23….. داستان به‌رزان
هێوربوونه‌وه
كارێكی زه‌حمه‌ته هێور ببمه‌وه، له ناوه‌وه‌مدا جموجوڵێكی زۆر و هه‌را و هۆریایه‌كی نائاسایی هه‌یه، كه ناهێڵیت ئۆقره بگرم، زۆر حه‌ز ده‌كه‌م هێور ببمه‌وه، چونكه ئه‌م شپرزه‌ییه سروشتی نییه و له هه‌ندێك جێگه‌دا بۆم ده‌بێته شوره‌یی، (خه‌ڵك ناتوانن لێت قبووڵبكه‌ن بۆ ساتێك ئاسایی نه‌بیت! ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به عاقڵی خه‌ڵكه‌وه.)
بێده‌نگی
دوای گه‌ڕانه‌م له پیاسه‌یه‌كی غه‌مگین، بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌م باره ئاڵۆز و خراپه‌ی تێی كه‌وتووم كێشه‌یه‌كی زۆری مرۆڤبوونمدا دروستكردووه، بۆیه ناتوانم زۆر به ناوی مرۆڤه‌وه قسان بكه‌م، باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه بێده‌نگبم و به ناو خۆمدا لول بخۆم تاكو به بارێكدا ده‌كه‌وم، كه دڵنیام ڕۆژ به ڕۆژ خراپتر ده‌بم.
مردنم
ئه‌مڕۆ به‌ر له‌وه‌ی له خه‌و هه‌ستم دراوسێیه‌كمان مردبوو، به‌و به‌یانییه مردنم بیركه‌وته‌وه و تاوێك به ده‌م كێشانی پرێستجێكه‌وه له حه‌وشه‌كه‌ی خۆمانه‌وه له مزگه‌وته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ماڵمانم ده‌نۆڕی، خه‌یاڵم به كێشی ده‌كردم بۆ ئه‌و كاتژمێر چواری به‌یانییه‌ی بیست و سێی چواری ساڵی دوو هه‌زار و حه‌ڤده‌یه‌ی كه تێیدا ده‌مرم، نازانم ئه‌م پێشبینییه وه‌همه؟ یاخود ڕاستی؟ له لێكدانه‌وه و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی وه‌هم و ڕاستییدام بووم، نه‌نكم به عه‌با ڕه‌شه‌كه‌یه‌وه خۆی به ماڵدا كرد و وه‌ك هه‌میشه به ده‌نگه نه‌رم و برینداره‌كه‌یه‌وه گوتی: خوا په‌نامان بدات قه‌برسانه‌كانی شار هه‌موو پڕبوونه‌ته‌وه و شوێنی قه‌بری تازه‌یان تێدا نه‌ماوه!
منیش له‌به‌ر خۆمه‌وه گوتم: ئه‌ی ئه‌گه‌ر من مردم، له كوێ ده‌منێژن؟
نه‌نكم به كه‌مێك ڕاستی و نیوه گاڵته‌وه گوتی: قه‌برسانێك كراوه‌ته‌وه له ده‌ره‌وه‌ی شار.
منیش به‌وپه‌ڕی له خۆڕازیبوون و دڵنیاییه‌وه گوتم: ئاخر نابێت، نه‌نه گیان من له سه‌یوان نه‌منێژن نامرم.
نه‌نكم دایه قاقای پێكه‌نین، منیش چوومه ژووره‌كه‌ی خۆم و گریام.
چاك نابم
پێمخۆشه سه‌رقاڵییه‌كانم كه‌م بكه‌مه‌وه، ئه‌م سه‌رقاڵییه‌م به هیچه‌وه قه‌ت ته‌واو نابێت، دكتۆرێك پێی گوتم: ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت چاك بیت، هه‌وڵبده بچیته‌وه‌ناو خه‌ڵی و له بۆشایی بێیته ده‌ره‌وه،منیش هه‌ژار گوته‌نی گوتم: دكتۆر ناڵێم زانا و شاره‌زا نیت، به‌ڵام من هیچ نه‌بێت خۆم به چییه‌وه سه‌رقاڵبكه‌م؟ له بۆشایدا نه‌بێت چۆن ده‌توانم بیر له خۆم و ئه‌م ژیانه شه‌ق و شڕه بكه‌مه‌وه ؟
دكتۆر پێكه‌نی گوتی: چه‌ند حه‌بیكت بۆ ده‌نوسم بیانخۆ، پشتیوان به خوا چاك ده‌بیت. هه‌ر كه دكتۆر وه‌های گوت پشتیوانی هاوڕێمم بیر كه‌وته‌وه، به‌هه‌رحاڵ له‌و ڕۆژه‌وه هه‌زاران ده‌نكه حه‌بم له‌خۆم كرۆشت و كرمان و قوتدا، پشتیوان به خوا هه‌ر چاك نه‌بووم!
به‌ڕاست من چیمه تاكو چاك بم؟
بۆ دكتۆر ده‌ڵێت: چاك ئه‌بیت؟
له‌وانه‌یه كێشه‌یه‌كم هه‌بێت!
ئائا له‌وانه‌شه چاك ببم.
له‌گه‌ڵ باوكم به سكایپ
(من نه‌خۆشم، ده‌چم بۆ لای دكتۆر، ژیان ئاوا نابێت، نائومێدی سه‌ری خواردووم.)، ئه‌م قسانه‌م بۆ باوكم ده‌كرد، دوای كه‌مێك بێده‌نگی باوكم گوتی: بۆ چیته كوڕم؟ گوتم ده‌روونم نه‌خۆشه، له قه‌له‌قییه‌كی سه‌یردام، هه‌سته‌كه‌م به‌رده‌وام كه‌سێك به دووامه‌وه‌یه، ده‌ڵێم ئێسته نا كه‌مێكی تر فیشه‌كێك كه‌له‌كه‌م ده‌بڕێت، باوكم گوتی: دونیا به قورس مه‌گره، ژیان هه‌روا كه‌م نییه، گوتم: ئاخر باوكه تاكو ئه‌م ته‌مه‌نه هاتووم و ناتوانم له‌م شاره بچوك و ژیانه بچووكه‌دا خه‌ون ببینم، خۆ ئه‌زانم عه‌باسی معروفیش ده‌ڵێت: مرۆڤ ده‌بێت چاوی بكاته‌وه و دونیا به كه‌م نه‌گرێت، باوكم گوتی: ئێ خوا نه‌یبڕێت خۆت عاقڵی، منیش گوتم: ئه‌زانم ئه‌م جیهانه بچوكه و منیش نه‌خۆشم، باوكم قاقا پێكه‌نی گوتی: دانیشه كوڕم دانیشه، جیهان ئه‌وه نییه كۆڕه‌ك تیلیكۆم بچوكی بكاته‌وه و تۆش نه‌خۆش نیت.
توانا و توانا
ئیستا گوێ له گۆرانی (نامجوو) ده‌گرم، ده‌زانم ئه‌مه شتێكه په‌یوه‌سته به خۆمه‌وه، به‌ڵام بۆیه له‌م ده‌رفه‌ته‌شدا ده‌یڵێم ئه‌میش په‌یوه‌سته به خۆمه‌وه، نازانم هه‌ر شه‌وێك له‌گه‌ڵ توانا ده‌بم تۆم بیر دێته‌وه، ڕه‌نگه ئێستا تۆ حه‌ز بكه‌یت توانام نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی تۆم بیر نه‌یه‌ته‌وه، یان ڕه‌نگه حه‌زبكه‌یت توانام هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی تۆم هه‌میشه له‌بیر بێت.
ناڵێم بوون و نه‌بوونی توانا وه‌ك یه‌كه، به‌ڵام نازانم چ بكه‌م تۆم له بیر بچێته‌وه؟
فه‌یسبووك
ئه‌مشه‌و سه‌ردانی فه‌یسبووكه‌كه‌تم كرد، دوو هاوڕێت زیاد كردبوو، زۆرم پێ‌خۆش‌بوو، به‌وه‌دا زانیم كه هاتوویته‌ته فه‌یسبووك، بێزه‌حمه‌ت سه‌ردانێكی په‌یجه‌كه‌ی منیش بكه، ئه‌گه‌رچی په‌یچه‌كه‌م یه‌كپارچه خوێنه، به‌ڵام له‌وێوه قسه‌كانی دڵمت بۆ ده‌نووسم.
ته‌قین
سوپاس بۆ تۆ، كه فه‌یسبووك نا‌بینیت، ده‌نا قسه‌كانم له دڵمدا ده‌ته‌قین و شوێنێك نه‌ده‌بوو تێیدا بیانكه‌م، ئائائا به‌و ته‌قینه‌دا ته‌قینێكم بیركه‌وته‌وه، ده‌زانی ئه‌مشه‌و له ماڵی هاوڕێیه‌ك بووین، به‌ڕوویه‌كمان له‌سه‌ر زۆرپاكه دانابوو، له گه‌رمه‌ی قسه‌كردندابووین له‌سه‌ر شیعر و به‌دبه‌ختی و بیره‌وه‌ری ووووووووووو، له پڕێكدا به ڕوو (ته‌قی)، به‌و ته‌قینه زۆرم پێكه‌نین هات، بڕوابكه تاگه‌یشتمه‌وه ماڵی خۆمان هه‌ر پێده‌كه‌نیم، هه‌ڵبه‌ت به به‌ڕووه‌كه نا، به‌ڵكو به دڵم، كه دڵنیام ڕۆژێك وه‌ك ئه‌و به‌ڕووه ده‌ته‌قێت.
23
ئه‌مڕۆ23/4/2011، یادی ئه‌و ڕۆژه‌یه كه له‌دایكبووم و بۆیه‌كه‌مینجار سه‌رم كێشای به زه‌ویدا، نازانم ئه‌مڕۆ دڵخۆشبم یان غه‌مگین، به‌ڵام به‌گشتی له دایكبوون به ئیشێكی باش نازانم!
ئه‌مڕۆ وڕم، ئازاركێكی باریك به ناو سه‌رمدا دێت و ده‌ڕوات، بیرم لای ئه‌و ڕۆژه‌یه كه سه‌رم به ڕه‌قی ژیان شكا، هه‌ڵده‌ستمه سه‌ر پێیه‌كانم و به چاوێكی لێڵه‌وه ده‌ڕوانمه ڕۆژمێره تۆزگرتووه‌كه‌ی هه‌یوان، به‌و ئومێده‌ی ئه‌مڕۆ یادی له دایكبوونم نه‌بێت و له دایكبوونم هه‌ڵكرم بۆ كاتێكی تر، به‌ڵام نا ئه‌مڕۆ خۆیه‌تی.
به‌هه‌رحاڵ گرنگترین كار ئه‌وه‌یه له ڕۆژی له دایكبوونمدا ته‌له‌فۆنێكی درێژ بۆ باوكم بكه‌م و شتێك ده‌رباره‌ی له دایكبوونمم بۆ باس بكات، دواتریش وه‌ك هه‌میشه بڕێك گله‌یی لێبكه‌م بۆ كارێك كه كردی.
كارێكی گرنگی تریش ئه‌وه‌یه له‌م ڕۆژه‌دا بیرم نه‌چێت به خۆم بڵێم: خوا سه‌بووریت بدات و بۆخۆت خۆشبیت.
له ژماره (4)ی گۆڤاری (23)دا بڵاوبۆته‌وه.