به‌رسیله‌ی گومان و ترێی یه‌قین
ئه‌گه‌ر نووسه‌ر به خۆڕسک به‌هره‌مه‌ند نه‌بوو، گه‌ره‌که وه‌ک فلوبێر به کۆششی به‌رده‌وام، به‌هره په‌یدا بکات، ئه‌وانه‌ی به‌رهه‌مه سه‌ره‌تایییه‌کانی فلوبێر بکه‌ن به پێوانه، هه‌رگیز پێشبینی ئه‌وه ناکه‌ن، ئه‌و بلیمه‌ته‌ی لێ ده‌ربچێت. وه‌ک چۆن سیاسه‌تکاری گه‌نده‌ڵره‌وتار، وێنه‌ی سیاسه‌تکاری خاوێنیش ده‌شێوێنێت، نووسه‌ری خراپیش زیان به نووسه‌ری چاک ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و خوێنه‌رانه‌یشی به ئه‌ده‌بی بازاڕی سه‌رسام ده‌بن، که‌یفیان به ئه‌ده‌بی باڵا نایه‌ت، ئه‌سته‌مه که‌سێک زڕه‌ڕۆمانێکی وه‌ک کۆدی دافنشیی دان براونی پێ لوتکه بێت و دواتر بچێت شاکاره‌کانی پروست، بورخێس، کافکا یان جۆیس بخوێنێته‌وه. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک شه‌یدای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی باڵا بێت، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی داهێنه‌ر و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت و وه‌ک مه‌حاڵ وایه هیچ ده‌سه‌ڵاتێک له توانایدا هه‌بێت، کۆمه‌ڵگه‌ی وه‌ها فریو بدات.(1)
ڕه‌نگه لایه‌نی لاوازی ماریۆ ڤارگاس یۆسا ئه‌وه بێت، گه‌له‌ک شه‌یدای ڕاکێشانی سه‌رنجی فلاشی کامێرایه و به چاوپۆشین له بیروڕای ئه‌م و ئه‌و، هه‌وڵ ده‌دات هه‌میشه تیشکی له‌سه‌ر بێت، ئه‌وه بۆیه هه‌ندێک به پیاوێکی تاووسڕه‌وتار ناوی ده‌به‌ن. له کاتێکدا زێتر له سێ میلیۆن که‌س، دژی هێرشی ئه‌مریکا، ڕژابوونه سه‌ر شه‌قامه‌کانی مه‌درید، ئه‌و ڕاشکاوانه، دژ به هه‌ڵوێستی زۆربه‌ی ڕۆشنبیرانی ئیسپانیا، گوتی: من له‌گه‌ڵ ئه‌و جه‌نگه‌دام که ئه‌مریکا له دژی عێراق هه‌ڵی گیرساندووه، ته‌نانه‌ت که ئه‌مریکا له ئه‌پریلی 2003 دا، عێراقی داگیر ده‌کات، ئه‌و له 25 ی حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵدا، به فڕۆکه‌ی سه‌ربازی ده‌گاته به‌غدا و کتێبێکیش له باره‌ی ئه‌و گه‌شته‌یه‌وه ده‌نووسێت.
ماریۆ ڤارگاس یۆسا کتێبه‌که‌ی ناو ده‌نێت: (ڕۆژانه‌یادداشت له عێراقه‌وه،) که تێیدا بیره‌وه‌رییه‌کانی له باره‌ی ئه‌و دوازده ڕۆژه‌وه ده‌گێڕێته‌وه که له عێراقدا به‌سه‌ری ده‌بات. کتێبه‌که که له هه‌شت به‌ش پێک دێت، به‌شی حه‌وته‌مینی تایبه‌ت ده‌بێت به کورد و تێیدا یۆسا باسی ئه‌و سته‌مانه ده‌کات که کورد له (1975)ه‌وه تا 1991 له سایه‌ی به‌عسدا تووشی هاتووه، ئیدی هه‌ر له کاولکردنی گونده‌کانی کوردستان و ڕاگوێزانه‌وه تا کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و کۆڕه‌و. ئه‌و له‌و گه‌شته‌یدا ڕاستگۆیانه باس له عه‌ره‌باندن و ژماره‌ی قوربانییه‌کانی کورد و تاوانه‌کانی عه‌لی کیمیکاڵ ده‌کات. یۆسا له‌و سه‌فه‌ره‌یدا سه‌رێک له سلێمانی ده‌دات و وه‌سفێکی هێنده جوانی ده‌کات، ڕه‌نگه چاوی خوێنه‌ری خه‌ڵکی ئه‌و شاره، فرمێسکی تێ بزێت. له باسی جلوبه‌رگی پێشمه‌رگه‌دا ده‌ڵێت: (تۆ بڵێیت ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه، ئیلهامی دیزاینی پۆشاکه‌کانیان له پۆرترێته‌کانی ڕامبرانت نه‌دزی بێت؟) له باره‌ی سلێمانییه‌وه ده‌نووسێت: (شارێکه جوان، کیژان به شه‌قامه خاوێنه‌کانیدا، که ئه‌ملا و ئه‌ولایان به دره‌خت ته‌نراوه، به پۆشاکی خۆرئاوایییه‌وه پیاسه ده‌که‌ن. دارستانێک له سینیی سه‌ته‌لایه‌ت، سه‌ربانه‌کانی شاریان داگیر کردووه.)(2)
یۆسا ده‌ڵێت: هه‌رچه‌نده باوکمم خۆش نه‌ده‌ویست، به‌ڵام خۆم به قه‌رزداری ده‌زانم، ئاخر ئه‌وه ئه‌و بوو وای لێ کردم ئازادانه بیر بکه‌مه‌وه و ڕکم له هه‌موو جۆره گوشار و هه‌ژموونێک ببێته‌وه، باوکم نه‌بووایه، نه‌ده‌بوومه ئه‌و نووسه‌ره‌ی ئێستا هه‌م. که سارته‌ر و کامو له گۆڤاری (سه‌رده‌مه تازه‌کان)دا، گوتوبێژیان ده‌کرد، بۆ من ئه‌وه ڕووداوێکی گه‌وره بوو، له (لیما)وه، به په‌رۆشه‌وه، دوای ئه‌و ململانێ فیکرییه ده‌که‌وتم. هه‌م ئه‌وه‌م پێ جوان بوو که سارته‌ر ده‌یگوت: وشه کرده‌وه‌یه، به گژ سته‌مدا ده‌چێته‌وه و له گۆڕینی ژیاندا، چالاکانه به‌شدار ده‌بێت، هه‌م ئه‌وه‌یش سه‌رسامی ده‌کردم که کامو ده‌یفه‌رموو: نابێت مۆراڵ له سیاسه‌ت جیا بکرێته‌وه، ئه‌گه‌ر نا، زه‌بروزه‌نگ په‌ره ده‌ستێنێت و به‌ربه‌ریزم باڵی ڕه‌شی به‌سه‌ر دنیادا ده‌کێشێت. ولیه‌م فۆکنه‌رم خۆش ده‌ویست به‌ڵام لاسایی هه‌مه‌نگوایم ده‌کرده‌وه، هه‌ر چییه‌ک به زمانی ئیسپانیایی بنووسرێت، بۆنی سێرڤانتسی لێ دێت. که چوومه ئه‌ورووپا، له‌وێ ئه‌وه فێر بووم، که‌س به ڕێکه‌وت نابێت به نووسه‌ر، به‌نووسه‌ربوون، زاده‌ی خولیا، خه‌بات و دیسپلینه. خه‌یاڵی من ڕیالیسته، جادوویی نییه، مه‌به‌ستم له خه‌یاڵی واقیعی، خه‌یاڵیکه جێگه‌ی بڕوای خوێنه‌ر بێت. من بۆیه خه‌یاڵ تێکه‌ڵ به ڕووداو ده‌که‌م، تا درۆی جوانتر دابهێنم. (ڕۆمان نیشتمانێکه له درۆ، به‌ڵام شیعر ویژدانی دنیایه، ئه‌وه بۆیه ئینسان که بیر ده‌کاته‌وه هه‌ر ده‌ڵێیت ده‌رۆزه‌که‌ره، وه‌لێ که شیعر ده‌نووسێت له خوداوه‌ند ده‌چێت.)(3)
هه‌موو شتێک پشت به شێوه ده‌به‌ستێت، ئاخر شێوه بناغه‌یه و فڵان بابه‌ت جوانه یان نا؟ وه‌ڵام لای شێوه‌یه که فاکته‌ری کاربڕه، ئه‌وه بۆیه ڕۆماننووس، پێش هه‌موو شتێک، گه‌ره‌که هونه‌رمه‌ندێکی وه‌ها لێزان بێت، توانای داهێنانی شێوه‌ی نوێی هه‌بێت. نابێت نووسه‌ر وه‌ک په‌یکه‌ر به‌رده‌وام له جێیه‌کی نه‌گۆڕدا بێت، هه‌میشه دژی ئه‌وه بووم، نووسه‌ر وه‌ک مارسیل پروست له‌ناو کتێبخانه‌که‌یدا ژیان به‌سه‌ر ببات، نووسه‌ر پێویستی به‌وه هه‌یه، هه‌میشه پێوه‌ندیی به دنیاوه هه‌بێت، ئه‌وه بۆیه من له بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕاگه‌یاندنیشدا چالاکی ده‌نوێنم.(4)
یۆسا شاعیرێکی خراپ ده‌بێت، وه‌لێ که ڕوو ده‌کاته ڕۆمان و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، له هه‌ردوو بواره‌که‌دا به لوتکه ده‌گات و ده‌بێت به یه‌کێک له‌وانه‌ی ڕێڕه‌وی ڕووباری ژیان ده‌گۆڕن، ئه‌وه بۆیه دوژمنه‌کانی، پێش دۆسته‌کانی به‌رهه‌می ده‌خوێننه‌وه. ئه‌و زوو زوو له‌سه‌ر سیاسه‌ت قسه ده‌کات، هه‌رچه‌نده ژینگه‌ی سیاسی هێنده پۆخڵه، ڕه‌نگه ببێته هۆی پیسکردنی ڕۆحی نووسه‌ر. کافکا که له دنیای به‌رین بێزار ده‌بوو، ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ناخی خۆی، یۆسا له هه‌واری ناخی خۆیه‌وه به ڕێ ده‌که‌وێت و دنیا ده‌کات به نیشتمانی خۆی، ئه‌وه بۆیه، ئه‌وێک که به‌شێکه له گیانی سه‌رده‌مه‌که، نزیکه‌ی هه‌میشه قسه‌یه‌کی هه‌یه، شیاوی گو‌تن بێت و پێی وایه و ڕاستیشی بۆ چووگه، بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی ئه‌وانی دیکه بکه‌یت، پێویسته خۆتیان لێ جوێ بکه‌یته‌وه و ڕێیه‌کی نوێ بدۆزیته‌وه.
کارلۆس فۆینتس له (کورسییه‌که‌ی هه‌ڵۆ)دا که ڕۆمانێکه ته‌رخانه بۆ باسی دیکتاتۆر، ڕووناکی ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ی که ڕێی به‌ره‌و کورسی، به ناپاکیکردن و خوێنڕشتندا تێده‌په‌ڕێت. له ڕوانگه‌ی وییه‌وه مه‌حاڵه ئینسانێک خاوێن بێت و ده‌ستی له کورسیی ده‌سه‌ڵات گیر ببێت، ئاخر ده‌سه‌ڵاتخوازان به په‌یژه‌ی شه‌رمه‌زاریدا نه‌بێت، ناگه‌نه عه‌رشی ده‌سه‌ڵات. دیکتاتۆر چونکه به ئه‌وین نامۆیه، ده‌بێته ڕه‌مزی ڕک و کینه، ڕیسواکردنی دیکتاتۆر به ڕۆمان، بواری کاری ماریۆ ڤارگاس یۆسایشه، ئه‌وه نییه له (ئاهه‌نگی نێری)دا، ئه‌و جۆره ڕۆمانه‌ی به لوتکه گه‌یاندووه. یۆسا ده‌رباره‌ی ئاهه‌نگی نێری ده‌ڵێت: (شێوازی نووسینه‌که‌ی له بابه‌ته‌که‌ی بایه‌خدارتره، زمان و بونیاده‌که‌ی له خودی چیرۆکه‌که گرنگترن، ئه‌ده‌بێکه خوێنه‌ر هێنده سه‌رقاڵ ده‌کات، تا ئه‌و ئاسته‌ی دووچاری دڵه‌ڕاوکێ ده‌بێت. ڕۆمان سه‌رچاوه‌ی ڕه‌خنه‌گرتنه له کۆمه‌ڵگه، ئه‌وه بۆیه سیسته‌مه سته‌مکاره‌کان، سانسۆری له‌سه‌ر داده‌نێن.) ڕۆمانی ئاهه‌نگی نێری که باس له ڕافاێیل تروخیللۆسی دیکتاتۆری کۆماری دۆمینیکان که له 1930 دا ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست و له 1961 کوژرا، ده‌کات و هه‌ر ده‌ڵێیت باس، باسی سه‌ددام حوسه‌ینی سه‌رکۆماری عێراقه، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی هێنده مه‌زنی هه‌بوو، زۆر که‌س پێیان وایه، ئه‌وه ئه‌و ڕۆمانه بوو، که ڕه‌نگه ڕۆمانی له‌وه جوانتر له لاتین ئه‌مریکادا نه‌نووسرابێت، یۆسای به خه‌ڵاتی نۆبێڵ گه‌یاند.
له ڕۆمانی (کچێکی به‌د)دا که زۆر که‌س به (مه‌دام بۆڤاری)ی (فلوبێر)ی به‌روارد ده‌که‌ن، یۆسا چیرۆکێک ده‌گێڕێته‌وه، تێیدا کیژه‌که به‌رده‌وام (هه‌ڵه) ده‌کات و کوڕه‌که هه‌میشه لێی ده‌بوورێت. ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی کچه‌که ده‌یکات، بکه‌وێته خانه‌ی ئازادیی سێکسییه‌وه و که‌س مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وتاره‌ی سه‌رکۆنه‌ی بکات. هه‌قه ئه‌وه‌یش بڵێم، یۆسا هێنده به مادام بۆڤاری سه‌رسام ده‌بێت، باسێکی جوان له باره‌یه‌وه ده‌نووسێت. (ماڵه سه‌وزه‌که)یش که یه‌کێکی دیکه‌یه له ڕۆمانه‌کانی، باسی ماڵێک ده‌کات بۆ سێکسفرۆشی ته‌رخان کراوه که ده‌سووتێت، کاول ده‌بێت و سه‌رله‌نوێ ڕۆ ده‌نرێته‌وه و یۆسا له تافی لاوی‌دا سه‌ردانی کردووه. یۆسا به نۆزده ساڵی له‌گه‌ڵ جولیا ناوێکی خزمی خۆیدا زه‌ماوه‌ند ده‌کات، که زۆر له خۆی گه‌وره‌تر ده‌بێت، ڕۆمانی (میمکه جولیا و نووسه‌ر،) زاده‌ی ئه‌و زه‌ماوه‌نده‌یه.
یۆسا له (په‌سه‌ندانی باوه‌ژن)یشدا که ڕۆمانێکی ئێرۆتیکایییه، دیسانه‌وه خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌کات. ئه‌وه‌ی ده‌قێک به زیندوویی ده‌هێڵێته‌وه، خودی ده‌قه‌که‌یه، ئاخر تێکستێک ئه‌گه‌ر ڕووت و ڕه‌جاڵ بێت، ده‌یان ڕه‌خنه‌گری مارانه به باڵایدا هه‌ڵبڵێن، ڕۆژێک ناخه‌نه سه‌ر ته‌مه‌نی کورتی. ده‌قه‌کانی یۆسا، ئه‌وه خۆیانن داکۆکی له خۆیان ده‌که‌ن و هیچ حه‌وجه‌یان به کۆمه‌کی ده‌ره‌کی نییه. مێردمنداڵێک که به پوورێ، باوه‌ژنی بانگ ده‌کات، وای له ساڵح عه‌لمانی که وه‌رگێڕی عه‌ره‌بییه، کردووه، ناوی (په‌سندانی پوور) له ڕۆمانی (په‌سندانی باوه‌ژن،)ی ماریۆ ڤارگاس یۆسا بنێت.(*) یۆسا له‌و ڕۆمانه‌یدا که به زمانێکی باڵا نووسیویه‌تی، شه‌ش تابلۆی ناوداری که له‌گه‌ڵ ده‌قه‌که‌دا بڵاوی کردوونه‌وه، وه‌گه‌ڕ خستووه، ئه‌مه‌یش ته‌کنیکێکی نوێیه و ڕه‌نگه پێش ئه‌و هیچ نووسه‌رێکی دیکه، وه‌ها مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌ری شێوه‌کاریدا نه‌کردبێت. کانداولیس که پاشای لیدیا بووه و جاکوب جۆردانێس به تابلۆیه‌ک که له مۆزه‌ی ستۆکهۆڵمدا پارێزراوه، به سه‌ری کردووه‌ته‌وه، ده‌ڵێت: (له گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا گه‌لێک سه‌رکه‌وتنم به ده‌ست هێناوه، وه‌لێ زێتر شانازی به‌و نه‌به‌ردانه‌وه ده‌که‌م که شه‌وان له جێخه‌ودا تۆمارم کردوون.) ئه‌وه‌ی له جێخه‌ودا ده‌گوزه‌رێت، جێی بایه‌خی ڕۆمانی په‌سندانی باوه‌ژنیشه.
لایه‌نێکی گرنگی دیکه‌ی ڕۆمانه‌که، بوێرییه، بوێرییه‌ک که خوێنه‌ر تووشی حه‌په‌سان ده‌کات. ئایا ئه‌وه لوتکه‌ی بوێری نییه، نووسه‌ر ڕووداوه‌کان وه‌ها بچنێت که منداڵێک، له ڕێی سێکسکردنه‌وه له‌گه‌ڵ باوه‌ژنیدا، داوێکی وای بۆ بنێته‌وه، به ده‌رکردنی بدات و به‌و شێوه‌یه ڕێگه نه‌دات، ژنێکی دیکه، جێی دایکی بگرێته‌وه؟ به مه‌رجێک باوکی، ته‌واو شه‌یدای ژنه‌یه و به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌دات پێوه‌ندیی نێوان خۆی و ژنه‌که‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندتر بکات و ته‌نیا ئه‌و ژنه قاره‌مانی خه‌ونه سێکسییه‌کانی و ئاره‌زووه نهێنییه‌کانیه‌تی و هه‌رگیز بێجگه له لای ژنه‌که‌ی، لای که‌سی دیکه، به دوای چێژدا ناگه‌ڕێت.
(وه‌ک سه‌ر چۆن پڕ، به کڵاوه،
وه‌ک پێ چۆن پڕ، به پێڵاوه،(**)
گۆی مه‌مکی تۆش،
پڕ به ده‌روازه‌ی گوێچکه‌مه،
لێم گه‌ڕێ با،
گوێ بۆ ڕازی مه‌مکت شل که‌م!
گه‌ر تۆ نه‌بای،
ده‌مردم و نه‌مده‌زانی
چێژ مانای چی،
من له‌نێو باوه‌شی تۆدا،
خۆمم لێ ده‌بێ به پاشا.
ئه‌وینی تۆ وای کردووه،
هه‌ست به جووڵه‌ی زه‌مان نا‌که‌م،
وا ده‌فکرم،
له ئامێزی گه‌رمی تۆدا
نه پیر ده‌بم و نه ده‌مرم.)
لای یۆسا، ئێرۆتیکا، به‌شێکی هه‌ره گرنگه له ژیان، ئاخر به هۆی ئێرۆتیکاوه ده‌زانین، ئاژه‌ڵان له‌نێو خۆیاندا چۆن سێکس ده‌که‌ن و ده‌بێت مرۆڤه‌کانیش له‌نێو خۆیاندا چۆنی بکه‌ن. به هۆی ئێرۆتیکاوه له ئه‌ده‌بدا، سێکس ده‌بێته کارێکی هونه‌ری که به دوو باڵی خه‌یاڵ و ڕۆشنبیرییه‌کی باڵا ده‌فڕێت. ئێرۆتیکا زاده‌ی شارستانییه پێشکه‌وتووه‌کانه و له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگه و سه‌رهه‌ڵدانی ئازادی‌دا په‌یدا ده‌بێت، وه‌لێ له کۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تایییه‌کاندا ئینسان پێی ئاشنا نه‌بووه، ئاخر ئه‌وسا سێکسکردن وه‌ک ئاره‌زوویه‌کی ئاژه‌ڵانه، ئامانج لێی ته‌نیا وه‌چه‌خستنه‌وه بووه. ڕه‌نگه جیاوازیی سه‌ره‌کیی نێوان سێکس و ئێرۆتیکا ئه‌وه بێت، له یه‌که‌میاندا ته‌نیا جه‌سته کارایه و له دووه‌میاندا جه‌سته و خه‌یاڵێکی ده‌وڵه‌مه‌ند. ئێرۆتیکا ته‌نیا له بازنه‌ی سێکسکردنێکی شارستانییانه‌دا گیر ناخوات، ئه‌وه نییه له بواره‌کانی ئه‌ده‌ب، شێوه‌کاری، سینه‌ما و موزیکیشدا، بووه به هه‌وێنی چه‌ندان شاکار.(5)
لایه‌نێکی سه‌رنجڕاکێشی دیکه‌ی ڕۆمانی په‌سندانی باوه‌ژن، ته‌رخانکردنی به‌شێکه بۆ خۆخاڵیکرنه‌وه‌ی ئینسان له پاشه‌ڕۆک، که ڕه‌نگه هه‌رگیز ڕۆمان له ده‌رگای ئه‌و بابه‌ته‌ی نه‌دابێت. هه‌میشه له ئه‌ده‌بدا، ئه‌وه گرنگ نییه، باسی چی ده‌که‌ین، ئه‌وه گرنگه، چۆنی باس ده‌که‌ین. (هه‌ستی کرد شتێک بۆ چوونه ده‌ره‌وه ئاماده‌یه، ئیدی ده‌رچه، بۆ ئه‌وه‌ی شته به ئاسانی ده‌رباز ببێت، خۆی فراوان کرد.) یان: (خۆخاڵیکردنه‌وه، هاوواتای به‌خته‌وه‌رییه، به مه‌رجێک ئیشه‌که به کاوه‌خۆ، تا چێژی لێ وه‌ربگرین، بکرێت.)(6) لێره‌دا ئه‌و تێزه‌ی (فرۆید)مان وه‌بیر دێته‌وه که گوایه، ئینسان بۆ ئه‌وه‌ی چێژی سێکسین وه‌ربگرێت، به ئه‌نقه‌ست ئیشه‌که دوا ده‌خات! یۆسا سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌یش ڕاده‌کێشێت که هه‌میشه خاوێنکردنه‌وه‌ی جه‌سته، له پاکژکردنه‌وه‌ی رۆح ئاسانتره. ڕه‌نگه چۆن لووله‌ی تفه‌نگێک پاک ده‌که‌ینه‌وه، ته‌واو وه‌ها هه‌ناویشمان خاوێن بکه‌ینه‌وه، وه‌لێ گرنگ ئه‌وه‌یه دیواره‌کانی ڕۆحمان، شتی پیسیان پێوه نه‌لکابێت.
هه‌رچه‌نده (په‌سندانی باوه‌ژن) بایه‌خێکی زۆری به سێکس داوه، وه‌لێ تا ئه‌و سنووره نا که سێکس ببێت به ئامانجی ئینسان، ئاخر زیاد له قه‌واره‌ی خۆی، گه‌وره‌کردنی سێکس و بایه‌خدان به هه‌موو ورده‌کارییه‌کانی و کردنی به ئامانجی کۆتایی، زاده‌ی فه‌قیرخه‌یاڵی و به‌تاڵڕۆحییه. ئه‌وه له کن ڤیرجینیا ۆڵف په‌سه‌ند نییه که له ڕۆمانی (یولیسێس)ی (جه‌یمس جۆیس)دا سه‌گێک هه‌ڵده‌میزێت، هه‌رچه‌نده ئه‌و هه‌ڵمیزانه له‌وێ و ئه‌م خۆخاڵیکرندوه‌یه له (په‌سندانی باوه‌ژن)دا، ئاماژه‌ن بۆ هه‌ست به نائومێدی کردن و بێهووده‌یی.
یه‌کێک له جیاوازییه‌کانی نێوان مانگ و ژن ئه‌وه‌یه، مانگ که ده‌بێت به چوارده شه‌و، ده‌گاته لوتکه‌ی جوانی، وه‌لێ ژن له چل ساڵیدا به دوندی جوانی ده‌گات. گۆته (1749 _ 1832) له شانۆنامه‌ی (فاوست)دا که تێکه‌ڵه‌یه‌که له ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه، له‌سه‌ر زاری فاوسته‌وه ده‌ڵێت: (ئه‌وانه‌م خۆش ده‌وێت، دوای مه‌حاڵ ده‌که‌ون،) به‌ڵام هه‌وڵدان بۆ که‌ویکردنی مه‌حاڵ، باجی خۆی هه‌یه، که ده‌بێت دره‌نگ یان زوو بدرێت. خۆشه‌ویستی ئه‌و تاقه مه‌حاڵه‌یه که شیاوی ئه‌وه‌یه به دووی بکه‌وین و سڵ له سزا‌که‌ی، هه‌ر چییه‌ک بێت، نه‌که‌ینه‌وه. کاره‌سات ئه‌وه‌یه، به خه‌ون دنیایه‌ک له هیوا ڕۆ بنێین و له‌ناکاو وه‌ک بڵقێک بته‌قێت، یان وه‌ک شه‌ونمێک له‌به‌ر هه‌تاوی ڕاستیدا، ببێت به هه‌ڵم. زۆر له پیاوان وا ڕاهاتوون له کۆتاییی ته‌مه‌نیاندا که ده‌زانن هاکا زه‌نگی مه‌رگیان لێ درا، ڕوو ده‌که‌نه قاپیی خودا، وه‌لێ ئه‌و پیاوه‌ی شوێن مه‌حاڵ ده‌که‌وێت، له پاییزی ته‌مه‌نیدا ڕوو له قاپیی ژنێک ده‌کات، که به چل ساڵی له مانگی چوارده جوانتره.
نووسه‌ر هه‌رچه‌نده له ڕۆمانه‌کانیدا، باس له باری ده‌رروونی و کۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی ناکات، که‌چی ده‌شێت ده‌روونناسان و کۆمه‌ڵناسان، بۆ شیکردنه‌وه‌ی باری ده‌روونیی تاکه‌کان و ناسینی کۆمه‌لگه، سوود له کاره‌کانی وه‌ربگرن، ئاخر ئه‌ده‌ب ده‌وڵه‌مه‌ندترین سه‌رچاوه‌یه له باره‌ی ئینسان و کۆمه‌ڵگه‌وه و ستانداڵ گوته‌نی: (ئه‌گه‌ر بۆ حه‌قیقه‌ت به هه‌موو ورده‌کارییه‌کانییه‌وه، بگه‌ڕێین، ئه‌وه ته‌نیا ڕۆمانه نائومێدمان ناکات.)(7) یۆسا له ڕۆمانی (په‌سندانی باوه‌ژن)دا، هێنده لێزانانه به ناخی کاره‌کته‌ره‌کانیدا شۆڕ ده‌بێته‌وه، وه‌ک مه‌حاڵ وایه، ده‌روونناسان بتوانن هێنده قووڵ به ناخی ده‌روونی که‌سێکدا ڕۆ بچن.
له (په‌سندانی باوه‌ژن)دا، وێڕای چیرۆکبێژی هه‌مووشتزان، چیرۆکبێژی دیکه‌یش هه‌یه، تێڕوانینی هیچ کامیان له هی ئه‌وی دیکه‌یان ناچێت، که کاره‌کته‌ره‌کانیش ده‌په‌یڤن، قسه‌کانیان له هی یه‌کدی ناچن، نه هه‌ست به هیچ زۆر له خۆکردنێک ده‌که‌ین و نه ڕووبه‌ڕووی هیچ ڕسته‌یه‌کی نامۆ ده‌بینه‌وه، مه‌نه‌لۆگه‌کانیش هێنده خۆڕسکن، هه‌ر له قسه‌ی نێو خه‌ون ده‌چن. که له به‌شێکی ڕۆمانه‌که‌وه، ده‌چینه سه‌ر به‌شێکی دیکه‌ی، به ئاسانی هه‌ست به‌وه ده‌که‌ین، نووسه‌ر له بواری مۆنتاژکردندا، شاره‌زایییه‌کی قووڵی هه‌یه. که نووسه‌ر هه‌ندێک جار هانای بۆ زمانێکی چڕی شیعری بردووه، هه‌میشه له جێی خۆیدا ئه‌و زمانه‌ی وه‌گه‌ڕ خستووه.
ئه‌گه‌ر که‌سێکت شک نه‌برد،
گوتوبێژت له‌گه‌ڵ بکا،
گه‌ر زایه‌ڵه‌ی هاواری خۆت نه‌ژنه‌فته‌وه،
ئه‌گه‌ر یه‌کێک په‌یدا نه‌بوو،
بڵێ، فڵان شیعرت جوان بوو،
ڕه‌نگه ئیدی هیچ پاساوێک،
نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی مکوڕ بیت،
له‌سه‌ر نووسین.
یۆسا (که ڕه‌نگه هیچ نووسه‌رێکی دیکه‌ی لاتین ئه‌مریکایی، نه هێنده‌ی ئه‌و به‌رهه‌می هه‌بێت، نه هێنده‌ی ئه‌و زۆر بخوێنرێته‌وه،) ده‌ڵێت: نامه‌وێت ته‌نیا یه‌ک دیمه‌ن ببینم، له‌وانه‌م که به‌رده‌وام سه‌رقاڵی گه‌ڕانن، ناخوازم له وڵاتێک‌دا به‌ند بم، یان له زمانێکدا گیر بخۆم، له‌مێژه زیندانی خێڵم جێ هێشتووه و سه‌فه‌ر بووه به به‌شێکی ئۆرگانیک له نووسینه‌کانم. داهێنه‌ری ڕاسته‌قینه، هه‌میشه دڵه‌راوکێی هه‌یه، تا ئه‌زموونی زێتریش په‌یدا بکات، ترسی زێتری لێ ده‌نیشێت، ئاخر زێتر هه‌ست به به‌رپرسیارییه‌تی ده‌کات و ئامانجی سه‌ختتر و دوورتر بۆ خۆی ده‌ستنیشان ده‌کات. داهێنه‌ر سه‌رنجی هه‌ر لایه‌ک بدات، مین ده‌بینێت، ئیدی چۆن هه‌ست به دڵنیایی بکات؟(8)
وه‌ختی خۆی ئیسپانیا به زه‌بری چه‌ک، لاتین ئه‌مریکای داگیر کردبوو، وه‌لێ ئه‌وه ده‌یان ساڵه، لاتین ئه‌مریکا به زه‌بری وشه، نه‌ک هه‌ر ئیسپانیا، دنیای داگیر کردووه.(9) ئه‌وه نییه پۆله‌مه‌لی وشه‌ی بورخێس، گابرێللا میسترال، ئاستوریاس، نێرودا، مارکیز، ئۆکتاڤیۆ پاز، کارلۆس فۆینتس، خولیۆ کورتازار و ماریۆ ڤارگاس یۆسا، ئاسمانی دنیا ته‌ی ده‌که‌ن؟
31/ 10/ 2010
ژێده‌ر و په‌راوێز
(1) ماریو فارغاس یوسا حاورته جمانة حداد 15/ 02/ 2009 ملحق النهار الأدبي.
(2) ماریو فارغاس یوسا و العراق، حمدي البطران 01. 08. 2004 أفق.
(3) د. طلعت شاهین، ماریو فارجاس یوسا، الرجل الطاووس 21 أوکتوبر 2010 الإتحاد الثقافي، أبوظبي.
(4) أیاد نصار، عالم یوسا بین التأریخ و السیاسة، 22/ 10/ 2010 الدستور.
(5) ماریو فارغاس یوسا حاورته جمانة حداد 15/ 02/ 2009 ملحق النهار الأدبي.
(6) إمتداح الخالة، ماریو بارغاس یوسا، ترجمة: صالح علمانی، آلطبعة الثالثة 2007 دار المدی، دمشق.
(7) موریس أبو ناضر، ألأدب لیس رسالة یکتبها المؤلف الی القارئ 8 سبتمبر 2010 ألحیاة.
(8) المصدر الأول.
)9) INTRODUKION TILL LITTERATUREN I LATINAMERIKA, av Eva Stenvång, www. macondo.nu
وشه ئیسپانیایییه‌که‌یه که به مانای باوه‌ژن دێت. ساڵح عه‌لمانیی وه‌رگێڕ له‌به‌ر ڕۆشنایی ناوه‌ڕۆکی madrastra (*)
ڕۆمانه‌که‌دا، باوه‌ژنی کردووه به پوور، ئه‌و مافه‌ی هه‌یه یان نا، ئه‌وه شتێکی دیکه‌یه، به‌ڵام وه‌رگێڕێکی هێنده لێزانه له چه‌شنی سامی درووبی که شاکاره‌کانی ده‌ستۆیفسکیی ده‌کرد به عه‌ره‌بی.
(**) هه‌ندێک سووکه گۆڕانکاریم له ڕسته شیعرییه‌کاندا کردووه، به‌ڵام (وه‌ک پێ چۆن پڕ، به پێڵاوه،) ده‌ربڕینی ماریۆ ڤارگاس یۆسایه بێ ده‌ستکاری.