
عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا له ته‌وه‌ری ماهیه‌تی خودا له ده‌قی شیعری
• : روانینیت بۆ (خودا) چی یه ؟ و ئایه ئه‌و (خودایه)ی له ده‌قه شیعره‌كان باس ده‌كرێ , هه‌مان ئه‌و (خودا)یه كه له عقیده‌ی مرۆڤه‌كاندا هه‌یه ؟ ئه‌گه‌ر جیان , چۆن خوێنه‌ر له شوێنكاته جیاجیاكان جیان بكاته‌وه ؟ ئایه شاعیران ناترسن له هه‌ندیك له خوێنه‌ره‌كانیان كه وشه‌ی (خودا) له دیوانه‌كانیان ره‌ش بكه‌نه‌وه, كه لای ئه‌وان (كفره ) ونابێت بخوێندرێنه‌وه ؟
• : وه‌ك ئاشكرایه كرده‌ی شیعراندن كرده‌یه‌كی نا ئاوه‌زه (نا عقلانیه) كار له‌گه‌ڵ وشه‌كان ده‌كات به پشت به‌ستن به هه‌ست و سۆز . ئایه به‌كارهێنانی وشه‌گه‌لی وه‌ك ( خودا) له‌م كرداره نائاوهزه كه شعره, تاچه‌ند به‌پێویستی شیعری ده‌زانی ؟ وه ئایه تۆیی شاعیر تا چه‌ند هه‌ستیاری له‌به‌كارهێنانی ئه‌م وشه‌یه و جیا ده‌كه‌یته‌وه له ووشه‌كانی تر ؟
• : وه‌ك باسمان كرد له‌كرداری شعراندن ئاوه‌ز كه‌مترین كاریگه‌ری هه‌یه . و زۆرێك له‌خوینه‌ران به‌ته‌رازووی ئاوه‌ز ده‌قه‌كان هه‌لده‌سه‌نگینن , و به‌جۆریك هه‌ندیك له نوسه‌ران ئه‌م كرده‌یه به‌سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان داده‌نێت . وئایه پیویسته كامه لایه‌ن تیروانینی خۆیی بگۆرێت, شاعیر هه‌ستیارانه مامه‌له له‌گه‌ل ووشه‌كان بكات یاخود خوێنه‌ر ئه‌دبیانه له‌ووشه‌كان بروانێت ؟
ئا:هۆگرعومه‌ر hogrme@gmail.com
نوسه‌ر و شاعیر عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا
+: من پێموایه نابێ خودا له تاكه سیاقێكدا ئابڵوقه بدرێت، چونكه خودا له ده‌ركه‌وتنه بێ ژماره‌كانی فیكر و درێژكراوه بێ كۆتاییهكانیدایه. ته‌ماشاكردنی خودا وه‌ك دامه‌زراو، داخستنی خودا له تاكه مانایه‌كی دیاركراودا، هه‌ر ته‌نها پشتگوێخستنی مێژووی فیكری مرۆڤایه‌تی و مێژووی گۆڕان و گواستنه‌وه‌كان نییه، هه‌ر ته‌نها په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌و توانایه نییه، كه خودا به مرۆڤی به‌خشیووه، هه‌ر ته‌نها سه‌ندنه‌وه‌ی وزه له‌بننه‌هاتووه‌كانی كه‌شفكردن و ده‌ركه‌وتن و بینینی مرۆڤ نییه، ته‌نها ره‌تكردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته ئیزافهكراوهكان نییه… به‌ڵكو كوشتنی پڕشنگه دره‌وشاوه‌كانی ژیان و بیركردنه‌وه و زمان و بوونه، كوشتنی جیاوازییه‌كان و په‌یوه‌ندییه دیار و نادیاره‌كانی نێوان عه‌قڵ و سروشت و عیشق و لۆژیكه…
ره‌نگه نه‌توانرێ دوا پیناسه‌ی بۆ وشه‌ی خودا بكرێ، به‌ڵام به‌لای من خودا ئه‌و فهیزهیه كه له په‌یوه‌ندی دۆستانه و هاوژیانیدا سه‌رده‌كات. خودا له‌لای من هێزی ژیانه له پڕشنگی خۆشه‌ویستیدا ده‌دره‌وشێته‌وه.
بۆ بڕگه‌ی دووه‌می پرسیاره‌كه‌شت ده‌ڵێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعری ئیبداعی له تاكه مانا و ده‌لاله‌تێك گیر ناخوات، شیعر بڕوای به تاك ره‌هه‌ندی و تاك مه‌عریفییه‌وه ناكات.. له شیعری ئیبداعی خه‌یاڵ جیهانێكه چه‌شنی خه‌ون، فیكر تێیدا قسه ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعری ئیبداعی كۆمه‌لێك داله و له‌لایه‌ن خوێنه‌رانه‌وه ته‌ئویلی جیاواز و مه‌دلولی جیاواز ده‌گه‌یه‌نێت… به مانایه‌كی دیكه هه‌ر شیعرێك نه‌یتوانی جیاوازییه‌كانی راڤه كردن و لێكدانه‌وه و ته‌ئویلكردن له‌خۆ بگرێ، هه‌ر شیعرێك نه‌توانێ مانای جیاواز و ده‌لاله‌تی جیاواز و خه‌یاڵی جیاواز و ده‌ریچه‌ی جۆراوجۆر بۆ خوێندنه‌وه بخاته‌وه، هه‌ر شیعرێك نه‌توانێ زنجیره‌یه‌كی بێ كۆتایی له مانا به‌رهه‌مبهێنێته‌وه، فه‌زا و پانتاییه‌كی جیاواز بۆ دووباره ته‌ئویلكردن بخاته‌وه، هه‌ر شیعرێك نه‌توانێ به‌شێوه‌یه‌كی ستوونی دابه‌زێته سه‌ر زه‌مه‌نه‌كان، ناتوانێ وه‌ك داهێنان خۆی بنرخێنێ و بوونی خۆی بسه‌لمێنێ…
ده‌مه‌وێ لێره له كۆی ئه‌و قسه‌كردنه‌وه بڵێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وشه له شیعردا له تاكه مانا و ده‌لاله‌ت و وێنه و ره‌هه‌ند و دامه‌زراوێكی دیاریكراودا گیر ناخوات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعر ئیحایه و له ئیحادا مانا دیاری ناكرێت، هه‌میشه مانا به كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه، بۆیه وشه‌ی خودا هه‌مان ئه‌و مانا داگیركراوه ناگه‌یه‌نێت كه ئایینزاكان به موڵكی خۆیانی داده‌نێن، هه‌مان ئه‌و خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه و تێگه‌یشتنه ناگه‌یه‌نێت، كه له‌ڕێگه‌یه‌وه نكۆڵی له پێكه‌وه ژیان ده‌كه‌ن… ده‌شێ خودا له شیعردا وه‌ك ئیحا و میتافۆڕێك ته‌ماشا بكرێ، كه هه‌میشه به‌كراوه‌یی بۆ راڤه‌كردن و لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆر به‌جێده‌مێنێ، به‌و مانایه ده‌شێ تێگه‌یشتن له وشه‌ی خودا تێگه‌یشتن بێ له فره مانایی و وێنه‌ی ئیستێتیكی و ره‌هه‌ندگه‌لی مه‌عریفی و خه‌یاڵی جیاواز. وه‌ك چۆن ده‌شێ به‌شێوه‌ی باو، وه‌ك بوونێكی بان سرووشتی و خاوه‌ن توانای ره‌ها كه جیهانی خوڵقاندووه ته‌ماشا بكرێ….
ململانێ و ناته‌بایی خوێندنه‌وه‌كان هه‌رگیز له مانا و مه‌دلولێكی داریكراودا خۆی نابینێـهوه، به‌ڵكو راسته‌وخۆ به تێگه‌یشتنی ده‌سته‌واژه و ئاماژه‌وه به‌نده. یه‌كه‌میان مانا دیاری ده‌كات و دواجار له‌ڕێگه‌ی دیاریكردنه‌وه دایده‌خات. دووه‌میان مانا به كراوه‌یی جێده‌هێڵێ.. یه‌كه‌میان وه‌ك ئایینزاكان له‌ڕێگه‌ی عه‌قڵ و لۆژیكه‌وه له وشه‌ی خودا نزیك ده‌بنه‌وه، به‌و مانایه‌ی كه عه‌قڵ سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌یه… به‌ڵام دووه‌میان هه‌میشه له به‌رفره‌وانكردنی ماناكان و ده‌لاله‌ته‌كان و وێنه‌كان و رهههندهكاندایه.. چونكه عه‌قڵ راسته سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خامۆشكهری مه‌عریفه‌شه. ئیتر به‌مجۆره وشه‌ی خودا له شیعردا خۆشه‌ویستی و ژیان، وێنه ده‌كات، وه‌ك چۆن ده‌شێ هێزێكی نادیار و ره‌هاش بنوێنێ، كه قابیلی وێناكردنی جۆراوجۆر بێت، كه قابیلی لێكدانه‌وه و راڤه‌كردنی فره جیاواز بێت، چونكه نه خودا ئابڵوقه ده‌درێت، نه شیعر هه‌وڵی ئابڵوقه‌دانی وشه ده‌دات!!
+: ئه‌گه‌رچی نامه‌وێت قسه له پێویستی و ناپێویستی به‌كارهێنانی وشه‌ی خودا بكه‌م، ئه‌گه‌رچی بڕوام به مه‌به‌ستگه‌رایی شیعریی نییه، به‌ڵام ده‌ڵێم له دنیادا مرۆڤێك نییه به‌شێوه‌ی جیاواز خودا له خه‌یاڵی خۆیدا وێنه نه‌كاته‌وه، كه‌واته بۆ ده‌بێ سڵ له به‌كارهێنانی ئه‌و نیازه جۆراوجۆرانه بكه‌ین. بێگومان پرۆسه‌ی شیعرنووسین پرۆسه‌یه‌كی نه‌ستی و ئاڵۆزه، بۆیه من بڕوام به ئاڕاسته‌كردنی وشه و هه‌ڵبژاردنی بابه‌ت و به‌كارهێنانی نیازخوازانه نییه، وه‌ك چۆن پێموایه هه‌موو ئاڕاسته‌كردن و مهبهستگهراییهك له نووسیندا جگه له له‌كه‌داركردنی هونه‌ری نووسین، له‌كه‌داركردنی خه‌یاڵیشی لێده‌كه‌وێته‌وه، جگه له له‌كه‌داركردنی بیركردنه‌وه، له‌كه‌داركردنی جوانگوتنیش ده‌گه‌یه‌نێت… نووسینی شیعری له‌نێوان زمان و شێوازدا، له ئازادی و هه‌ڵبژاردندا گه‌ڵاڵه ده‌بێت، به مانایه‌كی دیكه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعر دروستكردنی په‌یوه‌ندی نوێی نێوان وشه و وشه، وشه و شته‌كانه، ئیتر له‌وێوه به‌كارهێنانی وشه، یان وشه‌ی خودا له‌نێو ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌دا زێتر و زێتر ره‌نگینتر به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌چێت، بۆیه ته‌نها له‌ڕووی ئیستێتیكی و هونه‌رییه‌وه نه‌بێت، ئه‌گینا هیچ پێویست بهسڵكردنهوه ناكات.
ئه‌دۆنیس له شاری هه‌ولێر 21/4/2009 میوانخانه‌ی چوار چرا له گفتوگۆیه‌كی كراوه‌دا گوتی: خودا لای سۆفییه‌كان به‌شێكه له دنیا، به دوو شێوه: یه‌كه‌م له‌ڕووی مرۆڤانه‌وه، واته ده‌شێ خوا له مرۆڤدا به‌رجه‌سته بێت. ئه‌وه‌ش (حه‌للاج) ته‌عبیری لێكردووه كه ده‌ڵێ “ما فی جبتی غیر الله او انا الحق” هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌ش ژیانی خۆی دانا. دووه‌م له‌ڕووی شێوه وجودییهكهیهوه، ئه‌وه‌ی كه به یه‌كێتی بوون ناوزه‌د كراوه، ئه‌وه‌ی له‌و باره‌شه‌وه قسه‌ی كردووه (ئیبن عه‌ره‌بی)یه. به‌مجۆره گۆڕینی تێگه‌یشتنمانه بۆ خوا یه‌كه‌م رووخساری شۆڕشی مه‌عریفی سۆفیسته له رۆشنبیریی ئیسلامی‌دا. هه‌ر له‌و گۆڕینهشهوه كۆی شته‌كان ده‌گۆڕێن…به‌مجۆره گۆڕینی په‌یوه‌ندی مرۆڤ به خوداوه ناكه‌وێته نێو شه‌رعی دیاره‌وه، به‌ڵكو ده‌كه‌وێته دووتوێی ئه‌زموونی رۆحی دیاریكراو، یان ناوه‌وه..
+: ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر خوێندنه‌وه بكه‌ین، ده‌بێ بزانین كه خوێندنه‌وه تێكه‌ڵكردنی ئاگاییه بهرێڕهوهكانی ده‌ق، یان به مانایه‌كی دیكه ئیبداع هه‌میشه له چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ری جۆراوجۆردا بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێ، وه‌ك چۆن پێویسته خوێنه‌ریش له ئاسته به‌رزه‌كانی مه‌عریفه‌ی شیعریی و ئاگایی رۆشنبیری‌دا بێت و بتوانێ به‌شداری له داهێناندا بكات، به‌و مانایه‌ش خوێنه‌ر جۆراوجۆره و به‌پێی ئاستی ئاگایی رۆشنبیریی و مه‌عریفه‌ی شیعریی له‌یه‌كتر جیا ده‌كرێنه‌وه، هه‌میشه داهێنان له رێگه‌ی خوێنه‌ری دۆگما و تاكڕه‌هه‌ند و په‌ڕگیردا دووچاری بنبه‌ستبوون و ره‌شبوونه‌وه و كوشتن ده‌بێته‌وه… ده‌مه‌وێت بڵێم خوێندنه‌وه كارلێكردنی كرده‌و بونیاده.
خوێندنه‌وه پرۆسه‌یه‌كی ئاوێتهیهو له هیرمینۆتیكا مانا و له سیمیۆلۆژیا ده‌لاله‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه. ده‌مه‌وێت بڵێم به‌گشتی خوێندنه‌وه به‌ئاڕاسته‌ی مه‌عریفه‌دا ده‌ڕواو به‌دوای ئاماژه‌و چێژ‌و ئیستێتیكاو ماناوه‌یه، بۆیه هه‌موو ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی له تاكه ره‌گه‌ز و تاكه مانایه‌ك و تاكه ده‌لاله‌تێك گیرییان خواردووه، هه‌موو ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی به مه‌به‌ستی دیاریكراو و نیازی ئاماده و بیركردنه‌وه‌ی چوارچێوه بۆ داڕێژراوه‌وه سه‌یری ده‌ق ده‌كه‌ن، جگه له بنبه‌ستبوون و چوارچێوه‌گیری و په‌ڕگیری هیچی دی لێناكه‌وێته‌وه. هه‌میشه له خوێندنه‌وه‌دا مانا ئیحتمالییه نه‌ك زه‌روری.
كه‌واته ده‌قی ئیبداعی له‌نێوان دیار‌و نادیار، راگه‌یه‌نراو و شاراوه، له‌نێوان ئه‌وه‌ی ده‌یڵێ و ئه‌وه‌ی وسبه‌ی لێده‌كات، له‌نێوان ئه‌وه‌ی دانه‌ر نیازییه‌تی و ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر بانگه‌شه‌ی ده‌كات…… خۆی له پله‌یه‌كی به‌رزی جوانگوتندا ده‌نوێنێ، ئه‌وه‌نده به هه‌سته‌وه به‌ند نییه، یان به مانایه‌كی دیكه ره‌گه‌زی هه‌ست له ده‌قی ئیبداعیدا ته‌نها وه‌ك ره‌گه‌زێك له ره‌گه‌زه‌كان ته‌ماشا ده‌كرێت، نه‌ك وه‌ك ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی. به‌و مانایه‌ش هیچ خوێنه‌رێك له خوێندنه‌وه‌دا به‌دواین مه‌به‌ست ناگات. ئه‌وه‌ش بۆ خۆی جیاوازی ده‌ق و شیمانه‌یی خوێندنه‌وه، شیمانه‌یی ده‌ق و جیاوازییه‌كانی خوێندنه‌وه دیاری ده‌كات.
• ئه‌م ته‌وه‌ره له ژماره‌ی 252 ره‌خنه‌ی جاودیر بلاو بۆته‌وه