Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
رۆشنبیران ئه‌وانه‌ی جۆرێكیترن له‌ دیكتاتۆر

رۆشنبیران ئه‌وانه‌ی جۆرێكیترن له‌ دیكتاتۆر

Closed
by June 26, 2011 ئەدەب

1
له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنی موسته‌قبه‌لدا كه‌ مامۆستای شاعیر زاهی وه‌هبی له‌ گه‌ڵمدا ئه‌نجامیدا ، له‌ میانه‌ی وه‌ڵامی پرسیارێكدا ناوی چه‌ند شاعیرێكی عه‌ره‌بم هێنا ، كه‌ نوسینه‌كانیان دوور و نزیك تایبه‌تن به‌ منه‌وه‌ .  ده‌شمزانی وه‌ڵامێكی له‌م شێوه‌یه‌ مه‌ترسیداره‌ و به‌ دوور نییه‌ له‌ هه‌ڵه‌وه‌ .. به‌ تایبه‌تی كه‌ ناچار بیت ناوی سێ‌ كه‌س بێنیت له‌ ناو سه‌دان ناودا ، چونكه‌ ئه‌و ناوانه‌ ( كه‌ وه‌ك نمونه‌ هاتوون ) ده‌بێته‌ ماڵ به‌سه‌رته‌وه‌ و لێی ده‌ڕوانرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی حوكمێكی یه‌كجاره‌كی بێت له‌ وه‌ستانت له‌گه‌ڵ چه‌ند شاعیرێك ، دژی چه‌ند شاعیرێكی دیكه‌ ، وه‌ك ئه‌وه‌ی لایه‌نگیر بیت بۆ كۆمه‌ڵێك ناو و نه‌یاری كۆمه‌ڵێكی دیكه‌ بیت !
ئه‌مه‌یان بۆ من به‌ڵگه‌یه‌كیتر بوو كه‌ داپڵۆسین له‌ ژیانی عه‌ره‌باندا ته‌نیا له‌ سیاسه‌ت قه‌تیس نه‌ماوه‌ ، به‌ڵكو درێژبۆته‌وه‌ بۆ ناو رۆشنبیری به‌ گشتی و شیعر و رۆمان به‌ تایبه‌تی ، تۆ ئازاد نیت له‌وه‌ی به‌ ئازادی راوبۆچوون و چێژی تاكانه‌ت له‌باره‌ی شیعر و رۆمانه‌وه‌ ده‌ربڕیت ، گه‌ر ده‌ریشتبڕی ئه‌وا رووبه‌رووی ( سزا ) ی  ناعادیلانه‌ی خۆت ده‌بیته‌وه‌ ، به‌ تایبه‌تی كه‌ له‌ناو شاعیر و رۆماننووساندا  كه‌سانێك هه‌ن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بۆت نییه‌  ناویان به‌ خراپه‌ بێنیت ( وه‌ك ئه‌وه‌ی گوێره‌كه‌ی موقه‌ده‌س بن ) . له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كه‌سانێك هه‌ن پێویسته‌ فه‌رامۆش بكرێن و ناویان نه‌به‌یت ، كه‌سانێكیش هه‌ن به‌ بێ‌ بوونی گومان و دودڵی خۆیان پێ‌ ( یه‌كه‌مینه‌ )
باپیرانمان له‌ زمانی شاعیره‌وه‌ ده‌یانگوت ( جیاوازی له‌ راوبۆچوون ، هیچ گرفتێك بۆ خۆشه‌ویستی دروست ناكا ) ، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئه‌زموونی نوێگه‌ری رۆشنبیری عه‌ره‌بی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ ده‌سه‌لمێنێ‌ ، ئه‌وه‌تا ئه‌و شه‌ڕه‌ی به‌ ناوی شیعر و رۆمان و فیكره‌وه‌ ده‌كرێت ، توندوتیژی كه‌متر نییه‌ له‌و شه‌ڕانه‌ی به‌ناوی سیاسته‌وه‌ ده‌كرێن .
داپڵۆسین له‌ ژیانی عه‌ره‌باندا سه‌راپاگیره‌ ، له‌ ئه‌لفه‌وه‌ تا یای ژیان !

2
ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌ژمێرین كه‌ ده‌سه‌ڵات بۆ بنیادنانی ( نیشتمان ) خه‌رچی ده‌كا ، به‌ڵام ژماره‌ی په‌راگه‌نده‌ و زیندانیه‌كان و كوژراوه‌كان ناژمێرین .

3
له‌ ژیانی عه‌ره‌بدا ، بیرۆكه‌ مه‌زنه‌كان چه‌شنی ئه‌و په‌ڵه‌ هه‌ورانه‌ن كه‌ له‌  بۆشاییدا تێده‌په‌ڕن ، به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی ( ببارن ) ، یان خۆڵێك ( بڕوێنن ) ، یان هیچ شتێك ( بگۆڕن ) . خاوه‌نه‌كانیان له‌ شێوه‌ی ئه‌ستێره‌ی رژاون : ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون ، تاوه‌كو بكوژێنه‌وه‌ و ون ببن .

4
له‌ منداڵیه‌وه‌ ( به‌ تایبه‌تی له‌ قوتابخانه‌ ئاینیه‌كاندا ) عه‌ره‌ب ( هونه‌ر ) ی مردن فێر ده‌بن ، وا ده‌ڕواننه‌ ژیان وه‌ك ئه‌وه‌ی بارێك بێت و پێویسته‌ فڕێ‌ بدرێت ، گه‌ر نیوه‌ دێڕه‌كه‌ی موته‌نه‌بیشمان بیر بێته‌وه‌ ( مردن جۆرێكه‌ له‌ كوشتن ) ئه‌وا منداڵه‌ عه‌ره‌ب ژیانی به‌ فێربوونی ( كوشتن ) ده‌ستپێده‌كا .

5
شكاندنی ( بنه‌ماكان ) ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌ كۆمه‌ڵدا ، به‌ مانایه‌ك له‌ ماناكان شكاندنی بنه‌ماكانی سیاسه‌ته‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا ، ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ ئه‌وه‌یه‌ ، هه‌موو بنه‌ماكانی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی شكێندران ، ته‌نیا بنه‌ماكانی سیاسه‌ت وه‌ك خۆیان مانه‌وه‌ : به‌ دامودوزگاكانیه‌وه‌ ، به‌ ئامرازه‌كانیه‌وه‌ ، به‌ میكانیزمه‌كانیه‌وه‌ ! دوو له‌تی له‌ كۆمه‌ڵگادا ئاشكرا و روونه‌ ، هه‌ندێ‌ جاریش تونده‌ له‌ نێوان ( خه‌ڵكی شكاندن و خه‌ڵكی سیاسه‌ت ) ، به‌م شێوه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی له‌ لاشه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌چێت كه‌ دوو له‌ت بوو بێت ، كه‌ یه‌كسانه‌ به‌ رۆحدانێكی به‌رده‌وام ، پێویسته‌ شكاندنه‌كه‌ ته‌واو بكرێت تاوه‌كو ئه‌و لاشه‌یه‌ بكه‌وێته‌وه‌ ژیان ، یان ته‌واو كردنی ژیان .

6
چه‌ند سه‌خته‌ ئه‌و ژیانه‌ی ، كه‌ خه‌یاڵ نایگرێته‌ خۆی .

7
چه‌نده‌ پووچ و كاره‌ساته‌ له‌ یه‌ككاتدا ، ژیانی تاكی عه‌ره‌ب :
هیچی نییه‌ نرخی ژیانی پێبدا ،
ته‌نیا خودی ژیانی نه‌بێت .

8
هه‌ستیاری باوی عه‌ره‌ب له‌ ده‌زگا رۆشه‌نبیریه‌كاندا ، له‌ بناغه‌وه‌ له‌سه‌ر ( قسه‌ی نه‌سته‌ق ) دامه‌زراوه‌ ، راسته‌ ( قسه‌ی نه‌سته‌ق ) جۆرێكه‌ له‌ زانین ، به‌ڵام نرخی له‌ هه‌موو زانینه‌كان كه‌متره‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هزرێكی هاوبه‌شه‌ ، ته‌مبه‌ڵه‌ ، سواوه‌ .
قسه‌ی نه‌سته‌ق : یه‌كسانه‌ به‌ پیربوونی ئاره‌زوو .

9
پێكهاته‌ی تاكی عه‌ره‌بی له‌ رووی رۆشنبیریه‌وه‌ : ئاینی / كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ، لایه‌نی زاتی داهێنه‌رانه‌ی نزیكه‌ له‌ ونی ، یان زۆر كه‌مه‌ ، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ عه‌ره‌ب له‌ رواڵه‌تدا ده‌شێت ئازادیخواز بێته‌ به‌رچاو ، به‌لام له‌ ناخ و ناوه‌خندا هه‌ر بوونه‌وه‌رێكی ئاینی ده‌مێنێته‌وه‌ .

10
ئایا ده‌توانین ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌ ئاستی گه‌ردوونیدا دابه‌ش بكه‌ین ؟
بۆ نمونه‌ بڵێین : سه‌رده‌می تایبه‌تی عه‌ره‌ب ، له‌ ناو سه‌رده‌می گشتی گه‌ردوون ؟
به‌ چ سیفه‌تێك ئه‌و كاته‌ سه‌رده‌می عه‌ره‌ب بناسێنین ؟
به‌ زانست ؟ به‌ عه‌قڵ ؟ به‌ ئازادی ؟ به‌ شیعر و هونه‌ر و رۆمان ؟ به‌ فیكر و به‌ فه‌لسه‌فه‌ ؟
سه‌رده‌می عه‌ره‌ب چییه‌ ، له‌م سه‌رده‌مه‌دا ؟

11
كه‌ی ده‌توانین بڵێین كه‌ فیكر و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ، ته‌مه‌نی دواكه‌وتوویی درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌ ؟
ئه‌و كاته‌ی ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌ركێشییه‌ مه‌زنه‌كان ، ئاشتیوان و ته‌بان ، هیچ پرسیارێكی بنیادنه‌ر له‌باره‌ی هیچ شتێكه‌وه‌ ناكه‌ن .

12
گه‌ر بنه‌مای سیاده‌ی نیشتمانی پێوه‌رێك بێت بۆ ده‌وڵه‌ت ، تا چ مه‌ودایه‌ك ده‌توانین بڵێین به‌ مانی وشه‌ ، ده‌وڵه‌ت له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا سیاده‌ی نیشتمانی هه‌یه‌ ؟

13
( سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی زۆر له‌م گه‌ردوونه‌دا هه‌یه‌ ،
به‌ڵام : هیچ شتێك سه‌یرتر نییه‌ له‌ مرۆڤ )
– سۆفۆكلیس / له‌ ئه‌نتیگۆنا

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.