نینار و ئه‌دۆنیس له گفتوگۆیه‌كی كراوه‌دا
كتێب
“چه‌ند وتووێژێك له‌گه‌ڵ ئه‌دۆنیسی باوكم” ناونیشانی ئه‌و كتێبه‌یه كه نیناری كچی ئه‌دۆنیس له‌گه‌ڵ باوكی‌دا ئه‌نجامی داوه‌و له‌كتێبێكدا چاپیان كردووه، دواتر ئه‌م كتێبه‌یان له فه‌ره‌نسییه‌وه كردووه به عه‌ره‌بی و له‌ساڵی 2010 له دار الساقی له به‌یروت و له‌نده‌ن چاپ كراوه، ئه‌م گفتوگۆیه له بنه‌ڕه‌تدا به‌چه‌ند قۆناغێك و به زمانی فه‌ره‌نسی له‌نێوان ساڵانی 2003 و 2004 كراوه‌و له‌سه‌ر ریكۆرده‌ر تۆمار كراوه، پاشان له پاریس له خانه‌ی چاپی “سوی” چاپكراوه.
نینار ئه‌سبر كه هونه‌رمه‌ندێكی نیگاركێشه، له‌م دیالۆگه كراوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ باوكی، بهراشكاوانهو بوێرانه پرسیاره‌كان ده‌كات، كه ژماره‌یان سه‌د پرسیاره، له‌هه‌ندێ شوێندا هه‌وڵ ده‌دات ئه‌دۆنیس، وه‌ك باوكێكی جیاواز‌و ناته‌قلیدی، بوروژێنێت تا زیاتر به‌قسه‌ی بهێنێت، پرسیاره‌كان هه‌مه‌جۆرو ههمهبابهتن، له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانی پێكی شه‌رابی سووردا گفتوگۆكه درێژ ده‌بێته‌وه، له‌پرسیاری گه‌نجی و پیریه‌وه ده‌ست پێده‌كات بۆ پرسیاری وجود و ژیان، هه‌ڵوێست و ئینتیما، نووسین و زمان و شیعر، كهلهپورو تێكستی ئیباحی، ئایین و ئه‌خلاق و حیجاب، سه‌فه‌رو جه‌سته‌و زه‌واج، چێژه تایبه‌تییه‌كانی ژیانی ئه‌دۆنیس، ته‌نانه‌ت پرسیاری راشكاوانه ده‌رباره‌ی ئافره‌ت و سێكس له‌ژیانی ئه‌دۆنیسدا ده‌خاته به‌رده‌می باوكی، ئه‌دۆنیسی باوكیش زۆر راشكاوانه باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئافره‌تاندا ده‌كات، له‌وێوه سێكس ده‌به‌ستێته‌وه به مانا ره‌مزییه‌كانی تری ئه‌و پرۆسه‌یه كه بریتییه له نووسین و داهێنان، له‌هه‌ندێ جێگادا نینار ده‌یه‌وێ باوكی ئیحراج بكات و باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌كات له‌گه‌ڵ كوڕاندا، به‌تایبه‌تی له‌لاپه‌ڕه 98 و 99و 100، باوكیشی به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی و بێ هیچ گرژییه‌ك وه‌ڵامی ده‌داته‌وه.
نینار له پێشه‌كیی كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێت: من ئه‌م گفتوگۆیه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌دۆنیسی باوكمدا كرد چونكه پێویستیم به ناسینی ئه‌و هه‌بوو، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیش ده‌مویست چه‌ند كاتێكی له‌گه‌ڵدا به‌سه‌ر به‌رم، ده‌مویست ده‌رباره‌ی چه‌ند بابه‌تێكی جیاواز‌و هه‌مه‌لایه‌ن قسه‌م بۆ بكات و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانم بداته‌وه، من وه‌ك “كچی ئه‌و” پرسیاره‌كانم ئاراسته ده‌كرد نه‌ك به سیفه‌تی رۆژنامه‌نوسێك یان رۆشنبیرێك یان نووسه‌رێك. ده‌مویست پرسیاری ساده‌و پرسیاری ئاڵۆزی لێبكه‌م، مافی ئه‌وه‌م بهحۆم دابوو پرسیاری ساده‌و ساكار‌و پرسیاری گه‌مژانه‌و پرسیاری ژیرانه‌ی ئاراسته بكه‌م بێئه‌وه‌ی هیچ سانسۆرێكی خودی، كۆت و به‌ندم بكات، مه‌به‌ستم ئه‌وه نه‌بوو له‌و رێگه‌یه‌وه روانینی سیاسییانه‌ی ئه‌دۆنیس كه‌شف بكه‌م، به‌ڵكو ده‌مویست وه‌ك ئینسان و وه‌ك باوك و وه‌ك شاعیرێك پرسیاری لێبكه‌م.
دیسان نینار له پێشهكییهكهدا ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه وه‌ڵامه‌كانی ئه‌دۆنیس تا راده‌یه‌ك وه‌ڵامی ته‌قلیدی بوون و سه‌رسوڕمانی خۆی پیشان ده‌دات كه وه‌ڵامه‌كان چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوون، بۆیه ده‌ڵێ “من هیچ رۆژێك خه‌مبار نیم بۆ ئه‌و دۆخی “غیابی باوكایه‌تی”یه‌ی كه له منداڵی و لهگهنجێتیمدا هه‌بوو، بگره ئه‌و غیابه‌ی باوك ده‌رفه‌تێكی باشی بۆ ره‌خساندم تا به‌بێ هیچ به‌ربه‌ستێك كه‌سایه‌تیی خۆم په‌ره پێبده‌م”. وه‌ك ده‌زانین ئه‌دۆنیس له شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان و هه‌شتاكاندا له به‌یروت بووه‌و وڵاتانیش تریش گه‌ڕاوه‌و جاروبار بۆ ماوه‌ی دوورودرێژ دوور ده‌كه‌وته‌وه له خێزانه‌كه‌ی (به‌تایبه‌تی هه‌ردوو كچه‌كه‌ی نینارو ئه‌رواد) كه له‌پاریس ده‌ژیان و له‌وێ ده‌یانخوێند، به‌ڵام زۆر جار خالیده سه‌عیدی نووسه‌رو هاوسه‌ری له‌گه‌ڵدا بوو، هه‌روه‌ها هه‌میشه سه‌رقاڵ بووه‌و سه‌فه‌ری بۆ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا كردووه.
نینار گفتوگۆكه‌ی به‌سه‌ر ده به‌شدا دابه‌ش كردووه‌و ناونیشانی هه‌ر به‌شێكی به‌ناوی یه‌كێك له‌و گۆرانییه بیانییانه‌وه ناو ناوه كه له شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا باو بوون، ناونیشانی هه‌ر یه‌كێك له‌م گۆرانییانه په‌یوه‌ندیی به ناوهۆكی پرسیار‌و وه‌ڵامه‌كانه‌وه هه‌یه، بۆ نموونه به‌شی یه‌كه‌می ناو ناوه “هه‌میشه گه‌نج forever young” كه ئه‌مه ناونیشانی گۆرانییه‌كی تیپی ئالفاڤێله له ساڵی 1984دا، له‌م به‌شه‌دا پرسیار‌و وه‌ڵامه‌كان په‌یوه‌ندییان به دۆخی گه‌نجبوون و دۆخی پیریی ئه‌دۆنیسه‌وه هه‌یه كه له روانگه‌یه‌كی فه‌لسه‌فییه‌وه گه‌نجی و پیری پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه‌و ده‌یه‌وێ بیسه‌لمێنێت كه گه‌نجی و پیری ته‌واوكه‌ری یه‌كترین، به‌شێكی تر به‌ناوی “من، من چیم I am what I am” كه ناونیشانی گۆرانییه‌كی گلۆریا گهینوره هی ساڵانی 1983، به‌شێكی تر به‌ناوی “دڵم ئینتیمای بۆ باوكم هه‌یه my heart belongs to daddy” كه گۆرانییه‌كی مارلین مۆنرۆیهو له ساڵانی شه‌سته‌كاندا باو بوو، به‌شی پێنجه‌می ناو ناوه “ئه‌مه جیهانی پیاوانه پیاوان its mans mans mans world” كه گۆرانییه‌كی جێمس براونهو له‌ساڵی 1966 هه‌بوو.، به‌شی حه‌وته‌میش “rock the casbah” كه گۆرانییه‌كی تیپی clashه له‌ساڵی 1982، به‌شی هه‌شته‌م “به‌رگری بكه resiste” ناونیشانی گۆرانییه‌كی فرانس گاله له‌ساڵی 1981، به‌شی نۆیه‌م “په‌یژه‌یه‌ك بۆ ئاسمان stairway to heaven” گۆرانییه‌كی لێد زێپلینه له‌ساڵی 1971، به‌شی ده‌یه‌میش به‌ناوی “قاره‌مانان herose” گۆرانییه‌كی داڤید بۆوییه له‌ساڵی 1977,
له‌راستیدا ئه‌م كتێب و ئه‌م گفتوگۆیه یه‌كێكه له كتێبه ده‌گمه‌ن و بوێره‌كانی نێو رۆشنبیریی عه‌ره‌بی كه له‌زۆر رووه‌وه رچهشكێنییان كردووه، گفتوگۆی نێوان كچ و باوكێكی رۆشنبیریان هێناوه‌ته ئاستێكی باڵا له كرانه‌وه‌و سه‌راحه‌ت و بوێری و، شكاندنی دیواره‌كانی ترس و شه‌رم و حه‌رام.