
چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران” ..5
بەشی پێنجه‌م -5
سه‌ره‌تا به هۆی بارگرانیی منداڵ به‌رهه‌مهێنان و پێ له‌كورتیدانی ژنان (دابه‌شبوونی سروشتییانه‌ی كار) به ناچاریی هاتۆته پێش؛ واته ئه‌و كارانه به ژنان سپێردران كه له ماڵ یان شوێنی ساده‌ی پشوودان و خه‌وتن و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی هه‌بوون وه‌ك به‌خێوكردنی منداڵ و خواردن ئاماده‌كردن و كاری ساده‌ی كشتوكاڵیی و … هتد، كاره‌كانیتریش وه‌ك به‌دواداگه‌ڕان و كۆكردنه‌وه‌ی به‌ری دارودره‌خت و گژوگیا و راوكردنی ئاژه‌ڵان و … هتد به‌ر پیاوان كه‌وتن ل32
پرسیار بۆچ کاری نێوماڵ و مناڵبەخێوکردن و چاوەڕوانمانەوەی ژنان لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا دابه‌شبوونی سروشتییانه‌ی كار بێت، کەچی لە ئەورۆدا مانەوەی ژن لەناو ماڵ و مناڵبەخێوکردن هەڵاواردن بێت؟ ئایا ئەوەی کە ئەو کات پیاوان کاری نێوماڵ و خواردن ئامادەکردنیان بە کاری خۆیان نەزانیوە، هەمان بیرکردنەوەیە نییە، کە ئەمڕۆکە هەیانە و ئەمەش بەڵگەی سێکسیستیبوونی کۆمەڵگە سەرەتاییەکانە و بەپۆزەتیڤ نیشاندانیان لە لایەن بیریانانی کۆمونیستەوە، خۆی بۆ خۆی ڕەوابینینی هەڵاواردنە!. هەورەها ئەگەر بیانوو ئەوەبێت، کە پیاوان ڕاو و پاسەوانییان کردووە، دەی ژنانیش ئەرکی لەوە سەختریان لەسەر شان بووە؛ کە هەڵگرتنی نۆ مانگەی کۆپرپەلە لە زکیاندا بووە. کەواتە هیچ بیانوویەك نییە، کە سروشتیبوونی خواردندروستکردن و بەخێوکردنی مناڵ لەلایەن ژنانەوە پشتیوانی بکات و شانی پیاوانی لێ خاڵی بکات. هەروە‌ك چۆن هیچ بیانوویەك نییە، کە ئەورۆکە پاساوی ئەوە بدات، ژنان کاری دەرەوەش بکەن و کاری نێوماڵیش هەر هی ژنان بێت!
ئه‌و كاردابه‌شكردنه‌ش بووه هۆی به‌هێزتركردنی بیروبازووی پیاوان له هی ژنان، پاشان هه‌ندێك كه‌س – له‌نێو پیاوان – به‌هۆی ئه‌و كاره‌یان و پتر گه‌شه‌سه‌ندنی بیروبازوویان له خه‌ڵكانیتر به‌رهه‌می زیاده و كه‌رسته سه‌ره‌تاییه‌كانی كاركردنیان داگیركرد و خۆیان كرده خاوه‌نیان .. (دابه‌شبوونی چینایه‌تییانه‌ی كار) هاته‌ئارا؛ واته كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێكی كه‌م بوونه خاوه‌نكار و زۆربه‌ی خه‌ڵكیش كه نه‌یانتوانی ببنه خاوه‌نی هیچ شتێك زۆربه‌ی كاره‌كانیان خرایه سه‌رشان و ده‌ستكه‌وتی كاره‌كانیشیان له لایه‌ن خاوه‌نداره‌كانه‌وه زه‌وت ده‌كرا .. ته‌نانه‌ت وای لێهات كه‌سێك ببێته خاوه‌نی چه‌ندان كه‌س و قۆناغی چه‌وسێنه‌ری كۆیله‌یی ده‌ستپێبكا، له‌و نێوه‌شدا ژنان به‌هۆی ئه‌و باره‌یان كه له سه‌ره‌وه باسكرا له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌رانه‌ی چینایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالارییان به‌سه‌ردا سه‌پێندرا. ل 32-33
بە بۆچوونی من ئەمە تەنیا بڕوا بەخۆهێنانە یا خۆرازیکردنە بەوەی کە توانیبێتمان وەڵامی لاوازییەکانی ئەو تێزانە بدەینەوە. یەکەم ئەگەر بەوە بووایە، دەبوو هەردەم کرێکاران، کە بە هۆی کارەوە لە خاوەنکارەکان لە ڕووی بازووەوە بەهێزترن، بیانتوانیانە وەچە دوای وەچە خاوەندار و دەسەڵاتدار بن. هەروەها بە بۆچوونی من، بوونی جیاوازی هەر لە خیڵ و گروپە سەرەتاییەکانی یەکەمدا هەبووە و ئەوەش هەم بە‌هێزی جەستە (هەندێك پیاوان) و هەم بە‌هێزی مێشکیان (هەندێك لە ژنان و پیاوان) ڕێوشوێنی بانتری پێبەخشیوون و ئەفسانەکان و ئایینەکان کە بۆخۆیان دایانهێناون، بەرهەمی بە‌هێزی مێشکی کەمایەتییەك و زاڵبوونی هێندیك بە سەر هێندێکی دیکەدا لە جەنگە نەبڕاوەکاندا، بوون و لەو ڕێگەوە سەروەر و بندەست دروست بوون و لەتەك ڕەوتی دۆزینەوەی کشتوکاڵ و بەرهەهێنان و گەشەی ڕێکخستن و پاراستنی کۆمەڵگەکان، چینی باڵادەست، لە خێزان و خێڵەوە گۆراوە بۆ میرایەتی و بەو جۆرەی ئەمڕۆ گەیشتووە. بەکورتی چەوسانەوە و ستەم بە سوودوەرگرتن لە ناخۆهوشیاری و کەم دەرکی و لاوازی ئەندامانی دیکەی گروپەکان لە منداڵدانی گروپە سەرەتاییەکاندا سەریهەڵداوە و جەنگ و پاکتاوکردنەکانیش وەك گەشەی ئەو پاوانخوازییە سەریاهەڵداوە و پەنایان بۆ براوە و باوکسالاری هەر هەبووە و مرۆڤسالاری تەنیا لەو ناوچانەدا هەبووە، کە ئەوڕۆکە شوێنەواری ماوە و ژنان ڕێوشوێنی باشتریان هەیە یا هاوتایی و بەڕێزیی هەر یەکە لەو شوێنانەدا هەبووە، کە بە سەردەمی خێڵایەتیدا تێنەپەڕیوون و لە کوردستانی خۆشمان‌دا شوێنەواری لە هەندێك ناوچەی زوو نیشەجێبوودا هەیە. لەم بارەوە دەتوانین بگەڕێینەوە سەر لێکۆڵینەوەکەی خاتوو مارگەرێت مێد (Margaret Mead) بە نێوی سروشتی مرۆڤ و دەسەلاتی کەڵچەر (Human Nature and tjhe Power of culture), کە تێیدا بە بەراوردی سێ کۆمەڵگەی سەرەتایی (Arapesh , Mundugumor , Tchambuli) لە هەرێمی (Papua Niugini) جیاوازی ڕێوشوێنی ژنان و پیاوانی لەو کۆمەڵگەیاندا نیشان داوە.
دیاره تا چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تییش مابێ رزگاریان نابێ .. چونكه چه‌وسانه‌وه‌ی ئه‌وان له په‌یدابوونی چینه‌كان و چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیی سه‌رچاوه‌ی گرتووه، هه‌ر به‌و پێیه‌ش كه کۆمونیزم هزری رزگاریی مرۆڤه و ئه‌و رزگارییه‌ش به لابردنی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیی و دامه‌زرانی كۆمه‌ڵێكی بێ چین ده‌ستپێده‌كا هه‌ر جۆره ده‌سه‌ڵاتێك كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیی په‌یدا بووه – وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاریی – به‌ره‌و مه‌رگ راده‌ماڵێ .. كه‌واته کۆمونیزم تاكه رزگاركه‌ری یه‌كجاره‌كییه بۆ ژنانیش. ل33
لێرەدا ئەگەر بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی هزری کۆمونیستی و ئەوەش کە لێرەدا روون نەکراوەتەوە، کۆمونیستەکان ڕزگارگەری ژنانن، دەبێت هیوایان بەوە ببەستنەوە، کە ڕۆژگارێك فریادڕەسەکانیان ڕزگاریان بکەن. دیسانەوە ئەمە پێچەوانەی ئایدیای خۆڕزگارگەری تاکە وەك بەرهەمی خودهوشیاری لە خەباتی یەگرتووی هاوجۆرەکانیدا. بە بۆچوونی من، هەروە‌ك شٶڕش خاڵێکی دیاری‌کرا و کاتژێرێکی دانراو نییە، ڕزگاریش سەردەمێك نییە، کە سەرکەوتنی دەستەبژێرێکی کۆمونیست سنوورەکەی لە سەردەمی کۆیلەتییان لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا دیار بکات. بەڵکو بە پێچەوانەوە پرۆسێسێکی مێژوویی و ڕەوتێکی درێژماوەیە و بەو ڕادەیەی ژنان خۆهوشیار دەبنەوە و جەنگی ئازادبوون و یەکسانبوون و دادپەروەری دەکەن، بەو رادە ڕزگاریان دەبێت. منیش پێموایە لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا مرۆڤ بە گشتی بە ئازادی و یەکسانی و دادپەەروەی یەکجاری یا تەواو ناگات، بەڵام ئەمڕۆ بەردی بناخەی سبەێنێیە و ئەگەر ئەمڕۆ ئەو بەردە دانەنێین، دیواری سبەنینێ وشکەکەڵەك و بێبناخە دەردەچێت و وەك ئیمپراتۆرییەکی بۆلشەڤیزم لە ناوەوەرا دادڕمێت.
هەروەها وێناندنی چەوسانەوەی ژنان بە هاوکێشەیەك، کە لەلایەکی ژنان وەستاون و خوێنیان لێ دەتکێت و لەلاکەی دیکەوە پیاوان بە چەقۆ و قامچییەوە پەلاماری ژنان دەدەن، بۆچوونی بۆرجوا-فێمینیستەکانە. بە بۆچوونی من چەوسانەوەی ژنان بەشێکە لە پێکهاتەی کو‌لتوور و سەرخانی کۆمەڵگە و سیستەمی چینایەتی بۆ پایەدارمانەوەی خۆی دەیپارێزیت و ئەگەر بەرگری ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە ئارادا نەبێت، ئەوا لە کۆمەڵگە ئەوروپییەکانیشدا هەرئاوا کە ڕۆژانە نیئۆلیبراڵەکان خەریکن دەستکەوتە ڕامیاریی و ئابووری و کۆمەلایەتییەکانی نیوە سەدەی ڕابوردوو لە تاکە بندستەکان دەسێننەوە، هەرواش وەك کوردستان زۆر بە ئاسایی و ئارامی و بێ بەرەنگاری یاسای چەند ژنە پیادە دەکەنەوە، هەرچەندە لە ئەوروپا لە ڕووی بازرگانی سێسکییەوە، واتە کۆیلەتی هاوچەرخی ژنانەوە، پیاوانی دەوڵەتمەند زیاتر لە چوارژنی بەردەست و یار و هاوسەر و هادەمی سێکسی و نۆکەریان هەیە و نموونەش دەتوانن سەرنجی فیلمە دۆکومێنتەرییەکان لەسەر چۆنیەتی ژیانی ملیۆنێر و ملیاردلێرەکان لە دوورگە و میوانخانە پێنج ئەستێرەکاندا، بدەین و ببینین کە چۆن کۆشکی سەرمایەداران وەك حەرەمسەرانی کۆیلەداران و پاشاکان لە ژنانی سێکسفرۆش و کەسایەتی شکاو جمەیان دێ. هاوکات هەروە‌ك پیاوان لە ژێر هەژموونی بیری زاڵی چینەداراکان و کو‌لتوور و یاساکاندا دەبنە کوتکی دەستی سیستەمەکە، هەرواش ژنانیش خراپتر ئەو ڕۆڵە دژەشۆرشییە دەبینن؛ بۆ نموونە ئەگەر ژنان خۆیان بە خەتەکردنی خۆیان هەڵنەستن، ئەوا ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان هیچ ڕێگە بە پیاوان نادەن، تا کولەگوێزانی ڕدێنتاشینەکەیان بەدەستەوە بگرن و کچ و خوشکی خۆیان خەتەنە بکەن، هەرواش ئامادە نین، ئەو کارەش بە پیاوانی دیکە بسپێرێن. ئایا چی ڕێگری ئەوە دەکات، کە ژنان ئەو کارە [یاخیبوون لەو ڕێسا کولتوورییە] نەکەن و دایکان و خوشکان و ژنانی دیکە قسەی لەسەر نەکەن؟ ئایا پیاوی سێکس نەدیتووی کورد دەتوانێت شەوی هاوسەری ئەوە دیاری بکات، کە کچ خەتەنە کراوە یا نا؟ ئەگەر بشتوانێت، ئەوا بوونی ئەو پارچەیە بۆ خودی پیاو هێندە بەسوودە، کە ئامادە نییە، چیدیکە بیبڕێت! ئەی بۆ ژنان یاخی نابن و هەوڵنادەن، کە نەیکەن؟ بە بۆچوونی من ئەوەندەی ژنان کوتەك و بزوێنەری ناموسپەرستی پیاون، خودی پیاوان نین. هەروەها ئەوە باوك نییە، کە ئارەزوومەندی کوشتنی کیژۆڵەکەی بێت، بەڵکو ئەوە ڕێسای خێڵ و دەسەڵاتی کوڵتووری دواکەوتووانەی نەتەوە (خێڵە یەکگرتووەکان)یە، کە وا لە باوك و برا دەکات، کیژۆڵەکەی وەك مامرێك سەرببرێت.
بە بۆچوونی من، ئەو بۆچوونانەی نووسەر تەنانەت جێی ڕەخنەی کۆمونیستەکانیش دەبن، کە پیاوان بە چەوسێنەری ژنان بزانێت. چونکە پیاوان هەروە‌ك ژنان لە سیستەمەکدا ڕۆڵی پۆلیس و سەربازانێك دەبینن، کە هاوچین و هاوجۆرەکانی خۆیان خەڵتانی خوێن دەکەن. ئایا لەبەر بەرژەوەندی و ئازادی خۆیانەوە ئەوە دەکەن یا لەبەر دەستەمۆبوون و دەستبەسەرییان لەلایەن دەسەلاتی کو‌لتوور و سەروەری چینە داراکانەوە؟
ئەمە هەمان بۆچوونە کە هەموو کرێکاران بە شۆڕشگیڕ دادەنێت، ئەوە لەبەرچاو ناگرێت، کە بەهەمان شێوە کرێکارانی کارخانەکانی چەکسازی و تەقەمەنی وەك ژنانێك کە کیژۆڵەکانیان خەتەنە دەکەن، چەك و تەقەمەنی کوشتنی بۆ هاوچینەکانیان بەرهەمدێنن! ئەگەر بە وردی سەرنجی چەندێتی لۆجیکبوونی ئەم بۆچوونە بدەین، دەبین، ئەوە لەبیر دەکات، کە بە هەمان شێوە کە سەروەری چینایەتی لەسەر زەمینەی ملدانی زۆرینەی ژێردەستان [بە نموونە کرێکاران] بە کۆیلایەتی، خۆی ڕاگرتووە، پلەچەندی و نایەکسانی ژنان یا بەدیوەکەی دیکەیدا جێکەوتەیی ڕێسای باوکسالاری بەملدانی زۆرینەی ژنانەوە پەیوەندە، هەر بەو جۆرەی کە هەموو ژێردەستان ناهوشیار و پارێزەری سیستەمی سەرمایەداری نین، هەرواش هەموو پیاوان هەڵگر و پارێزەری ڕێسای باوکسالاری نین و دانانی هەموو پیاوان وەك دوژمنانی ژنان، ئاو بە ئاشی بۆرجوا-فێمینیزمدا دەکات و هەموو گشتگیرکردنێك سەری لە کۆنەپارێزییەوە دەردەچێت.
هه‌رچه‌نده بزاڤی کۆمونیستی رابردوو له سه‌راسه‌ری جیهان له یه‌كه‌م هه‌نگاویدا كێشه‌ی ژنانی به كێشه‌یه‌كی گرنگی خۆی زانیووه و له گۆڕه‌پانی خه‌باتیشدا ده‌ستكه‌وتی زۆر مه‌زنی له یه‌كسانییكردنی ژنان به پیاوان وه‌ده‌ستهێناوه به‌ڵام هه‌روه‌ك له زۆر لایه‌نیدی دووچاری لادان و شكست بۆته‌وه له پرسی ژنانیش كۆمه‌ڵێك هه‌ڵه و كه‌موكوڕیی و تێڕوانینی نادروستی هه‌بووه و كه گرنگترینیان ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌ن: ل33
بەداخەوە ئەمە وانییە و کۆمونیستەکان لەنێو سۆشیالیستەکاندا دەتوانم بڵێم ئەگەر دواهەمین باڵ نەبن یەکەمین باڵ نین، کە لایان لە پرسی ڕزگاری ژنان کردووەتەوە. ئەگەر بەراوردی تێڕوانینی چارلز فۆریە (François Marie Charles Fourier) و کارل مارکس لەمەر ژنان بکەین، کە مارکس، ئەو (چارلز فۆریە) بە خەیاڵی و نازانستی و وردەبۆرجوایی و دواکەوتوویی تۆمەتباری دەکات، بە فەرسەخ لە پێش (کارل مارکس)ەوە دەرکی بە ڕۆڵی ئازادی ژن لە گەیشتن بە سۆشیالیزم‌دا کردووە. بە کردەوەش شۆرشێك (شۆڕشی ئۆکتۆبەر) کە چەخماخەکەی مانگرتنی ژنان و خۆپیشاندانی ژنان بوو لە فێبریوەری 1917دا، لە ڕوسیەی بۆلشەڤیکیدا گۆڕانێکی وە‌ها بەسەر ژیانیاندا نەهات و وەك هاوڕێ پیاوەکانیان هەر ڕێوشوینی کۆیلانەیان بەرکەوتەوە. ئەگەر پاش 70 ساڵ ئیمپراتۆری بۆلشەڤیکەکان، سەرنجی ڕێوشوێنی کۆمەڵایەتی ژنان بدەین، دەبینن ئەوە تەنیا پاگەندە بووە و هیچی دیکە. ئەگەر پاگەندە نەبووایە، ئەوا لایەنی کەم ژنانی بلۆکی ئەوروپای خۆرهەلاتی کەمتر لە ژنانی ئەوروپای خۆراوا، ملیان بە لەشفرۆشی و پلەدووی و کۆیله‌تی سیکسی ده‌دا و له ئه‌مڕۆشدا پاشماوه‌ی ئه‌و ئازادییه که‌سییه ده‌بینرا. بەپێچەوانەوە ئەوەی من لە پەیوەندی نێوان هاوسەرە ڕوسەکانی ئەوروپادا دەیبینم، هەمان ڕۆڵی ژن و پیاوی خۆرهەلاتییە و کۆیلەتی سێکسی یا جێندەری لەناو ژنانی بلۆکی بەناو سۆشیالیستی جاراندا فرەتر جێکەوتە و بە خێرایی پەرەی سەند لەچاو ولاتانی دیکە. لەم بارەوە سەرنجی خوێنەران بۆ فیلمە بەڵگەنامەییەکان لەمەڕ کۆیلەتی هاوچەرخ و کۆیلەتی سێکسی، کە بەرچاوترین دیاردەی پەرەسەندووی ناو ئەو وڵاتانەیە، ڕادەکێشم.
ئەوەتا نووسەر خۆی دان بەوەدا دەنێت، کە
1- تێڕوانین بۆ هەر کێشەیەک بەتایبەتیش بۆ کێشەی ژنان پتر تێڕوانینێکی پیاوانە بووە.
پاشان نووسەر دەلێت:
٢- به‌ستنه‌وه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ژنان به هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی سۆشیالیستیی به جۆرێك بووه كه زۆر جار جوولاندن و بردنه‌پێشه‌وه‌ی كێشه‌كه له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریی فه‌رامۆش بكرێ و بۆ كاتیتر هه‌ڵبگیردرێ.
هەر ئەوەی کە نووسەر بەخۆی لێرەدا ڕەخنەی لێدەگرێت، کەچی پەرەگرافێك پێشتر پێی لەسەر داگرتووە.
هه‌ر به‌و پێیه‌ش كه کۆمونیزم هزری رزگاریی مرۆڤه و ئه‌و رزگارییه‌ش به لابردنی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیی و دامه‌زرانی كۆمه‌ڵێكی بێ چین ده‌ستپێده‌كا هه‌ر جۆره ده‌سه‌ڵاتێك كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیی په‌یدا بووه – وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاریی – به‌ره‌و مه‌رگ راده‌ماڵێ .. كه‌واته کۆمونیزم تاكه رزگاركه‌ری یه‌كجاره‌كییه بۆ ژنان. ل33
به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسه‌کانی وه‌ك نەژادپەرستی و هەڵاواردنی ڕەگەزی (سێکسیزم) و سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رکوتی ئایینی، بێجگه له پرسی سه‌روه‌ری مرۆڤ به‌سه‌ر مرۆڤه‌وه، سه‌رنج بده‌ین، ده‌بینین، که هه‌ر له‌م سیسته‌مه‌دا شیاوی چاره‌سه‌رکردنن، به‌مه‌رجێك هێزه ئازادیخوازه‌کان هه‌مه‌لایه‌نه (ڕامیاریی، ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی؛ کو‌لتووریی، هونه‌ریی، ئه‌ده‌بیی وڕۆشنبیریی) خه‌بات بۆ له‌ناوبردنی ڕه‌گوڕێشه‌کانیان بکه‌ن. ئه‌مه شیاوی جێبه‌جێکردنه، چونکه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا ئاماده‌یه ده‌ست له هه‌ندێك شت هه‌ڵگرێت و هه‌ندێك ڕیفۆرم بکات، له کۆمه‌ڵگه مرۆییه‌کانی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌مینه‌دا له سه‌رده‌م و شوێنی جیاوازدا ئه‌مه به‌دی ده‌که‌ین، به‌کورتی هه‌م ئاڵوگۆر له ناوه‌وه‌ی سیسته‌مه‌که ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه و هه‌م وە‌ها گۆڕانێك پابه‌ندی بوونی هێزی کۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ سه‌پاندنی ئه‌و خواستانه، واتە هێزگرتن و کۆمەڵایەتیبوونەوەی ئەو گۆرانە لە جێگیربوونی کو‌لتووریی و بوونەبەش لە دەسەڵاتی کولتوورییەکاندا. چونکە هیچ شتێك بەبێ بوونە بەشێك لە کو‌لتوور ناتوانێت کۆمەڵایەتیی بێتەوە و درێژە بە مانەوە و پەرەسەندنی بدات. ئەم یاسایە دەسەلاتیش دەگرێتەوە، چونکە ئەگەر دەسەڵاتەکان بنەمای کولتووریان نەبێت، هیچ کات لەبەردەم ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆیان ناگرن و هێزێکی کۆمەڵایەتیش بۆ پشتیوانی و پاراستنیان پەیدا نابێت.
٥- نه‌بوونی رێكخراوێكی دوور له‌به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسه‌تێكی دیاركراو كه له ژنان و پیاوانی یه‌كسانییخواز پێكهاتبێ و ته‌نیا ئامانجی وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی ژنان و یه‌كسانییكردنیان بێ به پیاوان. ل34
ئەم خاڵە، کە پێشتریش لەسەری دواین، بە بۆچوونی من، ئەڵتەرناتیڤی گونجاو و دروست نییە. چونکە ئەگەر پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەروەیخواز، خوازیاری هاوخەباتی ژنان بکەن، ئەوا پێویستییان بە ڕێکخراوێکی سەرووجەماوەری نییە، بەڵکو لە ڕێکخراوە جەماوەری و سەندیکا و ئەنجوومەنە پیشەییەکاندا دەتوانن پێ لەسەر ئازادی و یه‌کسانی ژنان لەتەك خۆیان دابگرن. کەواتە ئەوەی کە نووسەر دەیکاتە ئەلتەرناتیڤی ڕێکخراوی خۆهۆشیارگەریی سەربەخۆی ژنان، یەکەم پایەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی نییە، دووەم کارایی نییە، چونکە ناتوانێت فشاری ئابووری وەك مانگرتنی گشتی و لۆکا‌ڵی دروست بکات، سێیەم بۆ کۆمەلایەتیبوونەوەی شیرازەیەکی کۆمەڵایەتیی نییە، وە‌ها ڕێکخراوێك و لەباشترین باردا دەبێتە ڕێکخراوێکی دەستەبژێریی سەروو جەماوەر. بەڵام ڕێکخراوی ژنانی خۆهوشیاریبەخش دەتوانێت ژنان بۆ بەشداری لە بزاڤە کۆمەڵایەتییەکاندا هان بدات و ئەگەر مانگرتنی ژنانی دایك یا کابانی ماڵ بەڕێ بخات، کە هیچ کات پیاوان تەنانەت کۆمونیستەکانیش خوازیاری نەبوون، ئەوا کۆمەڵگە دەخاتە ژێر فشارەوە. هاوکات ڕێکخراوبوونی ژنان لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا وەك ئەڵتەرناتیڤی ڕێکخراوە کۆمونیستییە دەستەبژێرییەکە، ئەوا ژنان بە کردەوە پیاوانی هاوکارییان دەگەیێننە پای پێداویستی یەکسانی ژن و پیاو، چونکە ئەوکات سەرکەوتنی مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کرێکاران و فەرمانبەران و خوێندکاران و خانەنشینان و کەمئەندامان و بێکارانی پیاو، بە ئامادەیی ژنانی هاوکار و هاودەردیانەوە بەسترواوەتەوە و ناچار دەبن، خەبات بۆ یەکسانی خۆیان و هاوکارەکانیان بکەن، تاوەکو ئەوانیش بەشداری بکەن و نەبنە ڕێگر و هۆی هەرزانیی کار و مانشکێنی.
به‌و جۆره به راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه و كه‌موكوڕییانه و به‌و رێگه‌چارانه‌ی باسكران هزری کۆمونیستی باشترین و داكۆكییكه‌رترین هزره بۆ رێگه‌ی خه‌باتی ژنان و وه‌ده‌ستهێنانی ماف و ئازادییه‌كانیان، چونكه ئه‌و هزره جگه له‌وه‌ی له‌نێو ریزه‌كانی خۆی به‌یه‌ك چاو سه‌یری ژنان و پیاوان ده‌كا به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵیش په‌نجه له‌سه‌ر بچووكترین جوایێزیی داده‌نێ و بۆ چاره‌سه‌ركردنیشیان تێده‌كۆشێ ل35
دیسانەوە ئەمە زێدەڕەوییە و ئەگەر بە کەتواری سەرنجی تێڕوانینی مارکسیست-فمینیستەکان بدەین، دەبینین، کە هەمان تێروانینی دەسەلاتخوازانەیان وەك دەستەبژێرێكی شیاو بۆ دەسەلاتداری لە کۆمەڵگەی داهاتوودا هەیە و بەهه‌مان شێوە، ژنانی مارکسیست خۆیان بە مامۆستای ژنانی دیکە دەزانن و بە کردەوە لە هەوڵی سەرکردایەتی بزاڤی ژناندان. ڕاستییەکەی من نموونەیەکی بەرچاو نابینم، کە پشتڕاستی ئەو بۆچوونەی نووسەر بکاتەوە.
خوێنەرانی هێژا، ئەو بەشانەی هێڵیان بەژێردا کێشراوە، لە پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران” وەرگیراون و بۆ ئاسانکاری و جیاکردنەوەیان، من هێڵم بەژێردا کێشاون.