Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
قسە و تفەنگ..! …. کامەران عەزیز

قسە و تفەنگ..! …. کامەران عەزیز

Closed
by July 20, 2011 گشتی

 

کاتێک زمان و زار نەتوانن بە ئازادی کار بکەن ئەوا بێگومان بیستن و گوێگرتنیش لە نێوان پەیوەندیەکاندا ئازاد نابن ، وە لە ململانێ‌ی نێوان هەر پەیوەندیەکدا زمان و زار ئازاد نەبو و زمان لە گۆ کەوت و نەیتوانی تەعبیر و قسە و ئەرگومێنتەکانی بە بەرامبەر بگەیەنێت، تەنانەت لە ململانێ‌ی نێوان دوو کەسیشدا ، ئەوا زەبر و زۆر و توندوتیژی جێگای قسەو زمان دەگرنەوە، وە ئەگەر زمان و قسە و دیالۆگ ئازاد نەبوون، بۆ گۆڕینی غەرەز و مەبەستەکان..بۆ گەیاندنی نیازەکان..بۆ تێگەیاندن و  ڕازی کردن و قبوڵکردنی بەرامبەرەکان..ئەوا زمان و زار سروشتی خۆیان لە دەست دەدەن و دەبنە ئامرازی سەرکوت و چەپاندن..!
یەکێک لە شێواز و دیاردەکان کە دەسەڵاتە دیموکراتی‌‌یەکان و دەسەڵاتە فاشی و توتالیتارەکان لە یەکدی جیا دەکاتەوە ئازادبون و ئازاد نەبونی زمان و زار و قسەیە، کە ئەم دوو سیستەمە وەک یەک خاوەنی ئاراستە پێچەوانەکان نیین بۆ گەیاندن و وەرگرتنەوەی وەڵامی قسەکان، واتا لە سیستمە دیموکراتیەکاندا بە چەند ئاراستەدا قسەکان پەخش دەکرێن، هەم لە بەرەی دەسەڵات و هەم لە بەرەی هاوڵاتیانەوە هەم لە نێوان هاوڵاتیان خۆیاندا. بەڵام لە سیستمە دیکتاتۆری و توتالیتاریەکاندا لە یەک بەرەوە بە یەک ئارەستەدا قسەکان پەخش دەکرێن ئەویش تەنها لە بەرەی دەسەڵاتەوەیە.
وە لە سیستەمی دیموکراتی و مەدەنیدا زمان و قسە لە جێ‌ی خۆیدا کار دەکات و سانسۆرێکی توندوتیژی لە سەر نی‌یە و لەگەڵ هێزی توندوتیژیدا هاوتای یەک ناکرێت و نایکەنە یەک ئامرازی سەرکوتکردن و بێدەنەگکردن، واتا لەم سیستەمەدا زمان بە سەربەستی بەبێ ترس دەتوانێت بجوڵێ و کار بکات و دەرببڕێت و تەعبیر بکات. وە لەم سیستمەدا دەسەڵاتداران تەنها قسە و دەنگەکان پەخش ناکەن لە بەرەی خۆیانەوە بۆ هاوڵاتیان، بەڵکو ئامادەی کاردانەوەکانیشی دەبن، وە بە ئاراستەی پێچەوانەش ڕێگا دەدەن کە قسە و دەنگی هاوڵاتیان بەرەو ڕوویان بگەڕێتەوە، واتا گوێیان هەمیشە بۆ ئەو دەنگانە کراوەیە و لە هەموو سات و ئاستەکاندا دەیبیستن..!
بەڵام لە هەرچی دەسەڵات و سیستمە دیکتاتۆر و توتالیتاری و فاشیەکاندا، زمان و قسە و تفەنگەکان  هاوتای یەک دەبن دەیانکەنە هەمان هێزی سەرکوتگەر و چەپێنەر، وە وەک کوردان دەڵێن(ئەگەر زمان بوەستێ سەر سڵامەتە..!)، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە زمان و قسە ئازاد نین و  مرۆکان ناتوانن بە ئازادی قسەکانی خۆیان دەرببڕن ، واتا ترسی گەورە هەیە بۆ بڕینی زمانەکان و کوشتنی خاوەنی هەر زمانێک کە بیەوێت ئازادانە تەعبیر و خەیاڵەکانی ژیانی تێدا بکات..وە زمانێک کە بتوانێت بە ئازادی بجوڵێت و بە ئارەزووی خۆی وشەکان بێنێ و ببات و وەهمیان پێ دروست بکات.. وە لە سەرەوەی مرۆکان بتوانێت قسەکان پەخش بکات و بریاری هەمەجیانەی پێ بدات ئەوا تەنها زمانی دەسەڵاتدارانە، وە لەم سیستمەدا هەر کاتێک دەنگێک و هاوارێک لە ئەنجامی نا عەدالەتی و ستەمکاری خۆیان بەرز بوەوە، ئەوا بە دەنگێکی نەشاز پێناسەی دەکەن و بە دەنگی وەڕینی سەگەکان دەیشوبهێنن..!
دەسەڵاتە دیکتاتۆر و سەرکوتگەرەکان لە میدیاکانیەوە زمان و زاریان وەک لوللەی تفەنگەکان دەکەنەوە و قسەکان و ووشەکانیان وەک گوللە بەرامبەر بە هاوڵاتیان بەکاردەهێنن، ئەم دەسەڵاتدارانە دەیانەوێت هەم لە ڕێگەی زمان و قسەکانیانەوە کە هاوتای هێز و چەک و جەلادەکانیانە، ئازادی بۆ زمان و قسە نەهێڵن و بێدەنگی دروست بکەن، هەم دەیانەوێت تەنها زمان و قسەی خۆیان ئەکتیڤ بێت و خەیاڵ و تەعبیر و ئەرگومێنتەکان بە تەنهایی و ڕەهایی لە لایەن خۆیانەوە بەرەو کۆمەڵگا پەخش بکەن..! ئەمە عەقڵی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و سەرکوتگەر و ستەمکارەکانە، بەڵام مێژوو وە گۆڕانکاریەکانی ئەم دوایی‌یەی کوردستان و تونس و میسر و لیبیا و سوریا و ئەو ڕاستیەی سەلماند کە ئەوە تەنها دەسەڵات نی‌یە کە دەتوانێت قسە و زمان بگۆڕێت بە هێز و چەک و گوللە، بەڵکو کۆمەڵگاش توانای گۆڕینی دیالۆگ و قسە و بێدەنگی هەیە بۆ ڕووخێنەرترین هێز کاتێک، کە دەسەڵات گوێ‌ی خۆی دژ بە خواست و ویستی  کۆمەڵگا داخست.
دەسەڵاتدارانی کوردستانیش جۆرێکی دیی بێ مەعریفەن لە دەسەڵات، ئەو جۆرە دەسەڵاتەن کە زمان و زاری هاوڵاتیان لە سایەیاندا دەتوانێت بجوڵێت و تەعبیر بکات و ووشەکان لە زار و زمانیانەوە بگوازنەوە بۆ سەر لاپەرەی ڕۆژنامە و پەڕتوکەکان.. بەڵام ئەم دەسەڵاتە ئامادە نی‌یە گوێیان لێ بگرێت، زۆر بێ موبالاتانە گوێیان لێ دەگرێت و دەیانکاتە هیچ.. وە تا ئەو کاتە زار و زمان لە سایەیاندا ئازادە کە بزانن ووشەکان دەچێت بە دەم باوە و کاریگەری لە سەر زهنی  هاوڵاتیان بەجێناهێڵێت و نابێتە هەڕەشە لە سەر دەسەڵاتیان.. بەڵام بە پێچەوانەوە هەر کە زانیان زار و زمان دەتوانن ووشەکان بکەن بە هاوار و کردار.. هەر کە زانیان زار وزمان و ووشەکان دەتوانن گٶڕانکاری لە دەسەڵاتیاندا دروست بکات..ئەوە بە زوویی قسە و تفەنگەکانیان بۆ وەڵامدانەوە ئامادە دەکەن..!!
بەڵێ لە سایەی ئەم دەسەڵاتە بێ مەعریفە و بی لۆژیکەدا، زمان و زارێک ناتوانێت ئازاد بێت کە بیەوێت ئەم دەسەڵاتە لە خێڵەکی و بنەماڵەییە‌وە بخاتە سەر ڕەوتی مەدەنیەت و دیموکراتی و پێشکەوتن..زمان و زارێک ناتوانێت ئازاد بێت کە بیەوێت ئەم کۆمەڵگایە لە زەلکاوی گەندەڵی و دزی و شێواوی و نا ئیداری رزگار بکات..! زمان و زارێک ناتوانێت هەرگیز ئازاد بێت کە بیەوێت ووشەکان بکات بە دەنگ و هاوار و ڕەخنە و ناڕەزایەتی..زمان و زارێک ناتوانێت هەرگیز ئازاد بێت کە بیەوێت ووشەکان بکات بە کار و کردار دژ بە نا عەدالەتی و نا یەکسانی.. زمان و زارێک ناتوانێت ئازاد بێت کە بیەوێت وەهم و چەواشەکاری زمان و زاری ئەم دەسەڵاتە هەمەجی‌یە بسڕێتەوە..زمان زارێک ناتوانێت ئازاد بێت کە بە سەرۆکی ئەم حیزب و دەسەڵاتە بڵێت نا..!
وە ئەو فەزا بچوک و لاوازەی کە بونی هەیە بۆ جوڵاندن و کردنەوەی زمان و زار لە کوردستاندا، ئەوا هاوڵاتیان بە هەوڵ و خەباتی خۆیان بە دەستیان هێناوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردستان، تازە بە تازە دەیانەوێت ئەم فەزایەش بکوژن و فەزای سەردەمی بەعس بگەڕێننەوە، وە دەیانەویت ئەو میکانیزمە بەکاربهێنن کە ڕژێمی بەعس  و نازیەکان لەگەڵ خۆیاندا بردیانە گۆڕەوە..!
بە کردەوە دەیانەوێت ئەو مرۆڤانە بێدەنگ بکەن و دوور بخەنەوە کە تەنها بە زمان و زاریان دەتوانن شۆرشێک دروست بکەن..دەیانەوێت ئەو مرۆاڤانە دوور بخەنەوە کە دەتوانن زمان و دەنگە جیاوازەکان بەرامبەر بە یەکدی شیرین و شیرینتر بکەن و ئاوازی خۆش بە ووشە و قسەکان ببەخشن،..! دەیانەوێت هەموو ئەو زمان و قسانە بێدەنگ بکەن، کە دەیانەوێت دەرگای زمان و قسە و دیالۆگ لە جیاتی تفەنگ و گوللە بە ڕووی ململانێکاندا بۆ هەمیشە بکەنەوە،بۆچی؟!
یەکەم: لەبەر ئەوەی ئێستا دەسەڵات ناتوانێت زمان و قسە وەک سروشتی خۆی هەم لە گەیاندن و هەم لە وەرگرتندا بەکاربهێنێت، وە ڕێگاش نادات کە هاوڵاتیان  بە تاک و بە کۆ لە ڕێگای کۆبونەوەکان و خۆپیشاندانەکانەوە زمانیان بکرێتەوە و باس لە چارەی کێشەکانیان بکەن..واتا ئەم دەستەڵاتە ئەوەندەی کار بۆ بڕینی زمان و بێدەنگکردن و کوشتنی قسە و ووشەکان دەکات..ئەوەندە کار بۆ کرانەوە و ئازادی زار و زمان و  قسە و ووشەکان ناکات..!
دووەم: لە بەر ئەوەی دەسەڵات  هەرکاتێک بکەوێتە زمان و قسە بکات زیاتر کارە دزێو و فێڵ و نهێنی‌یەکانی دەردەکەوێت، دەسەڵات لە بەکارهێنانی زمان و قسەدا سەلماندی کە زمان و قسەکانی نەک ناتوانێت هاوڵاتیان قانع بکات، بەڵکو گومان و بێ باوەڕی و بێ متمانەیی زیاتر لە دەروونی هاولاتیاندا دروست دەکات.
سێ‌یەم: وە دەسەڵاتداران تێگەیشتن کە زمان و قسە درۆینەکانیان هیج کاریگەریەک و کارلێککردنی نەماوە لە سەر زهن و بیر و هۆشی هاوڵاتیان، بۆیە زمان و قسەیان گۆڕی بۆ بەکارهێنانی چەک و تفەنگ..!
چوارەم: لە بەرئەوەی خەڵکی کوردستان خاوەنی دەسەڵات و سەرۆکێکن نە دەتوانێت کار بە زمان و زار و قسە بکات و نە خاوەنی ئەو لۆژیکەیە کە لە خواستی زمان و زار و قسە و ووشەی نەوەی ئێستا و هاوڵاتیانی بێبەشی کوردستان تێبگات..!!

24.06.2011
کامەران عەزیز
kamaran91@gmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.