Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
ئایا بارزانی خاوەنی پڕۆژەیە؟ …. هێمن ڕەئووف

ئایا بارزانی خاوەنی پڕۆژەیە؟ …. هێمن ڕەئووف

Closed
by July 4, 2011 گشتی

   
پڕۆژەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە بە جێگای قسەوباسی زۆرێک لە میدیاکان و خەڵکی کوردستان. ئەمە جگە لەوەی ڕاگەیاندنی پارتی خەریکە بارزانی و پڕۆژەکەمان لێدەکەن بە کاریزما و فردیادڕەس بەسەر ئەم خەڵکە بەشخوراو و بەشمەینەت و چەوساوەیەی کوردستانەوە. بەڵام ئایا بەڕاستی بارزانی خاوەنی پڕۆژەیە؟
زۆرینەی میدیای ئەهلی و حیزبی و ڕۆشنبیران و ڕەخنەگران و ئۆپۆزیسیۆنیش، ئەم هەنگاوە تەنها لەو ڕووەوە هەڵدەسەنگێنن کە بەدەنگەوەهاتنی دەسەڵاتە بۆ داخوازییەکانی خەڵک. زووربەیان وا نیشانمان دەدەن ئەگەر بارزانی نەبوایە هیچ کەس و لایەن و هێزێک نەبوو دەست بۆ ئەم کارە ببات. یان تەنها ڕەخنە لەناوەڕۆکی پڕۆژەکە دەگرن و بەس.  ئەم هانابردن و تەسلیمبوونە بە تاکە کەسێک و بەخشینی ئەم خاوەندارییە بە ئەو لە جێبەجێکردنی ئەرکی چاکسازیدا، وامان پێدەڵێ کە حکومەت و دامودەزگا ئیدارییەکان هیچ بەهایەکیان نیە لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیاندا و بە حاڵەتی ئیفلیجیدا تێدەپەڕن. بەڵام ئایا لە ڕاستیدا وایە؟
هەرچەندە ئەو پڕۆژەیەی بارزانی خاوەنێتی خاڵی نییە لە خاڵی لاواز و ناڕۆشنی و نادادی، بۆ ئەمەش هاوڕێیانمان پێشتر باسیان لە کەموکوڕییەکان کرد، نالیا تیڤی لەبارەی کۆنتراکتە نەوتییەکانەوە ڕاپۆرتێکی باشیان پێشکەشکرد*. هەروەها ڕۆژنامەی هاوڵاتی** باسی لەو ڕەخنانە کرد کە ڕووبەڕوی بارزانی بوونەتەوە لە ڕاگەیاندنی پڕۆژەکەیدا کەدەشێت لێرەدا سودمەند بن. بەڵام ڕێگەش بەخۆمان نادەین بڵێین پڕۆژەکە هەنگاوێکی نادروستە یان بێکەڵکە و بۆ بەرژەوەندی گشتی هیچ بەهایەکی نییە.
لەم بابەتەدا دەمانەوێت لەدەرەوەی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە لەسەر پرسێکی گرنگ هەڵویستە بکەین یان بیووروژێنین، کە دەشێت تێپەراندنی بەمشێوەیە کاریگەری لەسەر داهاتوومان هەبێت و زۆرێک لە هەنگاوە جددییەکان بەرەودواوە بگەڕێنەوە و لە هەوڵەکەماندا بۆ ئازادییە پەتییەکە دوابکەوین. ئەویش وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەیە ( ئایا بارزانی خاوەنی پڕۆژەیە؟)
دیارە لەوەڵامی پرسیارێکی وەهادا وەک ڕەخنەگرێک و بەرهەڵستکاری ئەم دەسەڵاتەی ئێستا لە کوردستاندا حوکوم دەکات بەبێ هیچ دوودڵییەک دەڵێین نەخێر! ئەم پڕۆژەیە خاوەنەکەی بارزانی نییە! بەڵکو کەسانێکن خاوەن، ساڵانێکە ڕەخنە و گوتار و پڕۆژەکانیان وورد وورد لە کاردان بۆ چنینی ئەم پێشهاتانە و پێکەوەنانی ڕۆژە سەختەکان بۆ گەشتن بەم قۆناغەی کە دەسەڵات ناچارکرا لە ئەسپی گومڕایی بێتە خوارەوە و لە پێناوی مانەوەیان لە بەرزاییەکانی حکومڕانیدا ملکەچی هەندێک لەو دەستەواژانە ببن کە لە پڕۆژەیەکی گەورەتردا بنیات نراوە. وەک ئەوەی ئێستا دەبینین چۆن بەشڵەژاوی بەم شێوە ناڕێک و بێبەرنامە و ناشەفافە دەست بە ئەنجامدانی دەکەن. ئەوەی ئێستا پێی دەوترێت پڕۆژەی چاکسازی بارزانی، دەرهاویشتە و کۆرپەی ئەو ڕۆژگارە تاڵانەیە کە گەنجانی ئەم کوردستانە تێیدا پەتی ئارامییان بچڕا و شەقامەکانیان ووروژاند و پیاوەکانی ئەم خاوەن پڕۆژەیە بەبێ هەبوونی هیچ پڕەنسیپێک ڕووی لولەی تفەنگەکانیان کردە سنگی مێردمنداڵ و گەنجان، شەهیدکردن و بریندارکردنیان و جەرگسوتانی دایکوباوکان بەرجەستەترین پڕۆژەیان بوو لەو ساتانەدا. ئەم پڕۆژەیە خاوەنەکەی ئەو کچ و کوڕەگەنجانەیە کە مێزی بەردەمیان لەناو هۆڵی پەرلەماندا هیچ گرنگترنەبوو لەمێزی بەردەم ئەو خوێندکارانەی ڕۆژەساردەکانیان بەلەرزەوە تێدەپەڕاند و دەستیان بە کوتینەوەی کرد لە ئاستی بێویژدانی و نادادی و پێشلکاریی مافەکانیان لەلایەن نێردراوەکانی بارزانی لە پەرلەمانی کوردستان. ئەم پڕۆژەیە خاوەنە ڕاستەقینەکەی سۆرانی مامەحەمە و زەردەشتی جوانەمەرگ و هەموو ئەو ڕۆژنامەنوسە بوێرانەیە جوامێرانە سەرەڕای دڵڕەقی و پەستان و سەرکوتی بەرپرسان و حیزبەکەی بارزانی برەویان بە کارەکەی خۆیان دا و بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان چەندان بەربەست و ڕوبەڕوبوونەوەیان تێپەڕاند.
ئیتر هیچ پاساوێک نیە بۆ ئەوەی  ئەوەندە بێئاگایانە لەپاش ئەم هەموو تاوان و خوێنڕشتن و دیکتاتۆریەت و گەندەڵی و وێرانکارییەی بەسەر ئەم میللەت و حکومەت و دەسەڵاتەیان هێنا بێین و مەشخەڵی ئەم چاکسازییە بدەینە دەستی کەسێک، لەژێردەستی خۆیدا ئەم وێرانەیە بنیاد نراوە کە ئێستا پێویستی بە چاکسازییە.
باسەکەی من لەسەر بەخشینی ئەو نازناوەیە بە بارزانی وەک خاوەنی پڕۆژەی چاکسازی و بێدەنگی میدیاکان و  ڕازیبوونی ڕۆشنبیران و ئۆپۆزیسیۆنە لەئاستی ئەمەدا. ئەم بێدەنگییە لەئاستی تێپەڕینی ئەم هەنگاوە ناتەندروستەدا، جێگای پرسیارە و پێویستە وەڵام بدرێتەوە. پشتگوێخستنی ئەم بابەتە لەپێناوی هەربەرژەوەندی و دەستکەوتێکدا بێت هەڵەیەکی گەورەیە و لە داهاتوودا زیانەکانی دەبینین. بوونی بارزانی بە خاوەنی پڕۆژەی چاکسازی ڕێگرییە لە هۆشیاربوونەوەی خەڵک و درێژەدانە بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و قۆرخکاری دەسەڵاتە ڕەهاکان لەلایەن ئەو حیزب و ئایدۆلۆژیا بەسەرچووانەی ساڵانێکە ئەم میللەتە لەبازنەیەکی وێراندا دەسوڕێننەوە. دیارە بە پشتبەستن بە ئەدا و هەڵسوکەوتە سیاسی و کۆمەلایەتییەکانی ئەم حیزب و سەرۆکە لە ڕابردوودا ئەم ڕاستییانە دەهۆنینەوە کە دەکرێت ( کۆنگرەی پارتی و باڵادەستبوونی بارزانییەکان و هێزی بنەماڵەیی و خێڵەکی بەو ڕەهاییە لەم سەردەمە نوێیەدا، تەقەکردن لە خەڵکی سڤیل بەبێ هیچ دوودڵییەک لە سیاسەتی نوێی دوای کۆنگرەدا، ئەو سیاسەتی خەواندنی خەڵکە بە ئیمتیازات و پارە و کۆمەڵێک هەوڵی بێبایەخ) وە زۆر دیدی تر کە دەکرێت بەجیا ببن بە بابەتێکی گرنگ.  وە پێویستە لەبەرامبەر هەندێک هەنگاوی لاوەکیدا،  کە دواجار زیانەکانی لە سودەکان زیاتر دەبێت بۆ خەڵکی سیڤیل و هەژاری کوردستان ڕێگا نەدرێت ئەوانەی داهێنەری ئەم ماڵوێرانییەن لە پێناوی بەرژەوەندییەکان و مانەوەیەیاندا پلانە فێڵاوییەکانیان جێبەجێ ببن.
هەوڵدانی ئەم دەسەڵاتە بۆ مانەوە لەو بەرزاییانەی حوکومدا تەنها پەیوەندی بەو حەزەشێتانە و  دیکتاتۆریانەوە نیە بۆ دەسەڵات و پلەوپایەکان، بەڵکو دواجار ترسێکی کوشندەیە لە ڕوبەڕوبوونەوەی دادگایەکی دادپەروەر و لێسەندنەوەی حەقی ئەو تاوانانەیە ساڵانێکە دەرحەق بەخەڵکی کوردستان پیادەیان کردووە. خۆدزینەوەیە لە دادوەرییەکی بێلایەنانە بەرامبەر کەیسەکانی ( شەڕی ناوخۆ، وێرانکردنی لایەنی کۆمەڵایەتی، پیادەکردنی سیستمێکی حوکومڕانی سەقەت و دووفاقی، دەستگرتن بەسەر سامان و داهاتی هەرێمدا لە بیست ساڵی ڕابردوودا، کۆنترۆڵکردنی ئابوری و خاوەنداری هەموو پڕۆژە بسنسییەکان) ئەمەو چەندان دۆسیەی ڕاستەقینە کە دەکرێت یاسا سزا سەختەکانیان بەسەردا بسەپێنێت. سەرەڕای هەڵوەشانەوەی پلانی نوسینەوەی مێژوی خۆیان بە ئارەزووی خۆیان، هەتا بێ هیچ بەربەستێک ڕۆژە ڕەشەکانی ژیانیان ڕەنگاوڕەنگ بکەن و نەوەکانی داهاتووی پێ چەواشە بکەن، لەهامانکاتدا نەوەکانی خۆیان بۆ هەتاهەتایە پشکی شێریان لە داهات و دەسەڵاتدا هەبێت لەم وڵاتەدا.
بەبڕوای من ئەم بارودۆخەی ئێستا خوڵقاوە بە پلەی یەک پارتی و بارزانی لێی بەرپرسن، بەحوکمی باڵاترین ئاست لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا کە لە ڕابردوودا هەیانبووە، وە ئێستا کاتی دانپیانانە بەو شکستەی لە فەرمانڕەواییدا دوچاریان هاتووە، نەک سەرەڕای ئەم ماڵوێرانییە بکرێن بەسەر پشک لە هێنانەدەرەوەی خەڵک لە ناڕەحەتییەکان. 
ئێستا کاتی ئەوەیە کە دەبێت بگەینە ئەو بڕوایەی گۆڕانی ڕاستەقینە تەنها لەژێردەستی کەسانی نوێدا دەگاتە ئەنجام، چاکسازی بەوانە ناکرێت خۆیان هۆی سەرەکی وێرانکارییەکانن. بارزانی هەرگیز بەوە ڕازی نابێت هیچ کەس دەست بۆ سەروەتوسامنەکەی ببات و پێی بڵێت ئەمانە موڵکی گشتین و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی میللەت، ڕازینابێت لەبەردەم دادگایەکدا ئامادەبێت تاوانەکانی شەڕی ناوخۆ یەکلایی بکاتەوە تاوانبارانی ئەنفال و بکوژانی ئازادیخوازان تەسلیم بەیاسا بکات، داهاتی بیست ساڵی ڕابردووی ئەم هەرێمە بگێڕێتەوە بۆ خەزێنەی میللەت. ڕێگا نادات پڕۆژەی پیرۆزکردنی خانەوادەکەی هەڵبوەشێتەوەو نەوەکانی ئەو وەک هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە لەسەروو هاوڵاتیبوونەوە نەبن.
پێم وایە باشترین پڕۆژە کە پێویستە بارزانی پێشکەشی بکات، وازهێنانە لەو دەسەڵاتەی ساڵانێکە نەیتوانیوە سەرکەوتووبێت لە ئەداکردنیدا. بەجێهێشتنی ئەو کورسییەیە بۆ خەڵکە شیاوەکان، هەتا بە شێوەیەکی جددیتر بۆ پرسە نەتەوەییەکان ووزە و توانا داهێنەرانەکان ببەخشرێت و سەرفبکرێت. بارزانی نەیتوانی سەرکەوتووبێت لەو ئەرکانەی کە پێویستبوو لە ڕابردوودا بە سیفەتی باڵاترین پلەی دەسەلات لەم هەرێمەدا جێبەجێیان بکات وەک ( یەکلاکردنەوەی مەسەلەی زمانی ستاندارد ، یەکلاکردنەوەی کەرکوک و گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان و دیاریکردنی سنوری ئەم هەرێمە لەگەڵ عێراق، هەوڵدان بۆ سەرخستنی پڕۆژەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، یەکگرتنەوەی دووکابینەی حکومەت… .) سەرەرای جێهێشتنی ئەم لێپرسراوێتیانە بەمشێوە تەواونەکراوە دەیانەوێت لەڕێگای ئەم کارە لاوەکییانەوە جارێکی تر سەروەربوون و مانەوەی لەدەسەڵاتدا بچەسپێنن.
بە بڕوای من زەرەرمەندی گەورە لە چوونەپێشەوەی ئەم پلانەی بارزانی و پارتیدا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کابینەکەی دکتۆر بەرهەم ساڵحە، ئەو ڕووە بەرجەستەیەی لەسەرەتاوە و زۆر بە ڕوونی دەبینرێت شکستی کابینەکەی کاک بەرهەمە. دەتوانین بۆ سەلماندنی ئەمە پشت بەوە ببەستین دەستتێوەردانی بارزانی لە کاروبارەکانی حکومەتدا بەم ڕەهاییە مانای بێتوانایی و بێدەسەڵاتیی ئەو حکومڕانییە و ئەو سەرۆک حکومەتە و ئەو حیزبە هاوپەیمانەیان دەبەخشێت. یەکێتیش لە شەڕی گۆڕاندا لە سلێمانی  بێئاگایە لەو تێوەگلانەی لە شکستەکاندا دوچاری هاتووە بەرامبەر پارتی. لەهەمانکاتدا بە هەڵدانەوەی لاپەڕەتاریکەکانی مێژووی خۆیان لەگەڵ گۆڕان لە لیتەی ململانێیەکی ناشەریفانە و نەخوازدا دەچەقن و نە ڕێگا بە بەهێزبوونی ئۆپۆزیسیۆن دەدەن و نە دەتوانن خۆیان لە گەشتنەوە بە هاوپەیمانەکەیان نزیک بکەنەوە. دەرئەنجام بە فریادڕەسبوونەکەی بارزانی لە نێوان ململانێ بێماناکانەوە بە ئاسانی دەفرۆشرێت بە خەڵکی کوردستان.
هەرچەندە ئۆپۆزیسیۆن وەک هێزێکی مەزن لەپشت خۆپیشاندانەکان و داواڕەواکانی خۆپیشاندەرانەوە وەستان لەکاتی ڕاپەڕینە جەماوەریەکانی حەڤدەی شوبات و ڕۆژانی دوایی، بەڵام لەسەروبەندی نوێنەرایەتیکردنی شەقامدا لەئاستی ئەو متمانەیەدا نین کە جەماوەری ناڕازی کوردستان لەسەرەتاوە هیوایەکیان پێیان هەبوو. ئەوەتا هەر لە ئێستاوە جارێکی تر کلتوری شاردنەوەی ڕاستیەکان لەخەڵک پیادەدەکەن، ئەو کلتورەی ساڵانێکە پارتی و یەکێتی تێیان پەڕاند ئێستا و جارێکیتر دووبارەی دەکەنەوە ئەمەش بەسودی دەسەڵات دەشکێتەوە و ئەو باوەڕە لای خەڵک دروست دەکات کە مێژوویەکی ناشرینی ئەوکاتانەی دوای شەڕی براکوژی پارتی و یەکێتی دووبارە دەبێتەوە.  دەبوایە لەجیاتی ئەم پێشهاتە ئۆپۆزیسیۆن لە پێناوی ژیانێکی باشتردا پڕۆژەکەی خۆی بەهەند وەربگرتایە و دانوستانە ڕۆتینییەکان ئەم کاردانەوە خراپەیان لەسەر ئەدا و تواناکانی ئەوان بەجێ نەهێشتایە، دەبوو هەموو هەوڵێک ببەستنەوە بە داخوازییەکانی شەقامەوە و هاوکار نەبوونایە لە خەواندنەوەی جەماوەردا و بەشدارنەبوونایە لە خامۆشکردنەوەی ڕاپەڕینەکاندا. دەبوایە ئەو هەوڵەی بارزانییان ڕەت بکردایەتەوە لە سەروەریکردنی پڕۆژەی چاکسازی و نەیانهێشتایە ئەو مانشێتە دروست ببێت. دەبوایە لەپێش هەر دانیشتنێکدا داوای تەسلیمکردنی بکوژانیان بکردایە و دروستکردنی فەزایەکی ئازادیان بخواستایە بۆ گفتوگۆ، دەبوو گفتوگۆکان کراوە و لەبەردەم جەماوەردا بگوزەرێن و هیچ هەنگاوێکی ژێر بەژێریان قەبووڵ نەبوایە. سەرەڕای ئەم پێشێلکارییانە دێن و لەوە دەبورن بارزانی ببێت بە پێشڕەوی چاکسازی، لەکاتێکدا لەڕاستیدا بارزانی پێشڕەوی ئەم ماڵوێرانییەیە.
لەهەمانکاتدا میدیاکان و ڕۆشنبیران و ڕەخنەگران ئەم بابەتەیان بەهەند وەرنەگرت و بە ڕەخنەگرتن لە ناوەڕۆکی پڕۆژەکە ئەو نازناوەیان بەخشی بە بارزانی و شەرعییەتی ئەوەیان دایە بەو سیفەتە قسە لەسەر چاکسازی بکرێت لە کوردستاندا.
هەرچەندە ماندوویەتی جەماوەری کوردستان بەدەست کێشە و ململانێ و نەهامەتییەکانی ڕابردووەوە وایکردووە میللەت چاوببڕنە هەر تروسکاییەک بۆ ژیانێکی باشتر کە بە هیواکان موتوربەکرابێت و بە کورتترین دەستپێشخەری و هەنگاو بۆ باشکردنی ژیانیان ڕازیدەبن، بەڵام ئەرکی ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان و ڕەخنەگرانە خەڵک فێربکەن مافەکانیان چین و چین ئەو سامانە مادیی و مەعنەوییانەی دەسەڵات لێیانی سەندۆتەوە و دەبێت وەریبگرنەوە. پێویستە لە هەڵمەتی هۆشیارکردەنەوەیەکی سەرتاسەریدا بێسڵەمینەوە لە پێشهاتەکان جارێکیتر پێناسەی چەمکە سەرەتاییەکانی ژیانیان پێبوترێتەوە و هەموویان وەک خۆیان و لەشوێنی خۆیاندا ببینن. وەک ( ئازادی، ئاشتی، ڕاستی، ماف، دەسەڵات، ئەرک، قوربانیدان، سنورەکان)

hemnrauf@hotmail.com

______________________________________
*  لە هەواڵەکانی ئێوارەی 16.6.2011 نالیا تیڤی ڕاپۆرتێکی دەربارەی پڕۆژەکەی بارزانی و گرێبەستە نەوتییەکان پێشکەش کرد، ئەمەش هەواڵێکی کورتە لەوبارەیەوە.
http://www.nrttv.com/K_Direje.aspx?Jimare=2898
**  ڕەخنەکانی ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە پڕۆژەکەی بارزانی (ڕاپۆرت)
http://www.hawlati.co/2011/06/%D8%B3%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%DB%86%D9%83-%D8%B1%D9%88%D9%88%D8%A8%D9%87%E2%80%8C%DA%95%D9%88%D9%88%DB%8C%E2%80%8C-%D8%B1%D9%87%E2%80%8C%D8%AE%D9%86%D9%87%E2%80%8C-%D8%AF%D9%87%E2%80%8C%D8%A8%DB%8E/

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.