شاردنه‌وه‌ی زانیاریی،پێشێلكردنی مافی مرۆڤه
هه‌فته‌ی رابردوو كۆبوونه‌وه‌ی نێوان دوو حزبه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و سێ لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆن له‌ناو باڵه‌خانه‌ی په‌ڕله‌مانی كوردستاندا به‌ڕێوه‌چوو، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه كه جێگه‌ی بایه‌خی جه‌ماوه‌ری كوردستانه به‌وپێیه‌ی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیداره به چاره‌نووسی خه‌ڵكه‌وه، له‌پڕ بووه مایه‌ی تێڕامان‌و سه‌رنج، به‌وه‌ی كه ناوه‌رۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌یان لێ شاردینه‌وه، له‌راستیدا شاردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی ناو كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگی له‌مشێوه‌یه بۆ خه‌ڵك نه‌ك هه‌ر كارێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو، به‌ڵكو زۆر سه‌یر هاته‌به‌رچاو، سه‌یره‌كه له‌وه‌دابوو لایه‌نه‌كان كه بوونه‌ته دوو به‌ره‌ی سیاسیی كێبڕكێكاری یه‌كتر له‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا ناكۆك بن به‌ڵام له‌سه‌ر شاردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆك، بۆ من مایه‌ی پرسیاره بۆچی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كه به‌حساب نوێنه‌ری به‌شه زۆره‌كه‌ی خه‌ڵكی كوردستانن نایانه‌وێ میلله‌ت بزانێت چی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌یاندا تاووتوێكرا؟ له‌وه‌ش سه‌یرتر ره‌زامه‌ندی ئۆپۆزیسیۆن بوو له‌سه‌ر ئه‌م شاردنه‌وه‌یه كه هه‌رگیز نه‌ده‌بوو بچێته ژێر باری ئه‌م داوایه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر وایدابنێین دوو لایه‌نه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌م پێشنیاره‌یان كردبێت، خۆ ناشزانرێت پێشنیاره‌كه یه‌كه‌مجار هی كام به‌ره‌یان بووه، كێ ناڵێ هی ئۆپۆزیسیۆن خۆی نه‌بووه، ئه‌ی ئه‌گه‌ر وانییه بۆ پێمان ناڵێن؟، له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ئه‌م هه‌ڵوێسته هه‌ر كێ یه‌كه‌مجار پێشنیاری كردبێت، كارێكه جگه له‌وه‌ی نه‌شیاوه‌و پیشێلكردنی مافێكی سه‌ره‌تاییی مرۆڤه‌و فێلێكی سیاسیی زۆر زه‌ق بوو له میلله‌ت كرا‌و هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ش خاوه‌نی ئه‌م فێڵه‌ن.
ئاشكرایه كه به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی مافێكی یونیڤێرساڵییه(گه‌ردوونیی)ه‌و له زۆربه‌ی به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا چه‌سپاوه‌و به هه‌نگاوی یه‌كه‌م داده‌نرێت به‌ره‌و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركی چاودێریكردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه، هه‌روه‌ها فاكته‌رێكیشه بۆ رێگه‌گرتن له‌هاتنه‌ئارای گه‌نده‌ڵیی له‌بواره جیاجیاكاندا، له‌هه‌ر شوێنێكدا ئه‌م مافه به‌رجه‌سته‌بوو له‌وێدا كایه‌ی لێپرسینه‌وه شه‌فافانه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له كوێیه‌كیشدا به‌رجه‌سته نه‌بێ بێگومان په‌تای گه‌نده‌ڵیی جه‌سته‌ی ده‌وڵه‌ت‌و دامه‌زراوه‌كانی داده‌پۆشێت، كه‌واته ده‌توانین بڵێین بایه‌خی ئه‌م بابه‌ته هه‌وێنی بونیادنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی‌و بناغه‌ی به دیموكراسیبونی ده‌وڵه‌ته.
لێره‌دا گرنگه خه‌ڵكی به‌م هۆشیارییه ئاشنابكرێت له‌وه‌ی مافێكی بنه‌ڕه‌تی خۆیه‌تی بیه‌وێت زانیاریی هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ر كون‌و كه‌له‌به‌رێكی گشتیی كه له‌چوارچێوه‌ی پێگه‌ی جوگرافی وڵاته‌كه‌یدا هه‌ستی پێده‌كرێت یان ده‌گوزه‌رێت.
له‌رووی مێژوویه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1776دا له ده‌ستووری وڵاتی سوێد‌و یاسای رۆژنامه‌گه‌رییدا ئه‌م مافه به تاك دراوه‌و تێیدا به روونی ئاماژه‌درابوو كه مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی مافی هه‌موو مرۆڤێكه نه‌ك هه‌ر به‌ته‌نها مافی رۆژنامه‌وانان بێت،
له ساڵی 1948دا له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی جاڕنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤدا‌و له مادده‌ی 19ی جاڕنامه‌كه‌دا به ئاشكرا دانی پێدانراوه، له ساڵی 1966یشدا له‌نێو په‌یمانی نیوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به مافه مه‌ده‌نی‌و سیاسییه‌كان هه‌ر له مادده‌ی 19دا روونتر ئاماژه‌ی پێدراوه، كه مرۆڤ مافی ئازادی راده‌ربڕین‌و به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی هه‌یه‌و ده‌توانێت زانیارییه‌كان بۆ خه‌ڵك بگوازێته‌وه به هه‌ر ئامرازێك كه خۆی بیه‌وێت.
لێره‌دا مه‌به‌ستمان ده‌رخستنی كه‌موكورتی سیاسییه كه پێموایه كه‌موكروتییه‌كن دواجار به زیانی خه‌ڵك كۆتاییان پێدێت، هه‌روه‌ك ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م زانیارییانه‌دا ئاگامان له‌و راستییه‌ش هه‌یه كه ده‌شێ هه‌ندێك جار ده‌وڵه‌ت كۆمه‌ڵێك زانیاری ئاشكرا نه‌كات كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندارن به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، به‌ڵام ناچێته عه‌قڵه‌وه له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا زانیارییه‌ك باسكرابێ مه‌ترسیدار بێ بۆسه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتیمانیی، بۆیه هه‌قی خۆمانه به رای گشتی بڵێین ناكرێ چیتر هه‌ڵه‌ی زه‌ق‌و پیشێلكاریی له‌مشێوه‌یه‌مان به‌سه‌ردا تێبپه‌ڕێت.