كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی نێو شیعره‌كانی (كۆ شیعری 2)ی دڵشاد عه‌بدوڵڵا
هۆمیرۆس له _ ئه‌لیازه_ دا، (1200 ساڵ پ.ز، یا له هه‌ندێ سه‌رچاوه‌یتر 900ساڵ پ.ز) گه‌مارۆدانی شاری ته‌رواده به شیعر ده‌گێڕێته‌وه، له‌و داستانه شیعرییه‌دا، شاعیر باس له 51 رۆژی دوایی ساڵی ده‌یه‌می گه‌مارۆدانی ته‌رواده له لایه‌ن گریكه‌وه ده‌كا.
هۆمیرۆس (هه‌ندێجار گومان له بوونی كراوه) بۆ درووستكردنی ئه‌و داستانه شیعرییه و گێڕانه‌وه شیعرییه‌كه‌ی چه‌ند كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كیی به‌كارهێناوه كه ئه‌وانیش بریتین له هێلینی ژنی مینلاوس، پاریسی كوڕی بریام و ئه‌خیل و هیكتۆر و ئه‌جامۆن، له پاڵ ئه‌وانه‌یش ئۆدیسیۆس و ئه‌فرۆدیت و زیۆس و هیراو ..تاد به‌كاربردووه.
كه‌وابێ ته‌كنیكی ستایلی نووسینی شیعر لای هۆمیرۆس، به‌شێكی ته‌وزیفكردنی سیمبۆله میتۆلۆژییه‌كان بووه له‌و داستانه شیعرییه‌دا، به دیوێكیدی بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ و ئیرۆتیكی مرۆڤه‌كان به شیعر بگێڕێته‌وه پێویستی به كاره‌كته‌رو كه‌سایه‌تیتری میتۆلۆژی هه‌بووه كه خوداوه‌نده‌كانن..
ئه‌و ستایله، كه له‌شیعردا په‌ناببردرێته به‌ر كه‌سایه‌تی مێژوویی یا میتۆلۆژی له ئه‌لیازه به ته‌واوی دیاره و به كاریگه‌ریی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش دواتر هه‌مان ستایل لای ڤێرجیل به لاتینی و دانتێ به ئیتاڵی و جون میلتۆز به ئینگلیزی به چیرۆكیتر دووباره ده‌بێته‌وه.
ئیدی له‌وێوه تا به ئێستا ده‌گا، ئه‌و ستایله ئاماده‌ییێكی به‌رده‌وام و ته‌واوی لای هه‌موو شاعیرانی دنیا له هه‌موو قۆناغه جیاكاندا هه‌بووه و ده‌شمێنێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له‌و رووه‌دا شێوازی شاعیران له یه‌كتر جیاده‌كاته‌وه، چۆنییه‌تی و چه‌ندییه‌تی په‌نابردنه به‌ر كه‌سایه‌تیه مێژوویی یا میتۆلۆژیاكانه..
هه‌ندێ ناو هه‌ن له‌به‌ر چه‌ندیه‌تی به‌كارهێنانی سیمبۆله میتۆلۆژی و مێژوویه‌كان له‌و بواره‌دا ناوبانگیان ده‌ركردووه له‌وانه: ئیلیۆت، شیللی، كیتس و.. تاد
ئه‌و هێڵه مێژووییه‌ی كه له هۆمیرۆسه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه هه‌ر له بازنه‌ی ئه‌وروپا ناخولێته‌وه‌و كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر شیعری خۆرهه‌ڵاتیش هه‌بووه، هه‌ندێجار كاریگه‌ربوون به‌و ستایله سنووری تێكستی تێپه‌ڕاندوه‌و كاریگه‌ری به‌سه‌ر ژیانی شاعیریشدا هه‌بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه لای شاعیری ناوداری عه‌ره‌ب، عه‌لی ئه‌حمه‌د سه‌عید رووده‌دا و نازناوی ده‌كاته (ئه‌دۆنیس).
له عێراقدا به گوێره‌ی چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك به‌در شاكر سه‌یاب به یه‌كه‌م كه‌سه‌كان داده‌نرێ له‌و بواره، كه رموزه ئه‌فسانه‌ییه‌كانی له شیعره‌كانیدا به‌كارهێناوه، له‌وێشه‌وه له دوای په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، ورده ورده ئه‌و ستایله له شیعری كوردیش به هۆی كاریگه‌ریی شیعری ئه‌وروپی و شیعری زمانانی دراوسێ زیاتر ده‌بێ و تا به ئه‌مڕۆ ده‌گا.
چه‌ندییه‌تی و چۆنییه‌تی ئه‌و كاریگه‌رییه له شاعیرێكه‌وه بۆ شاعیرێك ده‌گۆڕێ، هه‌ندێجار كاریگه‌رییه‌كه لای شاعیرێك ته‌نیا گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی هه‌ندێ ناوی وه‌ك (ڤینۆس و ئه‌فرۆدێت و زیۆس و یا كه‌سایه‌تییه مێژووییه‌كان دانتێ و بۆدلێر و ئه‌لێكسانده‌ری گه‌وره‌و و نالی و ناپلیۆن و هیتله‌ر و مه‌م و زین و ..تاد) به‌كاربێنێ، لای هه‌ندێكیتر گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی بكرێته ناونیشانی دیوان وه‌ك: (گۆڕستانی ئه‌پیكۆرۆس)ی هاشم سه‌ڕاج و (ئۆدیسیۆس…. نێره یان مێیه)ی عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف و) سیمرخی دڵشاد عه‌بدوڵڵا)و..تاد
به شێوه‌یه‌كی گشتی ستایله‌كانی به‌كارهێنانی سیمبۆله میتۆلۆژی و كه‌سایه‌تییه مێژووییه‌كان له‌و چه‌ند خاڵه چڕده‌بنه‌وه:
1-به‌كارهێنانی سیمبۆله ئه‌فسانییه‌كان، كه له دابه‌زاندنی خوداوه‌نده‌كان و گیانله‌به‌ره میتۆژییه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، به دیوێكیدی گیانلبه‌ره ئه‌فسانه‌ییه‌كان و خوداوه‌نده‌كان ده‌بنه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی و هه‌ندێجاریش په‌راوێزی، بۆ درووستكردنی داستان یا قه‌سیده‌یه‌كی شیعری، ئه‌وان هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌وه ناوه‌ستن كه به ته‌نیا سیمبۆلێكی تێپه‌ڕبن بۆ به‌خشینی چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك، به‌ڵكو ده‌بنه به‌ژداربووی حه‌قیقی له درووستكردنی داستان و قه‌سیده‌ی شیعری.
2-به‌كارهێنانی سیمبۆله میتۆلۆرژییه‌كان به شێوه‌ی موفره‌د و وه‌ك ته‌نیا ئاماژه‌یه‌ك له رسته شیعرییه‌كان، ئه‌و حاڵه‌ته له شیعری زۆربه‌ی شاعیرانی دنیا ده‌بینرێ و ئیلۆت نمونه‌ی دیاری ئه‌و ستایله‌یه.
3-به‌كارهێنان و هانا بردن بۆ كه‌سایه‌تییه مێژوویه‌كان به شێوه‌یه‌ك كه (هه‌ندێجار) شیعرنووسین ده‌گه‌یه‌نێته ئاستی به پرۆژه‌كردنی شیعر.. بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆكی شیعره‌كه دابڕێژی پێویستیت به زانینی بیۆگرافیاو ناسینی كاره‌كانی ئه‌و كه‌سایه‌تییه ده‌بێ، نمونه‌ی ئه‌و جۆره ئیشه (كه مه‌به‌ستی ئه‌و نووسینه‌ی منه) له شیعری كوردیدا لای دڵشاد عه‌بدوڵڵا له هه‌موو شاعیرانی كورد (به گوێره‌ی زانیاری من) زیاتره.
4-خاسیه‌تی ئه‌و ستایله ئه‌وه‌یه كه تێپه‌ڕ ناوی یا سیفه‌تێكی دیاری كه‌سایه‌تیێكی مێژوویی ده‌خه‌یته نێو رسته‌ی شیعرییه‌وه.
5-ره‌نگه ئه‌گه‌ر گه‌ڕانی وردتر بكه‌ین جۆرێك ستایلیتر بدۆزینه‌وه كه سیمبۆلێكی میتۆلۆژی بكه‌یته كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌ق و له‌چوارچێوه‌ی تێكسته‌كه‌شدا ئاماژه به كه‌سایه‌تی مێژوویی بكرێ یا به پێچه‌وانه‌وه..
ئه‌وه‌ی كه مه‌به‌ستی ئه‌و نووسینه‌ی منه هه‌ڵوه‌سته‌كردنه له‌سه‌ر خاڵی سێیه‌م له (كۆشیعر2)ی دڵشاد عه‌بدڵڵا، بۆیه‌ش شیعره‌كانی دڵشاد عه‌بدوڵڵا.. چونكه وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد هه‌م له رووی چه‌ندیه‌تی كاركردن و هه‌میش له رووی به دیقه‌ت كاركردن له‌و بواره‌دا له پێش هه‌ر هه‌موو شاعیرانی كورده (بێگومان هه‌مدیس دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، له چوارچێوه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه من سه‌باره‌ت به شیعری كوردییه هه‌مه).
ئه‌گه‌ر گه‌ڕانێكی ورد به ناو ته‌واو یا زۆربه‌ی دیوانه‌كانی (دڵشاد عه‌بدوڵڵا)دا بكه‌ین، ده‌بینین ئه‌و چنینه (ته‌وزیفكردنی كه‌سایه‌تیی مێژوویی) پانتایێكی به‌رچاوی له كۆی شیعره‌كانی بۆخۆی قۆرخكردووه..
ئێستا هه‌وڵده‌ده‌م له رێگای هێنانه‌وه‌ی نمونه زانیاری ئه‌وه به ده‌ستبێنین كه كێن و چین ئه‌و كه‌سایه‌تییه مێژووییانه‌ی له شیعره‌كانیدا ته‌وزیفی كردوون و هه‌روه‌ها هه‌وڵی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌م كه له (كۆشیعری2)، دوای ده‌رهێنانی هه‌موو كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كیه‌كان به شێویه‌كی گشتی چه‌ند ئه‌نجامێك بده‌م، چونكه قسه‌كردن له‌سه‌ر فه‌زای هه‌موو تێكسته‌كان كارێكی زه‌حمه‌ته‌و هی خوێندنه‌وه‌یه‌كی وه‌كو ئه‌وه‌ی من نییه كه ئێستا ده‌یكه‌م، له كۆی ئه‌و شیعرانه‌ی كه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیان كه‌سایه‌تی مێژووین، من ته‌نیا هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر شیعری (گۆڕستانی گه‌وره) ده‌كه‌م و ئه‌وانیدیش ته‌نیا ناونیشانی شیعره‌كه و ناوی كه‌سایه‌تییه سه‌ره‌كییه‌كان به ریزبه‌ندی شیعره‌كانی ناو (كۆشیعری2) ده‌نووسم.
شیعری (گۆڕستانی گه‌وره)وه‌ك نمونه:
(دڵدار)ی شاعیر كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و شیعره‌یه، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ست به نووسینه‌وه‌ی دایرێكتی بیۆگرافیای دڵدار ناكرێ له‌و شیعره، به‌پێچه‌وانه‌وه شاعیر هه‌وڵیداوه دیدو دنیابینی خۆی له‌رێگای دنیای شاعیرێكه‌وه ده‌رببڕێ.. ناونیشانی شیعره‌كه (گۆڕستانی گه‌وره)یه، ئه‌و گۆڕستانه یه‌كێكه له گۆڕستانه‌كانی شاری هه‌ولێر و گۆڕی (دڵدار)ی شاعیریش به ته‌نیش ئه‌و گۆڕستانه‌وه بووه.
وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد له ده‌ستپێكی شیعره‌كه‌دا هیچ جۆره دایرێكتییه‌ك له باسكردنی (داڵدار)دا بوونی نییه:
به‌و نیوه‌شه‌وه كه‌سیان نه‌نووستون
چرپه چرپیانه مردووه‌كان:
چ بایه‌ك هه‌ڵی كردووه
شاردوویه‌تییه‌وه له خۆیدا؟
چ هه‌ورێك داباریوه
كردوویه‌تی به بارانی..تاد
وه‌ك دیاره فه‌زای چوونه ژووره‌وه‌ی شیعره‌كه زیاتر فه‌زای گۆڕستانه، ئه‌و چوونه ژووره‌وه‌یه زه‌مینه‌سازییه‌كه بۆ هێنانی قۆناغێكیتر كه ئه‌ویش بریتییه له ته‌رحكردنی جیهانبینیێكی تایبه‌تی شاعیر سه‌باره‌ت به هه‌ردوو دنیای مردوو و زیندووان:
زیندوو چلۆن رێگه ده‌دا مردوو
له‌سه‌ر جێگه‌ی ئه‌ودا بنووێ؟
دۆشه‌كی لۆكه و
بالیف و لێفی
بۆنی ئه‌و بگرێ؟
به‌وشێویه به‌رده‌وام ده‌بێ تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی كه زه‌مینه‌كه ته‌واو سازبكا بۆ كه‌شفكردنی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی شیعره‌كه:
بیبینی نایناسیه‌وه
ته‌واو پیربووه
ئاوازی كه‌وتووه كێشی لاربووه
یا كه ده‌ڵێ:
هه‌ر ئه‌مشه‌و میری شاعیران لێره‌یه
لێره‌وه كاره‌كته‌ره‌كه كه‌شف ده‌كات و پێمان ده‌ڵێ كه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی شیعره‌كه دڵداری شاعیره:
ماڵێكی بۆ بنه‌خشێنن له دار‌و په‌ردووی
ماڵی تووتنه‌وان
په‌یكه‌رێكی بۆ بتاشن له ئه‌ی ره‌قیب
ئه‌گه‌ر شیعری گۆڕستانی گه‌وره وه‌ك نمونه‌یه‌ك وه‌رگرین بۆ باسكردنی دنیا‌و ته‌كنیكی زۆربه‌ی شیعره‌كانیتری دڵشاد عه‌بدوڵڵا له ته‌وزیفكردنی كه‌سایه‌تی مێژوویی‌دا، ئه‌وه ده‌توانم بڵێم: ئه‌و نه‌هاتوه به ته‌نیا بیۆگرافایا یا لایه‌نێكی نێو بیۆگرافیای كه‌سایه‌تیه‌كه‌ته ته‌وزیف بكا، به‌ڵكو زۆربه‌ی جار داڕشتنی شاعیرانه‌و ئه‌تمۆسفێری پڕۆسه‌ی نووسین رێڕه‌وی تێمه‌ی سه‌ره‌كی شیعره‌كه‌ی به ئاراسته‌یه‌كیتر بردووه.. وه‌ك ده‌بینین سه‌ره‌تا گۆڕستانی گه‌وره هه‌بوو، دواتر ته‌ئه‌مول و وردبوونه‌وه‌و نیشاندانی دونیای زیندوو و مردووان له روانگه‌ی شاعیره‌وه، ئینجا دڵدار..
كاك دڵشاد سه‌باره‌ت به چۆنییه‌تی درووستبوونی بیرۆكه و فه‌زای ته‌كنیكی شیعری گۆڕستانی گه‌وره نووسیویه‌تی: (شیعر به گه‌ڕانه‌وه درووستنابێ، به بینین و موعایشه‌كردن ده‌خولقێ، كه شیعری _ گۆڕستانی گه‌وره_م نووسی له پێشه‌وه هه‌ر ته‌نیا ئه‌و ناوه‌م له خه‌یاڵدابوو، ئه‌و ناوه وه‌ك ناونیشانێك بوو، منی برده ناو مۆزه‌خانه‌یه‌كه‌وه، له‌وێ به رێكه‌وت دڵداری شاعیرم دی و ده‌یان دیمه‌نی سه‌یرو سه‌رسوڕهێنه‌ری نیشاندام).
یا سه‌باره‌ت به شیعری حه‌ج، هه‌رچه‌نده كاك دڵشاد نووسیوویه‌تی (حه‌ج به ته‌رزێكیتر درووست بوو، یه‌كه‌مجار وشه‌ی حه‌ج! جا ئه‌و وشه‌یه له كوێ ده‌هات؟ من كه بۆخۆم هه‌رگیز خه‌یاڵم بۆ ئه‌وه نه‌چووه وشه‌یه‌كی له‌و چه‌شنه بێته ناو شیعره‌كانمه‌وه، كه‌چی له‌ناكاو ئه‌و وشه‌یه هات، چی لێبكه‌م؟ ده‌بێ كه‌سێك چووبێته حه‌ج؟ ئه‌و كه‌سه كێیه؟ له كاتی نووسین ده‌بینم _نالی_ییه با‌نگم ده‌كاو ..تاد) كه‌چی هه‌مان ته‌كنیك و ئه‌تمۆسفێرو چنین و داڕشتنی ستراكتۆرو شێوازی شیعری گۆڕستانی گه‌وره‌یه، ره‌نگه (ته‌رزێكی جیاتر) ته‌نیا په‌یوه‌ندی به وشه‌ی (حه‌ج)ه‌وه هه‌بێ، كه بۆچی ده‌بێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی بیرۆكه‌ی نووسینی شیعره‌كه (حه‌ج)بێ و وشه‌یه‌كیتر نابێ كه راسته‌وخۆ هه‌ڵقوڵاوی دنیای نالی بێ؟
له شیعری (به‌ردی مانگ) ده‌ستپێكی چوونه‌ژووره‌وه نه‌ختێ جیاده‌بێ له چوونه‌ژووره‌وه‌ی شیعری (شه‌وێكی حه‌سناوا) كه له‌وێش هه‌ر (نالی) كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی شیعره‌كه‌یه، (شه‌وێكی حه‌سناوا) به
(تازه له نووسینی شیعرێك ببوومه‌وه
ده‌مزانی شتێك په‌ڕیوه
دیمه‌نێك سڕاوه‌ته‌وه
وێنه‌یه‌ك كه‌وتۆته نێوقه‌دی ره‌شنووسه‌وه) ده‌ستپێكات، ئه‌و ده‌ستپێكردنه له خوده‌وه به‌ره‌و دنیای ئه‌ویدی(نالی) ده‌ڕوا، كه‌چی له (به‌ردی مانگ) شێوه‌ی پێكهاتنی گوتاره‌كه، موخاته‌به‌كردنی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌قه‌كه‌یه كه ئه‌ویش(سیامه‌ند)ه:
ده‌تناسم وه‌ك ناسینی مانگ له لایه‌ن تریفه‌وه
له‌بیرمه
كه به پشتی باپیرمه‌وه له قفقاسه‌وه په‌ڕییه‌وه
خه‌ونه‌كان سه‌ر سفره‌یان
پڕكردبوو له میوه‌ی خۆش.
له خوێندنه‌وه‌ی (به‌ردی مانگ)یش ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێم: ته‌وزیفكردن بۆ ئاوێته بوونه، له رێگای سیامه‌نده‌وه شاعیر دیدو جیهانبینی خۆی ده‌نووسێته‌وه‌و تا دوای چه‌ندین په‌ره‌گراف ئینجا ده‌گاته سه‌ر باسكردن و هێنانه نێو دنیای خۆی:
من و سیامه‌ند هه‌ریه‌كه و
به‌شه به‌یانی خۆمان ده‌به‌ینه شار
له‌وێ بزری ده‌كه‌ین له باڕه‌كاندا
بزری ده‌كه‌ین له ته‌لیسمی ماڵی مه‌زه‌دار
نازانم بۆ به‌و سبه‌ینه زووه
سیامه‌ند بۆته له‌پكه‌ی شین به حه‌واوه
له‌به‌رچاوی به‌د بۆم بووه به په‌رژین
له‌نه‌شئه‌گای ماناوه..
(به‌ردی مانگ) قه‌سیده‌یه‌كی درێژ و گه‌شتێكی درێژه به‌نێو جیهانی وردبوونه‌وه‌كان و رامانی شاعیر‌و خه‌ج و سیامه‌ندیش هاوكاری خولقاندنی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ن..
به‌و سبه‌ینه زووه بووه‌ته ئه‌ستێره‌و ده‌ڕوا سیامه‌ند
خه‌ج له كوێی؟
من لێره‌دا به‌و قه‌ده‌ره واز له هێنانه‌وه‌ی نمونه بۆ باسكردنی ئه‌تمۆسفێرو ته‌كنیكی شیعری له ته‌وزیفكردنی كه‌سایه‌تییه مێژووییه‌كان یا ناوی ته‌وزیفكراو ده‌هێنم له شیعره‌كانی (كۆشیعری2)، چونكه به بڕوای من ئه‌و تایتله (ته‌وزیفكردنی كه‌سایه‌تییه مێژووییه‌كان له شیعره‌كانی دڵشاد عه‌بدوڵڵا)دا، تایتلی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی ئه‌كادیمییه و شیاوی ئه‌تروحه‌یه.. من لێره‌دا ته‌نیا ده‌ستنیشانی ناونیشانی شیعره‌كان و كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كان ده‌كه‌م و دواتریش له‌و رێگایه‌وه هه‌وڵده‌ده‌م چه‌ند ئه‌نجامێك به‌ده‌ست بێنم:
ناونیشانی شیعره‌كان و ناوی ته‌وزیفكراو:
1-(گۆڕستانی گه‌وره) كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی تێیدا (دڵدار)ی شاعیره.
2-(حه‌ج)، كاره‌كته‌ره‌كه (نالی)ی شاعیره.
3-(شه‌وێكی حه‌سناوا) كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی (نالی)ییه
كاك دڵشاد خۆی له كۆتایی شیعره‌كه له تێبینییه‌ك نووسیویه‌تی: (حه‌سناوا) و (دارلئیحسان)و چه‌ندین رسته‌و ده‌سته‌واژه‌ی شیعری له قسیده‌ی مه‌ستووره وه‌رگیراوه‌و له‌و شیعره‌دا به‌كارهێنراوه.
4-(به‌ردی مانگ) كاره‌كته‌ره‌كه سیامه‌نده.
5-شیعری (یه‌كشه‌ممه‌ی سپی)، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی تێیدا رۆكسانا و ئه‌سكه‌نده‌رن:
له ماڵی رۆكسانا دوو شتم ئێجگار لا جوانه
یه‌كێكیان ئینجانه‌یه‌كی هه‌یوانه..تاد..
6-(گۆمی پونگ) جه‌لال به‌رزنجی.
7-(پڕۆژه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستنووسێكی كۆن) كاره‌كته‌ره‌كان بریتین له ئه‌حمه‌دی خانی، مه‌م، زین..
حیكمه‌ت له مه‌م و زین چی‌بوو
له په‌نا تاوێری زاگرۆس‌دا؟
له پێكه‌وه گرێدانی ئه‌و هه‌موو مردنه
به گه‌رده‌نی كچێكه‌وه؟
سه‌رده‌مه‌كان دێن و ده‌ڕۆن
كه‌چی تۆ ده‌مێنێیته‌وه له مه‌م و زیندا..
یا ئه‌و نمونه:
هه‌موو بایه‌زید بگه‌ڕێی
ده‌ستێك نییه پاكتر له هی تۆ
ئه‌و ئاوه هه‌ڵبگرێ ده‌ریاكانی لێ پڕكا
ده‌ستێك نییه به‌هێزتر له هی تۆ
مه‌م و زین هه‌ڵبگرێ
ته‌سلیمی ئاسمانی بكا..تاد
8-(نیشته‌جێی رووناكی) مه‌وله‌وی و عه‌نبه‌ر.
9-(هه‌وری مه‌یخانه‌كان) خه‌یام..
كوا چوونه كوێ؟
كه فیتز گیرالد به پشتی عه‌شقێكی خۆرهه‌ڵاتییه‌وه
منی گه‌یانده خۆرئاوا
به‌سه‌ر باڵی وه‌رگێڕانه‌وه په‌ڕیمه‌وه ئه‌وێ
چه‌ند هێمن و دڵگیربوو كه‌ناره‌كانی..تاد
10-(مامزه كوژراوه‌كانی حاجری).. كاره‌كته‌ری سه‌كی حاجری شاعیره.
11-(گه‌ڵاكانی رۆژ) نالی، مه‌ولانا، حافز، رامبۆ، بۆدلێر، گۆران، خانی.
12- (له به‌رزایی شووره‌ی چیندا) كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی (كین شی هوانگ)ه.
13-(حه‌للاج).. ((ئه‌بو عه‌بدوڵڵا حسێن مه‌نسوور حه‌للاج_ 858 – 26 مارس، 922))
14- (مۆزه‌ی بڕۆنزی) .. كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی (كه‌ره‌م)ه:
یه‌ریڤان شتێك بوو له شێوه‌ی منداڵیی
كه‌ره‌م ده‌ڵێ، به‌شی زۆریم له‌گه‌ڵ خۆم برده وڵاتان
هه‌ندێكم دا به كرێكاره‌كانی هێڵی ئاسن
نێوانی ئێره‌و ئه‌رمینیا
یان ئه‌و نمونه‌یه..
هیچ شوێنك له یه‌ریڤان شیرین‌تر نییه
بابێ من ئێزدی ئه‌ز هیچ دین نینه، كه‌ره‌م ده‌یوت.
15- (شه‌وه‌كانی ئامیتا به درێژایی بابل) ئه‌و شیعره پێشكێشی (مارگرێت جورج) كراوه، سه‌باره‌ت به مارگرێت له سه‌رچاوه‌یه‌ك خوێندوومه‌ته‌وه كه ئه‌و كچه ئاشوورییه له بیست ساڵی په‌یوه‌ندی به شۆڕشی كورده‌وه كردووه‌و زۆر لێهاتووبووه، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ناوبانگی ده‌ركردووه به‌ڵام دواتر به ده‌ستی كورد كوژراوه..له‌و شیعره‌دا كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی تێیدا (ئامیتای نبوخزنصر)ه، (شه‌وه‌كانی ئامیتا به درێژایی بابل)قه‌سیده‌یه‌كی درێژه.
16- شیعری (په‌یكه‌ر) بۆ پیرباڵ مه‌حمودی شاعیر نووسراوه، به‌ڵام ته‌شكیلی گوتار راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌و ده‌كرێ كاره‌كته‌ره‌كه پیرباڵ مه‌حمودبێ:
بیر له خانوو ناكه‌مه‌وه
بۆ خۆم و بۆ خێزان
منداڵه‌كانم ده‌توانن
له‌ژێر خێوه‌تی شیعره‌كانمدا بژین
ژنه‌كه‌شم ده‌توانێ تا ماوه
له خۆشه‌ویستیم بخواو..تاد
17-شیعری (بوونه‌وه‌ره‌كانی حافز”هی گۆته”) په‌ره‌گراف په‌ره‌گرافه، هه‌ریه‌كه‌و ناونیشانی خۆی هه‌یه، بولبول، په‌روانه، كه‌و، گوڵ..تاد، یه‌كێ له‌و په‌ره‌گرافانه به ناونیشانی (گۆته)یه، له گۆته‌دا كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی یۆهان ڤۆلفگه‌نگ فۆن گۆته (1749 -1832 )یه..
ئه‌و كاته‌ی ئیمپراتۆره‌كان بیریان له جه‌نگ ده‌كرده‌وه
گۆته باسی بولبول و
گوڵ شه‌راب و حافزی ده‌كرد
ئه‌و كاته‌ی ئه‌ڵمانیا شانازی
به خۆی و به سوپای میره‌كانی و
به كۆشكه‌كانی سه‌رده‌می باروك ده‌كرد
گۆته شانازی به رۆژهه‌ڵاته‌وه ده‌كرد..تاد
18- شیعری (دۆنكیخۆته) كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی حه‌زره‌تی مه‌سیحه.
19-قه‌سیده‌ی درێژی (سۆناتای باڵنده) كه پێشكه‌شی (گۆرگیس وه‌رده) كراوه، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی تێیدا (فه‌قێی ته‌یران)ه.
20-(لاواندنه‌وه‌ی بڕۆدسكی) كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی (یوسف ئه‌لێكسانده‌ر بڕۆدسكی 1940-1996)شاعیری رووسی وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبڵی 1987و دواتر وه‌كو شاعیری وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ناسرێت.
21-(دیمه‌نی رۆژانه) كه‌سایه‌تی لاوه‌كی تێدایه، واتا په‌ره‌گرافێك حاجری و ئیبن مسته‌وفین، په‌ره‌گرافێك پیره‌مێردو ئه‌وه‌یتریش گیو موكریانی تێیدا ته‌وزیفكراوه.
22-شیعری(ئیكسیری ئه‌وانه‌ی له یادناكرێن)، ئیزابیل ئه‌لیندی، جومانه حه‌داد، نیكۆس كازانتزاكیس، فاتیمه ناعوت، شه‌هره‌زاد.
23-(قه‌قنه‌س) فروغی فه‌روغزاد.. شیعرێكی كورته.
24- (ئه‌ی.ئێم.فۆرسته‌ر).. ئی.ئێم.فۆرسته‌ر 1879–1970رۆماننووس و چیرۆكنووس و وتارنووسی به‌ریتانی..شیعرێكی كورته.
25-(له خواحافیزیدا) كاره‌كه‌ته‌ری سه‌ره‌كی ته‌رمی (سه‌ڵاح محه‌مه‌د)ه.
26-(ره‌گی ته‌نیایی) له دوو به‌ش پێكهاتووه، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی به‌شی یه‌كه‌م، مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندییه و به‌شی دووه‌میشی مایاكۆفسكی نووسه‌ری رووسی، كازاكی نه‌ژاد، له ساڵی 1893 له جورجیا له دایكبووه،جگه له شاعیر، درامانووس و بیرمه‌ندو وێنه‌كێش و كاریكاتۆریست و ئه‌كته‌ر بووه.
27-(شه‌وێك لای میر).. جه‌لاده‌ت به‌درخان.
28-(سوڕه‌تی فادیمه).. (فادیمه) كه ژنه كوردێك بوو باوكی له ساڵی 2002 له سوید كووشتوویه‌تی.
29-(مردنی گۆرانیبێژ) ناونیشانی شیعرێكی درێژه‌و له چه‌ند به‌شێك پێكهاتووه بۆ هه‌ر به‌شێك، ناونیشانێك دانراوه، له‌و به‌شه‌ی كه ناونیشانی (له ئالاسكاوه)یه، كاره‌كته‌ره‌كه تێیدا (جه‌لال به‌رزنجی)شاعیره.
له (كۆشیعری2) ئه‌و 29 شیعره نزیكه‌ی ته‌واوی ئه‌و شیعرانه‌ن كه تێیدا به ستایلی ته‌وزیفكردنی كه‌سایه‌تی مێژوویی نووسراون، من هه‌وڵده‌ده‌م دوای ده‌رهێنانی ئه‌و شیعرانه له (9) خاڵدا ئه‌نجامی ئه‌و خوێندنه‌ویه چڕ و كورت بكه‌مه‌وه:
1-(كۆشیعری2) كتێبێكه 496 لاپه‌ڕه‌یه، ئه‌و 28 شیعره‌ی كه ده‌رمهێناون له‌به‌ر درێژی زۆربه‌یان، زیاترن له سێ به‌شی ئه‌و 496 لاپه‌ڕه‌یه، واتا زۆربه‌ی كاره شیعرییه‌كانی دڵشاد عه‌بدوڵڵا كه له‌نێوانی ساڵانی 2004-2009 نووسیویه‌تی، بریتین له به‌كارهێنانی كه‌سایه‌تی مێژوویی، به‌و پێیه ده‌توانین ستایلی نووسینی شیعری ئه‌و قۆناغه‌ی شاعیر به (ستایلی ته‌وزیفكردنی كه‌سایه‌تییه مێژووییه‌كان) ناوزه‌د بكه‌ین، له‌و نووسینه‌مدا هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌كم بۆ ئه‌و شیعرانه نه‌كردووه كه له ساڵه‌كانی 1992-2003 نووسراون..
2- كه‌سایه‌تییه مێژوویه‌كان یان ئه‌و ناوانه‌ی كه بوونه‌ته كاره‌كته‌ری شیعره‌كان و به‌كاری هێناون بریتین له‌وانه: (دڵدار.. نالی.. نالی.. سیامه‌ند.. رۆكسانا.. ئه‌سكه‌نده‌ر.. جه‌لال به‌رزنجی.. ئه‌حمه‌دی خانی.. مه‌م.. زین.. مه‌وله‌وی.. عه‌نبه‌ر.. خه‌یام.. حاجری.. نالی.. مه‌ولانا.. حافز.. رامبۆ.. بۆدلێر.. گۆران.. خانی.. كین شی هوانگ.. حه‌للاج.. كه‌ره‌م.. ئامیتا.. پیرباڵ مه‌حمود.. گۆته.. مه‌سیح.. فه‌قێی ته‌یران.. بڕۆدسكی.. حاجری.. ئیبن مسته‌وفی.. پیره‌مێرد.. گیو موكریانی.. ئیزابێل ئه‌لیندی.. جومانه حه‌داد.. كازانتزاكیس.. فاتیمه.. شه‌هره‌زاد..فروغ.. ئی.ئێم.فۆرسته‌ر.. سه‌ڵاح محه‌مه‌د.. مه‌ولانا خایدی نه‌قشبه‌ندی.. مایاكۆفسكی.. جه‌لاده‌ت به‌درخان.. فادیمه.. جه‌لال به‌رزنجی)..
وه‌ك گوتمان: به‌كارهێنان و هانابردن بۆ كه‌سایه‌تی مێژوویی یان هه‌ندێ ناو كه هێشتا له ژیاندان له (كۆشیعری2) زیاتر له سێ به‌شی شیعره‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ی دڵشاد عه‌بدوڵڵای بۆخۆی قۆرخكردووه، له‌ناو ئه‌و (زیاتر له سێ به‌شه‌یش) له كۆی ئه‌و 48 ناوه‌ی كه من ده‌رمهێناون، 35یان زیاتر شاعیر‌و ئه‌ده‌یبن و ئه‌وانیتریش كه شاعیر و ئه‌دیب نین به جۆرێك له‌ناو شیعر‌و ئه‌ده‌بیاتدا هه‌ن وه‌ك (مه‌م و زین، عه‌نبه‌ر، سیامه‌ند، شه‌هره‌زاد)..كه‌وابێ ئه‌و قۆناغه لای دڵشاد عه‌بدوڵڵا بریتییه له نووسینه‌وه‌ی دنیای شاعیران و تێكه‌ڵكردنیان به دنیای خۆی..یا ئاوێته‌بوونی هه‌ردوو دنیای شاعیر به شاعیرانیدی و درووستكردنی دنیایه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا.
3- له‌رێگای پۆلێنكردنی ناوه‌كان و ده‌ستینشانكردنی ئه‌و ناوانه‌ی به‌كارهاتوون وه‌رگر به ئاسانی له باكگراوندی مه‌عریفی و نزیكی شاعیر له (چ دنیایه‌كی مه‌عریفی) تێده‌گا..ئیمه له رێگای كاره‌كانی ئه‌و 5 ساڵه 2004-2009 ده‌توانین ده‌ستنیشانی سه‌رچاوه‌كان و كه‌ناڵه‌كانی وه‌رگرتنی مه‌عریفه بكه‌ین لای شاعیر و له‌وێشه‌وه بۆ هه‌ر تێگه‌یشتن و لێكۆڵینه‌وه له شیعره‌كانی به خوێندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كان كاره‌كانمان ئاسانتر ده‌بێ..بۆ نمونه كه مایاكۆفسكی یا بڕۆدسكی ته‌وزیفكردووه، زانینی بیۆگرافیاو ناسینی كاره‌كانی ئه‌وان تێگه‌یشتنمان ئاسانتر ده‌كا له شیعره‌كانی و ره‌نگه ئاستی چێژبردنیش زیاتر بكا.
4-نه‌ته‌وه‌و شوناسی ئه‌وانه چین كه ته‌وزیفكراون؟ وه‌ك ده‌بینین ئاوێته‌یه‌ك هه‌یه له نه‌ته‌وه‌ی جیاجیا و له شیعره‌كاندا په‌نابراوه‌ته به‌ر هه‌ركه‌سێك كه نزیكبێ له دنیای ئه‌و وه‌ك ئینسان، دوور له هه‌موو ته‌حه‌فوزێكی نه‌ته‌وه‌یی، له‌و رێگه‌یه‌وه وه‌رگر ده‌توانێ تێڕوانین و جیهانبینی شاعیر سه‌باره‌ت به نه‌ته‌وه‌و شوناس بخوێنێته‌وه.
5-لایه‌نی ته‌كنیك و كه‌شی گشتی ستایلی ته‌وزیفكردنی كه‌سه‌كان یا كه‌سایه‌تییه مێژوویه‌كان یاخود هه‌ندێ ناو كه هێشتا له ژیاندان، له‌و شیعرانه لێك نزیكن، ئه‌گه‌رچی ئه‌و بۆچوونه ئاوا پشتڕاست ده‌كرێته‌وه كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد بۆ هه‌ر ده‌قێك بكه‌ین و بیسه‌لمێنین..
6-جگه له‌و شیعرانه‌ی كه كاره‌كتره‌ی سه‌ره‌كییان تێدایه، له كۆمه‌ڵه په‌ره‌گرافی نێو ده‌قه‌كاندا و له چه‌ند رستیه‌كدا به شێوه‌یه‌كی خێرا هه‌مدیس ئه‌و ته‌وزیفكردنانه بوونیان هه‌یه، ئه‌وه‌شیان ده‌كرێ وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه بكرێ.
7-(كۆشیعری2) كۆدیوانێكه له شیعری كوردیدا زۆرترین كاری له بواری ته‌وزیفكردنی كه‌سایه‌تی مێژوویی یا كه‌سه‌كان كردووه، به دیوێكیدی دڵشاد عه‌بدوڵڵا به به‌راورد له‌گه‌ڵ شاعیرانی كورد زۆرترین كاری له‌سه‌ر سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌ی شاعیرانی به‌ر له‌خۆی به شیعر كردووه.
8-ته‌وزیفكردنی سیمبۆله میتۆلۆژییه‌كان له‌و قۆناغه‌دا2004-2009 زۆر كه‌م یا ده‌گمه‌نه لای شاعیر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له هه‌ندێ شیعر (سیمرخ و قه‌قنه‌س) وه‌ك ناونیشان بوونیان هه‌یه.
9-ئه‌و خاڵه‌یان كه دوا ئه‌نجامی ئه‌و خوێندنه‌وه منه، گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، ئه‌و له هیچ كام له شیعره‌كان نه‌هاتووه بیۆگرافیای ئه‌وانیدی بنووسێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وانی هێناوه‌ته نێو دنیای خۆی‌و سه‌رله‌نوێ جیهانێكی شیعری تازه‌تری خولقاندووه، ئه‌وه‌یه خۆی سه‌باره‌ت به نووسینی (سۆناتای رۆح) كه من پێم وایه هه‌موو شیعره‌كانیتریشی به‌و ستیاله نووسراون یا به‌و شێوازه داڕێژراون، ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی من كردوومه كارێكی قه‌قنه‌سانه‌یه، فه‌قێم سووتاندووه تا له خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی ئه‌و درووست ببمه‌وه یا به پێچه‌وانه‌وه خۆم سووتاندووه بۆ ئه‌وه‌ی له خۆڵه‌مێشم فه‌قێ درووستببێته‌وه،به‌هه‌ردوو باره‌كه‌ی مه‌به‌ست زیندوو مانه‌وه‌یه، له‌وه‌شدا شاعیر‌و قه‌قنه‌س له‌یه‌ك ده‌چن، هه‌ردووكیان له رێی سووتانیان به زیندوویی ده‌مێننه‌وه.
سه‌رچاوه:
– كۆشیعری 2، دڵشاد عه‌بدوڵڵا، ده‌زگای ئاراس2010
– توڤیف الرموز اڵاسگوریه فی الشعر بین نازك والسیاب
د. رباب هاشم حسین / كلیه التربیه / جامعه بغداد