(هه‌ست و نه‌ست) نوێترین دیوانی شێركۆ بێكه‌س
له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك كه گرینگ‌ترینیان له شه‌ش خاڵدا كورت و چڕده‌كه‌مه‌وه، میژوونووسی ئه‌ده‌بیاتی كوردی و لێكۆڵه‌ری شیعری كوردی ناتوانێ وه‌ك وێستگه‌یه‌ك ته‌ماشای كاره شیعرییه‌كانی شێركۆ بێكه‌س نه‌كا، یا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ناتوانێ به‌بێ هه‌ڵوه‌سته‌كردنێكی جددی به‌سه‌ریدا تێبپه‌ڕێ.
هۆیه‌كان ئه‌وانه‌ن:
1- كاره شیعرییه‌كانی شێركۆ بێكه‌س به‌وه خۆی له ته‌واوی شیعری كوردی (له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا) جیا ده‌كاته‌وه كه زۆرترین كاری له بواری (به شیعركردنی مێژوو) كردووه، مه‌به‌ست لێره رۆشنه و به مانای ئه‌وه نایه كه شاعیرانیدی له‌و بواره كاریان نه‌كردووه، هه‌ر له چامه‌كه‌ی نالی _قوربانی تۆزێ رێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆش مرور_ تا به‌و سه‌دان شیعره ده‌گات كه باس له مێژووی سیاسی كورد و رووداوه مێژووییه‌كانی كورد ده‌كه‌ن، هه‌ر هه‌موویان ده‌كه‌ونه خانه‌ی به شیعركردنی مێژوو.. به‌ڵام شێركۆ بێكه‌س، زۆربه‌ی رووداوه گرنگه‌كانی (نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی رابردوو و سه‌رتای ئه‌و سه‌ده‌یه) هه‌ر له شۆڕش و پیشمه‌رگه و خه‌باته‌وه تا ئه‌نفال و هه‌ڵبجه‌وه و شه‌هیدان و به‌عس و سه‌دام و..تاد به به‌رده‌وام و قۆناغ دوای قۆناغ كردۆته شیعر، له چوارچێوه‌ی ئه‌و چاودێریی و ئاگادارییه‌ی كه من له‌و بواره‌دا هه‌مه، شێركۆ له پێش هه‌ر هه‌موو شاعیرانی كورده له چه‌ندییه‌تی و چۆنییه‌تی به‌شیعركردنی مێژوو.. هه‌ڵسه‌نگاندن و قسه له‌سه‌ركردنی چۆنییه‌تی به‌شیعركردنی مێژوو، سه‌ركه‌توویی و سه‌رنه‌كه‌وتوویی و ناباڵاده‌ستیی و باڵاده‌ستیی تێیدا، زاڵبوونی ئایدۆلۆژیایێكی دیاریكراو، تێمه‌كانی په‌یوه‌ست به نه‌ته‌وه، لایه‌نگریی له هه‌ڵوێست و به سیاسه‌تكردنی شیعر و نووسین و په‌شیمانبوونه‌وه‌ی و..تاد له لایه‌ن شێركۆ بێكه‌سه‌وه كاری ئه‌و نووسینه‌ی من نییه..له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌موو ئه‌و تایتلانه‌ی كه باسم كردن جێگای هه‌ڵوه‌سته و لێكۆڵینه‌وه و قسه لێ كردنی جدین و ده‌كرێ وه‌كو بابه‌تی سه‌ربه‌خۆ قسه‌یان له‌سه‌ر بكرێ.
2- ئاماده‌یی به‌رده‌وامی شیعره‌كانی شێركۆ بێكه‌س له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی كوردی به درێژایی زیاتر له 50 ساڵ (وه‌ك خۆی له تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست نووسیویه‌تی كه یه‌كه‌مین شیعری له 1957 له رۆژنامه‌ی ژین بڵاوكردۆته‌وه) هۆیه‌كیتره كه لێكۆڵه‌ر و مێژوونووس نه‌توانێ هه‌روا تێپه‌ڕ باسی بكا.. له‌و حاڵه‌ته مێژوونووسی ئه‌ده‌بیاتی كوردی یا لێكۆڵه‌ری شیعر ئه‌گه‌ر باس له‌و 53 ساڵه 1957-2010 بكا، شێركۆ وه‌كو شیعر هه‌میشه بوونی هه‌بووه و به‌رده‌وامیش به به‌رهه‌می نوێ هاتۆته پێش.
3- ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی كه شیعره‌كانی شێركۆ به‌سه‌ر نه‌وه‌كانی دوای خۆی هه‌یبووه نكۆڵی لێناكرێ و زۆر به‌رچاویشه.
4- ئه‌و فه‌رهه‌نگ و لێكسیكۆنه‌ی كه ئه‌و هێناوییه‌تی، به‌ژداره له درووستكردنی زمانی شیعری قۆناغێك له شیعری كوردی.. خۆشی له ئه‌خیر دیوانیدا(هه‌ست و نه‌ست) ده‌یه‌وێ زۆر راشكاوانه و برایانه ئه‌وه به وه‌رگرانی خۆی بڵێ:
ئه‌وه‌ی من له زماندا كردوومه. هه‌ر ئه‌وه‌یه
كه مێرووله بۆ شاره‌كه‌ی خۆی ئه‌یكات
وه‌ختێ پاڵ به قه‌واره‌ی شتێكی له خۆی
گه‌وره‌تره‌وه ئه‌نێت و ناگه‌ڕێته‌وه بۆ دواوه‌و
هه‌تا ناو شاره‌كه ئه‌یبات!
حه‌قیقه‌ت بۆیه ده‌ڵێم شێركۆ بێكه‌س وێستگه‌یه‌كی گرنگی شیعری كوردییه، چونكه هه‌ر ئه‌و خاڵه پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد و جدی پڕ له كون و كه‌له‌به‌ر و رامان هه‌یه.. هه‌موومان شاهێدین كه ئه‌وه‌ی ئه‌و له زمان كردوویه‌تی هه‌ر ئه‌وه‌یه كه مێرووله بۆ شاره‌كه‌ی خۆی ده‌یكا، ئه‌وه‌ی ئه‌و كردوویه‌تی هه‌ر ئه‌وه‌یه كه باخه‌وان بۆ باخه‌كه‌ی خۆی ده‌یكات.. به‌ڵام ره‌نگه شیعری كوردی له ئێستادا پێویستی به زمانێكی‌تر بێ كه ئه‌و باخه‌وانه نه‌توانێ بیكا.. ئه‌وه‌ی ئه‌و باخه‌وانه كردوویه‌تی بۆ قۆناغێك زۆر گرنگ و ته‌نانه‌ت پێویستیش بوو، به‌ڵام ئیدی شیعری كوردی و كولتوری كوردی پێویستی به زمانێكیتره، جیا له زمانی خشت و ترۆپك و بنارو زنارو كاریته‌و كه‌ڤر.. جیا له زمانی باعه باعی مه‌ڕ و ئاوازی شمشاڵ و ئه‌سپی رامنه‌كراو و دارتووه سووره‌كه‌و مێژوویێكی زامارو پایزی وڵات و بۆنی مێخه‌كبه‌ند و كه‌ژاوه‌ی ئێواره و ..تاد
5- به‌شێكی زۆر له شاعیرانی هاوته‌مه‌نی كه سه‌رده‌مێك شانبه‌شانی ئه‌و ده‌یاننووسی و كاریگه‌رییان هه‌بوو، به‌رده‌وام نه‌بوون، یا كێرڤی شیعریان روو له خوار دابه‌زی و له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێ به‌رده‌وام نه‌بوون، عه‌بدوڵڵا په‌شێو به نمونه.. لێره‌دا به‌رده‌وام نه‌بوونی په‌شێو به مانای ئه‌وه نایه كه شیعره‌كانی له ئاستی شیعره‌كانی بێكه‌س نه‌بوون، به پێچه‌وانه‌وه دنیای شیعره‌كانی په‌شێو ئه‌وه‌یه كه دوای خۆی نه‌وه‌ی شیعری درووست ده‌كا..
6- به پێوه‌ری مێژوویی، هه‌ندێ له شیعره‌كانی بۆ كاتی خۆی له ئاستی هه‌ره‌باڵاو له شوێنی هه‌ره پێشه‌وه‌ی شیعری كوردی بوون و ئێستایش له یادگه‌ی وه‌رگردان و بۆ هه‌میشه‌یش شیاوی لێكۆڵینه‌وه و لێوردبوونه‌وه و دیراسه‌كردنن..
به بڕوای من یه‌كێك كه ئه‌و كاریگه‌رییه گه‌وره‌و زه‌به‌لاحه‌ی به‌سه‌ر قۆناغێكی شیعری نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌بێ، ئاسان نییه بتوانرێ تێپه‌ڕ باسی بكرێ، به‌ڵام ئاماده‌بوون و به‌رده‌وامی و به وێستگه بوونی شیعره‌كانی شێركۆ بێكه‌س به مانای پێرفێكت بوون و یه‌كئاستیی نایه له قۆناغه جیاجیاكاندا، له یه‌كه‌مین شیعری كه له ساڵی 1957 له ژین بڵاویكردۆته‌وه تا (تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست 1968) تا به دیوانی (هه‌ست و نه‌ست 2010) ده‌گات چه‌ندین هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز به شیعره‌كانی شێركۆ بێكه‌سه‌وه دیاره، له هه‌ندێ شوێن گه‌یشتۆته ئاستێكی باڵا و له هه‌ندێ قۆناغیش (نه‌ك هه‌ر قۆناغ به‌ڵكو له‌ناو خودی یه‌ك دیوانیشدا) خۆی هه‌ستی به‌و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه كردووه و له ئاستی جیا جیای شیعره‌كانی تووشی رامان و گومان و دواتر دانپێدانان هاتووه، له (حه‌فتا په‌نجه‌ره‌ی گه‌ڕۆك 2007)دا ده‌ڵێ:
باران هه‌موو
بارینێكی هه‌ر جوان نییه‌و
هه‌موویشیان ناویان بارانه.
دارستان هه‌موو دارێكی
هه‌ر جوان نییه‌و
هه‌مووشیان ناویان هه‌ر داره.
مرۆڤی خوا
باڵنده‌ی خوا
ئاژه‌ڵی خوایش
هه‌موو وه‌كوو یه‌ك جوان نین و
شیعره‌كانی منیش هه‌روا.
شێركۆ بێكه‌س (وه‌ك خۆی باسی ده‌كا) گومانی له هه‌ندێ له شیعره‌كانی خۆی هه‌یه كه جوان نین، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه باران هه‌موو بارینێكی جوان نییه، شیعره‌كانی ئه‌ویش ئاوا هه‌مووی هه‌ر جوان نین.. گومانه‌كه‌ی له شوێنخۆیه‌تی و خوێنه‌ری به سه‌لیقه دركی پێ ده‌كا، له‌ناو یه‌ك دیواندا هه‌ندێ شیعری ته‌واو جوانن، ئه‌وانه‌یش كه خۆی گومانی له جوانیان هه‌یه به بۆچوونی من هه‌مدیس ئه‌وانیش هه‌ر شیعرن، به‌ڵام به لای ئه‌و وه‌كو شیعره‌كانیتر كامڵ نین و رازیشه بڵاویانبكاته‌وه چونكه نایه‌وێ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت دوو رسته‌یشی له شیعرێك یا په‌خشانه شیعرێك جوان بێ به‌لایانه‌وه بنێ.. (مانای ئه‌وه نییه هه‌ر چییه‌كم نووسیووه چوونیه‌ك به دڵم بوون، نا… من ئه‌گه‌ر دوو دێڕی جوانیشم له په‌خشانێكی خۆمدا به‌دی كردبێت حه‌زم نه‌كردوه بیانشارمه‌وه‌و بزریان بكه‌م و چاپكردنیانم به‌لاوه باشتر بووه… –هه‌ست و نه‌ست- ل 8)..
به‌درێژایی ئه‌و په‌نجا ساڵه شێركۆ بێكه‌س هه‌میشه وجودی هه‌بووه وه‌ك به‌رهه‌می شیعری، به بۆچوونی هه‌ندێك له شاعیر و ره‌خنه‌گران (بێكه‌س) شاعیری موناسه‌باته‌و په‌له‌په‌ل ده‌كا و خێرایه له بڵاوكردنه‌وه، بۆیه تووشی ئه‌وه ده‌بێ كه شیعره‌كانی هه‌مووی وه‌كو یه‌ك (وه‌ك خۆی ده‌ڵێ) له یه‌ك ئاستی هونه‌ریدا نه‌بن.. بۆیه به خۆی داده‌چێته‌وه و داوا له خۆی ده‌كا و نه‌سیحه‌تی خۆی ده‌كا كه په‌له‌په‌ل نه‌كا:
هیچ په‌له‌په‌لێ له هاتنی (خه‌ون) و
هیچ په‌له‌په‌لێ
له زایین و هاتنه دنیای (شیعر) مه‌كه!
بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان شیعری لێ نه‌زڕێ و
بۆ ئه‌وه‌ی دووه‌میشیان به باڵی خه‌ونه‌وه بفڕێ! (هه‌ست و نه‌ست ل 15)
وا پێده‌چێ به گوێره‌ی ئه‌و پێوه‌ره ته‌قلیدی و باوه‌ی كه هه‌یه، (شیعر منداڵی شاعیره، یا شاعیر وه‌ك منداڵی خۆی ته‌ماشای شیعره‌كانی خۆی ده‌كا) شێركۆ بێكه‌سیش وه‌ك منداڵی خۆی ته‌ماشای په‌خشان و شیعره‌كانی خۆی بكا، هه‌ر چۆنێك خوا پێیبدا ئه‌و رازییه و ناچاره به‌خێویان بكا، یه‌كێكیان فریشته‌یه، ئه‌ویتر ته‌نیا لوت و چاوی، ئه‌ویدی باڵای، یه‌كێكیتر چوارشانه‌یه و یه‌كێك به كه‌مئه‌ندامی له‌دایكده‌بێ و تاد.. ده‌ڵێ: ( من ئه‌گه‌ر دوو دێڕی جوانیشم له په‌خشانێكی خۆمدا به‌دی كردبێت حه‌زم نه‌كردوه بیانشارمه‌وه‌و بزریان بكه‌م و چاپكردنیانم به‌لاوه باشتر بووه… –هه‌ست و نه‌ست- ل 8)..
پرسیار ئه‌وه‌یه: له‌و 40 دیوانه‌ی كه له 1968 – 2010 بڵاویكردۆته‌وه، شێركۆ بێكه‌س كامه شیعری خۆی پێ جوانه و به دڵنیاییه‌وه بڵاویكردوونه‌ته‌وه و كامه‌ی پێ جوان نییه و هه‌روا چونكه دوو رسته‌ی جوانی تێدایه بڵاویكردوونه‌ته‌وه؟
به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ش جورێكیدییه له روانین، به‌ڵام له‌و حاڵه‌ته به‌و پێشه‌كییه‌ی كه بۆ نوێترین دیوانی خۆی (هه‌ست و نه‌ست) نووسیویه‌تی، خۆی توشی كێشه‌یه‌كی گه‌وره كردوه، چونكه بۆ هه‌ر ره‌خنه‌گرێك هه‌یه شیعرێكی شێركۆ بێكه‌س بێنێ و رسته‌یه‌كی لێده‌ربێنێ و بڵێ: له‌و شیعره ته‌نیا ئه‌و رسته‌یه جوانه.
دواتر پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعره‌كانی هه‌مدیس داوا ده‌كا به هانایه‌وه بچن و پێی بڵێن كه كامه شیعری جوان نییه تا به ئه‌شكه‌نجه‌دان و زیندانیی كردن بیكوژێ:
تكایه گه‌ر قه‌سیده‌یه‌كم خه‌ڵه‌فاو كه‌وته قسه‌ی
هه‌له‌ق و مه‌له‌ق، زوو پێم بڵێن، هه‌تا بیبه‌مه
ماڵه‌وه‌و، ده‌رگای ژووری له‌سه‌ر داخه‌م،
هه‌تا ئه‌مرێ. (هه‌ست و نه‌ست ل 21)
باشتر وایه به‌ر له بڵاوكردنه‌وه، شیعره‌كانی خۆی نیشانی كه‌سێك یا چه‌ند كه‌سێك بدا، (ئه‌و حاڵه‌ته له مێژووی شیعردا ئاساییه، هه‌بووه و ده‌شمینێ) چونكه به گوێره‌ی ئه‌و په‌ره‌گرافه‌ی خۆی، ئه‌و گومانی نییه كه هه‌ندێ له (قه‌سیده)كانی خه‌ڵه‌فاون و قسه‌ی هه‌له‌ق و مه‌له‌ق ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕێیه بۆی ده‌ستنیشان بكه‌ن و پێی بڵێن كه كامه شیعری خه‌ڵه‌فاوه.. ئه‌ی ئه‌وه نییه ده‌ڵێ هه‌ندێ شیعرم ته‌نیا دوو دێری لێ جوانه..؟ دواتر ئه‌گه‌ر نیشانی یه‌ك دوو كه‌سی بدا له‌و هه‌موو دڕدۆنگی و قه‌له‌قیه‌ش ده‌ربازی ده‌بێ.. به گوێره‌ی ئه‌و هه‌موو گومانه‌ی بێ، ئه‌وا شاعیر ئه‌وه‌نده له پرۆسه‌ی نووسینی شیعر چێژ نابا به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌چاوه‌ڕوانی بۆچوونی وه‌رگردا خه‌فه‌ت ده‌چێژێ.. ئه‌و گومانه‌ی تا ئاستێك به‌رز ده‌بێته‌وه كه داوا بكا له كۆمه‌ڵه شیعرێكی زۆریش كه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی سێ چوارێكیانی پێ جوانبێ ئه‌وا هیچیتری ناوێ له‌و دنیایه:
له‌و هه‌موو شیعره‌ی داومیتێ
ئه‌گه‌ر سێ چوارێكیان نووسان
به دڵته‌وه
سێ چوارێكیان
ژێی ده‌روونتیان له‌رانده‌وه
له‌وه زیاتر ئاسووده‌یی ئه‌بێ چی بێ؟!
له‌وه زیاتر هیچم ناوێ! (هه‌ست و نه‌ست ل 78)
من هاوڕام له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی كه ده‌ڵێ هه‌موو شیعره‌كانم له یه‌ك ئاستی هونه‌ریدا نین و هه‌موو شیعره‌كانم وه‌كو یه‌ك جوان نین و خۆیشی گومانی له‌وه نییه كه ئاستی هونه‌ریی شیعره‌كانی هاوئاست بن، به‌ڵام باوه‌ڕم وایه كه هه‌ردووكمان باوه‌ڕمان وایه زۆربه‌ی ئه‌و تێكستانه‌ی كه شێركۆ بێكه‌س بڵاوی كردوونه‌ته‌وه شیعرن.. به بینینی من، شێركۆَ بێكه‌س مشتێ مێرووله هه‌ڵداته ئاسمان، له خواره‌وه ده‌بن به شیعر.. به‌ڵام هه‌ر هه‌مان ستایلی شیعری كه 40 ساڵ به‌ر له ئێستا نووسیویه‌تی، ئه‌وه‌ته‌یه خۆشی واده‌ڵێ: (له راستیدا ئه‌م به‌رهه‌مه ئه‌زموونێكی تازه‌و سه‌ربه‌خۆ نییه، به‌ڵكو سه‌ر به هه‌مان رێچكه‌ی ئه‌و شیعر‌و په‌خشانانه‌ن كه له به‌شێكی زۆری دیوانه‌كانیترمدا هه‌بوون … هه‌ست و نه‌ست ل 7).
ئه‌و رسته‌یه واده‌كا بێمه سه‌ر ئه‌سڵی مه‌به‌ستی نووسینم ئه‌ویش بریتییه له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه من زۆرجار له خۆمی ده‌كه‌م، ئایا شێركۆ بێكه‌س (شاعیری گه‌وره‌ی كه‌له‌كه‌مان) نه‌ك هه‌ر (گه‌وره‌ی شیعری ئێستا) به‌ڵكو به شێوه‌یه‌كی بچو‌وكیش بێ به‌ژداره له پرۆسه‌ی نوێكردنه‌وه‌و گۆڕینی شیعری نوێی كوردی له دوای ساڵی 2000 ه‌وه؟ ئایا بڵاوكردنه‌وه‌ی نوێترین دیوانی وه‌كو بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی وانییه؟ یا به بڵاوكردنه‌وه‌ی (هه‌ست و نه‌ست) چ ئیزافه‌یه‌كی له‌سه‌ر شیعره‌كانی خۆی نه‌ك شیعری نوێی كوردی به گشتی كردووه؟
ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌شیگوتبووا: (له راستیدا ئه‌م به‌رهه‌مه ئه‌زموونێكی تازه‌و سه‌ربه‌خۆ نییه، به‌ڵكو سه‌ر به هه‌مان رێچكه‌ی ئه‌و شیعر‌و په‌خشانانه‌ن كه له به‌شێكی زۆری دیوانه‌كانیترمدا هه‌بوون … هه‌ست و نه‌ست ل 7) هه‌روا بوو، چونكه دیوانه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی به هه‌مان قاڵب و كلێشه هاتوونه‌ته به‌رهه‌م و دێنه به‌رهه‌م.. شاعیری باش دوای به‌رهه‌مهێنانی دیوانێك ده‌بێ چوارچێوه‌و قاڵبی دیوانی پێشوو بشكێنێ، به‌ڵام ئه‌و له سه‌ره‌تاوه تا ئێستایش هه‌مان قاڵبی لایه‌و به‌كاریشی ده‌هێنێ بۆ نووسینی دیوانێكی نوێ، بۆ ئه‌وه‌ی من ئه‌و راستییه بسه‌لمێنم هه‌وڵده‌ده‌م به‌راوردێك له نێوانی: كازیوه 1978 له‌گه‌ڵ هه‌ست و نه‌ست 2010 دا بكه‌م..
ئه‌تمۆسفێری لێكچووی شیعره‌كانی نێو هه‌ردوو دیوان به هێنانه‌وه‌ی ئه‌و دوو نمونه ده‌ستپێده‌كه‌م:
نمونه‌ی یه‌كه‌م:
كه ئاسمان گریا، فرمێسكه‌كانی بوون به باڵنده.
كه دارستان گریا، تنۆكه‌كانی بوون به گژوگیا.
كه چیا گریا، ئه‌سرینه‌كانی بوون به قه‌ڵبه‌زه.
كه سه‌حرا گریا، گریانه‌كانی بوون به لم.
كه شمشاڵ گریا، فرمێسكه‌كانی بوون به شیعر.
كه شیعریش گریا، دڵۆپه‌كانی بوون به مورووی
ملوانكه بۆ گه‌ردنی هه‌موو ژنه جوانه‌كانی دنیا.
نمونه‌ی دووه‌م:
كه جۆگه‌ڵه‌یه‌ك تینوو ئه‌كه‌یت
دڵی رووبارێ ئه‌شكێنی
كه تیشكێ به‌ند ئه‌كه‌ی
خۆر له خۆت زیز ئه‌كه‌ی
خۆ ئه‌گه‌ر خۆر برینداركه‌ی
خوێن له خۆت ئه‌كه‌ی به دوژمن
ئه‌وه‌ی كه خوێنی رووناكیش
ئه‌بێته دوژمنی
تاریكیی ئه‌یكوژێ..
لێكچوونه‌كان له نێوان دوو دیوان كه 32 ساڵیان نێوانه:
1- زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شیعره‌كانی هه‌ردوو دیوان له رووی درێژی و كورتی تێكسته‌وه له‌و چه‌شنه‌ن، ئه‌مه جگه له په‌خشانه‌كانی ناو دیوانی هه‌ست و نه‌ست بێگومان په‌خشانی درێژی تێدایه.
2- ستایل و هه‌ناسه و ئه‌تمۆسفێر به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌مان ستایل و هه‌ناسه و ئه‌تمۆسفێره.. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ستایل یا شێوازی نووسینی هه‌ردوو شیعره‌كه بكه‌ین ده‌بینین هه‌مان ستایله.
3- فه‌رهه‌نگ هه‌مان فه‌رهه‌نگه و هه‌موو شته‌كانی له سرووشته‌وه وه‌رگرتووه، رووبار و دارستان و خۆر و گژوگیاو .. تاد، ره‌نگه فه‌رهه‌نگی ئه‌و دوو شیعره به به‌راورد له‌گه‌ڵ شیعره‌كانیتر كه‌متر وشه‌ی له سرووشته‌وه وه‌رگرتبێ.
4- زمانی هه‌ردوو دیوان به‌به‌راورد گۆڕانێكی ئه‌وتۆی به‌سه‌ر نه‌هاتووه كه وه‌رگر هه‌ستی پێ‌بكا، له (هه‌ست و نه‌ست)دا ده‌ڵێ:
ئێسته مه‌رگم.. هه‌موو شه‌وێ جارێ، دووجار
به‌سه‌ردان دێ و شان دائه‌داته سه‌رشانی خه‌ونه‌كانم
ئێستا مه‌رگم سێبه‌رێكه هه‌موو رۆژێ
هه‌نگاوه‌كانم ئه‌ژمێرێ و
ئه‌مپشكنێ و
ئه‌گه‌ڕێ بۆ تازه‌ترین ناونیشانم.
له (كازیوه)دا ده‌ڵێ:
ئه‌و شه‌و به گڕ بنووسم
رۆژم پڕه له خۆڵه‌مێش
له رۆژیشدا
كه به‌و خۆڵه‌مێشه نووسیم
شه‌وم پڕه له سه‌فه‌ری بێهوده‌یی
ناو خه‌ونێكی دوور‌و درێژ.
ئیقاع و هه‌ناسه و وشه و زمان هه‌ر هه‌مان ئیقاع و هه‌ناسه و وشه و زمانه، به بۆچوونی من 32 ساڵ ماوه‌یه‌كی یه‌كجار زۆره بۆ روونه‌دانی هیچ گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌و ئاشكرا و دیار.. له ته‌رجه‌مه‌یه‌كی رزگار شێخانیدا كه بۆ ئێكۆلۆفی كردووه باس له‌وه ده‌كا كه ئه‌و شاعیره هه‌ر كاتێ دیوانێكی تازه‌ی بڵاوكردبێته‌وه ئاراسته‌ی شیعری سویدی گۆڕیوه، به‌و مانایه‌ی دیوان دوای دیوان ستایلی خۆی گۆڕیوه‌و له‌و گۆڕینه‌یشدا سه‌ركه‌وتوو بووه، به دیوێكیدی ده‌توانین بڵێین ئه‌و قاڵبه‌ی كه بۆ دیوانێك به كاریهێناوه له دیوانێكیتردا تێیهه‌ڵداوه..
ئه‌و گۆڕانه له ستایل مه‌رجێكه بۆ سه‌لماندنی به‌رده‌وامبوون له داهێنانی شیعری، نه‌ك هه‌ر له داهێنانی شیعری به‌ڵكو له هه‌موو روویێك له ژیان..له‌و شه‌وانه كه خه‌ریكی ئه‌و نووسینه بووم وا رێككه‌وت بچم خواردنێك له كۆمه‌لگاكه‌ی ئه‌بو شه‌هاب(Abushahab city) به سه‌فه‌ری بێنم، ده‌بووایه چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك بووه‌ستم تا خواردنه‌كه ئاماده ده‌بێ، له‌و ماوه‌یه ته‌ركیزم له‌سه‌ر تابلۆكه‌ی ئه‌و باڵاخانه‌یه كرد نووسرابوو(Fast food).. باڵاخانه‌كه‌یتر لێی نووسرابوو (Abushahab Coffee)یه‌كێكیتر رێستورانتی ئه‌بو شه‌هاب و ئه‌ویدی سوپه‌رماركێتی ئه‌بو شه‌هاب و..تاد
من گه‌ڕامه‌وه و كه‌وتمه‌وه ناو وێنه‌كانی سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكان، ئه‌بو شه‌هاب كه (ئه‌وكات ناوی مام حه‌مید بوو) له‌سه‌ر عاره‌بانه له‌فه‌ی ده‌فرۆشت، به‌و 25 ساڵه‌ی كه كاری كرد، دوو رێستورانتی گه‌وره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی درووستكرد، ئه‌وه‌ی كه سه‌رنجی منی له‌و چیرۆكی سه‌ركه‌وتنه راكێشا ئه‌و (Fast food)ه‌بوو.. خواردنی خێرای ئیتاڵی، لبنانی، ئه‌مه‌ریكی و ئاسیایی، هه‌ر له له‌زانیا و سپاگێتی و چیكن و هامبورگر و شاورمه و دۆنه‌رو ..تاد هه‌موو خواردنێك كه له رۆژئاوا هه‌یه له‌و كۆمه‌ڵگایه ده‌ستده‌كه‌وێ، ئه‌مه جگه له هه‌موو خواردنێكی شه‌رقی.
هه‌موو ئه‌و ئاماژانه له (له‌فه‌فرۆشیی سه‌ر عاره‌بانه‌وه بۆ Fast food و Abushahab Coffee)ه‌وه تێیانگه‌یاندم كه ئه‌و پیاوه چ گۆڕانكاریێكی گه‌وره‌ی له ژیانی خۆیدا كردووه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه له شاره‌كه‌ی..
له‌و كاته من شیعره‌كانی شێركۆم كه‌وته‌وه یادو بیرم له‌و به‌راورد و گۆڕانكارییانه كرده‌وه كه له‌ماوه‌ی ئه‌و 32 ساڵه‌دا هه‌یه، بیرم له‌و لێكچوونه كرده‌وه كه له‌نێوانی كازیوه‌و هه‌ست و نه‌سدا هه‌یه‌و گه‌یشتمه وێنه‌یه‌ك كه له 1978 شێركۆ خاوه‌نی دوكانێك بووه‌و تا ئێستایش هه‌ر به هه‌مان شێوازی كاركردن خاوه‌نی ئه‌و دوكانه‌یه كه 32 ساڵ به‌ر له ئێستا كاری تیاكردووه.. به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی كه ئه‌وه‌ی له خاڵی چواره‌م نووسیومه شێركۆ بێكه‌س له هه‌ست و نه‌ستدا ده‌ڵێ، ئه‌وه هی كازیوه‌یه‌و ئه‌وه‌یش كه نووسیومه له كازیوه‌دا ده‌ڵێ، شیعرێكی ناو دیوانی هه‌ست و نه‌سته و به‌بێ ئه‌وه‌ی خوێنه‌رێكی زۆر هه‌ستی پێبكه‌ن كه كامه شیعر هی كامه دیوانه..به‌دیوێكیدی چه‌ند شیعرێك له كازیوه ده‌ربێنه‌و بیخه ناو هه‌ست و نه‌ست و به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌وا هیچ له دۆخه‌كه ناگۆڕێ.
ئه‌و قاڵبگیرییه په‌یوه‌ندی به‌و عه‌قڵیه‌ته لۆكاڵییه‌وه هه‌یه، كه بێكه‌س نه‌یتوانییوه تێیپه‌ڕنێ.. تێپه‌ڕین به‌سه‌ر لۆكاڵیبوون و به‌زاندنی سنووره‌كانی لۆكاڵیه‌ت په‌یوه‌ندی به فكر‌و كراوه‌یی له فكره‌وه هه‌یه، بێكه‌س له چه‌ندین شیعری (كه له ئه‌وروپا نووسیویه‌تی) باس له‌وه ده‌كا كه ئه‌و ته‌نیا به جه‌سته له ئه‌وروپا بووه، یه‌كێ له كێشه گه‌وره‌كانی نووسه‌ر و مامۆستاكانی زانكۆ‌و شاعیرانی خۆرهه‌ڵات له رۆژاوا ئه‌وه‌یه كه ته‌نیا به جه‌سته له‌وێن، ئه‌وان هه‌ڵگری هه‌مان كو‌لتور و دنیابینی و رامانن كه له شوێنزا پێكییان هێناوه، به شانازیشه‌وه ده‌نووسن كه ئه‌وان ته‌نیا به جه‌سته له‌وێن، عه‌قڵ و رۆح و هه‌موو هه‌ست و نه‌ستیان لای چۆنییه‌تی بیركردنه‌وه و عه‌قڵییه‌تی كۆڵان و گه‌ڕه‌كی شاره‌كه‌ی خۆیانه:
له كه‌ژاوه‌ی ئێواره‌یه‌كی سپی و له شێوه‌ی خه‌ونێكی
پێڵو ته‌ڕدا ئه‌و خه‌یاڵه باڵگرتووانه بردمیانه‌وه
بۆ شه‌وێكی به‌فرانباری شاری ئۆپسالا ی
سوید‌و ماڵی سپی كاكه مه‌حمود… تاده‌گاته:
به كاك مه‌حمودم وت:
تۆ ئه‌زانی ئه‌م به‌فره‌ی ئێره له ورده شه‌كر ئه‌چێ و
به‌ڵام به‌فری لای خۆمان كلوو كلوو وه‌ك
ریزه په‌پووله دێنه خوارێ. كاك مه‌حمودیش وتی:
راسته به هیچ جۆرێ له به‌فری كوردستان ناچێ
ئه‌م به‌فره بێ رۆحه‌و به‌ڵام به‌فری لای خۆمان
پڕ بوو له دره‌وشانه‌وه‌ی رۆح و خه‌مه سپییه جوانه‌كان!
دوای هه‌ناسه هه‌ڵكێشانێ وتیه‌وه:
بڕوا بكه ئه‌وه‌ته‌ی لێره‌م خه‌وێكم به‌م سویده‌وه
نه‌بینیوه‌و له خه‌ویشدا هه‌ر له‌ولام و له لای سه‌ركارێز و
له‌سه‌ر گرده‌كه‌ی یاره، … تاد
شاعیرێك ئه‌گه‌ر بڕوای وابێ به‌فری ئۆپسالا بێ رۆحه و وه‌ك به‌فری كوردستان نییه كه پڕه له رۆح، شاعیرێك ئه‌گه‌ر له باڵكۆنی یه‌كێ له شوقه‌كانی ته‌لارێكی ستۆكهۆڵم بوه‌ستێ شیعر بۆ تفه‌نگ و خه‌نجه‌رو خشت و كووشتن و ..تاد بڵێ، بینینێكی ته‌ندرووست نییه له ئێستادا، ئه‌و ناته‌ندرووستییه له بینین ده‌بێته هۆیه‌ك كه قاڵبگیری و بۆته‌به‌ندی له دیوانه‌كانی شاعیر بێته ئاراوه.. له‌سه‌ره‌تاوه چه‌ند ئاماژه‌یه‌كمدا كه ئه‌و ته‌نیا ده‌توانێ له‌و بازنه‌یه‌دا به‌رده‌وامبێ كه درێژكراوه‌ی شیعره‌كانی پێشووی خۆیبێ:
ناوبه‌ناوێ ئه‌گه‌ر من خۆیشم دووباره بكه‌مه‌وه
وه‌ك دره‌خت خۆم دووباره ئه‌كه‌مه‌وه، كه زه‌وی
هه‌رگیز تاقه‌تی لێی ناچێ. ل26
نازانم بۆ ده‌بێ شاعیرێك كه نازناوی (شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان)ه، خۆی دووباره بكاته‌وه؟ باوه‌كو وه‌ك خۆی ده‌ڵێ ئه‌و خۆ دووباره‌كردنه‌وه خۆدووباره‌كردنه‌وه‌یه‌كی له‌ده‌ره‌خت چووشبێ.. به‌لای منه‌وه له‌و خۆدووباره‌كردنه‌وه‌یه خوێنه‌ری جددی ده‌گاته ئه‌وه‌ی كه كۆك بێ له‌گه‌ڵ بۆچوونی خودی شێركۆ بێكه‌س كه ده‌ڵێ: گرنگ ئه‌وه‌یه شیعر بنووسم، هه‌رچۆنێك بێ ده‌بێ بینووسم، چونكه شیعر نه‌بێ ئه‌و ده‌مرێ.. شاعیر ئه‌و پرۆسه‌یه بۆ ئه‌وه ئه‌نجام ده‌دا چونكه بڕوای وایه كه شیعر نه‌بێ ئه‌و به جه‌سته‌ش كۆتایی دێ و ده‌مرێ، به‌دیوێكیدی ئه‌و هه‌ناسه‌ی خۆشحاڵی و به‌خته‌وه‌رییه‌ی كه ئه‌و هه‌یه‌تی سه‌رچاوه‌كه‌ی له شیعره‌وه‌یه، خۆ ئه‌گه‌ر شیعر نه‌بێ به‌ختیاری بوونی نییه‌و به‌ختیاریش بۆ ئه‌و نه‌بێ خۆی وجودی نامێنێ..
ره‌نگه ئه‌و رۆژه‌ی كه شیعری
تیا ماچ نه‌كه‌م
ستران نه‌گرمه باوه‌شم و
له‌گه‌ڵ باڵنده‌ی ره‌نگاڵه‌ی
تابلۆیه‌كی جوان‌دا نه‌فڕم
ئه‌و رۆژه بێ
كه تیا بمرم.. ل 129
كه‌وابێ ئه‌و ده‌بێ به‌رده‌وام بنووسێ و بڵاوبكاته‌وه، كه به‌رده‌وام ده‌نووسێ و بڵاوده‌كاته‌وه و ئه‌زموونێكی نوێ تێكه‌ڵ به خۆی ناكا، رووبه‌رووی كێشه ده‌بێته‌وه، كێشه‌كه هه‌ر ئه‌وه نییه كه به‌یه‌ك ئاست شیعر به‌رهه‌م ناهێنێ، له‌وه‌ش نییه كه هه‌ندێجار خۆی دووباره ده‌كاته‌وه(وه‌ك خۆی ده‌ڵێ)، كێشه‌كه له‌وه‌یه كه له هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كه خۆی لێ دووباره ده‌كاته‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ زه‌وقی شیعریی جیلی نوێ ناگونجێ، یا ئه‌گه‌ر بشگونجێ چێژوه‌رگرتنی شیعریی وه‌رگری گه‌نج به‌ره‌و فه‌زای شه‌ڕو چه‌ك و شه‌ڕگه و كووشتن و توندروتیژی و مه‌رگدۆستی ده‌با، من به‌س چه‌ند نموونه‌یه‌كی ده‌ستپێكی چه‌ند شیعرێك ده‌هێنمه‌وه، نه‌ك توندڕه‌وی و هاندان بۆ توندڕه‌ویی و مه‌رگدۆستی له كۆی شیعره‌كانی دیوانه‌كه یا له كۆی دیوانه‌كانی، له دیوانی هه‌ست و نه‌ست ده‌ستپێكی (رسته‌ی یه‌كه‌م تا سێیه‌م)، چه‌ندین شیعری به‌و شێوه‌یه:
ئازادییان كرد به كورسی و
له‌سه‌ر كورسیش تفه‌نگ دانیشت ل 35
…….
له جاده‌یه‌كدا دره‌ختێ
به‌سه‌ر ژنێكی كوژراودا ل46
……
له‌و ساته‌دا
له شه‌ڕگه‌دا
ته‌نها دوو سه‌گ ئه‌بینران و ل 74
……
له‌نێوان دوو هه‌وری ناو ئاسۆی
شاخێكدا
شه‌ڕێ بوو ل79
…..
له‌سه‌ر سووچی جاده‌یه‌كدا
گیتارێكم تیرۆر كرا ل 81
….
له شه‌ڕگه‌دا
بووه به‌شه‌ڕ ل83
…….
بكوژ
هاوڕێكه‌م
دوای كوشتنی به چه‌ند رۆژێ ل 84
……
له شه‌ڕگه‌دا
دوو چاوی زه‌ق ل86
……..
وه‌ختێ ته‌ته‌ره‌كه كوژرا ل88
…..
له شه‌ڕگه‌دا
جووتێ پۆستاڵ ل89
…..
له شه‌ڕگه‌دا
ده‌قیقه‌یه‌كه كوژراوه‌و له‌سه‌ر پشتیش راكشاوه ل100
….
ئه‌مشه‌و ته‌مومژی رقێ
په‌رده‌ی دڵی داگرتبووم ل115
…
به كوژراوی و
به باوه‌شێ گوڵی ژاڵه‌و ل 141
…
دوێنێ قه‌ڵه‌مێك له شێوه‌ی كۆترێكدا
به‌ده‌م شه‌قژنه‌وه كوژرا. ل 237
…
دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه كه من ته‌نیا دێری یه‌كه‌م و دووه‌می شیعره‌كانم وه‌رگرتووه كه ئاوا ده‌ست پێده‌كه‌ن، له‌ناوه‌ڕۆك و ته‌نانه‌ت له دێری چواره‌میشدا كووشتن و شه‌ڕگه و تیرۆر‌و.. تاد ده‌رنه‌هێنراوه.. به‌لای منه‌وه وه‌ك خوێنه‌رێك جێگای هه‌ڵوه‌سته‌و رامانه كه كۆمه‌ڵێك تێكست له (نوێترین دیوانی شێركۆ بێكه‌س دا كه له ساڵی 2010 چاپكراوه) به‌و هه‌ناسه‌یه‌وه ده‌ستپێبكه‌ن.. ده‌سپێكێك كه ته‌نیا له ( Kriegsfilme ) فیلمی حه‌ربیی ده‌چێ..! خۆده‌شكرێ ناوی ئه‌و جۆره شیعرانه بنێین شیعری حه‌ربی.
5- له كازیوه‌دا شیعری بۆ نالی و كه‌مال جنبلات و نه‌سرین و كه‌مال ناصر و نازم حیكمه‌ت و له‌تیف حامد و حه‌سه‌ن زیره‌ك و گۆركی و خوارووی لبنان و نه‌جیبه و ته‌لزه‌عته‌ر نووسیوه، له هه‌ست و نه‌ست بۆ سه‌رده‌شت عوسمان و (په‌خشان)ی بۆ مه‌حمودی مه‌لا عیززه‌ت و مه‌حمود زامدار و ئه‌كره‌م قه‌ره‌داغی و قاسملو و فوئاد سوڵتانی و ره‌فیق چالاك و حسێن میسری و شه‌هیدانی له سێداره‌دراوی كوردستانی ئێران و محێدین زه‌نگه‌نه و حه‌مه جه‌زا نووسیوه.. به‌درێژایی ئه‌و 43 ساڵه و له‌و 40 دیوانه‌ی كه بڵاویكردۆته‌وه شیعری بۆ مردنی ده‌یان و سه‌دان كه‌س گوتوه، تا وایلێهاتوه كه خه‌ڵك ته‌مه‌ننای مردن بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شیعریان بۆ بنووسێ و خۆشی شانازیی پێوه بكا..
مه‌زنترین خه‌ڵاتێ شیعری من
پێی درابێ و
له‌سه‌ر سه‌ری داینابێت و
له‌گه‌ڵ خۆیدا وه‌كو چاوی
كوچه به كوچه‌ی زمان و
شار به شاری خۆشه‌ویستیی
گێڕابێتی
نامه‌یه‌ك بوو
كه (پ.م)ێكی زامداری ئه‌و شاخه
له ساڵانی به‌فرو خوێندا
بۆی ناردبووم.
تیانووسیبوو:
من ته‌نیا یه‌ك خه‌ونم هه‌یه
بۆم بێته دی
له پێناو عه‌شقی به‌رددا بكوژرێم و
به‌س به‌و مه‌رجه‌ی
له ئێستاوه دڵنیابم
تۆ شیعرێم بۆ بنووسی.
تازه باوه‌ڕناكه‌م شاعیر بتوانێ واز له‌وه بێنێ كه ناسیاوێكی یا (یه‌كێك نه‌ناسیاویش بێ به‌ڵام بزانرێ دواتر مه‌راسیمی چله‌ی بۆ ده‌كه‌ن)بمرێ و شیعری بۆ نه‌نووسێ، له دیوانی دوای هه‌ست و نه‌ستیش گومان ناكه‌م كه چه‌ندین شیعریتر ده‌بینین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌نووسێ كه شه‌هید ده‌بن، یا جه‌ڵته لێیانده‌دا یاخود له‌به‌ر پیریی كۆتاییان پێدێ.. به‌و شێوه‌یه له ئێستاوه ده‌زانین كه یه‌كێ له خاسییه‌ته‌كانی دیوانی دوای هه‌ست و نه‌ست كه له 2011 یا تۆزێ دره‌نگتر بڵاوی ده‌كاته‌وه هه‌مان ئه‌و خاسیه‌ته‌یه كه له هه‌ست و نه‌ستدا هه‌بووه.. به‌و شێوه‌یه یه‌كێ له خاسیه‌ته هاوبه‌شه‌كانی كه له‌نێوانی كازیوه‌و هه‌ست و نه‌ستدا هه‌یه بریتییه له‌وه‌ی كه شیعر بۆ خه‌ڵك و به تایبه‌تیش مردوو بنووسێ.
له‌گه‌ل ئه‌وه‌ش شێركۆ پێی وایه جگه له مردوو، جگه له رووداوی میژوویی، جگه له كاره‌سات و كووشتن و شه‌ڕ، ده‌توانێ هه‌موو شتێ بكا به شیعر، ئه‌و بۆ شیعر له‌دایكبوو، بۆ شیعر ژیا له‌ناو شیعریش ده‌مرێ:
ده‌ست بده‌مه هه‌رچی شتێ
داربێ، به‌ردبێ، پیاڵه‌ی چابێ
په‌رداخی سه‌رمێزه‌كه‌م بێ
یان ته‌پله‌كی جگه‌ره‌كه‌م
من ئه‌توانم رۆحی شیعریان
به‌به‌رداكه‌م… ل189
راست ده‌كا، هه‌ر وای كردووه، به‌ڵام تازه ئه‌و ناتوانێ یا پێڕانه‌گه‌یشت بتوانێ جۆرێك ئه‌و شتانه‌ی كه ناوی بردوون بنووسێ كه له ئێستادا شیعری نوێن.. من پێمخۆشبوو له جیاتی هه‌ست و نه‌ست شتێكیتری پێشكه‌ش كردبوویان جیا له‌و ئه‌تمۆسفێره‌ی كه هه‌ر به بۆن و له دووره‌وه هه‌ستی پێده‌كه‌یت.. به‌هه‌رحاڵ ئه‌و گوتویه‌تی كه ئه‌گه‌ر قه‌سیده‌یه‌كی خه‌ڵه‌فا و تووشی قسه هه‌له‌ق و مه‌له‌ق هات خه‌به‌ری بده‌ینێ، من له‌و نووسینه نه‌مگوتوه كه كامه قه‌سیده‌ی خه‌ڵه‌فاوه، چونكه به كاری ئه‌و نووسینه‌م نه‌زانیوه.
هه‌وڵی من له ده‌ربڕینی ئه‌و چه‌ند تێبینیه ته‌نیا بۆ ئه‌وه بووه، ئاماژه به چه‌ند ناونیشانێك بكه‌م كه هه‌موویان شیاوی دیراسه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ن، شیعره‌كانی شێركۆ بێكه‌س شیاوی ئه‌وه‌ن كه له چه‌ندین رووه‌وه خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكرێ، به هیچ شێوه‌یه‌كیش خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌ڵه‌مه نه‌یارانه نابینمه‌وه كه ئه‌و له دیوانه‌كه به ئێره‌یی كردن تۆمه‌تبارو تاوانباریان ده‌كات، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، كه‌سانێكی زۆر له نه‌وه‌ی نوێوه به شانازییه‌وه، به‌شیعره‌كانی شێركۆ بێكه‌س ده‌ستیان به خوێندنه‌وه كردووه:
ئه‌ی قه‌ڵه‌مه نه‌یاره‌كان!
من ئه‌زانم
بۆچی ئێره‌ییم پێ ئه‌به‌ن؟!
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
هه‌موو ئه‌و كچه شیعرانه
ناسك.. ناسك
وه‌كو لاولاو، له چوار لاوه
ئاڵاونه‌ته خامه‌كه‌م و
ماچم ئه‌كه‌ن.. ل 141
وه‌ك گوتراوه هیچ شتێك له ژێر تیشكی خۆردا نوێ نییه، هه‌رئاواش هه‌موو شتێك له‌ژێر سه‌قفی زه‌مه‌ندا كۆن ده‌بێ و له‌ناو ده‌چێ و ده‌مرێ، ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه بۆ هه‌ست و نه‌ست بكرێ و بگوترێ شیعره‌كانی ناو ئه‌و دیوانه وه‌كو شیعره‌كانی ناو دیوانێكن كه سی و دوو ساڵ به‌ر له ئێستا چاپكراوه به مانای نه‌یاربوون نایه، به‌مانای ئه‌وه دێ كه خۆشی دركی پێكردووه و ده‌زانێ ئیدی ورده ورده توانایی ئه‌و روو له ته‌واو بوونه‌و ئیدی سه‌رده‌مێكی نوێ هاتووه كه گه‌نج به شێوه‌یه‌ك بیرده‌كاته‌وه جیایه له نه‌وعیه‌تی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و، گه‌نچ جۆره فه‌زایێكی تری هه‌یه جیا له‌و فه‌زایه‌ی كه ئه‌و گه‌نجایه‌تی خۆی تیا گوزه‌راندوه، به بۆچوونی من داهێنه‌ر ئه‌وه‌یه كه بتوانێ له ته‌مه‌نێكی پیریشدا هه‌وڵبدا به‌ژداربێ له‌و ئه‌تمۆسفێره‌ی كه گه‌نجان ئێستا تێیدان، به‌داخه‌وه خۆی دان به‌وه داده‌نێ كه ئه‌و دووره له‌و ئه‌تمۆسفێره:
ئه‌ی په‌نجه‌ره‌ی باڵاخانه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی عه‌قڵی نوێ
من دوێنێم و له په‌نجه‌ره‌ی كۆن و نزمی
خۆمه‌وه‌یه، سه‌رهه‌ڵئه‌بڕم بۆ لای تۆ
تۆ ئێستاكه له گه‌ردوونی بێ كۆتایی زانستا
په‌رجووی سه‌ده‌ی ئینته‌رنێتی و له په‌نجه‌وه
له‌سه‌ر كیبۆرد ئه‌جوولێیت و هه‌ڵئه‌فڕیت و
جێی سه‌رسامی و رامانی
تا ده‌گاته باسی خۆیی و ده‌ڵێ:
وا نۆره‌مه، ئیتر منیش سه‌ربه‌ره‌و خوار، داچم و
وه‌ك دوا تیشكی خۆرنشینی، ده‌م ئاسۆ
ئاوابم و، بۆ عه‌قڵی تۆ‌و، بۆ به‌هره‌ی تۆ پیره‌تیم
زۆر باشتره، چۆڵی بكات، سه‌رشانۆ.
من باوكتم، خه‌وش نییه، كه نه‌زانی چۆن ژیام..
دوا رسته‌مه‌كانم ئه‌وه‌یه كه بڵێم: خه‌وشه كه نه‌زانین تۆ چۆن ژیای، به‌ڵام بێگومان زه‌مه‌ن رێگا نادا كه نه‌وه‌ی نوێ وه‌ك تۆ بژیێ.. ئه‌گه‌رچی پێشمان ناخۆشبێ كه (چۆلی بكه‌ی سه‌رشانۆ) زه‌مه‌ن پێت چۆل ده‌كا.
ئه‌گه‌ر له دیوانی دابێ هه‌مان ستایل و هه‌مان فه‌زای دیوانی هه‌ست و نه‌ست دووباره‌بكه‌یته‌وه، ئه‌وا ئه‌و كات هه‌ر به‌ڕاستی دوا تیشكی خۆرنشینی ده‌م ئاسۆیت و ئیدی به‌راستی تۆ ئاوابووی.