Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
له‌ ژێر چه‌ترێكا ….   فاتیح سه‌لام

له‌ ژێر چه‌ترێكا …. فاتیح سه‌لام

Closed
by June 30, 2011 هۆنراوە

 

لێزمه‌ی به‌ خوڕی باران نه‌بووایه‌
به‌م دره‌نگ وه‌خته‌ له‌ ژێر چه‌ترێكا
ده‌ستم به‌رده‌ستی ساردت نه‌ده‌كه‌وت
ووشه‌ و هه‌ڵاوی ناو ده‌می یه‌كتر
نه‌ده‌رژانه‌ یه‌ك
وه‌ك دوو جۆگه‌له‌ی بناری ژووان
له‌به‌ر چه‌خماخه‌ی عه‌شقی تووره‌دا
چ رێكه‌وتێكه‌ ..
چۆن به‌رێی كردین
كۆچ و غه‌ریبی و له‌ یه‌كترازان
ئه‌فسوونی لێڵی ئه‌م ئێواره‌یه‌
له‌ خه‌ونی ئاڵی ئه‌و دیوو خه‌یاڵا
ساتێك له‌ ته‌می تونێلی گه‌شتیا
گوێم رادێرا بوو
كه‌ف و كوڵی زام
وه‌ك دڵۆپه‌كان هه‌ڵده‌قوڵین و
خوێن دابوویه‌ به‌ر
سه‌راپای باڵام
به‌سه‌ر گوێزانی سه‌رگوزه‌شته‌یدا
هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو منیش وه‌كو خۆی
جه‌سته‌م داخ ده‌بوو له‌ ئاگردانا
شه‌قام ئه‌ژدیها
شۆرده‌بووینه‌وه‌
رازو په‌نهانی هه‌ڵده‌ترۆقین
ئه‌فسووناوی بوو دیداری رێكه‌وت
دوو مه‌لی ته‌ریوو
چه‌ترێكی بچوك
بیرگێراننه‌وه‌ی سه‌ره‌تای عه‌شق
له‌ ژێر خوڕه‌م و جوانی بارانا
     
             ******
زستان لوولی داین
چوون پێچانه‌وه‌ی دوو دڵی سپی
 له‌ تابلۆیه‌كی ناسكی شه‌وا
به‌ جووت رێده‌كه‌ین
یه‌كتر ده‌بڕین
وه‌ك دوو چیرۆكی ترۆپكی مه‌ست بوون
سه‌رخه‌و له‌ نیگای یه‌كتر راده‌خه‌ین
كات به‌ بێده‌نگی خۆی قورمیش ده‌كا
له‌ چاوی به‌نج بووی كراوه‌ی ئه‌وا
    
  ********
هه‌ور ، به‌ نیازی شوێنێكی تربووم
باران شپرزه‌ی ژێر چه‌تری عه‌شقی
دابرانێكی زۆر سه‌یری كردم
نه‌مزانی ئه‌وه‌ی لێم نادیار بوو
تاقه‌ داڵده‌یه‌ بۆ ته‌ڕنه‌بوونم
ئه‌و تریفه‌یه‌
چاوی پر له‌ تیشك
ده‌می پر گوڵاو
له‌ تێروانینا گوناه‌ هه‌ڵده‌خاو
له‌ ئاگردانی جه‌سته‌یا پشكۆم
چه‌قۆ له‌ زاما
زمانی پژا
كه‌ ده‌ستم له‌ نێو ده‌ستی ترازاند..
ئیزنم خواست ئیتر من ده‌بێت برۆم

               ********
پێی ووتم هێشتا
كه‌ناری پیاسه‌
تینووی زیاتری  به‌جووت ته‌ڕبوونه‌
له‌ وه‌نه‌وشه‌یی شارێك سۆزگرتوو
كرێوه‌ و نمه‌ی
 شه‌قامێك چۆڵا ..
پێ‌ تاشه‌به‌ردبوو ..ناخ دوو ئاگردان
نه‌ك سه‌هۆڵه‌كه‌ ..سله‌یمانیمان
 له‌ خورجێ‌ نابوو
دابوو به‌كۆڵا ..؟!.
       
 ********
ئه‌سكڵی ده‌می دووكه‌ڵی ووشه‌ن
دره‌نگ وه‌ختێكه‌ و  ده‌سووتێ‌ وه‌ك مۆم
زریان رۆژه‌كان هه‌ڵده‌داته‌وه‌
بێ‌ ئاگا له‌ خۆی
بێ‌ ئاگا له‌ خۆم
شانمان به‌ر شانی یه‌كتر ده‌كه‌وێ‌
تاریكی دادێ‌ و..
له‌ گه‌ڵیا ده‌رۆم
         *********
هه‌ندێ‌ جار لرفه‌ و ته‌وژمی ( با ) كه‌
له‌ ئیره‌یدا خۆی تووره‌ده‌كرد
پێڵاوی مسی له‌پێ‌ ده‌كردین
چه‌تری ده‌فران
چه‌ند جوان بوو قژ و ملپێچ و باران
رووی داده‌پۆشین له‌ یه‌ك ده‌پژان

          ***********
خۆشناكه‌نه‌وه‌  ره‌هێڵه‌ و فرمیسك
گوێم هه‌ڵخستووه‌
به‌كپی ده‌رۆین
دوو بومه‌له‌رزه‌
دووگركانی خوێن
دوو زامی به‌ سۆین

       

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.