ، لەزۆر مەفهوم و کاتدا بەدیاردەکەوێت .  ئێمە ئەم گونجاندنە لە مەفهوومی ئاگاداربوون و پەیوەندی بە گرێی مەبەستداری ( الغائیة) بە دیدەکەین.
ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە کە ڕەگ وڕیشەی بەڵگەی (ئاگاداربوون)  ،دەگەڕێتەوە بۆ ئەرستۆ و ئەو بە داهێنەری ئەم ڕەگەزەی فەلسەفە دادەنرێت.  جێگای ئاماژەشە‌یە بەڵگەی ( ئاگاداربوون)  بەبێ گرێی (مەبەستداری) ، هیچ مانایەک و گرینگیەکی نابێت . ئەم ڕەگەزەی فەلسەفە پێی وایە کە  گەردوون بۆیە دروست بووە، چونکە مەبەستێکی دیاریکراو  لەم دروستبوونەیەدا هەیە  ئەویش بەرژەوەندی مرۆڤە.  ابن رشد لە یەکێک لە ووتەکانیدا ، کە باسی پەیوەندی نێوان بەڵگەی ( ئاگاداربوون ) گرێی (مەبەستداری) دەڵێت :
( ئەوەی بە دوای بوونی گەردوون دا بگەڕێت ، مەبەستم ئەوەیە هۆی دروسبوونی چییه ، وە چ ئامانجێکی  مەبەستە، تەنها لە ڕێگای مەفهوومی ( ئاگاداربوون) وە دەتوانین لەم حاڵەتە تێبگەین7) . 
لە ڕێگای زانینی ئامانج و مەبەستەوە ، دەتوانین لە بەڵگەی ( ئاگاداربوون)  بە شێوەیەکی باش و تەواو تێبگەین .  گرێی (مەبەستداری) بنەڕەت و کۆڵەکەی سەرەکی فەلسەفەی ابن رشد دادەنرێت.  هەموو دەردێک دەمانگەڕێنێتەوە بۆ دەرد و پڕەنسیبی یەکەم .

ابن رشد دەڵێت :
( هەموو دەردێکی کاریگەر دەگەڕێتەوە بۆ بکەری یەکەم ،  دەردێکی وێنەیی بۆ وێنەی یەکەم ،  گرێی ماددی ، بۆ یەکەم ماددە. گرێی مەبەستدار ، بۆ مەبەستی یەکەم ،وە بەم شێوەیە دەگینە ئەو دەرئەنجامەی کە  هەموو ئەم چوار گرێیەش ( بکەری ، وێنەیی ، ماددی ، مەبەستداری ) هەموو دەگەڕێنەوە بۆ گرێی یەکەم 8) .
بەم شێوەیەش دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە هەموو گرێی (مەبەستداری) لەپشت دروستبوونی هەموو کائینەکانە. وە هەموو بوونێکیش  هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لای خودا ، هەر ئەویش سەرچاوەی هەموو بوونەکانە. هەموو دەردێک دەمانگەڕێنێتەوە بۆ دەرد و سەرچاوەی یەکەمی . هەر ئەمەش بنەڕەتی بیرکردنەوەی ابن رشدبووە و بۆ ئەوەی بگاتە  مەبەستی کۆتایی کە بریتیی بووە لە رەگەزی ( ئاگاداربوونە9) .
بەم پێیه ابن رشد پیی وایە کە فەلسەفەو حیکمەت ، سەرچاوەو بنەڕەتی سەرەکین بۆ ئەوەی بوونی خودای پێ بسەلمێنین. بەم شێوەیەش فەلسەفە دەکەوێتە پێش ئایین ، چونکە بەڵگەی تەواوەتی پێیه بۆ ئەوەی بوونی خودا بسەلمێنێت. ئەمەش بەیەکێک لە هەڵوێستە ناسراوەکانی ابن رشد دەربارەی پەیوەندی فەلسەفەو ئایین دادەنرێت  . بەپێی بۆچوونی ابن رشد ، فەلسەفە خوشکی ئایینە ، وە هیچ دژایەتی و ململانێیەک لە نێوانیاندا نییه ، بەڵکە بە پێچەوانەوە ، تەواوکار و تێکەڵاوی یەکترین .
فەلسەفە پێش ئایین دەکەوێت ئەویش بەهۆی ئەوەی دەتوانێت ئامرازی مەنتقی  بۆ سەلماندنی بیروباوەرەکانی  بەکاربهێنێت .  وەهەر ئەم تێکەڵی و تەواوکاریەی نێوان فەلسەفە و ئایین ، دەربارەی بەڵگەی ( ئاگاداربوون) لە ئایینی دا ئاماژەی پێکراوە. هەر ئەم بەڵگەیە و هۆکاری مەبەستدار ، کە ئەرستۆ گۆڕانکاری و نوێکاری تێداکرد ، بە شێوەیەکی زۆر دیار لە قوورئان دا ئاماژەی پێکراوە. بە دڵنییایەوە ابن رشد ئەم بەڵگەیەشی لە قوورئان دەرهێنابوو. هەروەک خۆشی دەڵێت :
( ئەو ڕێگایەی کە کتێبی پیرۆز ئاگادارمان دەکات ، وە بەشێوەیەکی دیاریش  هەموو ڕووەکانی ئەم بابەتەی دیاریکردووە. هەربۆیە یەکسەر کتێبی پیرۆز  دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە بوون لە دوو رەگەزی سەرەکی پێک دێت : ڕاوەستان لەسەر ڕێگای ئاگاداربوونی مرۆڤ، ڕێگای دووەمیش ، چی دەبێتە هۆی دروسبوونی شتەکان ( موجودات) 10)
تەنانەت ابن رشد بۆ شرۆڤەکردنی گەردوونی ئاسمانیش پشت بە هەمان بەڵگە دەبەستیت  ،  دەڵێت ئەم هەموو شتانە بەبێ کاری بکەرێکی حەکیم ڕێگای تێناچێت.  هەروەک خۆشی لە کتێبی ( تهافت التهافت)  دەڵێت :
(هەروەک لە کتێبی پیرۆزدا “قورئان” دا هاتووە کە بەڵگەی ئاگاداربوون دەردەخات و هەموو ئەم گەردوونە بۆ خزمەتی مرۆڤ دروستبووە ، هەروەک لەم ئایەتەدا خودای بەخشندە دەفەرمێت { سخر لکم الیلل والنهار} 11)
پاشان ابن رشد هاتووە شرۆڤەی ئەو ئایاتە قوورئانیانەی کردووە ، کە بەڵگەی رەگەزی ( ئاگاداربوون)  یان ئەوانەی ئاماژە بە مەفهوومی ( مەبەست) دەدەن کردووە.  ئەو ئایاتانەی کە رەگەزی ( ئاگاداربوون) دەردەخەن شرۆڤەی کردووە لەوانە { الم یجعل الارض مهادا والجبال اوتادا}  ( سورة الاعراف،184 ) . هەروەها ئایەتی { وجنات الفافا} ( سورة، 6)  وە هەروەها { تبارک الدی جعل فی السماء بروحا و جعل فیها  سرجا وقمرا منیرا} ( سورة الفرقان،61)  هەروەها ئایەتی { فلینظر الانسان الی طعامه} ( سورة عبس، 24). وە کۆمەڵیک ئایاتی زۆری قوورئانی تریشی لەم بارەیەوە شرۆڤە کردووە12.
بەم شێوەیە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە حیکمەت و شەریعەت هەردووکیان یەک ئامانجیان هەیە ، بەڵکە هەردووکیان یەک مەنهەج و یەک ڕێگاش پەیڕەو دەکەن . هەردووکیان یەک بۆچوونی مەبەستداریان هەیە ، ئەویش ئەوەیە کە مەبەستی بوونی زەوی و ئاو هەواو ئاگر ، هەموویان بۆ خۆشی مرۆڤ دروستبوون . هەروەها مەبەستی ئۆرگان و بەشەکانی جەستەی مرۆڤیش  پارێزگاریکردنە لەژیانی مرۆڤ . وە هەر ئەم  مەبەستەش بە شێوەیەکی ئاسایی دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە بوونی بکەرێکی حەکیم و داهێنەر  بسەلمێنێت ( بە واتایەکی تر بوونی خودا بسەلمێنێت) .
ئەمە بۆچوونی ابن رشد بوو بۆ مەفهوومی (ئاگاداربوون) وە هەر ئەمەش بۆتە بنەڕەت و ئامانجی ئایینی و فەلسەفی ئەم فەیلەسووفە. لێ ئێستا بابزانین سیپۆنزا  چۆن چارەسەری ئەم مەفهوومەی کردووە ، بۆ ئەوەی بزانین ئاخۆ هەمان ڕێگای ابن رشدی گرتووە یان نا.

دیارە سیپۆنزا لە ڕێگای کتێبی ( نامەیەکی کورت) ەوە لەدەرگای باسی ( ئاگاداربوونی) داوە.  لێ پرسیاری گرنگ لەوەدایە ، ئایا ئەمە مانای ئەوە دەبەخشێت ، کەئەویش هەمان ڕێگای  ابن رشدی گرتۆتە بەر ؟ وە ئایا بەتەواوەتی بۆچوونی فەلسەفییانەی ابن رشدیانەی بوو ؟ یان بەواتایەکی تر وەکوو ئەو بیری دەکردەوە. ؟  هەروەک هەندێک پسپۆر و زانای وای بۆ دەچن.
بائێستا بگەڕێێنەوە سەر کتێبی ( نامەیەکی کورت)  وە سەیری ئەو دەقە بکەین کە تێیدا بابەتی ( ئاگاداربوون)  باسکراوە. سیپۆنزا دەڵێت :
 ( ئاگاداربوون ، بەنیسبەت ئێمەوە هیچ نییه ، تەنها ئەوە نەبێت کە بریتییه لە هەوڵدانێک کە لە ڕێگایەوە هەموو سروشت و هەموو بوونەوەرە بچووکەکان بوونی خۆیان دەپارێزن . وە ئەمە زۆر بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت ، چونکە  سروشتی هیچ شتێک  هەوڵی لەناوبردنی خۆی نادات ، بەڵکە بە پێچەوانەوەیە.   هەموو شتێک لەناوبوونی خۆیدا ” خودی خۆیدا”  کار بۆمانەوەی خۆی دەکات ، لەهەمانکاتیشدا هەوڵی بەرەو باشتر بوون دەدات. هەرلەسەر ئەم راستیەش دەتوانین بگەینە ئەو دەرئەنجامەی ، کە تێیدا دەتوانین ” ئاگاداربوونی گشتی و ئاگاداربوونی بەشەکی ” جیابکەینەوە.  ئاگاداربوونی گشتی ئەو ئاگاداربوونەیە کە لە ڕێگایەوە  هەموو شتەکان  وەکوو یەکەیەکی پتەو بەشێکن لە کۆی گشتی ، لێ ئاگاداربوونی بەشەکی ئەوەیە کە بەشەکان هەوڵ دەدەن  نەک وەکو ئەوەی بەشێکن لە کۆی گشتی ، بەڵکە هەر بەشەو هەوڵی مانەوە خۆی دەدات 13)
بەم شێوەیە دەبینین کە سیپۆنزا مەفهوومی ئاگاداربوون بەکاردەهێنێت ، لێ ئەو شێوەوچوارچێوەیەی ناداتێ کە ابن رشد پێشتر پێی داوە.  ئاگاداربوون ئەو شتە نییه کە لە کۆمەڵێک خەیراتی سروشتی بێت کە خودا بۆ مرۆڤی بەخشیبێت ، بەڵکە  ماناو مەبەستی خودی سروشت دەگەیەنێت. ئاگاداربوون هێزی بوونی شتەکان دەگەیەنێت. ئەو توانای گشتی  لە مەبەست و ماناو بوون و مانەوەی هەموو شتێک دەگەیەنێت. لەهەمانکاتیشدا ئەم رەگەزی ئاگاداربوونە  مرۆڤ( واتە بەشە بچووکەکان) و خودا ( واتە سروشتیش ) دەگرێتەوە .
 رەگەزی ئاگاداربوون  ئەو سوودەی نییه کەلەلای ابن رشد هەیەتی . ئەو پێی وابوو ، ئاگاداربوون بریتییه لە دیاری و فەزلێکی خودا بۆ مرۆڤ ، گەر کاتێک مرۆڤ لەم دیاری و فەزلەی خودا پێ بزانێت ئەوکات لە بوونی خوداش تێدەگات .  بە پێچەوانەوە ئاگاداربوون لای سیپۆنزا مانای هێزێکە کە هەموو بەشەکانی سروشت دەگرێتەوە.
هەموو تاکێک لە تاکەکانی سروشت  بەشدارە لە بوون و هەوڵی مانەوەی بوونی خۆشی دەدات .  لای سیپۆنزا ئەم هەوڵدان و چالاکییه ، مانای گشتی رەگەزی ئاگاداربوونەوە دەگەیەنێت.   سیپۆنزا دەڵێت :
(  پێشتر ئێمە لەو بڕوایەدابووین کە ئاگاداربوونی خودایی و ئازادی مرۆڤ هەردووکیان ئاوێتەی یەکترین و لە یەک چوارچێوەدان ، لەکاتێکدا گەر ئەم دوو مەفهوومە لە مانا خەیاڵی و نەرێتیەکەی دەربکەین ، واز لەوە دەهێنین کە ئاگاداربوونی خودایی  لەدەرەوەی بوونە ، وە ئازادی مرۆڤیش هێزێکی سەربەخۆی بوونە. ئەو کردارەی کەلە ڕێگایەوە خودا لەناو سروشتی خۆماندایە ، ئەو کردارە لەناو خۆماندا بوونی هەیە . بەم شێوەیە دەگەیەنە ئەو دەرئەنجامەی کە : ئێمە چەندە بە خوداوە بەستراوینەتەوە هێندەش بە خۆمانەوە دەبەسترێینەوە ، بە پێچەوانەشەوە،   چەندە بە خۆمانەوە  ببەسترێینەوە هێندەش بە خوداوە دەبەسترێینەوە. 14)   
مەفهوومی ئاگاداربوون لە فەلسەفەی سیپۆنزادا بریتییه لە ، یەکێتیەک لە نێوان سروشتی مرۆڤ و جەوهەری موطلەق بە مانایەکی تر (خودا) . لێرەدا  لەنێوان  ئەم دوانەدا ڕووبەڕووبونەوە نییه ، بەڵکە تەواوکەری یەکترین . هەریەکەیان ئەوی تر تەواو دەکات و هەریەکەیان شرۆڤەی ئەوی تر دەکات .  بۆ نموونە بە پێی ئەو بۆچوونەی سیپۆنزا ، کاری خودا شتێکە کە لە سروشتەوە ،نامۆ و دوور نییه، کاری خودای گەورە ئەوە نییه کە خەیراتی خۆی بەسەر  مرۆڤ دا ببارێنێت بۆئەوەی دان بە بوونیدا بنێت و سووپاسگوزاری بێت . لەبەرئەوە ئێمە لێرە لە فەلسەفەی سیپۆنزادا  ، لەبەرامبەر بۆچوون و دیدێکی ئەنتۆلۆجی تەواوداین .
بەم شێوەیە زۆر بەڕوونی رەگەزی “ئاگاداربوون”  لە کتێبی ( نامە کورتەکاندا)  هاتووە ، دوورە لەهەموو بوعدێکی لاهوتی ، هەروەها لە هەموو بوعدێکی مرۆڤی و تەشبیهی دوورە ، هەروەک لای ابن رشد زۆر دیارە. بەم شێوەیە دەبینین کە بۆچوون و دیدی سیپۆنزا تەواو لە بۆچوون و دیدی ابن رشد جیاوازە.  کاتێک کە ابن رشد پێی وابوو  ئاگاداربوون کارێکە لەلایەن خودا هاتووە. هەربۆیە مرۆڤ ناتوانێت لە بوونی خودا تێبگات و  هەتاوەکوو بەڵگەیەکی باشی بەرچاو نەکەوێت ( لێرەدا نووسەر مەبەستی لە بەڵگەی مەبەستدارییه کە پێشتر بە درێژی باسمان لێوە کرد،،،،،وەرگێڕ)
کارەکانی خودای گەورە  لەبواری ئاگاداربووندا کە پێشكەشی مرۆڤی دەکات ، ئەوان دەتوانن  مرۆڤ لەماناو بوونی خودا پیشان بددەن .  بەڵام لای سیپۆنزا  ئێمە بۆچوونێکی تر دەبینین ، لێرەدا مەفهوومی ئاگاداربوون ، سروشت ، خودا ، بەشە بچووکەکان بۆ نموونە مرۆڤ ، هەموو ئەمانە مەفهوومی ئاگاداربوون دەگرێیتەوە. لای سیپۆنزا ئاگاداربوون کارێکی خودا نییه ، بە ڵکە بریتییه لە کاری بەکۆمەڵی سروشت .
دیارە کتێبی ( نامە کورتەکان) یەکێکە لە کارە کۆنەکانی سیپۆنزا . بە مانایەکی تر ، ئەم کارەی سیپۆنزا دەگەڕێتەوە بۆ تافی گەنجی تەمەنی . لەهەمان کاتیشدا سیپۆنزا هەمان هێڵی بیرکردنەوەی ابن رشدی نەگرتۆتە بەر ، وە هەمان بۆچوون و تەشبیهاتەکانی ئەوی بۆ مەفهومی ئاگاداربوون بەکارنەهێناوە، بەڵکە تەواو جیاوازە.  ئەو توانی هێڵی خۆی دیاری بکات ، هەر لەسەرەتای قۆناغی گەنجی خۆیدا ، توانی ڕێچکەیەکی نوێ دابنێت و تەقە لە دەرگایەکی داخراوی فەلسەفی بدات  ، کەپێشتر ابن رشد پەی پێ نەبردبوو ، وەهیچ بەلاشیدا نەچووبوو ، بەڵکە بە پێچەوانەوە ئەو خۆی لێ دوورخست و خۆی نەخستە ناو ترسی ئەو بابەتانەوە.
لێ ئەم بۆچوونە نوێییه کەلە کتێبی ( نامە کورتەکان) دا دەربارەی مەفهومی ئاگاداربوون نووسرابوو، هیچ هیواو ئاواتەکانی سیپۆنزای تێر نەکرد ، بەتایبەت لە بوارەکانی سروشت و مرۆڤ  شتی زیاتری دەویست . لەبەر ئەوە لەکارەکانی داهاتوویدا وازی لە مەفهومی ئاگاداربوون هێنا ، چونکە شاراوەیی و ئاڵۆزیەکی بێ تامی پێوە دیاربوو. هەر لەبەر ئەوە بەشێوەیەکی گشتی  پەیوەندی خۆی نەک لەگەڵ ئەو مەفهوومە تەقلیدیانەی کە ابن رشد  رەواجی پێدان ، بەڵکە لەگەڵ خود و چوارچێوەی ئەم مەفهوومەش بڕی .  ئەم پرۆژەیەش لە  کتێبە گرینگ و پر بایەخەکەیدا  (ئیتیقا) دەبینین ، کە بەشێوەیەکی گشتی هێرشی کردۆتە سەر هەموو مەفاهیمە تەقلیدیەکانی پێش خۆی .
 کاتێک کتێبی (ئیتیقا) دەخوێنیتەوە هەڵویستێکی زۆر دژی بە فەلسەفەی ابن رشد دەبینیت.  بەتایبەت  ئەم هەڵوێستێکی  ڕەخنەگرانەی تووندی دەربارەی کۆڵەکەکانی مەفهوومی ئاگاداربوون  ابن رشد نووسیوە. سیپۆنزا   لەکتێبی (ئیقیتا)  هەوڵ دەدات لە ڕێگای لەناوبردنی مەفهوومی مەبەستداریەوە  ، کە ابن رشد بۆ مەفهوومی ئاگاداربوون  پشتی پێدەبەست. سیپۆنزا لە کتێبی  ئیتیقا  پێی وایە کە مەفهوومی مەبەستدار هۆکاری سەرەکی حوکمی بریاردانی پێش وەختەو ، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی زیهنی  مرۆڤ. 

سیپۆنزا لە سەر حوکمی بریاردانی پێش وەختی دەڵێت :
( زۆرن دەیانەوێت ئەوەمان بەسەردا بسەلمێنن ، کە هەموو شتێکی “سروشت”    ، وەکوو ئەوان  کار بۆ ئامانجێک دەکات ، لەوەش زیاتر دەڕۆن دەڵێن ، خودا  هەموو شتێکی لەبەر ئامانجێک دروستکردووە ، وە خوداش هەمو شتەکانی بۆ بەرژەوەندی مرۆڤ دروستکردووە ، هەروەها خودا بۆیە مرۆڤیشی دروست کردووە ، هەتاوەکوو مرۆڤ خودا ببپەرستێت .15)

سیپۆنزا پێی وایە هەموو ئەم وەهمە مەبەستداریە  لەوەوە سەر هەڵ دەگرێیت ، کە ئەو مرۆڤانە جاهیلن و لە راستی  و هۆ سەرەکی بوونی شتەکان چییه ئاگادارنین . سیپۆنزا دەڵێت :
( هەموو مرۆڤێک هۆکاری سەرەکی شتەکان نازانێت ، هەربۆیە هەموویان تەنها ئاواتەخوازی ئەو شتانانەن کە سوودی بۆ خۆیان هەیە ، وە بەم شێوەیەش هۆشیاری خۆیان لەسەر ئەو شتانە دادەنێن)
ئەم جەهل و نەزانینە لەوە سەرچاوە دەگرێت ، کە مرۆڤ هەموو وەختێک بەدوای  سوودو بەرژەوەندی خۆی دەگەرێت، هەر ئەمەش وا  لە مرۆڤ دەکات کە ئەو باوەڕە توندو گەرمەی لادروست بێت  کە  ئازادە لە هەڵبژاردنی شتەکاندا.  تێنەگەیشتن لە هۆی کار و باوەڕەکانی ، شوێنێک  لەوەهمی ئازادی لا دروست دەکات . لێ ئەم جەهلە بەرەو ئەنجامێکی ترمان دەبات ، ئەنجامێک کە بۆ ڵێکۆڵینەوەی مەفهوومی ئاگاداربوون زۆر بە لامانەوە گرینگ و پێویستە . ئەم ئەنجامە  پەیوەندی بە باوەڕی مرۆڤەوە هەیە ، کە پێی وایە،  بوونی ئامانج و مەبەستەکان ،لە پشت هەموو شتێکەوەن .  
سیپۆنزا دەڵێت :
( هەموو کاتێک مرۆڤەکان کردارێک دەکەن ، لەبەر مەبەستێک ، بە واتایەکی تر لەبەر سوودێکی تایبەت بە خۆیان.  لێرەوە دەگەیەنە ئەو دەرئەنجامەی کەئەوان هیچ هەوڵی ئەوە نادەن لە هۆی ئامانجی ئەو شتانە بزانن ، ئەوان کاتێک کە زانییان مەبەستەکە چییه هێوردەبنەوە ، لەبەر ئەوە هیچ گووومانیان نامێنێت.   وە ئەگەر هاتوو نەیانتوانی لە ڕێگای کەسێکی ترەوە ئەم زانیاریه بزانن ، ئەوا ناچاردەبن بگەڕێنەوە بۆلای  هزرو تێرامانی خۆیان  بۆ ئەو مەبەستانەی کە ناچاریان دەکات کە بەم کارانە هەڵسن ، وەبەم شێوەیەش حوکمی خۆیان لەسەر کاروکرداری خەڵکی تر دەردەکەن .  لەلایەکی تریشەوە ، مادام ئەوان لەلایەن خۆیان دەتوانن لە ڕێگای هزرو تێگەیشتینی خۆیان و دەرووبەریان ، کۆمەڵێک ئامڕاز بدۆزنەوە کە یارمەتییان دەدات بۆ ئەوەی بزانن چی بەسوودەو باشە بۆیان ، بۆ نموونە چاو بۆ بینین ، ددان بۆ خواردن ، ڕووەک و گژووگیاو ئاژەڵەکان بۆ خواردن ، خۆر بۆ ڕووناکی ، دەریا بۆ بەخێوکردنی ماسی ،،هتد وە بەم شێوەیە ئەوان بۆچوونیان بۆ شتە سروشتیەکان بەو شێوەیە کەهەموو ئەم شتانە وەسیلەیەکن بۆ سوودی ئەوان دروست بوون .16)
سیپۆنزا پێی وایە جەهل و نەزانین لە هۆکاری راستی شتەکان، دەمانگەیەنێتە ئەوە باوەڕەی کە بوونی مەبەستەکان  لە پشت دروستبوونی هەموو شتەکانەوەیە . وە باوەڕبوون بەم مەبەستانەش وامان لێدەکات کە باوەڕ بە بەڵگەی ئاگاداربوون بهێنین .

 پاشان سیپۆنزا دەڵێت : 
( مادام زانیان کە ئەم ئامڕازانەی کە دۆزیانەوە  خۆیان دروستیان نەکردووە، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ، کە دەبێت بکەرێک  یان کەسێک ئەم ئامڕازانەی دروستکردبێت . گەر کاتێک نەتوانن سەیری شتەکان بکەن وەکوو وەسیلە ، باوەڕکردن بەوەی کەئەم شتانە خۆی لەخۆیدا دروستبووە، بەڵام ئەو وەسیلانەی کە فێربوون  بۆ خۆیان بەدەستیبهێنن ، بوونێکی ئاسان و سادەی سروشت  دەبینین ، وەبەم شێوەیەش جێژ لە ئازادی مرۆڤایەتی دەکەن ، ئەو کەسە سادە هزرانە  باوەڕیان وایە  هەموو شتەکان بۆ سوودی خۆیان  بەکاردەهێنن . بەڵام کاتێک ئەوان لە ئامانجی دروستکردنی ئەم شتانە نازانن ، ئەوان یەکسەر لە روانگەی خۆیانەوە دەڕوانن ، تەسلیمی ئەو بۆچوونە دەبن ، کە خودا هەموو شتەکان بۆ خزمەتی مرۆڤ  دروستکردووە تا بەکاریبهێنن ، لەهەمان کاتیشدا تا خودا ببپەرستن و باوەڕی پێ بهێنن ) 
جێگای ئاماژەیە لێرەدا مەبەستی سیپۆنزا ئەو  شتەیە کە ابن رشد ناوی لێناوە ( ئاگاداربوون)..
سیپۆنزا پێی وایه ، نەزانینی  هۆکاری بنەرەتی و سەرەکی  شتەکان و خزاندنە ناو بیری (مەبەستداری) ، دەبێتە هۆی دروستبوونی بەڵگەی ( ئاگاداربوون).. لێ  کاتێک بزانین کە ئەم بەڵگانە لەسەرچاوەیەکی بۆشەوە هاتوون  ، بەمانایەکی تر جەهل و نەزانینی هۆکاری راستەقینەی شتەکان ، بەرەو ئەنجامی بۆشمان دەبات.  بگرە ئەو کەسانەی کە پێیان وایە  بەڵگەی ( ئاگاداربوون). بەرەو وەهم و گەمژەیمان دەبات و زەرەریشی بۆ سروشت دەبێت  و زانینی تەواوەتیمان دەستناکەوێت . سیپۆنزا دەڵێت :
( ئەوانەی کە هەوڵی ئەوە دەدەن تێمان گەیەنن کە دروستبوونی سروشت هیچ مانایەکی نییه ” بە واتایەکی تر هیچ سوودی بۆ مرۆڤ نییه ”  ئەوانە هیچیان تۆمار نەکردووە ، جگە لەوەی کە سروشت و خودا وەکوو مرۆڤ  بەهۆی سەرلێشاوەییەوە لەناودەچێت. تکاتان لێدەکەم سەیری ئەم شتەی کۆتایی بکەن. 17 )
دیارە  مەسەلەکە تەنها بەمەشەوە ناوەستێت ، بگرە ئەوە فەیلەسووفانەی کە بوونەتە قووربانی وەهمی بیری (مەبەستداری) وە ، گەیشتوونەتە ئەوە بیرووبۆچوونە کە خوداش بەهەمان شت بشووبهێنن. واتە خوداش وەکوو مرۆڤ  هەموو کارێک بۆ ئامانج و مەبەستێک دەکات . دەنا چۆن دەبێت هەموو کارەکانی بەخت و ڕێکەوت بێت؟ دیارە ابن رشد خودای وەکوو مرۆڤ نەشووبهاندووە، بەڵام بۆچوونی بۆ مەبەستی شتەکان وەکوو ئەو داناوە.  سیپۆنزا پێی وایە سەرلێشێواوی بیری  (مەبەستداری) ، گەورەترین وەهم و شتی هیچی هێناوەتە کایەوە .  چونکە دەربارەی سروشت و خودا ، بۆچوونێکی هەیە ، کەزۆر لە ڕاستی و یەقینەوە دوورە.
مادام خودا هیچ کارێک بەبێ مەبست ناکات ، کەواتە هەتا مەبەستێکی نەبێت کارەکانی  تەواونییه.  بۆچوونی (مەبەستداری)  مەعریفەیەکمان پێشکەش دەکات کە پێی وایە خودا و سروشتیش سیفەتی کامڵیان نییه، لەهەمان کاتیشدا بۆچوونێکی نادیارو تەڵخمان پێشکەش دەکاتن . هەربۆیە سیپۆنزا پێی وایە دەبێت  بۆچوونی ( مەبەستدار)  نەمێنێت ، چونکە  کەمترین پلەی مەعریفەی  پێشکەشی مرۆڤایەتی دەکات . هەروەها پێشی وایە دەبێت بۆچوونی ابن رشدی  دەربارەی مەفهوومی (مەبەستداری)  لاببرێت . چونکە ئەم بۆچوونە زۆر نادیارو ناڕۆشنەو ، مەعریفەیەکی بۆش دەربارەی سروشتی خودا پێشکەش دەکات.
 بەم شێوەیە دەبینی کە بۆچوونی سیپۆنزا دەچێتە قاڵبێکی دژ بە بۆچوونی ابن رشدەوە. فەیلەسووفەکەی شاری قوورتوبە ، بۆچوونی خۆی لەسەر دیدی (مەبەستداری) دامەزراند ، هەر لەسەر ئەم بۆچوونەش دەربارەی سروشت و خودا بیریدەکردەوە.  بەدڵنییایەوە ابن رشد باوەڕە ئایینی و ئیمانیەکانی لەسەر بنەمای  فەلسەفەی ئەرستۆیی داڕشتووە. فەلسەفەی ئەرستۆیی بوون و حزوورێکی گەورەی لەناو پانتایی بیرو هزری جیهاندا سەپاند و کاریگەری بەسەر ئەو بۆچوونە ئایینیانەشەوە هەبوو کەلە بەرامبەر فکری فەلەسەفی وەستانەوە. هەر لەبەر ئەوە باوەربوونی ابن رشد بە فەلسەفەی ئەرستۆ ، کارێکی ڕێکەوت نەبووە، بەڵکە ئەوە پێویستییه فەلسەفەی و ئایینیەکان ئەوکاتە  وایلێکردووە کە باوەڕ بەم بۆچوونە بهێنێت.  دیدی   (مەبەستداری) خاڵی هاوبەشی فکری ئایینی و فکری فەلسەفیه . ئەمەش داهێنانی  مامۆستای یەکەمە ( مەبەستی ئەرستۆیە) ، وە هەرئەمەش بەردی بناغەی فکری ئایینە. هەر لەڕاستیشدا ئەم بیرە هەوڵ دەدات خەڵکی تایبەت و کۆمەڵگا پێکەوە کۆبکاتەوە ، هەروەک چۆن فکری فەلسەفی و ئایینی کۆدەکاتەوە.  هەربۆیە ابن رشد گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە بڵێت کە لەنێوان حیکمەت و شەریعەتدا پەیوەندیەکی بەردەوام هەیە. هەربۆیە سەلماندنی بوونی خودا ، کە یەکێکە لەبنەماکانی ئایین و فکری ئایینی، توانرا لە ڕێگای فەلسەفیەوە ئەنجام بدرێت. هەربۆیە فەلسەفە لەگەڵ ئایین دا دێتەوە ،بەڵکە لە خزمتیشیدایە. چونکە مەفاهیمی فەلسەفی دەتوانێت بەڵگەی فەلسەفی   بۆ باوەرەکانی( معتقدات) پێشکەش بکات .
بنەمای فەلسەفەی سیپۆنزا  تەواو پێچەوانەی ئەو بۆچوون و بنەمایانەیە  کە ابن رشد فەلسەفەکەی خۆی لەسەر داناوە، بەڵکە ئەم فەلسەفەیە بۆ دژایەتیکردنی بۆچوونەکانی ابن رشد لەدایک بووە. وە مەفهومی ( ئاگاداربوون) یەکێکە لە شتە گرینگ  و خاڵە بنەڕەتیەکان،  کە ئەم دژایەتییە دەردەخات . 
جێگای ئاماژەیە ابن رشد بەتەواوەتی  ڕەهەندێکی ئایین دایە ئەم مەفهوومە ( مەبەستی مەفهوومی  ئاگاداربوونه) . لەکاتێکدا سیپۆنزا لە کتێبی ( نامەیەکی کورت) دا ، ڕەهەندێکی ئەنتۆلۆجی داوەتێ.
دیارە ئەمە تەنها پەیوەندی نێوانیان خراپتر ناکات ، بەڵکە لە کتێبی ( ئیتیقا) سیپۆنزا  کار بۆئەوە دەکات ، هەموو کۆڵەکەکانی ئەم مەفهوومە برووخێنێت.  کاتێک سیپۆنزا مەفهوومی مەبەستداری لەناوبرد ، بەم شێوەیەش مەفهوومی ( ئاگاداربوون) خۆی لە خۆیدا لەناوچوو.  بەم شێوەیە ئەو بەڵگەیەی کە ابن رشد کردبوویە یەکێک لە شانازیە گەورەکانی  کەلە کتێبی( الكشف عن مناهج الأدلة)  کردبوویە بابەتی سەرەکی ، وە بە پێی بۆچوونی چەند  چاودێرێکیش ئەمە یەکێکە لە باشترین داهێنانی بووە، هەمووی بە جارێک  بوو بە وەهم و بۆشی . ئەم مەفهوومە هیچ نییه جگە لەوەی کە گوزارشت لە  هزرێک دەکات  ، کە ناتوانێت دەرک بە هۆکاری ڕاستەقینەی شتەکان بزانێت . ئەمە وەهمێکە کە زەرەری بۆ  سروشت و خودا  پێکەوە هەیە .
هەموو ئەمانە دەمانگەیەنە ئەو ئەنجامەی کە باوەڕ بەوە بهێنین کە فەلسەفەی سیپۆنزا هیچ کاتێک ، بەتایبەت دەربارەی مەفهوومی ( ئاگاداربوون) ، فەلسەفەیەکی ابن رشدی نەبووە. راستە سیپۆنزا هیچ کاتێک ناوی ابن رشد ناهێنێت ، لێ ئەو دەقانەی کە خستمانە ڕوو ، هەموو بە شێوەیەکی جوان ئاماژە بە بۆچوونی فەیلەسووفەکەی قوورتوبە ( ابن رشد) دەدەن .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بڵێم کە فەلسەفەی سیپۆنزا هیچ قەرزاری فەلسەفەکەی ابن رشد نییه ، بەڵکە بە پێچەوانەوە ئەم فەلسەفەیەوە بۆ ئەوە لەدایک بووە ، بۆئەوەی دژی  کۆڵەکەکانی فەلسەفەی ابن رشدی بوەستێتەوەو هەموو دەرئەنجامەکانی نەهێڵێت و لابەرێت .

پەراوێزەکان :
1) ابن رشد، الكشف عن مناهج الأدلة، ص65، المكتبة المحمودية التجارية، مصر، 1935.
2) مناهج، ص65.
3) المناهج، ص65-66. “وقد نبه الكتاب العزيز على العناية بالإنسان لتسخير جميع السموات ل في غير ما آية، مثل قوله سبحانه: ﴿سخر لكم لليل والنهار﴾” (ابن رشد، تهافت التهافت، 317، تحقيق سلميان دنيا).
4) المناهج، ص66.
5) هيغل، دروس في تاريخ الفلسفة، ج. الأول، نشر فران، باريز، 1971، ترجمة Pierre Garniron، ص179.
6) هيغل، دروس في تاريخ الفلسفة، ص180.
7) ابن رشد، الكشف عن مناهج الأدلة، ص67.
8) “. François tricot, ed. Sirey, 1971, pp. 105-106.
9) تهافت التهافت، ص432-433.
10) ابن رشد، الكشف عن مناهج الأدلة، ص65.
11) ابن رشد، تهافت التهافت، ص319-320.
12) ابن رشد، الكشف عن مناهج الأدلة، ص67.
13) سبينوزا، الرسالة القصيرة، بصدد الله، والإنسان، والسعادة، عن الترجمة الفرنسية، شارل أبونه، الجزء الأول.
14) فكتور ديلبوس، مشكل الأخلاق في فلسفة سبينوزا، نشر فيلكس ألكان، ص96-97.
15) سبينوزا، الإيتيقا، تذييل الكتاب الأول.
16) المرجع نفسه.
17) المرجع نفسه.

سەرچاوە:
سیبونزا و ابن رشد. أحمد العلمي. www.alfalsafa.com

Previous
Next