Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
حزبه‌كانمان شه‌رمنن، یان نازانن سیاسه‌ت بكه‌ن؟!!

حزبه‌كانمان شه‌رمنن، یان نازانن سیاسه‌ت بكه‌ن؟!!

Closed
by June 20, 2011 گشتی

  زۆر به‌ لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا شۆڕنابینه‌وه‌و هه‌ر له‌ كاتوساتی دوای رووخانی دیكتاتۆره‌ سه‌رشێته‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین و له‌ چه‌ند دێڕێكدا شه‌رمنی، یان سیاسه‌تنه‌زانی حزبه‌ باڵاده‌سته‌كانمان شرۆڤه‌و شه‌نوكه‌و ده‌كه‌ین، به‌و ئومێده‌ی چیتر هێنده‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك پابه‌ندی بڕیاری حزبییانه‌ نه‌بین و ئه‌و سنووره‌ ته‌لبه‌ندكراوه‌ حزبایه‌تییه‌ ببه‌زێنین و واقیعیانه‌و لۆژیكیانه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی گه‌ش بهاوێژین، كه‌ دڵنیام ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم: نه‌ زێده‌ڕۆییه‌و نه‌ خه‌یاڵپڵاوییه‌و نه‌ ناسیۆنالیستییه‌كی توندڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی بۆنوبه‌رامه‌ی مافی مرۆڤ و سیاسه‌تی نێوده‌ڵه‌تییشه‌، به‌ڵكو دنیابینییه‌كی دیالێكتیكانه‌ی هاوچه‌رخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و یاخیبوونه‌ له‌ كۆتوبه‌ندی خێڵ و ناوچه‌گه‌رێتی، چونكه‌ پێموایه‌ ئه‌مه‌ی ئێستا له‌ باشووری كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت، خواستی تێكڕای كورد نییه‌، به‌ڵكو ته‌نها خواستی دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری باشووری كوردستانه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ هێشتا له‌ چاویلكه‌یه‌كی ته‌ڵخی حزبایه‌تییه‌وه‌ له‌ پرسی كورد ده‌ڕوانن و به‌رژه‌وه‌ندیی حزبه‌كانیان له‌سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌ی كوردو هه‌تا ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ییشه‌وه‌ داده‌نێن)، شه‌نوكه‌وكردنی ئه‌و شه‌رمنی، یان سیاسه‌ت نه‌زانینه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی خه‌مخۆریماندایه‌ بۆ ئایینده‌ی پرسی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی به‌ بۆچوون و باری سه‌رنجه‌كانمان ختووكه‌یان دێت، یان قه‌ڵس و نیگه‌ران ده‌بن، با به‌ نووسین وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا بێده‌نگی باشترین هه‌ڵوێسته‌ كه‌ ئه‌ویش نیشانه‌ی رازی بوونه‌. كه‌ ده‌ڵێم شه‌رمنی، یان سیاسه‌تنه‌زانی له‌و كڵاوڕۆژنه‌یه‌وه‌ سێره‌ نیگاو سه‌رنجم ده‌گرمه‌ دۆخێك كه‌ –زۆر به‌داخه‌وه‌- رۆژ له‌دوای رۆژ له‌به‌رچاوی دۆست و دوژمن و ده‌رودراوسێ، بچووك و بچووكتر ده‌كرێته‌وه‌و هێنده‌ به‌ په‌رۆش و تامه‌زرۆییه‌وه‌ هه‌وڵی زیاتر لكاندنی به‌ عێراقی عه‌ره‌بییه‌وه‌ ده‌درێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م كورده‌ له‌م باشووری كوردستانه‌دا، به‌ درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌م ده‌وڵه‌تی عێراقه‌ له‌وپه‌ڕی خۆشگوزه‌رانی و پێشكه‌وتندا بووبێت و له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستدا تاڵاوی مه‌رگی به‌ گه‌روودا نه‌كرابێت و كوردۆسایدو ره‌شه‌كوژی نه‌كرابێت. سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی پرس به‌ جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌ی بكات و گوێ له‌ خواست و پێشنیاری رووناكبیران و دڵسۆزانی كورد بگرێت، كه‌چی تا ئێستاش پێیوایه‌: (ده‌وڵه‌تی كوردی خه‌ونێكی شاعیرانه‌یه‌)‌و ئه‌گه‌ر له‌م دۆزه‌خی عێراقی عه‌ره‌بییه‌دا هه‌وڵی خۆ رزگاركردن بده‌ین، ئیدی كورد وته‌نی: (گورگ ده‌مانخوات!!)و ئاوه‌كی ده‌كه‌وین!!
  كاتێ باس له‌ شه‌رمنی، یان سیاسه‌تنه‌زانیش ده‌كه‌ین، پێویستیمان به‌ هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی زیندوو هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روێشه‌ ده‌ف به‌ده‌سته‌كانی ته‌كییه‌ی حزب، له‌ دژمان حاڵ نه‌یانگرێت و به‌ر شمشێرو خه‌نجه‌ری ئه‌فسووناوییان نه‌درێین. یه‌كێك له‌و به‌ڵگه‌ زیندووانه‌، نه‌بوونی بڕیارێكی تۆكمه‌ی نوێنه‌رانی به‌ حیساب كورده‌ له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانیش به‌ده‌ر له‌ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی حزبه‌كانیان به‌ولاوه‌، بۆیان نییه‌ هه‌نگاوێك ئه‌ولاتر بچن، له‌وه‌ی كه‌ له‌م گه‌مه‌ سیاسییه‌ قێزه‌ونه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا به‌ شیعه‌و سوننه‌وه‌ كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ كورد په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی گه‌مه‌ی (شه‌ڕی كات له‌گه‌ڵا كورد) كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌م شه‌ڕه‌دا كه‌ شه‌ڕی لۆژیك و هۆشه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی (كورد) زوو فریای خۆی نه‌كه‌وێت، ئه‌وا بێگومان بێ هه‌ڵهێنانی هیچ هه‌نگاوێك، ده‌بێ ئاڵای سپی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان به‌رز بكاته‌وه‌و چۆن هه‌میشه‌ داشی دامه‌ی ده‌ستی ده‌رودراوسێ و زڵهێزه‌ جیهانییه‌كان بووین، هه‌ر ده‌بێ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ دیار (دۆی رژاوی داده‌)ه‌وه‌ بگرین و بۆیشمان كۆ نه‌كرێته‌وه‌. پێویسته‌و ده‌بێ په‌رله‌مانتارانی (كورد!!) له‌ به‌غدا له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و شه‌ڕی كاته‌دا یه‌كده‌نگانه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و بۆ چاره‌سه‌ركردن و كۆتایی هێنان به‌و گه‌مه‌ قێزه‌ونه‌ی كه‌ هه‌ر ده‌ڵێی حیكایه‌تی مێشه‌یه‌و عه‌ره‌ب به‌ شیعه‌و سوننه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كوردی ده‌كه‌ن، بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌ولێرو كاتێكی دیاریكراوی بۆ دابنێن و هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوێست وه‌رگرتنێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌غدا بكه‌ن، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌ دیاریكراوه‌دا به‌غدا له‌ گه‌مه‌ی (ده‌ستوورو خۆ گنخاندن له‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زه‌ویوزاری جووتیارانی كوردو خانوه‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوه‌كانی كورد له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانی پێشووی عێراقه‌وه‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌زاو ناحیه‌ به‌زۆر دابڕێنراوه‌كان بۆ سه‌ر كه‌ركوك و كۆمه‌ڵێك پرسی چاره‌نووسسازی دیكه‌ كه‌ زیاتر په‌یوه‌ستن به‌ درێژه‌دانی ئه‌م برایه‌تییه‌ نا شه‌رعی و نه‌خوازراوه‌ی نێوان باشووری كوردستان و عێراقی عه‌ره‌بی)، ئه‌گه‌ر به‌غدا له‌ گه‌مه‌كانی خۆی به‌رده‌وام بوو، ئه‌وا خۆئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌كو ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینێكیش بێت، هه‌فته‌ی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری له‌ سه‌رتاسه‌ری باشووری كوردستان به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌ بخاته‌ رۆژه‌ڤه‌وه‌و كارێك بكات، سه‌رنجی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و رای گشتی بۆ پرسی كورد له‌ باشووری كوردستاندا رابكێشێت و وه‌ڵامێكیش بێت بۆ ئه‌و گه‌مه‌ سیاسییه‌ی كه‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ پرسی كورددا ده‌یكات.
  شه‌رمنی، یان سیاسه‌تنه‌زانییه‌كی دیكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری كوردستان، لێخۆشبوون و ده‌ستهه‌ڵگرتنه‌ له‌ مافی كورد له‌ كه‌ركوك، ئه‌و مافه‌ی كه‌ به‌ (ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن) ناوده‌برێت، كه‌چی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد دێت و وه‌ك ئه‌وه‌ی زه‌كات له‌ خه‌رمان ده‌ربكات، گه‌مه‌یه‌كی دۆڕاوی (32 به‌ 32) پێشنیار ده‌كات و ئه‌وانه‌ی به‌ قه‌واره‌و شه‌ڕو هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رودراوسێوه‌ش نه‌یانتوانیوه‌ ده‌نگ بهێنن،  دێن و له‌ پشكی كورد برابه‌شیان ده‌كه‌ن –كه‌ ئه‌مه‌یان نووسینی زیاتر هه‌ڵده‌گرێت-. هه‌ر به‌وه‌نده‌شه‌وه‌ ناوه‌ستن، دوای (8) هه‌شت ساڵ له‌ گه‌مه‌ی دۆڕاوی یه‌ك له‌دوای یه‌ك، تازه‌ به‌تازه‌ دێن و به‌شێكی هه‌ستیار له‌ پێكهاته‌ی فه‌رمانداری له‌ كه‌ركوك وه‌كو كاڵه‌ك و شووتی ده‌به‌خشنه‌ به‌ره‌ی توركمانی كه‌ من بۆ مێژوو لێره‌وه‌ ده‌یڵێم: كورد له‌م هه‌نگاوه‌یدا چۆن له‌ (32 به‌ 32)ـه‌كه‌ شكستی خوارد، له‌مه‌شیان زیاتر ده‌دۆڕێت و شكستی گه‌وره‌تر ده‌خوات. ئه‌رێ گه‌لۆ هه‌قی خۆمان نییه‌، به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ناو خۆماڵییه‌ بڵێین: ئیتر به‌سه‌ هه‌ڕاجكردنی پۆست و بێده‌نگبوون له‌ ئاست دژو دوژمنه‌كانمان؟.. سه‌یره‌ زۆریش سه‌یره‌ هێنده‌ی لیستی حه‌دبای موسڵیشمان بۆ نه‌كرێت!!!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.