ئاوازه‌كانی خه‌ره‌ند … حه‌سه‌ن مسته‌فا
له‌باره‌ی خۆكوژییه‌كه‌ی سروه عه‌باسه‌وه زۆر وتراوه، ئه‌م رووداوه به‌لای خه‌ڵكه‌وه جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو، به‌ڵام به‌لای شه‌ماڵه‌وه چاوه‌ڕێكراو، چونكه ئه‌وله‌هه‌موو كه‌س باشتر ده‌یناسی، ئه‌و باش ده‌یزانی رۆژێك هه‌ردێ سروه ئه‌م بڕیاره‌بدات، چونكه ئه‌و زۆر دژی بوغزاندنبوو…هه‌روه‌ها زۆر حه‌زی له ژیان بوو، هه‌ر ئه‌م حه‌زه‌ی بۆ ژیانیش وای كردبوو خۆشه‌ویستی بكاته بنه‌مابۆی، ئه‌و ته‌نها شه‌ماڵی خۆشنه‌ده‌ویست، به‌ڵكو سۆزی به‌رامبه‌ر كه‌سه‌كان وشته‌كانی تری ده‌وروبه‌ریش ده‌رده‌بڕی، به تایبه‌ت دایكه‌كه‌ی، چونكه وای هه‌ستده‌كرد كه‌وا رێك دانه‌یه‌كی له‌به‌رگیراوه‌ی ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌و مه‌ینه‌تیانه‌ی چه‌شتوویه‌تی له‌ده‌ستی ئه‌و باوكه بێمیهره‌یدا، كه چیرۆكنووسی به‌سه‌لیقه‌ی ده‌وێت تا بتوانێت ئه‌و هه‌موو ئازارانه‌ی بنووسێته‌وه …هه‌روه‌ها هاوده‌می له‌گه‌ڵ زۆر په‌له‌وه‌رداده‌كرد… ئه‌وه‌نده متوی ره‌یحان و لاولاوه‌كانی به‌ر قه‌په‌نگه‌كه‌شیان ببوو، هه‌موو ئێواران ئاوی ده‌دان و ئه‌و شه‌وانه‌یش كه ژوانی له‌گه‌ڵ شه‌ماڵ ده‌گرت رۆحی به‌بۆنی ره‌یحانه پاراوده‌كرد… ئه‌م بۆنه هه‌موو جه‌سته‌ی داده‌گرت…ئه‌و ناوه‌ی به‌ته‌واوی ده‌ته‌نی. شه‌ماڵ هه‌مووجار پێی ده‌گوت: نه‌ترسایت به‌و هه‌موو بۆنه‌وه شوێن پێت هه‌ڵبگرن، خۆ تۆ برات زۆرن… ئه‌ویش ده‌یگوت: ئه‌وان بۆنی ره‌یحان ناكه‌ن، ئه‌م هه‌سته‌یان مردووه. ئه‌وه تۆیت خه‌ریكه ئه‌و بۆنه كاست ده‌كات … منت له‌بیر ده‌باته‌وه!. ئه‌م قسه‌یه‌ی هی دوایین ژووان بوو. بۆیه به گله‌ییه‌وه به‌رسڤی دایه‌وه: نا به پێچه‌وانه‌وه ئه‌م بۆنه تۆی نزیكتر كردۆته‌وه.. رۆچۆته ناو رۆحم. من ئێستا بێ ئه‌م بۆنه هیچ نیم. ئێستا ئه‌وانه‌ی ده‌مناسن بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا بۆچی من ئه‌وه‌نده ره‌یحان له‌یه‌خه‌م ده‌ده‌م و هه‌ر ئه‌م ناوه‌شم كردۆته پاشكۆی ناوه‌كه‌م” شه‌ماڵ ره‌یحان ” .
دایكه‌كه‌شی خوی به گۆشه‌یه‌كی ژووره‌كه‌ی سروه‌دا، گرتبوو. ماوه‌یه‌ك پێشتریش له‌هه‌مان ئه‌و گۆشه‌یه‌دا،كه بۆنی سروه‌ی گرتووه، به ته‌نها ده‌مایه‌وه و بیری له گوفتارو ره‌فتاره‌كانی پێش ئه‌م سه‌فه‌ره‌ی سروه ده‌كرده‌وه… ئێستا ئه‌و له نێو په‌شیمانیێكی قوڵدایه به‌وه‌ی به ته‌واوی گوێی بۆ سروه شل نه‌كرد، كه هه‌ڕه‌شه بێبنه‌ماكانی باوكی و براكانی بۆ باس كردبوو. ره‌نگبێ ئه‌و تێبینیكردنه سه‌رپێیانه‌ی بۆ مێرد و كوڕه‌كانی گومانه‌كانی به‌رده‌می ره‌واندبێته‌وه و قسه‌كانی زۆر به گرنگ وه‌رنه‌گرتبێت، بۆیه ئێستا له به‌رامبه‌ر خۆكوژییه‌كه‌ی سروه‌دا هه‌ست به تاوانێكی گه‌وره ده‌كات. كه ده‌یتوانی رێگریبكات!!…ئه‌و بیری نایه‌ت كه‌وا چه‌ندجار له‌لایه‌ن سروه‌وه ئاگاداركرابووه‌وه “ته‌واوی كرده‌وه‌كانم له‌ژێر چاودێریدان. بۆیه تادێت بازنه‌ی ترس به‌ده‌ورمدا ته‌سكتربووه‌ته‌وه. راڕایی ته‌واو بێ‌ئارامی كردووم. شه‌وان كه به‌ته‌نیا ده‌مێنمه‌وه، ده‌رفه‌تی بیركردنه‌وه‌م زیاتر بۆ ده‌ڕه‌خسێ…بیركردنه‌وه له ژیانێكی دی، كه نازانم به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌كم ده‌بات…دایكه، توانجی یه‌ك به‌یه‌كی هه‌ر حه‌وت برا مێشكیان قانگداوم… له‌به‌ر بێخه‌وی تا دێت شه‌وه‌كانم درێژتر بوونه‌ته‌وه و مێشكم ویزه‌ی دێت. رۆژانیش ده‌بێت خۆم بۆ قسه ره‌ق و پڕتوانجه‌كانیان ئاماده‌بكه‌م. تاكه ئومێد له ماڵه‌كه‌دا كه هه‌مه هه‌ر تۆیت دایكه.. تۆ!!.له‌گه‌ڵ زرینگانه‌وه‌ی ئه‌م وشه‌یه‌ی كۆتایی له مێشكییدا رووی به‌ره‌و ئه‌و شوێنه وه‌رده‌چه‌رخێنێ كه دواجار سروه له‌و په‌ڕی توڕه‌ییه‌وه خۆی تێفڕێدا…به‌ده‌نگێكی كپ و خامۆش، تا راده‌ی له هۆشخۆچوون زۆر به‌كوڵ فرمێسك هه‌ڵده‌ڕژێنێ، چونكه باش ده‌زانێت هاواره‌كانی ئه‌ویش خنكاون، بۆیه بێده‌نگ له ناخه‌وه ده‌گریێت. تا كه‌سی تر پێینه‌زانێ و بریندار نه‌بێت…ئه‌و تازه ده‌زانێ چه‌ند ته‌نیایه…بێسروه‌یی مانه‌وه چ بێمانایێكه! ئه‌ویش له‌و ماڵه‌دا هه‌ست به سێبه‌ری قوڕسی مێرد و كوڕه‌كانی ده‌كات…به‌رده‌وام ئه‌و ده‌ستانه له قوڕگی دوورده‌خاته‌وه كه ده‌یانه‌وێت بیخنكێنن!!پێكه‌نین و گریانه‌كانی ئه‌وه‌نده ئاوێته‌ی یه‌كتری بووینه، زه‌حمه‌ته لێكجوێكردنه‌وه‌یان…شه‌و‌و رۆژ ئه‌م گۆشه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردووه كه دوایین رسته‌كانی سروه‌ی لێیه‌وه‌شنه‌وت…سه‌دای ئه‌و قسانه له‌گوێیدا ده‌زرینگێنه‌وه، بۆیه هه‌میشه وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه و هه‌ندێكجار به‌پێكه‌نین و هه‌ندێكجاریش به گریان ده‌ریانده‌بڕێت.
یه‌كه‌م ساڵی چوونه زانكۆی شه‌ماڵ و بڵاوبوونه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ی، هه‌موو ئه‌وانه‌ی تازه ده‌یانناسیی، وایانده‌زانی ئه‌مه ناوی دایكیه‌تی‌و بۆته پاشگری ناوه‌كه‌ی. نه‌یانده‌زانی ئه‌مه هه‌موو یاده‌وه‌رییه‌كانی ئه‌وی له‌گه‌ڵ خۆدا هه‌ڵگرتوون. نه‌یانده‌زانی ئه‌و بێ ره‌یحان شتێكی ترنیه. یان هه‌ست به‌هیچ خۆشیێكی تر له‌ژیان ناكات. شه‌ماڵ ئه‌و ساتانه‌ی بیرده‌كه‌وتنه‌وه كه سروه به‌قوڵی له چاوه‌كانی راده‌ما‌و بیری له قسه‌كانی دوایین یه‌كتربینین و پێش ئه‌م سه‌فه‌ره‌ی خۆكوشتنه‌ی ده‌كرده‌وه” شه‌ماڵ گیان ئه‌وه چه‌ند مانگێكه ده‌نگێك له ناو خه‌ره‌نده‌وه با‌نگم ده‌كات، ئه‌و ده‌نگه زۆر له ده‌نگی تۆ ده‌چێت… زۆر ئارامیم پێده‌به‌خشێت وه‌ك ئارامی ناو باوه‌شه‌كانت… ئێواره تاریكه‌كانی زستان، كه له‌پێش بالكۆنه‌كه نه‌وازش له‌گه‌ڵ په‌لكی گوڵه زستانییه‌كانم ده‌كه‌م… ئه‌و ده‌مانه‌ی بێ تۆ ده‌مێنمه‌وه و ته‌نیایی له تۆ زیاتر هیچ كه‌سی ترم بیر ناخاته‌وه، ئه‌م ده‌نگه گه‌رمی به جه‌سته‌م ده‌به‌خشێ…هێورم ده‌كاته‌وه، به‌ڵام تا ئه‌و ده‌مانه‌ی جار جار ده‌ستێكی نه‌رمی دایكم كه به ئه‌سپایی له دواوه ده‌خزێته سه‌ر شانم و ده‌مگێڕێته‌وه نێو جه‌نجاڵییه‌كانی ژیانی خێزان. لای تۆم شه‌ماڵ …لای تۆ، هه‌رچه‌نده تۆ له پایته‌خت خه‌ریكی خوێندنی وانه‌كانتی، به‌ڵام لێره ئاودامانی خه‌یاڵی من ده‌كه‌یت…ده‌نگه نه‌رم و به‌سۆزه‌كه‌ت له ناو خه‌ره‌نده‌وه به‌رگوێم ده‌كه‌وێت. ئه‌وه‌نده ئاوازێكی شیرینی هه‌یه مه‌گه‌ر هه‌ر خۆم بزانم چه‌نده دڵگیره. ده‌مه‌وێ رۆژێك به‌دوای ئه‌و ده‌نگه‌دا بڕۆم…باڵه‌فڕكه‌م بۆ ناو خه‌ره‌ند. وه‌ك ئه‌و كۆتره شینكانه‌ی هه‌میشه باسیان ده‌كه‌یت، كه به باڵه‌كانیان چه‌ند بازنه‌یه‌ك له سه‌رسامی دروست ده‌كه‌ن . خۆ ئه‌و كۆترانه‌ش رۆژێك وه‌ك من گیرۆده‌ی داوی عه‌شقێك بوونه، بۆیه ئه‌وه‌نده خول ده‌خۆن…ئه‌وه‌نده بازنه ده‌به‌ستن…بازنه‌ی یه‌كتربڕ …بازنه‌ی سپرینگی تا له خه‌یاڵدا گیرمان كه‌ن. تا كێشمان كه‌ن…من رۆژێك خۆم ده‌بینمه‌وه كۆترێكم باڵه‌كانم له‌و ره‌یحانانه ده‌خشێنم كه رۆژانه ئاوم داون…دێمه نێو ئه‌و كولینگه‌ی به‌سه‌ر ناوه‌وه‌ی هه‌یوانه‌كه‌دا ده‌ڕوانێ، ده‌زانم دایكم له‌وێ به‌كراسێكی كوردی ره‌شه‌وه، وه‌كو هه‌ناوی باوكم…وه‌كو شه‌وه ته‌نیاكانی بێ‌تۆ، له گۆشه‌یه‌كدا چاوه‌ڕێم ده‌كات… دێمه پایته‌خت به‌دیار چاوه ره‌شه‌كانت له‌سه‌ر شیشه‌ی ئه‌و تاقه‌په‌نجه‌ره‌یه‌ی به‌سه‌ر بازاڕی باته‌دا ده‌ڕوانێ هه‌ڵده‌كورمێم…ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ی وه‌ك خۆت ده‌تگوت: له‌به‌رامبه‌ریدا نامه‌كانت بۆ نووسیوم. نامه گه‌رمه‌كانت…ئه‌و نامانه‌ی له‌نێو ده‌قه نه‌گه‌چڵاوه‌كانی مه‌مكه‌كانم گیرم كردوون نه‌بادا براكانم پێیبزانن‌و بمبنه‌وه به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌كانی باوكم، ئه‌ویش پڕ به گه‌رووی …به‌ده‌نگه گه‌وره‌كه‌ی به‌سه‌رمدا بشیڕێنێ.” هه‌ڵه قه‌بوڵ ناكه‌م به‌خوا.. به‌خوا به‌جامه‌دانییه‌كه‌م هه‌ڵتده‌واسم تا سه‌ری براكانت شۆڕ نه‌بێت، تا روو زه‌ردی دنیا‌و قیامه‌ت نه‌بم…هه‌ر ئه‌و ده‌مه به هه‌ڕه‌شه‌وه گله‌یی براكانم پێده‌ڵێت: به‌خوا ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كت لێببینن به خه‌نجه‌ره‌كانیان له‌توپه‌تت ده‌كه‌ن. من له نێوان شنه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌ی خه‌ره‌ند و شه‌ڕ‌وهه‌ڕه‌شه‌كانی ماڵه‌وه‌دام، ئه‌وانه‌ی ماڵه‌وه پاڵم پێوه‌ده‌نێن و ئاوازه‌كانی خه‌ره‌ند و ئاره‌زووه‌كانی فڕینیش كێشم ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌ربه‌ست نیم…ئه‌وه ده‌نگی تۆیه و له هه‌ڕه‌شه‌كان دوورم ده‌خاته‌وه. چاوه‌ڕێمبه شه‌ماڵ گیان، رۆژێك له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كه‌ته‌وه ده‌رده‌كه‌وم، ده‌نووك له مینای په‌نجه‌ره‌كه‌ت ده‌ده‌م…تێر له چاوه ره‌شه‌كانت راده‌مێنم. هه‌رچی بۆنی خه‌ره‌ند هه‌یه به ژووره‌كه‌تدا بڵاویده‌كه‌مه‌وه… توخوا لێم زوێرمه‌به، ئه‌گه‌ر ئه‌مه رووبدات. تۆ ئاگادارنیت ئێستا ماڵه‌كه‌مان بۆته دۆزه‌خ…دۆزه‌خێك براكان گه‌رمی ده‌كه‌ن و باوكم وه‌ك ئه‌هریمه‌ن له‌سه‌رووی كوره‌كانی دانیشتووه. كه گه‌یشته ئه‌م رسته‌یه” شه‌ماڵ ره‌یحان”دڵی پڕببوو…فرمێسك سه‌ریانكردبوو، دواجار هه‌نسكیدان و قوڵپی گریان تێكه‌ڵ به ده‌نگێكی غه‌مگینتربوو، له گمه‌ی ئه‌و كۆتره پێبه‌كوڵكانه‌ی ناوه‌ناوه ده‌هاتنه به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌ی. دلێرسه‌رسپیی هاوپۆلیشی له‌لایه‌كی ژووره‌كه هه‌ستی به‌و گۆڕانكارییه خێرایانه ده‌كرد كه له سیمای شه‌ماڵدا به‌دیارده‌كه‌وتن، بۆیه كه‌وته دڵدانه‌وه‌ی، به‌ڵام شه‌ماڵ پێی گوت: ده‌بێت ئازار بكێشم…بتوێمه‌وه. منم بڕیارم له چاره‌نووسێكی ئاوا سه‌خت داوه. چاك ده‌زانم تۆ یه‌كێكی له‌و ئازیزانه‌ی ده‌توانم گرێكانی ده‌روونمت بۆ ڤالاكه‌م، ئاخر تۆبوویت فێری رامانت كردم…فێری ئه‌وه‌ت كردم بخوێنمه‌وه… تا قووڵتر له ماناكانی هه‌ڵگرتنی ره‌یحانه بگه‌م… تا قووڵتر به‌ناخی خۆشه‌ویستیدا شۆڕببمه‌وه…
ئه‌و زیاتر له ده‌ربڕینی شیعر نزیكده‌كه‌وته‌وه تا ده‌ربڕینی قسه‌ی ئاسایی، بۆیێ داوای لێ‌كرد، واچاكه پیاسه‌یێكی ده‌ره‌وه بكه‌ین. با به‌و جاده چۆلانه دابچین و كه‌مێك گوێ له پێخوستی رێبواره‌كان و خشپه‌خشپی گه‌ڵاوه‌ریوه‌كانی ده‌م شه‌قام بگرین وئارام ببینه‌وه. شه‌ماڵ به‌سه‌ر راوه‌شاندنه‌وه باشه‌یه‌كی كرد و به‌ده‌م رێڕۆیشتنه‌وه كه‌وته‌وه قسه‌كردن: ئه‌م ساڵ و نیوه‌ی زانكۆ ئه‌زموونێكی سه‌ختبوو بۆ به‌ڕێكردنی دووری و ته‌نیایی مانه‌وه‌م… مانه‌وه‌م وه‌ك باڵنده‌یه‌كی دوور و ته‌نیا له ئێواره دیتنه‌كانی، كه به كراسه كوردییه په‌مبه‌ییه‌كه‌ی ده‌هاته به‌ر قه‌په‌نگه گه‌وره‌كه‌یان و ئاوڕشێنی ره‌یحان و لاولاوه‌كانی ده‌كرد. ژیان هه‌ر به‌و ئێوارانه‌وه به‌ندبوو، بۆیه پوچێتی هه‌رچوار كه‌ناری گرتووم… نازانم دلێرسه‌رسپیی … نازانم. له‌دوای خۆ هه‌ڵدانی ئه‌و بۆ ناو خه‌ره‌ند ژیان چ مانایه‌كی ماوه‌ته‌وه بۆ من!؟… ژیان…ره‌یحان …خه‌ره‌ند. ئه‌و هه‌روا به‌ده‌م رۆیشتنه‌وه قسه‌ی بۆ هاوڕێیه‌كه‌ی ده‌كرد و ڕێ به ڕێ مژی له جگه‌ره ده‌دا و ده‌سته‌كه‌شی ده‌خسته نێوان سینگی و كه‌مێك هه‌روازتر له ناوپه‌نچكییه‌وه وه‌ك ئه‌وانه‌ی باسكیان ده‌شكێ به سیلینگ ئاڕمێك ده‌یكه‌نه ملیان و ده‌سته‌كه‌ی تریشی به ئازادی به‌ملاو به‌ولادا ده‌هات و ده‌چوو، له‌گه‌ڵ هه‌رئاوڕدانه‌وه‌یه‌كیشی به‌لای دلێرسه‌سپییدا زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی تاڵی ده‌هاته سه‌ر روومه‌ته چرچه‌كانی و له‌گه‌ڵیشدا چاوه‌كانی بچووكتر ده‌بوونه‌وه له ئاسایی خۆی.. چاوه‌كانی كه وه‌ك چاوی زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێره ده‌چووه‌وه‌سه‌ر قاوه‌ییه‌كی تۆخ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ برۆ په‌یوه‌سته‌كانی زیاتر به‌سه‌ر ره‌شیاندا ده‌ڕوانی و راستگۆییان تێدا به‌دی ده‌كرا… له رۆیشتنیشدا خێرایێكی نائاسایی پێوه دیاربوو، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانی نه‌رم بوون و ده‌نگی پێیه‌كانی نه‌ده‌هات..هه‌روا مژێكی توندی له جگه‌ره‌كه‌دایه‌وه.. له‌گه‌ڵ هه‌ر ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كیش ئه‌م وشانه‌ی چه‌ند باره ده‌كردنه‌وه، ژیان چ مانایه‌كی ماوه‌ته‌وه بۆ من سه‌رسپیی!؟… ژیان…ره‌یحان …خه‌ره‌ند. پاش ئه‌م قسانه داوای له دلێركرد كه جێی ده‌هێڵێ. ئه‌ویش نه‌یتوانی به‌ربه‌ستی بكات، چونكه شاره‌زای ببوو..رۆیشتوو و پێیه‌كانی هه‌ڵێنان و هه‌نگاوه‌كانی خێراكردن و مژێكی توندی له جگه‌ره‌كه‌ی دایه‌وه و دوكه‌ڵه‌كه‌ی به‌هه‌ردوولای سه‌ره‌ته‌رۆزییه‌كه‌ی په‌خشان بووه‌وه ..تا دوورده‌كه‌وته‌وه بارستاییه‌كه‌ی له‌به‌رچاوی ئه‌ودا ده‌توایه‌وه‌و ده‌بووه تارمایی و تریفه‌ی هه‌ڵڕژاوی مانگه‌شه‌و به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا هه‌ڵیده‌مژی و ده‌یسپارد به تاریكی دواوه و له‌وێدا ونی ده‌كرد. ئه‌و هه‌روا ونده‌بوو دلێریش به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه هه‌نگاوه‌كانی شه‌له‌لیان تێده‌كه‌وت و بیركردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌نیشته سه‌ر قسه‌كانی و قوڵتر ده‌گه‌ڕایه‌وه ناخیه‌وه، تا ده‌هات ناوبازاڕ به تارایه‌ك، كه له ته‌می هه‌ور بچێت به‌سه‌ری داده‌درا..راستییه‌كه‌ی ئه‌وه ته‌می سه‌ر چاوه‌كانی دلێرسه‌رسپیی بوو، كه خه‌یاڵی بۆ فه‌رامۆشنه‌كردنی ئه‌و، دیمه‌نه‌كانی به‌رده‌می لێته‌ڵخ ده‌كرد. هه‌ردوو ریزه دوكانه‌كانی ئه‌مبه‌ر‌و ئه‌وبه‌ر وه‌ك دوو هێڵی ئاسۆیی پان له‌وسه‌ره‌وه زیاتر تێكه‌ڵی یه‌كتر ده‌بوونه‌وه‌و وه‌ك مژی به‌جێماوی كارخانه‌یێكی كۆن هه‌ستی به بڵندبوونیان ده‌كرد… ئه‌و وه‌ك تارمایێكی بۆر لێی دوورده‌كه‌وته‌وه‌و هه‌رگیز نه‌یده‌زانی بۆ ئه‌و ماوه كورته كاریگه‌ریێكی درێژ له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی جێده‌هێڵێ.. ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵیده‌كات به‌خۆیه‌وه كه زۆر ببێته جێی گرنگی بۆی. له‌م رۆیشتن و چوونه ته‌نها هه‌ر بیری لای قسه‌كانی ئه‌و بوون…ئێستا ئه‌و ته‌نیاییه‌كه‌ی خۆی به یاده‌وه‌رییه‌كانی سروه قه‌ره‌باڵغ كردووه، ئه‌گینا هیچی له‌سه‌ر هیچه‌وه نه‌ماوه، وه‌ك ده‌بینن ئێستا به شه‌قامه‌كاندا ده‌سوڕێته‌وه و گۆچانه‌كه‌ی له پارچه نایلۆن و كارتۆنی هه‌ڵڕژاوی سه‌ر شه‌قامه‌كان گیر ده‌كات و فه‌رامۆشی خۆی به هه‌ڵگرتنه‌وه‌یان ده‌داته‌وه‌و ده‌یانخاته نێو ئه‌و حاویه شینانه‌ی سه‌ر شۆسته‌كانی ناو بازاڕ، تا پاكببێته‌وه له گوناهێك كه به‌ده‌ستی ئه‌و نه‌كراوه، به‌ڵام هه‌موو په‌نجه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌و ده‌كه‌ن… چونكه دادگا ئه‌وی وه‌ك دوا تاوانبار ناساند و زیندانیش به شه‌قامه‌كانی به‌خشیی…ئێستا ئه‌و ئه‌وه‌نده كه‌مدووه ته‌نها ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ دلێردا چه‌ند قسه‌یه‌كی به‌سه‌روبه‌ر بكات، ئه‌گینا كه‌س ناتوانێ دوو وه‌ڵامی پوختی لێوه‌ربگرێت!.
مانگی شه‌شی ساڵی2011 رواندز