Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
گه‌شتی بووكی تازه‌ی په‌شێو بۆشوێنه‌ دڵگیره‌كانی رێگاكه‌ی هاملتۆن

گه‌شتی بووكی تازه‌ی په‌شێو بۆشوێنه‌ دڵگیره‌كانی رێگاكه‌ی هاملتۆن

Closed
by July 12, 2011 گشتی

شیعر هه‌ر یه‌كه‌مان له‌ دونیابینی و گۆشه‌نیگاو خوێندنه‌وه‌ی خۆمانه‌وه‌ تێی ده‌ڕوانین و چێژی لێ وه‌رده‌رگرین، درك به‌ جوانیه‌كانی ده‌كه‌ین و مانا قوڵ و شاره‌وه‌كانی ده‌دۆزینه‌وه‌، هه‌رله‌ یه‌كه‌م ساتی خوێندنه‌وه‌دا سه‌فه‌رێك به‌ نێو دونیا پڕ نه‌هێنیه‌كه‌ی شیعر ده‌كه‌ین و به‌و شتانه‌ ئاشنا ده‌بین كه‌ پێشتر نه‌مانبینووه‌.
 
ئه‌گه‌ر ئاورێك له‌ شیعر بده‌ینه‌وه‌ به‌شی زۆری شاعیران ده‌بینین سروشت له‌ لایه‌ك و گه‌شت و گه‌ڕان و سه‌فه‌ر له‌ لایه‌كی تر پانتایه‌كی گه‌وره‌ی شیعری كوردی داگیركردووه‌. ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی خه‌ون و خه‌یاڵ و فانتازیاوه‌ وه‌ك (بناری هه‌ڵگورد)ی هێمن و گه‌شته‌كه‌ی (سه‌ر مه‌ریخی) مه‌نگوری شاعیر، یاخود گواستنه‌وه‌ی سروشت به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ وه‌ك كامیرایه‌كی ڤیدیۆ دیمه‌نه‌ جوان و سه‌رنجڕاكێشه‌كانی پێشانمان ده‌دا. گۆران له‌ گه‌شتێكدا ده‌مانباته‌ ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان و نمونه‌یه‌كی جوانی ئه‌و سروشته‌ پاك و ره‌نگینه‌مان بۆ باس ده‌كات و نیشتمانمان لێ ده‌كاته‌ به‌هه‌شت و له‌ پێش چاومان خۆشه‌ویستر ده‌كات. ئیدی گه‌شت هه‌ر چۆنێ بێت دڵخۆشی به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت، نه‌خاسمه‌ گه‌شتكردن له‌گه‌ڵ كچێكی شۆخ و شه‌نگه‌بێری، تام و چێژێكی له‌ راده‌به‌ده‌ری هه‌یه‌، گه‌شت و گه‌ڕان و به‌ستنی ژوانێكی عاشقانه‌ دوور له‌ چاوی مرۆڤه‌كان و له‌ باوه‌شی سروشتێكی جوان و پاك و بۆنخۆشی وه‌ك كوردستان، ئاسان نیه‌ له‌ هه‌ست و بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆماندا بسرێته‌وه‌ و هه‌میشه‌ نه‌مری ده‌به‌خشێته‌ رۆح و دڵ. جا سه‌فه‌رێك له‌گه‌ڵ بووكێكی تازه‌ ده‌بێ ئه‌م تام و چێژه‌ چه‌ند قات بێت، زاواكانیش ناتوانن ئه‌م ساته‌ شیرینه‌ و زێرینانه‌ بگێرنه‌وه‌، سروشت خۆی له‌ بووكێك ده‌چێ، بووكێكی جوان و تازه‌ش له‌ باوه‌ش بگرێت، مه‌گه‌ر په‌ریه‌كانی به‌هه‌شت بگه‌نه‌ ئه‌م جوانییه‌، په‌شێو له‌ گه‌شتێكی رۆمانسی و ئه‌فسووناوی له‌ شیعری (بووكی تازه‌)* ده‌یه‌وێت له‌ ژینگه‌ی شار ده‌ركه‌وێت و سنووره‌كان بشكێنێت و سه‌فه‌رێكی دوور بكات و له‌وێ له‌ سایه‌ی ئازاد به‌ خۆشی رابوێرێت.
وه‌ره‌ بابرۆین، ئه‌ی بووكی تازه‌
دڵم سه‌رچاوه‌ی، سۆزو ئاوازه‌
ده‌مێ رابوێرین، دوور له‌ دڵ په‌ستی
خول بخۆینه‌وه‌، له‌ ته‌ك سه‌ربه‌ستی
برۆین له‌ بۆ دوور
بشكێنین سنوور
ده‌ستپێكی گه‌شته‌كه‌ له‌ زێدی شاعیره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و بۆ سه‌لاحه‌ددین و هه‌وارگه‌ی شیرین، تا له‌وێ كۆڕی ئاهه‌نگ گه‌رم بكات و له‌ پارچه‌یه‌كی بچووكی مه‌مله‌كه‌تی حه‌یران، له‌گه‌ڵ به‌سته‌و حه‌یران و گۆرانی ئاوێزانی شایی و خۆشیی بێت و هه‌رچی خه‌م و ئازاری رۆژگار هه‌یه‌ له‌ خۆی دوور بخاته‌وه‌.
بۆ سه‌لاحه‌ددین، هه‌وارگه‌ی شیرین
جێگای باپیران، شێرانی دێرین
گه‌رم كه‌ین كۆرێ، هه‌ست به‌خشی سه‌یران
ئاهه‌نگ بگێرین، به‌ به‌سته‌و حه‌یران
بیكه‌ین به‌ شادی
به‌دڵنیایی
له‌وێ یه‌كه‌م قۆناغ به‌جێدێلێ و بۆ شوێنێكی تر هه‌نگاو ده‌نێت كه‌ جوانیه‌كی بێ وێنه‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگی مه‌ل و جۆگه‌له‌ی ئاو و ئاوێزانی چه‌ندین ده‌نگی خۆشتر كه‌ له‌ سه‌مفۆنیایه‌كی بیتهۆڤن ده‌چێ، ئاوێزان به‌ خۆشترین ئاوازو كه‌ زۆر ناسكتره‌ له‌ ده‌نگی ساز، كه‌ له‌ شه‌وێكی بناری سه‌فینی سه‌ر كه‌ش هه‌ر له‌ تریفه‌ی مانگ و خه‌نده‌كانی بووك ده‌چێ، له‌وانه‌یه‌ فریای ئه‌و ساته‌ش نه‌كه‌وێت (بیبات بۆ باخی شه‌قڵاوه‌)
ئه‌وساكه‌ برۆین به‌ره‌و شه‌قڵاوه‌
كه‌ ده‌نگی مه‌ل و ئاو تێكه‌ڵاوه‌
له‌ دڵی سه‌فین، به‌ درێژایی شه‌و
دێ ده‌نگی شمشاڵ، قاسپه‌ قاسپی كه‌و
ئه‌بن به‌ ئاواز
ناسكتر له‌ ساز
سه‌فه‌ر به‌رده‌وامه‌ و ئه‌مجاره‌ بۆ باوه‌شی تاڤگه‌ی گه‌لی عه‌لی به‌گ، له‌ دیار تاڤگه‌ی وه‌ك بووكی جوان وسپی و بێگه‌رد، جوان وه‌ستان له‌ دیار دیمه‌نه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ده‌نگ و قۆڕه‌ی ئاوی تاڤگه‌ و سه‌مای ئه‌و ئاوه‌ جوانه‌ی، سیحرئاسایانه‌ خۆی ده‌نوێنێ و نمایشی نازه‌كانی خۆی ده‌كات، هه‌موو كه‌س تێر مه‌ست ده‌كات و هه‌ر ئه‌م مه‌سته‌ش واده‌كا‌ت گۆرانی بۆ ڤینۆسی خوای جوانی بڵێت .
له‌وێ به‌ره‌و، گه‌لی عه‌لی به‌گ
یاتاڤگه‌ی جوانی، مه‌ستمان كا له‌ ڕه‌گ
ئه‌وسا به‌كه‌لله‌ی مه‌ست و كاسه‌وه‌
له‌ گه‌ڵ خۆره‌ی ئاو، پڕ به‌ تاسه‌وه‌
بڵێین گۆرانی
بۆ خوای جوانی
له‌دوای جێهێشتنی تاڤگه‌، ئه‌وسا رۆیشتن بۆ شاری رواندز، له‌وێ پیاسه‌و گه‌ران له‌ گرد و دۆڵه‌كانی، له‌ نێو به‌هه‌شتی جوانی و سروشتی، بۆنی جۆرها گوڵ، مرۆڤ مه‌ستر ده‌كات و هه‌ست ده‌كات له‌ پارچه‌یه‌كی به‌هه‌شت گه‌شت ده‌كات، ئه‌و گه‌شته‌ی به‌ رێگای هامڵتۆنه‌وه‌ ره‌ت ده‌بێت و تا ده‌گاته‌ رواندزو تیدا چه‌ند هاوینه‌هه‌وارێكی دڵره‌فێنمان پێ ده‌ناسێنێ و ئه‌وجار به‌رو لوته‌كه‌ی چیاكان هه‌نگاو ده‌نێت .
ئه‌وسا بڕۆین، یاری نه‌رم و نۆڵ
له‌م گرد بۆ ئه‌م گرد له‌م دۆڵ بۆ ئه‌م دۆڵ
به‌روه‌ (هه‌ندرێن)، (كوڕه‌ك)، (بێخاڵ)
به‌هه‌شتی جوانی و خۆشترین خه‌یاڵ
رابوێرین ژینی
دوور له‌ غه‌مگینی
ئه‌گه‌ر له‌ رێگای ئاڕاسته‌ی گه‌شته‌كه‌ بڕوانین ده‌بوایه‌ وشه‌ی (هه‌ندرێن)له‌ كۆتایی دێری سێیه‌م نوسرابوایه‌، چونكه‌ به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ینه‌ هه‌ندرێن، كۆره‌ك و بێخاڵ پێشوازیمان لێ ده‌كات ده‌بێت له‌وێ تێپه‌رین ئه‌وجا ده‌گه‌ینه‌ هه‌ندرێن، هه‌رچۆنی هه‌بێت سه‌فه‌رێكی خۆشه‌ بۆ باوه‌شی سروشت، ئاشناكردنی خوێنه‌رله‌ رێگای شیعر به‌ هاوینه‌هه‌واره‌كان و شوێنه‌ دڵگیره‌كانی ئه‌وانه‌ی كه‌وتۆنه‌ته‌ سه‌ر رێگای هاملتۆن. بویته‌ رێبه‌رێكی گه‌شتیاری، رێگایه‌كه‌مان بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات. دێره‌ جوان و ناسكه‌كانی ئه‌م شیعره‌، پڕه‌ له‌ نۆته‌ی مۆسیقا، تێكه‌ڵ به‌ ئاهه‌نگی به‌سته‌ و‌ حه‌یران و گۆرانی و ده‌نگی شمشاڵ و ساز، مرۆڤ مه‌ست ده‌كات و ده‌یخاته‌ سه‌ما، هارمۆنیایه‌ك دروست ده‌كات له‌گه‌ڵ(ده‌نگی مه‌ل) و (قاسپه‌قاسپی كه‌و) و (خۆڕه‌ی ئاو). كه‌ڤاڵێكی جوانی وه‌ك (بووكی تازه‌، شایی، ئاهه‌نگ، گه‌لێ عه‌لی به‌گ_ تاڤگه‌ی جوانی، به‌هه‌شتی جوان….هتد) ده‌نه‌خشینێ و چاو له‌ بینینیان تێر نابێت و ئاسووده‌یه‌كی هه‌میشه‌یی به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت. په‌شێو له‌م سه‌فه‌ره‌ زۆر به‌ جوانی گه‌شته‌كه‌ی رازاندۆته‌وه‌، هه‌ر په‌یڤێك پارچه‌یه‌ك له‌ مۆسیقا و تابلۆیه‌ك له‌ جوانی سروشتی نیشتمانمان پێ ده‌ناسێنێ، سه‌فه‌رێك له‌گه‌ڵ بووكێكی تازه‌ تێر له‌ رابواردن و دوور له‌ غه‌مگینی و دوور له‌ چاوی جه‌لاده‌كانی عه‌شق، سه‌فه‌رێك بۆ شوێنه‌ دڵگیرو جوانه‌كانی سه‌ر رێگای هاملتۆن، كه‌ به‌هشتی جوانیه‌، له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ گه‌شتێكی پڕ به‌رائه‌ت و هیواو خۆزگه‌ و جوانی ده‌كه‌یت، تا ده‌گه‌یته‌ لوته‌كه‌ی خۆشی و مه‌ستی و توانه‌وه‌ له‌ نێو عه‌شق و خۆشه‌ویستی.

* بووكی تازه‌، دیوانی دكتۆر عه‌بدوڵلا په‌شێو، سوید، چاپی یه‌كه‌م، 2002، ل193_194

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.