
سایكۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات
پێشه‌كی
دهسهڵاتو جه‌ماوه‌ر كه دوو چه‌مكی سیاسی دێریننو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی قسه‌كردنی زۆربه‌ی بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سوفان بووه. له‌ئه‌مڕۆشدا نه‌ك هه‌مان گوڕوتینی جارانیان ماوه، به‌ڵكو هه‌وێنی زۆربه‌ی بابه‌ت فكرییهكانیشن، دهسهڵاتو جه‌ماوه‌ر وه‌ك زۆربه‌ی چه‌مكه‌كانی تر، ده‌كرێت توێكاریان تیادابكرێت و له‌گۆشه‌نیگای جیاجیاوه لێیان بڕوانرێت، پێكهاته‌و سروشتی و سایكۆلۆژیایان راڤه بكرێن، چونكه ده‌سه‌ڵات خاوه‌نی ئامراز‌و كه‌ره‌سته‌ی فره‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كه كه‌كار له‌ته‌واوی جومگه‌كانی تری وه‌ك ئابووری و كارگێڕی و په‌روه‌رده‌و هونه‌رو ئه‌ده‌ب و وه‌رزش و زانست ده‌كات. هه‌موو ئه‌مانه ده‌بزوێنێت، یان مجرۆ و كه‌له‌لایان ده‌كات.
له‌م ده‌روازه‌یه‌وه ده‌توانین بڵێین: كه‌ده‌سه‌ڵات جه‌سته‌یه‌كی به‌هێزو تۆكمه‌یه، خاوه‌نی رۆحێكی زیندووه، هه‌رگیز ناتوانین خۆمانی لێببوێرین، یان له‌ده‌ستی هه‌ڵبێین. له‌مه‌ش زیاتر جه‌نتڵمانی ده‌سه‌ڵات له‌وه‌دایه، كاتێك ده‌سه‌ڵات به‌نه‌فره‌ت ده‌كرێت وخۆ لهقولابی رزگار ده‌كرێت، ئه‌وا له‌شوێنێكی تر جه‌سته‌مان له‌تۆڕی دهسهڵاتێكیتر گیرده‌بێت، چونكه ده‌ریای ژیان لیپه لهتۆڕو قولاپی ده‌سه‌ڵات، هیچ بوارێك بۆ هه‌ڵاتن له‌ده‌ستی بۆ مرۆڤ نه‌ماوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی ناتوانین له‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵبێین، به‌ڵام ده‌توانین پێكهاته‌و سایكۆلۆژیاو فۆڕم و ناوهڕهۆكی بخه‌ینه ژێر پرسیاره‌وه، چونكه ده‌سه‌ڵاتیش وه‌كو مرۆڤ كه‌سێتی دابه‌شبووه به‌سه‌ر دوو ئاستی ( هه‌ست و نه‌ست- شعورو لاشعور)دا.
بهمانهیهكی دی سایكۆلۆژیای هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك رووی ئاشكرا‌و شاراوه‌ی هه‌یه، به‌ڵام لایه‌نه شاراوه‌كه‌ی زیاتره وه‌ك لهئاشكراكهی. (فرۆید) هه‌ست و نه‌ستی مرۆڤ ده‌چوێنێت بهچیایهكی سه‌هۆڵینی ناو ده‌ریا. پێیوایه: (هه‌ست) بهشهكهمه بینراوه‌كه‌ی شاخهكهیه، به‌ڵام (نه‌ست) به‌شه زۆره شاراوه‌كه‌ی شاخهكهیه كهلهقوڵایی ده‌ریادا نقووم بووه‌و ئێمه نایبینین و هیچی وای له‌باره‌وه نازانین. هه‌ست ونه‌ستی ده‌سه‌ڵاتیش هه‌مان سیفاتی هه‌یه، ئه‌وه‌ی ئێمه رۆژانه له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌یبینین و ده‌یبستین و هه‌ستی پێده‌كه‌ین لایه‌نیكه‌م و به‌رچاوه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاته، به‌ڵام لایه‌نه زۆره‌كه‌ی بۆ ئێمه شاراوه‌و نادیاره.
ئه‌گه‌ر ئه‌م قسانه‌ی ئێمه بۆ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك راستنهبێت، ئه‌وا بۆ ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتا‌ر راسته، چونكه ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتا‌ر جیاواز له‌هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی تری دیكتاتۆری ده‌یهه‌وێت ته‌واوی كۆمه‌ڵگه بۆخۆی پاوانبكاتو جه‌ماوه‌ر بكات بهمێگهلێكی حه‌شاماتی بێ ناسنامه..
ره‌هه‌نده سایكۆلۆژییه‌كانی ده‌سه‌ڵات
ده‌سه‌ڵات كه چه‌مكێكی سیاسی و فكری و سایكۆلۆژی فره ره‌هه‌نده، كه‌م بیرمه‌ندو فه‌یله‌سووف و زانا هه‌یه (ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت) لهنووسینو تێزه فكرییه‌كانی خۆیاندا قسه‌یان له‌باره‌وه نه‌كردبێت، هه‌یانه زۆر‌و هه‌شیانه كه‌متر بایهخیانپێداوه.
بۆ تێگه‌یشتن له چه‌مكی ده‌سه‌ڵات (كه مه‌به‌ستمان له ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤه له‌سه‌ر زه‌وی، نه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی خوایی) ناچارده‌بین بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، به‌ڵام پێشئه‌وه‌ی ئه‌م دوولایه‌نه شرۆڤه بكه‌ین، باشتر وایه له‌ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه موتاڵای مرۆڤ بكه‌ین، چونكه به‌شێك له بیرمه‌ندان پێیانوایه كه ره‌گی قووڵی ده‌سه‌ڵات وا له‌ناو ناخ و (نه‌ست- لاشعور)ی مرۆڤدایه.
زۆربه‌ی زۆری زانایانی بایۆلۆژی و سایكۆلۆژی پێیانوایه ئه‌گه‌رچی له زۆر رووه‌وه مرۆڤ و ئاژه‌ڵ له‌یه‌ك ده‌چن و خاڵی هاوبه‌ش هه‌یه له‌نێوانیاندا، به‌ڵام له‌زۆر رووی تره‌وه مرۆڤ له‌هه‌ر ئاژه‌ڵێكی تر ته‌واو جیاوازه.
ئاژه‌ڵ كه ته‌نها له رێگه‌ی غهریزهكانییهوه، ره‌فتار ده‌كات و پێداویستی رۆژانه‌ی خۆی دابینده‌كات، به‌ڵام مرۆڤ له‌گه‌ڵ هێزو پاڵنه‌ری غهریزهكاندا، توانای بیكردنهوهیشی هه‌یه، واتا له‌كاتێكدا ئاژه‌ڵ هه‌میشه‌و به‌ناچاری زیندان و كۆیله‌ی غهریزهكانێتی، به‌ڵام مرۆڤ له‌چركه ساتی جیاجیاداو به‌هۆی بیركردنه‌وه‌ی و پاڵنه‌ره سایكۆلۆژییهكانییهوه، خۆی له كۆیلایه‌تی غه‌ریزه‌كان رزگارده‌كات و له‌م زیندانه دێته ده‌ره‌وه‌و گۆڕان دروستده‌كات،لێره‌وه هۆشیاربوونه‌وه ئه‌و میكانیزمه‌یه كه مرۆڤ له‌هه‌ر ئاژه‌ڵێكی تر جیاده‌كاته‌وه‌و مانای جیاوازیی كۆمه‌ڵایه‌تی و دواجاریش سایكۆلۆژی و سیاسی پێده‌به‌خشێت..
كه‌واتا مرۆڤ نه‌ك هه‌ر له دۆخێكی وه‌ستاوو نه‌گۆڕدا نه بووه، وه‌كو ئاژه‌ڵانی تر ته‌نها لاسایی یه‌كتریان نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵكو له‌هه‌وڵی دروستكردنی گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌و به‌ده‌ستهێنانی ناسنامه‌ی جیاشدا بووه.
(ئێمه به‌هه‌ڵه‌دا چووین گه‌ر واتێبگه‌ین كه ده‌سه‌ڵات راسته‌وخۆ به‌سیستمی سیاسییه‌وه به‌نده، نه‌خێر سیستمی سیاسی، یان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ڕه‌گ و ریشهكهیهوه به‌ستراوه‌ته‌وه كه بنجی ئه‌و ره‌گه له نه‌ستی تاك و كۆنه‌ستی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی بۆ دامه‌زراوه، ده‌بینرێته‌وه)( )
(نه‌ست) كه پێكهاته‌یه‌كی سایكۆلۆژی مه‌زن و پته‌وی ناخی مرۆڤه، له‌ژێر كاریگه‌ریی غه‌ریزه‌كان و ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ره‌وه ده‌خولقێت و ده‌بێته به‌شێكی كاریگه‌ر بۆ مانه‌وه‌و خۆسه‌لماندن و دیاریكردنی باشترین چاره‌نووسی خۆی.
(نه‌ست به‌مانا گشتییه‌كه‌ی ئه‌و پاڵنه‌ره‌یه كه مرۆڤ، به‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بێت، له ره‌فتاری ئاسایی‌دا هه‌ستی پێناكات، به‌ڵام به‌مانا تایبه‌تییه‌كه‌ی (كه قوتابخانه‌ی ده‌روونشیكاری فرۆید چه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه) دووجۆره:
یه‌كه‌م: پاڵنه‌ری نه‌ستی كاتی، ئه‌و پاڵنه‌ره‌یه كه تاكه‌كه‌س له‌ئه‌نجامدانی ره‌فتارێكدا هه‌ستی پێناكات، به‌ڵام له‌دوای تێڕامان له‌وشته ده‌توانێت بیپشكنێت و سروشتی دیاریبكات.
دووه‌م: پاڵنه‌ری نه‌ستی هه‌میشه‌یی، ئه‌و پاڵنه‌ره دێرینه چه‌پێنراوه‌یه كه مرۆڤ چه‌ند هه‌وڵبدات و ئیراده بنوێنێت بۆ درككردنی ناتوانێت په‌ی پێببات، مه‌گه‌ر ته‌نها به‌چه‌ند رێگه‌یه‌كی تایبه‌تی وه‌كو رێگای ده‌روونشیكاری و خه‌واندنی موگناتیسی لێی تێبگه‌ین)( ).
به‌م پێیه بێت نه‌ستی به‌ده‌وام، ئه‌گه‌ر چی هێزێكی نادیاره، به‌ڵام ئه‌و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ره‌فتارێكی مرۆڤه، مرۆڤیش به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت، یان هه‌ندێكجار دانیپێدابنێت، واده‌زانێت به‌ئیراده‌ی خۆی ره‌فتار ده‌كات و له‌ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی هیچ هێزێكی نادیاری نه‌ستیدا نییه، هه‌ربۆیه‌ش كاتێك له‌به‌رئه‌نجامی ره‌فتارو بیركردنه‌وه‌یدا، ده‌سه‌ڵات په‌یدا ده‌كات، به‌وپه‌ڕی تواناوه داكۆكی له هێزو ده‌سه‌ڵاته تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی ده‌كات و خۆی به‌خاوه‌نی هه‌ق ده‌زانێت. ئیدی لێره‌وه چه‌مكی ده‌سه‌ڵات له‌لای مرۆڤ شه‌رعییه‌ت په‌یداده‌كات.
له‌ئاقار ره‌وشتێكی ئاوهادا، ئه‌گه‌رچی مرۆڤ ئاراسته‌كراوی پاڵنه‌ری نه‌ستییه، به‌ڵام وه‌ك ئاراستهكارێكی كاریگه‌ر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژینگه‌و ده‌وروبه‌ری خۆیدا ده‌كات… مه‌به‌ستمان له‌ئاراسته‌كردن، پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاته به‌مانا سایكۆلۆژیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كه‌ی.
له‌په‌راوێزی ئه‌م بابه‌ته‌دا، ره‌نگه هه‌ڵه نه‌بین گه‌ر بڵێین: مهعسومیهت حاڵه‌تێكه مرۆڤ خۆی دروستیده‌كات، چونكه مهعسومیهتیش یه‌كێكی تره له‌و توخمانه‌ی پایه‌ی ده‌سه‌ڵات راده‌گرێت و پته‌وی ده‌كات، به‌ڵام ده‌بێت بزانین كه هه‌ستی خۆ بهمهعسومزانی له‌پڕێكدا دروستنابێت و به‌ئاسانیش شوێنه‌واری كاڵ نابێته‌وه، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی مێژووییه‌و له‌ناو زه‌مه‌ن و رووداوه‌كاندا سه‌رهه‌ڵده‌دات..
مرۆڤ كاتێك بڕو شێوه‌یه‌ك له‌ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستده‌هێنێت، ئیدی بۆ به‌دیهێنانی خواسته تایبه‌تییه‌كانی زۆر لێبڕاوانه هێزو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌خاته گه‌ڕ، به‌و پێیه‌ی كه خواستی مرۆڤه‌كان له‌یه‌ك ناچن، به‌ریه‌ككه‌وتن له‌نێوان به‌رژه‌وه‌ندیی و خواسته تایبه‌تییه‌كانی مرۆڤدا دروستده‌بێت.
له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ی كه (ده‌سه‌ڵات شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی هێزی مرۆڤ بۆ رێكخستن و ئاراسته‌كردنی كار‌و چالاكییه‌كان له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه گشتیی و تایبه‌تییه‌كاندا)( ). لێره‌وه توندوتیژی جه‌سته‌یی و ده‌روونی و ئازاردانی یه‌كتری وه‌ك دیفاكتۆیه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی و نه‌گونجانی و ململانێ و دواجاریش توندوتیژی له‌نێوان مرۆڤدا ره‌گێكی سایكۆلۆژی هه‌یه، بۆ (جیاوازیی تاكایه‌تی- الفروق الفردیه) ده‌گه‌ڕێته‌وه.
مرۆڤ ئه‌گه‌رچی له رواڵه‌تدا زۆر له‌یه‌ك ده‌چن، به‌ڵام له رووی عه‌قڵی و ده‌روونی و ره‌فتارو بیركردنه‌وه‌و دیاریكردنی ئامانج و ئاراسته‌كردن و میزاج و خوێندنه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ردا، ته‌واو له‌یه‌ك جیاوازن، به‌شێوه‌یه‌ك (زه‌حمه‌ته بتوانرێت مرۆڤێك هه‌بێت كتومت له‌یه‌كێكی تر بچێت… هۆكاری ئه‌م جیاوازییه‌ش له‌لایه‌ك بۆ ماوه‌ییه‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ژینگه‌ییه)( ).
توندوتیژی به‌مانا سایكۆلۆژییه‌كه‌ی (بریتییه له‌و ره‌فتاره‌ی كه پڕاوپڕه له دڵڕه‌قی و زۆركاری و زۆرلێكردن، كه له‌بناغه‌دا به‌رهه‌می پاڵنه‌ره شهڕهنگێزانهكانی مرۆڤه، له شێوه‌ی لێدان و كوشتنی خه‌ڵك و وێرانكردنی ماڵ و خانووبه‌ره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت)( ).
له‌حاڵێكی ئاوهادا زۆر زه‌حمه‌ته به‌مرۆڤی ده‌سه‌ڵاتدار بسه‌لمێنرێت كه ره‌فتاره‌كانی ناڕه‌واو نابه‌جێیه، هه‌تا ئه‌وكاته‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی تره‌وه ئازاری پێده‌گات.
ئازار پێگه‌یشتن له‌مرۆڤدا مه‌سه‌له‌یه‌كی سایكۆلۆژی زۆر گرنگ و كاریگه‌ره كه ده‌بێته مایه‌ی گۆڕان له‌بیركردنه‌وه‌و ره‌فتار نواندندا، چونكه دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی له‌خۆی به‌هێزتره‌وه ئازاری پێده‌گات، وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك یه‌كێك له‌م رێگایانه هه‌ڵده‌بژێرێت (یان ئه‌وكه‌سه ئازار دراوه ته‌سلیم ده‌بێت و ده‌بێته كه‌سێكی دهستهمۆو ملكه‌چ، یان ده‌بێته یاخیبوویه‌كی شه‌ڕه‌نگێزی بێ مه‌به‌ست، یان ده‌بێته ئۆپۆزسیۆنێكی مه‌به‌ستدارو تێكۆشه‌ر)( ).
هه‌ركامێكیان بێت، مرۆڤ دهستهمۆبێت، یان یاخی ده‌توانین بڵێین: ئه‌و دۆخه سایكۆلۆژییه سه‌ره‌نجام دوو جۆر له مرۆڤ دروست ده‌كات، یه‌كێكیان ده‌سه‌ڵاتدارو ئه‌ویدی بێ ده‌سه‌ڵات، سه‌باره‌ت به ده‌سته‌ڵاتدار ئه‌وه له نه‌ستیدا رهگدادهكوتێت ، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه هه‌یه‌تی شه‌رعییه‌ت و ره‌وایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌كاته ناسنامه‌ی خۆی، ئاماده‌شه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رگری لێبكات و له‌پێناویشیدا خوێن بڕژێت.
سه‌باره‌ت به بێدهسهڵاتهكهش، به‌هه‌مانشێوه، بێده‌سه‌ڵاتی له نه‌ستیدا ده‌خولقێت و ده‌بێته ناسنامه‌ی.
كه‌سێتی ده‌سه‌ڵاتدار به‌رده‌وام ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی خۆی كه‌ڵه‌كه ده‌كات و تیایدا شاره‌زایی په‌یداده‌كات، به‌شێوه‌ی جیاجیا ره‌نگڕێژی ده‌كات، داموده‌زگای تایبه‌ت بۆ پاراستنی دروستده‌كات.
بێدهسهڵاتهكهش به‌هه‌مان شێوه ئه‌زموونی بێده‌سه‌ڵاتی خۆی كه‌ڵه‌كه ده‌كات، له‌هه‌مانكاتیشدا به‌رده‌وام پاكانه‌و بیانوو بۆ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه ده‌هێنێته‌وه تا بتوانێ خۆی قایل بكات و هاواری ویژدانی كپ بكاته‌وه‌و دڵنه‌وایی كه‌رامه‌تی بریندار‌و رووشاوی بكات..
ئیدی به‌مشێوه‌یه نه‌وه به‌نه‌وه ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌وه‌ی لهیاددهچێتهوه كه ئه‌و، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌هۆی بارودۆخێكه‌وه بۆ ره‌خساوه‌و بێدهسهڵاتهكهش ئه‌وه‌ی لهیاددهچێت كه ئه‌ویش گه‌ر بارودۆخێكی تایبه‌ت نه‌بوایه، نه‌ده‌بووه بێده‌سه‌ڵات.
لێره‌وه هه‌ستی خۆبه‌زلزانی له‌لای ده‌سه‌ڵاتدارو هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانی له‌لای بێده‌سه‌ڵات وه‌كو دوو گرێی سایكۆلۆژی دروستده‌بێت، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان وه‌ك دوو دۆخی جیاواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.
(هه‌ستی خۆ به‌كه‌مزانی وا له مرۆڤ ده‌كات كه به‌شێوه‌ی جیاجیا هه‌وڵی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی شته له‌ده‌ستچووه‌كانی رابردووی بدات، بۆیه كاتێك گه‌ل هه‌ست ده‌كه‌ن بێبه‌شن له‌پێداویستییه‌كانی ژیانیان، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌مانه، غه‌ریزه‌ی دڕندایه‌تی و شه‌ڕه‌نگێزی گه‌شه ده‌كه‌ن و په‌ره ده‌سێنێت)( ).
ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌نده‌دا شایانی ئاماژه بۆكردنه ئه‌وه‌یه كه هه‌تا ئه‌وكاته‌ی هۆشیاریی جێگای بێئاگایی ده‌گرێته‌وه، به‌هۆی ره‌هه‌ندی سایكۆلۆژیای نه‌ستی ، هه‌ریه‌ك لهدهسهڵاتدارو بێ ده‌سه‌ڵات ئه‌م ره‌وشه درێژه‌ی ده‌بێت و هه‌ریه‌ك له‌لای خۆیه‌وه له‌هه‌وڵی پاراستنی كولتووری ئه‌و دۆخه‌دا ده‌بێت كه تیایدایه.
(سروشتی مرۆڤ وایه كه ده‌یه‌وێت و حه‌زده‌كات بڕوا به‌قسه‌ی كه‌سانێك بكات كه خاوه‌نی پله‌و پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رزن ، وایداده‌نێت ئه‌م جۆره كه‌سانه رای گشتیی خه‌ڵكیان له‌پشته‌وه‌یه، یان ئه‌وكه‌سانه خاوه‌نی ناو‌و ناوبانگ و شۆره‌تی گه‌وره‌و جوانترین ره‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تین)( ).
روونتر بڵێین، هه‌ریه‌ك له ده‌سه‌ڵاتدارو بێده‌سه‌ڵات ترسیان له‌گۆڕان هه‌یه، چونكه گۆڕان بۆ تێكدانی ئه‌و دۆخه‌ی كه له‌ئارادایه، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی پێكهاته سایكۆلۆژییهكانیانه كه هیچیان به‌ئاسانی ناتوانن دهستدبهرداری ببن، ئه‌مانه به‌دڵ و به‌گیان لهپارێزی كه‌لتووری باودا ده‌بن.. چونكه له‌مانه‌وه‌ی كه‌لتووردا مانه‌وه‌ی خۆیان مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن.
ده‌سه‌ڵاتدارو بێده‌سه‌ڵات وه‌كو یه‌ك هه‌ست به ئاسووده‌یی ده‌كه‌ن.. چونكه هه‌ریه‌ك له‌وانه ئه‌و دۆخه باوه‌ی كه هه‌یه وه‌ك حه‌قیقه‌تی ره‌ها لێی تێگه‌یشتووه‌و لێی ده‌ڕوانێت ، بۆیه هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی حه‌قیقی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌یان به‌رگری لێده‌كه‌ن.
ئه‌م ره‌وشه درێژه‌ی ده‌بێت هه‌تا ئه‌وكاته‌ی كه هۆشیاریی مرۆڤ پێده‌گات و د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن كه به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی نییه‌و مرۆڤ خۆی دروستیكردووه.
(په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاتدارو بێده‌سه‌ڵات هۆشیاربوونهوهیهك ده‌خوازێت كه بتوانێت ناشه‌رعییه‌تی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ئاشكرا بكات و چه‌شنه مرۆڤێكیش ده‌خوازێت تا بتوانێت له ئاستی هۆشیارییهدابێت تا له‌و دۆخه‌ی ده‌سه‌ڵات و بێده‌سه‌ڵاتییه تێبگات)( ).
كاتێك ئه‌م په‌یوه‌ندیه له‌ئاستی تاكه‌وه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ ئاستی كۆمه‌ڵ په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاتدارو بێده‌سه‌ڵات گۆڕانێكی نه‌وعی به‌سه‌ردا دێت و له‌دۆخی وه‌ستاوی خۆیدا نامێنێته‌وه.
كه‌وابێت له‌بناغه‌دا كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدار له‌سروشت و پێكهاته‌دا ته‌واو جیاوازه له‌كه‌سی بێده‌سه‌ڵات.
له‌ڕووی مێژووییه‌وه (ئه‌فلاتوون و سوكرات به‌باوكی رۆحی سه‌ركرده‌ی ئۆتۆكراتی داده‌نرێن، ئه‌فلاتون له‌كۆماره خهیاڵییهكهیدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه پێویسته ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستی گروپێكی بچووكی دهستهبژێردابێت… سوكراتیش هه‌مان بۆچوونی ئه‌فلاتونی هه‌یه‌و پێیوایه كه كه‌سی سه‌ركرده، نه‌وه‌ی سه‌ركرده ده‌خاته‌وه…)( ).
(مۆسكا) یه‌كێكی تره له‌و بیرمه‌ندانه‌ی پێیوایه (له هه‌موو سیستمێكی سیاسی‌دا پاشایه‌تی، ئۆلیگاركی، دیموكراسی) دوو چین هه‌یه، ده‌سته‌بژێر، یان چینی فه‌رمانڕه‌وان ئه‌م چینه ژماره‌یان كه‌مه‌و ده‌سه‌ڵاتیان قۆرغكردووهو هه‌موو وه‌زیفه سیاسییه‌كان راده‌په‌ڕێنن، له‌گه‌ڵ چنینێكی فهرمانڕهواییكراو كه ژماره‌یان زۆره‌و هۆیه‌كانی ژیانی ماددی بۆچینی یه‌كه‌م دابین ده‌كه‌ن)( ) .
(باریتۆ) كه بیرمه‌ندێكی تری (تیۆری ده‌سته‌بژێر)ه به‌پێچه‌وانه‌ی (مۆسكا)وه ده‌ڵێت: (ده‌سته‌بژێر به‌رهه‌می لێهاتوویی رێكخراوییهكان نییه، به‌ڵكو به‌رهه‌می كۆمه‌ڵێك سیفه‌تی مرۆیی، یان فاكته‌ری ده‌روونی دیاریكراوه)( ).
(ره‌فتاری تاك به‌ته‌نها جیاوازیی هه‌یه وه‌ك له‌وه‌ی له‌ناو گروپێكدا بێت، ئه‌وكاته‌ی كه هۆشیاریی تاكه‌كه‌ی له‌ناو گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌ت، یان سیاسی‌دا ده‌توێته‌وه، ئیدی ئه‌وكه‌سه رۆڵی ئامێرێك ده‌گێڕێت، نه‌ك تاكێكی سه‌ربه‌خۆ. لێره‌شه‌وه ره‌فتاری شه‌ڕه‌نگێزی زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت چه‌نده‌ش كۆمه‌ڵ و ده‌سته‌و گروپ گه‌وره‌تر بێت، هۆشیاریی تاك وه‌ك كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ زیاتر ون ده‌بێت و شه‌ڕه‌نگێزی كۆمهڵێش فراوانتر ده‌بێت.. هه‌ر له‌م رێگه‌یه‌وه‌یه كه زانایانی سایكۆلۆژی و سۆسیۆلۆژیا باسیان له‌شه‌ڕه‌نگێزی و توندوتیژی جه‌ماوه‌ری كردووه، كه له‌شێوه‌ی دزی و تاڵانكردن و دواجاریش كوشتندا خۆی ده‌بینێته‌وه)( ).
جگه له‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵات سه‌رچاوه‌یه‌كی نه‌ستی سایكۆلۆژی هه‌یه، ده‌بێت ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌ین كه ده‌سه‌ڵات وه‌ك ره‌وتێكی مێژوویی په‌یوه‌ندیی هه‌بووه، به (ترس له‌نادیار)یشه‌وه لێكۆڵینه‌وه ئه‌نترۆپۆلۆژیی و سۆسۆلۆژییهكان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه مرۆڤه دێرینه‌كان (ئه‌وانه‌ی له ئه‌شكه‌وته‌كاندا ژیاون) له هه‌موو ئه‌و شتانه ترساون و دواجاریش پهرستوویانهو پیرۆزبووه له‌لایان كه توانای لێكدانه‌وه‌یان بۆیان نه‌بووه لێره‌وه له‌وه تێده‌گه‌ین كه له‌به‌ر ئه‌نجامی نائاماده‌گی هۆشیاریدا، ترس له‌شته نه‌زانراوه‌كان ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر مرۆڤدا سه‌پاندووه، هه‌تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه مرۆڤ له‌به‌رامبه‌ریدا چۆكی داداوه، به‌ڵام ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش هه‌ر ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی نه‌بووه‌و نییه، چاره‌نووس و ئایندهی ده‌سه‌ڵاتی ترس لهنادیاریش هه‌ر په‌یوه‌ندیی به ئاماده‌بوونی هۆشیاریی و مه‌عریفه‌ی مرۆڤه‌وه هه‌یه.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ به‌هۆی زۆر فاكته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و سایكۆلۆژییه‌وه، له‌دۆخی ناهۆشییارییهوه به‌ره‌و دۆخی هۆشیاریی هه‌نگاو ده‌نێت وه‌كو چۆن هه‌نگاوی ناوه، له‌گه‌ڵ هه‌ر ئاستێك له‌ئاسته‌كانی هۆشیارییدا كه ده‌یگاتێ، لهكۆتی ئه‌و به‌نده‌ش قوتار ده‌بێت كه پێشتر هه‌یبووه.
واتا (مێژووی مرۆڤ له مێژووی منداڵێك ده‌چێت كه له‌دۆخی نه‌سته‌وه به‌ره‌و دۆخی هه‌ست ده‌چێت، له‌جه‌سته ناسییه‌وه به‌ره‌و خودناسین رێده‌كات، لهخودناسییهوه به‌ره‌و ئهوناسی سه‌رده‌كه‌وێت)( ).
روونتر بڵێین: هه‌تا رووبه‌ری هه‌ستی مرۆڤ وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك زۆربهڕۆژ خاوێنتر ده‌بێته‌وه، تا مرۆڤ بتوانێت بهخاوێنتر حه‌قیقه‌تی خۆی كه نه‌ستییه‌تی تیا ببینێته‌وه.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، مرۆڤ بۆ ره‌وینه‌وه‌ی ترس له‌نادیار، پێویستی به ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌و ناتوانێت له‌به‌ری هه‌ڵبێت، بۆیه بێ دوودڵی ده‌توانین بڵێین: ده‌سه‌ڵات كه هه‌ندێكجار مرۆڤ لێی یاخی ده‌بێت و ده‌چێت به‌گژیدا، له‌هه‌مان كاتدا ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ببێت و بۆ هه‌میشه له‌ده‌ستی هه‌ڵبێت، چونكه له‌شوێنی تر‌و له‌كاتی تردا حه‌وجێی پێیه‌تی و په‌كی له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت.
(هۆبز) له هه‌ر كه‌سێك زیاتر چه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی ده‌سه‌ڵات كردووه‌ته‌وه، پێیوایه كه (مرۆڤ بهخورسك خۆ په‌رسته، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی نانه‌وه‌ی شه‌ڕی هه‌مووان له‌دژی هه‌مووان، ئه‌وه‌ش واده‌خوازێت رێكخستنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت تاوه‌كو ئه‌و خولیا سروشتییه كۆنتڕۆڵ بكات)( ) كه مه‌به‌ست لێی ده‌سه‌ڵاته.
—————————
سه‌رچاوه‌كان:
(1) ئازاد قه‌زاز (مرۆڤ و ده‌سه‌ڵات)، 2008، ل34
(2) احمد عزت راجع، اصول علم النفس، گ 9، ص 109-110
(3) د. احسان محمد الحسن، علم الاجتماع السیاسی، بغداد، گ1، 1983 ، ص123.
(4) د. جنان سعید الرحو، اسیاسیان فی علم النفس، الدار العربیه للعلوم، بیروت، لبنان، گ 1، 2005، ص 215-216
(5) اسما‌و جمیل، العنف الاجتماعی، دار الشۆون الپقافه العامه، بغداد، گ، 2007، ص26.
(6) ئازاد قه‌زار، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 40.
(7) د. عبدالرحمن محمد عیسوی، علم النفس الحربی، دار الراتب الجامعیه، بیروت، لبنان. ص 161.
(8 ) د. عبدالرحمن محمد عیسوی، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ص 51.
(9) د. فتحی الزیات، الاسس المعرفیه، دار النشر للجامعات، مصر، گ1، 2004، ص 101.
(10) د. محمود عبدالله خوالده، علم النفس الارهاب، دار الشروق، الاردن، عمان، 2004، ص 175.
(11) د. كمال منوفی، نڤریات النڤم السیاسیه، وكاله المگبوعات الكویت، گ، 1985/ ص48.
(12) هه‌مان سه‌رچاوه، ص52.
(13)د. عبدالرحمن محمد عیسوی، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ص 160.
(14) ئازاد قه‌زار، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل31.
(15)ئیسان كریت، تیۆری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌پار سۆزه‌وه تا هابرماس، وه‌رگێڕانی (رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل)، له‌بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی وه‌رگێڕان، سلێمانی، چاپی یه‌كه‌م، 2008، ل 75.