Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئاماژەکانی دروشمەکانی ئایاری 1968 ی پاریس

ئاماژەکانی دروشمەکانی ئایاری 1968 ی پاریس

Closed
by June 16, 2011 فەلسەفە


79. “”زبر بن.””

ئایارچییە شۆڕشگێڕەکان لەڕێگای ئەم گوزارەیەوە ناحەزی خۆیان دژ بە دەسەڵاتی سیاسی ئەو دەمە دەردەخەن و ، هەستی پڕ لە تووڕەیشیان نیشاندەدەن. زبربوونی ئایاریستەکان واتە زبربوونی ملیۆنەهاێک کە بەسەر جادەکانەوەبوونە،  ئەمەش هەیەجان و پێکدادانی گەورەی لێکەوتەوە ، کە لەچاوپیاخشاندێکیش بەوی لەسەر مانگی ئایاری 1968 ی پاریس نووسراون یان بینینی ئەو فلیمە دۆکۆمێنتاریانەی لەسەر ڕووداوەکانی ئەو مانگە کراون ئەوە نیشاندەدەن چ جۆرە پێکدادان و بەیەکاچوونەوەێک لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی فەڕەنسی ڕوویداوە. ئامرازی ئەو دەمەی خۆپیشاندەران زبری بووە و ئەو ئامرازەش پەرچەکرداری بوونە، وەڵامێک بوونە بۆ دەسەلات کە زۆرینە ئیدی تەحەمولی کۆیلایەتی ناکەن. شوێنی کار و شوێنی خوێندن دوو شوێنبوونە لە گشت شوێنەکانی تر قێزەوەنتر بوونە. کارگەکان پڕببوون لە بێکاتی و جەوری بەرهەمهێنان. زانگۆ و قووتابخانەکانیش پڕببوون لە وانەی بەتال و مامۆستای زۆربلێ، پڕببوون لەو مامۆستایانەی قسەکانیان هیچی پێناگۆڕدرێت. هەموو ئەوانەش زبری و توڕەیی دروستکردبوو و ، بۆئەوەی ئەو زبری و تووڕەییەش بەتالکرێتەوە هاوار و بەرد هەلدان تاکە ڕێگایێک ببوون لەبەردەم خۆپیشاندەران تا بەوی تر بلێین: بەسە و چیدی ئێمە بەرگەی نادادپەروەری ناگرین. 
  تائێستاش بەشێ زۆر لەو شەستوهەشتییانەی لە ژیانا ماون پێیانوایە لە دەمووەختی ئایاری 1968 دا لەبەرئەوەی زبریێ زۆر لەسەر جادەکانا مومارەسەدەکرا توندی و پەشێویێ زۆر لە کۆمەلگەدا کەوتەوە بەڵام بەباوەڕی گەلێ لەوان ڕێگا چارەی تر لەبەردەم خۆپیشاندەرانا بۆ ووتنی نەخێر و ڕوونکردنەوەی بێدادیەکان نەببوو. ئەلبەتە هەندێ لە ڕابەرانی ئەو خۆپیشاندانانە جۆرە پەشیمانیێک لە لێدوان و ڕاڤەکردنەکانیان دا بەرامبەر بە پیادەکردنی جۆرە زبری و تووندوتیژیێک تایبەت بە دۆزی ئەوکات نیشاندەدەن وەلی لە قسەکردنەکانیانا تاهەنووکەش لەسەر پێویستی بۆ ئەو خۆپیشاندانانە و ئەو ویستەی لەپشتیانەوە بوونە سوورن.
     
80. “”لەگشت شوێنێک بنووسن!””

لە دەمووەختی ڕووداوەکانی 1968 دا نووسین لەسەر دیوارەکان ، یان نووسین لەسەر لافیتە و دروستکردنی ئەفیش و پۆستەر، گشت ئەوانە بەشێکبوونە لە پرۆسەی گوزارەکردن لەوی ویستراوە بووترێت. لەکاتی خۆپیشاندانەکانا بڵاوکردنەوەی نووسین و ئەمجار نووسین لەسەر دیواری سەرجادەکان و ساختمانە گشتی و ڕەسمیەکان تاکە تەختەڕەشێبوونە بۆ ئایاریستەکان تا ووتنەکانیان بگەێنن و ڕۆژەکانی خۆیانیانی پیێ بەرنامەدارکەن. گشت ئەو نووسینانەش کە لێرە یان لەوێ نووسراون بۆ وروژاندن و دانی ئاگایی بوونە لەسەر ئەو دۆزەی کرێکار و قووتابیان لە کۆمەلگە دەیژێن، هەروەها بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو ژیانە پڕ لە ستەم و کۆیلایەتیەش بوونە تاک لەژێرسایەی کۆمەلگەی ڕاستەڕەو دەیباتەسەر.
مەبەست لە نووسین و نووسین لە گشت شوێنێک مەبەست لەوەبووە کە کردەی نووسین کردەێک بێت لەپێناو دروستکردنی گۆڕان و هێنانەدی شتێکیدی جیالەوی هەیە. ئەم جۆرە دروشمانەش لەو کۆمەلگانەدا زالدەبێت کە تاکەکانی کۆمەلگە توانای خوێندنەوەیان هەیە. چونکە پاش پرۆسەی گشت نووسینێک پرۆسەی خوێندنەوە دێتەکایەوە ، خوێندنەوەی ئەوی نووسراوە. هەروەک دەزانین کۆمەلگەی فەڕەنسی کۆمەلگەی نووسین و پەخشکردنە، بۆیە لەم جۆرە کۆمەلگەیەدا نووسین شوێنی خۆی هەیە و ئەوی لەڕێگای نووسینەوە دەوترێت کاریگەری دەخاتەوە. کەم کۆمەلگەش هەیە بکارێ لەڕێگای نووسینەوە کاریگەری بخاتەوە و وا لەنەوەکانی خۆشی بکات بکەوێتە ژێرکاریگەری نووسینەکانیەوە.
لە ماوەی ئایاری 1968 دا نووسین توانی شتێک بلێت و زۆرینە بەخۆیەوە گرێدات. ڕاستە ئەو دەمە کۆمەلگەی فەڕەنسی بەدەست گەندەلیەکانی دەسەڵاتی سیاسییەوە دەیناڵاند بەڵام لە کۆمەلگەی فەڕەنسی ئەوکاتەدا هێشتا شوێنێک بۆ نووسین هەبوو و نووسین سامی خۆی لەناو خەلک دا لەدەستنەدابوو. بۆیە ئەوی دەنووسرا هەلدەگیرایەوە و ئەلبەتە وەبەریشدەهێنرا.

81. “”ببە بە هۆمۆسێکسوێل!””

یەک لەو دیاردانەی کۆمەلگەی زۆرکاتۆلیکی فەڕەنسی دەیژیا قەدەغەبوونی دیاردەی هۆمۆسێکسوێلی و هەروەها لیسبیسیش بوو. ئایاریستەکان لەگەلێ لە کۆبوونەوە و هوتاف و لافیتەکانیانا بانگەشەیان بۆ ژیانێ سێکسی ئازاد و کراوە و ناجۆری دەکرد و کۆمەلگەیان دەخستە بەردەم دوو هەلبژاردنەوە: یەکیێکیان تا دەتوانیت ئەوینداری (هەوەسبازی) خۆت بکە و ئەویتریش باری ژیندەری خۆت بژی. واتە لەڕووی سێکسیەوە (ژیندەرەوە) ئەوەبە کە هەیت، یان لەبیریمەکە کە تۆ کێیت. ئەم لایەنەش دواتر کاری زۆرتری بۆکرا و بیرمەندە فێمینیستیە فەڕەنسییەکان زۆرتریان لەبارەوە وت.
ئاشکرایە دیگۆلیەکان کۆمەلگەی فەڕەنسییان بەرەو کاتۆلیکیەتێ تۆخ بردبوو ، کە مافەکانی ئافرەت بەدەست پیاوەوەبوو هەروەها گشت ناجۆریێکی سێکسیش بەوپەڕی تووندی وەڵامدەدرایەوە بۆیە لیسبیسەکان و هۆمۆکان ژیانی ناجۆری خۆیان نەدەژیان و نەشیاندەوێرا بەئاشکرا قسە لە ناجۆری و جیاوازی سێکسی خۆیان بکەن. بۆیە لەگەلێ ڕوەوە ئەو شۆڕشە سێکسیەی لەم بوارەدا ، چ لە فەڕەنسا و چش لە ئەورووپا، ئێستا تاک دەیژێت بۆ ئەو کودەتا ژیندەرییە دەگەڕێتەوە ئایاریستەکان پیێیانلەسەردادەگرت و لەسەر جادەکانی پاریس خەباتیان بۆدەکرد.
بۆ شوێنێکی وەک پاریس گرینگبوو نەک هەر پێوەندی نێوان نێر و مێ لە دۆزێ کراوە و ئازاد دا بێت بەلکو ئەوەش کە تاکەکانی کۆمەل بەگشتی باری سێکسی خۆیان بژین و بەبێ ترس مومارەسەی ئەو جۆرە ژیانە جەستەییە بکەن کە هەلگرین. بەهێزبوونی دیاردەی مێخوازی(فێمینیزم) و لیسبیس و هۆمۆ و چەشنەکانی تری بەشێکن لەو کودەتایەی ئایاری 1968 لەتەک خۆیا هێنای. دواتر ئەوەش بەخۆی نەرێتێک بووە لەناو ڕوناکبیر و بیرمەندانی فەڕەنسی کە دیاردەی هۆمۆ تیایانا باو بێت (دانیێل بینسەعید، ڕۆلان بارت، میشیل فوکۆ  و ..هتد). بۆیە گفتووگۆکردنی ئەم لایەنە و باری هۆمۆی گەلێ لەو بیرمەند و ڕوناکبیرانە پاش ڕووداوەکانی ئایاری 1968 لە مێدیاکانا تەشەنەی سەندوو و خودی فوکۆ کتێبە 3 بەشییە ناودارەکەی “”مێژووی سێکسگەرایی””لە پاش ئایاری ناوبراوەوە بەچەند سالێک نووسی و لەوێڕا بەئاشکرا پێیلەسەر بایەخدان بە جەستە دا دەگرێ. لەودەمەوە لە فەڕەنسا و لە ولاتانی تری ئەورووپا و بەتایبەت لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نێوەندێ زۆری توێژینەوەی ژیندەر دامەزرا و کار لەسەر ئەو لایەنانە کرا کە پێشتر یاساغ و تابۆ بوون بەرباسخرێن.
هەر لێرە ئەوەش وەبیردەخەینەوە کە، ئەو دەمەی ئایاری 1968 لە پاریس هاتەکردن و خەلک ڕژانە سەرجادەکان، کە لەڕیزی ئەوانە گەلێ بیرمەند و ڕوناکبیری فەڕەنسی (سارتەر، دی بۆڤوار، مۆغان، بادیو، بینسەعید، لیوتار، گلۆکسمان و…..هتد ) کە بەشێکیان ئێستاش لە ژیانان، بەشداربوون ، میشێل فوکۆ ئەوکات لە زانگۆی توونس مامۆستا بوو و هۆی ئامادەبوونیشی لەوێ بەپێی گەلێ لەسەرچاوەکان بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە (دانیێل دێفێر )، پارتنێرەکەی فوکۆ،  ئەوکات لە توونس وەک فەڕەنسیێک خزمەتی سەربازیەکەی دەکرد. فوکۆ و دانیێل لە سالی 1960 یەکترییان ناسیوە و لەسالی 1963 بەولاوە تا کاتی مردنی فوکۆ لە 1984 وەک دوو هۆمۆ پێکەوە ژیاون. فوکۆ کە بە نەخۆشی ئایدیز مرد ئەو دەمە ،لە 1984 دا، شتێ ئەوتۆ لەسەر نەخۆشیەکەی ،یان بابلێین مردنەکەی، نەووترا و وەلی دواتر زۆرتر لەو بارەوە ووترا و تەنانەت دانییێلی پارتنێری فوکۆ نێوەندێکی دژەئایدیزیشی بۆ هاریکاریکردنی ئەوانەی دووچاری ئەم درمە سێکسییە دەبن، دروستکرد.

82. “”هەموو خەلک دەیەوێت هەناسەبدات بەڵام کەس ناتوانێت هەناسەبدات و هەندێکیش دەلێن کە دوای هەناسە دەدەین و، زۆربەش نامرێت چونکە پێشوەخت مردوون.””

لێرە مەبەستی سەرەکی ئایاریەکان لە هەناسەدان ژیانە. زۆر بەکورتی لەڕێگای ئەم دروشمەوە دەیانەوێت بلێن پێویستمان بە ژیانە، ئەوی پێشتر ژیاوین ژیان نەبووە و بۆلەمەولا دەمانەوێت بەمانای وشەکە بژین. سەختی ژیانی باوکان و دایکان لە کارگە و کێلگەکانا هەروەها زارۆکەکانیشیان لە قووتابخانە و زانگۆکانا دۆزێکی هێنابووە پێشەوە شتێک نەبێت ناوی ژیان بێت. بۆیە ئەمان خۆیان بە مردوێکی زیندوو دەزانن. خۆیان بەو کەسانە دەچوێنن کە ناتوانن هەناسەبدەن بەڵام دەژین ، ئەوانەش کە بەمجۆرە دەژین واتە هەناسەنادەن ناژین چونکە ژیانژیان بێ هەناسەدان بوونی نییە. لێرەوە شەستوهەشتیەکان دەیانەوێت بە گشت تاکەکانی کۆمەلگە بلێن : پێویستمان بە هەناسەدانە، پێویستمان بەوەیە بژین، بژین وەک مرۆڤ. بانگەشەی ئایاریستەکان بۆ هەناسەدان بانگەشەیە بۆ ژیانژیان. ژیان واتە هەناسەدان کە هەناسەش دەژیت دەبێ بژیت. کەواتە تۆ هەناسە دەدەیت بۆئەوەی بیژت ئەگەرنا تۆ ناژیت چونکە تۆ هەناسەنادەیت. ئەو دەمەی تۆ هەناسەدەدەیت تۆ بۆ ژیانژیان ئەمەدەکەیت. کەس لەخۆڕا هەناسەنادات و، هەموو هەناسەدەدەن تا بژین. ئەوانەش کە ناژین ئەوانەن کە هەناسە نادەن.  

 83. “”هونەر بوونی نییە، ئێوە خۆتان هونەرن (دەربڕینێکی ئەندرێ برۆتۆنە).””

لەهەندێ حالەتدا بەشێ لە دروشمەکانی سەردەمی ئایاری 1968 بریتیبوونە لە گوزارە و ووتنە سیاسی و فەلسەفی یان ئەدەبیەکانی بیرمەند و نووسەرانی ڕۆژئاوایی. هەر بۆنموونە لێرە لەم پۆستەرەدا ئایاریستەکانی پاریس لەڕێگای ئەم پۆستەرەوە دەیانەوێت هونەر بمرێنن یان ئەوی لە شەقاما ڕوودەدات بکەن بە سەرووی هونەر.
بیرماننەچێت کە ، ئایارچییە شۆڕشگێڕەکان لەگەلێ لە پۆستەرەکانیانا هەروەها لەگەلێ لەو دروشمانەش لەسەر دیوارەکان لێرە و لەوێ دەیانووسی هونەریان دەمران یان وەک شتێ هەرزان و قێزەوەن نیشانیاندەدا. بۆنموونە (هونەر هیچی تیابەسەر نییە، هونەر مردووە – گودار لەوبارەیەوە هیچی پێناکرێت ((مەبەست ژان –لۆک گودارە)) ، هونەر دەمارێ ئەکادیمیە، هونەر مردووە- جەستەمان بەکارمەبەن، هونەر مردووە- ژیانی ڕۆژانەمان ئازادکەن  و ..هتد ) هەموو ئەم تێگەیشتنانە بۆ هونەر تێگەیشتنن بۆ ئەو هونەرەی لە خزمەتی بازاڕی کاری سەرمایەداری و ئەو دابونەرێتە کۆنەپەرستانەیەیە کە هونەری شێوێنەرە. ئایاریستەکان دۆستی هونەر و چێژوەرگریشبوون لە هونەر ، بەڵام ئەو هونەرەی ئەمان تانەیانلێدەدا هونەرێ مەترسیدار و هیچگەرابوو. هونەری پێش ئایاری 1968 بۆ ئایاریستەکان هونەرێ بێ مانابووە و ڕێچکەی مرۆڤدۆستی خۆی لەدەستداوە و بووە بە بەشێک لە شمەک و بازاڕ و، تێکەلیشبووە بە خەسلەتە سەیرەکانی ئەو گەندەلیەی شاری تەنیبوەوە.

 84. “”ئایندە بریتییە لەوەی کە بە چی پڕیدەکەینەوە.””

ئایندە بۆ ئەوانەی شۆڕش دەکەن پێویستە هەمیشە سەرووی گشت پرسیارەکانی تربێت. پرسیارکردن لەسەر ئایندە، لەسەر ئەوی دواتر دێت، پرسیارکردنە لەسەر شتێ زێدە هەستیار، لەسەر ئەو شتەی هەموان دەگرێتەوە. لەگشت شوێنێک لەم جیهانە ئەو دەمەی هەنگاو بەرەو گۆڕان دەنرێت پرسیار لەسەر چۆن گۆڕان بکرێ، لە چ بوارێکدا و چۆن ئەم گۆڕانە بکرێت دێتەپێشەوە. ئایندە بەو گۆڕانانەوە بەندە کە لێرە و لەوێ دەسازێندرێن. ئەوەش کە هەمیشە ئایندە دەخاتە ژێرپرسیارەوە ئەوەیە کە چۆن ئایندە بەکارببرێت ، چۆن ڕەفتار لەتەک ئایندەدا بکرێت. خۆ ئامادەکردن بۆ بەکارهێنان و وەبەرهێنانی ئایندە هۆشێ تایبەتی دەوێت، پێویستی بە تێگەیشتنە لەسەر ئایندە.
ئەو دەمەی ملیۆنەها دەڕژنە سەر جادەکان گرینگە پرسیارکردن لەسەر ئایندە بێتەپێشەوە. گەر ئایندە بۆ خۆپیشاندەران گرینگی نەبێت، گەر خۆپیشاندەران لەوە تێنەگەن چی لە ئایندە کرێت نەهاتنە سەرجادەیان باشترە. هەربۆیە خۆپیشاندەرانی ئایاری 1968 بەلایانەوە گرینگە لەوە حالیبن ئایندە بە چی پڕکرێتەوە. بەمجۆرە ئامانج لەهاتنەسەر جادە لەئارادایە و هەچ ڕاڕایێکیش لەوبارەوە هەبێت بەپێوەندی بە داواکانی خۆپیشاندەرانەوە چارەسەردەکرێت. گرینگترین شتێکیش لەحالەتی وادا سەرنجیدەخرێتەسەر ئەو تێگەیشتنەیە کە مانگران بۆ ئایندە هەیانە.   

85. “”ئەو دەمەی ئێمە هەموو پێکەوە دەبین مەکینەکان لەکار دەوەستن و بۆشیاندەسەلمێنین کە ئەوان چەند لاوازن.””

جەغتی بەردەوامی دروشمی ئایاریستەکان لەسەر باری ژیانی کرێکاران و ئایندەی کرێکاران لە کۆمەلگەی فەڕەنسی جەغتێ بنەمای بووە و هەرگیز دەستبەرداری نەبوونە. لەلاێ لەبەرئەوەی بارخراپی کرێکاران و دۆزی ئابووری وڵات کارێوایکردبوو ملیۆنەهای لە کرێکاران لە شارە گەورەکانی فەڕەنسا بڕژێنە سەرجادەکان و ، لەلاێدیش لەبەرئەوەی بەشێ زۆر لە قووتابیانی قوتابخانە و زانگۆکان کوڕی ئەو کرێکارانە بوونە ، ئەمەش لەلایەن خۆیەوە وایکردبوو کە خەباتی کرێکاران بە خەباتێ گرینگ وەرگیرێت ، ئەلبەتە تێگەیشتنی سیاسییانەی خودی ئەو قووتابیانەش لەودەمەدا بەجۆرێ خۆی بنیاد نابوو کە خەباتی ئابووری خەباتێ سەرەکیە و لە خەباتی سیاسی جیاناکرێتەوە.
هەر ئەو دروشمەی لایسەرەوە ئەوەشمان پێدەلێت کە ئەوی کارگەکانی ڕاگرتووە بازووی کرێکارانە و لەکارکەوتنی ئەو بازوانە بە لەکارخستنی کارگەکان کۆتایدێت. بەڵام ئەم لایەنە خاوەن کارگەکان ئەودەمە تێیدەگەن کە کرێکاران دەستلە کارەکانیان هەلئەگرن بۆیە باشترین شتێک کە کرێکاران بۆ گۆڕانخستنە دۆزی کارەکانیان و هەلومەرجەکانی کارکردنەکانیان پێویستەبیکەن دەستهەلگرتنی دەستەجەمعییە لە کارکردن.

  86. “”ئێمە دەزانین کە – 2 و + 2 ناکاتە 4.””

بەهۆی ئەم گوزارەیەوە ئایاریستەکان دەیانەوێت ئەو سێرکردنە لای دەسەڵات بەرجەستەکەن کە ئەمان گێژ نین و چاک لە گشت ووردەکاریێکی وڵات بەئاگان. ئەمجۆرە دروشمە ئەوەش دەگەێنێت کە هوشیاری تاکەکانی کۆمەل لە ئاستێ پێویستدایە و چیدی لە نادادپەروەریەکان بێدەنگنابن. دروستکردنی ئەم جۆرە زناکانە لەکاتی شۆڕش و یان مانگرتنە ملیۆنیەکانا گرینگی خۆی هەیە و توانای کاریگەری نانەوەشی هەیە. دلنیاشین دروشم بەرزکردنەوە نەبایە ئایاری 1968 بەو دەرهاویشتانە نەدەگەیشت کە ئەمڕۆ باسیلێوەدەکرێت. دەسەڵات کە توانای خوێندنەوەی ئەو زناکانە(مانایانە)ی هەبووە ئایاریستەکان بەهۆی دروشمەکانیانەوە کارێ زۆریان بۆ دروستکردنی زناک کردووە. لەڕێگای ئەو زناکانەوەی دروشمەکان دروستیانکردووە ئایاریستەکان گەلێ شتیان وروژاندووە و زۆربەی ئەوانەش کاریگەری بەسەر دەسەڵات و تاکەکانی کۆمەلگەی فەڕەنسییەوە بەجێهێشتووە.  

87. “”سێ هەفتەی خایاند تا ئەوە بە 5 دەقیقە بلێت کە لەماوەی مانگێکدا دەیەوێت ئەوانە ئەنجامدات کە بۆ 10 سال دەچێت نەیتوانیوە ئەنجامیاندات (ئەمە وەڵامە بۆ وتارەکەی ژەنەڕال دی گۆل).””

لێرە ئایاریستەکان گالتە بە ژەنەڕال شارل دی گۆلی سەرەککۆماری ئەو دەمەی فەڕەنسا دەکەن. چونکە ناوبراو پاش ئەوەی ملیۆنەهاێک لەماوەێ زۆرکورتدا ڕژانە سەر جادەکانی پاریس و شارەکانی تری فەڕەنسا بڕیاریدا بۆ دامرکانەوەی خەلکی تووڕەی سەرجادەکان هوتافێ 5 دەقیقەی بخوێنێتەوە و چەندین بەلێن بە خەلکی دل پڕ لە قینی فەڕەنسا بدا کە گوایە دەستبەجێ کار بۆ چاکسازی بنەڕەتی دەکا و ئەوشتەدەکات کە لەماوەی 10 سالی حوکمەکەیدا نەیکردوە. ناشێ لێرە ئەوەمانبیرچێت کە، ئەوی دی گۆل کردی هەرئەوەیە گشت سیاسیێک لەو چرکە ساتە سیاسیە پڕ لە تەنگژانە دەیکات کە پێشتر بەخەیالی دا نەهاتوە بیکات. ئەلبەتە لەحالەتی واشدا دونیاێک بەلێن دەدرێ و بانگەشەی سەیرسەیریش بۆ چاکسازی دەکرێت کە گشت ئەو چاکسازیانە بە بەلێنەکانیشەوە دەکرا پێشتر، پێش تەنگژەکە و پێش ڕژانەسەرجادەی ملیۆنەها و دانی قووربانیێ زۆر، بکرانایە. ئەلبەتە، سیاسیەکان هەر کێبن و چۆنیش بن و لەهەرکوێشبن بەوجۆرە ڕەفتاردەکەن کە دی گۆل لە دەمووەختی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 دا کردی. چونکە سیاسییەکان بۆ پاراستنی خۆیان ، بۆئەوەی دەسەڵات هەروەک خۆی لەدەستیانا بمێنێتەوە ئامادەن گشت بەلێنێک بۆ چاکسازی بدەن و هەموو هەنگاوێ سیاسیش بگرنەبەر تا دەسەڵاتی سیاسییان هەلنەوەشێتەوە. 
شیاویباسە، ڕژێمی دی گۆل ، کە کۆماری پێنجەمی فەڕەنسای پێکدەهێنا، لەژێر هەرا و زەبری خۆپیشاندانەکانی ئایاری 1968 کەوتە شلەژان و دووچاری گەورەترین خوورپەی سیاسی بوو. ئەم کۆمارە کە لەژێر هەڕەشەی هەلوەشانەوەدا بوو هیچکات کۆمارەکانی تری فەڕەنسا بەوجۆرە تەنگژانەدا تێنەپەڕیبوون. ڕاستە دەسەڵاتی سیاسی دی گۆل کارێ زۆری بۆ توانەوەی بزووتنەوەی قووتابیانی ئایاری 1968 کرد بەڵام لەهەمان کاتدا خۆپیشاندانەکان ئەوەیان بیری دەسەلات خستەوە کە لاوان و بەتایبەت قوتابیان و ئەمجار کرێکاران، کە توێژە سەرەکیەکانی کۆمەلگەی فەڕەنسی پێکدێنن ، ناشێ لەبیرکرێن.

88. “”نەخێر .””

ئەم نەخێرەی لایسەرەوە یەکێکە لە پۆستەرەکانی ئایاری 1968 ی پاریس و ، بەبۆچوونی ئێمە پەیڤی “نەخێر” پەیڤێ هێژایە و هێندەی پەیڤی “بەلێ” دەبێ بخرێتەگەڕ. ئەو دەمەش ئایاریەکان دەلێن “نەخێر” مەبەستیان ڕەتکردنەوەی ئەو شتەیە کە پێیقایلنین و لەتەک ژیانیانا ناگونجێت. ئەلبەتە ووتنی نەخێر لەلایەن ئایاریەکانەوە ووتنی نەخێرە لەلایەن ملیۆنەها گەرووەوە. ئەم جۆرە نەخێرانە لەو جۆرە نەخێرانە کاریگەر تر و سەرنجڕاکێشترن کە لە گەرووێکەوە دێنەدەرێ. هەروەها نەخێری دەستەجەمعی نەخێرێ کتوپڕ و چاوەڕواننەکراوە بۆیە مرۆڤ لەو کۆمەلگانەی بەدەست بێدادی و ناڕەواییەکانی دەسەڵاتی سیاسییەوە دەنالێنێ پێویستە توانای گۆکردنی پەیڤی نەخێری هەبێت، ئەلبەتە نەخێرێ زۆر و بەردەوام. بەواتاێدی، ئێمە وایبۆدەچین مرۆڤ پێویستە بلێت “نەخێر”، نەخێر بۆ ئەو شتە و نەخێریش بۆ ئەم شتە. لێرە واپێویستدەکات ووتنێکی نیچە لە زاری ژیل دولۆزەوە بە نموونە بێنینەوە کە دەلێت: کەرن ئەوانەی ناتوانن بلێن نەخێر. ئێمە تەواو لەتەک ئەو ووتنەی نیچە داین و واشیبۆدەچین کە ووتنی بەردەوامی بەلێ کارێ بێ بەها و ناشایستەیە و پیشەی مرۆڤ نییە. مرۆڤی شێر، مرۆڤێ ناکەر، ئەو مرۆڤەیە کە پێویستیکرد دەلێت: نەخێر. زۆریش گرینگە بۆ پاراستنی ڕادەی مرۆییمان خۆمان لەسەر گۆکردنی نەخێر ڕاهێنین و لەکات و شوێنی خۆیدا بلێین نەخێر. نەخێر بۆ ئەو شتەی ئازاردەرە، بۆ ئەو شتەی وێرانکەر و بێدادیهێنەرە، بۆ ئەو کەسەی گەندەلماندەکات و نووقمی ناو دەریای بێباکی و نا-بەرپرسیاریەتیمان دەکات. نەخێر بۆ هێزە خراپەکان، بۆ ئەوانەی دەیانەوێ وەک خۆمان بمێنینەوە. نەخێر بۆ سێستەمە سیاسیە ڕەشەکان و گشت ئەو هێزانەش کە لەپشتیانەوەن. نەخێر بۆ ڕابەرە سیاسیە بکوژ و ڕابردوو بکوژەکان. نەخێر بۆ ئەو گۆڕانکاریانەش ئەم جۆرە ڕابەڕ و هێزانە بۆمانیدێنن. نەخێر بۆ لانەوازکردن و ژێردەستکردنی تاک و بەهەلە بەکاربردنی شیاویەکان. نەخێر بۆهەمیشە گۆکردنی “بەلێ” و کاوێژکردنی ئەم “بەلێ”یە.

89. “”دیالۆگی ڕاستەوخۆ.””   

لەکاتی قەیرانەکانا هێزە سیاسییەکان پێویستە خۆیان لەسەر دیالۆگی ڕاستەوخۆ ڕابێنن. ئەمەو خودی ئەو گرووپانەش کە ڕابەرایەتی بزووتنەوەکانی سەر شەقامدەکەن خۆیان لەسەر گفتووگۆی کراوە و یەکسەری ڕابێنن و دژی کۆبوونەوە و یان دیالۆگی ناڕاستەوخۆ و ژێربەژێربن.
پێدەچێت ئایاریەکان لەڕێگای ئەو گوزارەیەیانەوە بیانەوێت بە گرووپەکانی سەرجادەکان بلێن: لەتەک دەسەڵاتا دیالۆگی ڕاستەوخۆ بکەن و خەریکی کۆبوونەوەی ناکراوە و ژێربەژێرمەبن. ئەمەش نەک هەر مافێ گەورەی خۆپیشاندەرانە وابیرکەنەوە بەلکو بەسوودترین هەنگاویشە بۆ پاراستنی یەکڕیزی شەقام و داواکانیان. چونکە لە کاتی خۆپیشاندان و مانگرتنی گەورە گەورە زۆر ئاساییە هێزە سیاسیە چەپەلەکان بۆ کەرتکردنی شەقام و سەرنگوومکردنی داوا و ویستی جەماوەر هەندێ لە هێزە سیاسیەکانی سەرشەقام بە هەندێ گۆڕان یان بەلێنی بچکۆلە بچکۆلە ساردکەنەوە و لە خەباتی سەر شەقامییان دوورخەنەوە. کەواتە تاکە شتێک کە کێشەی سەرشەقام چارەسەردەکات دیالۆگی ڕاستەوخۆیە ، هەر ئەمە(واتە دیالۆگی ڕاستەوخۆ) کارێ ئەوتۆش دەکات کە گشت ئاگای لە ئاکامەکانی ئەو دیالۆگە ڕاستەوخۆیە بێت. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی دیالۆگی لەوجۆرە ئاڕاستەێ کراوە و دیاریکراوی هەیە.
لەکاتی قەیرانەکانا هێزە سیاسیەکانی سەر شەقام پێویستیان بەوەیە لە دۆزی خۆیان بگەن. ئەم هێزانە بۆئەوەی ئەمەبکەن دەبێ لە داواکانی شەقام بگەن چونکە ئەوان لەپێناو شەقاما لە شەقاما ئامادەن. دەکرێ و دەشێ هێزەکانی سەر شەقام جۆراوجۆر و ناچووست بن وەلی گوێگرتن لە شەقام بۆ ئەم هێزانە کارێ زێدە پێویستە. ئەزموونەکانیش ئەوە نیشاندەدەن کە کۆکبوونی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لەسەر داواکانی شەقام و کارکردن بۆ پاراستنی هاوشێوەی شەقام ئاکامی لۆژیکی بەو دیالۆگانە دەدات لەتەک دەسەڵاتی سیاسیدا دەکرێت.
  
90. “”ئێستا وەختیەتی کە ئیدی دەبێ جەربەزەبین!””

بەهۆی ئەم دروشمەوە ئایاریەکان دەیانەوێت لەسەر دۆزی هەنووکەیان ئەو هۆشیارییە بەیەکتربدەن کە ئێستایان، ئامادەبوونیان لەسەر جادەکانی پاریس ، داوایان لێدەکات جەربەزەبن. جەربەزەبوونیشیان بە چاوقایمی و پێداگیری لەسەر داواکانیان دێت. چونکە گشت خۆپیشاندان و مانگرتنێ پێویستی بەوەیە بەردەوامبێت و بۆئەوەی ئەمەش بێتەدی گرینگە خۆپیشاندەران و مانگرتووان بوێر و نەترس بن و لە ڕووبەڕووبونەوەی دەسەڵات و دەزگا سەرکوتکەرەکانی سلنەکەنەوە و ، لێهاتووشبن لەوەی بکارن بەردەوامی بە خەباتی سەر شەقامی خۆیان بدەن و لە بەرپرسیاریەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان بگەن.
ئێمە بۆئەوەشدەچین کە جەربەزەیی لێرە ئەوەشدەگەێنێت کە شتەکان پێویستە لە کات و شوێنی خۆیا بکرێن. زۆرپێویستە حیسێبێ گەورە بۆ کات و شوێن کرێت. ئەو کاتەی ،واتە ئایاری قووتابیان و کرێکاران، گرینگە بەوپەڕی هوشیاریەوە بەکارببرێت و، لە شوێنی خۆیدا،کە شەقامە،. خەباتی سەر شەقام خەباتی ناسک و هەستیارە و گرینگە وەکخۆی وەبەربهێنرێت و ئەو شتانەی لێدروستکرێت کە هاتنەسەرشەقامەکەی لێدروستبووە. بۆئەمەش جەربەزەی دەرمانە و  دروستکردنی پرد لەنێوان کات و شوێنا بێئەندازە بەسوود و گرینگە. 

91. “”تەماشای کارەکەت بکە: شوێنێکە بۆ بۆشایی و ئازاردان.””

بەبێگومانەوە ئەوی خۆپیشاندەرانی ئایاری 1968 ی پاریس لەڕێگای ئەم پۆستەرەوە دەیانەوێت بیلێن پڕە لە دانایی. چونکە ئەوی ئەوان لەمیانەی ئەو ووتنەی لایسەرەوە خوازیارن بیلێن تابلێیت لە دۆزی کرێکارانی ئایاری  1968 وە نزدیکە و ، ئەلبەتە هەر ئەو دۆزەش بووە کەوایکردووە 11 ملیۆنێک بێتە سەر جادەکان.
زۆربەی ئەو نووسینانەی تایبەت بە ئایاری 1968 ی پاریس نووسراون ئەو هۆشەمەندییەیان تیابەدیدەکرێت کە باری کرێکاران لە کارگەکانی سەردەمی خۆپیشاندانەکانا پێویستە بەرباسخرێت. کرێکاران ، کە هاریکاری سەرەکی قووتابیان بوون لەسەر جادەکانی پاریس و شارەکانی تری فەڕەنسا ، لەکاتی ئایارا لەو پارتە سیاسیانەوە دووربوون کە خۆیان بە پارتی چینی کرێکاران دەزانی. بۆیە لە کرێکاران و قووتابیان زیاتر کەسیتر دەرکی بە نالەباریەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی چینی کرێکاران لە کارگە و مالەوە و بوارەکانیتری ژیانا نەدەکرد.    

92. “”پێویستمان بە سۆسیال دیموکراتێکی چەپەل نییە.””

ئەم تێگەیشتنە سیاسییە بۆ سۆسیال دیموکرات پێوەندی بە دۆزی سیاسی ئەو دەمەی فەڕەنساوە بووە. خۆپیشاندەرانی ئەو کاتەی پاریس لەوە حالیبببوون کە سۆسیال دیموکرات سێستەمێ سیاسی لاواز و بێ ئایندە نییە وەلی ئەوی ئەوان لەمیانەی ئەم پۆستەرە سیاسییەوە دەخوازن بیلێن ئامانج لێی ڕەتکردنەوەی ئەو جۆرە سۆسیال دیموکراتە یە کە بەشێ لە هێزە سیاسییەکانی ئەو دەمەی فەڕەنسا دەیانویست بۆ کۆمەلگەی فەڕەنسی قووتکەنەوە. ئاشکرایە لە کاتی ئایارا چ پارتی سۆسیالیستی فەڕەنسی بە سەرۆکایەتی فڕانسوا میتێران و چش پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی هەردوو دەیانویست وەک قسەکەری چینی کرێکاران بێنە گۆڕەپانی سیاسی فەڕەنسیەوە و خاوەنی مۆدێلێ سیاسی سۆسیالیستی بوون بەڵام بۆ خۆپیشاندەران گرینگ ئەوەنەبوو کە ئەو مۆدێلانە سۆسیالیستی بن بەلکو لەگەل جەماوەربن و لە بەرەی هێزە سیاسیە دژە ڕاستڕەو و بۆرژوازیەکان بن. بۆیە داوای ئایاریەکان بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو جۆرە فۆڕمەیە لە سۆسیال دیموکرات کە لەبەرەی گەل نییە و گوێڕایەلی چین و توێژە کۆمەڵایەتیە پەراوێز و لاوازەکان نییە. 
 سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووترا ئەوەش دەلێین کە، پارتی سۆسیالیستی فەڕەنسی لە 1905 دا دروستبووە و یەکەم جار کە دەسەڵاتی لەفەڕەنسا گرتۆتەدەست لە ئایاری  1936 دا بووە کە ژان بلۆم سەرۆکایەتیکردووە بەڵام لەماوەی جەنگی جیهانی دوو دا دووچاری کێشەبووە چونکە بەشێ کەم لە حیزبەکە پشتگیری لە حکومەتی فیشی کردوە ئەلبەتە لەبەر هەلوێستی بۆ شەری جەزائیر و دی گۆلیش ئەم حیزبە لەماوەی 1950 کانا ڕۆلی لاوازبووە بەڵام لەماوەی 1960 کان باشتربووەتەوە ئەلبەتە پاش ڕووداوەکانی ئایاری 1968. چونکە بەشێ لەو چەپانەی لە بێ ڕێکخراوەی ئایاری 1968 بێهیوابوون خۆیان لەناو ئەم پارتە دییەوە وەلی زۆری نەخایاند جارێتر پارتی ناوبراو ئەو لاوە چەپانەی لەدەستخۆدا کە پاش ئاوابوونی ئایار هاتنەڕیزییەوە. هەرچی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسیشە هەلوێستی وەک هەلوێستی مۆسکۆ بوو بۆ  خۆپیشاندانەکانی 1956 ی بۆدابست و 1968 ی پراگ و بەهیچ جۆرێکیش ئیدانەی لەشکری سووری نەکرد ئەمەو سەبارەت بە ئایاری 1968 ی پاریس هەلوێستی زۆر نێگەتیڤ بوو، ئەمانەش تاڕادەێ زۆر وایکرد پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی لەناو خەلکا لەبەرچاوکەوێت.
ئەو بیرۆکراتیەتە سیاسیەی ئەو دەمە لە فەڕەنسا و لە وڵاتانی تری ئەورووپای پارتە سیاسیەکان و بەتایبەت پارتە کۆمۆنیستیەکان پیادەیاندەکرد هۆکارێ بوو لەبەردەم ئامادەنەبوونی هاریکارینەکردنی ” لاوان ” لەتەک ئەو پارتانەدا. بەرامبەر بەوەش پارتە کۆمۆنیستەکان ئەو “لاوان”ەیان بە گێرەشێوێن ، ووردە بۆرژوازی و  چی و چی ناوزەددەکرد و خودی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی لەمبارەوە درێغینەکرد و تەنانەت ڕابەرانی ئایاری پاریسی بە “جوولەکە ” و ” غەیرە فەڕەنسی”  و چیوچی ناودەبرد.

93. “”بەرگەگرتنی ڕابەرەکان شتێ ئازاردەرە – بەڵام هەلبژاردنیان گەوجانەترە.””

گفتووگۆی دۆزی سیاسی ڕابەڕان لەڕێگای دروشمە سیاسیەکانەوە لەناو ئایاریەکانا هەمیشە گرینگی خۆی هەبووە. ئەوەی لە زۆربەی لافیتەکانا خۆپیشاندەران ویستویانە بیلێن جەغتیلەوەکردوە چۆن ڕەفتار لەتەک ڕابەڕانا کرێت. ئەمەش لەسەرێکەوە پێوەندی بە ترس لە سیاسی هەیە، بەوەی کە ڕەفتاری کەسی سیاسی ئەستەمە کۆنتڕۆلکرێت. بۆیە هەر لەسەرەتاوە سیاسیە خراپەکان نابێ هەلبژێرێن. ئەوەی کە وادەکات سیاسی خراپهەلبژێرێت باوبوونی ناهۆشمەندی سیاسییە لەناو تاکەکانی کۆمەلگەدا. هۆشمەندی سیاسی لە کۆمەلگە پێویستە لەئاستی دۆزی سیاسی وڵات بێت. گەر ئەمە بەوجۆرە نەبێت ئەوا دەمووچاوە سیاسیە هەلەکان ئەو دۆزە دەقۆزنەوە و دەبن بە کەسایەتیە سیاسیە باوەکان.ئەمەش تەنگژە و ئاشووب بۆ کۆمەلگە لەگەلخۆیدێنێ بەڵام ئەو تەنگژە و ئاشووبە زۆرجار لەکاتی گرفتەکانا دەردەکەوێ. چونکە سیاسی دەبەنگ و بێ باک ئەو سیاسییانەن لەکاتی تەنگژە و ئاشووبەکانا ناتوانن بەجۆرێ ڕاستیۆنالانە ڕەفتارکەن.     

94. “”لەو شوێنەی ئاگایی ( هوشیاریی) بوونی نییە شۆڕشیش بوونی نابێت.””

گشت ئەوی قووتابیان لە دەمووەختی ئایاری 1968 دا ویستیان بیکەن و بیلێن ئامانج لێی گۆڕینی هەنووکەی خۆیانبوو ، ئەو هەنووکەیەی بێزارکەر و قێزەوەن بوو بۆیە ئایاری 1968 پرسیار بوو لەسەر ئایندە. ئەم پرسیارە و گۆڕینی هەنووکەکەش بێ بوونی هۆشیاری لەناو ئایاریەکانا ئەستەمبوو بێتەکایەوە. هۆشیاری ئەو تواناییە لە تاکەکانا دروستدەکات تێگەیشتنیان بۆ هەنووکە، بۆ دۆزی باو و زال هەبێت. هوشیاری تاکەکان ئاسۆ گۆڕە و سەرەتاێکە بۆ قلپکردنەوەی هەنووکە. بۆیە بۆ ئایاریەکان زێدە گرینگبوو هوشیاری لە کۆمەلگەدا سەروەربێت و پالنەری گشت چالاکیە کۆمەڵایەتیەکانیش بێت. شۆڕشیش کە چالاکیێ کۆمەڵایەتییە بە ئاگای تاکە جیاکانی کۆمەلگەوە گرێدراوە.
شۆڕش چرکەێ ئاگایئامێزە. تاکەکانی کۆمەلگە کە بڕیاری شۆڕش دەدەن لە ئاگاییەوە ئەمەدەکەن. شۆڕش کە ویستی بۆ ئاگای لە ئاٍستێ بەرزدایە پێکەوە ئەو چالاکیە ئەنجامدەدەن کە پێیدەووترێت سەرخابوون. سەرخابوون بێ شۆڕش نابێت ئەویش بێ ئاگایێ شۆڕشگێڕانە مەحالە بێتەدی. ئایاریەکان پێویستیان بەوەبووە کە جەغت لە ئاگای کۆمەڵایەتی بکەن و لەوشێوێنەش کە ئەم ئاگایە لەبەردەم مەترسی نەمان و پووکانەوەدایە سللەبەردەوامی شۆڕش بکەن.  بۆیە وایبۆدەچوون کە لەو شوێنەی ئاگای بوونی نییە شۆڕشیش بوونی نابێت.

95. “”هیوا تەنێ لە بێهیوایەوە دێتەسازدان.””

هیوا لەو شوێنانە، لەو کاتانەدا ، دێتەسازدان کە بێهیوای گشت کونوکەلەبەرێک پڕدەکاتەوە. بێهیوای سەرەتاێکە بۆ گەڕان بەدووی هیوادا. هیوا لەخۆڕا و بەجۆرێ ئۆتۆماتیکیانە ناێتەسازدان بەلکو بێهیوای پێویستە بۆ هێنانەسازدانی هێزێ کۆمەڵایەتی و سیاسی جۆراوجۆر بەکارببرێت تا ئەو بێهیوای ڕیشەکێشکرێ. بۆیە بەپێویستی دەزانین بلێین: ئایاری 1968 ی پاریس جۆرە ئیتیکێ یاخییانەی لەتەک خۆیاهێنا کە ئەم ئیتیکە تائێستاش لە کۆمەلگەی فەڕەنسی کاریگەرە و کاریخۆیشیدەکات. ئەم ئیتیکە کە خۆی لەسەر “نەخێر” دامەزراندبوو ئیشی ئەوەبوو “بەرپەچ”ی ئەوەبداتەوە کە لەتەک دۆزی کۆمەڵایەتی و ئەکادیمی و ئابووری قووتابیان و کرێکاران یەکینەگرتەوە. ئەو بێهیوایەی لە کۆمەلگە دا، لە دامەزراوەکانی دەولەتدا، جمەی دەهات پێویستی بە بنەبڕکردنبوو. بێهیوای ناشێ لە کۆمەلگەدا بەردەوام بێت. بێهیوای ئەو بێئاسۆییەیە کە پێویستە بە شتێ تر، بەپێچەوانەکەی بەلەجیاتیکرێت.
ئەو بێهیوایەی لە پێش ئایاری 1968 دەستیبە دەرکەوتنکردبوو گەلێ بوار و جێی لە کۆمەلگە بۆخۆی دۆزیبوەوە کە پێویستیدەکرد بە هیواخوازی بەلەجیاتیکرێ. ئەو هیواخوازیەش سەرچاوەی لەوەوەدەگرت کە، قووتابیان ویستیان ڕەووشتی باو کە بالی بەسەر نێوەندی ئەکادیمیدا کێشابوو و پەروەردە و زانستی کردبوو بە ئامراز بۆ باوکردنی کاتۆلیکیزم ڕەتکەنەوە و ئەو پەردەیە لە ڕووی ئەو جیهانە پان و بەرینە دامالن کە زانست و پەروەردە دەکارێ دروستیکات. ئەمان(واتە قوتابیان) کە بەجۆرێ زۆر سەرسەختانە دەستیانەدابووە یاخیبوونەکانیان سەغلەتیێ سیاسی گەورەیان بۆ ڕژێمی ئەودەمەی فەڕەنسا دروستکردبوو کە لەگشت ڕووێکەوە لەو بێهیواییە بەرپرسیاربوو کە قووتابیان و لاوانی وڵات دووچارببوونەوە.

96.””مەدەنیەت ئەو دەمە دادەکەوێت کە شەقامەکان لەیەک دادەبڕین و دەستبە بەرد توڕهەلدان دەکەین.””

ئێمە پیێمانوایە ئایاریەکان بەهۆی ئەم دروشمەوە دەیانەوێت ئەوەش بە پاریسیەکان ، بە کۆمەلگەی فەڕەنسی ، بلێن کاتێ نادادپەروەری وڵات هەراساندەکات مەدەنیەت درۆێکی گەورەیە. ئەو مەدەنیەتەی لەژێرسایەی گەندەلی سیاسی و ڕەووشتی دا نەشونمادەکات پێویستە ئەتکرێت و ناوەڕۆکە درۆیاویەکەی نیشاندرێت. مەدەنیەتی درۆئامێز تەمەن کورت و ناکاریگەرە چونکە هیچنەگۆڕ و بێئاسۆیە. بۆ لەباربردنی ئەو مەدەنیەتە ساختەیە دەسەڵاتی سیاسی بانگەشەی بۆدەکات پێویستە هەموان بێینە سەر جادەکان و دەستکەنە بەردتوڕهەلدان. مەدەنیەتی ڕاستەقینە پێویستە یارمەتیبدرێ و کارێ زۆریشی بۆکرێت. تاکەکانی کۆمەلگەی مەدەنی ڕاستەقینە پێویستیان بەهاتنەسەر جادە نییە و پێویستیشان بەوە نییە ڕووخسارە جوانەکانی شار بڕمێنن. با لێرە ئەوەش بێژین کە، زۆربەی ئەوانەی شیکردنەوەیان بۆ یاخیبوونی ئایاری 68 فەڕەنسی کردووە دان بەو ڕاستییەدا دێنن کە قەیرانی ئابووری ئەو دەمەی فەڕەنسا ماناێ زۆری بۆ سەرهەلدانی ئەو باخیبوونە دیبوو. ئەو قەیرانە ئابوورییە کە نادادپەروەریێ کۆمەلایەتی گەورەی لە کۆمەلگەی ئەودەمەی فەڕەنسی دروستکردبوو ببووە بناغە بۆ ڕوودانی ئایاری 68 فەڕەنسی و یەکگرتنەوەی قووتابیانی زانکۆکانی فەڕەنسا لەگەل چینی کرێکاران و بێگانەکان. ئەو یاخیبوونە کە هەلوێستەببوو لەسەر بێدادیەکان ئاماژەێکیش ببوو لەسەر نەبوونی مەدەنیەت هەروەها پێویستی بۆ تێکشکانی ئەو پایانەی ئەو مەدەنیەتە درۆیەی ڕاگرتبوو. چونکە مەدەنیەت لەبنڕا نەبووە و گەر هەشبایە پێویستینەدەکرد ڕوخساری شار ، کە مندالدانی مەدەنیەتە، تێکدرێت. 

97. “”پرۆلیتاریا ئەو کەسەیە شتێ ئەوتۆی نییە بیلێت کە چۆنچۆنی ژیانی دواتر بەکارببرێت.””

پرۆلیتاریا یان کرێکار ئەو کەسە بوو کە بڕبڕەی بزووتنەوەکانی ئایاری 1968 بوو. لەلاێ لەبەرئەوەی ژمارەێ گەورە لە بەشداربووان لە خۆپیشاندانەکانی پێکدەهێنا و لەلاێتریش لەبەرئەوەی باری پرۆلیتاریا لە کارگەکانا نالەبار و بێئاسۆ بوو. ئەلبەتە لەبەرئەوەش کە بەشە هەرە گەورەکەی قووتابیە خۆپیشاندەرەکان لە چەپەکان بریتیبوون بۆیە ئەمەوایکردبوو چەپەکان لە مانگرتنەکانیانا، لە هوتاف و وتارەکانیانا، دۆزی کرێکارانی وڵات لەبیرنەکەن و بەبەشە گەورەکەی خەباتی خۆیانی بزانن.
لەڕێگای ئەو دروشمەی لایسەرەوەش ئایاریەکان دەیانەوێ گومان لەوەبکەن کە کرێکاران شتێ دیاریکراویان بۆ ووتن لەسەر ئایندە پیێنییە. ناڕوونی ئایندەی کرێکاران لە کارگەکانا و نەبوونی زەمانێک لەسەر چۆنیەتی بەکاربردن و خستنەگەڕی ژیانی ئایندە بێئاسۆی و بێهیوایێ گەورەی لەناو خۆپیشاندەرانا بە کرێکار و غەیرە کرێکارەوە دروستکردبوو بۆیە بزووتنەوەی ئایاری 1968 دەیویست مانا بە ژیانی دواتری کرێکاران بدرێ و شوێنیان نەک هەر کارگەکانیانا ، لە شوێنی کارەکانیانا، دەستنیشانکرێت بەلکو شوێنی کرێکاران لە کۆمەلگەی فەڕەنسیش گۆڕانی بێتەسەر و دۆزێ ئەوتۆ بۆ کرێکاران لەناو ژیانی فەڕەنسا دروستکرێ کە چینی کرێکار شتێ ئەوتۆی هەبێت لەسەر باری کار و ژیانی بتوانێت بیلێت. واتە دروشمەکە نایەوێ هەلوەستەکردنی خۆپیشاندەران تەنیا لەئاست بەرزکردنەوەی مووچەی کرێکاران و هەندێ ڕۆتیناتی ئیداری و ئابووریەوە بێت بەلکو ئەو گۆڕان و چاکسازیانەی دواتر دەکرێن پێویستە بەجۆرێ ڕیشەی ژیانی کرێکاران بگۆڕێت کە کرێکاران تێگەیشتنیان لەسەر ژیانی ئایندەی خۆیان بە چاکی هەبێت. واتە کرێکاران شتێکیان بۆ ووتن لەسەر ئەو ئایندەیەی دوای مانگرتنەکان بەڕێوەیە هەبێت. ئەمەو ئێمە پێیشمانوایە کە بابەتی ئایندە لە خۆپیشاندان و شۆڕش دا پێویستە ئەو شتە بێت کە شایانی گشت قووربانیێک بێت ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی کارێواکرێت کە ئایندە لە ئێستا نەکات، لەو وەختە نەکات شۆڕشەکەی تیاکراوە.   

98. “”تووڕەییەکان بەتالکەرەوە! “”

تووڕەبوونی ئایاریەکان لە دامەزراوە زەبریەکانی دەولەت و دامەزراوە پەروەردەی و کۆمەڵایەتیەکان ،جا ئەوە زانگۆ و قووتابخانەکان بێت یان خێزان، ئەلبەتە لەو دامەزراوانەش کە بەناوی کرێکارانەوە قسەیاندەکرد ، جا ئەوە سەندیکاکان بێت یان پارتە سیاسیەکان، بەرەو ئەو ئاڕاستەیەی بردبوون کە تەنێ پشت بە خۆیان ببەستن و ، بەو هێزە سیاسی و ئیدیۆلۆژیانە تێکەلنەبن بزووتنەوە قووتابیانەی و کرێکارانەییەکەیان دادەمرکێنێتەوە.
شەقامیش ئەو کات شوێنێ بوو بۆ خۆدامرکانەوە و بەتالکردنەوەی تووڕەییەکان. تووڕەییەکان کە گەیشتبوونە لوتکە پێویستیان بە تالکردنەوە بوو. بیرماننەچێت ئەو دەمەی ئایاری 1968 لەسەر جادەکانی پاریس لەدایکبوو بیست سالێک بەسەر جەنگی جیهانی دوودا تێپەڕیبوو ئەو جەنگەی برینێ زۆری لەناخی کەسوکاری خۆپیشاندەرانا دروستکردبوو بۆیە خۆپیشاندەران لە ڕژێمەسیاسیەکانی ئەورووپا و ئەو دامودەزگا نەرێتیانەش ئەو ڕژێمانەیان سەرپەرشتیدەکرد بەتۆلەبوون. بۆیە ڕۆژئاوا دەمێبوو نەوەێکی تووڕەی هەبوو، نەوەێک پێویستی بەخۆبەتالکردنەوەبوو. ئایاری 1968 یش ئەو شوێنەی بۆ خۆبەتالکردنەوە مسۆگەرکرد. شەقامەکانی پاریس بۆ بەرد توڕهەلدان و هوتاف چڕین ، دیوارەکانی ئەم شارە بۆ پەیڤ داتاشین و ڕووبەڕووبونەوە لەتەک دەسەڵات ڕووبەڕێکیان بۆ خۆبەتالکردن شیاوکرد. 

99.””لە مرۆڤێک پۆلیس و چی و چی دروستدەکرێت- بۆ لە مرۆڤێک مرۆڤ دروستنەکرێت؟””

بەوەدەچێت ئایاریەکان لەڕێگای ئەم پۆستەرەوە بیانەوێت جەغت لە مرۆڤ بکەن، لەو شتەی ، لەو کەسەی، نەبۆتە بابەتی تێڕامانی دەسەلاتی سیاسی وڵات و دامەزراوە کۆمەڵایەتی و غەیرە کۆمەڵایەتیەکانی. هەروەها لە ناواخنی ئەم پۆستەرەی ئایاریەکانا ئەوەش بەدیدەکرێت کە پۆلیس شتێ ناپێویست و کردەێ نابەجێیە. ئەمەو ئەم دروشمە ئەو پرسیارەش دروستدەکات کە پێویستی بۆ مرۆڤە زۆرترە تا پۆلیس. بۆیە کاتی ئەوەهاتووە کۆمەلگە کارلەسەر بەرهەمهێنانی مرۆڤ بکات تا پۆلیس.
پۆلیس لە کاتی ڕووداوەکانی ئایارا زۆرترین بەدییان نواند و خۆیان وەک داردەستەی دەسەڵاتی سیاسی و دژەگەل نیشاندا. ئەو زەبرەی دەزگای پۆلیسیش پیادەیکرد بووە هۆکاریئەوەی کرێکاران و قووتابیان تووندیێ زۆر لە شەقامەکانا دژ بە پۆلیس و دامەزراوەکانی وڵات پراکتیزەکەن.

 100. “”لێگەڕێن با لە ئێستا دا بژین- لە ئێستا و بەس .””

دەکرێ بووترێ کە شۆڕشی قووتابیانی ئایاری 1968 ی پاریس کۆششێ بوو بۆ گەڕان بەدوی ئاسۆیێ تر، ئاسۆیێکی نوێ. ئاسۆێک کە بکارێ دۆزێ تر بۆ قوتابیان و کرێکاران دابینکات. مانگرتەکان کە پتر لە 11 ملیۆنی خستە سەر جادەکان و کاریگەری لەسەر سەرجەم ئابووری وڵاتی فەڕەنسا دانا و کارێ ئەوتۆشیکرد کە زۆربەی کەرتە سەرەکیەکانی بەرهەمهێنان لەکاربکەون و ئابووری فەڕەنساش بێڕادە سست و ناکاریگەر بێت بۆ ئایاریەکان مانگرتنەکان پێویست و چێژداربوو بۆیە داوایان لەیەکدی دەکرد ئەو چرکە پێویست و بەچێژانەی خۆیان بژین کە لەسەر جادەکانا شیاوی وەدەستهێنانیان لەئارادایە. هەروەها لە ئێستاژیانی ئایاریەکان تێگەیشتنیشیانە لە باری سەرشەقام و لاوازی ەسەڵاتی سیاسی بەرامبەر بەو دۆزەی تێیکەوتووە. ئەوکات ئێستای ئایاریەکان پڕببوو لە هیوا و تائەوپەڕیش چالاک و کاریگەرببوو. ئێستا کە هەموان تیایا لەسەر ویستەکانیان کۆکبن و ئارەزووی گۆڕینی گشت ئەوی هەیە بکەن ئێستاێ بە سوودە و پێویستە بە ئێستای گشت لەقەلەمدرێت. 

ئێمە لایسەرەوە گولبژێرێکمان کرد و تیایا چەند (100) گرافیتی (نووسراوی سەر دیوار ) و پۆستەر(ئەفیش) ە وشە و دروشمێکی ئایاریستەکانمان بەپێی تێگەیشتنی خۆمان ڕاڤەکرد و وەلێ گەلێ گرافیتی و پۆستەرە وشە و دروشمی تر هەن کە لایسەرەوە ڕاڤەنەکران و لایخوارەوە وەکخۆیان وەریدەگێڕینە سەر زمانی کوردی و داوادەکەین خوێنەر بەخۆی ڕامانیان لەبارەوە بکات. ئەلبەتە چ ئەوی سەرەوە (واتە 100 دانەکە) و چش ئەوی لایخوارەوە پۆلکراوە تائەندازەێک زۆرترین گرافیتی (نووسراوی سەر دیوار ) و پۆستەر(ئەفیش) ە وشە و دروشم پێکدێنێت کە ئایاریستەکان بەکاریانهێناوە.
 هەروەها ئەم بەشەی نووسینەکەمان کە بە ئاماژەکانی دروشمەکانی ئایاری 1968 ی پاریسەوە تایبەت بوو لێرە کۆتای دێ و لە نووسینەکانی دواترمانا لە ڕووی دی و لەسەر ئاستی دی دێینەوەسەر بزووتنەوەی ئایاری 1968ی پاریس و ئاقاری تر بە شیکردنەوەکەمان سەبارەت بە ڕووداوەکانی بزووتنەوەی ناوبراو دەدەین.
وەک دەرهاویشتەێکیش بۆئەوەی لایسەرەوە کارمانلەسەر کرد دەمانەوێ بلێین کە بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس خاوەنی دروشمی خۆی بوو و ، دونیاێک گرافیتی (نووسراوی سەر دیوار ) و پۆستەر(ئەفیش) ە وشە و ئەفۆریزم (پەند) کە لێرە و لەوێ لە شارا هەلواسرابوو بەری هزری ئەو بزووتنەوە قوتابیانە و کرێکاریانەیە بوو کە ئامانجی وروژاندنی خۆپیشاندەران و ڕەخنەکردنی دەسەڵات و ڕەتکردنەوەی نەرێتی پەروەردەی باو بوو.
بەشێ لە گرافیتی (نووسراوی سەر دیوار ) و پۆستەر(ئەفیش) ە وشە و ئەفۆریزم (پەند) و دروشمەکانی ئایاریستەکان کە لە لاپەڕەکانی لایسەرەوە ڕۆشنایمان نەخستەسەر و ئەرکی ڕاڤەکردنیمان نەخستە ئەستۆیخۆمان بریتیدەبن لەمانەی لایخوارەوە، کە وەک خۆیان بەردەستی خوێنەری دەخەین تا تێڕامانی خۆی لەبارەوە بکات :
مرۆڤ پێویستە بۆ شۆڕشێک قووربانی بدات کە وەک باوکێکی ڕاستەقینەبێت، سۆسیالیزم بەبێ ئازادی وەک ئەوەوایە کە خزمەتی سەربازی بکەیت ، دەنگدان دژ بە سەرمایەداری بەس نییە، گشت دەسەڵاتێ دەستدرێژییە و دەسەڵاتی ڕەها ڕەهاترین دەستدرێژییە، مامۆستایان ئێوە ئێمە پیردەکەن، شەقام هی خۆمانە، تەنیا ڕاستی شۆڕشگێڕانەیە، بینینی گشت ئەو شتانەی کە نامۆنین مزەوەرن (کۆپلە شیعرێکی ڤالێریە)، شۆڕشگێڕ پەتێ سەماکەرە، گەر ئێوە بیرکەنەوە لەوانیتر ئەوانیتریش لە ئێوە بیردەکەنەوە، کاتێ مەجلیسی نیشتیمانی دەبێت بە شانۆیێ بۆرژوازی پێویستە گشت شانۆ بۆرژوازیەکان ببن بە مەجلیسی نیشتیمانی، فریشتەی وێرانکردن منم (لە پۆستەرەکەدا قەشەێک سەری کەسێ پاندەکاتەوە)، شۆڕش شتێ ناباوەڕئامێزانەیە چونکە ڕاستە، ئێمە نامانەوێت لەلایەن پارتی گەورەی چینی کرێکارانەوە هەلبژێردرێن (لێرە ڕەخنەی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی دەکرێت)، کۆمەلگە گولێکی گۆشتاوییە، گشت بیرێ هەلوەشێننەوە – بەردەکانی سەرجادە بەسەر ڕووتەوەن، با بۆلەمەودوا لەتەک کلیسەکانا ووریابین، نیکسۆن… زبلخانەی مێژوو چاوەڕێتدەکات (لە ئەفیشەکەدا سەری سەلەی زبلدانێ بەرزکراوەتەوە و نیکسۆن هەنگاو بەرەو ناو سەلەی زبلدانەکە دەنێ) ، خۆشمدەوێیت شۆڕش، ژیان لە شوێنێکی ترە، ئەی کرێکار تۆ تەمەنت 25 سالە بەڵام سەندیکاکەت هی سەدەی پێشووە، ئارەزووی ڕیالیتێ بکەن …ئەمە باشە – ڕیالیزەی ئارەزووەکانتان بکەن ئەوە چاترە، خۆتان تووڕەکەن، من گەڕامەوە- من بینیم – من باوەڕم وابوو، کردە پەرچەکرداری نییە بەلکو خولقانە، شۆڕشی کرێکاری کردەێ ڕوناکبیری باڵایە، سوێربن شیرینمەبن!، بەرزبوونەوەی نرخ چەوسانەوەی هێزی کڕینتانە، گەر شوڕتەێکت ڕێکەوتکرد قەپۆزی بشکێنە، مێتۆد لە شێتیەکەیانا هەیە (ووتەێکی هاملێتە)! ، هەمووی دادایە(لێرە مەبەست دادایزمە) ، چەپێکی پێشمێژوویمان هەیە، ڕێکەوت بدۆزنەوە، دەنگدان هیچشێتک ناگۆڕێت بۆیە ململانێ بەردەوامە، لێخورە هاوڕێ پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی وا لە دواتەوە (ئەمە ڕەخنەیە لە پارتی ناوبراو) ، مامۆستاکان ئێوە کۆن بوونە (دەکرێ بشووترێ پیر بوونە) ، خودایە من گومانتلێدەکەم کە ڕوناکبیرێکی چەپ بیت،  ئەمە تەنیا سەرەتایە، ئابووری بریندارە – دەمرێت! ، بژی بەبێ کاتێک بۆ مەرگ – چێژ وەرگرە بەبێ سنوور ، بەمزووانە وێران دەبێت (ئەم دروشمە لەو دەمەدا لەسەر دیواری مەعهەدی نانتێر نووسرابوو)، کێ قسە لە ئەوین بکات ئەوین دەڕوخێنێت، جا گەر سۆربۆن بسووتێنین؟، ئامانج لە ژیانی من چییە؟ گەر شەرم لەخۆم نەکەم (ووتەێکی نیچەیە)، شۆڕش موبادەرەیە،  داکۆکیکردن لە هێزی کڕینتان، هەرگیز کارمەکە، خاوەنکار پێویستی بە تۆ یە … تۆ پێویستت بەو نییە(لە پۆستەرەکە بە وێنەوە ئەمە بە خاوەنکار دەوترێت)، چارەسەری ڕاستەوخۆ ، گفتووگۆ دژەشۆڕشە (لێرە پێدەچێت ئایاریەکان بیانەوێت سەرنجبخەنە سەر کردار نەک شتێتر)، سیاسەت وا لە شەقام ڕوودەدات، ئێمە داوای هیچ ناکەین – ئێمە دەیبەین و دەستیبەسەر دا دەگرین، کۆمەلگەی چینایەتی هەلوەشێنەوە!، شۆڕش بە جدی وەرگرن بەڵام ئێمە بە جدی وەرمەگرن، ڕیفۆرم یەکسانە بە کلۆرۆفۆرم (کلۆرۆفۆرم گیراوێکە کە بۆ بێهۆشکردن بەکاردەبرێت) ، یاساغە پەڕینەوە ، مافی ژیان نەک سوالکردنی، نە ڕۆبۆتین و نەش کۆیلە، تەماشای خۆتکە: ئێمە چاوەڕوانتین،  بەختەوەریتیان کڕیوە- بیدزەرەوە، پۆلیس = س و س ، ئاین دوا قۆلبڕینە گەورەکەیە، کاتێ پەنجە بۆ مانگ ڕادەکێشرێت گەوج تەماشای پەنجەکە دەکات (گوزارەیێکی چینی کۆنە)، تەنانەت گەر یەزدان هەشبایە دەکرا لابرێت، ئەوینداری بکە و بکەرەوە، کۆتای بە زانگۆ  بێنە، بۆ لەمەولا پێویستە ووریابین، شۆڕش پێویستە لە مرۆڤەکانا بکرێت پێشئەوەی لە شتەکانا بکرێت، چەپێکی پێش مێژوویمان هەیە، مامۆستاکانتان بخۆن، ئەوین لەتەک یەکا بکەن، خواحافیز دی گۆل،  بەختەوەری لە فاکولتێتی زانستە مرۆییەکان واتایێ تازەیە ، بدزە ، شمەکەکان دەسووتێنین، دیوارەکان گوێیان هەیە- گوێیەکانتان دیوارن،  ئەوانەی شۆڕش نیوبەنیودەکەن گۆڕی خۆیان هەلدەکەنن، نامەوێ خزمەتی کەسکەم هەرکەسە و خزمەتی خۆیدەکات، هەرئێستا بژی! ، دەولەمەندبوون هەروەک ئەوەوایە کە بە هەژاریی قایلبیت ، ئەوینداری بکە نەک جەنگ، سنوورەکان- بەلامەوە گرینگ نیین، پێشکەوتوو ئەو کەسەیە کە بەردێک هەلدەدات و ئاژاوەگێڕیش ئەو کەسەیە کە ئەو بەردە دوور هەلدەدا و بەدیقەتیشەوە هەلیدەدا ، ئاگای ڕێگاێ درێژتری هەیە لە دل بەڵام دوور ناڕوات (گوزارەیێکی چینی کۆنە)، بژی بونۆ! (بونۆ گروپێکی ئەنارشیستیبوون کە لە سالی 1911 لە فەڕەنسا و بەلژیکا دامەزرا) ، پێشنیار سۆز کوژە، ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر ناخۆشمبردۆتەسەر بۆیە ئەوەی کە بەیانی چێژ وەردەگرم ئەوە هەرگیز سەبووریمناداتەوە، نەبوونی وێناکردن بەمانای وێنانەکردنی نەبوونیەوە ناێت، مەرگ بەپێیپێویست دژەشۆڕشە، داواکانتان سەربەستکەن، دوای ئارەزووەکانت بکەوە، شەڕیچەکداری ناو شار، پۆلیس = بێ وەزیفەیە (بێ فونکشنە) ، کولتوور ڕەنگدانەوەی ژیانە، با بەس بێت تووندوتیژی،  گۆڕستان (ئەم وتەیە بەگەورەی ئەوکات لەسەر دیواری مەعهەدی نانتێر نووسرابوو )، ئەوانەی کاردەکەن بێتاقەتن کە کاتێ کارناکەن بەڵام ئەوانەی هەرگیز کارناکەن هەرگیز بێتاقەتنابن ، یەکیەتی کارگەکان و زانگۆکان، سەرمایە (لە پۆستەرەکەدا بە چەکوش سەری وشەی سەرمایەکە پانکراوەتەوە)، پێکەوە بیرناکەینەوە بەلکو پێکەوە دەیکەین (لێرە خۆپیشاندەران گرینگی بە کردار دەدەن نەک بیرکردنەوە) ، لە شوڕشدا دوو جۆرە کەس هەن – ئەوانەی شتێ دەکەن و ئەوانەش کە بەکاردەبەن ( ووتنێکی ناپلیۆنە) ، ئەو شتەی بەدەست پارت و سەندیکاکانەوە دەمێنێتەوە چییە؟ هیچشتێک ، ڕۆتینە کۆنەکان ببڕە!، 68 سەرەتای ململانێیێ درێژخایەنە، لێرەدا ئێمە عەفویین (واتە سپونتان)، بوون بە شۆڕشگێڕ قەلسمناکات، بژی دەسەڵاتی مەجالیسی کرێکاری بەسەر هەموو بوارەکانی ژیانا، ڕاگەیاندن ئازادە (لەسەر پۆستەرەکە وێنەی چەند ڕۆژنامەێکی بەسەرەوەیە کە وێنەی پۆلیسێک بە کوتەکەوە دایپۆشیوە)، ئێوە لە بەکارهێنەرەکانن یان لە بەشداربووەکان؟،  نەخێر بۆ بیرۆکراسیەت، ئازادبوون لە 1968 واتە بەشداربوون،  مەرگ هاوارکە ژیان هاواردەکەیت، بەس بۆ دیپۆرتکردنی هاورێ بێگانەکانمان، لەگەلئەوەشدا هەست بە پەشیمانی ناکەین، نۆبەی ئێمەیە بۆ قسەکردن، پۆلیس هێرشی کردۆتەسەر زانگۆ، هیچگەرای پێویستە لەتەک خۆیدا دەستپێکات، بۆلەمەولا مەلێ : بەسیڤیلکراو . بلێ : بەنەزۆککراو،  ناتوانم بنووسم بەڵام حەزدەکەم جوان بلێم …نازانم، بانگەوازی حالەتێ لە بەختیاری بەردەوام دەکەم، کۆتای زانگۆ، مەعاشەکان سووکن و زڕیپۆشەکانیش قوورسن (وێنەی زڕیپۆشێک بەسەر ئەفیشەکەوەیە)، هەندێ شتم هەیە دەمەوێ بیانلێم بەڵام نازانم چیین، یەکێتی کرێکارانی فەڕەنسی و بێگانە (وەلی لە پۆستەرەکە وادیارە کە کەسێ لەشێوەی خاوەنکار لێکیاندەکاتەوە)، یاساغە دابڕین، شتێ باشە ئارەزووکردنی واقیعیەت بەڵام چاتر ئەوەیە کە هیواکان بهێنرێنەدی، تەسەوریئەوەبکە کە دەسەڵات وەردەگریت، خۆبردنەڕێوەی ژیانی ڕۆژانە، هیوا: بێهیوامەبن.پتر فشاریبکەسەر (ووتنێکی شاعیری بەلژیکی- فەڕەنسی هینری میشۆیە) ، یاساغە یاساغی: ئازادیش لەمیانەی یاساغیکردن و ڕوخاندنی سەربەستی ئەویترەوە دەستپێدەکات، بابڕووخێ پووختە و بابژی ئەوشتەی زوو لەناودەچێت – بابژی لاوە مارکسیە ڕەشبینەکان و یانەی کرێکارانی نێونەتەوەی، من – تۆ- ئەو- ئێمە- ئێوە و ئەوان بەشداریدەکەین، سنوورەکان ناڕەحەتمان ناکەن، بەپەرچەکرداربوون واتە پەسەندکردنی ڕیفۆرم و ڕێگادان بە گەشەکردنی بەبێوێرانکردن، پێویستە سێستەمەتیکیانە فورسەت بدۆزرێتەوە، لێرە ئێمە عەفوین، مرۆڤایەتی بەختەوەرنابێت تا دوا سەرمایەداری بە ڕیخۆلەی دوا چەپ هەلنەواسرێت، پێویستمان بە کاوسێکە (بێتەرتیبی) تا ئەستێرەێکی سەماکار بخولقێنین(ووتنێکی نیچەیە)، مرۆڤایەتی بەختەوەرنابێت تا دوا سەرمایەداری بە ڕیخۆلەی دوا بیرۆکراتی هەلنەواسرێت، تەماشای گوێیەکانت بکە دیواریان هەیە، ئەوانەی قسە لە شۆڕش و ململانێی چینایەتی دەکەن بەبێ قسەکردن لەسەر ژیانی ڕۆژانە قسە لەتەک جەستەێ مردوودا دەکەن کە والە دەمیاندا، تەمەلی دژەشۆڕشە، سۆڕبۆن بۆ قووتابیانە، بابژیت کۆمۆنە!، پێشتر حەشیشەمان هەبوو ئێستا بەردی سەرجادەکان، ئێوە دەولەتن، ئێمە دەمانەوێت بەشەڕبێین! ، ئەو شتەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەئێستادا دەیکات چییە؟ هەموو شتێک،  دیالۆگ لەتەک دەولەتی پۆلیسیدا نییە، بەلێ کارگەکان داگیرکراون، سینەما کودەتا دەکات، پۆلیس هەموو شەوێک تا کاتژمێری 20.00 قسەتان بۆدەکات، ئەوە “ئەوە” کە پەچەی کەرنەفالە، ئێمە هەموو ناشایستەین، ووریابە!، مێدیا هەرسنابێت ، مەسیح شۆڕشگێڕێکی تەنیایە، مەرگ بۆ ڕیالیزمی سۆسیالیست . بژیت سوریالیزم، سیخورێکی مەدەنی(وێنەی قەلەڕەشکەێک بەسەر پۆستەرەکەوەیە) ،مەرگ بۆ ڕادەی بەرهەمهێنانی ئەهریمەنی، پەروەردەکار پێویستە خۆی پەروەردەکات، بەلێ بۆ ڕەفاهیەت و نەخێر بۆ کۆیلایەتی، بڕووخێ دەولەت، بۆرژوازی خۆشیەکەی لەوەدایە کە زۆربە بندەستکات، کە زۆر بەکاردەبەن کەمتر دەژین، زانیاری ئازادە (لەسەر پۆستەرەکە وێنەی کەسێ دیارە کە بێدەنگ دەکرێت)، زێدەڕۆی سەرەتای داهێنانە، پەلاماردەر ئەو کەسە نییە کە یاخیە بەلکو ئەو کەسەیە کە چەوسێنەرە ، لاوان خۆشەویستی دەکەن و پیرەکانیش حەرەکاتی بێشەرمانە دەکەن، پێکدادان باوکی گشت شتێکە، گەڕانەوە بۆ نۆڕمال، هەڤالەکانمان ئازادکەن،  هاوڕێییان گەر هەموو کەس وەک ئێمەی بکردبایە….، چەکی ڕەخنە لەڕێگای ڕەخنەی چەکەوە تێدەپەڕێت، ئازادی ئەو تاوانەیە کە گشت تاوانەکانی دی لەخۆدەگرێت – ئەمەشە چەکی ڕەهای ئێمە، لێرەوە خستنەژێرپرسیار بووە بە یاری بۆیە لێمانگەڕێن با لەبڕیئەوە یاری بخەینەژێرپرسیارەوە، ئاگاداربە: ئوسولیەکان ڕەنگە بەرگی سۆسیالی بپۆشن، بەختەوەری بیرێ تازەیە، خۆشەویستەکەت ماچکە بێئەوەی چەکەکەت دانێیت،  ئازادی مافە لە بێدەنگیدا، کۆنسەرفەتفیزم هاوشانی داکەوتن و چەپەلییە، گومانکاری دژەبزووتنەوەیە- گشت ئەوی لە دینامیکیەتەوە دێت عەفەوییە، بڕوخێ کۆمەلگەی نمایش بەشمەککراو، ئێمەین قوودرەت (لەسەر پۆستەرەکە وێنەی ڕیزێ کرێکاران هەیە)، خەون بەوەوە دەبینم ببم بە بەختەوەرێ گەمژە، پێشئەوەی بنووسیت خۆت فێرکە بیربکەرەوە…….

سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1.فلیمی دەکومێنتێری، فۆتۆئەلبووم یان فوتۆڕۆژنامەوانی، ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی، سەرووتاری نووسەران ، لێدوان لەتەک هەواداران و ڕابەرانی ڕووداوی ئایاری 1968 ی پاریس، ئەمەو تادەگاتە کتێب و توێژینەوەکان بۆ ئێمە بوونە بە سەرچاوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو گرافیتی (نووسراوی سەر دیوار ) و پۆستەر(ئەفیش) ە وشە و ئەفۆریزم (پەند) و دروشمانەی ئایاریستەکان بەکاریانهێناوە. بۆ ئەو مەبەستەش لایخوارەوە سەرەتا ئاماژە بە کتێبەکان دەکەین و پاشان دێینە سەر مالپەڕ و دێڤێدێکان:

Gérard Guégan. Mai 68 à l’usage des moins de 20 ans. Textes choisis et présentés par Gérard Guégan. Préface de Jean-Franklin Narodetzki، Babel، série Révolutions، n° 323، 1998.
لە لاپەڕەکانی 31 بۆ 130 لەم سەرچاوەیەی لایسەرەوەدا(ئایاری 68 لە بەکاربردنی کەمتر لە 20 سال) کە ژێرار گیێگان تێکستەکانی کۆکردۆتەوە و ژان- فرانکلین نارۆدێتسکی پێشەکی بۆ نووسیوە ، گەلێ لەو گرافیتی (نووسراوی سەر دیوار ) و دروشمانەی تیابەدیدەکرێت کە ئێمە لایسەرەوە ڕاڤەمانکردووە.

Interdit d’interdire.  Les murs de mai 68، par les Enragés anonymes (introduction de Michel Lévy)، L’Esprit frappeur، n° 16، 1998.

Julien Besançon. Les murs ont la parole.Tchou، 1968.

لەو کتێبەی بێزانسۆن دا (دیوارەکان قسەیان هەیە) کە پاش ڕووداوەکانی ئایاری 1968 ی پاریس نووسراوە زۆربەی گرافیتی (نووسراوی سەر دیوار ) و پۆستەر(ئەفیش) ە وشە و ئەفۆریزم (پەند) و دروشمانەی تیادەستدەکەوێت کە ئایاریستەکان بەکاریانهێناوە و ، ئەلبەتە لەگەل ناوهێنانی شوێن و ناوچەی بەکاربردنەکانیش ، بۆنموونە زانکۆی سۆربۆن ، مەعهەدی نانتیێر و ناوی گەڕەک و جادەکانی پاریسیش کە ڕووداوەکانی ئایاری تیالەدایکبووە .

Sous les pavés la plage. Mai 68 vue par Gilles Caron.Textes de Jean-François Bizot، Daniel Cohn-Bendit، Jean Daniel، Raymond Depardon، Michel Jobert، Bernard Kouchner، Philippe Labro، Jacques Lanzmann، Louis Malle، Gérard Manset، Marie-France Pisier، Paco Rabanne، Françoise Sagan، Alain Touraine، Michel Tournier، Anne Wiazemsky، présenté par François et Max Armanet، Yves Bigot et Contact Press Images. Editions La Sirène.1993.
ئەم بەرهەمە یەکێکە لە بەرهەمە بەدەگمەنەکانی فۆتۆڕۆژنامەوان و فوتۆگرافی فەڕەنسی ژیل کارون(1970-1939) لەسەر ڕووداوەکانی ئایاری 1968 ی پاریس و بێئەندازە مانادارە بۆئەوانەی بیانەوێت لە ڕۆلی فوتۆ لە ڕووداوەکانا حالیبن. ئەمەو بەرهەمی ناوبراو تێکستی چەند ڕۆژنامەوان و سیاسەتکار و نووسەریش لەخۆ دەگرێت و سەرچاوەێ دیاریشە لە نێوەندی سیاسی و مێدیای فەڕەنسی لەبارەی ڕووداوەکانی مانگی ئایاری 1968 ی پاریس. هەندێ لەو ناوانەی کە دیارن و مانایان بۆ ڕووداوەکان هەبووە لەم کارەدا بەشدارن لەوانە: ڕۆژنامەوان ژان- فرانسوا بیزو، سیاسەتکار و یەکێ لە ڕابەرە هەرە دیارەکانی ئایاری 68 ی پاریس دانیێل کۆهن-بندیت، ڕۆژنامەوان ژان دانیێل کە یەکێبووە لە داکۆکیکەران لە سەربەستی ولاتی جەزائیر و خۆی لەوبارەوە دووچاری گەلێ کێشەکردوە، ڕایمۆند دۆپاردۆ – ئەو فوتۆڕۆژنامەوانەی گەلێ دیاردەی سیاسی و کۆمەڵایەتی گرینگی لەڕێگای وێنەوە بە جیهان نیشانداوە، برنار کۆشنەر کە یەکێکە لە ڕابەرەکانی ئایاری پاریس و دامەزرێنەری “پزیشکانی بێسنوور” ە و چەند جارێک وەزیری تەندروستی و دواجاریش لە حکومەتەکەی سارکۆزیدا وەزیری دەرەوە بووە، خانمە ڕۆماننووسی فەڕەنسی فڕانسوا ساگان، کۆمەلناس ئالێن تۆرین و …
 
Marc Rohan. Paris ’68. Impact، 1968.

Michel Piquemal. Paroles de mai، textes rassemblés par Michel Piquemal، préface de Jacques Le Glou. Photographies Gilles Caron et Jo Schnapp. Albin Michel، 1998.
لەم کتێبە (قسەکانی ئایار) کە میشێل پیگمال کۆیکردۆتەوە و ژاک لۆ گلو پێشەکی بۆنووسیوە جگەلە گرافیتی و پۆستەرە وشە و دروشم گەلێ وێنەی نایابی دەمووەختی ئایاری 1968 ی پاریسیشی تیابەردەستدەکەوێت. ئەلبەتە بەشێ لە وێنە نایابەکانی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 ی پاریس کە بە کامیرای فۆتۆڕۆژنامەوان و فوتۆگرافی فەڕەنسی ژیل کارون(1970-1939) گیراون لەگەل ئەم کتێبەدا چاپکراون.
Marie-Claire Lavabre et Henri Rey. Les mouvements de 1968. Casterman – Guinti، 1998.
Yves Pagès. Sorbonne 68 graffiti، préparé. Verticales، 1998.
Mark Kurlansky. 1968. The year that rocked the world. Random House. 2004.
Laurent Joffrin. Mai 68. Histoire des événements. Seuil، coll. Points Politique Po133، 1998.
Les barricades de mai. Présentation de Philippe Labro. Photographies de Jean-Pierre Bonnotte، Henri Bureau، Gilles Caron، Jean Lattès. Editions Solar.1968.
Walter Lewino. L’imagination au pouvoir.Losfeld، 1968.

هەندێ لە گرافیتی (نووسراوی سەر دیوار ) و پۆستەر(ئەفیش) ە وشە و دروشمەکانی ئایاریستەکانمان لەم سەرچاوەیەوە وەرگرتووە کە کۆکراوەێکە بۆ خوێنەرانی سودیدی زمان بە کەلکە:
Skrivet på väggarna i Paris، Maj 1968
http://www.polkagris.nu/?p=73
بەشێکی تری لێرە وەرگیراوە کە نووسەرێ بەلژیکی لە سایتێ تایبەت بە خۆی کۆیکردونەتەوە:
http://users.skynet.be/ddz/mai68/
ئەلبەتە ئێمەش وەک نووسەرە بەلژیکییەکەی لایسەرەوە سوودمان لەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە وەرگرتووە کە گەلێ لە گرافیتی (نووسراوی سەر دیوار ) و پۆستەر(ئەفیش) ە وشە و ئەفۆریزم (پەند) و دروشمانەی تیا بەرچاودەکەوێت کە ئایاریستەکان بەکاریانهێناوە بەڵام بەبێئەوەی شوێن و جێی بەکاربردنییان دیاریکرابێت:
May 1968 graffiti. Bureau of public secrets
http://www.cddc.vt.edu/bps/CF/graffiti.htm
سوودمان لەم دێڤێدێیانەی لایخوارەوەش وەرگرتووە:
William Klein. Grands soirs et petits matins، Mai 68 au Quartier Latin، un reportage d’époque. 2004.
Patrick Rotman. 68، un documentaire، par France 2 Éditions.2008.
Le cinéma de Mai 68، une histoire vol. 1، 600 minutes. Editions Montparnasse 2008.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.