
له‌تبوون …. داستان به‌رزان
تۆ ته‌نیاییم ئاوه‌دان ده‌كه‌یته‌وه
ئاوه‌دانیم وێران
له ده‌رگا ناده‌یت
خۆ به هه‌یوانی دڵمدا ده‌كه‌یت
قسه ناكه‌یت
شیعره‌كانم توڕ ده‌ده‌یت
پرس ناكه‌یت
یاده‌وه‌رییم سیخناخ ده‌كه‌یت
له وشه و
له گۆرانی و
له وێنه‌ی خۆت.
****
تۆ چه‌شنی مشتێك په‌پووله
خۆت به ناو سینگمدا ده‌كه‌یت
چه‌شنی پۆلێك باڵنده
له سه‌رمه‌وه ده‌فڕیت
وه‌ك ڕه‌وه ئه‌سپێك به‌سه‌ر ته‌نیایمدا غار ده‌ده‌یت
تۆ له‌تم ده‌كه‌یت و
پارچه‌كانم به هه‌وادا هه‌ڵده‌واسیت.
****
ده‌چیته باخچه‌ی گشتی
له‌سه‌ر هه‌مان كورسی من داده‌نیشیت و
له‌به‌ر خۆته‌وه ده‌په‌یڤیت
لۆمه‌م ده‌كه‌یت
تاڵانم ده‌كه‌یت
ناته‌وێت تێبگه‌یت
له عیشقدا لۆمه جێگه‌ی نابێته‌وه.
****
ده‌چیته قاوه‌خانه‌كه‌ی په‌راوێزی شار و
له بری من قاوه ده‌خۆیته‌وه
هه‌مان ئه‌و ڕۆژنامانه ده‌خوێنیته‌وه
كه من ڕۆژێك پێشتر خوێندومنه‌ته‌وه
گوێ له هه‌مان ئه‌و موزیكانه ده‌گریت
كه عه‌سرێك له‌سه‌ر ڕیتمیان
خۆم له‌ت و كوت ده‌كه‌م
ده‌چیته هه‌مان ئه‌و شه‌قامانه‌ی
شه‌و نییه لێیان نه‌پاڕێمه‌وه و
داوای گریانهكانمیان لێنه‌كه‌مه‌وه
له‌سه‌ر هه‌مان چرپا خه‌ون دهبینینیت
كه شه‌ڵاڵه به خه‌ونی وشكههڵاتووم
له ته‌نیشت هه‌مان ئینجانهوه داده‌نیشت
كه ته‌نیا من گۆرانییه‌كانی بێئومێدی
به گوێیدا ده‌چرپێنم
تۆ له جێگه‌ی من زۆر شت ده‌كه‌یت
كه ده‌رفه‌ت نییه لێره‌دا بگوترێن.
****
شه‌وان له خه‌وم هه‌ڵده‌ستێنی و
ده‌مبه‌یته‌وه بۆ ماڵه‌كه‌ی جاران
چ یارگاری هه‌یه بیرم ده‌خه‌یته‌وه و
واملێدهكهیت هه‌ر له‌ویا خۆم بهاوێژمه ناو بیرێكی
1000000000مه‌ترییه‌وه.
****
ده‌رباره‌ی كێشه‌كانی گه‌ردوون قسه‌م بۆ ده‌كه‌یت
لێم توڕه‌ده‌بیت و ده‌ڵێیت:
شه‌رمه‌زاربه كه پهڵهیهكیت
له‌م دونیا حیزه
پێم ده‌ڵێیت:
ژیان له‌وه خێراتره پرسیاری گه‌وره‌ی تێدا بكه‌یت
بڕۆ له كه‌لاوه‌یه‌كدا خۆت سه‌ربڕه.
****
من پرسیاری شتێك ده‌كه‌م و
تۆ وه‌ڵامی شتێكم ده‌ده‌یته‌وه
من خه‌ونێك ده‌بینم و
تۆ جیهانێكی دیكه‌م بۆ لێكده‌ده‌یته‌وه
من ئه‌مه‌وێت پێت بڵێم:
هه‌وڵی من بۆ گه‌یشتن نییه به ژیان
به‌ڵكو هه‌ڵهاتنه له قورسایی ئه‌و
به‌سه‌ر بوونمه‌وه.
****
ده‌زانم ده‌بێت ڕۆژێك به ده‌ستی خۆم
خۆم فڕێده‌مه تهنهكهخۆڵێكهوه
ده‌زانم نه به تۆدا ڕاده‌گه‌م
نه به ژیان
ده‌زانم جارێك له جاران
له شیعرێكدا حه‌یای خۆم ده‌به‌م
ڕۆژێك له‌م باره زۆر خراپتر ده‌بم
چونكه باری تۆ زۆر قورسه.
****
تۆ ده‌مێك منیت و
ده‌مێك خۆتیت
ده‌مێك بیرم ده‌كه‌یت و
ده‌مێك قاوم ده‌ده‌یت
ده‌مێك عاشقم ده‌بیت و
ده‌مێك له‌گه‌ڵم ده‌جه‌نگیت
ده‌مێك خه‌ونم پێوه ده‌بینیت و
ده‌مێك ده‌رگام لێناكهیتهوه
تۆ دڵت به هیچی من خۆش نییه
من به پوچی تۆ باڵده‌گرم.
****
له نێوان تۆ و ژیاندا خولده‌خۆم
هاكا له‌مه زیاتر لهتبووم و
بووم به هه‌زار پارچه‌وه.
له ژماره (65)ی گۆڤاری (هه‌نار)دا بڵاوبۆته‌وه.
Dastan.barzan@gmail.com