رۆژێ له رۆژان ده‌بم به خۆم …ته‌ڵعه‌ت تاهیر
*
رۆژێ دادێ ده‌بم به‌و كه‌سه‌ی ده‌مه‌وێ …
به‌بۆنی حه‌رفی یه‌كه‌می ناوێك ، كه نایدركێنم ،
درێژه به گه‌شتی یه‌كه‌مم ده‌ده‌م به‌ره‌و مانا .
رێگه‌یه‌ك ده‌دۆزمه‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی خۆم ،
له‌و ئاگرانه سڵ ناكه‌مه‌وه كه بازده‌ده‌نه سه‌ر جوانیی .
ده‌خیله‌ی كات و شوێن ده‌شكێنم ،
قازێ ده‌كڕم ،
په‌ڕه‌كانی سوێی مه‌غریبان بكاته‌وه !
وشه‌یه‌ك په‌یدا ده‌كه‌م ،
نهێنی په‌لكه‌زێڕینه بزانێ و ببێته براده‌رم .
*
رۆژێ دادێ له ناو ئێمه‌دا خۆم ده‌ردێنم ،
به‌بێ مننه‌ت ، له‌ناو ناوی خۆم نیشته‌جێ ده‌بم .
به روونی ، له ئاڵۆزیدا داده‌نیشم .
خه‌یاڵم كۆده‌كه‌مه‌وه ،
له باڵنده په‌ند وه‌رده‌گرم ، تا باڵی گه‌رمتر دابێت ،
له جوانیی نزیكتر بۆته‌وه .
*
رۆژێ له رۆژان ده‌بمه شاعیر ،
زمانم ده‌كه‌مه مه‌جازی مه‌جاز ،
گوێم له گریانی ئه‌و دار قامیشانه ده‌بێ ،
كه بێچووه‌كانیان بوونه‌ته شمشاڵ .
له پرسه‌ی ئه‌و سنه‌وبه‌رانه‌ش داده‌نیشم ،
كه لقه‌كانیان كراونه‌ته ده‌سكی قه‌نه‌فه .
دڵی توێكڵه پرته‌قاڵه‌كانی سه‌رجاده ده‌ده‌مه‌وه ،
كه له ماڵی تامه‌وه ده‌ركراون .
له‌گه‌ڵ سروشت ئاشتده‌بمه‌وه .
ده‌بمه وه‌رگێڕی نێوان گوڵ و په‌پووله،
كه به دوو زمانی جیاواز یه‌كتر تاڵان ده‌كه‌ن .
رێزی توخمه‌كان ده‌گرم ،
به ئاو ده‌ڵێم ئاو، مانای دیكه‌ی پێنابه‌خشم ،
غه‌دری دووه‌می لێناكه‌م .
*
لیره‌یه‌كی زۆر كۆده‌كه‌مه‌وه ،
رۆشنایی پێده‌كڕم ،
مانگ له هه‌ژمه‌تا ببێته نیوه .
رۆژه‌كانم به خۆڵ ده‌شۆم ،
پێڵاوه‌كانم ده‌سڕمه‌وه و به فیزێكه‌وه رێده‌كه‌م و
بڕیار ده‌ده‌م كه دڵشادم .
*
رۆژێ له رۆژان ،
ده‌ست له غروری زیندووان هه‌ڵده‌گرم .
به ده‌نگی به‌رز ئه‌و حیكایه‌تانه ده‌گێڕمه‌وه ،
كه تۆز ده‌خه‌نه سه‌ر كیمیای مێژووم .
بێبه‌ری ده‌بم له‌و رۆژانه‌ی ،
كه سپێتی دڵم تێكه‌ڵ به ئێواره‌یان نه‌بووه !
*
پێم سه‌یر نابێ چۆله‌كه‌كان ده‌نووك له شان و ملی
یاره ئه‌سمه‌ره‌كه‌م بگرن ،
له‌و دووره‌وه به نانی گه‌نمی ده‌زانن .
*
چه‌شنی مشته خوێیه‌ك له ژیاندا ده‌توێمه‌وه ،
ده‌شزانم تام ناده‌مه جامێ ئاوی ئه‌م دنیایه .
*
هه‌وڵ ده‌ده‌م
باوه‌ڕ به مه‌حوی بێنم ،
كه پێویسته قومێ عه‌قڵ له ده‌فری ماركس بخواته‌وه .
*
به عه‌نبه‌ر خاتوون ده‌ڵێم ،
بۆدلێر مه‌وله‌ویێكی تره .
*
ده‌پرسم :
بۆچی رۆژانه ، مانگ خۆی ده‌شارێته‌وه ؟
شه‌ویش نییه هه‌تاو یه‌خه‌ی نه‌گرێ !
داوای ئه‌و تیشكه ده‌كاته‌وه ،
كه به قه‌رز پێی داوه ؟
*
ده‌گۆڕێم ،
تێده‌كۆشم نان ئینكاریم لێنه‌كا .
خۆشه‌ویستی ده‌سه‌نمه‌وه ،
له به‌كره‌جۆ به قوربانی ژنێك ده‌بم ،
له ئه‌سته‌نبول له مزگه‌وتی ئایاسۆفیا تۆبه ده‌كه‌م .
*
ره‌نگی ئاسمانی و خاكیی ئاشتده‌كه‌مه‌وه ،
كه له‌وه‌ته‌ی هه‌ن گاڵته به‌یه‌كتر ده‌كه‌ن .
*
ئاسمان به ئاگا ده‌هێنمه‌وه هه‌ڵه نه‌كات :
ته‌نیا مرۆڤ ده‌خوێنێته‌وه ،
نووسه‌ر نییه .
*
مژده ده‌ده‌مه ئه‌و دره‌خته‌ی جێگه‌ی یه‌كه‌م ژووانم بووه :
خۆت به دارستان بزانه.
*
رۆژێ له رۆژان
به‌تاڵ ده‌بمه‌وه له توندڕه‌وییم بۆ شوێن .
خۆم رادێنم كه زه‌مه‌نیش ته‌نیا وشه‌یه‌ك بێت له وشه‌كان .
له په‌نا ژنێك خۆم ده‌شارمه‌وه ،
ئه‌م دنیا ئاڵۆزه ،
پێویستی به په‌یداكردنی جوانییه‌كی روون هه‌یه .
*
رۆژێ دادێ ،
ته‌یرێك له‌سه‌ر شانم ده‌نیشێته‌وه و ده‌بمه پاشا
بڕیار ده‌رده‌كه‌م به قژی منداڵ بڵێن : گوڵه‌گه‌نم !
مامز ده‌كه‌مه مامانی شاعیر
دنیا جوان ده‌كه‌م ،
پڵنگه‌كان له به‌تانی منداڵه‌كان ده‌رده‌كه‌م و
پڕی ده‌كه‌م له جوجكه‌ی خرپن .
*
زۆر مه‌منوونی سێ‌و ده‌بم ،
پیرۆزبایشی لێده‌كه‌م ،
باوه‌ڕی به ئاده‌م هێنا :
نوێخواز بێ .
*
رۆژێ له رۆژان خۆم به گرنگ ده‌زانم
ده‌نووسم : بزنه كێوی و ده‌یخه‌مه ناو دوو كه‌وانه
له شێوه‌ی باپیرانم به ده‌وریدا هه‌ڵده‌په‌ڕم
به گه‌ڵایه‌ك بۆ عه‌وره‌تم وازدێنم
چڵه زه‌یتوونه‌كان ده‌شارمه‌وه و
له كۆتر ده‌پرسم : تۆفان له كام لایه ؟
*
له‌گه‌ڵ مندا دار و به‌ردیش سه‌ربورده‌ی تایبه‌تیان ده‌بێت :
دار بۆ مرۆڤ یاره یا نه‌یار ؟
چۆن هه‌ردوو سه‌ری داره‌كه‌ی پێده‌گیرێ ؟
(بێشكه و تابووت ) .
رێزی به‌رد ناگرم ،
له‌م رۆژگاره ناخۆشه‌شدا بڕیاری داوه نه‌جوڵێ ،
به‌ردێ نه‌خاته سه‌ر به‌ردێ !
*
دنیا غوباره و هه‌ژارییش ـ با ـ
ده‌ستی كراوه‌ی سواڵكه‌رێك ،
به‌ڵگه‌ی هاوكاریی شێتییه له‌گه‌ڵ رۆژگار .
*
ده‌بمه ئه‌ندامی خێزانی پرسیار ..
وه‌ڵام ده‌رگام لێده‌گرێ ؟
ده‌بمه گومان : له په‌نجه‌ره‌ی پرسیارێكه‌وه راده‌كه‌م .
*
رۆژێ له رۆژان به‌له‌مێك ده‌دزم ..
براده‌ره نزیكه‌كانم ده‌به‌مه پیاسه ،
سێبه‌ری هه‌ورێ به‌كرێ ده‌گرین :
تا پشتمان ده‌شكێ ،
له نیشتمان ده‌ڕشێینه‌وه .
تا سكمان دێشێ ،
به مێژوو پێده‌كه‌نین .
*
رۆژێ له رۆژان نابمه كه‌س ،
رۆژێ له رۆژان ده‌بمه خۆم .
ته‌ڵعه‌ت تاهیر