
شه‌ڕێکی بێ ئه‌نجام
چیرۆك
پڕ به دڵ ئومێد ده‌خوازی تۆش وه‌كو ئه‌م خه‌ڵكه تریفه‌ی مانگێكی گێل له خوێنتا ته‌ڵا بێ و چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی بێ ده‌ربه‌ست له هۆشتا بدره‌وشێنه‌وه, به‌ڵام جیاواز له زۆربه‌ی زۆری ئینسانه‌كانی ده‌ورو پشت, هه‌میشه به‌یانیانه‌كانت جیاوازه له سپێده‌كانی ئه‌وان , نیوه‌ڕۆكانت له هی هه‌موویان غه‌منگینتره و ئێواره‌كانت له هی گشتیان دڵته‌نگتر, شه‌وه‌كانیشت هه‌ر باسیان مه‌كه. تۆ كه‌ی توانیوته وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی تاریكی شه‌و بده‌یته ده‌ست خۆرێكی سبه‌ینێوه, سبه‌ینێیه‌ك له ئه‌مڕۆ ئاشوبتر, له ئێستا فیتنه‌و مه‌كربازتر, هه‌رگیز ناتوانی سبه‌ینێیه‌ك له ئه‌مڕۆ پاشه‌كه‌وت بكه‌ی. له به‌یانییه‌كی زودا پاش شه‌ڕێكی دورودرێژ له‌گه‌ڵ خۆت و خه‌و به‌جه‌سته به‌خه‌به‌ر دێیته‌وه, ئینجا جه‌نگێكی دی و له عه‌ردێكی تر هه‌ر له‌گه‌ڵ خۆتدا به‌رپا ئه‌كه‌ی, شه‌رێك هه‌ر رۆژه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك, به جۆره چه‌كێك وتفاقێكی جیاوازتر له رۆژی پێشوو,شه‌رێك كه براوه‌و دۆڕاوی تێدا نیه‌و هه‌میشه‌ش به‌رده‌وامه,شه‌ڕێك كه ئاگر له ناختا هه‌ڵئه‌كاو گۆڕستانێك له قوڵایتدا ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه. شۆخن ئه‌و شه‌ڕانه‌ی ئینسان له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یانكات,شه‌ڕێك كه خۆشه‌ویستی ئاشوب گێڕی بێت, شه‌ڕێك بتكاته بارمته‌ی عه‌شقێكی دڵڕه‌ق و ئه‌ڤینێكی ئه‌به‌دی و بێ به‌زه‌یی, شه‌نگن ئه‌و به‌گژا چونانه‌ی كه له په‌نجه‌ره‌كانی ده‌رونی ئینساندا ئینجانه‌یه‌كی تر له گوناه زیاد ده‌كات و به عه‌ترێكی كه كه‌ش و ئاو و هه‌وای ده‌وروپشت بۆن ڕێژ ده‌كات, عه‌ترێك كه‌یل بێت له هه‌ڵمژینی بۆنه‌كانی بیركردنه‌وه و وردبوونه‌وه و قوڵ بوونه‌وه‌ی زیاتر له شته‌كان, له ئینسانه‌كان, له یاساكان.
له سه‌ره‌تادا له هه‌ڵسه‌نگاندنی یاساكانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌یت, یاساكه‌ی (حه‌مورابی) ت بیر ده‌كه‌وێته‌وه, ده‌ستوره‌كانی دوای به شارستانی بوونی مرۆڤایه‌تی شتێكی زۆر كه‌میان ده‌كه‌ونه بیرت. (ئه‌و هه‌موو یاسایانه گوایه بۆ به‌ره‌و پێش چوونی ژیانی ئینسان و خۆشكردنی به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه هاتونه‌ته كایه‌وه, گوایه به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی مرۆڤ له زوڵمات رزگار بكات و كراسی ئه‌و دڕندایه‌تیه‌ی له‌به‌ر داماڵی كه له‌سه‌ده هه‌ره كۆنه‌كانه‌وه كردوویه‌تیه به‌ری, یاسا به دوای یاسادا, شه‌رع به دوای شه‌رعدا, ده‌ستور به دوای ده‌ستوردا, هاتن و كرانه به‌رجه‌سته‌ی مرۆڤایه‌تی, ئه‌مه‌ش چاكه‌كانی ئینسانه ده‌یداته‌وه ده‌ست سروشت و ژیانی پێ شه‌نگتر ده‌كات.)
مرۆڤ و یاساكان خه‌ریكن وه‌ك یه‌كیان لێدێت, له گۆڕانێكی زۆر خێرا و كتوپڕدان. تۆ ئه‌و هه‌موو راڤه‌و لیكدانه‌وانه له هه‌ڵس و كه‌وت و بوچونه‌كانی چوار ده‌وری خۆت هه‌ڵئه‌هه‌نجێنێ و ئاگات له گۆڕانكاریه گه‌وره و زه‌به‌لاحه‌كانی جیهان زۆر كه‌م هه‌یه كه له‌و دیو په‌رده‌كانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن, ده‌زانی هاتنه كایه‌ی یاساكان و به‌رجه‌سته بوونیان پێویستیه‌كی هه‌میشه‌یی ململانێكانه له نێوان ره‌ش و سپی, خێر و شه‌ڕ,ئاگر و ئاو. یاخود ده‌ستكردی ئینسانكانه له چوار چێوه‌یبه‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی و دیل كردنێتی له بازنه‌ی ته‌ماحه‌كانیدا, به‌ڵام هه‌ستیش به‌وه ده‌كه‌ی یاساكان هه‌میشه له پێناو به‌ختیار بوونی ده‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر حیسابی ده‌سته‌یه‌كی دی دێته كایه‌وه.
ئای له‌م ده‌ستووری دڵ ڕه‌قیه كه مرۆڤ له گۆنای دڵی خۆیدا ده‌ینه‌خشێنێ كه ته‌نانه‌ت هه‌ناوی هیچ به‌ردێك به‌خۆیه‌وه نه‌یدیوه, ده‌ستورێ كه هه‌میشه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی تیا ده‌درێت كه رسته‌یه‌كی زیاتری له‌به‌رد و گه‌چ و پێ بنوسرێ. ده هه‌سته ئه‌م شه‌ڕه خوێناویه‌ی نێوان خۆت و خۆت بوه‌ستێنه, پڕۆتۆكۆڵێكی ئاشتی له نێوان خڕۆكه‌سور و سپپه‌كانت مۆر بكه, تاكه‌ی گۆرستان له ناخت‌دا ئاوه‌دان ده‌كه‌یته‌وه, تاكه‌ی ئه‌م شه‌ربه‌تانه ده‌نۆشی كه ئاوێته‌ی ته‌م و دوكه‌ڵێكی تێرن. بیر له‌م جیهانه فراوانه بكه‌ره‌وه, له‌م تۆپی زه‌ویه, له‌م ئاسمانه به‌رینه,كه له سه‌ره‌تای بوونیه‌وه هه‌میشه دوكه‌ڵ ده‌كاته شه‌ربه‌ت و رشانه‌وه‌ی ته‌م سفره‌كانی ده‌ڕازێنێته‌وه, ئه‌نجامیش مایه پوچ و خۆ ئاماده‌كردنێكی تره بۆ شه‌ڕیكی كه‌ی بێ ئه‌نجام هه‌ر له چوار چێوه‌ی ته‌ماحه‌كانیدا كه هه‌میشه به‌رده‌وام زه‌وی به شه‌ڕێكی دی ئاو ده‌دات و كه‌چی نه ده‌ره‌قه‌تی خۆی و نه ده‌ره‌قه‌تی شه‌ڕیش دێت,
ئه‌مه بیركردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌كانی ئه‌و جه‌نگاوه‌ره بوو كه له نێوه‌ڕوانێكی دره نگدا له جه‌نگی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هاته‌وه به‌ره‌و ماڵی ئارامی. ئه‌م ئینسانه گه‌لێك جار حه‌ز ده‌كات به پیاسه وه‌رزش به بیره‌وه‌ریو یادوه‌ریه‌كانی خۆی بكات, چونكه هه‌ست ده‌كات بۆ بینینی سه‌عاته‌كانی سبه‌ینێ زۆر جار پێویستی به گه‌ڕانه‌وه هه‌یه بۆ لاپه‌ڕه‌كانی رۆژمێره به ساڵا چووه‌كان, یادگاریه‌كانی ئه‌م له‌وانه‌ی باوكی جیاوازه, بیره‌وه‌ریه‌كانی باوكی هه‌میشه ده‌چوونه‌وه سه‌ر سفره‌كان, به‌ڵام ئه‌مانه‌ی ئه‌م به‌رده‌وام دژی رازاندنه‌وه‌ی ئه‌و سفرانه بووه, خۆشترین گێڕانه‌وه‌یه‌ك له لای باوكی و قێزه‌وه‌نترین گوێگرتنێك له لای ئه‌م ئه‌وه بووه كه له زرۆ بۆنه‌كاندا باوكی ئاوها یه‌كێك له بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆی ده‌گێڕایه‌وه: (ساڵێكیان له دیواخانه‌كه‌ی”فه‌یزی”ئاغادا به‌رخێكمان خوارد, به سه‌رو پێكه‌شیه‌وه, به‌خوا پیاوێكی ده‌ست و دڵتێر بوو, ئاغایه‌تی هه‌ر له خۆی ده‌هات, ئینجا به‌هه‌یبه‌ت و ویقار, یاخوا سه‌د دیوه‌خانه‌ی ترت لێ بكه‌وێته‌وه دیوه‌خانه‌كه‌ی فه‌یزی ئاغا).
ئیتر ئه‌و باوكه, ئه‌و باوكه‌ی به درێژایی عومری نه‌یتوانی له جیاتی ئه‌و عه‌شقه‌ی بۆ سفره هه‌یبوو, له بری كوشتنی ئه‌و كاته جوانانه به دیار ئه‌و سفرانه و ئه‌و گێڕانه‌وه پڕ‌و پوچانه, ته‌لارێك له به‌ختیاری, خانویه‌ك له ئارامی, كۆشكێك له ئۆقره‌بوون, سه‌كۆیه‌ك له راوێژ بۆ وه‌چه‌كانی بنیات بنێ. ئیدی ئه‌وه‌نده درێژه‌ی به قسه بێ تامه‌كانی ده‌دا تا ده‌گه‌یشته وه‌سف كردن و مه‌دح كردنی یه‌ك به یه‌كی ئه‌و گردگه گۆشتانه‌ی كه ئه‌و له‌و دیوه‌خانانه‌دا خواردبووی. ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ی كه تازه له جه‌نگی ئه‌و به‌یانییه ببووه‌وه گه‌یشته ئاستی نانه‌واخانه‌یه‌ك كه به ته‌نیشت قه‌سابێكه‌وه بوو, خۆشی نه‌یزانی, كه بۆچی به بیریا هات و حه‌ز ده‌كات ئه‌م نیوه‌ڕۆیه شتێك لاسایی جارانی باوكی بكاته‌وه, كۆڵانێك به شوێن پێكانی ئه‌ودا بڕوات, ئه‌گه‌ر بۆ ژه‌مێكیش بێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر داب و نه‌رێتی جارانی ئه‌و. ته‌مه‌نی ئێستاكه‌ی ئه‌م جه‌نگاوه‌ره رێك له ته‌مه‌نی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی باوكێتی كه یادوه‌ریه‌كانی تێدا ده‌گێڕایه‌وه. به ڕۆیشتنێك كه تێكه‌ڵ بوو له ئارامی و جۆرێك له په‌شیمانی له نانه‌واو قه‌سابه‌كه نزیك بووه‌وه,10 نانی گه‌رم و كیلۆیه‌ك گۆشتی نه‌رمه‌ی كڕی, هه‌ر كه 10 نانی گه‌رمی خسته‌سه‌ر له‌پی راستی و كیلۆیه‌ك گۆشتی به ده‌ستی چه‌پی هه‌ڵگرت بیری به‌جارێك ره‌هێڵ بوو, له یادی چووه‌وه كه ئه‌و پیاوی سه‌ر سفره جوان ورازاوه‌كان نیه. بۆ ئه‌و نیوه‌ڕۆ دره‌نگانه گۆشتی برژاوو 10 نانی گه‌رمی به ته‌نیشت خۆیه‌وه دانا, بێ ده‌ربه‌ستانه به نه‌ختێ له خۆبایی بوون و نه‌ختێكیش په‌شیمانی ده‌ستی بۆ نانێ درێژ كرد, نان نه‌هات به ده‌ستیه‌وه, نان بووه گوڵه گه‌نم و وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌ك باڵی گرت و فڕی, له‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه نیشته‌وه, سه‌ری سوڕما, به هه‌ردوو ده‌ست, ده‌ستێكی به سیمای خۆیدا هێنا, خۆی خه‌ڵه‌تان و ده‌ستی بۆ نانێكی تر درێژ كرد, نانی دووه‌م به هه‌مان شێوه وه‌ك نانی پێشوو گۆڕایه گوڵه گه‌نم و ئه‌ویش فڕییه سه‌ر سه‌كۆی په‌نجه‌ره‌كه, سڵه‌میه‌وه, گه‌لێك ترسا كه بینی نانه‌كانی تر به بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان بۆ به‌رێ, هه‌موو دووا به دووای یه‌كدا ده‌بنه گوڵه گه‌نم و باڵ ده‌گرن و ده‌فرنه سه‌ر په‌نجه‌ره‌كه. ده گوڵه گه‌نمه چۆله‌كه به ریزو به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه له سه‌ر سه‌كۆی په‌نجه‌ره‌كه‌دا نیشتوونه‌ته‌وه‌و وه‌ستاون. گوڵه گه‌نمه‌كان هاتنه زمان:
“ده‌ڕۆین, ده‌بینه په‌ڵه هه‌ورێك له گه‌نم, هه‌ر یه‌كه‌مان ده‌بین به چه‌ندین و چه‌ندین په‌ڵه هه‌ور, له خاكێكدا داده‌كه‌ین كه هه‌ر له‌وێدا شین بووین و بووینه گوڵه گه‌نم, بۆ كه‌سانێكیش ده‌بین به نان كه حورمه‌ت و رێز له گوڵه گه‌نم و نان و مرۆڤ ده‌گرێ”.
ده گوڵه گه‌نم بوون به چۆله‌كه و دایان له شه‌قه‌ی باڵ و فڕین.
بورهان ئه‌حمه‌د
2005