Skip to Content

Thursday, August 11th, 2022

دۆنگی جوانتره‌ یا خاوه‌نشکۆ ؟ …. دڵشاد تاقانه

Closed
by June 30, 2011 گشتی

           

ده‌جا وه‌ره‌ توخوا ئه‌وه‌ پرسیاره‌ ؟ سه‌یره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌هه‌موو گیانداره‌کان نێره‌که‌ جوانتر یا ڕازاوه‌ و چاوکێشتره‌ وه‌ک جووتێ کۆتر نێره‌که‌ دوغه‌ دوغکاره‌ ، که‌ڵه‌شێر و مریشک هه‌رکه‌ڵه‌شێر په‌ڕ ڕه‌نگین و غورده‌ ، ته‌نانه‌ت گا و مانگا هه‌ر گایه‌که‌ سه‌رنج کێشه‌ ….تاد که‌چی له‌مرۆڤ مێیه‌که‌ جوانتر و بزوێنه‌ر دڵگرتره‌ .
زۆرانێ ی به‌رده‌وام ..
زۆریش سه‌یرنی یه‌ که‌ شه‌پۆلی ڕووداوه‌کان له‌ده‌ریای درامای ته‌له‌فزیۆنی دۆنگی که‌شتی چاوه‌کانی بینه‌ر ڕاسته‌ ڕێ نه‌ڕوێنێ له‌نگه‌ی پێ نه‌که‌ن ، ئه‌گه‌ر وا نه‌بایه‌ ئه‌وا گوریسی نێوان به‌ره‌ی ڕه‌واو ناڕه‌وا زوو ده‌پچڕا . جارێکی تر و به‌ده‌یان بگره‌ سه‌دان جاری تریش ناڕه‌وا هه‌ر سه‌رده‌که‌وێ ئه‌مه‌ یاسای ژیانه‌ زۆرینه‌ خۆپه‌رست و به‌رژه‌وندکارن که‌مینه‌ش خۆبه‌خش و فیداکار ده‌سه‌ڵاتیش پشتیوان و گوێگری زۆرینه‌یه‌ ، ئه‌م زۆرانێ یه‌ به‌رده‌وامه‌ .
چاوی بینه‌ر کامیرایه‌ ..
هه‌موو گرته‌یه‌کی کامیرایی له‌ئه‌کته‌رێکه‌وه‌ دانی به‌ئه‌کته‌رێکی تر وابه‌سته‌یه‌کی ڕۆحی دروستکردووه‌ که‌ بیری بینه‌ر ده‌دوێنێ دوای ده‌نگ و ڕه‌وه‌کان که‌سی دووه‌م ئێستا چی ده‌کا ؟ بۆیه‌ دۆنگی که‌ له‌کۆشکی خاوه‌نشکۆ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ ئاوڕێکی لێده‌داته‌وه‌ کامیراکه‌ش ده‌موچاوی پاشا ده‌ڕفێنێ گوزارشتی خواستی بینه‌ره‌ . له‌زۆربه‌ی گرته‌کاندا ده‌رهێنه‌ره‌ کۆریه‌که‌ ورده‌کارانه‌ هه‌رده‌م چاوه‌کانی بینه‌ری وه‌ک کامیرا به‌کارهێناوه ‌که‌ چوسوو دێته‌ ده‌ره‌وه‌ ئاوڕێکی تر ده‌داته‌وه‌ فه‌رمانده‌ سوو زووم ده‌کرێ …. تاد.
 ڕاپۆرته ‌درۆیه‌کان ..
هه‌موو کار به‌ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتدارێ یا هاڕاوتر سیاسیه‌ک  حه‌زی له‌درۆیه‌ ئینجا خۆی بیکا یا بۆی بکه‌ن ، کێشه‌که‌ به‌ده‌رخستنی یه‌ک و دوان نی یه‌ به‌ڵام سیاسه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کێ ڕاستی و له‌زیانی یه‌کێکی تر درۆیه‌ . که‌واته‌ خاوه‌نشکۆش ڕاپۆرتی درۆی بۆ هاتووه‌ و پشتیوانی لێکردووه‌ . دابڕانی فه‌رماندار له‌ گه‌ل و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی ڕاستی یه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ ته‌نیا خاوه‌نشکۆی دۆنگیش وانی یه‌ بۆیه‌ نیشانه‌ی سه‌رسورمانی ناوێ . بۆشایی نێوان ده‌سه‌ڵاتدار و خه‌ڵک که‌شی هه‌ڵفڕ و دافڕی سایه‌سه‌تمه‌داره‌ چاوچنۆکه‌کانه‌ ، مه‌یدانی ته‌راتێنی ملشکانی نزیکترین براده‌رانه‌ هه‌ربابایه‌ ئه‌نیشکان داوێ ئه‌وانی تر ده‌که‌وێنێ تا ڕێ ی خۆی بکاته‌وه‌ شه‌قاوێک نزیک که‌وێته‌وه‌ له‌هه‌نگوینی پاره‌ و ده‌سه‌ڵات !
پۆشاکی دۆنگی ..
مۆدیلی ساڵی دووهه‌زار و یازده‌ی کوردستانه‌ بۆ منداڵان له‌جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی دادێ . کچۆڵه‌کان به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ خۆیان ده‌ڵێن: هاتووم جلی دۆنگی بکڕم ! کاره‌کته‌ری دۆنگی پێشه‌نگه‌ نه‌ک کچان حه‌ز ده‌که‌ن وه‌کو ئه‌و وا جوان و به‌توانابان به‌ڵکو کوڕانیش حه‌زده‌که‌ن شیره‌که‌ی چوسوو و کڵاوه‌که‌ی فه‌رمانده ‌سوو بکڕن هه‌روه‌ها یارێکی وه‌کو دۆنگیان هه‌بێ یه‌که‌م له‌جوانی دووه‌م له‌زیره‌کیه‌که‌ی ، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رکێشه‌ وه‌ک خاوه‌نشکۆ هه‌ر وای پێ ی ده‌ڵێ به‌ڵام ئه‌وه‌ش جوانیه‌کی تر و چاوکێشانه‌ ناو خه‌یاڵ و خه‌ونی دۆنگی یه‌ بۆ گه‌نجان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتنی به‌کوردی کردنی دراماکه‌یه‌ . ئه‌و ڕاستیه‌ش هه‌یه‌ سۆزی ده‌نگی دۆبلاژکاره‌که‌ی واته‌ هونه‌رمه‌ند خاتوو سه‌وسه‌ن عومه‌ر ڕۆحی به‌به‌ر دۆنگی ئه‌کته‌ری کۆری و وێنه‌ دراماییه‌که‌ی هێناوه‌ .
گیدوارا ..
هه‌رچه‌نده‌ ڕۆڵێکی که‌م و کورتی هه‌یه‌ به‌منداڵی کوڕه‌ پۆخڵه‌ گرینۆکه‌که‌ی هاوڕێی دۆنگی بوو به‌ڵام که‌ گه‌وره‌بوو پاڵه‌وانێکی شیروه‌شێنه‌ ده‌ی وازی لێ بێنه‌ وه‌ک واتای ناوه‌که‌ی خۆی به‌ڵام بینه‌ر وازی لێ ناهینێ چونکه‌ زۆر شیرین به‌رامبه‌ر به‌ئه‌ستێره‌کان چرم و لیکی تێکه‌ڵ کردبوو به‌دۆنگی وت: ئه‌ی درۆزن ! ‌
دۆنگی و جه‌ماعه‌ته‌که‌ی ..
له‌ڕاپرسیه‌کی فه‌یسبووک هه‌ر که‌سه‌ ده‌نگی ده‌دا به‌جوانی کچی وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌ک ، جوانبینیه‌کان زۆربوون له‌کچی فارس و تورک و عه‌ره‌ب ، ئه‌فریکی و ئه‌وروپی له‌م سه‌ری دنیاوه‌ تا ئه‌وسه‌ری دنیا منیش ڕای خۆم نوسی: دۆنگی و جه‌ماعه‌ته‌که‌ی . واته‌ شاژنه‌کان و ئاپۆرای ده‌موچاو پرگالیه‌کان .
سه‌ره‌تای باسی دۆنگی ..
با چی دی سه‌رتان نه‌یه‌شێنین وه‌ک جارانی منداڵی ئێواران که‌ له‌یاریه‌کانی به‌رده‌رکه‌ی کۆڵان ده‌بووینه‌وه‌ کوڕان شه‌ڕه‌شیر و تۆپانێ له‌گه‌ڵ که‌لایانێ ، کچان شیوه‌ قوله‌ و مۆریانێ له‌گه‌ڵ شیشانێ یا به‌تێکه‌ڵه‌ یاری حه‌فت به‌ردوکه و په‌لیکانێ له‌گه‌ڵ قه‌راقه‌رایانێ . یه‌کێ له‌منداڵه‌کان هاواری ده‌کرد: ئه‌وه‌ چی یه‌ له‌بن پێم ؟ هه‌موو وه‌ڵاممان ده‌داوه‌: عارده‌ . ئه‌ویش ده‌یگۆت : هه‌رکه‌س لۆ مارێ خۆی غاردا . ده‌ی با ئێستاش بڕۆینه‌وه‌ ماڵێ ئه‌وشۆ دۆنگی داوێ .

 

                                          دڵشاد تاقانه
                                
                              Dlshadtakana@yahoo.com

Previous
Next