
ئاسکه سرکه‌که‌ی پێده‌شتی گه‌رمیان
له‌ته‌ک زستانی ئه‌مساڵدا
له‌نێو شیعر بارانی ناخم
له‌گه‌ڵا وه‌ریوه‌کانی ته‌مه‌نمه‌وه
شیعرێ…
عه‌شقێکی ناواده‌ی قه‌ده‌ر
له‌بۆته‌ی خه‌مێکی خه‌فه‌کراودا..!
نیگا سرته‌کانی ئاسکه سرکه‌که‌ی پێده‌شتێ،
دڵی هه‌ژاندم…
به‌ناخما ڕۆچوو
بوومه فه‌رهه‌نگێک له‌ووشه‌ی نه‌بیستراو..
نه‌وتروا..ئه‌لبومێکی مۆمیاکراو
ئای له‌و چاوانه
له‌و نیگا تینوانه
ئاخۆ چه‌ندین چاوی تری فریوداوه
ئه‌و خه‌مه‌ی وێنه‌یتیشکی زه‌ردی خۆرئاوا
هه‌ڵبزرکاوه..
له‌دڵه تیننووه‌که‌ی (سیروان) خه‌مبارتره
بۆ نیشتمانه‌که‌ی
که له‌لانکه‌ی دڵی دایکی ترازاوه‌و
وێڵی ڕه‌وتی مێژوویه‌کی تاڵی نامۆیه
ڕووه‌و توونی بیابانکی عه‌ده‌م
ئای ئه‌م شیعره
له‌م ئاسکه
له‌م نیگا سیحراویه
(ده‌ستی له‌چه‌نه‌ی خه‌فه‌ت ناوه)*
ئاخر تۆ که‌ی واده‌ی خه‌فه‌تته؟
چۆن ده‌ڕوانێ
په‌نجه‌م له‌رزه‌له‌رزی دڵه ڕاوکێی
بیته‌قێنم ،نه‌یته‌قێنم،
چوون و نه‌چوونی سه‌فه‌رێکی ناواده
هه‌موو جه‌سته‌م گڕێکی دۆزه‌خی گرتووه
نه‌فره‌ت له‌ته‌مه‌ن
ژیان شنه‌ی شه‌ماڵێکه
ته‌مه‌ن سۆزی شمشاڵێکه
چی له‌تۆکه‌م
چی له‌خۆم که‌م
چی له‌ژیانی بێ تام که‌م
بۆم ده‌ڕوانێ
چاوه‌کانم له‌ئاست نیگاکانیا
وه‌ک گڵۆپێکی زه‌ردی به‌یانیان
کزکزو پڕ خه‌یاڵن
عه‌وداڵی ته‌مه‌نێکی ناواده‌و نه‌ویسته‌ی
پڕ له‌غوربه‌ت
لێوان لێو له‌قه‌ده‌ری چه‌ن باره‌بۆوه
سه‌وز سه‌وز له‌خه‌ونه نه‌زۆکه‌کان
ئای ئاسکه سرکه‌که‌ی پێده‌شتی که‌لار
چۆن له‌نێو ڕاوچیانی تینووی پێده‌شته‌وه
قووت قووت بویته‌وه بۆ به‌ختی تارم
چه‌ند سرکانه قه‌ڵه‌مباز ده‌ده‌یت و
له‌به‌ر ده‌م خه‌مه‌کانی مندا
نێچیرێکی ده‌سته‌مۆ وه‌ستاویت
(سیروان) هاتم
مشتێک خه‌می منیش
له‌گه‌ڵ تێشووی سه‌فه‌ره ئه‌به‌دیه‌که‌تدا به‌ره
حه‌سره‌تی دڵم خامۆش که
له‌که‌ف وکوڵی له‌نجه‌ی ڕه‌وتی جوانت
ئه‌مڕۆ خه‌مه‌کانمان هاوبه‌شه
تۆش ته‌مه‌نت هه‌ر سه‌مایه‌کی شێتانه‌یه‌و
بۆ پێده‌شتی عه‌شق زیکرێکی ئه‌به‌دی
له‌ڕۆحتا ئه‌دره‌وشێته‌وه
که‌چی ئه‌و لێت ناگات و
ته‌نها جارێک ده‌ستی شه‌که‌تی
سه‌فه‌ری سه‌رابی بیابانی
درێژ ناکات
تاگه‌رووی تینووی سووتاوی
به‌پرچی زێڕینی غه‌رق کات
له‌به‌ره‌که‌تی ئاو
پێچ ده‌خۆیت و گڤه‌و هاژه‌و هاوارت
ڕۆژانه باڵنده‌کان به‌حه‌سره‌ته‌وه ده‌گریه‌نن
شه‌وانه بێ نه‌واکانی ناخت ده‌هه‌ژێنن
هه‌ر ده‌ستی تینوو درێژ ناکات و
به‌رده‌وام ئه‌و عه‌شقه جوانه له‌بار ده‌چێت
(سیروان) ی خه‌م
ملی ڕێگای هات و نه‌هاتی خۆی ده‌گرێت و
له‌بۆته‌ی خه‌مێکی ئه‌زه‌لیدا
به‌ناچاری له‌سه‌رابی غه‌ریبیدا
به‌ئاواتی ئاوێزانی پێده‌شته‌وه
غه‌رق ده‌بێت
سیروان هاتم
ئه‌م خه‌مه به‌تۆ ئه‌سپێرم
نه‌من ڕاوچیه‌که‌ی جارانم
نه‌تۆش که‌ف و کوڵی جارانی عه‌شقت پێماوه
له‌ناخی خۆتا زیاتر ڕۆچوویت
زیاتریش ڕق ئه‌ستوور ئه‌بیت
له‌په‌یامه درۆکانی باو
مه‌حاڵه به‌ئاسانی ده‌ستی پێده‌شتت
بگاتێ..،
زۆر تاساوم…
له‌و نیگا مه‌ستانه ده‌ترسم
چه‌ند ئاسکێکی جوانه
چ،ڕواچیه‌ک ده‌ستی ئه‌چێت،ئه‌و سنگه جوانه بپێکێت
بێ مه‌ی
هه‌ر به‌نیگای
مه‌ست و خه‌یاڵ ده‌بم
خۆزگه ده‌بوومه یه‌ک ووشه‌ی خه‌یاڵت و
نیازی دڵتم ده‌خوێنده‌وه
هه‌ر تۆ سرک نیت
گه‌ر منیش وانه‌بومایه
به‌م ته‌مه‌نه‌وه به‌عه‌شقت ئاشنا نه‌ده‌بووم
هه‌ر بۆیه
له‌ترپه‌ی دڵی هه‌موو عاشقێکدا
ئاوازێکی نه‌بیستراوم
له‌نیگای چاوی هه‌موو دڵدارێکدا
خه‌نده‌یه‌کی نه‌بینراوم
له‌سێوی سینه‌ی هه‌موو شۆخێکدا
هه‌یڤێکی گه‌شی شه‌وانم
له‌حه‌زی دڵی هه‌موو لاوێکدا
میوانێکی دڵ سووتاوم
له‌قوڵگه‌ی هه‌موو ڕاوچیه‌کدا
تفه‌نگێکی ته‌قێنراوم
هه‌ر بۆیه
هه‌رگیز به‌ته‌مه‌نم
نه‌سیحه‌تی عاشقانم وه‌رنه‌گرتووه‌و
سنووره دڕکاویه‌کانم پساندوه
که‌چی ئێستا تێگه‌یشتم
(عاشق و ڕێبواری)
چ نه‌هامه‌تیه‌که
که‌س که‌س لێی ده‌رباز نابێت
ئه‌ی ئه‌وه نیه شی بومه‌ته‌وه‌و
به‌هه‌موو که‌له‌به‌رو قوژبنی
هه‌ردو پێده‌شت و کێواندا
وه‌ک ئاردی نێو دڕکم لێهاتوه
کۆنابمه‌وه
ئای ئاسکه سرکه‌که‌ی گه‌رمیان
نیگای چاوه‌کانت
له‌نێو سۆمای چاوه‌کانما
سه‌ما ئه‌که‌ن
به‌نیازن له‌نێویدا لانه بکه‌ن
سێڕه‌ی تفه‌نگه‌که‌م ڕووه‌و سنگی چه‌قاندووه
ئه‌ی له‌من
ڕاوچێتی ته‌مه‌ن ناناسێت
ڕاو هه‌ر ڕاوه
گوناهم چیه؟
نێچیرێکی نه‌وجه‌وان بۆم وه‌ستاوه
فرسه‌ته..فرسه‌ت
مرۆڤ پڕه له‌غه‌ریزه‌ی ڕاو
له‌خه‌ودا
له‌خه‌یاڵدا
له‌شایی دا
له‌پرسه‌دا
له‌نه‌خۆشی و
له‌زینداندا…
مرۆڤ پڕ پڕه له‌غه‌ریزه‌ی عه‌شق
له‌خه‌ودا له‌خه‌یاڵدا
له‌شایی دا
له‌پرسه‌دا
له‌نه‌خۆشی دا
له‌زیندان و…
له‌لێواری سه‌ره‌مه‌رگدا
که‌واته عه‌شق و ڕاو
دوانه‌یه‌کن
لێک نابڕێن
من نغرۆ بووم له‌ده‌ریای بێ بنی هه‌ردوکیاندا
گه‌ر جه‌سته‌ش ته‌سلیمی ته‌مه‌ن بێت
ئه‌ندێشه فه‌زای واڵایه
هه‌ر وه‌کو چۆله‌که‌یه‌کی بزێو!
له‌جرت و فرتی خۆی ناکه‌وێت
زیاد له‌ساته وه‌ختێکه‌و
په‌نجه‌م له‌سه‌ر پرله‌پیتکه‌ی تفه‌نگه‌که‌ی زمانم
ده‌له‌رزێ..
که‌چی ئه‌و باکی نیه
چاوم ڕێشکه‌و پێشکه ده‌کات
چاو ناتروکێنێ
زۆر ده‌ترسم په‌نجــــ….. زمانم
بجوڵێنم
ئه‌و کات ئه‌و نیگا سیحراویانه نابینمه‌وه
ئه‌مجاره‌یان
غه‌ریزه‌ی ڕاو وه‌لا ئه‌نێم
عه‌شقی تامه‌زرۆم و نیگا پڕ حه‌سره‌تیه‌کانی
ئه‌ویش ئه‌سپێرم،
به‌ئه‌لبومی خه‌مه تاڵه‌کانی سیروان
با له‌هۆره‌و هاژه هاژی سه‌فه‌ریدا
هه‌ڵۆکانی ڕۆحی نیشتمان
ئه‌و گۆرانیه‌م بۆ بڵێنه‌وه
که‌به‌ده‌م توونه‌کانی فه‌نا بوونه‌وه
له‌گه‌ڵ فرمێسکه حه‌سره‌تیه‌کانی ڕۆچونیا
له‌به‌ر خۆیه‌وه هه‌ر ده‌یڵێت و ده‌یڵێته‌وه
(با،سیروان بمبات
به‌ده‌م تافه‌وه
به‌تونکه تونکی ماڵه جافه‌وه)**
*کۆپله‌یه‌ک له‌شیعری گۆران
**گۆرانیه‌ک یان شیعرێکی فۆلکلۆری تایبه‌ت به‌گه‌رمیان.