Skip to Content

Sunday, June 23rd, 2024
چاکسازی خواردنی سێوێکە بە توێکەوە دەخورێت

چاکسازی خواردنی سێوێکە بە توێکەوە دەخورێت

Closed
by June 20, 2011 گشتی

 
لە دوای ئەو شەپۆلە گۆڕانکاریە گەورانەی بەشێکی زۆری ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی گرتەوە، ئەمە لە لایەک وێڕای هەڕۆژانی ژمارەیەک دیکتاتۆر، هاوکات تێکڕای دەسەڵاتە خراپ و گەنیوەکانی ناوچەکەشی لە خەونی دەیان ساڵە بە ئاگا هێنایەوە، جارێکی تر ئەوەی سەلماند کەوا رەوڕەوەی ژیان ناتوانێت هەرگیز ڕەهاو بازنەیی بێت، ناتوانێت تاکڕەوانە بێت و بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە سەر باری بازنەی خۆی بخولێتەوە، بێ گومان ئەمەش بە هۆی خەسڵەتێکەوە کەوا سروشتی جڤات و ستراکچەرەکانی هەڵیدەگرن، لەو خواستە هەمیشەییانەوە کە بە بەردەوامی هەیەتی بۆ گۆڕان، دواجار هەر ئەمەشە ئەو حەتمیەتەی پێ دەبەخشێت، کەوا هەر هەوڵێک بۆ بەر گرتن لێی، هەوڵدانێک دەبێت هاوتا بەو میکانیزم و پێناسانەی (مەرگ) لە خۆیدا کۆی کردوەتەوە!
لێرەدا تا ڕادەیەک هەوڵدەدەم خاڵی هاوبەش و خاڵی دەستپێک و کۆتایی مەرگ، لەگەڵ ئەو هێزە کوشندانە دیاری بکەم کە بە بەردەوامی حەزو خواستێک بوون بۆ چەسپین و بە ڕەها ناساندنی خۆیان. یەکەم شت ئەگەر بێین لە مەرگەوە دەست پێ بکەین دەبینین، تا ئەو جێگەیە مەرگ دەتوانێت درێژە دەر بێت بە بەخشینی ماناو شوناسێک بە خۆی کە کەسێك مابێتەوە بیر لە مەرگ بکاتەوە. بەمەش دەردەکەوێت خودی مەرگ لە جەوهەردا هیچ نیە جگە لە ژیان، جگە لە بوونی مرۆڤ، هەتا بوونی مرۆڤ بۆ خۆی شتێک بێت لە ئامادە باشیدا مەرگیش لە فەزای بووندا درێژە بە واتای خۆی دەدات، کەی هات و لە شەو ڕۆژێکدا هەرچی مرۆڤ هەیە قڕی کرد ئەوا لە دوا کسپەی دەرچونی گیانی دوا مرۆڤ چیتر هیچ فەزایەک نامێنێتەوە بۆ بیر کردنەوەو هیچ چرکەساتێکیش نامێنێتەوە مەرگ تیایدا درێژە بە مانەوەی شوناسی خۆی بدات، ئەمەش ئەوە دەردەخات کەوا مەرگ هەتا خێرا تر بێت لەسەر پرۆسەی مراندن، خێرا تر لە مەرگی خۆی نزیک دەکەوێتەوە. با تەماشا بکەین لە باری دووەمدا ئەم جۆرە لە مۆدێلی دەسەلاتداری و ئەم جۆرە لە هێزی کوشندە لەم ناوچانە چیان دەوێت و چیان لە مەرگ دەچێت؟ سەرەتا سەرنجتان بۆ لای پێکهاتەو بونیاد و دروست بوونی ژیان بە شێوەی جڤات دەگوێزمەوە کەوا ئاشکرایە ئەم دەرکەوتەیە لە میژوی خۆیدا هەرگیز ناشێ بە شێوەیەکی تایبەت مایەی شانازی کەسێک، یان کۆمەڵە کەسێکی دیاری کراو بێت، یان بە چەشنێکی وا لێکبدرێتەوە کەوا کەسێک، یان گروپێک لە ماوەیەکی کورتدا لە پەرتەوازەیی و نەبوونەوە خوڵقاندبێتی و لە هیچەوە هێنابێتیە بوون، دواجار ئەمەش ئەو مافەی ڕەوا کردبێت، وەک پڕۆژەیەکی تایبەت مامەڵەی پێوە بکات و خۆی بە خاوەندارێتی تەواوی یەکەو پێکهاتەکانی بزانێت، وە یان کەی ویستی و لە کوێ بە خەیاڵیدا هات لە ناوی بدات و لە هەرکاتێکدا بیەوێت قوماری لە سەر بکات، وە کەی ئارەزوی کرد بە شوی بدات و بیفرۆشێت. هەڵگرانی ئەم جۆرە خەیاڵە هەمیشە وایان بینیوە کەوا مافی خاوەندارێتیان هەیە بە سەر ژیانی جڤاتەوەو دەستیان درێژ کردوە بۆ میوە ڕەهاو جاویدانیەکانی لەزەت، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە لەزەتی ڕەها کە خەونی مومارەسەی بوون بە خودایە، ڕەفتارە بێ هۆشانەکانی خۆیان ڕۆژ دوای ڕۆژ بوون بە ئامرازێک بۆ دێرانەوەی ئەو کەنارە فشەڵانەی ژێر پێ لەرزۆکەکانیان. مادام ژیان بێ جڤات مانای نیەو جڤاتیش بێ بیرکردنەوە، ئاواش ئەمانە هەموو بەسەر یەکەوە پێمان دەڵێن ئەوانەی ڕەهاو هەرهەری و بێ بڕانەوەن لە ناو ئەو پێکهاتە ئاڵۆزەی کە پێی دەوترێت ژیانی کۆمەڵ (ئازادی) و (یەکسانی) و (کەرامەت)ی مرۆڤن، هەر بۆیە ئەجندای دەستپێکی هیچ کۆمەڵەو هیچ گروپێک بە درێژایی مێژوی مرۆڤ و جڤاتەکانیان نابینیت یەکێک لەوانەی نەکردبێت بە دروشمی خۆی بۆ نزیک بونەوە لە دەسەڵات. لە کۆتایدا هاوکێشەکان دەگۆڕێن و پێشهاتەکان ئەنجامێکی ترمان بە دەستەوە دەدەن کە ڕێک پێچەوانەی چاوەڕوانیەکانن. ئیتر لەوێوەیە دوای بوون بە شەیتان، کاتێک دەسەڵات و هێزە کوشندەکان لە لایەن هێزە نەنوستوەکانی نێو کۆمەڵ و ئەو هێزانەی دەستەمۆو بەنج ناکرێن بە خەبەر دەکرێنەوە، تێدەگەن لە چی دۆخێکدان و چی قوڕێکی خراپ بە کارهێنانی دەسەڵاتیان بەسەر خۆیاندا کردوە، وەهەروەها لەوەش تێدەگەن هەر هەنگاوێکی جیدیش بەرەو ڕوی نزیک بوونەوە لە داخوازیە سەرەکیەکانی شەقام (جڤات) چی بڤەیەکی گەورەیەو چی ڕێگایەکیشە بەرەو کۆتا بوونێکی خێرا. ئیتر لێرەوەیە ژاراوی ترین چزویان سەر دەر دێنێت. هەر بۆیە کاتێک زەنگی ئاگادار کردنەوە لە بنا گوێی ئەو هێزە کوشندانەی (دیکتاتۆرەکان) لە هەر چوارلای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لێدرا، شپرزەیی زۆربەی دیکتاتۆرەکانمان دی هەر زوش بەڵێنە کوتوپڕ و بێ ماناکانیشمان بەر گوێ کەوت، وەک بڵێی دیسانەوە قسە بۆ هۆڵی چەپڵە لێدان بکەن دەمی تورەکەی بەڵێنە سواوەکانیان بە ڕوی گەلەکانیاندا کردەوە، بەڵام هەر زوو خرانە بەردەم دیفاتۆیەکەوە کە چیتر هیچ ووتەو هیچ کردارێک ئەوان مایەی متمانە نین! بۆیە تا توانیان هەرچی هێزە دزێوە ناشرینە پوچ و بێ ڕەگەکانی خۆیان هەبوو بەکار هێنا لە دژی هێزی ناڕەزاو ئازادیخوازەکانی سەر شەقام کە بە سادەیی هاواریان دەکرد (ئیرحەل)(بڕۆن)، ئەمەش بەو واتایەی جگە لە ڕۆشتن هیچ چارەو هیچ ئەلتەرناتیڤێک نەماوەتەوە چانسێکی تریان پێ بدات. من پێم وایە بە بارێکدا کە ڕۆشتن ڕۆشتنێکی یەکجاری بایەو مەرجی یاسای بە دوای خۆیدا نەهێنایە نە هێندە خوێن دەڕژاو نە هێندەش درێژەشی دەکێشا، هەر بۆ نمونە وەک چۆن ڕوداوەکانی لیبیاو یەمەن و سوریا نیشانی داین، وە ئەگەر بە چاوێکی ڕەخنەگرانە سەیری ئەو ڕوداوانە بکەین دەبینین ئەوانەی کە شەقام داوای لێدەکردن بڕۆن، لەویا وێڕای ئەوەی ڕۆشتن مانای جێ هێشتنی هێزو پلەوپایە بوو هاوکات مانای گەڕانەوەشیان بوو بۆ بەردەم دادگایەک کە سزای سەدان تاوان چاوەڕوانی دەکردن. هەر ئەمەش بوو دواجار هەموو ئەو بەڵێنانەی لە لایەن ئەو دەسەڵاتدارانەوە هێنایە ئاراوە بە مەبەستی دامرکانەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان، تەنانەت دیمان چۆن بە پەرۆشەوە داوایان کرد دانیشتن لە گەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکاندا بکەن ئەمە لە کاتێکدا جاران نەک دانیشتن، بەڵکو زیندانەکانیان پڕ کردبوو لە ئەندام و لایەنگرەکانیان. ئەدی سەرەنجام بینیمان ئەوە ئۆپۆزسیۆنەکان نەبوو جڵەوی بڕیار و گۆڕانکاری و ڕوداوەکانی لە دەستدا بوو، بەڵکو ئەوە بە تەنها شەقام بوو، شەقامیش دور لە حەماسیەتێکی بێ ناوەڕۆک ووشیاریەکی باڵا ساپیتە(سەقف)ی داواکاریەکانیان دیاری دەکرد.
ئەگەر کەم نەڵێم ئەم دۆخە سەبارەت بە هەرێمی کوردوستان دوای بیست ساڵ حوکمڕانی دوو ئیدارەی و بەرهەم هێنانی کارخانەی زلەزلەی گەندەڵی بە بەراورد لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵات هاوشێوەییەکی زۆری تیا بە دی دەکرا، بەڵام بە بڕێک جیاوازیەوە. سەرەتا هەوڵدەدەم لەو جیاوازیانەوە دەست پێ بکەم کە زۆر پاساویان بۆ هێنرایەوە کە گوایە وڵاتانی نێو شەپۆلی ناڕەزا خاوەنی پێگەو دەوڵەت و مێژویەکی دوور لە پیادە کردن و خراپ بە کار بردنی دەسەڵاتن، بەڵام بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستان نە دەوڵەتەو نە هاوشێوەی ئەو جۆرە دەسەڵاتانەشە، لە لایەکی تر نە ماوەی دەسەڵاتداری لە هەرێمی کوردستاندا بەراورد دەکرێت بەو ماوەیەی کە سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە تیایدا دەسەڵاتیان بۆ خۆیان قۆرغ کردبوو! ڕاستە ئێمە دەزانین هەرێمی کوردستان دەوڵەت نیەو لە ڕوانگەیەکەوە هاوشێوەی ئەو جۆرە دەسەڵاتدارانەش نەبووە، بەڵام ئەمە هیچی لەو ناوەڕۆکە کەم نەکردوەتەوە کەوا ئەو ڕژێمانەو دەسەڵاتدارانی هەردو حیزب هەڵگری بوون، ئەگەر لای ئەو وڵاتانە تاکە حیزبێک باڵا دەست بوو بێت و دەستکاری دەستوری وڵاتی کردبێت بە ئاراستەی سودو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا وەهەروەها سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی مۆنۆپۆل کردبێت و هەرچی خێرو بێری گشتی کۆمەڵگاش هەیە بە گەڕ خستبێت لە پێناو تاکە کەسێک و خێزان و دارودەستەکەیدا، ئەوا لە هەرێمی کوردستان ئەمە لە وێنەی ئەژدیهایەکی دوو سەردا بەرچاو دەکەوێت وێڕای دوو دەیە خراپ بەکار بردنی دەسەڵات، لە باتی کێبەرکێی مەعقولی سیاسیانە دێن و لە جەستەی ڕێکەوتنێکی بە ناو (ستراتیژی)دا کۆ دەبنەوە، ئینجا هەر بەوە ناوەستن لە سەرەوە هەریەکەو بە لایەکدا پەلاماری سەرو ماڵ و سەروەتی گشتی و کپ کردنەوەی دەنگی ئازاد بدەن، بەڵکو لەولاشەوە هەستان بە دەستکاری کردنی دەستور لە قازانجی خۆیان و گۆڕین و لە جێ دانانی زۆر بڕگەی ترسناک کەوا بکات کۆمەڵگایەکی بێ ڕاو خەفە کراو لە ناو سیستەمێکی بۆرژوادا بەرهەم بهێنێ.
وە ئاماژەی زیاتری هاوشێوە بوونی دسەڵاتی دیکتاتۆرەکانی جیهانی عەرەبی لە گەڵ ئەو پەیڕەوە دەسەڵاتگەریەی هەردو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستاندا لەم هاوکێشە بەراوردگەریەی لای خوارەوە بە شێوەیەکی ڕون تر بەرچاو دەکەوێت. یەکەم شت ئەگەردەسەڵاتدارانی جیهانی عەرەبی لە ڕێگەی حیزبێکی دۆگماو مۆنۆپۆل کراوەوە، دەسەڵاتەکانی وڵاتیان لە ژێر دەستی تاکەکەسێک و لەوێشەوە بە شێوەیەکی قوچەکی بەسەر تەواوی خێزان و ئەندام و لایەنگرەکانیاندا دابەش کردبێت، ئەی خۆ ئەمانیش بەهەمان شێوە. ئەوان سەرجەم دامودەزگا هەواڵگری و هێزی چەکدارو ئاسایشی ناوخۆ و هێزە سەربازیەکانیان لە ژێر دەستی خۆیاندا کۆ کردبوەوە، ئەی خۆ ئەمانیش بەهەمان شێوە. ئەوان ئابوری وولاتیان قۆرغ کردبوو (بەختیار عەلی) واتەنی  ” لە بچوکترین مێوژدا بەشیان هەبوو، لە هەموو تاوسێکدا پەڕێک هی ئەوان بوو” ئەی خۆ ئەمانیش لەم هەرێمە بە هەمان شێوە. ئەمەو سەدان ڕومەتی دزیوی وێکچوون کە ئەتوانم بڵێم ئەوەندە لە یەک چون لە نێوانیاندا هەبوو کە بەس بە تەنها لە ناو و لە ڕوخساردا لە یەک نەچن. ئەدی شوکری ڕۆحی وشیاری ئەم کۆمەڵگایە بۆ ناکەن کە پێیان نەگووتن (بڕۆن) بەڵکو گووتیان چاکسازی بکەن، ووتیان حیزب لە حکومەت جیا بکەنەوە، هێزەکانی ناوخۆو هێزی پێشمەرگە بگەڕێننەوە بۆ باوەشی نیشتمان، ووتیان گەڕاندنەوەی حیزب بۆ نێو قاوغ و پێستی سروشتی خۆی کە جگە لە ئۆرگانێکی سیاسی هیچی تر نەبێت، ووتیان یاسا سەروەر بێت و هەموو شتێک بە گوێرە دەستورێک ڕێک بخرێت کەوا گشت مافەکانی هاوڵاتی تیا چەسپا بێت.
هەر سەبارەت بە کڵێشە چاکسازیەکەی سەرۆکی هەرێم کە گوایە لە ئێستادا هەنگاوی جیدی بۆ دەنرێت، من پێمخۆشە لێرەوە بە سادەیی بە جەنابی سەرۆکی هەرێم بڵێم، چاکە پێویستی بە کڵێشە نیە چاکەسازی واژەیەکە، بەقەدەر سادەیی خۆی بە سادەیی ئەنجام دەدرێت. هەموومان دەزانین جەنابت هەمیشە کاتێک دەردەکەویت بۆ پێشکەش کردنی وتارێک زۆر پێداگیری لە سەر سەروەری یاسا دەکەیتەوە، بەڵام بە بڕوای من و هەرچی یاسادانەرەکانی دونیاش هەیە تۆ دەبێت دەستبەرداری یەکێک لەو پۆستانە بیت، واتا یان سەرۆکی هەرێم بە یان سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کووردستان، چونکە لە ئەگەری مانەوەت لە سەر بەرپرسی دوو پۆست لە یەک کاتدا، هەرگیز ناتوانیت وەک کەسێکی ئیمپێرشەڵ بمێنیتەوە، واتا ئەو هاوسەنگیە لە دەست دەدەیت کەوا بتوانیت بە چاوێک لە سەرجەم خەڵکی ئەم هەرێمە بە جیاوازی فیکرو ڕاو بۆچون و ئاین و مەزهەبەکان بنواڕیت. بەڕێزت ئەگەر چاکسازی ڕاستەقینەی دەوێت فەرمان بکەو لێگەڕێ با زێڕەڤانی لە هێزی حیزبەوە ببێتە هێزی نیشتمان، لێگەڕێ با دەزگای هەواڵگری پاراستن و زانیاری ببنە یەک و ئامانجیان تەنهاو تەنها نیشتمان بێت، ئەگەر چاکسازی بنەڕەتیت دەوێت دەست لە یەخەی دادگا بکەرەوەو لێگەڕێ با دادوەرەکان داوەری ڕاستەقینەی خۆیان بکەن و بێ لایەن بن، گەندەڵەکان بخە پێشدەم یاسا، ئەوانەی دەستیان هەیە لە ئەنفال و ئەوانەی دەستیان هەیە لە شەهید کردنی خۆپیشاندەران ڕادەستی یاسایان بکەرەوە. جەنابی سەرۆک بزانەو کەس بە تۆی نەگووت بڕۆ، هێندەی وتیان ئازادی، ئازادی؟ بەڵام ئایا ئەوە چیە وا لە مرۆڤ دەکات هاواربکا ئاو ئاو ئەگەر بێجگە لە تینوێتی بۆ ئاو نەبێت، ئایا جەنابت دەزانێت کەس بە قەدەر تینوەکان لە ماناکانی ئاو ناگەن. تکایە سەرۆک تا ئێستاش کەس پێی نەگوتوی بڕۆ، ئیتر چاکسازی سێوێکەو بە توێکەوە دەخورێت، نوێژێکەو بەرەو قیبلەی جیا کردنەوەی حیزب لە حکومەت و گەڕانەوەی موڵکی گشتی و بنبڕ کردنی گەندەڵی و دانەوەی هێزی پێشمەرگە بە نیشتمان و هێزی ناوخۆ بە ئاسایشی گشتی و سەروەری یاساوە دەکرێت.

تێبینی: ئاماژە بە بەشێک لەو سەر دێڕەی سەرەوە کۆپلەیەک لە شیعری شاعیری ناوداری ئێران (سوهرابی سپهەری)ە کە دەڵێت: ژیان سێوێکە بە توێکەوە دەخورێت.
١٥/٠٦/٢٠١١
      

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.