ڕووخساری شیعر ناخی شاعیر خۆیەتی
هەموو شیعرێکی جوان ڕەگوڕیشەی ستراکتوور و وێنە و زمانی خۆی هەیە،کە دەتوانین لە ڕووی و میتافۆڕ و ئێستاتیکای دەقەوە بیاندۆزینەوە،شاعیرش لەو بازنەی سووڕانەوەیەدا ماناکانی خۆی لە هەمبەر جوانی زمان و ئێستاتیکای دەقدا جارێکی تر دروست دەکاتەوە،ڕستەی شیعر وەک دونیای وێنهکێشان لە جوڵە و بزووتندایە بهتهنیا وێنهکانی سرووشت و دهرهوهی مرۆڤ نین وهک(بهرد،شاخ،دارستان،ڕووبار)بهڵکو خاسیهتی ههره گرنگی مرۆڤی شێوهکار وێنهکێشانی ئهو خهیاڵانهن کهله فیکر و عهقڵهوه دێنە خوارێ و له چوارچێوهی تابلۆیهکا ڕهنگڕێژی دهکات،دەقی شیعریش هەڵگری هەمان دیدو هزرە،شیعر بۆخۆی هەم تابلۆ و هەمیش وێنەی ڕەنگاو ڕەنگی ڕووخساری شیعر و شاعیرە،شیرکۆ بێکەس نموونەیەکی زیندووی ئەم باسەمانە،گەر بە ووردی سەرنج بدەین و چاوێک بە دیوانە شیعرییەکانیدا بگێڕین،دەبینین کە هەموو دێڕە شیعرێکی شێرکۆ بێکەس ڕووخساری خۆی و ناخی شاعیر خۆیەتی کە لەڕێگەی دێڕەکانەوە وێنەیان دەکێشێت،گەر بەووردی تەماشای تابلۆکانی(عەلی لەتیف،ڕێبوار سەعید،سالار مەجید)بکەین ئەوا بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە ڕەنگ و شیعر لەلای ئەم هونەرمەندانە تژییە لە دونیای زمانی ئەدەب و خەیاڵی شاعیرانە،وێنەکێشانی ووشە بە شیعر کاری ناوەوەی خەیاڵ و هەستەکانی شاعیرە کە لە جوانی دەقدا خۆی دەسەلمێنێت،واتە ئەریك فرۆم ووتەنی( بڕوام وایە کە مرۆڤ کاتێ خۆیەتی کە هێزەکانی ناوەوەی خۆی بخاتە کار)٢ خستنەکاری هێز و توانا فەنتاسییەکانی شاعیر لەو کاتەوە دەست پێدەکات،کە دەق خۆی لەئاستی خوێنەر و ڕەخنەگردا بنوێنێت،شیعر ههمیشه و بهردهوام گهڕانه بهدووی ئهو پرسه گرنگانهی که خودی شاعیر دهینووسێت،لهمێژه گووتومه شیعر بهر لهههرشتێ پرسیاره،واته پرسیاره له(خوا مرۆڤ،ژن.ڕهنگ.ماچ.گوناه،خۆشهویستی،تاوان)ههر لهڕێگهی ئهم پرسانهوه دهکهوینه ناو سیاقی گهڕان و منهی ئهو ڕۆژانهی که سهردهمانێک بهر لهئێستا ڕوویانداوهو حاڵی حازر بوونهته بهشێک له پێکهاته گرنگهکانی ژیانی ڕۆژانهمان،هەروەک ڕوون و دیارە سابیر سدیق لەم شیعرەدا وەک شێوەکارێک دێڕەکان بەشیعر وێنەئەکێشێ و دەنووسێت:
( بەشەو … بۆنی مێخەک و سمڵ
لە سنگ و ..
لە خەوونەکانیان دێ
بە ڕۆژ … بەنازەوە دێن و دەچن
لێوەکانیان ئاڵە
بە زەردەخەنەی پەنهان
قەیرە کچانی دێ
کە بەردەوام
دەنگی شکانی دڵیان دەبیسرێ )
له پاش خوێندنهوهی ئهم دەقە (سابیر سدیق)پرسیاری ڕهنگ و ژن و ڕووتبوونهوهی جهستهی ڕۆحی قهیره کچێک لهزیهنمانا دروستدەکات،ئهوه ئهرکی شاعیره پهلمان دهگرێت و لهتهک خۆیدا دهمانبات،بۆ ماڵی یادهوهری و لهوێ له ئاوێنهی شیعر و ژیانهوه،ڕووتبوونهوهی ژنێکمان نیشان دهدات،لهڕهنگ و له پێستی نهرم و نۆڵی شیعرێکی چاوباشقاڵ و شاعیرێکی خهیاڵ جوان،به بڕوای من هیچ ڕهخنگرێک هێندهی(تزڤێتان تۆدۆرۆڤ )باسی خهیاڵ جوانی خهیاڵی نهکردووه،که دهڵێ( زۆرجار خهیاڵ خۆی جوانییهکه له ژیان)بە هەمان جۆر خەیاڵی دونیای نووسین،لە سەدەی نۆزدەدا وەک مرۆڤێکی ماندوو نووستبوو ( فرانتس کافکا)خەبەری کردوەو سوریالیستەکان بەدەستیان هێناو پەرەیان پێدا،واتە خەیاڵ وەک چۆن لە ڕیگەی شیعرەوە خۆی خاڵی دەکاتەوە،هەر ئاواش دەکارێ لەناو خەونی شاعیردا خۆی بنووسێتەوە،شاعیری خاوهن ئهزموون،چاک دهزانێت چۆن دونیا نازدارهکهی شیعر پڕ بکات له وێنهی خهیاڵ و له ڕهنگی سرووشت و خودایهک دروست بکات له جوانی ژن و دواجاریش بیپهرستێت..ئهمهیه جوانی ڕۆحی شاعیرێتی سابیر سدیق.!
( پەلەمەکە
تۆ قێزم _ لێ مەکەرەوە
چاوەکانت هەر لەچاوی گوڵە دەچێ
ڕۆژگارێکی ڕموزنە
کەفوکوڵ ..گرژبوون و خاوبوونەوە
هەور دەگری
(با) دەخەوێ
دەست مەگێڕە بەناو قژتا
ستیانەکەت مەترازێنە
نا بەڵەدی و لانەوازی
سەری کردم بە خانەتا
ناخم ..دەنگم.
ڕووت و سادەن
وا بەڕووتی ڕامەوەستە
بەژنت ماسییەکی لوس و سرکە
دەنگی منیش ..
کەنارێکی نائومێدی ..هەمووی دڕکە
دڕکی ژانە )
دەقی تەندروست ئەو دەقەیە کە دەتوانێ گرفتەکانی وەک(عەشق،جودایی،جوانی،ژیان)لەناو خودی دەقدا چێبکات،کە هەر یەکێ لەم گرفتانە بۆخۆی خاوەنی دەیان چیرۆک و داستانی تایبەت بە خۆیەتی.هەر ئەو جوانییە کە والە شاعیر دەکات،لەڕێگەی دڵی مەعشوقەکەیەوە،ژیان و یادداشت و خەونەکانی بنووسێتەوە نیچە بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد ئەم ژیانە هیچگەرایە،بەڵام سابیر سدیق لەم دەقەدا،لەژێر ئازاری گەڵاکانی نائومێدییەوە،بە هێمنی پێمان دەڵێت ژیان گەڕانەوەیە بۆ کەناری نائومێدی،ژیان خۆی زیندانێکە خوداوەند بۆ شاعیرانی خوڵقاندووە.
(زەمان)لەلای شاعیر هێند خێرایە،دەخوازێت هەموو شتەکان لەتەک یەکدا کۆببنەوەو حەرفەکان دێڕەکانیان بدۆزنەوەو ژیانی پێ بنووسنەوە،سابیر سدیق بەئاشکراو بەبێ توێکڵ پێمان ئێژێت و دەنووسێت:
( زەمان بە پرتاو دەڕوا
خێرا خێرا ڕەنگی شتەکان دەگۆڕێ
( ئەو )سەری دەنێ بە دڵمەوە
بە کاوەخۆ بە کۆمەڵێ حەرفی تازەم ئاشنا دەکا
تا سەر لەنوێ لەگەڵ خێرای زەمانا
خۆمی پێ بنووسمەوە
تا سەر لە نوێ ..
دەکرێ.. ئێوەش سەر لەنوێ
بەکاوەخۆی ژیانتان بنووسنەوە )
کات لەم سەردەمەی ئێستەماندا،جۆرە خێراییەکە کە مرۆڤەکان بە ئاستەم دەتوانن،حەرفە وونبووەکان و دڵی عاشقانیان بنووسنەوە.شاعیری چیکۆسلۆڤاکی(ڤیژڵاڤ نێژڤاڵ)لە شیعری(کاتژمێر لە گەڕەکی کۆنی جوولەکەکاندا)٣ دەنووسێت:
( زەمان ڕادەکا
زەمان ڕادەکا لە شەقامی ‘پڕی کۆپی’
زەمان ڕادەکا وەک دووچەرخە سوارێکی قارەمان
کە وادەزانێ دەتوانێ ماشێنی مەرگ،
بەجێبێڵێ
زەمان ڕادەکا
زەمان ڕادەکاو …
تۆ لەو گەڕەکەدا کاتژمێرێکی
وا عەقرەبەکانی چەواشە دەخولێنەوە.
ئەگەر مەرگ نیازی وابێ لەناکاو دەستم بگرێ
زۆر پێم خۆش بوو
کوڕێکی شەش ساڵ بوومایە )
هەردوو شاعیر لەناو زەمەندا،مردنی خۆیانیان دیوەتەوە،نەسابیر سدیق دەتوانێ زەمان بۆ خۆی بگێڕێتەوە،نا ڤیژڵاڤ دەتوانێ لەناو زەمەندا مردن بۆ منداڵی خۆی بگێڕێتەوە.کاتژمێری ژیان،بۆ هەردوو شاعیر کاتژمێری ژیان نییە،بەڵکو ئازارێکەو برینەکانی لەناو دێڕە شیعرییەکانیاندایە،ڕووخساری هەردوو شاعیر لە ڕووخساری ئەو مرۆڤانە دەچن کەلە خەیاڵی هونەری شێوەکارانی وەک (عەلی لەتیف و سالار مەجید و ڕێبوار سەعید)ڕەنگ کراون ڕووخسارەکان بە ڕەنگ خۆیان نمایش دەکەن بە ڕەنگ و فەنتاسییەکانی ناو شیعر و چیرۆک و ڕۆمانەکانی دیوی ناوەوەی شیوەکاران خۆیان دەنووسن و شێوەکاران وێنەیان دەکێشن.شاعیران و شێوەکاران بە وشەو بە ڕەنگ مێژوو دەنووسنەوە،وەلێ ئەوەی ڕوون و دیارە نووسینەوە و ڕەنگ کردنی کاتەکانە لە دیدی مێژووە،میلان کۆندیرا ووتەنی(سهیره له دیدی شاعیرهوه مێژوو ئهرکێکی ههیه،که وهکو ئهرکی خۆی وایه)٤ دونیای شاعیر لەو ساتەوە دەست پێدەکات،کە خەیاڵ وورد وورد بەرەو نووسین و میتافۆڕەکانی دەق هەنگاو دەنێت:
( ژورێکم هەبوو
لە شووشەی عەتر
بەیانیان پڕ دەبوو لە بۆنی نارنج
ئێواران لە دوکەڵ و لەبۆنی شەراب
ژوورێکم هەبوو
ئەوەندەی نەختێ
هاوین، بە شنەیەک فێنێک دەبوو
زستان… بە هەناسەی شەکرە ژنێ،
گەرم دەبوو
ژوورێکم هەبوو !!
ژوورەکەی من
لە عەتر و
لە دوکەڵ و
لە شەراب
چەند سەنگین بوو بەیانیان
پڕ دەبوو لە هەناسەی حەرام
چەند سەلار بوو ئێواران
دڵمی لە باوەش دەگرت و
(سەرم)ی دەدایە بەر مانگ
ئەو بانگی دەکردم( باران )
هەیهات
ئێستا من لە باران ناچم
ئیتر من نەبۆنی خاک و
ئیتر من بۆنت شیرم لێنایە
ئیتر من نە ژوورم هەیە نە پەنجەرە
ئێستا کەس لە دەرگام نایا )
ماڵی عەتر،لەماڵی هەر هەموومان جوانتر و ڕازاوەترە،ماڵی گشتمان لێوان لێوە لە سەراب و لە گەڕان بەدووی خەیاڵە وونبووەکانی ژێر خەونە جوانەکانی ڕۆژانی بێزاریدا،ئای خوداوەند چەند جوانە ماڵی عەتر،چەند بچوکە هێندەش عەجول و سەرەڕۆیە،بە دوای سنگ و مەمکی قووت و هەرمێیدا.ئەفسانەی عەتر لەوەدا دەردەکەوێت کە هەموو جوانەکان دەناسێت،گشت لەش و لارە شووشەییەکان دەناسێت و هاوڕێی عارەقی بەژنو باڵای ڕۆژانیانە،ئاخر عەتر هەمیشە لە نێوانی سنگ و مەمکدا نەبێت ناخەوێت،لە ماڵی شیعریشدا کائینێکی عاقڵ و میوانێکی خۆشەویستی دولبەری شاعیرە و خەیاڵی شاعیریش لە ڕستەی شیعردا بۆنی جوانی دەناسێتەوە.شاعیر(عیرفان ئەحمەد)بەهەمان جۆر ڕووخساری شیعرەکانی،خودی ناخی شاعیر خۆیەتی،لێکدابڕان و جودا بوونەوە ماڵئاوایی و جێهێشتن،هەر هەموویان لەناو دێرە شیعرەییەکانی عیرفان ئەحمەدا دەخوێنینەوە،چارەنووسی هەموو دەقێکی شیعر،دیوی ئەو چرکەساتانەمان نیشاندەدات،کە وێنەی خودی شاعیرە و لەناو دێڕە شیعرەکاندا ژیان لە ئاوێنەی خەیاڵی ژیانەوە دەبینێت،گۆڕینی ژیان بە دیوی شیعردا کارێکی سانا نییە،بەڵکو چارەنووس خۆی زۆر جار بەرەنگاری ژیان و گۆڕینی ژیان بەدیوی شاعیردا دەکات،مرۆڤی شاعیر بە نووسین و خەیاڵ بەرگێکی تازە بەبەری ژیان و ئەو چرکەساتانە دەکات کە چارەنووس بۆی خوڵقاندووە،عیرفان ئەحمەد لەقەسیدەی(شیعر لێکمان دەکاتەوە)دەنووسێت:
( بریا ئەونە ساوا دەبووم
پرچی دایکم لێفەم ئەبوو
لەسەر دڵی خۆم ئەنووستم
چی بکەم هەر وام
وەک دیواری ژوورەکەم وشک و تەنیام
هەموو شەوێ ڕەشەبای ڕۆح دێ
تاڵ تاڵ شیعر وەک باخچەکەم هەڵدەوەرێ
بریا مەیمونێک بوومایە
لەم لقەوە بۆ ئەو لق سەمای شێتانەم کردایە
خۆزگەم بە سەگ
بە پشیلە و مشک و شەیتان
نەوەک… ئینسان! )
بیرکردنەوەو خۆزگە بردن بەساوابوون،ئیرەیی بردن بەو هەموو جیاوازیانەی کە مرۆڤ لە شتەکانی تر جیادەکاتەوە،لە ڕووی زمان و ئاوەز و هزرەوە،ئەمە خەسڵەتی زمان و تەکنیکی شاعیرە کەناخوازێت وەک ئینسانێک گوزەران لەتەک سرووشت و مرۆڤدا بکات،کازنتزاکیس دروست پێمان ئێژێت کە دەڵێ(ئێمەی بەشەر کڵۆڵین..بێڕەحم..تۆزقاڵێکین..هیچین..وەلێ لەهەناوماندا گەوهەرێکی لەخۆمان بەرز و شکۆدارتری تیادا حەشار دراوە)٥ زمان و تەکنیکی هونەری شیعر نووسین لەلای عیرفان ئەحمەد،زمانێکە کەناتوانێ چیتر شتەکان و ڕووداوەکان وەک خۆی بنووسێتەوە،ئەو لە تارمایی دێرە شیعرییەکاندا زمانێکی تری هەیە ئەویش زمانی بێزاری و هیچگەراییە،عیرفان ئەحمەد وەک کافکاگەرایەک بیردەکاتەوەو شیعر دەنووسێ،ئەمەش مانای وایە خوڵقاندنی زمانی ڕۆمانە بە شیعر،هەروەک چۆن گریگۆر سامسا پاڵەوانی کافکا بە جۆرێک بیردەکاتەوە کە ڕەنگە بەیانی ببێت بە سیسرکێک و ئیتر کەڵکی ئەوەی نەمێنێت وەک ئینسان ڕەفتار بکات و کۆمەڵگەکەی بدوێنێ،ئەی ئەوە نییە عیرفانیش خۆزگە دەخوازێت ئینسان نەبوایە بەڵام شتێک بوایە وەک سەگ و پشیلە،ئەو بە شەوق و زەوقەوە شیعرمان پێشچاو دەنێ،کارێک دەکا هەر هەموومان وەکو ئەو بیر بکەینەوە و خۆزگە بخوازین کە ئینسان نەبووینایە.ئەم جۆرە دەقانە قسەو باسی زۆر لەتەک خۆیدا دێنێتە سەرزاران و وەلێ کەسێ نییە،ئەم وێنەو میتافۆڕانە شیبکاتەوە،من زۆر لهمێژه سهرسامم به دێبات و نووسینەکانی نووسەرانی خاوەن ئەزموونی وەک (مهسعود موحهمهد،فواد مەجید میسری،حهمهسهعید حهسهن،عومەر مارف بەرزنجی،ڕێبوار سیوەیلی،حەمە کەریم عارف)که ئەم کائینانە توانیویانه کاراکتهری دونیایی ڕهخنهی ئهدهبی کورد له قۆناخێکی لاسایی کردنهوه بگواستنهوه بۆ دنیایی لێکۆڵینهوهی دروست و ڕاڤەی مانادار.بەشێک لە ڕەخنەگرانی ئێمە،دەقی شیعریان وەک مەتەڵێک لێکداوەتەوە و خوێندنەوەیان بۆ کردووە،ڕۆحی شیعریان کوشتوەو لەتەک دێڕ و ڕستەدا،حینجەی مانایان تێکەڵ بە دونیای داهێنان کردووە.ئەم جۆرە نووسینانە هەم دەقی شیعریان کوشتووە هەمیش خوێنەرانیان تووشی گومان و نائومێدی کردووە.لێرە بەرەو خوار گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە زوربەی شاعیران ڕووخساری دەقەکانیان خودی ناخی شاعیرەکان خۆیانن و هەر ئەوانیش دەکارن دونیای شیعر تژی بکەن لە دیالۆگ لەتەک ڕۆح و سروشت و ئینسانەکانی ناوەوە دەرەوەی دەق.خولاسە ترەفداری نییە گەر بڵێم سابیر سدیق و عیرفان ئەحمەد دوو شاعیری سۆزدار و غەمگینن،زۆرجاران دێرە شیعرییەکانیان پڕن لە هەنسک،وەک مەخلوقێکی بێگەرد و پاکژ لێوان لێون لە وشە و ڕەنگ بۆ جوانکردنی دونیای شیعر.!
خێزگەکان:
١ ) ڕۆمانی کاتژمێر ٢٥ نووسینی،کۆنستانتین جۆرجیۆ،وەرگێڕانی سڵێمان دڵسۆز.
٢ ) بە ناوی ‘ژیان’ەوە نووسینی،ئەریک فرۆم،وەرگێڕانی ئازاد بەرزنجی.
٣ ) هەڵبژاردەیەک لە شیعری شاعیرانی سەدەی بیستەم،وەرگێڕانی کامبیز کەریمی.
٤ ) هونەری ڕۆمان ،میلان کۆندێرا، وەرگێڕانی ،کەریم پەڕەنگ
٥ ) سۆفیگەرێتی ،نیکۆس کازانتزاکیس،وەرگێرانی .ڕەووف حەسەن.