Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
سۆران ئازاد، ڕەخنەگرێک، کە ئەمڕۆ تەمەنی دەبێتە حەڤدە ساڵ

سۆران ئازاد، ڕەخنەگرێک، کە ئەمڕۆ تەمەنی دەبێتە حەڤدە ساڵ

Closed
by June 14, 2011 گشتی

 
ئەو ڕۆژەی هاوڕێی ڕۆشنبیرم دلێر ئیبراهیم سەلیم چەند بابەتێکی سۆران ئازادی بۆ ناردم و وتی ئەو کوڕە تەمەنی پانزدە ساڵە، نەمتوانی باوەڕ بکەم، بە تایبەتی دوای ئەوەی بابەتەکانم خوێندەوە. لەو کاتەوە من بەردەوام ویستوومە بە وردی بەرهەمەکانی سۆران ئازاد بخوێنمەوە، کە لە (دەنگەکان) بڵاویان دەکاتەوە، بەوەی خۆیشی ئەندامی ئەو سایتەیە و نایشارێتەوە لە ڕێگای ئەو سایتەوە بە زۆر نووسەری داهێنەر ئاشان بووە. ئەوەی سەرنجم داوە هیچ بەرهەمێکی نوێی لەوەی پێشووی ناچێت، کە ئەمە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی نووسەری داهێنەر. وەک لە دنیای ڕۆشنبیریی ئێمەدا سەرنج دەدرێت، گرفتی بەشێکی زۆری نووسەرانمان ئەوەیە لەو شوێنەی لێیەوە دەست پێ دەکەن، دەچەقن و تێی ناپەڕێنن. ئەوەی دەتوانێت وا بکات نووسەر ئەمڕۆی لە دوێنێی جیاواز بێت، خوێندنەوەیە. کاتێکیش باسی خوێندنەوە دەکەین، ئەوا مەبەستمان ئەو خوێندنەوەیەیە، کە دەتوانێت جیاوازی لەنێوان خۆی و قەناعەتەکانی نووسەردا دەربخات. ئەگەر هێزی خوێندنەوە لەو هێزە گەورەتر نەبێت، کە نووسەر لە ئێستادا هەیەتی، ئەوا هیچ گۆڕانکارییەک لە دنیابینیی ئەو نووسەرەدا ناهێنێتە دی. سۆران لە ئێستاوە سەرچاوە گەورەکانی مەعریفەی بە زمانی ئینگلیزی خوێندووەتەوە و بە چاکی کاری بە هەر چەمکێک کردووە، کە ویستبێتی تەوزیفی بکات. ئەگەر پێش ڕاپەڕین نووسەری کورد لەپاڵ زمانی کوردیدا زمانی عەرەبییشی دەزانی، ئەوە لە دوای ڕاپەڕینەوە بەشێکی زۆری نووسەرانی ئێمە لە کوردی بەولاوە زمانێکی تر نازانن. هەیانە بە چاکی سەری لە کوردییش دەرناچێت. ڕەنگە بۆ شاعیر و چیرۆکنووس کەمێک ئاسایی بێت، بەڵام بۆ نووسەرێک بیەوێت خەریکی کاری فیکری و ڕەخنەیی ببێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەک ئاسایی نییە، چونکە ڕەخنەگر بە بێ خوێندنەوە و قووڵبوونەوە لە فکرە گەورە و کاریگەرەکانی دنیا دروست نابێت، کە ئەوانە تا ئەمڕۆیش بە زمانی کوردی دەست ناکەون. بەشێکی زۆری ئەو تێکستانەی بۆ کوردییش وەرگێڕدراون، هیی ئەوە نیین پشتیان پێ ببەسترێت. ئەرکی ڕەخنەگر ئەوەیە پێش نووسەری ئەدەبی و هونەری ئەو فکرانەی ناسیبێت، ئەگینا ئەو ڕەخنەگرە بە ڕاستی دروست نابێت، ئەگەر بە ناچارییش دروست ببێت، ئەوا دەبێتە پاشکۆی تێکستە ئەدەبی و هونەرییەکان و ناتوانێت هیچی نوێیان لەبارەیەوە بڵێت. وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا ئەو ڕەخنەگرە لە شوێنی خۆی دەچەقێت و توانای نوێکردنەوەی نابێت. ڕەنگە ئاسان نەبێت مرۆڤ باوەڕ بکات ئەگەر پێی بڵێن سۆران ئازاد لە تەمەنی شانزدە ساڵیدا بوون و زەمان Being and Time ی مارتین هایدیگەری خوێندووەتەوە و چەندجارێک لە گوتارە ڕەخنەییەکانیدا وەک سەرچاوە بە کاری هێناوە. بە شایەتیی زۆربەی فەیلەسووف و ڕووناکبیرانی دنیا ئەو کتێبە گرنگترین و سەخترین کاری فەلسەفییە لەبارەی بوونەوە بەرهەم هاتبێت، کە باس لە پێوەندیی بێسنووری نێوان کەینونە  Being و زەمان Time دەکات، بەوەی هەر یەکەیان بەردەوام شوێنی ئەوی تریان دەگرێتەوە. (بوون)ی مرۆڤ لەناو ئەو پێوەندییەدا هەمیشە دەکەوێتە بەر مەترسی، ئەو مەترسییەی وا خۆی لە ئاییندەدا حەشار داوە. ئەو مرۆڤە نیگەرانەی لەناو عەدەمدا بەردەوام لە چاوەڕێی ئەو ئاییندەیەدایە. ئەو ئاییندەیەش تەنیا مەرگە. سۆران لە شوێنێکی زۆر هەستیار دەستی پێ کردووە، کە هەر دەبێت لەو شوێنە دەست پێ بکات، مادام خەریکی کاری فکری و ڕەخنەییە. زۆرم بە لاوە سەیرە هەندێجار ناونیشانی لەم شێوەم لای ڕەخنەگران بەرچاو دەکەوێت: (کات و شوێن لە چیرۆکی، یان ڕۆمانی فڵان نووسەردا). وا چاوەڕێ دەکەم ئەو ڕەخنەگرە ئەو کتێبەی هایدیگەر یان هەر کتێبێکی تری لەم شێوەیەی خوێندبێتەوە و وەک سەرچاوە بە کاری هێنابن، بەڵام چونکە لەو سەرچاوانە بێئاگایە، ئەوا چەند شتێکی سادەی وتووە و باسی ئەوەی کردووە، کە کارەکتەرەکانی ئەو نووسەرە لەناو شوێندان، وەک بڵێی شتێک هەبێت لە دەرەوەی شوێن، کە هەر بە باوەڕی هایدیگەر بوون و زەمان یەک شتن. خوێندنەوە و قووڵبوونەوە لە فکرە بنەڕەتییەکانی دنیا بۆ ڕەخنەگر نەک هەر گرنگە، بەڵکو بە بێ ئەوانە ڕەخنەگر مانای نییە. چۆن ڕەخنەگر باس لە زمان بکات ئەگەر ئاگای لە مەسەلە گرنگەکانی زمان نەبێت هەر لە پلاتۆنەوە تا هیگڵ، هایدیگەر، دریدا، ئێدوارد ساپیر و زۆری تر؟ چۆن ڕەخنەگر باس لە تەکنیک بکات ئەگەر لە هایدیگەر قووڵ نەبووبێتەوە و لە پێوەندیی نێوان تەکنیک و حەقیقەت تێنەگەیشتبێت؟ ئەگەر نەزانێت تەکنیک، کە ملکەچی عەقڵانیەتە و لە سایەیدا مێتافیزیکا دەگاتە تەواوبوونی کۆتایی و سرووشت دەبێتە ئۆبجێکتیڤ، دواجار خۆشمان دەکەوینە ژێر دەستەڵاتی ئەو تەکنیکە و سەربەستیی خۆمان دەست دەدەین؟ کام لەو ڕەخنەگرانەی بە سادەیی باس لە تەکنیک دەکەن بە لای ئەو باسانەدا چووە؟ چۆن ڕەخنەگر باس لە سایکۆلۆجیا بکات، ئەگەر فرۆید، یۆنگ، لاکان و زۆری تری لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانیان نەخوێندبێتەوە و بە چاکی لێیان تێنەگەیشتبێت؟
نامەوێت لەو هەوڵە جوانانە کەم بکەمەوە، کە تاکو ئێستا لە بواری ڕەخنەدا دراون، بەڵام ئەوەی لای زۆربەی هەر زۆری ئەو دەنگە ڕەخنەییانەدا هەستی پێ دەکرێت نەبوونی دیدگای قووڵە، کە هۆکارەکەی نەبوونی شارەزاییە لە سەرچاوە گەورەکانی دنیا. ئەمە خۆیشم دەگرێتەوە، کە جار جار گوتاری ڕەخنەیی دەنووسم. ئەوەی سۆران ئازاد لەو ڕەخنەگرانە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە لە ئێستاوە بە میتۆدێکی جیاواز، بە ڕۆشنبیرییەکی گەورە و زمانێکی هێمنەوە دەنووسێت. سۆران ئازاد پێش ئەوەی پێ بخاتە ساڵی حەڤدەهەمینی تەمەنیەوە، توانیی وەک دەنگێکی گەورەی ڕەخنەیی خۆی بناسێنێت. ئەو گوتارانەی لەبارەی بەختیار عەلی، کاروان کاکەسوور، د. محەمەد کەمال، محەمەد عومەر عوسمان، جەمال غەمبار، دلاوەر قەرەداغی، ڕێبوار سەعید، شەماڵ عادیل سەلیم، ئەنیتا ئێسپاندەر، مەحموود نەجمەدین و زۆری ترەوە نووسیونیەتی بەڵگەی ئەوەن، کە لەسەر دەستی ئەو ڕەخنەگرەدا قۆناغێکی نوێ لە مێژووی ڕەخنەی کوردی دەستی پێ کردووە. ئەمە دەڵێم و لێی بەرپرسیارم، کە لە خوێندنەوەیەکی ئێنداکتیڤیانەی خۆمەوە بۆ بەرهەمەکانی ئەو ڕەخنەگرە پێی گەیشتووم. مەبەست لەو گوتارە کورتەیش شانازیکردن نییە بە سۆران ئازادی ڕابردوو، بە قەدەر ئەوەی دەمانەوێت سۆران ئازادی ئێستا و ئاییندە ببینین. ئەمڕۆ 15.06.2011 کە تەمەنی سۆران ئازاد دەبێتە حەڤدە ساڵ، من بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خۆی و لە گۆران عەبدولڵا و سەرجەم دەستەی نووسەرانی دەنگەکان دەکەم.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.