(ده‌سكێك هۆنراوه‌ی تاكدێری)ی عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف
هه‌ر كاتێ ده‌ستده‌كه‌ین به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند وشه‌یه‌كی ده‌سپێكی شیعرێك، شاره‌زایی خۆمان و مه‌عریفه‌ی ناسینی شیعریمان چه‌ند (لهوانهیهكمان) ده‌داتێ سه‌باره‌ت به چۆنییه‌تی ته‌واوبوونی رسته یا په‌ره‌گراف یا شیعره‌كه، تێكستی هاوچه‌رخی داهێنه‌ر ئه‌و تێكسته‌یه كه له هه‌موو ئه‌و كۆتاییه دانراوانه‌ی وه‌رگر لاده‌دات و شتێكی‌تر ده‌ڵێ كه هیچ یه‌ك له‌و ئیحتیماله دانراوانه نییه.
كه ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی ناونیشانی ئه‌و نووسینه، (ده‌سكێك هۆنراوه‌ی تاكدێری)ی عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف ده‌كه‌ی هه‌ست به پیشه‌سازییه‌كی شیعری ده‌ستكردی نائیستهتكیی ده‌كه‌ی و چاوه‌ڕوان ده‌بی كه چه‌ندین رسته‌ی رووت له شیعرییه‌ت،(گۆرانیه‌كی به‌هارانه‌ی رۆمانسی چڕی) نه‌ك هۆنراوه (وه‌ك خۆی نووسیویه‌تی) به‌دوای ناونیشانه‌كه‌وه بێت.
ده‌ڵێ:
(قاقان به قاقای بالوول ده‌خه‌وێ و به قووقه‌ی دیقل به‌خه‌به‌ر دێ، ئینجا به‌یه‌كه‌وه خۆی و قورواق قه‌یماغ ده‌خۆن).
شیعره‌كانی نزار قه‌بانی لای زۆربه‌ی هه‌ره زۆری وه‌رگران، به كه‌سانی ساویلكه و قووڵه‌وه، خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار، بچووك و گه‌وره و مێ و نێر و..تاد قبوڵیانه‌و چێژی لێده‌به‌ن.. من باوه‌ڕم وایه به پێچه‌وانه‌ی شیعره‌كانی نزار زۆربه‌ی هه‌ره زۆری وه‌رگران به كه‌سانی ساویلكه و قووڵه‌وه، خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار، بچووك و گه‌وره و نێر و مێ و..تاد ناتوانن چێژ له (قاقان به قاقای بالوول ده‌خه‌وێ و به قووقه‌ی دیقل به‌خه‌به‌ر دێ، ئینجا به‌یه‌كه‌وه خۆی و قورواق قه‌یماغ ده‌خۆن) یا (من سه‌ربورده‌ی خۆمم ده‌گێڕایه‌وه، گرانیت به گژمهوه داهات و وتی: به‌س به وس به، ئه‌مه سه‌ربورده‌ی منه!) یا (به‌نگی له ملا هات، جه‌نگی له‌ولا، مه‌ستی به‌نگ بوون و له‌سه‌ر پیتگۆڕكێیهك شه‌ڕه ته‌ماته‌یان قه‌وماند) و تاد ببه‌ن.
ساده‌ترین و ئاسانترین پرسیار كه پێویسته جارێكی‌تر (له‌و سه‌رده‌مه) سه‌باره‌ت به شیعر له خۆمانی بكه‌ین ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر شیعر جوانی نه‌به‌خشێ و چێژنهدا و وه‌رگر له دۆخێك بۆ دۆخێكی (خۆشتر) یا (قووڵتر) نه‌گوازێته‌وه له كوێوه بوونی زه‌رووره..؟ ئه‌گه‌ر شیعر ده‌رگاكانی بیركردنه‌وه و رامان لای خوێنه‌ر نه‌كاته‌وه یا نه‌یگه‌یه‌نێته چه‌ند ئۆرگازموزێكی ده‌روونی باوه‌كو وردیش بن، له كوێوه بوونی زه‌رووره؟
ئه‌وه‌ی كه له‌و چه‌ند رسته‌یه ده‌رده‌كه‌وێ، نیشانماندهدا كه نهشارهزایێكی باڵا له تێگه‌یشتن بۆ پیشه‌گه‌ریی له شیعردا لای تێكستنووس بوونی هه‌یه..لێره‌دا ته‌نیا وشه به ته‌ك یه‌ك لكێنراون و دانراون و ریزكراون، كه هه‌رگیز نه‌توانراوه له هه‌ردوو حاڵه‌تی كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی رامان لای وه‌رگر یا چێژبه‌خشین سه‌ركه‌توو بێ، به پێچه‌وانه‌ی به نمونه گه‌نجێك كه له دێرێك ده‌توانێ ئه‌و كاره بكا..
كارزان ره‌حمان ده‌ڵێ:
(كه مرۆڤ ده‌خنكێ.. ئه‌ی ئاو چه‌ند دڵڕه‌قی، چه‌ند دڵڕه‌قی) یا (بریا وه‌ك ته‌به‌قه‌یه‌ك هێلكه به ته‌نیا ژیابام)..
عه‌باس ده‌ڵێ:
(قاقان به قاقای بالوول ده‌خه‌وێ و به قووقه‌ی دیقل به‌خه‌به‌ر دێ، ئینجا به‌یه‌كه‌وه خۆی و قورواق قه‌یماغ ده‌خۆن) یا (من سه‌ربورده‌ی خۆمم ده‌گێڕایه‌وه، گرانیت به گژمهوه داهات و وتی: به‌س به وس به، ئه‌مه سه‌ربورده‌ی منه!)
به‌راوردكردنی ئه‌و شێوازی پیشه‌سازییه (بۆیه ده‌ڵێم پیشه‌سازیی، چونكه ئه‌و دێرانه ته‌واو خاڵین له هه‌موو ئه‌و خاسییه‌ت و ره‌گه‌زانه‌ی كه شیعر پێك ده‌هێنن) له درووستكردنی شیعر له‌و دوو نمونه‌ی هێنامه‌وه، لای كارزان و عه‌باس بۆ خوێنه‌ر جێدێڵم.
چۆنییه‌تی گوتن كه له كۆمه‌ڵێك تاكدێری هه‌وڵدراوه به شێوازێك بێ، سوود له دیارده به‌رچاوه‌كانی جیهان وه‌ربگیرێ، زۆر ره‌مه‌كی كاری له‌سه‌ر كراوه، مه‌به‌ستمه بڵێم، نه‌توانراوه هیچ به‌هایه‌ك بۆچییه‌تی گوتن دابنرێ.. بهدیوێكیدی ده‌توانم بڵێم: هه‌وڵیداوه به سود وه‌رگرتن له هه‌ندێ ناو به سیفهتهكانیانهوه به نمونه بۆلیۆۆد، ئه‌نجلینا جولی، لۆلیتا، له‌یه‌ك دێردا هۆنراوهكمان پێ‌بدا وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، به‌ڵام به داخه‌وه نه‌یتوانیوه له‌و دێرانه واتایه‌ك یا حیكمه‌تێكی سوریالی یا وێنه‌یه‌كی بێمه‌عنای ئێسته‌تیكی یا هه‌ر شتێكی‌تر بدا كه شیعربێ یا به شیعر بچێ، لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه لێكجیا بكه‌ینه‌وه كه هه‌ندێجار تێكستی داهێنه‌رانه پێش زه‌مه‌نی خۆی ده‌كه‌وێ و زوو هه‌زم ناكرێ لای خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه تێكستێك به هیچ شێوه‌یه‌ك شیعر نییه و هیچ زه‌مه‌نێكیش نایكاته شیعر.
(لوولیتا له پیریدا حه‌ز له كوڕیژگه‌یه‌كی تازه هه‌رزه‌كار ده‌كات).
لۆلیتا به ناوبانگترین رۆمانی ڤلادیمێر نابۆكۆڤه باس له پیاوێك ده‌كا كه كچانی 13-14 ساڵی خۆشده‌وێ و عاشقی لۆلیتای منداڵ ده‌بێ.. له‌و دێره‌دا هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه كراوه‌ته‌وه و لۆلیتا له پیریدا (كوڕیژگه‌یه‌كی)خۆشده‌وێ.. پرسیاری من ئه‌وه‌یه شیعرییه‌ت و فه‌زای شیعری و سه‌رنجڕاكێشی و هیلاكیی له درووستكردنی شیعر و جوانیی ئه‌و شیعره له كوێیه..؟ حیكمه‌ت و كاریگه‌ریی چییه له كردنه‌وه‌ی زه‌ینی وه‌رگر؟؟؟ له كوێوه وه‌رگر له قۆناغێكه‌وه بۆ قۆناغێكیتر ده‌گوازێته‌وه؟؟؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه حیسابی داهێنانی بۆ بكرێ ئه‌وه هیچ كه‌سێك نامێنێ له دنیادا كه داهێنه‌ر نه‌بێ، چونكه هه‌ر كه‌سێك كه خوێندهواریێكی سه‌ره‌تایشی هه‌بێ ده‌توانێ رۆمانێك بخوێنێته‌وه به نمونه بڵێ: (له كۆتاییدا سۆنیا پێی راسكۆلنیكۆفی ماچ كرد) یا (سانتیاگۆ له ته‌نجه به شووشهواتفرۆشهكهی گوت:له بری نانخواردن من رێكلامت بۆ ده‌كه‌م)..(له‌و دوو نمونه، من به ئه‌نقه‌ست وێنه‌كانم گۆڕیوه)… تاد بۆیه ئه‌و رسته‌یه جگه له رسته‌یه‌كی زۆر زۆر ئاسایی هیچ شتێكی‌تر نییه كه په‌یوه‌ندی به شیعره‌وه هه‌بێ.
(با بچین كۆنه فیلمێكی هیندی ببینین و به دوا فرمێسكیش ماڵاوایی لێ بكه‌ین، بۆلیۆدیش خۆی له‌ناو فرمێسكان سه‌ما و گۆرانی ده‌ڵێت).. (بۆلیۆۆدیش خۆی له‌ناو فرمێسكان سه‌ما و گۆرانی ده‌ڵێت) ئه‌وه مه‌عنای چییه؟؟؟ مه‌به‌ستم له مه‌عنا، به‌ها ئێستێتیكیهكهیهتی؟؟؟ خۆشیی و جوانییه‌كه‌ی له كوێوه‌یه؟؟؟
(له UN پشیله‌و مشك تهبانامهی ئاشتییان مۆركرد، پێشیان خۆش‌بوو به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجیلا جولی بوو) پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌و رسته‌یه، كه ((ره‌نگه ماندبوونێكی یه‌كجار زۆری بوێ تا بتوانرێ بنووسرێ!!!)) چی ده‌به‌خشێ؟؟؟ حیكمه‌ت؟؟؟ فه‌لسه‌فه؟؟؟ ئێسته‌تیك؟؟؟ وێنه؟؟؟ شیعر؟؟؟ شیعرییه‌ت؟؟؟ بێمهعناییهكی جوان؟؟؟
به كورتی ئه‌وه‌ی كه من له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و دێرانه ده‌یبینم بریتین له:
1- ویستوویه‌تی به زمانێكیدی و ستایلێكیدی هه‌وڵێك بدا، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه ته‌نیا هه‌وڵێكه و له بۆته‌و چوارچێوه‌یه‌كی لۆكاڵی خۆیدا به بێ وه‌رگر ده‌مێنێته‌وه.. به سانایی چونكه پێیوه دیاره زۆر له خۆكراوه تا ئه‌و تێكسته نووسراوه، تێكستێكه وه‌كو ئه‌وه وایه چه‌ند فه‌رده‌یه‌ك پووش و په‌ڵاش بخه‌یته سه‌ر یه‌ك و بته‌وێ ئاگری پێبكه‌یته‌وه، به‌ڵام گڕناگرێ و لوت و چاوت پڕ ده‌كا له دووكه‌ڵ..
2- كاركردن بۆ درووستكردنی لادان، هێنده زێده‌ڕۆیی تیا كراوه، تا ئاستی ناشرین بوون،(به‌بیستنی ده‌نگی شكاندنی ده‌نكه فستقێك، ته‌لیسمی ونگه كرایه‌وه و رهوه ماسییه‌ك به سواری پایسكلی سێتایه پێشبڕكێیان كرد) یا (مرۆڤێكی سوپه‌رمان – به كوردی بێعار- به تاكپێی خێرا غاری دا‌و مامزێكی گرت، جا به تاكدهستهكهی خستیه قهڵاندۆشكانهوه.).. ئه‌گه‌ر واماندانا كه ئه‌و وشه‌یه‌ی كۆتایی (قه‌ڵاندۆشكان)یا (كوڕیژگه) یا (كێههیان) یا (بێعار)و ..تاد به ئه‌نقه‌ست هێنابێ و پێی وابێ كه به‌و وشه لۆكاڵییانه شیعر سنووری لۆكالییهتی جوگرافیا ده‌به‌زێنێ كارێكی نادرووسته‌و تێنه‌گه‌یشتنێك له ئارا دایه.. ئه‌وه به ته‌نیا هێنان و دانانی وشه‌و زاراوه‌ی لۆكاڵ نییه كه وا له شیعر ده‌كا ئه‌و سنووری لۆكاڵییهته ببیهزێنێ، به‌ڵكو چه‌ندین هاوكێشه له ئارادان كه ده‌بێ هه‌موویان له‌ناو تێكستێكدا پراكتیك كرابن بۆ ئه‌وه‌ی شیعر بگاته ئه‌و ئاسته، به‌ڵام له ئاسانترین ده‌ربڕیندا سه‌باره‌ت به هێنانی وشه‌ی ناوچه‌یی ئه‌وه‌یه كه ده‌توانین بڵێین، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و ئاگره گرنگه كه له ئه‌نجامی به‌ریه‌ك كه‌وتنی وشه به وشه درووست ده‌بێ ئه‌وا ئه‌وه‌نده ناوچه‌یی و یا ستانده‌ربوون گرنگ نییه له شیعردا.. شاعیر ده‌توانێ له هه‌موو وشه‌یه‌ك شیعر درووست بكا ئه‌گه‌ر خاسیه‌ته‌كانی شاعیربوونی هه‌بێ.. نالی چه‌ندین وشه‌ی وه‌ك زاناندمان، هه‌ورین و تاد بۆ یه‌كه‌مجار به‌كارهێناوه كه بۆ سه‌رده‌می ئه‌و یه‌كه‌مین كه‌سێكه كه ئه‌و وشانه‌ی له‌نێو شیعر به‌كارهێناوه، به‌ڵام له هێنانی ئه‌و وشانه بۆ ناو شیعر گرنگتر چۆنییه‌تی به‌كارهێنانییه‌تی:
ئاسمان هه‌ورین ده‌بێ، ئێــــمهش به غـهمگینی ده‌ڵێین:
ئه‌ی خودا چ بكه‌ین له‌ژێر ئه‌م كاوله‌ی كه‌س تیا نه‌ماو!؟
3- چۆنییه‌تی به‌كارهێنان و سود وه‌رگرتن له گیانله‌به‌ران، مشك وپشیله، جوجكه، مار و دووپشك و تاد، لێره‌دا من بۆق به نمونه ده‌هێنمه‌وه له‌و تێكسته و لای نووسهرانیدی ..(گۆرانیه‌كی به‌هارانه‌ی رۆمانسی چڕی، ورده بۆقیش كۆرسی بوون) زۆر ئاسایی هه‌ندێ وشه ریزكراون و ناونراون هۆنراوه، ورده بۆقیش كۆرسی بوون، وێنه‌و گوزارشتێكی زۆر ئاساییتره له ئاسایی.. با به‌راوردێكی خێرا له‌نێوان دوو رستهیتر بكه‌ین كه بۆقی تیا به‌كار هاتووه به مه‌به‌ستی گوتنی شتێك، (گه‌نجه‌كان بۆ گاڵته به‌رد له بۆقه‌كان ده‌گرن، بۆقه‌كان به جددی ده‌مرن..ئێریش فرید) یا ( له‌توانای بۆقێكدایه بۆ چه‌ند ساتێك جوانی مانگ له‌ناو دهراوێك له‌ناو ببا).. لێره‌دا توانای شاعیرانه له به‌كارهێنان و چۆنییه‌تی و چییه‌تی گوتن به ته‌واوی له‌نێوانی تاكدێری و هه‌ردوو شیعره‌كه دیار و رۆشه‌نه.
4- له‌و نووسینه تاكدێرییانهدا ته‌نیا پیشه‌سازیی و مه‌عریفه‌ی درووستكردنی تێكست رۆڵی گێڕاوه، بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك ترووسهكه و برووسكه‌یه‌كی جوانی لێ نابینرێ.
هه‌ر چۆنێك بێ ئه‌و چه‌ند رسته‌یه‌ی كه نووسیوومن گوزارشت له بۆچوونی شه‌خسی من ده‌كات سه‌باره‌ت به‌و تێكسته، هیوادارم وه‌كو بۆچوونی وه‌رگرێك وه‌ربگیرێت، كه هه‌موو تێكستێكی جوانی خۆشده‌وێت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ تێكست نووس.
زانا خه‌لیل