Skip to Content

Tuesday, July 16th, 2024
بۆچی ئیتر یەکێتی نا!!! …. هێمن ڕەئووف

بۆچی ئیتر یەکێتی نا!!! …. هێمن ڕەئووف

Closed
by June 20, 2011 گشتی

لەبری ئەو موچە و بستە خاکەی حیزب خاوەندارێتی دەکات و ئازادی شوێنکەوتوانی خۆی پێ دەکڕێت، یەکێتی هەنگاو بۆ کارەساتێکی ترسناک دەنێت. هەوڵدان بۆ بەگژداچوونەوەی جوانییەکان بەرنامەیەکی سامناکە و ئەگەری ئیفلیجبوونی بەرەو هۆشیاری گۆمەڵگایەکە، کە هەمیشە پێشەنگ بووە لە هەنگاونان بەرەو شەبەق و ڕووناکییەکان.
ئەبێ بۆچی دەستیان بچێتە گوڵەجوانەکانی شار و لە ناسکیدا هەڵیان پڕوکێنن؟ ئەبێ بۆ چی بێباک بن لەوەی شۆستە و شەقامەکانی شار بکەنە زبڵخانە؟ ئەبێ بیر لە چی بکەنەوە هەموو بە تەوراسێکەوە لە شەڕی نەمامەکاندا هەڵمەت دەبەن؟ ئەم شەڕەنگێزییەی یەکێتی بەرامبەر بە کوڕانی شار جێگای پرسیارە، دەبێت بۆ دەستیان بە تێکشکانی سیمبۆلە جوانەکانی شار کردبێت؟ سوکایەتی بە خەمخۆرەکان، تۆمەتبارکردنیان، ناشرینکردنیان، دەرکردنیان بۆچی؟ بۆ لەم گۆشە جوانەوە دەست پێدەکەن، فاروق ڕەفیق، ڕێبین هەردی، ئەحمەد میرە، ڕەنج سەنگاوی، کێ و کێ و کێ ئەمانە داهێنەرن لە ڕێزگرتن و پارێگارن لە هێشتنەوەی زمانە شیرینەکەی سلێمانی. بۆچی یەکێتی قەڵەمی یاوە بە نەخوێندەوارەکان، بۆچی مایک و کامێرای لەبەردەم ئەم عەوامانەدا داناوە، بۆچی ئەم شەڕەنگێزانە دەکات بە بەرپرس و دەستڕۆشتوو؟ نازانن قەڵەمبەدەستە جنێوزانەکان دیوارەکانی یەکێتیان کردووە بەدیواری کەلاوەکان؟ لە میمبەرەکانەوە جنێو بە خەڵکی شار دەدەن و دەموچاوە نەخوازەکان شاشەکان پڕ دەکەنەوە؟ یەکێتی نازانێ بە ڕابەرایەتی چاوچنۆکە خۆپەرست و دەسەڵاتخوازەکانی دامێنی، خۆی بەدەستی خۆی بۆ بەعسی بوون هەنگاو دەنێت؟ یەکێتی نازانێ پیک و تەور بەدەستەکان لە ژوورەکانی ناو ئەم بینای یەکێتیەوە دەستیان بە وێرانکردنی کردووە؟ ئەی نازانێت ئەو خەڵکە هەموو دەستیان بە چوارچێوەیەکی بەتاڵەوە گرتووە تا لە داڕماندا نەبن بەژێر داروپەردووی خۆیانەوە؟
دەکرێت لە وەڵامی پرسیاری، یەکێتی چی تێدا ماوە هەتا جارێکی تر لەدەرگای بدەینەوە؟ دا بڵێین:  خەڵکێک هەن لە دامێنی ئەم حیزبەدا بە جلە ڕەشەکانیانەوە لەبەر خاتری ئەو ڕۆڵانەی بەخشیان بەو ئایدۆلۆژیایە دەستی ماندوویان بە دیوارەکانیەوە گرتووە و ناپەرژێن لە پاشی خۆیان بڕوانن، ئەوخەڵکەی کە دەبێت تێبگەن شەقاوەکان بۆ لێژییەکی خراپ پێشیان کەوتوون. ئەو خەڵکە دەبێت تێبگەن بۆچی ئیتر یەکێتی نا. . دەبێت تێبگەن ئەم یەکێتییەی ئێستا لە قۆناغی گواستنەوەدایە بەرەو حیزبێکی موخابەراتی و کادرەکانی لەسەر گەڕان بەدوای زانیاری لەسەر هاونیشتیمانیەکانیان و سوکایەتی پێکردن و هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی هەموو نەیار و دژە ئایدۆلۆژییەکانیان و هەموو بیرە جیاوازەکان لە ڕاهێنان و بەهێزبووندان.
ئەم پیاوخراپانەی ئێستا دەمسپی و هەموو شتێکی یەکێتین کاریان خراپکردن و ناشرینکردنی هەموو ئەو شەهید و سەروەرییانەیە کە ئەم حیزبە لە مێژوویدا هەیەتی، خەریکن شەڕێکی خراپ بە خەڵکێکی ناهۆشیار دەکەن، خەریکن ساویلکەیی خەڵک دەکەنە چەکێکی کوشندە، ئەمە ئەو هێزەیە پاڵمان پێوەدەنێت بۆ گرتنی یەخەی یەکێتی. با ئەو خەڵکە سیڤیلە ڕزگارکەین لەم نوخبە شەڕەنگێزە. با دەستبەرداری بەشێکی گەورەی خەڵکی خۆمان نەبین.
لێرەدا من پێم وایە: ئەم یەکێتیە وەکو حیزب زۆر بە گەنجی پیر بوو. تەمەنی ئەم حیزبە گرێدراوبوو بە تەمەنی سیاسی سەرکردە و دامەزرێنەکانیەوە، لە سەرەتای دروستبوونیەوە کەسەکانی ئەو چاخە کۆنە هیچیان وون نەبوون تێیدا، هەموو گەورەپیاوەکان وەک خۆیان مانەوە و بوون بە بەڵایەکی کوشندەی پێوەلکاو بەسەر هەموو ئەو دەموچاوە نوێیەیانەی دەیان ویست دیموکراتی و ئازادی لەژێر ئەو کەپرەدا دابهێنن. نەیان هێشت و ناهێڵن هیچ هەنگاوێک لەپێش هەنگاوی حەز و ویستە خۆپەرستییەکانیاندا بنرێت.
ئەوەی ماوەتەوە گەڕان بۆ ئەو دەروازانەیە کە دەتوانین لێیانەوە ئەو خەڵکە قەتیسماوەی ناو سۆز و خۆشەویستییەکانیان بۆ ڕابردوو مێژوو شەهیدانی ئەم حیزبە، دەربهێنین و بە ئازادی و دیموکراسیە خاوێنەکانیان بسپێرین. ئەو خەڵکەی هەمیشە قوربانییەکی بەدبەخت بوون شایانی ئەوە نین بەم شێوەیە هانبدرێن بەسەر جوانییەکانی ئەم گەلەوە بکرێن بە دڕندە و ئازاری هاونیشتیمانیەکانی خۆیانیان پێبدرێت. شایانی ئەوە نین هەژارییان بەکاربهێنرێت و موچەی شەهیدەکانیان بە ناشرینکردنیان ئاڵوگۆڕ بکرێن.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.