به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای مردن
یه‌کێک له ئامێره هه‌ره دزێوه‌کان که شۆڕشی فه‌ره‌نسی ئافراندی، ئامێری گیۆتین بوو، جۆر مه‌کینه‌یه‌کی زه‌به‌لاحه، له سه‌ره‌وه چه‌قۆیه‌کی تابڵێی تیژ و قورس داده‌نرا و له کاتی پێویستیشدا به خێراییه‌کی سهرسوڕێنهرهوه، به‌رده‌درایه‌وه سه‌ر ملی ئه‌و تاوانباره‌ی که حوکمی مردنی به سه‌ردا سه‌پێندراوه ؛ ئه‌م ئامێره، به ئامێری یه‌کسانیی نێوزه‌د کرا چونکه هه‌موو تاوانبارێک که حوکمی مردنی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرا، ئیتر به‌و گیۆتینه سه‌ری له جه‌سته‌ی لێدکراوهتهوه، جا ئه‌و که‌سه چ ئه‌ریستۆکراسی بوایه، یا له ره‌شه خه‌ڵکه‌که، لویسی شانزه خۆشی له‌و مه‌کینه‌یه رزگاری نابێت. به ئامێری یه‌کسانی نێوزهدکرا، چونکه لهوهوهپێش، ئه‌گه‌ر یه‌کێک سه‌ر به چینی ئه‌ریستۆکرات و نه‌جیبزاده‌کان نه‌بوایه، ئه‌وه پێش کوشتنی، ده‌یان جۆره ئه‌شکه‌نجه‌ی دیکه هه‌بوون بۆ ئازاردانی تاوانبار، له ناوبردنیشی له رێگای سێداره‌دانه‌وه ده‌بوو. ڤیکتۆر هۆگۆ له شوێنێک ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات که شۆڕشی فه‌ره‌نسی دوو روخساری هه‌یه، روخسارێکی له ئیحای یه‌زدانه‌وه په‌یدابووه که له ئازادی و برایه‌تی و یه‌کسانی به‌رجه‌سته ده‌بێت ، روخساره‌که‌ی دیش له‌و ئامێره به‌دناوه به‌رجه‌سته ده‌بێت که گیۆتینی پێ ده‌ڵێن.
ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی سزای سه‌پاندنی مردن به‌سه‌ر که‌سێک بکه‌ین، ئه‌و کات تێده‌گه‌ین که ئه‌م سزایه، به پێی هه‌لومه‌ر و کۆنتێکسته مێژووییه‌کان، به پێی به‌هاگه‌لی رۆحانی و ساته‌وه‌خته دژواره‌کان، گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا هاتووه. هه‌ر له کۆده‌که‌ی حه‌مورابییه‌وه که له دهشتهییاکانی مێزۆپۆتامیا، له رێگای سروشی خوداوه‌ندی شهمهشهوه، نزیکه‌ی هه‌زار و حه‌وت سه‌د ساڵ پێش له دایکبوونی عیسا، له سه‌ر له‌وحه‌کان داده‌ڕێژرێن و تیایا سزای سه‌پاندنی مردنی تیا چه‌سپ ده‌کرێت و یاسا هه‌ره به‌ناوبانگه‌که‌ی “چاو به‌رامبه‌ر به چاو و دان به‌رامبه‌ر به دان” دهئافرێندرێت و دواجار ده‌چێته سه‌ر له‌وحه‌کانی مو‌سا که یاسا و شهریعهکانی ئاینی جووله‌که‌ی پێ ده‌ناسرێته‌وه، پاشانیش له ئاینی ئیسلامیشدا ره‌نگده‌داته‌وه و جێگیرده‌بێت.
له مێژووی ئه‌ورووپادا، تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده، به شێوه‌یه‌کی له‌به‌رچاو ئه‌م سزایه پراکتیزه ده‌کرا، تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که ئیتر له ناوبردن و له‌ناوبردنی ئه‌م سزایه له سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی یاسا ده‌بێته جێی مشتومڕی رووناکبیران و سیاسه‌تمه‌داران و یاساناسان. ئه‌مه سزایه، سزای گرووپێکه به‌سه‌ر تاکه‌که‌سێک، کاتێک ئه‌و تاکه له ده‌ستوور و رێساکانی کۆمه‌ڵ لا ده‌دات، بۆیه له ناوبردنی جه‌سته‌یی ده‌بێته تاقه چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ببێته عیبرهتێکیش بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی تاوانی له‌وجۆره ده‌ده‌ن و بنبڕکردنی خراپه له‌ودا به‌رجه‌سته ده‌کرێت.
سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی ئه‌م سزایه له مێژووی دێریندا، پراکتیزه کراوه، به‌ڵام، ئه‌م سزایه له سه‌ده‌ی حه‌وته‌مدا، له سه‌ر خاکی تیبیت سڕاوه‌ته‌وه، چونکه له‌ناوبردنی ئه‌وه‌ی دیکه مافی ئینسانه‌کان نییه. له سه‌رده‌می نوێشدا، به تایبه‌ت له‌م سه‌د و په‌نجا ساڵه‌ی دوایی، هۆشیاریی ئینسان سه‌باره‌ت به مافی ژیان، له گه‌شه‌سه‌ندن دایه و ئه‌و مافه به که‌س ره‌وا نابینرێت، که به‌شێوه‌یه‌کی پێشوخت بڕیاری له ناوبردنی که‌سێکی دیکه بدات. ده‌بینین له وڵاتێکی وه‌کو ڤه‌نزه‌وێلا هه‌ر له ساڵی 1863ه‌وه ئه‌م سزایه هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه و دیسانه‌وه له شانه‌شینی پورتوغالیش، له ساڵی 1867 ه‌وه ئه‌م سزایه له به‌نده‌کانی کتێبه‌کانی دادوه‌ریی دا دهسڕێندرێتهوه . یه‌کێک له به‌ڵگه‌نامه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیشدا که له ساڵی 1948 داده‌ڕێژرێت، له مادده‌ی 3، له جاڕی گه‌ردوونی سه‌باره‌ت به مافه‌کانی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا، جه‌خت له چه‌مکی “مافی ژیان” وه‌کو مافێکی گه‌ردوونی ده‌کات ؛ به شێوه‌یه‌کی په‌نهان، دژی سزای سه‌پاندنی مردن ته‌فسیرده‌کرێت.
به هاتنی میتێران، سهرهکۆماری سۆسیالیست بۆ سه‌رحوکم له ساڵی 1981، سزای سه‌پاندنی مردن له فه‌ره‌نسای داهێنه‌ری گیۆتین، هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه و به شێوه‌یه‌کی له‌به‌رچاویش، له ساڵی 2003ه‌وه. 10 تشرینی یه‌که‌م وه‌کو رۆژی دژ به سزای سه‌پاندنی مردن له لایه‌ن هاوپه‌یمانێتی جیهانییدا، بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرێت و یه‌کێتی ئه‌ورووپا یه‌کێکه له هانده‌ر و پاڵپشته‌کانی.
له‌م ماوه‌یه‌ی دواییشدا، شانه‌شینی مه‌غریب له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، ئه‌م سزایه له سه‌ر له‌وحه یاساییه‌کانی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.
تاکو ئێستاش، مشت‌ومڕ سه‌باره‌ت به‌م یاسایه له گۆڕی دایه، ناوبه‌ناو دێته‌وه سه‌ر زاری خه‌ڵک. ئایا هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م سزایه چ په‌یامێکی پێیه؟
په‌یامی یه‌که‌می هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای سه‌پاندنی مردن به‌سه‌ر یه‌کێکدا، جه‌خت له سه‌ر ئه‌و خاڵه ده‌کات که ژیان گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌یه و مافی له‌ناوبردنی ژیان به ده‌ستی هیچ که‌س و گرووپ و رێکخراوێکی دیاریکراو نییه و هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م سزایه ههنگاوێکی دیکه ئینسان له ئینسانییه‌تی خۆی نزیکی ده‌کاته‌وه. له سه‌ر هه‌مووشییه‌وه هه‌ڵوێسته و ئێستێکیشه به‌رامبه‌ر به ویژدان و قووڵکردنی ره‌هه‌ندێکی دیکه‌ی هۆشیارییه به‌رامبه‌ر به‌وی دیکه.
هه‌روه‌ها پچڕاندنی رۆحی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه که کوشتن به یه‌کێک له ئه‌ڵقه هه‌ره تونده‌کانی ده‌ژمێردرێت. ده‌بێت ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش بکرێت که یه‌کێک له ره‌هه‌نده هه‌ره له‌به‌رچاوه‌کان و مێژووییه‌کانی سزای سه‌پاندنی مردن، به‌رجسته‌کردنی خراپه‌یه له‌وی دیکه و به سه‌پاندنی ئه‌م سزایه، گوایه ئه‌مه هه‌وڵدانێکه بۆ بنبڕکردنی خراپه، به‌ڵام ئه‌م سزایه له تینوشکاندنێکی کاتیی هێچ شتێکی دیکه نییه، چونکه ژینگه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی خراپه به پله‌ی یه‌که‌م لێپرسراون به‌رامبه‌ر به خراپبوونی ئینسانه‌کان، واته رۆڵه‌کانی په‌روه‌رده و بڵاوکردنه‌وه هه‌ستی لێبوردوویی و فراونکردنی پانتاییه‌کانی رێزگرتن و هه‌وڵدان بۆ جێگیرکردنی یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی، دابینکردن شانسی سه‌رکه‌وتن به هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ و پته‌وکردنی رۆحی پێکه‌وژیان ده‌بنه ئه‌و گه‌ره‌نتییانه‌ی که کۆمه‌ڵگه له رێڕه‌وی ته‌ندروستی خۆیدا مه‌رجه‌کانی ژیانێکی ئینسانی فه‌راهه‌م بکات. له سه‌رووی ههموشییهوه، به‌ستنی گرێبهندییهکی قووڵه له نێوان تاکه‌کاندا، که مافی ژیان ده‌بێته ئه‌ڵقه هه‌ره پته‌وه‌کانی و چه‌ندین ده‌رسیش ئاراسته‌ی ئینسانه‌کان ده‌کات.
چونکه له کۆتاییدا، به سه‌پاندنی سزای مردن، نه ده‌توانرێت که‌سی دیکه‌ی بژێنێدرێتهوه، نه گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌شمان ده‌داتێ که کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندورست بنیات بنێین، چونکه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م سزایه له پێناو تۆقاندنی ئه‌وانه‌ی دیکه‌ی و له ئه‌شکه‌نجه زیاده‌ڕه‌و زیاتریشی بۆ تاوانباره‌که‌ی پێ نییه!
ئه‌م بابه‌ته له ژماره‌ی 14 لۆمۆندی دیپلۆماتیک بڵاوبۆته‌وه.