Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
تراژیدیای ژنبوون لە رۆمانی هەزارخۆری درەوشاوەدا

تراژیدیای ژنبوون لە رۆمانی هەزارخۆری درەوشاوەدا

Closed
by July 18, 2011 ئەدەب

بێگومان هیچ ژانرێکی ئەدەبی، بەقەد رۆمان ناتوانێ ببێتە ئاوێنەی کۆمەڵگاو واقیعی ژیانی تاکوکۆمەڵ لەدووتوێی خۆیدا بەرجەستە بکات. لە نێوان رۆمان وەک هونەری گێرانەوەو جڤاکدا
پەیوەندیەکی توندو هەمیشەیی هەیە،
بەرادەیەک کەزۆرجار رۆمان دەبێتە مینبەری ناساندنی ئەو کۆمەڵگایە بە دنیای دەرەوەی خۆیدا. تەنانەت زۆران لە بیرمەندانو فەیلەسوفان بۆچوونیان وایە، کە ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگایەک بناسین دەبێ رۆمانی رۆماننوسەکانیان بخوێنینەوە. هەڵبەتە ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئەدەبیاتی جیهانیش بەگشتی، دابخشێنین راستی ئەو بۆچوونەمان بۆ دەردەکەوێت. ئاخر هیچ رووداوێکی سیاسیو مێژووی نەیتوانی بە قەد رۆمانی(دکتۆر ژیڤاگۆ) پەردە لە سەر دیوەکەی تری شۆرشی ئۆکتۆبەر هەڵماڵیت. ئەگەر بمانەوێت بە ژیانی نەتەوەکانی ئەمریکای لاتین ئاشنابین، دەبێ رۆمانەکانی مارکیز بخوێنینەوە. وەک چۆن ئەگەر بشمانەوێت، لە خەمی کچێکی رەشپێستی خەتەنەکراوی عەرەبی بگەین، دەبێ (وەرزی کۆچ بەرەو باکور بخوێنینەوە).بەهەمان شێوە ئەگەر بشمانەوێت لەململانێی نێوان براکانو نائومێدبوونی تاکەکان لە شۆرش بگەین، دەبێ (سەگوەڕ) بخوێنینەوە. لەراستیدا بەوپێیەی لەرۆماندا پانتایی رووداو کات و شوێنەکان بەرفراوانترن، ئیدی ئەمە دەرفەتی ئەوەدەداتە نووسەرەکە بتوانێت، هەموو سوچەکانی ژیانو کۆمەڵ نیشان بدات. رۆمان هونەری دەرخستنی دیوە شاراوەکەی کۆمەڵگایە، لە فۆرمێکی هونەریانەی سەرنج راکێش. رۆمان ئەو هونەرەیە کەدەشێ کۆی ئاریشەکانی کۆمەڵگە لە خۆیدا بەرجەستە بکات. بۆیە بە دەگمەن رۆمانێک دەبینین ناوەرۆکەکەی تیشک نەخاتە سەر خەمەکانی مرۆڤ و ئاریشە کۆمەڵایەتیەکان. رۆژهەڵاتی ناوەراست وەک جوگرافیایەک چونکە هەمیشە نێوەندی شەرو ماڵوێرانیو چەوسانەوەی مرۆڤ وژنکوشتن بووە، بۆیە دەبینین هەمیشە ئەو رووداوانە لە رۆمانەکانی رۆماننووسانی ئەو شوێنە رەنگیداوەتەوە. بابەتو تەوەرەی سەرەکی ناوەرۆکی ئەو رۆمانانە، هەمیشە شەرو چەوسانەوەو جیاوازی چینایەتیو ژنکوشتنو …تد بووە. بێگومان رۆمانی (هەزار خۆری درەوشاوە)ش، بەدەر نییە لەو واقیعە. ئەو رۆمانە تیشک دەخاتە سەربونیادی سۆسیۆلۆژی کۆمەڵگایەک، کە دەتوانین بڵێن، نموونەیە بۆ کۆی کۆمەڵگاکانی تری رۆژهەڵاتی ناوەراست. تەوەرەی سەرەکی ئەو رۆمانە خەمەکانی ژنو ئاریشە کۆمەڵایەتیو خێزانیەکانو پەیوەندی ناتەندروستانەی نێوان، ژنو پیاوە. هەزار خۆری درەوشاوە بیۆگرافیای ژیانی مرۆڤێکمان بۆ نمایش دەکات، کەلەبەر شوناسی رەگەزیەوە کە(ژنێتی)یە، دەکەوێتە بەرنەفرەتی کۆمەڵگاو پیاوەکان، تەنیا وەک کاڵایەک، کەمەبەست لە هەبوونی تێرکردنی غەریزەکانیەتی، تێی دەروانن و رەفتاری لەگەڵ دەکەن. پاڵەوانی سەرەکی ئەو رۆمانە کەناوی (مریەم)ە سیمبولە بۆ گشت ژنانی رۆژهەلاتی ناوەراست. چونکە ئەو کۆمەڵگایانە هەموویان بروایان بە لۆژیکێک هەیە، ئەویش چەوسانەوەی ژنو تەماشاکردنیەتی وەک کۆیلەو جاریەی پیاو. مریەم کە هاوشێوەی چەند کارەکتەرێکی دیکە لەو رۆمانەدا بوونی هەیە، رۆڵێکی سەرەکی لەوازیکردنی رووداوەکان دەبینێتو لەسەردەمی خۆی نەهامەتیو کوێرەوەری و کارەساتەکانی ژنبوونی خۆیو دایکی دەگێرێتەوە. ئەو چونکە لە چوارچێوەی پرۆسەی لە دایک بوونێکی ناشەرعی واتە زۆڵ، هاتۆتە دنیاوە ئیدی بەو هۆیەوە بەردەوام هەست بە گرێیەکی دەروونی گەورەدەکات و لەگەڵ بەتەمەن داچوونیشی خەمەکانی گەورەترو زۆرتر دەبن.دواجاریش بەو هۆیەوە لە شکۆ و شوناسی رەگەزی مرۆڤانەی کەمدەکرێتەوە. هەروەک خۆشی دەڵێت یەکەم وشە کە گوێبیستی بووم وشەی حەرامزدە بوو. مریەم گوزارشت لەو دنیابینی و تێروانینە کۆمەڵایەتیەی پیاوی رۆژهەڵات دەکات، کەهەمیشە وەک کاڵایەک دەروانێتە ژن. بەتایبەتیش لە سۆنگەی کرداری سێکسیەوە. مریەم و تەنانەت دایکیشی لە رێی گێرانەوەی نەهامەتیەکانی خۆیانەوە دەیانەوێت پەردە لەسەر دەمامکی راستە قینەی پیاوەکانیان رابماڵن. کەهەمیشە تێروانینیان بۆ ژن وەک مرۆڤ، دواجار لە غەریزەیەک دەبینەوە کە ئەویش سێکسە. لە کۆمەڵگا پەتریاکیەکاندا بەهاوبوونی ژن تا ئەو شوێنە بر دەکات کە سێکسی پیاو تێر دەکات. ئیدی دوای ئەوە رۆڵی ژن لە ئاستی پەیوەندی روحیو سایکۆلۆژی نامێنێت. واتە تاکە رایەڵێک کە پیاو بە ژن دەبە ستێتەوە، ئەنجامدانی کرداری سێکسی و تێرکردنی غەریزەکەیەتی. بێگومان ئەمەش بە کاڵاکردنی ژنە لە خزمەت پیاودا. لەو سۆنگەیەشەوە ئەگەر بروانینە رووداوەکانی نێو ئەو رۆمانە، بە ئاسانی درک بەو راستیە دەکەین. بۆنموونە دایکی مریەم واتا( نانا) کەلەلایەن جەلیلەەوە سێکسی نا شەرعی لەگەڵ کراوە، کەچی خودی تاوانەکە دەخاتە ئەستۆی ژنەکە. واتە دووجار دەیکاتە قوربانی تەنیا لە پێناو ئەوەی لەدرندەیی و نامرۆڤبوونی خۆی کەم بکاتەوە. کاتێکیش ئەو پرۆسەیە، کە سێکسی ناشەرعییە،ئەنجام دەدات و مریەمی حەرامزادە دێتە دنیاوە، ئیدی تاهەتایە ئەو ژنە دەکەوێتە بەر نەفرەتی پیاو و کۆمەڵگە. دەبێ باجی تاوانەکەی بدات و ناچارە خۆی و کچە حەرامزادەکەی لە شوێنێکی دورەدەست و لاتەریک و دوورلە ئاوەدانی بژیت. واتە جەلیل تێکەڵی ناکاتەوە، لەگەڵ خێزانەکانی تری بەڵکو بەتەنیا لەشوێنێکی دوورەدەست دایاندەنێت و جارجارێکیش هەر بەهەوس دەچێتە سەردانیان و دەیەوێت وا تێیان بگەیەنێت، کە ئەوانی خۆشدەوێت، بەتایبەتیش مریەمی کچی. لە بەرامبەر ئەم تێروانینەی جەلیلدا، دایکی مریەم دەیەوێت ماهیەتی هەموو پیاوەکان لە رێی ناساندنی کەسایەتی جەلیل وەک پیاوێک، بۆکچەکەی پێناسە بکات و تێی بگەیەنێت، کە پیاو جگە لە چەوسێنەرێک و گورگێکی برسی لای ژن هیچ مانایەکی تر ناگەیەنێت. بۆ ئەم مەبەستەش دایکی مریەم چەندین هەڵوێستی نامرۆڤانەی جەلیل بۆ مریەم باس دەکات، هەر تەنها لە پێناو ئەوەی ماهیەتی راستەقینەی پیشان بدات. بۆ نموونە بە مریەم دەڵێ (کە ژانەکەم زیادی کرد واتە کاتی لە دایک بوونی مریەم، گازم لە سەرینەکە دەگرتو دەمقیژاند، کەسێک لە ژوور سەرمەوە نەبوو چۆرێک ئاوم پێبدات). بێگومان ئەمەش هێمایە بۆ ئەوەی کە جەلیل هیچ بەلایەوە گرنگ نەبووە ئاخۆ حەرامزادەیەک لە دایک دەبێت، یاخود نا. کەچی جەلیل هەر بۆ ئەوەی ئەو بروایە لای مریەم دروست بکات، کەدایکی راست ناڵێت، بە مریەم دەڵێت (تۆکچێکی باش بوویت و لەدایک بوونی تۆ چەند سە عاتێکی نەخایاند!). هەموو ئەو هەڵوێستە نامرۆڤانەی جەلیل، کەدایکی مریەم بۆ مریەمی باسدەکات، نابنە جێی هەڵوەستەی مریەم لە ئاست باوکیدا. مریەم چونکە پەیوەندی نێوان دایک و باوکی پەیوەندیەکی ئاڵۆز و ناتەندروست و ناشەرعی بووە. ئیدی وادەزانێت ئەمە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە جەلیل وەک درندەیەک، لە هزری دایکیدا وێنا بکرێت. بە دەربرینێکی تر مریەم وا دەزانێت، جەلیل لە بنەرەتدا، ئەو مرۆڤە درندەیە نییە بەڵکو دایکی ئەو شوناسەی داوەتێ. هەربۆیەشە لە دەرفەتێکدا بە نهێنی و بەمەبەستی دیدەنی باوکی دایکی جێدێلێت و دەچێتە شارو بە سۆراغ ماڵی باوکی واتە جەلیل دەدۆزێتەوە. کە دەچێتە ئەوێش و مامەڵەی باوکی وەک پیاوێک، کە دەرگاشی لێناکاتەوە دەبینێت، ئیدی توشی شۆک دەبێت و لە ماهیەتی راستە قینەی پیاو دەگات. جەلیل ناچاری دەکات بگەرێتەوە لای دایکی و ئامادەنییە لای خۆی داڵدەی بدات. کاتێکیش مریەم دەگەرێتەوە، شوێنەکەی خۆی، بە سەرتەرمی دایکی دەگات و دەبینێ دایکی کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە. بەو هۆیەوەش مریەم هەست بە تەنیایی و خەمێکی گەورە دەکات. بەتایبەتیش کەدایکی چەندین جار تکای لێکردوە جێی نە هێلێت. چونکە بەرگەی دووری ناگرێت. مردنی دایکی، مریەم پەراگەندە دەکات و ناچارە جارێکی تریش لەگەڵ جەلیل، بچێتەوە ماڵی ئەوان. ئەگەرچی مریەم بە ساویلکەی خۆی وادەزانێت ئیدی تاهەتایە ئاسودە دەبێت و ئامێزی گەرمی ماڵەکەی جەلیل، دەبێتە لانەی بەختەوەری بۆی. وەلێ هەموو ئەو خەونانەی مریەم نەزۆک دەبن، کاتێ دەبینێت بەبێ ئەوەی ئاگاداریش بێت، پیاوێک بەناوی رەشید دێتە خوازبێنی و باوکی بەزۆر دەیداتێ، کەچەند ساڵێکیش لەو گەورەترە. ئەگەر پێشووتر مریەم هەرتەنها نەهامەتیەکانی دایکی و هاوشوناسەکانی بەدەست پیاوەوە، لەرێی گێرانەوەکانی دایکی گوێبیست ببێت. ئەوا ئەمجارەیان خۆی ئەو نەهامەتیانە دەبینێت و دەبێتە قوربانی. بە تایبەتیش کاتێ رەشید پێی دەڵێ (تۆم بۆچی هێناوە). هەڵبەتە لاپەرەیەکی تازە لە ژیانی مریەم دەستپێدەکات کە دەتوانین بڵێن، درێژکراوەی هەمان شێوە ژیانی پێشووتریەتی بەڵام لە فۆرمێکی تردا. بەو مانایەی ئەگەر ئەو لە پێشوودا ئەزموونکردنی پەیوەندی نێوان ژن و مێردی رۆژهەڵاتی لەرێی پەیوەندی نێوان دایک و باوکی بینیبێت، ئەوا ئەمجارەیان خۆی وەک کارەکتەرێک پراکتیزەی ئەو پەیوەندیە دەکات، بە تایبەتیش لە ئاستی پەیوەندی سێکسیدا، کە پەیوەندیەکی چەند ئاڵۆز و ناتەندروست و سەختە لەرووی سایکۆلۆژی و دەروونییەوە. پەیوەندیەک کەلە سەربنەمای جەلاد و قوربانی بینادەکرێت، نەک لە سەر بنەمای ژیانی هاوبەشی نێوان دوو رەگەزی جیاواز کە هەزاران رایەڵی روحی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و خێزانی بە یەکتریان دەبەستێتەوە. هەموو ئەو پەیوەندیە ناتەندروستەی نێوان مریەم و رەشیدیش لە پەیوەندی سێکسی نێوانیان دەردەکەوێت. هەروەک رۆماننووس دەڵێ (نیگەرانیەکانی مریەم لە ئێوارەدا دەگەیشتە لوتکە، کاتێ بیری لە شەو دەکردەوە ئەو کاتەی رەشید ئەوکارەی لەگەڵ دەکات). بێگومان مریەم دەزانێت، سیکس وەک ئەڵقەی بە ستنەوەی ژن بە مێردەکەی هێمایەک نییە بۆ ئاسودەیی دەروونی و روحی ژن، لە کۆمەڵگاکەی ئەودا، بە تایبەتی کە پێشووتر پەیوەندی نێوان دایک و باوکی گوێبیست بووە. بەڵکو سێکس سیمبولێکە بۆ جەلادبوونی پیاو و قوربانی بوونی ئافرەت. یاخود دەربرینێکی تر هێمایەکە بۆ بە کالاکردنی ژن و بە کریارکردنی پیاو. بە تایبەتیش بەرێگەی خۆسەپاندنی زۆرە ملێیانە و سەرکوتکردن و ئازاردانی جەستەیی و دەروونی. بە تایبەتیش کاتێ رۆماننووس دەڵێ: (رەشید خۆی بە سەری داداو کەوتە جولە، مریەم چاوی نوقاند و ددانی گیر کردەوە. کە تەواویش بوو پەتەکەی لە سەر خۆی لاداو مریەمی جێهێشت.) لەو دەربرینەدا ئێمە پەیوەندی سێکسی نێوان ئەو دوو رەگەزە، وەک هێمایەک بۆ کۆی پەیوەندیەکانی تری نێوان ژن و پیاو دەبینین. پەیوەندیەک کە ئامانج لە هەبوونیدا، بە تەنیا تێرکردنی غەریزەی پیاوە بەبێ گوێدانە، لایەنی روحی و دەروونی ژن. لە کرداری سێکسی نێوان ئەو دوو رەگەزە تەنیا تێربوونی پیاو گرنگە. بەبێ گوێدانە سۆز و لاوانەوەی ئافرەت دوای ئەو پرۆسەیە، کەلەهەموو کاتێک زیاتر لەو چەند چرکە دەروونیەدا پێویستی بەو لاوانەوەیە. کەچی بە پێچەوانەوە، پیاوی رۆژهەڵات بە گشتی، هەرتەنیا تێربوونی خۆی بەلاوە گرنگە. بێگومان ئەم شێوازە لە پەیوەندی سێکسی دەلالەت لە جەلادیبوونی پیاو و قوربانی بوونی ژن دەکات. بەو مانایەی ئەوەی لێرەدا گرنگە و پێویستە لە بەرچاوبگیرێت، رادەی تێربوونی پیاوە. پرۆسەکە لێرەش کۆتایی نایەت، بەڵکو قۆناغێکی دیکە، لە چەرمەسەری دوای ئەو پرۆسە سێکسیە دەست پێدەکات، کە ئەویش پرۆسەی منداڵبوونە. بێگومان تێروانینێکی دیکەی پیاوی رۆژهەڵات بە گشتی، کە گوزارشت لە داخراوی ئەو ئەقلیەتە پەتریاکییەی دەکات کە هەیەتی، تەماشاکردنی ژنە وەک ئامێرێک بۆ بەرهەم هێنان، کە ئەویش خۆی لە پرۆسەی زاوزێ و منداڵبوون دەبینێتەوە. واتە وەک کارگەیەک ژن لە سەریەتی منداڵ بخاتەوە.دەنا لەروانگەی مێردەکەیەوە بە چاوێکی تر سەیر دەکرێت. کارەکتەری مریەم چونکە پێکهاتی بایۆلۆژی و فسیۆلۆژی بە شێوەیەکە ناتوانێ منداڵ بنێتەوە، ئیدی ئەمە وا لە رشیدی هاوسەری دەکات بە شێوەیەکی ترو بە چاوێکی تر تێی بروانێت. کێشەکە لەوەدانییە پێویستە ژن منداڵی ببێت، بەڵکو کارەسات ئەوەیە کە دەبێ منداڵێکی بەدڵی پیاوەکەی ببێت واتە کور. ئەمەش خەسڵەتێکی دیکەی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتییە. چونکە ئەو کۆمەڵگایانە هەموو شەهامەت و جوامێری و شکۆی خێزان و کۆمەڵگە لە رەگەزی نێردا دەبینەوە. بۆیەشە ئەگەر خێزانێک کوریان نەبێت، ئەگەر دەیان کچیشیان هەبێت، ئەوا لە تێروانینی کۆمەڵگە هەر وەچاغ کوێرن. هەر وەک رۆماننووس دەڵێ (مریەم خۆزگەی دەخواست رەشید ئەوەندە ئومێدی کوڕ نەبوایە).
هەمیشە پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لەو کۆمەڵگایانەدا، پەیوەندیەکی بێ کێشە نییە. کێشە لە هەمووشتێک، لە هەموودیاردەیەک و تەنانەت لە سادەترین و بێ ماناترین، دیاردەی ژیان. هەمیشە پیاو لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتدا، لە بۆسەی ئەوە دایە بیانوێک بە هاوسەرەکەی بگرێت و بەو هۆیەوە چی قەهرو توورەیی خۆی هەیە بە سەر ژنەکەی بیرێژێت. بۆیە لە زۆر کاتدا دەبینین بیانووگرتنی پیاوبە هاوسەرەکەی، هەندێ کات لە رەفتاری منداڵێکی شەرانگێز و نەگریس دەچێت. هەرشتێک بە دڵی ئەو نەبوو ئامادەیە قیامەت هەستێنێت. بۆیە ئەو رۆژە کاتێ مریەم ئەو چێشتەی ئامادەی کردوە، کەمێک سورە و بەدڵی رەشید نییە، رەشید بە تورەییەوە قاپی شلە و برنجەکە فرێدەدات و لەتۆڵەی ئەمە مشتێک وردە بەرد دەخاتە دەمی مریەمەوە. ئەگەرچی مریەم زۆر نزاو تکا دەکات کە واز لەو رەفتارە، شەرانگێزەو بێ مانایە بێنێت، وەلێ ئەوهەر سوورە (بە مریەمی وت ئەو بەردانە بخەرە دەمتەوە، بەزۆر دەمی مریەمی کردەوەوبەردەکانی خستە دەم. بەتوورەی وتی بیانجوو.) کاتێ مریەم بەردەکانی خستە دەمی و بە هۆیەوە ددانێکی شکا، ئەوسا رەشید پێی وت (ئێستا زانیت چیت داوە بەمن). هەڵبەتە ئەمە درێژکراوەی ئەو کلتورە توندوتیژیەو، روانیینە نامرۆڤانەی پیاوە بۆ ژن. ئەگینا لە بەرامبەر هەڵەیەکی بچوک و سادە، چۆن دەبێ بەو شێوە نامرۆڤانەیە مامەڵە لەگەڵ ژن بکرێت. رۆماننووس دەیەوێت پێمان بلێت کە تەنانەت، ئامادەکردنی خواردنیش بە کەموکورتیەوە لە لایەن ژن بۆ پیاوەکەی. باج دانی دەوێ.
کەسایەتییەکی دیکەی نێو رۆمانە، کە ئەویش شوناسی ژنی هەیە کارەکتەری (لەیلا)یە. ئەو کە لە باوەشی خێزانێکی بە هەمان شێوە پر ئاریشە دەژیت، تارادەیەک ئاسودەیە. ئەگەرچی نێوانی دایک و باوکی هەمیشە ئاژاوەیە. وەلێ لەیلا بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ باوکی جۆرێک لە سەربەستی هەیە.
لەیلا لەتەمەنێکی بچوک پەیوەندیەکی سۆزداری لەگەڵ گەنجێک بەناوی تارق، دەبەستێت. وردەوردە پەیوەندیەکەیان درێژە دەکێشێت، تارادەی پەیوەندی سێکسی و سەرەنجامیش کچێنی خۆی لەدەست دەدات. کەچی دواتر بەهۆی جەنگ و ماڵوێرانی و کارەسات، دایک و باوکی لەدەست دەدات و هەر بەو هۆیەوەش لە تارق دادەبڕێت. سەرەنجام بێ لانەو پەراگەندە دەبێت و بێکەس و هاودەم دەمێنێتەوە. تاکو دواجار لە ماڵی مریەم و رەشید خۆی دەبینێتەوە. ئەوان بۆ ماوەیەک لەروانگەیەکی مرۆییەوە خزمەتی دەکەن، وەلێ دواجار رەشید وەک گورگێکی برسی تەماحی لەیلا دەکات و دەیەوێت بیخوازێت. یاخود چی تر ئامادەنییە داڵدەی بدات. کاتێ ئەو رازەش لای مریەم دەدرکێنێ، مریەم بەرهەڵستی دەکات و هەرچۆنێک بێت دەیەوێت ئەو بروایەی لادروست بکات، کە ئەمە کارێکی هەڵەیە. بە تایبەتیش کە ئەوان مەودایەکی گەورەی تەمەنیان لە نێوانیاندا هەیە. وەلێ ئەمان ەهیچیان نابنە هۆکاری سارکردنەوەی رەشید لە بریارەکەی. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە لەیلا کچ نییە و ژنە. کاتێکیش، ئەو بریارە دەدات و هەرچۆنێک بێت لەیلا دەکاتە نێچیری خۆی. لەیلا ناچارە شەوی بوکێنی دوای تاریکی شەو و ئەنجامدانی کردارەکە، بەهەر شێوەیەکەوەبێت،بە چەقۆیەکەوە پەنجەی شایەتمانی خۆی ببڕێت و چەند دڵۆپێک خوێن برژێنێتە شوێنی پاڵکەوتیان و ئەو شوێنە خوێناوی بکات. بەمەش دەیەوێت وا لە رشید بگەیەنێت کە ئەو کچە. بەو شێوەیە کارەکە تەواو دەبێت و لەیلا دەبێتە ژنی دووەمی رەشید. بێگومان سایکۆلۆژیەتی مرۆڤی رۆژهەڵاتیش وایە، کە وێرای ئەوەی لە یەک کاتدا حەزی لە چەندان ژنە، هاوکات ناشتوانێ بەیەک چاو تەماشایان بکات و مامەڵەیان لەتەکدا بکات. چونکە وەک کاڵا دەروانێتە ژن، ئیدی هەمیشە نوێیەکەی بەلاوە جوانتر و خۆشتر و گرنگترە. هەموو ئەو تێروانینەشی لە سۆنگەی غەریزەکەیەتی، کەسێکسە. بۆیە رەشید، ژنە کۆنەکەی بە ئوتومبێلی ڤۆلگا و لەیلاش بە مارسییدس دەچوێنێت. ئاشکراشە ئوتومبێل جگە لە هێمایەک بۆ سواربوون هیچ مانایەکی تری نییە. کاتێ پیاو لە سواربوونیش وەرس دەبێت و ژنە نوێیەکەی بە هەمان شێوەی ژنە کۆنەکە دەسوێت لە تێروانینی خۆی، ئیدی بە هەمان شێوەی ژنە کۆنەکەی تێی دەروانێت. بۆیە دەبینین رەشید بە لەیلا دەلێت (تۆ بۆ وات لێهاتوە، من پەرییەکم هێنا کەچی ئێستا بە سەر پیرەژنێکەوەم، تۆش خەریکە وەک مریەمت لێدێت) لێرەدا کە حەزدەکات هاوسەرەکەی هەمیشە بە گەنجی بمێنێتەوە لە بەر ئەوە نییە کەمرۆڤە، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە غەریزەی ئەو تێر دەکات. بێگومان مەینەتیەکانی لەیلا و مریەم بەدەست رەشیدەوە درێژەیان دەبێت و هەموو رۆژێک لە لایەن ئەو پیاوەو دەچەوسێنرێنەوەو ئازار دەدرێن، تا ئەو رادەیەی بە بیانووی هەژاری منداڵەکەشیان لێ دەسێنێت و دەینێرێتە هەتیوخانە. بەم شێوەیە لە یلا و مریەم دەگاتە تینیان و بەمەبەستی کۆتایی هێنان بەو ژیانە دۆزەخیەیان. هەوڵدەدەن دەرفەتێک وەربگرن و لە ماڵ هەڵبێن. بۆیەشە دەرفەتێک وەردەگرن و کابول بەرەو پیشاور جێدێڵن.بەڵام لەوێ دەکەونە داوی پۆلیس و لەروانگەی پۆلیسیش هەڵاتنی ژن لای مێردەکەی بە تاوان دادەنرێت، بۆیە جارێکی پۆلیس دەیانگێڕێتەوە لای رەشید، هەرچەندە زۆر تکاو نزاش دەکەن و دەیانەوێت پۆلیس تێبگەیەنن کەچوونەوە لای رەشید بەمانای مەرگێکی حەتمی، بەڵام ئەو نزایە، دادیان نادات و سەرەنجام وەک ئەوەی تاوانێکی یەکجار گەورەیان ئەنجام دابێت، دەیانبەنەوە لای رەشید. کاتێ دەگەنەوە ماڵیش ئەوا هەر چۆنێک بێت دەبێ باجی ئەو تاوانەیان بدەن و رەشید هەردووکیان زۆر نامرۆڤانە زیندانی دەکات و ئازارێکی زۆریان دەدات و تەنانەت بۆ ماوەی چەند رۆژێک خواردن وخۆراکیشیان پێ نادات. هەموو ئەو رەفتارەی رەشید لە سۆنگەی ئەو تاوانەیتیان کە چۆن ماڵیان جێ هێشتووە. لە کاتێکدا ژیان لەو ماڵەدا چەند هەنگاوێک جیاوازە لە گەڵ ژیان لە دۆزەخدا. بەو مانایەی مامەڵەی ئەو پیاوە کە سیمبولە بۆ کۆی پیاوانی رۆژهەڵات، هەرگیز مامەڵەیەکی مرۆڤدۆستانە و ژیاندۆستانە نەبووە. بەڵکو وەک کۆیلەی خۆی تەماشای کردون. هەڵبەتە هەمووشمان دەزانین تاکە دەروازەیەک کە ژنی رۆژهەڵاتی بە رزگاربوونی خۆی بزانێت، لە ژیانی دۆزەخی ماڵ، هەڵاتنیەتی. بۆیە ئەمە دیاردەیەکی بەرچاوی کۆمەڵایەتییە لەو کۆمەڵگایانەدا، کە بە داخەوە دواجار هەرچۆنێک بێت دەبێ، بە خوێن و کوشتن باجی ئەو هەڵەیان بدەن. لەو سۆنگەیەشەوە لیلی و مریەم کە جارێکی تر، بە زۆر دەیانگێڕنەوە ماڵ، بە هەمان شێوە ئەو توندوتیژی و چەوسانەوەو سەختی ژیانەی کە پێشتر لە سایەی رەشید تێی دابوون، درێژە دەکێشێت و تۆزقاڵێکیش ئەو پیاوە لەو رەفتارە شەرانگێزە و نامرۆڤانەیەی خۆی ناگۆڕێت. بێگومان ئەمەش هەردوو ژنەکە ناچار دەکات، کە ئەمجارەیان بیر لە رێگەی چارەیەکی تر بکەنەوە، کە تیایدا کۆتایی بە ژیانی رەشید بێنن. چونکە ئەوان دڵنیان بێ مەرگی رەشید مەحاڵە کۆتای بە ستەم و ئازارەکانی ئەوانیش بێت. هەربۆیەشە بە هاوبەشی لەرێی پیلانێک و لە رۆژێکدا رەشید بە خاکەناس دەکوژنو بە هۆی ئەو تاوانەشەوە، مریەم کە قوربانی بە خۆی دەدات لە پێناو لیلی و منداڵەکانی دادگایی دەکرێت و سزا دەدرێت. لیلی و منداڵەکانیشی هەرچۆنێک بێت تارق دەدۆزنەوە و ژیانێکی نوێ دەست پێدەکەنەوە، بە مەش کۆتایی بە رووداوەکانی نێو رۆمانەکە دێت. بێگومان ئەوەی شایەنی ئاماژەدانە ئەوەیە کە ئە فغانییەکان، وێرای ئەو هەموو شەرو ماڵوێرانکاریو کارەساتە، لە وڵاتەکەیاندا کە چی بە دەگمەن ئامادەن خاکو نیشتمانیان جێبێلنو بە پێچەوانە بە ئەندازەیەکی زۆر خاک و وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت و هەمیشە بە ئومێدی ژیانێکی نوێ دەژین و دەمرن. ئەمە لە لایەک لە یەکی ترەوە لە پشت ئەو رووداوانەوە ئێمە تراژیدیایەک دەبینین، کە ئەویش تراژیدیای ژنبوونە لەو کۆمەڵگایەدا، کە چ نە هامەتی و مەرگەساتێکی گەورەیە، بە رادەیەک کەوەک مرۆڤێک سەرنج نادرێتو مامەڵەی لە گەڵ ناکرێت. هەڵبەتە ئەمەش تارادەیەک کلتووری هەموو ئەو وڵاتە خێڵەکیو دواکەوتوانەیە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دان. بۆیە گەر سەرنج بدەین دەبینین کە شوهەوای ئەم رۆمانە لە رووی کارەکتەر و گێرانەوە و بابەت و تەنانەت شوێن و ناویشدا، لە کەشو هەوایەکی کوردەواریانە نزیکەو، خوێنەر کەرۆمانەکە دەخوێنێتەوە وا هەست دەکات رووداوەکان، لە شوێنگە و ژینگەی ئێمە روویداون. بێگومان ئەمەش سەرکەوتوویی وەرگێرانەکە دەگەیەنێت. ماوەتەوە بلێین کە رۆماننووس، زیرەکانە لە رێی تەکنیکی (مۆنتاژی سینەمایی) کە تەکنیکێکی نوێی رۆمانی هاوچەرخە توانیویەتی رووداوەکان تێکەڵ بکات و گەمە بە گێرانەوەیان بکات، بە رادەیەک دەشێ وەک چەند دیمەنێکی هاوبەش لە هەمان کاتیشدا لە یەک دابراو، رۆمانەکە بخوێنینەوە. وێرای ئەمەش لایەنێکی دیکەی ئستاتیکی ئەو رۆمانە، بە بۆچوونی من ئەو شیعریەتەیە، کە تێکەڵ بە گێرانەوەی چیرۆکەکە کراوە. وێرای لایەنی وەسفی دیمەن و شوێن و کارەکتەرەکان، بە ئەندازەیەک کە سەرنجی خوێنەر بۆ خۆی کێش بکات. وەلێ ئێمە چونکە بە تەنها لە سەر مەوداو رەنگدانەوەی ژن لە نێوو رووداوەکانی ئەو رۆمانە وەستاین، لایەنی تەکنیکی رۆمانەکەمان، شرۆڤە نەکرد، کە خوایاربێت دەکرێ لە دەرفەتێکدا بە چری و بە درێژی بێینەوە سەری. لە کۆتاییدا دەلێم خوێنەر کە لە خوێنەوەی ئەو رۆمانە دەبێتەوە، بە راستی دڵنیا دەبێت لەوەی کە شاکارێکی خوێندۆتەوە.

تێبینی/ ( هەزار خۆری درەوشاوە) رۆمانێکی رۆماننووسی ئەفغانی (خالید حوسینی)یە و بە خامە رەنگینەکەی وەرگێڕی لێهاتوو و بەتوانا (ئازاد بەرزنجی) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.