دیمانه‌ی ڕووبه‌ری داهێنان له‌گه‌ڵ گۆران عه‌بدوڵڵا
دیمانه‌ی ڕووبه‌ری داهێنان له‌گه‌ڵ گۆران عه‌بدوڵڵا
به‌رپرسی ماڵپه‌ری ده‌نگه‌کان …..
پ1/ له دونیای ئه‌ده‌ب و مێژووی نووسراوو دونیای رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌لیكتڕۆنی، كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌ن كه داهێنانێكی جوانیان كردووه و ده‌كرێت شایسته‌ی ئه‌وه‌بن كه پێیان بوترێت داهێنه‌ر، به‌ڕێز گۆران عه‌بدوڵڵا یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی له زه‌مه‌نێكی زووه‌وه كه له ده‌یه‌یه‌ك زیاتره، له رێگه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌لیكتڕۆنییه‌وه بره‌و به ئه‌ده‌ب و رووناكبیریی كورد ده‌دات، با پرسیاره جهوههرییهكهم له‌مه‌وه ده‌ست پێبكه‌م، ئایا ئه‌مه زاده‌ی چی بوو، چ شتێك له‌مه‌دا ڕۆڵی گێڕا؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
پێم خۆشه له قسه‌یه‌کی “نیکۆس کازانتزاکیس”ه‌وه ده‌ست پێبهکهم که‌ده‌ڵێ:(هه‌موو مرۆڤێک هاوارێکی هه‌یه که به‌ر له‌مه‌رگی ده‌ریده‌برێت، ئه‌ویش هاواری خۆیه‌تی. پێوسته مرۆڤ په‌له‌بکات له دهربرینیدا، چونکه له‌وانه‌یه ئه‌و هاواره بێهوده له هه‌وادا پهرشبێتهوه، یان گوێیه‌ک نه‌بێت بیبستێت).
ئێمه هه‌ر هه‌موومان له ده‌رگایه‌که‌وه دێینه ناو ژیان و له ده‌رگایه‌کی تریشه‌وه ماڵئاوای لێده‌که‌ین. هه‌ریه‌که‌مان چه‌نده شانسی درێژوو کورتی ئه‌و وێستگه‌یه‌ی له ژیانکردن به‌رده‌که‌وێ ئه‌وه زۆرتر په‌یوه‌سته به‌و هه‌لومه‌رجه‌ی که تێیدا دێینه بوون، یان کورتی که‌ینه‌وه‌و بڵێین خۆ‌و شانس. هه‌وڵدان بۆ دانی مانایه‌ک به برگه‌کانی ته‌مه‌نمان له هاوسه‌فه‌ری زه‌مه‌ندا، به بروای من کارێکی گرنگه و پێناسه‌یه‌کی گرنگه له په‌یوه‌ند به شوناسی ئینسانیبوونمانهوه.ماناکانی مانادانیش به ژیان ره‌نگه له دیدی هه‌ریه‌که‌مان و ئاره‌زووه‌کانمانه‌وه پێناسه‌ی جیاواز هه‌ڵبگرێت. من بۆ خۆم هه‌میشه هه‌وڵم داوه‌و پێمخۆشبووه که‌م تا زۆرێک مانایه‌ک به ژیانی خۆم ببه‌خشم وه‌ک ئه‌وه‌ی چۆن ژیان ده‌بینم و چ مانایه‌ک به من ده‌به‌خشێت.
من له‌ده‌رگای سیاسه‌ته‌وه هه‌وڵم دا ئه‌وکاره‌بکه‌م، بۆ ئه‌وه‌ش دوو هۆی سه‌ره‌کی هه‌بوو کاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌سه‌رم هه‌بوو، یه‌که‌میان باوکم بوو که له هه‌موو ژیانیدا خاوه‌ن رقێکی ئه‌ستوور بوو له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له عێراقدا، که‌من هه‌ر له منداڵیمه‌وه گوێ بیستی ئه‌و شیعرانه ده‌بووم که ده‌یوتنه‌وه، یه‌کێ له‌و شیعرانه ” ئه‌ی وه‌ته‌ن مه‌فتوونی تۆم و شێوه‌تم بیرکه‌وته‌وه “ی شاعری نه‌مر بێکه‌س بوو که به جۆرێک کاریگه‌ری له‌سه‌رم دانابوو منیش به‌شێکم له‌و شیعره له‌به‌رکردبوو، له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی چاپی دووه‌می دیوانه‌که‌ی بێکه‌س، یه‌کسه‌ر کریم ئه‌و شیعره‌م به‌ته‌واوی له‌به‌رکرد، به‌وه‌شه‌وه نه‌ده‌وه‌ستام به‌ڵکوو به‌ده‌ست و خه‌ت ده‌منووسیه‌وه بۆ ئه‌و براده‌رانه‌م که دیوانه‌که‌ی بێکه‌سیان نه‌بوو.
دووه‌میشیان بارودۆخی شاری که‌رکوک بوو، بارودۆخێکی ناله‌بار خوڵقێنرابوو بۆ کورد له‌و شاره، ده‌سه‌ڵاتی به‌عس بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی کورد له‌و شاره هه‌موو ڕێگایه‌کی گرتبووه‌به‌ر و ژیان تیایدا زۆر بچوک کرابووه‌وه به‌جۆرێک ته‌نها دوو رێگات له ئیختیاردا هه‌بوو،یان ملدان و سرینه‌وه‌ی شوناسی خۆت وه‌ک کوردێک یان به‌رگریکردن، ملدان رۆشن بوو رێگاکه‌ی به‌ره‌و کوێت ده‌بات، به‌رگریکردنیش کورتکرابووه‌وه بۆ سیاسه‌تکردن، سیاسه‌تیش بۆ چه‌ک و شاخ و سوورانه‌وه له‌و بازنه‌یه‌دا.
ساڵی 2000 ساڵی هه‌ڵوێسته‌کردن بوو له ڕابردووی سیاسی خۆم، سه‌ره‌تایه‌ک بوو توانیم ئارامتر بیر له ڕاکه ڕاکهکانی ساڵانی رابردووی خۆم بکه‌مه‌وه.
ژیان له وڵاتێکی وه‌ک که‌نه‌دا، به‌هه‌زاران فرسه‌خ دوور له نیشتمانه‌وه، به هه‌زاران جیاوازی پڕ به مانای جیاوازی جیاواز، له‌سه‌ر زۆر شت رایگرتم و هه‌ڵوێسته‌ی پێکردم. دونیایه‌ک ئێمه لێوه‌ی هاتبووین ژیان تیایدا دابه‌شببوو به‌سه‌ر ره‌ش و سپی‌دا، کێشهگهورهکانمان کرابوونه ژێر ته‌پوتۆزی پێویستییه زۆر سه‌ره‌تاییه‌کانی رۆژانه‌وه. دونیا‌و ئاینده‌مان لێکرابوو به ته‌له‌فزیۆنێکی ره‌ش و سپی ته‌ڵخ. بۆ ده‌نگدان به حزبێک بۆ به ده‌ستهێنانی کورسی په‌رله‌مان زگی یه‌کترمان هه‌ڵده‌دری، بۆ کردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌یه‌ک و قیرکردنی لا کۆڵانێک تا ناو له‌پمان سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕا چه‌پڵه‌مان لێده‌دا، وه‌کوو داشی دامه له به‌رده‌ستی به‌رپرسه‌کان ئه‌م سه‌رو ئه‌و سه‌ریان پێده‌کردین و چ کاتێکیش وه‌ره‌س بوونایه توڕیان هه‌ڵده‌داین. ئه‌مانه‌و سه‌دان پرسیاری تر توشی ڕامان و هه‌ڵوێسته‌یه‌کی قوڵیان کردم. له لایه‌کی تریشه‌وه ده‌ست گه‌شتنم به ژماره‌کانی گۆڤاری ڕه‌هه‌ند، ڕه‌هه‌ند بۆ من کرانه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌ک بوو توانیم زۆر جوانتر دونیای لێوه ببینم، لێوه‌ی فێربووم “گوێ له ده‌نگه‌کانی ناو خۆم بگرم، بۆ ئه‌وه‌ی گوێم له ده‌نگه‌کانی تربێت”، لێوه‌ی فێربووم کوێ بگه‌رێم بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌کان، چۆن له دوێنێ و ئه‌مڕۆی خۆم بڕوانم.
له‌گه‌ڵ به‌ڕێز “عه‌بدوڵڵا سلێمان” هه‌وڵی ده‌رکردنی ڕۆژنامه‌یه‌کمان دا به ناوی”ڕه‌نگاڵه”ه‌وه دوو ژماره‌مان لێ ئاماده‌کرد بۆ چاپ، به‌ڵام لێیی په‌شیمان بووینه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌هۆکاری ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌کی له‌وشێوه‌یه نه‌یده‌توانی کاریگه‌ری هه‌بێ، چوونکه ته‌نها ده‌مانتوانی له سنووری چه‌ند شارێکدا بڵاوی که‌ینه‌وه، سه‌رباری ماندوبوونێکی زۆر‌و پێویستبونی ئیمکاناتێکی مادی زۆر.
پاش دهستڕاگهشتنم به دونیایی ئینته‌رنێت و په‌یداکردنی شاره‌زایی له بواری دیزاینی وێب په‌یجدا، هه‌وڵی دروستکردنی پێگه‌ی”ده‌نگه‌کان”م دا، سه‌ره‌تا شێوه‌یه‌کی زۆر ساده‌و سه‌ره‌تایی هه‌بوو له رووی دیزاینه‌وه، هه‌فتانه نوێ ده‌کرایه‌وه، بابه‌ته‌کانیشی ئه‌و بابه‌ته فیکری و ئه‌ده‌بیانه بوو که له ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی کوردستان بڵاو ده‌بونه‌وه، مه‌به‌ستیش له‌و کاره ئه‌وه‌بوو، ئه‌وبابه‌تانه به زۆرترین خوێنه‌ر بگه‌یه‌نرێت به تایبه‌ت کورده‌کانی تاراوگه ، چونکه له‌و سه‌رده‌مه‌دا خه‌ڵکێکی زۆر ڕوویان له ژووره‌کانی پاڵتۆک ده‌کرد و له قسه‌ی به‌شێکی زۆری قسه‌که‌راندا هه‌ستت به وێرانه‌یه‌کی زۆر ده‌کرد له ڕووی فیکر‌و ئه‌ده‌به‌وه، بێئاگاییه‌کی قووڵ هه‌ست پێده‌کرا سه‌باره‌ت به‌و بزووتنه‌وه فیکری و ئه‌ده‌بیه‌ی که له لایه‌ن نوخبه‌یه‌ک له ڕۆشنبیران ده‌چووه ڕێوه.
پێداگریی ده‌نگه‌کان له درێژه پێدانی کاره‌کانی و گۆڕان و تهکاموڵبوونی به‌رده‌وامی و دروستکردنی ده‌سته‌ی به‌رێوه‌بردن له‌م به‌ڕێزانه ” شلێر ڕه‌شید، عه‌بدوڵڵا سلێمان(مه‌شخه‌ڵ)،ڕزگار عومه‌ر و ڕۆژ ئه‌حمه‌د” بۆ کاره‌کانی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به هه‌ند وه‌رگرتنی به‌رده‌وامی سه‌رنجوو پێشنیاره‌کانی نووسه‌ران و دۆستانی قه‌ڵه‌م. به‌م شێوه‌یه به میتۆدێکی ڕۆشنترهوه درێژه‌ی به کاره‌کانی دا.
پ2/ ئه‌و ساته‌ی كه میدیای ئه‌لیكتڕۆنی په‌یدا بوو، بگره و به‌رده‌یه‌كی زۆر هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه كۆتایی میدیای سه‌ر كاغه‌زه رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌لیكتڕۆنی جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه، ئه‌و گوڕ و تینه‌ی ئێوه‌ش ره‌نگه به‌شێك بێت له‌وه، ئایا ئه‌مه راسته؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
ڕاستییه‌ک جێگیر بووه سه‌باره‌ت به ڕۆژنامه‌گه‌ری ئه‌لیکترۆنی یان خوێندنه‌وه له وێب په‌یج، که توانیوویه‌تی قه‌ڵه‌مبازی زۆر گه‌وره‌بدات له ده‌ساڵی ڕابردوودا ، به‌ڕاده‌یه‌ک بوونی کۆمپیوته‌ر له وڵاتێکی وه‌ک ئه‌مریکا، یه‌کسانه به بوونی ته‌له‌فزیۆن. به‌پێی هه‌ندێک له‌سه‌رچاوه‌کان، خوێنه‌ر و به دوادا چوانی میدیایی ئه‌لیکترۆنی له وڵاتێکی وه‌ک ئه‌مریکا له ساڵی 2005 ه‌وه بۆ نیوه‌ی دووه‌می ساڵی 2009 مانگانه له 41.1 ملیۆنه‌وه زیادی کردووه بۆ 71.8 ملیۆن. له وڵاتێکی وه‌ک تورکیا که کۆی دانیشتوانی 78.7 ملیۆنه به پێی ئاماره‌کانی 2010 رێژه‌ی به‌کار به‌ری ئینته‌رنێت 35 ملیۆن که‌س ده‌بێت، له کاتێدا له 2002 دا ته‌نها4 ملیۆن به‌کاربه‌ر بوو.
مایکڵ مه‌ڵۆن له مارسی 2009 له پێگه‌ی abcNews له‌ژێر سه‌ردێری “چۆن ڕۆژنامه له پێناوی ژیانه‌وه‌دا ده‌بێت بگۆڕێت” زۆر به‌وردی باس له هاتنه خواره‌وه‌ی کێرڤی فرۆشتنی رۆژنامه‌ی کاغه‌زی ده‌کات و باسه‌که‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه به هێنانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک نموونه سه‌باره‌ت به زۆرێک له ڕۆژنامه ناوداره‌کانی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا.
ئه‌و ئیمکاناته مادیی و به‌شه‌رییه‌ی که پێویسته بۆ ده‌رکردنی رۆژنامه‌یه‌کی کاغه‌زی، له ڕووی زۆرییه‌وه هه‌رگیز به‌راورد ناکرێت به رۆژنامه‌یه‌کی ئه‌لیکترۆنی،ئه‌وه سه‌رباری بهرتهسکبوونی سنووری بڵاوبونه‌وه‌و یاسا و ڕێسای تر. ئه‌وه‌ی وای له ئێمه کرد ده‌ست بۆ وه‌ها کارێک به‌رین، به‌شێکی ڕێک هۆکاری ئه‌و خاڵانه‌ی سهرهوبوو،واته تۆ ده‌توانی به‌و کۆمپیوته‌ره‌ی هه‌ته له‌ماڵه‌وه و به‌کڕینی سێرڤه‌رو ناوێک ده‌ست به‌کار بیت.
ده‌نگه‌کان له ڕێی ئه‌و ته‌کنۆلۆژیا نوێیه‌وه ده‌یویست ببێته پردێکی به متمانه بۆ له‌یه‌ک گرێدانی ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی که خاوه‌نی خۆیانن و ژیانێکی ئینسانیانه به‌ڕه‌وا ده‌بینن بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ری له‌گه‌ڵ زۆرترین خوێنه‌ر و له فراوانترین ڕووبه‌ردا. ئێمه سواری پشتی شه‌پۆلێک بووین بێ بایه‌وان و پاسپۆرت و پشکنینی گیرفانه‌کانمان ده‌توانین برۆینه‌وه نیشتمان و هه‌گبه‌ی پر له وشه و شیعری جوانی نووسه‌ره‌کانمان بێ قرتاندن، له ئینجانه‌یه‌کدا له‌به‌ر هه‌یوانی خوێنه‌ره تینووه‌کانی عیشق و جوانی دابنێین.
پ3/ سه‌یری هه‌ر بوارێكی داهێنانی كوردی بكه‌ی، هه‌مووی په‌یوه‌سته به مه‌سه‌له تاكه كه‌سییه‌كان، زۆر كه‌م كاری گرووپ و ده‌سته‌گه‌ریی هه‌یه و توانرابێت داهێنانێك كرابێت، به دڵنیاییه‌وه سایته‌كه‌ی ئێوه‌ش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌رناچێت، ئایا بۆچی ئێمه وه‌كو تاك هێنده‌ی خولیای خۆمان هه‌یه و ده‌مانه‌وێت وه‌كو خۆمان شته‌كان ده‌رخه‌ین، هێنده كه‌متر كاری گرووپ و ده‌سته‌گه‌ریی ده‌كه‌ین؟، ئایا مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌سته به سیاسه‌ته‌وه به‌وه‌ی سیاسه‌ت له ناو كورددا به‌جۆرێك كاری له‌سه‌ر جیاوازگهرایی و ته‌فره‌قه كردووه و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆی كایه‌كانی دیكه‌ی ژیان هه‌یه؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
کێشه‌یه‌ک که له دونیای ئێمه‌دا هه‌یه ئه‌وه‌ش هه‌ر ده‌ڵێی له خوێنمان دایه، هه‌رگیز ئه‌وکاره‌ی که بڕیار ده‌ده‌ین ئه‌نجامی بده‌ین خودی کاره‌که ڕاناپهڕێنین، به‌ڵکوو هه‌ریه‌که‌مان به باکگڕاونده سیاسی،فکری،خێڵه‌کی و شارچێتێ که‌مانه‌وه سه‌دان شتی لابه‌لا له‌و کاره‌ی که بریاره وه‌ک گروپ ئه‌نجام بدرێت بار ده‌که‌ین. ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی نه چوونه پێشه‌وه‌ی کاره‌که‌و فاشل بوونی له کۆتایدا. ئاخر بۆیه کورد تاوه‌کوو ئێستا نه‌یتوانیوه ببێته خاوه‌ن ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ، چوونکه له هه‌موو مێژووی خه‌باتیدا کوردبوون وه‌ک نه‌ته‌وه نه‌بۆته هۆکاری یه‌کبوون و خه‌باتی. بوونی جیاوازیی له ڕووی فیکر‌و بیر‌و بۆچونه‌وه نیشانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی زیندووه، به‌ڵام به‌کار هێنان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موڵکی گشتی له پێناو گروپ و کۆمه‌ڵێکی تایبه‌تدا کارێکی نه‌شیاوه. ناکرێت خۆت به خاوه‌نی شارێک بزانی، که‌چی به‌شی زۆری داهاتی ئه‌و شاره بخرێته خزمه‌تی گهرهکێکهوه، چونکه لایه‌نگیری له گروپه‌که‌ی تۆ ده‌که‌ن، یان سه‌ر به خێڵه‌که‌ی تۆن. کاره‌ساته کاتێک ناوه‌ندێک دروست ده‌که‌یت بۆ پیشاندانی زامهقوڵهکانی نه‌ته‌وه‌که‌ت، که‌چی هه‌موو کاری حیزبێک ده‌بێته سیخناخ کردنی ئه‌و ناوه‌نده به لایه‌نگرانی، ئه‌وه‌ش نه‌ک له پێناوی بردنه پێشه‌وه‌ی باشتری کاره‌کان، به‌ڵکوو بۆ ڕه‌نگرێژ کردنی کاره‌کانه به‌ڕه‌نگی لایه‌نێکی تایبه‌ت. ئه‌م شێوه‌یه له کارکردن هه‌موو دونیای کاری کوردی داگرتووه، هه‌ر بۆیه له وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ش کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌کانی تر تاوه‌کوو ئێساتا نه‌یتوانیوه ببێته خاوه‌ن لۆبییه‌کی به‌هێز . ئه‌و عه‌قڵیه‌ته له‌کارکردن هه‌میشه مایه‌ی لێکترازان و بچووکردنه‌وه‌ی سه‌نگی کاره‌کانمان بووه. په‌نابردن بۆ کاری تاکه‌که‌سی زۆرجار له وه‌ڕه‌سی له‌و بارودۆخه‌ی کارکردنهوهوهدێت که تاکوو ئێستا له‌ناوماندا باڵا ده‌سته.له دونیای ئه‌مرۆشدا به‌هۆی چوونه پێشه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ته‌کنه‌لۆژیاوه ده‌رفه‌ت و توانایه‌کی زیاتری خستۆته به‌رده‌ستی تاک بۆ پیشاندانی تواناکانی خود.
پ4/ ده‌نگه‌كان به‌رده‌وام جێژوانی ئه‌و خوێنه‌ر و نووسه‌ر و داهێنه‌رانه‌یه كه له كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش داهێنانی وشه ده‌كه‌ن و ده‌نووسن و خه‌ڵكێكی زۆریش ده‌یخوێنێته‌وه، ئایا ئه‌مه له رووی ویژدانییه‌وه چ به گۆران عه‌بدوڵڵا ده‌به‌خشێت؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
ده‌نگه‌کان خۆشه‌ویستر ده‌بێت لام، هه‌ست ده‌که‌م له‌گه‌ڵ هاورێیانێکدا شانمان داوه‌ته به‌ر پرۆژه‌یه‌کی جدی و ده‌بێ به به‌رپرسیارێتیه‌کی زۆرتره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌نگه‌کاندا بکرێت.
پ5/ سایته‌كه‌ی ئێوه زۆرتر له ژێر كاریگه‌ریی چه‌پ و له ژێر كاریگه‌ریی عهلمانییهتدایه، ئایا هه‌ڵبژاردنی ئه‌ده‌بیش وه‌كو به‌شێك له عه‌لمانییه‌ت ده‌چێته ژێر ئه‌و كاریگه‌رییه‌وه؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
سه‌باره‌ت به کاریگه‌رییه‌که‌یان ده‌قیقه‌ن وایه،ئه‌ده‌ب له ده‌نگه‌کان که‌متر هه‌وڵی له مه‌نگه‌نه‌دانی دراوه له چاو وتاره سیاسییه‌کاندا. له دیدی مندا جوانترین سه‌یرکردن بۆ ئه‌ده‌ب (مه‌به‌ست له هه‌موو ژانره ئهدهبێکانه) سه‌یرکردنی ئهبستراکتیانهیه. هه‌رکاتێک ئه‌ده‌ب له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕووح مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵداکرا یان بهفلتهرهکانی فیکر‌و سیاسته‌دا تێپه‌ڕکرا به‌ڕای من ده‌بێته ئه‌ده‌بێکی بێ‌گیان. ئه‌ده‌ب حاڵگرتنه له ناو دونیای وشه‌و ،فڕینه بۆ ئه‌ودیوی تواناکانی ڕوانین و زوومی کامێراکان، نقوم بوونه له‌ناو خود. ئه‌ده‌بی جوان نه‌وه‌ی هیچ زه‌مه‌نێک نییه، وه‌ک فریشته هیچ ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌و دیوارێک ناتوانێت ڕێ له فڕینی بگرێت.
ئه‌وه ئه‌ده‌به له ڕێی فه‌نتازیای زمانه‌وه له‌سه‌ر ده‌ستی نووسه‌رێکی وه‌ک Jack Higgins له ڕۆمانی” یه‌ک کاتژمێری ماوه بۆ نیوه شه‌و” ئازاری زامه قووڵه‌کانی هۆڵۆکۆستمان پێ ده‌گه‌یه‌نێ. ئه‌وه (شاری مۆسیقاره سپێکانی به‌ختیار عه‌لیی)ه ده‌مانباته‌وه ناو برینه به سوێکانی ئه‌نفال و له‌وێوه پێمان ده‌ڵێت ” نیشتمانێک له کچێک ده‌چێت دێوێکی زل و ناشرین ڕفاندبێتی و جوانی ژاکاندبێت، سوارچاکێکیش هاتبێت ڕزگاریبکات، به‌ڵام شه‌هوه‌تی ئه‌و سوار چاکه بۆ لاقه‌کردن و ئه‌تککردنی ئه‌و کچه که‌متر نییه له شه‌هوه‌تی دێوه‌کان”.
گرنگیدانی ده‌نگه‌کان به ئه‌ده‌ب گرنگیدانه به جوانی، هه‌وڵدانه بۆ بینینی ژیان له فۆرمه جوانه‌که‌یدا، کۆمه‌ڵگه به بێ بوونی ئه‌ده‌بێکی باڵا ناتوانێت جوانی به‌رهه‌م بێنێت، ناتوانێت ناتووندو تیژ بێت، ناتوانێت کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خوێنه‌وار دروست بکات یان سیاسه‌ت مه‌دارێکی ته‌ندروست به‌رهه‌م بێنێ. له ده‌ستێکی تریشه‌وه وه‌ڵامێکه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که پێیان وایه ئه‌وه ته‌نها وتاری سیاسییه دونیا ده‌گورێ ، سه‌یری ئه‌ده‌بیش وه‌ک پاشکۆ یان وه‌ک کارێکی تایبه‌تی تاکه‌کان سه‌یر ده‌که‌ن.
لینین له شوێنێکدا ده‌ڵێ:” ڕۆمانی دایک پێنج ساڵ شۆرشی برده پێشه‌وه”. به کورتی له‌و دێره‌وه تێده‌گه‌ین ئه‌ده‌ب چییه و خاوه‌نی چ کاریگه‌رییه‌که به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا.
پ6/ چۆنیه‌تی ههڵسوكهوتكردنتان له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسه‌ر و داهێنه‌رانه‌ی كه بابهتتان بۆ ده‌نێرێت، هه‌ڵسوكه‌وتێكی چۆنه، ئایا ئێوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌ق ده‌كه‌ن، یان هه‌رچیتان بۆ بێت بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
به دڵنیایه‌وه ده‌نگه‌کان خاوه‌نی فلته‌ری خۆیه‌تی و هه‌میشه هه‌وڵده‌دات له چوارچێوه‌ی یاسا‌و ڕێسا باوه‌کانی ئه‌و میدیایه‌ی که مافی مرۆڤ وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ کارکردن له به‌رچاو ده‌گرێت کاربکات. ده‌نگه‌کان پەیڕەوو پڕۆگرامی ئەنجومەنی ڕۆژنامه‌وانی كەنەدا كە لە ساڵی 2000 دا پەسەند كراوە، وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ کاری خۆی په‌یره‌وی لێده‌کات، بۆ هه‌ڵسووکه‌وتکردن له‌گه‌ڵ بابه‌ت و نووسه‌راندا. ده‌نگه‌کان هه‌میشه‌و به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دات له‌گه‌ڵ ده‌قدا هه‌ڵسوکه‌وت بکات،ئه‌وحاڵه‌ته‌ش زۆرجار کێشه‌و دڵگرانی درووستکردووه لای هه‌ندێ له نووسه‌ران سه‌باره‌ت به ده‌نگه‌کان،بۆ نموونه کاتێک بابه‌ته‌که‌یان چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌بی نووسینی به‌زاندووه، ناوه‌رۆکێکی شۆفێنیانهو کۆنه‌په‌رستانه‌ی هه‌بووه، به بێ به‌ڵگه و بێ ریعایهتکردنی مافی تاکه‌که‌سی باسی که‌سێک کراوه ، ده‌قێکی لاواز بووه یان گرنگی به بابه‌تێک یان نووسه‌رێک دراوه که له‌گه‌ڵ فکری ئه‌ودا نه‌هاتۆته‌وه، لێمان ره‌نجاوه.
ده‌نگه‌کان سه‌رباری ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی که رۆشنه لای بۆ کارکردن،له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ی بهرێوهبردنهکهشی هه‌میشه پرس و را ده‌گۆرێته‌وه له‌گه‌ڵ به‌شێک له نووسه‌ران و خوێنه‌رانیدا،ئه‌و نووسه‌رو که‌سانه‌ی که به‌رده‌وام وه‌ک سه‌ربازی ون له‌پشتی دهنگهکانهوهن.
ده‌نگه‌کان هه‌میشه هه‌وڵده‌دات له سۆنگه‌ی هه‌ستکردن به به‌رپرسیارێتیه‌وه له به‌رانبه‌ر ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی ئاشنا ده‌بێت به ده‌نگه‌کان،بابه‌ت بڵاوبکاته‌وه. پێمان گرنگه بزانین چی له دڵ و ده‌روونیی نه‌وه‌ی نوێ به جێدێڵین، نه‌وه‌یه‌ک که قه‌ڵه‌می هه‌ڵگرت بۆ نووسین بزانێ له کوێوه ده‌ست پێده‌کات، که چووه کتێبخانه‌یه‌ک چاو بۆ چ کتێبێک بگێڕێت. ئێمه به‌و نیازه‌وه کارده‌که‌ین و ئه‌وه نیه‌تمانه.
پ7/ زۆربه‌ی كه‌سایه‌تییه گه‌وره ئه‌دیب و رووناكبیره‌كانی ئێمه له ده‌نگه‌كاندا شته‌كانی خۆیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، زۆرێكیشیان شانازایش به‌وه ده‌كه‌ن كه له ده‌نگه‌كان، ده‌نگیان ده‌بیسترێت، ئایا هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵای ئێوه‌یه په‌یوه‌ندییان پێوه ده‌كه‌ن، یان خۆیان شته‌كانیان بۆ ئێوه ده‌نێرن و حه‌ز ده‌كه‌ن لای ئێوه بڵاوی بكه‌نه‌وه؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
نووسه‌ر نووسین ده‌نووسێ و به دوای جێگایه‌کدا ده‌گه‌ڕێ بۆ بڵاوکردنه‌وه، به دڵنیایه‌وه نووسه‌ری جدی پێی گرنگه بزانێ له‌کوێ دا نووسینه‌که‌ی بلاوده‌بێته‌وه، چ نووسینێک له شانی بابه‌ته‌که‌ی ئه‌ودا دانراوه، چ سیستمێک په‌یڕه‌و ده‌کرێت له هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌کان، هیچ جۆره سانسۆر و فلته‌رێک په‌یره‌و ده‌کرێت؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه چۆنه و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک کارده‌کات؟ چ جۆره میتۆدێکی فیکری باڵی کێشاوه به‌سه‌ر ئه‌و پێگه‌یه‌دا، پێوه‌ره‌کانی باش و خراپ چین و چۆن په‌یڕه‌وی لێده‌کرێت. سه‌رباری ئه‌وانه کلیکێکی ئه‌رشیف ده‌کات و چاوێک به ناوی نووسه‌ران و بابه‌ته‌کاندا ده‌خشێنێ، ئه‌و کاته بڕیار ده‌دات بابه‌ته‌که‌ی بۆ کوێ ڕه‌وان بکات. ده‌نگه‌کان کڵێشه‌ی نامه‌ی نییه بۆ نووسه‌ر په‌یداکردن، ئه‌وه‌ی هه‌مانه رێزگرتنی ته‌واوه له‌و قه‌ڵه‌م و نوسینانه‌ی که به پێوه‌رێک له پێوه‌ره‌کان ده‌چنه خانه‌ی نووسینی باشه‌وه.
پ8/ پرسیارێكی گشتیم له‌سه‌ر میدیای ئه‌لیكتڕۆنی هه‌یه، به راستی به‌لامه‌وه جێگه‌ی پرسیاره ئایا بۆچی له ناو كورددا ماڵپه‌ڕه باشه‌كان و ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی كه هه‌م ژوانێكن بۆ داهێنه‌ران و ئه‌وانه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی زۆرترین بیروڕای ئازاد، بۆچی له ئهوڕووپان، بۆچی سهرنووسهرهكانیان و خودی سێرڤهرهكانیشیان له ئهوڕووپان؟ ئایا به‌ڕاست ئه‌وه به‌ره‌نجامی چییه؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
ئه‌گه‌ر له وڵاتێک‌دا له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ک له به‌رپرسێکی خواره‌وه شه‌لاقی بکرێیت، له‌سه‌ر ده‌نگدان به لایه‌نێکی بێ نان، نان‌بڕاو بکرێیت. له‌سه‌ر ڕاپۆرتێک یان ته‌نزێک، به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ بکوژرێیت و هه‌موو ڕابردووت بشێوێنن. له‌سه‌ر دروستکردنی ده‌زگایه‌ک که خه‌ڵک بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین لێی سوودمه‌ند بووبن ڕاپێچی ئاسایش بکرێت. له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌قه شیعرێک گوایه به ناجور ناوی خودات هێناوه شاعیر و رۆژنامه‌که له دادگایه‌کی قهرهقوشیدا سه‌د به‌رابه‌ری داهاتی رۆژنامه‌که به نووسه‌ران و سه‌رنووسه‌ره‌که‌یه‌وه سزابدرێیت. له‌سه‌ر کرته‌یه‌کی ڤیدیۆیی یان گرتنی وێنه‌یه‌ک تایه‌ی سه‌یاره‌که‌ت بته‌قێنرێت، کامێراکه‌ت بشکێنرێت، لاچاوت شینبکرێتهوه. له وڵاتێک‌دا بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ک تۆز وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ی کاربکه‌یت ده‌بێ شاره‌زای سه‌دان پلان و سات و سهودابیت. وه‌ک فاڵچی هه‌موو شه‌و ده‌بێت به‌ختی خۆت بگریته‌وه و به‌رانبه‌ره‌که‌ت بخوێنیته‌وه، بزانه خودایه سبه‌ی چ قه‌ده‌رێک چاوه‌رێمان ده‌کات. له وڵاتێک‌دا ئه‌وه حاڵه‌که‌ی بێت، چۆن ده‌کرێت ده‌نگی ئازاد ده‌نگی لێوه‌بێت له کاتێکدا سێرڤه‌ره‌که‌ت، هێڵی ئینته‌رنێته‌که‌ت و نانه‌که‌شت له ژێر باری ره‌حمی ئه‌و قودرهتهدابێت. بۆیه ده‌بینین زوو زوو هه‌وڵه سه‌ربه‌خۆکان هه‌ناسه سوار ده‌بن. بۆ نموونه گۆڤاری شانۆکار که له‌لایه‌ن گروپێکی شانۆکاره‌وه له که‌رکوک ده‌رده‌چوو، ده‌بوایه جێی گرنگیدانێکی تایبه‌ت بووایه ،که‌چی بینیمان پاش ده‌رچونی چه‌ند ژماره‌یه‌کی به هۆی پشتگوێخستن و کۆمه‌ک نه‌کردنیانه‌وه گۆڤاره‌که شانسی ده‌رچوونی له‌ده‌ست ده‌دات ، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی نا ئومێدی له کارکردن لای ئه‌وکه‌سانه‌ی که به شۆرو شه‌وقێکی به‌رزه‌وه بۆ کارکردن هاتبوونه مه‌یدان.
پ9/ ئایا ده‌نگه‌كان ئه‌گه‌ر له هه‌رێمی كوردستانیشبایه هه‌ر ئه‌و توانایه‌ی ئێستای ده‌بوو، ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی ئێستای ده‌بوو؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
به دڵنیایه‌وه نا.چونکه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له دونیای ده‌ره‌وه بۆت ده‌ره‌خسێ بۆ کارێکی له‌و شێوه‌یه، له کوردستان زه‌مینه‌که‌ی له‌بارنییه. ئه‌وه‌ش چ له ڕووی پێشکه‌وتنی ته‌کنۆلۆژیاوه بیگری تا ناسه‌قامگیری زۆربه‌ی بواره‌کانی تری ژیان که په‌یوه‌ندن به تۆ‌و کاره‌که‌ته‌وه. کوردستان سه‌رباری بارودۆخه سیاسیه‌که‌ی که له‌وه‌ڵامی پرسیاری هه‌شته‌مدا باسم کردووه، به‌شێکی زۆری کاته‌کانت ده‌ڕوات بۆ ڕۆتینیاتی ئیداری و موجامه‌لاتی کۆمه‌ڵایه‌تی. له بارودۆخێکی له‌و شێوه‌یه‌دا نا‌توانیت وه‌ک که‌سێکی ته‌واوو سه‌ربه‌خۆ به‌شێک له کاته‌کانی ڕۆژانه‌ت پاش کاری ئاسایی خۆت، بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ته‌رخان بکه‌یت بۆ وه‌ها کارێک.
پ10/ یه‌كێك له كێشه‌كانی میدیای ئه‌لیكتڕۆنی ئه‌وه‌یه كه دواجار نابێته دامه‌زراوه، هێنده‌ی ده‌ق ده‌گرێت به شێوازه‌كه‌ی خۆی و وه‌كوو خۆی ده‌مێنێته‌وه، له كاتێكدا له هه‌رێمی كوردستان چاپه‌مه‌نییه‌كان به گشتی له مه‌ودایه‌كی كه‌مدا یان له مه‌ودایه‌كی دووردا ده‌بن به ده‌زگا، بۆ نموونه چه‌ند كه‌سانێك كه رۆژنامه‌یه‌كی نووسراو ده‌رده‌كه‌ن، له ماوه‌یه‌كدا ده‌توانن پاشكۆ ده‌ربكه‌ن، به‌ڵام له میدیای ئهلیكتڕۆنیدا ئه‌وه نابیندرێت، با له‌سه‌ر ئه‌وه پرسیار بكه‌ین، ئایا ئه‌وه مه‌سه‌له ماددییه‌كانه كه له‌وه‌دا رۆڵ ده‌گێڕێت، یان خواستی خوێنه‌ر و شه‌قام، یان سروشتی كاره‌كه؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
ئه‌گه‌ر بپرسین ئه‌و چاپه‌مه‌نیانه کامانه‌ن، که توانیبێتیان له‌سه‌ر داهاتی فرۆشتنیان نه‌ک ئه‌وه‌ی بووبێتنه ده‌زگا به‌ڵکوو توانیبێتیان بژێوی ستافه‌کانیان دابین بکه‌ن! پێم وانییه ڕێژه‌ی خوێنه‌ر له کوردستان له‌و ئاسته‌دابێت بتوانێت داهاتێکی له‌و جۆره بۆ رۆژنامه دابین بکات، وه نهجوڵهی بازرگانیکردن ئه‌وه‌نده گوێ به ریکلامکردن ده‌دات له رۆژنامه‌کاندا، تا به‌و هۆیه‌وه داهاتێکی زۆر بگه‌رێته‌وه بۆ رۆژنامه‌کان. ئه‌گه‌ر بڕوا به خۆمان بێنین که‌وا ئه‌و رۆژنامانه له رێچکه‌ی ئاسایی خۆیانه‌وه ئه‌و هه‌نگاوانه ده‌نێن، پێم وایه گاڵته به خۆمان ده‌که‌ین. له کوردستان رۆژنامهدهرکردن به‌شێکیان بزنس بوون یان به کوردێکه‌ی بڵێین پارهکردنهوه بووه له حکومه‌ت، به‌شێکی تریشی راسته‌وخۆ هی حیزبه به‌ڵام به پاره‌ی حکومه‌ت . به‌شێکی زۆر که‌م هه‌یه سه‌ربه‌خۆن له ده‌سه‌ڵات و توانیویانه گه‌شه بکه‌ن،به‌ڵام ئه‌وانیش سه‌رچاوه مادێکهیان له کوێوه دێت و چۆن دابینی ده‌که‌ن ئه‌وه‌ش تا ئێستا بۆ ڕای گشتی هه‌ر نادیاره. ڕۆژنامه‌ی کاغه‌زی له ئاستی وڵاته پێشکه‌وتوه‌کاندا ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی مادی زۆر گه‌وره‌ن به هۆی دابه‌زینی ڕیژه‌ی خوێنه‌رانیانه‌وه. له وڵاتێکی وه‌ک که‌نه‌دا به پێێ ئامارێک له ساڵی 2009، داهاتی رۆژنامه کاغهزێکان له ریکلام کردندا به ڕێژه‌ی 18% دابه‌زی، له به‌رانبه‌ردا میدیای ئه‌لیکترۆنی به ڕێژه‌ی 2.3% به‌رزبووه‌وه.
من پێم وایه به پله‌ی یه‌که‌م توانا مادێکانه ڕۆڵ ده‌گێڕن له‌و به ده‌زگا بوون و پاشکۆ ده‌رکردنه. پێم وایه ده‌نگه‌کان یان هه‌ر پێگه‌یه‌کی تری ئه‌لیکترۆنی که بوونه‌ته خاوه‌ن خوێنه‌ری خۆیان ، ئه‌گه‌ر کێشه‌ی مادی نه‌بێ ده‌توانن گه‌شه‌ی زۆر له‌وه زیاتر بکه‌ن. ئه‌مرۆ ته‌کنۆلۆژیا فرسه‌تێکی وای ره‌خساندووه ده‌توانرێ کاری زۆر باشتر بکرێت به کۆمه‌ڵێ که‌سه‌وه که بڕیاری کارکردنیان دابێت.ده‌توانی ئه‌و پێگه سنوورداره‌ی هه‌ته وه‌کوو ده‌یان ده‌زگای میدیای ئه‌لیکترۆنی گه‌وره‌ی تر که ئێستا ئاماده‌ییان هه‌یه له‌سه‌ر تۆری ئینته‌رنێت تۆش له ئاستی سنووری زمانه‌که‌تدا گه‌شه‌ی زیاتر‌و به‌رچاو تر بکه‌یت.
پ11/ روانگهیهگ هه‌یه له‌لای به‌شێك له شاعیره‌كانی ئێمه كه پێیانوایه ئه‌و تاموچێژه‌ی كه له بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانیان له‌سه‌ر كاغه‌ز ده‌یبینن، ئه‌و تاموچێژه له میدیای ئه‌لیكتڕۆنی نابینن، ئایا كه‌س ئه‌وه‌ی به ئێوه وتووه؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
هیچ که‌سێک راسته‌و خۆ ئه‌و قسه‌یه‌ی به ئێمه نه‌وتووه. ده‌کرێت ئه‌وه وابێت، وه به‌دڵنییایه‌وه له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێکی تریش ده‌گۆرێت به تایبه‌ت ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمپیوته‌ردا گه‌وره‌ده‌بێت. به‌ڵام من له‌و باره‌وه چه‌ند سه‌رنجێکم هه‌یه، که به‌کورتی له چه‌ند خاڵێکدا ده‌ریان ده‌بڕم:
1- رۆژنامه‌ی کاغه‌زی له دونیای ئێمه هه‌تا ئێستاش له به‌رانبه‌ر رۆژنامه‌ی دیجیتاڵ ره‌ونه‌قی خۆی له‌ده‌ست نه‌داوه. ئه‌وه‌ش به هۆکاری ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا کۆمپیوته‌ر له کوردستان نه بۆته زه‌روره‌تێک لای زۆربه‌ی خه‌ڵک، نه‌بوونی زهرورهتهکهشی لای خه‌ڵک بۆ چه‌ند خاڵێک ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌وانه:
a- به کۆمپیوتهرنهکردنی کاره ئیدارییه‌کانی حکمومهت،که له‌گه‌ڵ خۆیدا بوونی ئیمێڵ بۆ په‌یوه‌ندیکرن ده‌کاته پێویستییه‌کی زیندوو.
b- نزمیی داهاتی مادی لای زۆربه‌ی خه‌ڵک ،وا ده‌کات توانای کڕینی کۆمپیوته‌ر و کرێی مانگانه‌ی ئینته‌رنێتیان نه‌بێت.
c- به‌کارهێنانی کۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت وه‌ک کارێکی کات به‌سه‌ربردن لای زۆربه‌ی خه‌ڵک.
d- نه‌بوونی کاره‌بای به‌رده‌وام.
2- بڵاو بوونه‌وه‌ی بابه‌ت له رۆژنامه‌ی کاغه‌زی ،هه‌ستکردن به نه‌فه‌وتانی زۆر زیاتره له‌وه‌ی له‌سه‌ر سکرینی مۆنیته‌رێک ده‌یبینیت.
3- هه‌ستکردن به نزیکایه‌تیه‌کی زیاتر له‌گه‌ڵ وشه‌کاندا کاتێک له‌سه‌ر کاغهزدان.
ئه‌و خاڵانه‌و چه‌ندین خاڵی تریش هه‌ن لای هه‌ر یه‌که‌مان که‌وا ده‌که‌ن هه‌ست به تام و چێژی جیاواز بکه‌ین.
پ12/ به‌شێك له‌پێشكه‌وتنی هه‌ر جۆره چاپه‌مه‌نی و میدیایه‌ك په‌یوه‌سته به رێكلام، كه‌چی ده‌نگه‌كان كه‌مترین رێكلامی تێدا ده‌كرێت، به‌وپێیه‌ش بێت سه‌رچاوه‌ی داراییتان كه‌مه، ئایا به‌راست ده‌نگه‌كان بۆچی نه‌بووه‌ته پێگه‌یه‌ك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی جوانترین رێكلامه‌كان؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
ده‌نگه‌کان له ریکلامکردن به‌خت یاری نه‌بووه. زۆرجار باسمان له‌وه کردوه‌و پلانمان بۆ داناوه، به‌ڵام هه‌نگاوی بۆ نه‌نراوه،چوونکه ئێمه بروامان به‌وه نییه هه‌موو ریکلامێک بڵاوکه‌ینه‌وه که له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆک و سیمای ده‌نگه‌کاندا نه‌یه‌ته‌وه. له لایه‌کی تریشه‌وه ههنگاومای پێویستمان هه‌ڵنه‌گرتووه به‌و ئاراسته‌یه‌دا، واته بۆ ئه‌وه‌ی ریکلام بکه‌یت ده‌بێت په‌یوه‌ندی به‌و لایه‌نانه‌وه بکه‌یت که پێویستیان به ریکلامه، ئێمه‌ش ئه‌وکاره‌مان نه‌کردووه. ئێمه پێمان باش بووه ریکلام بۆ پرۆژه‌یه‌ک یان کار‌و کهمپهنیهک بکه‌یه‌ن که مه‌به‌ستی ئه‌و لایه‌نه سه‌رباری ریکلام بۆ پرۆژه‌که‌ی مه‌به‌ستی ریکلام کردنه‌که‌ی له ده‌نگه‌کان سه‌پۆرتکردنی میدیای ئازاد بێت. له لایه‌کی تریشه‌وه پێم وایه ریکلام له‌ناو کوردا نه‌بۆته مۆد، ئه‌گه‌ر سه‌یری ریکلامه‌کانی گووگڵ بکه‌ین ده‌بینین به هه‌موو زمانێک ریکلامی هه‌یه به کوردی نه‌بێت . هه‌موو کارێک بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه بکات ده‌بێت سه‌رچاوه‌یه‌کی مادی دیاریکراوی هه‌بێت،جا ئه‌وه یان ده‌بێت سپانسۆری به‌رده‌وامت هه‌بێت وه‌ک که‌ناڵی بی بی سی ،یان کاری ریکلام کردن. به‌و شێوه‌یه ده‌توانیت گه‌شه‌ی باشتر بکه‌یت، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ین ئاوا ده‌مێنینه‌وه.
پ13/ هه‌ست ناكه‌ی ئه‌و هه‌موو زۆرییه‌ی له‌میدیای نووسراوو بینراوو بیستراوو میدیای ئه‌لیكتڕۆنی ئێمه‌دا هه‌یه، جۆرێكی له خه‌مساردی دروست كرده‌وه به‌وه‌ی كه كه‌س ئیشی كه‌س ناخوێنێته‌وه، كه‌س كه‌س به داهێنه‌ر ناناسێت و كه‌س گوێ له كه‌س ناگرێت، ئایا هه‌ست ناكه‌ی ئه‌وه ئێستا دروست بووه؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
ئه‌وه‌ی ده‌ڵێی که‌س گوێ له که‌س ناگرێت،که‌س که‌س به داهێنه‌ر ناناسێت . پێم وایه پێش ئه‌وه‌ی یه‌خه‌ی خۆمان بگرین ده‌بێت ئه‌و زه‌مینه‌یه بخوێنینه‌وه که دۆخێکی وای دروست کردووه. ئه‌گه‌ر یه‌ک دوو ده‌یه بگه‌رێنه‌وه به‌ره‌و دوواوه، ئه‌و ده‌مه‌ی رۆژنامه‌کان له ژماره‌ی په‌نجه‌کانی یه‌ک ده‌ست تێناپهرین، چه‌ند که‌ناڵی ڕادیۆو تهلهفزیۆنێکیش هه‌بوون و مانگانه‌ش ئه‌گه‌ری که‌وتنه بازارهوهی چه‌ند کتێبێک هه‌بوو، زۆربه‌ی خه‌ڵکیش کاتی زیاد له پێویستیان هه‌بوو. بۆیه به ئاسانی ده‌کرا ئاگاداری زۆربه‌ی ئه‌و نووسین و باسوخواسانه بیت که له ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌کاندا ده‌کران. به‌ڵام له‌سه‌رده‌می ئێستادا ده‌بینین ته‌کنۆلۆژیا زۆر شێتانه و زۆر زیاتر له پێویستیه‌کانی به‌شه‌ر ڕۆژانه گه‌شه‌ده‌کات، ئاستی گوزه‌رانی خه‌ڵک ناسروشتیانه چۆته سه‌ر،ئه‌وه‌ش له خۆیدا پێویستی به داهاتی زیاتر و ڕاکه ڕاکی زیاتر هه‌یه. بار‌و دۆخێکی له‌م شێوه‌یه بێکاتییهکی زۆر له‌ژیانی تاکدا دروست ده‌کات. ژیان گۆراوه بۆ مۆسیقایه‌کی خێرا، ئاسان نابێت له په‌نای ئه‌و سپیکه‌ره گه‌ورانه‌وه که له‌ناو ژووری خهوهکانیشمان ده‌نگی ده‌نگ ده‌داته‌وه، فرسه‌تێک مابێت بتوانین له‌سه‌ر ریتمی مۆسیقایه‌کی سلۆ سه‌مایه‌ک له‌گه‌ڵ ڕوحدا بکه‌ین. قسه‌یه‌ک هه‌یه ده‌ڵێت ” هێشتا به‌رپێی خۆیان نه‌بینیوه، ده‌ست بۆ ئاسمان ده‌به‌ن” له‌راستیدا ئه‌مڕۆ ژیان به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌ڕوات. ئه‌وه ئێمه نین نه‌مانه‌وێ یه‌کتر بخوێنینه‌وه، ئه‌وه ژیانه ده‌رفه‌تمان نادات. ساڵانی پێشوو ده‌مووت بۆ ئه‌وه‌ی زۆر بژیم ده‌گه‌رێمه‌وه وڵاته‌که‌ی خۆم، چوونکه ڕۆژه‌کان لێره زوو زوو تێده‌په‌رێن. به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌و ئومێدهشم نه‌ما و ماڵه باوانیشم که‌وتنه به‌ر ئه‌م قه‌ده‌ری بێکاتییه. ساڵه‌کانی ته‌مه‌نی به‌شه‌ر به شێوه‌یه‌کی گشتی زیادی کردووه، به‌ڵام ژیانمان زۆر له‌وه کورتر بۆته‌وه له‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ و دروست ده‌کرێت فرسه‌تی تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌مان بۆی هه‌بێت.
له ئه‌ده‌بی عه‌ربیدا به‌و شاعیرانه‌ی له نێوان ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێیده‌ڵێن(سه‌رده‌می جاهیلی) و سه‌رده‌می ئیسلامدا ژیان، ناویان لێناون (شعراء المخضرمين)، بۆ ئێمه‌ش به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان هه‌روایه. ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئێمه تائێستاش خشه خشی رادیۆکان له گوێماندا خشه‌ی دێت، که‌چی ئه‌مڕۆ شه‌پۆله‌کانی ته‌کنۆلۆژیا وه‌ک فانۆسی سیحری ده‌مانخانه به‌رانبه‌ر سکرینی مۆنیتهرهکانمان و سه‌دان گۆڤار‌و رۆژنامه به هه‌موو زمانه‌کان به ڕووماندا ده‌کاته‌وه. ئه‌مڕۆ سه‌رده‌مێکی ته‌واو نوێیه، وه نه‌وه‌یه‌کی ته‌واو نوێ‌و جیاواز له هه‌ناوی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا له دایک بووه‌و له دایک ده‌بێت ده‌بێت، وه‌هه‌ر خۆشیان رێچکه و شێوه‌ی ژیانی خۆیان دیاری ده‌که‌ن. ئه‌م زۆربوونه‌ی میدیاش ده‌بێ له‌و جێگایه‌وه سه‌یر بکرێت که به‌راستی هه‌ڵگری پانتاییه‌کی ئازادی زیاتره بۆ تاکه‌کان.
زۆربوونی سه‌رچاوه‌کانی ڕاگه‌یاندن بووبه مایه‌ی تێکشکانی ئه‌و مۆنۆپۆڵکردنه‌ی که هه‌میشه له لایه‌ن نوخبه‌یه‌که‌وه یان لایه‌نێکه‌وه مۆنۆپۆڵ ده‌کراو له چوار چێوه‌ی فیکر‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان ده‌یانبرده ڕێوه، درووست بوونی ئه‌م میدیا جه‌ماوه‌رییه زه‌مینه‌یه‌کی وای درووست کردووه هه‌موو که‌سێک توانای ده‌ست راگهشتنی هه‌بێت به که‌ناڵێک له که‌نه‌ڵه‌کانی راگه‌یاندن بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ی بیروو بۆچونه‌کانی،به‌ڕای ئێمه ئه‌مه خاڵێکی پۆزه‌تیڤه .
Alan Rusbridger سه‌رنووسه‌ری گاردیان که خاوه‌نی 35 ملیۆن خوێنه‌ره له قسه‌و باسێکیدا سه‌باره‌ت به میدیای ئه‌لیکترۆنی”میدیای جه‌ماوه‌ری” باس له‌وه‌ده‌کات که “پێشتر رۆژنامه‌کانیان له پشتی دیواره‌کانه‌وه فرێدهدران بۆ خۆێنه‌ر،به‌ڵام ئه‌مرۆ میدیای ئه‌لیکترۆنی ئه‌و دیواره‌ی روخاندووههو خوێنه‌ر به‌ئاسانی ده‌توانێ بێته ناو بابهتهکانهوهو کۆمێنتی خۆی بنوسێ ،خۆ ئه‌گه‌ر ڕێشیان پێنه‌درێ ئه‌وا له به‌رانبه‌رمان بڵۆگوو لاپه‌ره‌کانی خۆیان ده‌که‌نه‌وه، له‌و ڕێیه‌شه‌وه تێده‌گه‌ین خوێنه‌ر گرنگی به چی ده‌دات”.
پ15/ له‌سه‌ر پیته‌كانی لاتینی و عه‌ره‌بی تا ئێستا كێشه‌یه‌كی نه‌بڕاوه هه‌یه، ئێوه‌ش له سایتی ده‌نگه‌كان تا ئێستا په‌یوه‌ستن به پیتی عه‌ره‌بی كه دواتر له‌م به‌شه‌ی هه‌رێمی كوردستان كوردیشی پێ ده‌نووسرێت، ئایا ئه‌وه تا چه‌ند له ئایینده‌دا و له‌و سه‌ده‌ی خێراییه‌دا میدیای ئه‌لیكتڕۆنی ده‌توانێت چاره‌سه‌ری بكات؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
سه‌ره‌تا پێش ئه‌وه‌ی بچمه سه‌ر وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌تان پێم خۆشه له‌سه‌ر ئه‌وه بووه‌ستم که نووسیوتانه پیته‌کانی عه‌ره‌بی!، به‌ڕای به‌شێکی به‌رچاو له ڕۆشنبیران و زمانزانانی کورد که من بۆ خۆم هاوڕام له گه‌ڵیاندا، ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ ئێمه پێێ ده‌نووسین و ده‌خوێنینه‌وه،پیتی کوردین نه‌ک پیتی عه‌ره‌بی، وه‌ک چۆن پیتی عه‌ره‌بی که‌له بنه‌ره‌تدا له ئارامێکانهوه هاتووه و له‌سه‌رده‌می ئهمهوێکاندا گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌و ناوی لێنراوه پیتی عه‌ره‌بی، هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ش پیتی کوردی له زۆر ڕووه‌وه گۆرانی به‌سه‌ردا هاتووه ، وه جێگای خۆیه‌تی چیتر وشه‌ی پیتی عه‌ره‌بی به‌کار نه‌هێنین له جیاتی وشه‌ی پیتی کوردی. وه بۆ پاڵپشتی له‌م ڕایه‌م پێم چاکه خوێنه‌ران ئه‌و باس و لێكۆڵینه‌وانه بخوێننه‌وه که له‌به‌شی زمانی پێگه‌ی ده‌نگه‌کان بڵاوبوونه‌ته‌وه.
له‌رووی ته‌کنۆلۆژییه‌وه ئه‌مرۆ ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر کراوه، بۆ که‌سێک که نه‌توانێ به پیتی کوردی بخوێنێته‌وه ده‌توانێ نووسینه‌که‌ی بگۆرێت بۆ پیته‌کانی لاتینی ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین پێگه هه‌یه بۆ نموونه ( chawg.org).
پ16/ ده‌نگه‌كان پلانێكی له‌و بابه‌ته‌ی هه‌یه كه بۆ رازیكردنی هه‌ر جۆره خوێنه‌رێكی كورد، به‌هه‌ردوو پیته‌كانی لاتینی و عه‌ره‌بی بابه‌ت بڵاو بكاته‌وه؟
گۆران عه‌بدوڵڵا:
ده‌نگه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌ک ستاندهرد بوونی زمانی کوردیدایه له‌و هه‌رێمه‌ی که ئه‌مرۆ به‌هه‌رێمی کوردستانی عێراق ناسراوه ، وه ئه‌لفوبێی کوردی به شیاوترین ئه‌لفوبێ ده‌زانێت بۆ ئه‌و یهکستاندهرییه،هه‌روه‌ها هه‌وڵده‌دات زه‌مینه‌یه‌کی له بار‌و شیاو بۆ ئه‌و قه‌ڵه‌مانه فه‌راهه‌م بکات که له‌و باره‌وه هه‌وڵه‌کانیان خستۆته‌گڕ. له ڕاستیدا له کوردستانی عێراق خوێنه‌ری پیتی لاتینیمان نییه،ئه‌گه‌ر هه‌شبێ! پێم وایه درووست کراوه‌و زۆرتر له‌وه ده‌چێ وه‌کوو به‌ڕه به کردن درابێت بۆ مه‌رامێکی سیاسی. جا بۆیه له‌و ڕووه‌وه هیچ پرۆژه یان پلانێکمان نییه له کاتی ئێستادا.
15-5-2011