له‌به‌ر ئاوازێك نایه‌وێ ببێته گۆرانی
أبِنْتَ الدَهْڕ عندی كُلُ بِنْتٍ
فكَیفَ ۆصَلْتِ أنتِ منَ الزحامِ ؟
( المتنبی )*
ئاوێك ده‌ناسم هه‌موو سیفه‌تێكی ئاگری هه‌یه.
*
گه‌ر ئه‌بجه‌دییه‌ت به هانام بێ ،
پێش ئه‌وه‌ی مێژونوسان بێن ، من ده‌تنوسمه‌وه .
هه‌ر تۆ براوه‌یت !
من له په‌نجه‌ره‌ی زیندانی زمانه‌وه ،
له باخچه‌ی موعجیزهكانت ده‌ڕوانم ،
تۆش دره‌ختی له‌ززه‌تی و بنه‌چه‌ت ده‌چێته‌وه سه‌ر مه‌جاز ،
تامێكی دیاری بۆ میوه‌یه‌كی نادیار و
به غوباری گێڕانه‌وه‌م نالهرزیت .
چه‌ند له دنیا ده‌چیت ،
هه‌ر پێشدهكهویت ، به‌ڵام ئاوڕ نادهیهتهوه !
چه‌ند له شێتییه‌وه نزیكم ،
پێمناخۆشه بچیته سه‌ربان و تانكی ئاوه‌كه پڕكه‌یت ،
بچیته سه‌ر ئه‌زمڕ و چای خه‌ڵووز بخۆیته‌وه ،
له‌و به‌رزاییه خودا جوانیت ببینێ ، بۆ خۆیت ده‌باته‌وه .
پێمخۆشه پێبكه‌نیت ،
تریقه‌ت هه‌ڵوه‌رێ و بفڕێ و
به‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كاندا ببێته ئاڵا .
تۆ هه‌بیت ئاژاوه‌ی دنیا نامێنێ :
به‌ندیخانه‌كان ده‌بنه دایه‌نگه ،
تاوانباره‌كان ، به ده‌نكه شقارته ،
پیكابی بچووك بۆ منداڵه هه‌ژاره‌كان دروست ده‌كه‌ن .
جنێوه‌كان له فه‌رهه‌نگی خاڵدا ده‌سڕێنه‌وه .
قه‌سابه‌كان تا ماون بۆ ئه‌وه ده‌گرین ،
له بری چه‌قۆ ، گیتاریان هه‌ڵنه‌گرتووه .
ئه‌وانه‌ی ئێواران به دهمڕێوه پاقله ده‌خۆن ،
توێكڵه‌كه ده‌خه‌نه گیرفانیانه‌وه .
هه‌موو ئه‌وانه‌ی ماسییان برژاندووه ، داوای لێبوردن ده‌كه‌ن .
*
تۆ له‌سه‌رته رۆژانه جارێك پیاسه بكه‌یت :
پێڵاوه‌كانت داكه‌نه و به پێخاوسی بگه‌ڕێ ،
رێگا قیرتاو كراوه‌كان ، ده‌بنه پسكویتی به قاوه .
رێگا خۆڵه‌كان : به‌وه‌وه ده‌نازن گوایه ئه‌سڵت قوڕه و
به خزمایه‌تیه‌كی دوور پێت ده‌گه‌نه‌وه .
به غه‌مزه‌یه‌ك ، عه‌موده‌كانی سه‌رجاده كون كون كه ، ده‌بنه شمشاڵ .
بتڵه ئاوه مهعدهنیهكانی سه‌ر شۆسته به پۆزه‌وه خۆیان به كانی ده‌زانن .
سه‌بوری ئه‌و شوتیه به‌سته‌زمانانه بده‌وه ،
به هه‌نجه‌تی باشیه‌وه به چه‌قۆ سكیان ههڵدهدهڕن .
دڵی ئه‌و دره‌ختانه رابگره ،
به ناوی جوانكردنی شاره‌وه له باخچه دایانبڕیون .
قاپ و ته‌شتی نایلۆنی سه‌ر عه‌ره‌بانه گه‌ڕۆكه‌كان ،
بگۆڕه بۆ پارچه‌ی پیانۆ .
به دوو سایده‌كه‌ی به‌كره‌جۆدا وه‌ره خوارێ ،
با سایلۆ پڕ بێ له گه‌نم .
پڕ بێ له گواره ، بۆ ئه‌و كچانه‌ی له‌مساڵدا گوێیان دهسمرێ .
پڕی كه له عه‌تر ، بۆ ئه‌و نامانه‌ی هێشتا نه‌نێردراون .
دوو ماچ بۆ هاوین فڕێده ، فێنك فێنك ده‌بێته‌وه .
قژت له دواوه ببه‌سته ، چیتر ره‌شه‌با نامێنێ و
ئه‌و خانووانه ده‌حه‌سێنه‌وه رووه و قیبله نین .
له‌به‌ر خاتری ئه‌و ساوایانه‌ی ده‌یانه‌وێ به‌م نیوه‌ڕۆیه بخه‌ون ،
خۆت له‌م خۆڵبارینه توڕه‌كه .
دوای نیوه شه‌و ، له‌پێكت پڕكه له تریفه ،
له‌پێكت پڕكه له حه‌رفه‌كانی ناوت ،
بچۆره لای سینه‌ماكان ،
با سواڵكه‌ر و عه‌ره‌به نووستوه‌كانی سه‌ر كارتۆن و به‌تانی عه‌سكه‌ری ،
ئه‌لفی سه‌ره‌تای ناوت ، چه‌شنی چۆره‌ك بكرۆژن و
قومێك روناكی بخۆنه‌وه و متمانه‌یان به دنیا بێته‌وه .
*
تۆ له‌سه‌رته هه‌فته‌ی جارێك بچیته چێشتخانه‌ی یاقوت :
میوانه‌كان مینیۆی جه‌سته‌ت ببینن و له خۆیانه‌وه تێر بخۆن :
مه‌مكی مه‌حشی ، به شیر و هه‌نگوین .
سینگی به خاڵ ، وه‌ك نانی به كونجی .
په‌نجه‌ی پێچراو به گه‌ڵای مێو .
گه‌ردنی ته‌ڕ به ئاوی شووتی .
تكه‌ی ته‌نووریی ته‌ماشا و
سووپی سووری سووراو و
شیله‌ی مه‌یله‌و سوێری ئاره‌قی چاڵی چه‌ناگه‌ت بخۆنه‌وه .
تۆ له‌سه‌رته رۆژێ جارێك بچیته نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری ،
نه‌خۆشه‌كان ماچكه چاك ده‌بنه‌وه .
برۆت له شێوه‌ی ( لا ) گرژ كه ،
مردن له‌و ناوه نامێنێ .
سه‌رێكی ژێرپردهكه بده و
په‌تی پێی ئه‌و قازانه بپچڕێنه سپێتی باڵیان له رۆحت و
خرپنیان له قۆڵ و باسكت خواستووه .
ده‌رگای قه‌فه‌سی مریشكه‌كان بكه‌وه ، با بتبینن و
دوا نیازی به‌ر له سه‌ربڕینیان بێته‌دی .
تۆ له‌سه‌رته ساڵی جارێك بچیته گه‌رمیان ،
له هه‌رده‌ی زه‌نگه‌نه و چه‌م داوێ ، خۆت رووتكهوه و راكشێ ،
با به‌رخه‌كان له گیای به‌ر و ژێر باڵت بخۆن و
له تووكی نه‌رمی بناگوێت بله‌وه‌ڕن .
به‌ردێكی بچووك بخه‌ره درزی مه‌مكه‌كانت با ئاره‌ق بكا و
وشكه‌ساڵی نه‌مێنێ .
*
به‌یانیانی هه‌ینی به دزییه‌وه بچۆره سه‌ر قه‌بری باوكت ،
مردووه‌كان بتبینن به‌و خه‌فه‌ته ده‌مرنه‌وه ،
له زه‌مه‌نی تۆدا نه‌ژیاون .
سهرهخهو مه‌شكێنه
تۆ به خه‌به‌ر نه‌بیت ، زیندوێتی مانای نامێنێ .
منداڵه‌كان به‌خه‌به‌ر نایه‌ن بچنه قوتابخانه .
ترافیك قه‌ت سه‌وز نابێ .
كه‌س تاقه‌تی كڕینی میوه‌ی نامێنێ .
وه‌كو چوكلێت ، مانا بپێچه‌وه و
بیخه‌ره ده‌می توخمهكانهوه .
به هه‌ناسه‌م بڵێ كه هه‌رده‌م به دواته‌وه‌یه ،
ببێته گسك و پیربوونه رژاوهكانی به‌رده‌م مزگه‌وته‌كان كۆكاته‌وه .
كه نوستیت ده‌رگا جوان جوان قفڵده ،
با ئاواز به‌ڕه‌ڵا نه‌بێ دراوسێكانت بشڵه‌ژێن .
په‌رده‌كان جوان جوان داده‌وه ،
با ئه‌ستێره نه‌یه‌ته ژووره‌وه نوری نێوچه‌وانت بدزێ .
كه له‌خه‌و هه‌ڵسایت باوێشك نه‌ده‌یت ،
ده‌مت مه‌كه‌ره‌وه ، با ددانێكت نه‌بێته ئیمامی ته‌سبیحی كرمان .
پێش ئه‌وه‌ی بچیته حه‌مام خۆت بپشكنه ،
بزانه هیچت لێ نه‌دزراوه ؟
هێڵه‌كانی له‌پت نه‌چۆته شوێنی ئایه‌ته هه‌ڵواسراوه‌كه ؟
له‌ته نانه ره‌قه‌كانی ناو سه‌به‌ته‌كه ،
نه‌رمایی گوێتیان نه‌دزیوه ؟
چاڵی ناوكت وه‌ك خۆی ماوه و پڕ نه‌بووه له هه‌نگ ؟
دره‌ختێكی باخچه‌كه‌تان ،
سه‌وزیی ، ورده ده‌ماره سه‌وزه‌كانی روومه‌تی نه‌بردووی؟
بزانه خۆت ، خۆتی ؟
گێلاسی ناو ره‌سمی دیواری مه‌تبه‌خه‌كه ،
بۆیه‌ی نینۆكه‌كانی تاڵان نه‌كردووی ؟
له‌به‌ر چاوی مه‌ركانه‌ی گه‌ڵاكانت ددانت نه‌شۆی ،
مهیانكه به دوژمنی نه‌عنای ناو مه‌عجونه‌كه .
كه چات خوارده‌وه سه‌یری كوپه‌كه نه‌كه‌یت ، ده‌نا ده‌بێته ئینجانه .
شه‌كری تێمهكه ، منی تێدام ، به كه‌وچكه‌كه تێكمده .
به چه‌تاڵ په‌نیر بخۆ ،
په‌نجه‌ت به‌ری كه‌وێ ده‌توێته‌وه و ده‌چێته‌وه دۆخی منداڵیی خۆی و
ده‌بێته‌وه شیر .
سه‌مون كه‌رت نه‌كه‌ی ، گه‌نممان لێ مه‌ڕه‌نجێنه .
به‌زه‌ییت به شته‌كاندا بێته‌وه ،
سابونه‌كه حه‌ز ده‌كا به ده‌ستت بیشۆیت و پاكبێتهوه .
خاولیهكهت حه‌ز ده‌كا به قژی وشكت ته‌ڕی كه‌ی .
ئاوێنه‌كه‌ت حه‌ز ده‌كا ببێته ستراب ، ته‌نانه‌ت نه‌عل و
شوێنێكی له‌شت راموسێ .
پێڵاوه‌كه‌ت ئیره‌یی به سیسه‌مه‌كه‌ت ده‌با ، له‌سه‌ری ده‌خه‌وی .
سیسه‌مه‌كه‌ت رقی له پێڵاوهكهته ، ده‌یبه‌یته ده‌وام .
كتێبه‌كانت ئاماده‌ن خۆیان به ده‌فته‌ره گه‌وره چڵكنه‌كه‌ی دائیره بگۆڕنه‌وه ،
كه هه‌موو به‌یانیه‌ك ، ئیمزایه‌كی له‌سه‌ر ده‌كه‌ی زۆر له سه‌ری بولبول ده‌چێ .
ئامان ، جلت هه‌ڵخست ئاگاداربه ،
سه‌رچه‌فه‌كان نه‌بنه باڵ و بتكه‌نه فریشته و بتفڕێننه ئاسمان .
زوو زوو ده‌رگای سه‌لاجه‌كه بكه‌ره‌وه :
ماستی ناو مه‌نجه‌ڵه‌كه و نانه هه‌ورامیه‌كه و
باینجانی ناو نایلۆن و شرووبی تا ، چاوه‌ڕێتن و
هانا بۆ مه‌ڵهه‌می سووتانه‌كه ده‌به‌ن .
كه‌ڵه‌شێری به‌ستووی ناو فرێزه‌ر و
ماسی ناو قوتوهكهش ، به خه‌به‌رن و غه‌ریبیت ده‌كه‌ن .
*
به‌یانیان رۆژنامه بخوێنه‌وه ،
تا تیرۆریسته‌كان ببنه‌وه ده‌روێش و
له‌سه‌ر ده‌ستی تۆ له‌و كاته‌ی به كه‌فاوی جلشۆرینه : تۆبه بكه‌ن .
با تانكه‌ره‌كانی نه‌وت بگه‌ڕێنه‌وه و
شه‌ربه‌تی ئه‌ناناس و شه‌رابی ترێ له چاوتا باركه‌ن .
له‌به‌رده‌م ماڵتاندا ریز ببه‌ستن و
یه‌كه و 36 هه‌زار لیتر ، ره‌نگ بۆ دنیا ئاودیو بكه‌ن .
له جیاتی نه‌وتی ره‌ش ، ره‌شێتی ماسكاراكه‌ت ،
له‌بری نه‌وتی سپی ، سپێتی رۆحت بگوازنه‌وه .
سه‌یرێكی هه‌واڵه ناوخۆییه‌كان بكه ،
با ژنه‌كان خۆیان نه‌سوتێنن و پرێمز بچێته مۆزه‌خانه‌وه .
نا ، رۆژنامه مه‌خوێنه‌وه ،
جوانیت ناخرێته به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه .
ته‌نیا سه‌یرم كه ،
جوانترین هه‌واڵ له چاومدایه .
تكایه ، تا پێشت ده‌كرێ پێڵوت دامه‌خه ،
دایمه‌خه با كاره‌با نه‌كوژێته‌وه .
*
* موته‌نه‌بی ئه‌م شیعره‌ی به نه‌خۆشی گوتووه و گرانه‌تای بووه ، ماناكه‌شی به‌م شێوه‌یه دێته‌وه : گه‌ر له فرمێسك و به‌ڵای رۆژگار ده‌پرسی ، هه‌موو فرمێسك و به‌ڵایه‌كم هه‌یه ، له قه‌ره‌باڵخی ئه‌و هه‌موو فرمێسك و به‌ڵایه‌ی ده‌وری داوم ، تۆ چۆن گه‌یشتیه لام ، به كوێدا هاتیت ؟
ته‌ڵعه‌ت تاهیر