گۆرانیی گۆرانییان …. حەزرەتی سولەیمان
”گۆرانیی گۆرانییان” یەکێکە لە کتێبەکانی ئینجیل (پەیمانی کۆن). کتێبێکی پیرۆزی ئایینی جوو و مەسیحییە. کتێبەکە بە عیبری کۆن نووسراوە. من لە دوو تەرجەمەی جودای ئەم شیعرەوە بۆ سوێدی، تەرجەمەی کوردیم کردووە.
ئەم شیعرە باسی خۆشەویستی نێوان بووک و زاوایەک دەکات، چەند ئاشقی یەکدین و چۆن گۆرانی بەسەر یەکدیدا دەڵێن. لای جووەکان بە خۆشەویستیی خودا بۆ ئیسرائیل تەفسیر دەکرێت و لای مەسیحییەکانیش بە خۆشەویستیی نێوان حەزرەتی مەسیح و کڵێسا تەفسیر دەکرێت.
ئەم شیعرە، ئاسەواری بەسەر ئەدەبی ئەورووپاییەوە هەیە و زۆر نووسەر سرووشیان لێ وەرگرتووە. دەکرێت بە ”سروودی نەی”ی مەولانا جەلالوددینی ڕۆمی بچوێنین. کە هەردووکیان شیعری خۆشەویستی و تاسەی بەیەکگەیشتنن.
گۆرانیی گۆرانییان ١: ١ -١٧
١گۆرانیی گۆرانییان، لەلایەن ‘سولەیمان’ـەوە
٢{بووک} دەمەوێ لە دەمی ئەو ماچ بخۆمەوە!
– ئەوینی تۆ لە شەراب خۆشترە.
٣بۆنی شیلەکانت خۆشن،
ناوت وەک شیلەی ڕژاوە
بۆیە کیژۆڵان خۆشیان دەوێی.
٤لەگەڵ خۆتم ببە، با پەلە بکەین،
شا بۆ ژووری خۆتم ببە.
پێت شاد و ئاسوودە دەبین
لە شەرابیش زێتر ستایشی ئەوینت دەکەین.
بەڕاستی خۆشیان دەوێی.
٥من ڕەش و جوانم،
ئەی کچانی ئورشەلیم،
ڕەش وەک ڕەشماڵی قیدار
وەک کەپرەکانی سولەیمان.
٦حەقتان بەوەدا نەبێ کە ڕەشم،
کە خۆر سووتاندوومیەتی.
کوڕەکانی دایکم سەرکۆنەیان کردم
دایاننام پاسەوانی ڕەزەکان بم.
پاسەوانیی ڕەزی خۆمم نەکرد.
٧پێم بڵێ تۆ، کە ڕۆحم خۆشیدەوێی،
لەکوێ مێگەلت دەلەوەڕێنیت و
نیوەڕۆیان لەکوێ پشوویان پێ دەدەی.
هەتا ون نەبم و
بە ڕەشپۆشی بچمە ناو مێگەلی هاوڕێکانت.
٨{زاوا} ئەی جوانی ناو ژنان،
ئەوە نازانی!
هەر شوونی مەڕەکان هەڵبگرە و
با کاژیلەکانت
لە هەواری شوانان بلەوەڕێن.
٩بە ئەسپێکی بەرگالیسکەی فیرعەونت دەچوێنم،
خۆشەویستم.
١٠ڕوومەتە جوانەکانت بە بەردەپیرۆزە و
ملت بە مرواری دەڕازێنرێتەوە
١١گەردانەی لە زێڕی بە موورووی زیوت
بۆ دروست دەکەین.
١٢{بووک} وەختێک شا لەسەر جێگەی خۆی دەڕازێ
‘ناردین’م بۆنی خۆی دەپرژێنێ.
١٣خۆشەویستەکەم وەک دەسکێک ‘موڕ’ە
لەنێوان مەمکەکانمدا.
١٤خۆشەویستەکەم دەسکێک گوڵە خەنەی
ناو ڕەزی ‘عین جدی’ـە.
١٥{زاوا} چەند جوانی خۆشەویستم،
چەند جوانی!
چاوەکانت کۆترن.
١٦{بووک} خۆشەویستم چەند جوانی،
تۆ شیرینی!
هەواریشمان بژوێنە.
١٧کۆڵەکەی خانوومان دارمازووە،
سەربانیشمان دارسرووە.
گۆرانیی گۆرانییان ٢: ١ -١٧
١من نێرگزی دەشتی شارۆن و
سۆسەنی ناو دۆڵانم.
٢{زاوا} وەک سۆسەنی ناو دڕکانە
خۆشەویستی من لەناو کچان.
٣{بووک} وەک دارسێوی ناو دارستانە
خۆشەویستی من لەناو کوڕان.
لە بەرسێبەری دابنیشم، چێژ دەبینم من
مێوەیشی شیرینە لە دەمی من.
٤لەبن ئاڵای ئەوینیدا
بۆ خانەی بادەم دەبا.
٥بە دەنکە مێوژان وزەم پێ دەدا
بە سێوان هێزم دێنێتەبەر
من بە ئەشق نەخۆشم.
٦باسکی چەپی لەبن سەرم بێ،
هی ڕاستیشی لەباوەشم بنێ.
٧کچەکانی ئورشەلیم،
بە ئاسک و کەڵەکێوییەکانی دەشت پەیمانتان دەدەمێ
ئەوین بێزار و بێدار نەکەم
هەتا خۆی نەیەوێ.
٨گوێبگرە، وا خۆشەویستەکەم دێت!
ئەوەتا،
بەسەر چیاکاندا هەڵدەگەڕێ،
بەسەر گردەکاندا هەڵدەبەزێ و دادەبەزێ.
٩خۆشەویستەکەم وەک ئاسکێکە،
وەک بزنەکێوییەکە.
وا لە بەر ماڵمان وەستاوە،
لە پەنجەرەوە چاودەگێڕێ و
بەناو شیشەبەندەوە سەیر دەکات.
١٠{زاوا} خۆشەویستەکەم وەڵامیدایەوە و پێی گوتم:
”وەرە، خۆشەویستم
کچی جوان وەرە دەرەوە!”
١١زستان نەما
کاتی باران بەسەرچووە
١٢گوڵزار زەوی داپۆشیوە
سەردەمی گۆرانییە
لە وڵاتمان دەنگی کۆترەباریکە دێت
١٣بەری هەنجیران گەییوە
دارمێوەکان بۆنیان دێ.
هەستە وەرە خۆشەویستم
کچی ڕند وەرە دەرەوە!
١٤ئەی کۆترەکەی ناو خەڕەندەکانی چیام
لەناو حەشارگەی سەر گاشەبەردان
لێمگەڕێ با شێوەت ببینم
لێمگەڕێ با گوێم لە دەنگی تۆ ببێ!
چونکە دەنگت خۆشە،
شێوەت جوانە.
١٥{کۆرس} ڕێوییەکانمان بۆ بگرە،
ڕێوییە بچووکەکان،
ئەوانەی بەناو ڕەزان وەربوونە،
چونکە ڕەزەکانمان شکۆفەیان کردووە.
١٦{بووک} خۆشەویستەکەم هی منە و منیش هی ئەو
ئەو کە لەناو سۆسەنان مێگەلی دەلەوەڕێنێ.
١٧خۆشەویستم، هەتا ڕۆژدەبێتەوە و
سێبەرەکان ڕادەکەن،
وەکو ئاسک، وەکو بزنە کێوییەکی بچووک
بەسەر ئەم چیا بۆندارانەدا، هەڵببەزە و داببەزە.
گۆرانیی گۆرانییان ٣: ١ -١١
١شەوان لەسەر جێگەمدا
بۆ ئەو کەسەی ڕۆحم خۆشی دەوێ دەگەڕێم.
دەگەڕێم و نایدۆزمەوە.
٢دەمەوێ ڕاببم و لەناو شار
بە شەقام و گۆرەپانەکاندا بگەڕێم و
ئەو کەسە بدۆزمەوە کە ڕۆحم خۆشی دەوێ.
دەگەڕێم و نایدۆزمەوە.
٣پاسەوانەکان، ئەوانەی لە شار دەسوڕێنەوە
دەمبیننەوە.
”ئەو کەسەتان بینیوە، کە ڕۆحی من خۆشی دەوێ؟”
٤هێشتا تەواو لێیان جوودا نەبووبوومەوە،
ئەو کەسەی ڕۆحم خۆشی دەوێ، دەدۆزمەوە
دەیگرم و بەرینادەم
هەتا نەیبەمە ماڵی دایکم و
ئەو ژوورەی ماڵی ئەو، منی تێدا زاند.
٥کچەکانی ئورشەلیم،
بە ئاسک و کەڵەکێوییەکانی دەشت پەیمانتان دەدەمێ
ئەوین بێزار و بێدار نەکەم
هەتا خۆی نەیەوێ.
٦{کۆرس} ئەو ژەنە کێیە وا لە بیابانەوە،
وەک کۆڵەکەیەکی لە دووکەڵ،
بە بۆنوبەرامی ‘موڕ’ و بخوور و
بە هەموو بۆنەکانی عەتارەوە دێ؟
٧تەماشا بکەن ئەوە تەختی ‘سولەیمان’ـە!
شەست قارەمان لە قارەمانەکانی ئیسرائیل،
بەدەورییەوەن.
٨هەموویان شمشیردارن و
مەشقی شەڕیشیان کردووە،
هەر یەکەیان شمشێریان بە لانێکەوەیە،
دژی مەترسییەکانی شەو.
٩شا سولەیمان تەختەکەی
لە داری لوبنان دروست کرد
١٠ئەستوون لە زیو
پشت لە زێڕ
دۆشەک لە قوماشی وەنەوشەیی
ڕووی ناوەوەیشی، کچەکانی ئورشەلیم
بە ئەشقەوە ڕازاندوویانەتەوە.
١١کچەکانی زایۆن وەرنە دەرەوە و
تەماشای شا سولەیمان و
ئەو تاجە بکەن کە دایکی
لە ڕۆژی زەماوەندی ئەو،
لە ڕۆژی دڵخۆشیی ئەودا لە سەری دانا
گۆرانیی گۆرانییان ٤: ١ -١٦
١{زاوا} چەند جوانی، خۆشەویستم
چەند جوانی!
چاوەکانت کۆترن
لەبن ڕووبەنددا.
قژت وەک پەزێک بزنە
کە بەسەر چیای ‘جلعاد’دا هەڵدەگەڕێ.
٢ددانەکانت وەک مێگەلێک مەڕی تازە بڕاوەن،
کە لەناو ئاو هاتوونەتە دەرەوە،
هەموویان جمکەیان زاندووە و
هیچیان بێ کاریلە نیین.
٣وەک بەنی سوورە لێوەکانی تۆ،
دەمت جوانە.
وەک قاشێک هەنارە لاجانگی تۆ
لەبن چارشێودا.
٤وەک منارەی داودە ملی تۆ
بە چین چین بەردەوە،
هەزار قەلغانی پێدا هەڵواسراوە،
تیردانی هەموو قارەمانەکانیش.
٥وەک جووتێک ئاسکی بچووکن، مەمکەنانی تۆ
دوو جمکە ئاسکن
لەناو سۆسەندا دەلەوەڕێن.
٦هەتا ڕۆژدەبێتەوە و
سێبەرەکان ڕادەکەن.
دەمەوێ بچمە چیای موڕ و
گردی بۆنخۆش.
٧هەموو شتێکت جوانە، خۆشەویستم
هیچ خەوشێکت نییە.
٨لە لوبنانەوە لەگەڵم وەرە، ئەی بووک،
لە لوبنانەوە وەرە!
لە لووتکەی ‘ئەمانە’،
لە دوندی ‘شنیر و حەڕموون’،
لە لانەی شێران
لە چیای پڵنگان وەرەخوارەوە.
٩خوشکێ، بووکێ، تۆ دڵت بردووم،
بە یەک تاکە نیگای چاوەکانت دڵت بردووم،
بە یەک تاکە ئەڵقەی گەردانەت.
١٠ئەوینت چەند جوانە
خوشکێ، بووکێ
ئەوینت لە بادە خۆشترە!
شیلەت لە هەموو بۆنێک خۆشترە!
١١بووکێ، لێوەکانت وەک شەمێ،
هەنگوینیان لێ دەچۆڕێ.
هەنگوین و شیرت لەبن زمانە
بۆنی جلوبەرگت وەک بۆنی لوبنانە.
١٢باخێکی بە پەرژینە خوشک و بووکی من،
باخچەیەکی بە پەرژینە، کانییەکی سەرداپۆشراوە.
١٣پێستت باخی دارهەنارە،
بە مێوەی خۆش و
گوڵە خەنە و ‘ناردین’ـەوە،
١٤بە ناردین و زەعفەران، بە کالموس و دارچین و
هەموو جۆرە درەختێکی بۆندارەوە
بە موڕ و ‘ئەلوە’ و
هەموو جۆرە بەهاراتێکی بۆنخۆشەوە.
١٥تۆ کانیی باخیت،
بیرێکی ئاو سازگاریت،
جۆگەلەی لوبنانیت.
١٦{بووک} ئەی بای باکوور ڕابە! بای باشوور وەرە!
بەناو باخچەکەمدا هەڵبکەن
هەتا بۆنە خۆشەکانی بڵاو ببنەوە!
با خۆشەویستەکەم بێتە ناو باخی خۆی و
مێوە خۆشەکانی بخوا!
گۆرانیی گۆرانییان ٥: ١ -١٦
١{زاوا} هاتوومەتە ناو باخەکەم
خوشکێ، بووکێ
موڕ و بەهاراتی خۆم چنیوە
شەمێ و هەنگوینی خۆم خواردووە
شەراب و شیری خۆم خواردووەتەوە.
{کۆرس} بخۆن ئەی هاوڕێیان!
بخۆنەوە و خۆتان مەست بکەن ئەی خۆشەویستان!
٢{بووک} نووستووم، بەڵام دڵم بێدارە.
دەنگێک دێت، خۆشەویستەکەمە لێ دەدا:
”لێم بکەرەوە خوشکێ، خۆشەویستم،
ئەی کۆترەکەم، ئەی هەموو شتێکم!
چونکە قژم بە ئاونگ شێدارە و
پرچە لوولەکانیشم بە دڵۆپەی شەو تەڕن.”
٣بنکراسەکەمم داکەندووە
دیسان لەبەری بکەمەوە؟
پێیەکانم شووشتوون
دیسان پیسیان بکەمەوە؟
٤خۆشەویستەکەم دەستی لە دەرزی دەرگەوە دەردێنێ و
من هەناوم دەهەژێ.
٥هەستامەوە، بۆ ئەوەی لە خۆشەویستەکەم بکەمەوە،
دەستم موڕیان لێ دەچۆڕا و
موڕی شلی پەنجەکانم دەڕژێنە سەر قوفڵەکەوە.
٦لە خۆشەویستەکەم دەکەمەوە
بەڵام خۆشەویستەکەم ڕووی وەرگێرابوو و رۆیشتبوو.
ڕۆحم دەرچووبوو، وەختێک هاتە گۆ.
بۆی دەگەڕێم، نایدۆزمەوە،
بانگی دەکەم، وەڵام ناداتەوە.
٧پاسەوانەکان، ئەوانەی لە شار دەگەڕێن،
دەمبیننەوە.
لێم دەدەن، زامدارم دەکەن.
پاسەوانەکانی شوورە لەچکم لەسەر لادەبەن.
٨کچەکانی ئورشەلیم سوێندتان دەدەم:
ئەگەر خۆشەویستەکەمتان دۆزییەوە،
پێی بڵێن
من نەخۆشی ئەوینم!
٩{کۆرس} خۆشەویستەکەت چی لە خۆشەویستی تر جودایە
ئەی لە هەموو ژنان جوانتر؟
خۆشەویستەکەت چی لە خۆشەویستی تر جودایە،
هەتا وا سوێندمان بدەیت؟
١٠{بووک} خۆشەویستەکەم سوور و سپییە.
لەناو دەهەزاران دیارە.
١١سەری ئەو جوانترین زێڕە.
قژە لوولەکانی لە هێشوەخورما دەچن،
وەک قەلەڕەشکەن.
١٢چاوەکانی وەک کۆترن
لە لێوار جۆگەلەی بە خوڕەدا
لەناو شیر خۆیان دەشۆن،
لە ڕۆخیدا هەڵدەنیشن.
١٣ڕوومەتی وەک مێرگی بە گوڵزارە،
هەموو جۆرە ڕووەکێکی لێ دەڕوێ.
لێوەکانی سۆسەنن و
شیلەی موڕیان لێ دەچۆڕێ.
١٤باسکەکانی گۆچانی زێڕن
بە بەردەتراویلکە نەخش کراون.
زگی قاشێک عاجە
بە مرواری داپۆشراوە.
١٥ڕانەکانی کۆڵەکەی لە مەڕمەڕن
بە بناغەی زێڕەوە.
شێوەی وەک لوبنانە،
وەک دارمازووەکانی ئەوێ خۆگرن.
١٦شەویلکەی ئەو شیرینییە
هەموو شتێکی ئەو خۆشە.
وایە خۆشەویستی من
وایە خۆشەویسترین کەسی من،
ئەی کچانی ئورشەلیم
گۆرانیی گۆرانییان ٦: ١ -١٣
١{کۆرس} خۆشەویستەکەت بۆ کوێ چووە،
ئەی جوانی ناو ژنان؟
بۆ کوێ سەری هەڵگرتووە؟
با لەگەڵ تۆ لێی بگەڕێین؟
٢{بووک} خۆشەویستەکەم چووەتە ناو باخەکەی،
ناو مێرگە بۆندارەکەی.
لەوێ مێگەلی خۆی دەلەوەڕێنێ و
سۆسەن دەچنێ.
٣من هی خۆشەویستەکەمم و ئەویش هی منە،
ئەو کە لەناو سۆسەندا مێگەلی دەلەوەڕینێ.
٤{زاوا} خۆشەویستم، تۆ وەک ‘تیرسە’ جوانی،
وەک ئورشەلیم خۆشی
وەک سوپای ئەستێرە ترسناکی.
٥نیگات لەسەرم لادە
سەرگەردانم دەکا.
قژت وەک مێگەلێک بزنە،
کە بە ‘جلعاد’دا هەڵدەگەڕێ.
٦ددانەکانت وەک مێگەلێک مەڕن
لەناو ئاو هاتوونەتە دەرەوە،
هەموویان جمکەیان زاندووە و
هیچیان بێ کاریلە نیین.
٧وەک قاشێک هەنارە لاجانگی تۆ
لەبن چارشێودا.
٨شەست شاژن و
هەشتا ژنی نهێنی و
بێژماریش کچی گەنج هەن.
٩بەڵام ئەو تاکانەیە، کۆترەکەم
بێخەوشەکەم.
ئەو تاکانەی دایکییەتی،
تاکانەی ئەو کەسەیە زاندوویەتی.
کچەکان دەیبینن و بە خۆشییەوە ستایشی دەکەن،
شاژنەکان و ژنە نهێنییەکان ستایشی دەکەن.
١٠”ئەو ژنە کێیە وەک گزنگ تیشک دەدا،
وەک مانگ جوانە
وەک خۆر پاکە
وەک سوپای ئەستێرە ترسناکی.
١١چوومە ناو باخی دارگوێز
هەتا ببینم لە بژوێندایە دۆڵ
هەتا بزانم: ئایا دارمێوەکان چرۆیان دەرکردووە و
دارهەنارەکان گوڵیان کردووە؟
١٢بەر لەوەی هەست بە ئەمە بکەم،
ڕۆحم گەیاندمیە ناو گالیسکەی میللەتی بەڕەوشتم.
١٣{کۆرس} وا وەرەوە دەی وا وەرەوە،
کچە ‘شولمیس’ی وا وەرە، بگەڕێوە با بتبینین!
{بووک} بۆ دەتانەوێ، کچە شولمیسی ببینن،
کە لەوێ لەناو ئەڵقەدا سەما دەکات؟
گۆرانیی گۆرانییان ٧: ١ -١٣
١{زاوا} پێیەکانت لەناو سۆلدا چەند جوانن،
ئەی ڕەسەنزادە!
خڕیی سێبەندەکانت وەک خشڵێکە
دەستی هونەرمەند نەخشاندوویەتی.
٢ناوکت جامێکی خڕە
با قەت خاڵی نەبێ لە شەراب!
زگت خەرمانە گەنمێکی بڵندە
سۆسەن دەوریان تەنیوە.
٣مەمکەکانت وەک دوو بێچووە کەڵەکێوین،
وەک دوو جمکە ئاسکن.
٤ملت منارەیەکە لە عاج.
چاوەکانت وەک ئاوبەندەکانی ‘حەشبوون’ن
لە دەروازەی ‘بەت ڕەبیم’دا.
لووتت وەک منارەی لوبنانە
ڕووی لە دیمەشق کردووە.
٥سەرت وەک ‘کەرمل’ بڵند هەڵچووە.
پرچی سەرت وەنەوشەییە
شا لەناو گروازەکانیدا بەندە.
٦چەند جوانی، چەند ڕندی
ئەی خۆشەویستم و بەختیارییم.
٧باڵات لە هی دارخورما و
مەمکەکانت لە هێشوو دەچن.
٨دەڵێم: ”بەسەر ئەم دارخورمایەدا هەڵدەگەڕێم و
چڵەپۆپەی دەگرم”.
با مەمکەکانت وەک هێشوەترێ،
بۆنی هەناسەت وەک بۆنی سێو بێ.
٩دەمت وەک خۆشترین شەراب.
لەسەرخۆ لە خۆشەویستەکەمەوە
بچۆڕێتە سەر دەمی من و
ددان و لێوەکانم تەڕ بکەن.
١٠{بووک} من هی خۆشەویستەکەمم،
هەوەسی ئەویش بۆ منە.
١١وەرە خۆشەویستم،
وەرە با بچینە ئەم دەشتودەرە و
لەناو بنچکە خەنان بنووین.
١٢بەیانیان زوو لە خەو ڕابین و بچینە ناو ڕەزان،
بزانین: دارمێوەکان چرۆیان دەرکردووە؟
گوڵەکان شکۆفەیان کردووە؟
دارهەنارەکان گوڵیان کردووە؟
لەوێ، ئەوینی خۆمت دەدەمێ.
١٣سێوەکانی ئەوین بۆنیان دێت،
لە بەردەرگەماندا مێوەی خۆش،
هی کۆن و تازە دانراون.
خۆشەویستم، بۆ تۆم هەڵگرتوون.
گۆرانیی گۆرانییان ٨: ١ -١٤
١خۆ ئەگەر برامیش بوایت،
کە بە مەمکی دایکم گۆش دەکرایت!
ئەگەر لە دەرەوە بمبینیبوایت،
ماچم دەکردیت و کەس بێڕێزیی پێ نەدەکردم.
٢ئەوسا دەمبردیتە ماڵی دایکم
ماڵی ئەو کە منی پەروەردە کردووە.
لەوێ بادەی بە تامم و
شەربەتی دارهەنارەکانمم دەدایتێ.
٣باسکی چەپی لەبن سەرم بێ،
هی ڕاستیشی لەباوەشم بنێ.
٤پەیمانتان دەدەمێ، کچەکانی ئورشەلیم
ئەوین بێزار و بێدار نەکەم
هەتا خۆی نەیەوێ.
٥{کۆرس} ئەوە ژنە کێیە وا لە بیابانەوە دێت و
خۆی بەسەر خۆشەویستەکەیدا لارکرووەتەوە؟
{بووک} لەبن دارسێوەدا بێدارم کردیتەوە،
لەوێ دایکت زگی بە تۆ گرت،
لەوێ ئەو کە تۆی زاند، زگی گرت.
٦وەک مۆرێک لە سەر دڵتدا، هەڵمبگرە،
وەک مۆرێک لەسەر باسکتدا.
چونکە ئەوین وەک مەرگ بەهێزە.
تاسە وەک گۆر سەختە،
کڵپەکانی، گری ئاگرن،
بەگرمەگرمن.
٧ئاوی زۆر ناتوانێت ئەوین خامۆش بکات،
ڕووبار ناتوانن رایبماڵێ.
ئەگەر کەسێک بەهای خانووەکەی بۆ خۆشەویستی دابنێت،
کێ سووکایەتی پێ دەکات؟
٨{کۆرس} خوشکێکی بچووکمان هەیە،
هێشتا مەمکی نەهاتووە.
چی لە خوشکمان بکەین
ئەو ڕۆژەی خوازبێنی دێت؟
٩ئەگەر شوورە بێت
بورجی زیوی لەسەر دروست دەکەین،
بەڵام ئەگەر دەرگە بێت
بە تەختەیەکی دارمازوو دەیگرین.
١٠{بووک} من شوورەم،
مەمکەکانم وەک بورجن.
بەڵام لە بەر چاوی ئەودا
ئاشتیخوازم.
١١{زاوا} سولەیمان لە بەعل هاموون
ڕەزێکی هەبوو.
ڕەزەکەی بۆ پاسەوانەکان بە جێ هێشت.
هەر یەکێکیان هەزار دراوی زیویان
بە مێوەکان دەست دەکەوت.
١٢من ڕەزی خۆمم لە بەردەستە.
سولەیمان، هەزارەکەی خۆت بهێڵەوە و
دووسەدیان بدە پاسەوانی میوەکان.
١٣تۆ کە لەناو ڕەزیت،
هاوڕێکان گوێیان لە دەنگتە،
با گوێم لێت بێت بڵێی:
١٤”خۆشەویستم پەلە بکە،
وەک ئاسکێک، یان کەڵەکیوییەکی بچووک
بۆ ناو ئەو چیا بۆندارانە”.
پەراوێز
٥:١ قیدار: ناوێکی سامییە. کوڕی حەزرەتی ئیسماعیل بوو. سەرۆکهۆزێک بوو بەم ناوەوە. کە هۆزێکی زۆر ناوداری عەرەب بوون و لەبن ڕەشماڵی ڕەشدا دەژیان.
١٢:١ ناردین: گیایەکی بۆن خۆشە و لە بەرزایی چیا دەڕوێ. بە لاتینی و زۆر زمانی تر پێی دەڵێن نەردووس.
١٣:١ موڕ: ناوی درەختێکی شیلە بۆنخۆشە. بە لاتینی و گریکی و عەرەبیش وای پێ دەڵێن. mu´rr(h)a, وەک دارەبەن و داربنێشت شیلەی هەیە و لە شیلەکەدا، بۆنوبەرام دەروست دەکرێت.
١٤:١ عین جدی: واحەیەکە لە کەنار دەریای مردوو.
١:٤ جلعاد: چیایەکە لە ڕۆژئاوای ئوردن. ناوێکی عیبرییە، بە مانای ڕەق و زبر دێت.
٨:٤ ئەممانە: ناوە عیبرییەکەی ”چیای لوبنان’ـە. ناوی لوبنانیش لە زمانە سامییەکاندا، بە مانای ”سپی، یان شێوەی ماست” دێت، چونکە دوندی بە بەفر داپۆشراوە.
شنیر و حەڕموون: ناوی دوو دوندی چیان.
١٤:٤ کالموس: ناوە لاتینییەکەی جۆرە قامیشێکی خۆنخۆشە. Acorus calamus
ئەلوە: ڕوەکێکە شیلەی تێدایە و دەرمان و بۆنی لێ دروست دەکرێت. Aloe vera ناوە لاتینییەکەیەتی.
٤:٦ تیرسە: شارێکە کەنعانییەکان دروستیان کردووە، دوای مردنی سولەیمان پێتەختی ئیسرائیل بوو. دەگوترێ شارێکی زۆر جوانە.
٨:٦ ژنی نهێنی: لە ناموسی یەهودیدا، (شەریعەتی یەهودی) ژنی شەرعین، بەڵام پلە و پایەیان وەک هی ژنی گەورەی ماڵ نییە. ناموس وشەیەکی گریکییە و هاومانای شەریعەیە. لە ئەدەبیاتی یەهوودیدا، دەگوترێ ناموسی موسا، واتە شەریعەتی موسا.
١٣:٦ شولمیس: ناوێکە لە ‘شونم’ـەوە هاتووە، Shunem کە شارێکی کەنعانییەکان بوو.
٤:٧ حەشبوون: شارێکی سەردەمی ئەنتیک بوو.
٥:٧ کەرمل: زنجیرە چیایەکە.
١١:٨ بعل هامون: شوێنێکە تێیدا حەزرەتی سولەیمان ڕەزێکی گەورەی هەبوو.
لە ژمارە ٨ی گۆڤاری ”واتە” بڵاوکراوەتەوە.