Skip to Content

Wednesday, August 10th, 2022

ته‌نیایی ….. سمكۆ محه‌مه‌د

Closed

نیشتیمان
له‌بۆنه‌یه‌كی نیشتیمانیدا
كۆمه‌ڵێك مردوو به‌پێی خۆیان ده‌ڕۆیشتن
زیندووه‌كان ئیره‌ییان پێده‌بردن
كۆچه‌ریه‌كان هوتافیان ده‌كێشا
سه‌رۆكیش به‌دیار ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ پێده‌كه‌نی
***********

جه‌نگ
جه‌نگاوه‌رێكی ته‌نیا له‌جه‌نگدا شێت بوو
كاتێك گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌
له‌ناكاو ده‌ستی كرد به‌گیرفانیا
نه‌خشه‌ی وڵات و وێنه‌ی مناڵه‌كه‌ی ون كردبوو

***********

پێشانگا
كوڕێكی ته‌نیایدا تابلۆیه‌كی خه‌ڵه‌مێشی خۆی فڕێدا
بوك و زاوایه‌كیش وێنه‌ی خۆیان فرۆشت
پیره‌مێردێك هه‌ردوكیانی كڕی و
له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌ریه‌كانی خۆی سوتاندنی
************

ئه‌سكه‌ناس
ئینسان ئاژه‌ڵێكی چاوچنۆكه‌
نه‌به‌مۆزیك مه‌ست ده‌بێ‌
نه‌له‌ئاست ئه‌سكه‌ناسێكیش چاو ده‌نوقێنێ‌
***********

ژن
سۆفیه‌كی ته‌نیا ته‌زبیحاتی ده‌كرد
نوسه‌رێك به‌دیار كتێبه‌كانی خۆیه‌وه‌ ده‌گریا
سه‌ربازێك دروشمی هه‌ڵده‌دا
ژنێك به‌ده‌م ماكیاژ كردنه‌وه‌
سنگ و مه‌مكی خۆی ده‌دایه‌ به‌رتریفه‌ی مانگ و
تفی له‌هه‌مویان ده‌كرد
************

زریان
دره‌ختێكی ته‌نیا له‌نجه‌ی ده‌كرد
ماسیه‌ك گه‌مه‌ی ده‌كرد
كوڕێكیش له‌سه‌ر لمی ده‌ریا
ناوی خۆی و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نوسی
زریان هات و داری بردو ماسی راونا و
ناوی كچه‌كه‌شی سڕیه‌وه‌
************

بازاڕ
ده‌ستگێڕێكی ته‌نیا له‌ته‌نیشت سوپه‌رماركێتكا ئاوریشمی ده‌فرۆشت
ژنێكی زۆڵف شۆڕی عه‌ییار بانگی ده‌كرد
وه‌رن ئه‌م بازاڕه‌ گه‌رم كه‌ن
كچێك خۆی كرده‌ قوربانی و شوی پێكرد
************

سێبه‌ر
دوعاشقی ته‌نیا ده‌گریان
دار گێلاسێكی سه‌رگڤن
له‌داخی ته‌نیایی خۆی و عاشقه‌كان
خۆی سوتان
************

شار
كه‌ڵه‌بابێكی ته‌نیا باری كرد بۆ گوند
ما شین و رۆژنامه‌ و پۆلیس به‌دوایدا ده‌گه‌ڕان
جگه‌ره‌ فرۆشێك بانگه‌وازی ده‌كرد
فریاكه‌ون شار چۆڵ بوو
*************

رێگا
رچه‌ڕێیه‌كی ته‌نیای سه‌رلێشێواو
مناڵێكی بزر كرد
كچێك به‌دزییه‌وه‌ كڵاوه‌كه‌ی باوكی فرۆشت
ژنێك به‌دزیه‌وه‌ ده‌ستی مناڵه‌كه‌ی گرت و
كڵاوی ده‌ست كچه‌كه‌شی له‌سه‌ر خۆی نا
************

هه‌ور
كۆترێكی ته‌نیا ده‌نوكی خۆی شكاند
جوتیارێكی مه‌ست
به‌ده‌م حه‌یران گوتنه‌وه‌ زه‌ویه‌كه‌ی جێهێشت
په‌ڵه‌ هه‌ورێك ره‌ش
هه‌ردوكیانی تاران
************

مۆم
ژورێك له‌تاریكیدا توڕه‌بوو
تارماییه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌كرد
مۆمێكیش به‌ده‌م پێكه‌نینه‌وه‌
په‌روانه‌یه‌كی له‌خه‌وهه‌ڵساند و
هه‌موو شتێكی ئاشكرا كرد
************

ته‌پو تۆز
سه‌گێكی ته‌نیای گه‌ڕه‌ك نوزه‌ی لێبڕابوو
پیاوێكی ژن مردوو گڕمۆڵه‌ی كردبوو
كۆلاره‌یه‌ك به‌ده‌ست مناڵێكی یاخیه‌وه‌ بچڕا
ژنێك كۆڵان به‌كۆڵان یۆ پیاو ده‌گه‌ڕا
**************

پایز
پیره‌مێردێك به‌ته‌زبیحه‌كه‌ی ساڵی ته‌مه‌نی خۆی ده‌ژمارد
پیرێژنێك به‌دیارییه‌وه‌ ده‌گریا
پاساریه‌ك خه‌وی ده‌هات
دڵدارێك شیعری ده‌نوسی
ره‌شه‌بایه‌ك هه‌موو شته‌كانی راماڵی 

Previous
Next