Skip to Content

Thursday, August 11th, 2022

چاوپێکەوتنی ماڵپەڕی کۆمیتەی بەرگری لە کرێکارانی عێراق لەگەڵ نادر عبدالحمید

Closed
by July 22, 2011 گشتی


[مەسەلەی ئەسڵی لەدڵی ئەم شۆڕش و ئاڵوگۆڕە مێژووییانەدا هێنانەدەرەوەی کۆمۆنیزمە وەك زەبەلاحێکی حزبی بەلشەفی تا بتوانێت کرێکار ڕێکخراو بکات، هەڵیخرێنێت و ڕابەڕایەتی بکات بۆ شۆڕشێکی کۆمۆنیستی کرێکاری، بۆ تێکشاندنی هەوڵوتەقەلاکانی دژە شۆڕشی ناوخۆ و دژە شۆڕشی ئیمپریالیستی.]


بەرگری: وشه‌ی شۆڕش ئه‌و زاراوه‌یه‌ که‌ واتای ئاڵوگۆڕێکی چینایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌ له‌ ژیانی مرۆڤایه‌تی. سه‌ره‌تای 2011 له‌ وڵاتانی تونس و مصر و چه‌ندین وڵاتی  تریش ڕوداوی به‌ هێز ڕویاندا که‌ بووه‌ مایه‌ی گۆڕانکاری له‌ چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێك، ده‌توانین ئه‌م ڕوداوانه‌ ناو بنێن شۆڕش به‌ واتا کلاسیکێکه‌ی؟ یان ئه‌مڕۆ پێناسه‌ی نوێتر هه‌یە بۆ ناسینەوەی‌ شۆڕش که‌ ده‌توانین ئیتر له‌م پێناسانه‌وه‌ ئه‌م دیاره‌یه‌ ببینینه‌وه‌ و بیناسینه‌وه‌؟ تکایه‌ به‌ ڕۆشنی میکانیزم و پرۆسه‌و ئالیه‌تی ئه‌م ڕوداوانه‌ ڕونکه‌رەوە‌.

نادر عبدالحمید: لە دووتوێی ئەم پرسیارەداچەند خاڵێك نەك تەنها خاڵێك هەیە کە پێویست بە وەڵامدانەوە دەکات. من لەخواستی کۆتایی پرسیارەکەتانەوە ڕونکردنەوەی (میکانیزم و پڕۆسە و ئالیەتی) ڕوداوەکانی باکوری ئەفرایقا و وڵاتانی عەرەبی دەست پێدەکەم و لە میانەی ئەو ڕونکردنەوەیەیشدا خاڵەکانی تریش کە لە هەمان پرسیاردا هاتوون باس لێوە دەکەم، ئایە ئەم ئاڵوگۆڕانە شۆڕشن بەمانا کلاسیکیەکەی یان نا؟ یا ئایە پێناسەی نوێتر هەن بۆ ناسینەوەی شۆڕش؟.
بۆ ڕونکردنەوەی پڕۆسە و میکانیزمەکانی ڕوداوەکانی باکوری ئەفرایقا و وڵاتانی عەرەبی کە خواستی ئەسڵی پرسیارەکەتانە پێویستە ڕیشەکانی لەو ئاڵوگۆڕە ئابوری-کۆمەڵایەتی و سیاسیانەدا ببینینەوە کە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست تا کۆتایی ئەو سەدەیە لەو ناوچانەدا هاتوونەتەدی.
لە پڕۆسەیەکی مێژوویی نیزیك بە نیو سەدە لە پەرەسەندنی ئابوری و کۆمەڵایەتی، بە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە زوربەی دانیشتوانی ئەم وڵاتانە دەبنە شار نشین و دەڕژێنە بازاڕی کارەوە. نەوەیەکی تازەش کە لە باوەشی خانەوادە کرێکار و زەحمەتکێشەکانەوە چاو بە جیهان هەڵدێنێت و دێتە بازاڕی کارەوە کە بەشێکی زۆریان کۆلێژ، پەیمانگا و زانکۆی پشت سەر ناوە، خوێندەوار و چاوکراوەیە، وەك نەوەی پێش خۆی نیە. هەربۆیە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی چینایەتی تازە کە لە کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای هەزارەی سێهەمدا هاتۆتە ئاراوە، تەواو جیاوازە لەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی-سیاسی و فکریەی کە لە سەرەتای سەدەکەوە تا دەیەی هەفتاکان لە ئارادابوو. شۆڕشەکانی سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی بیست لەو وڵاتانەدا دژی ئیمپریالیزم بوون بۆ ڕزگاری نیشتیمانی و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وڵات و نەتەوە و لەناوبردنی دەرەبەگایەتی، و هەرەوەها بۆ بەپیشەسازی کردنی وڵات و پەرەپێدانی شارستانیەت،…..هتد، ئێستا سەردەمێکە کە ئەو ئەرکە مێژووییە کۆتایی هاتووە و کۆمەڵگەکان بوون بە شارنشین و سەرمایەداری و ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکان، ڕاپەڕین و شۆڕشەکان لەو کۆمەڵگانەدا، ئێستا دژی دەسەڵاتێکی خۆماڵیە کە بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی لێکهەڵپێکراوە بە بەرژەوەندنی وڵاتانی ئیمپریالیستی و کۆمپانیا و دامەزراوە نێودەوڵەتەکانیانەوە و بەشێكە لە سیتمێکی جیهانی سەرمایە.
هەر ڕاپەڕین و شۆڕشێك ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی ئەو ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیانەیە کە لە کۆمەڵگەدایە. لە کاتێکدا کە ناوەڕۆکی ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکانی ناو ئەو کۆمەڵگانە تەواو گۆڕاوە، بەهۆی پەرەسەندنی ئابوری و ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی ئەو وڵاتانە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەوە تاکۆتایی ئەو سەدەیە، بەدڵنیاییەوە ناوەڕۆکی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانیش وەکو ناوەڕۆکی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی پێشوو نابێت و ناتوانرێت بە هەمان پێناسەی کلاسیکی شۆڕشەکانی تری ئەو ناوچانە بیانخوێنیتەوە. ئەمە سەردەمێکە کە شۆڕشە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان کۆتاییان هاتووە و کرێکار کێشێکی قورسی هەیە. قوتابی، سەرباز و ئەفسەرە نیشتیمانپەروەکان و بزوتنەوەی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئەو ڕۆڵە مێژووییەی کە لە سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی بیستدا هەیان بوو، ئێستا چۆتەدواوە لەچاو هاتنەپێشەوەی قورسایی کۆمەڵایەتی و سیاسی چینی کرێکار لە کۆتایی ئەو سەدەیە و سەرەتای هەزارەی سێهەمدا.
ئەگەر وەك نمونەیەکی ڕونکردنەوە بگەڕێینەوە سەر مێژووی دوو دەیەی ڕابردووی میسر بەئاشکرا ئەو ڕاستیە لە میانەی مانگرتن، دەست لە کار کێشانەوە و خۆپێشاندانە کرێکاریەکانەوە دەردەکەوێت: لە ساڵی 1998 بەدواوە زیاتر لە دوو ملیۆن و نیوو (2.500.000) کرێکار لە سێ هەزار و پێنجسەد (3.500) مانگرتن و دەست لەکارکێشانەوە و خۆپێشانداندا بەشداری دەکەن کە زوربەی کەرتە ئابوریە جۆراوجۆرەکانی میسر دەگرێتە خۆی. ئەم شەپۆلە لە مانگرتن و خۆپێشاندان تا دەهات گەورەتر و بەرفراوانتر دەبوو، لەوانە مانگرتنی دێسەمبەری 2006 و سێپتێمبەری 2007 لە کۆمپانیای گەورەی ڕستن و چنین. پێنج مانگ خەبات و تێکۆشانی کرێکارانی کۆمپانیای لۆکەی تەنتا (Tanta) لە ساڵی 2009 دا، کە تازە فرۆشرابوو بە کەرتی تایبەتی. هەرەوەها لە (6-ئەپریلی-2008)دا کرێکاران لە چوارچێوەی کەمپینێکی سەراسەریدا بۆ دیاریکردنی لانی کەمی کرێ بانگەوازی مانگرتنێکیان کرد کە زیاتر لە بیست هەزار (20.000) لە کرێکارانی ئەلمحلە بەشداریان تیاکرد. پۆلیس بۆ سەرکوتی مانگرتنەکە ماوەی سێ (3) ڕۆژ کارخانەکەی داگیرکرد و لەو کێشمەکێشەدا سێ 3 لە کرێکاران گیانیان لەدەستدا. ئەم بزوتنەوەی “شەشی ئەپریل”ە لەلایەن لاوانی کۆمۆنیست و شۆڕشگێرەوە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت کەمپینێکی ڕاگەیاندنی بەرفراوانی بۆکرا. شایەنی باسە هەر هەمان ئەم گروپە لە “لاوانی شەشی ئەپریل” بانگەوازیان ڕاگەیاند بەدوای شۆڕشی تونسدا بۆ جەماوەری میسر کە دژی حوسنی موبارەك بڕژێنە شەقامەکانەوە بۆ خۆپێشاندان لە 25 ی مانگی یەکی ئەمساڵدا و شۆڕشی میسر لەو بەروارەوە پەرەی سەند و تەقیەوە. بۆیە هەتا لە ڕووی شکڵیشەوە هەر مێژوو نوسێك کە ویژدانی لەدەست نەدابێت ئەم شۆڕشانە لە بەردەوامی ناڕەزایەتیەکانی کرێکارن [و توێژە جیاجیاکانی لە لاوانێکی خوێندەواری بێکار و دەستفرۆشانی زەحمەتکێش] لە کتێبی مێژوودا دەنوسێتەوە. ئەمە نەك هەر بۆ میسر بەڵکو بۆ تونسیش هەروابوو، کە جگە لە مانگرتن و خۆپێشاندانە کرێکاریەکانی ئەو وڵاتە، خودی دەستپێکردنی شۆرشەکەی بە خۆسوتاندنی لاوێکی دەرچوی زانکۆ “موحەمەد بوعەزیزی” دەستی پێکرد کە بەرپرس بوو لە پەیداکردنی بژێوی هەشت سەر خێزان لە شارۆچکەی “سیدی بوزید”.
بەدڵنیاییەوە توێژگەلێکی بەرفراوان لە ڕۆشنبیران هەن وەكو مامۆستایانی خوێندگاکان و زانکۆکان، وەكو ڕۆژنامەنوسان و پارێزەران و کارمەندانی بچوکی ئیداراتی دەوڵەتی و هەتا مەلای مزگەوتەکانیش،…. کەئەمانەش دەمکوت دەکرێن و ئازادی فکر و بیروڕایان لێ زەوت دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە، کەنابێت باس لە گەندەڵی و دزی سەروەتوسامانی گشتی بکەن و ڕەخنە لە دەسەڵات بگرن. پرسیار ئەوەیە ئایە هۆکاری سەرەکی ئەمە چیە؟ ئەم دیاردەی سەرکوت ودەمکوتکردنەی توێژە کۆمەڵایەتیە ڕۆشنبیرەکان لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە؟ هەندێك لە لێکدانەوەکان دەیگێرنەوە سەر وجودی شەخسە زاڵم و بێ ڕەحم و دڵڕەق و دیکتاتۆرەکان (وەك بن عەلی، حوسنی موبارەك، سەدام حوسێن، مسعود بارزانی، …)، بەڵام زۆری لێکدانەوەکان دەست بۆ شیکاریەکی بابەتی دەبەن لە چەشنی ئەوەی کە دەڵێن “لە مێژووی ئەم وڵاتانەدا سوننەت و تەقالیدی دیموکراتی نیە”، یا “ئەمانە تا دوێنێ لە شاخ بوون و بە عەقلیەتی شاخەوە دەوڵەت و کۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن”، یا “لەبەر دواکەوتووی فەرهەنگی و خورافاتی ئایینیە کە لەم وڵاتانەدا دیموکراسیەت و ئازادی بیروڕا دەربڕین لە ئارادانیە”،… وە جۆرەها لێکدانەوە و شیکردنەوەی تر. بەدڵنیاییەوە هەر یەکێك لەو لێکدانەوە و فاکتۆرانەی کە هێمامان بۆکردون مەوجودن و کاریگەری خۆشیان هەیە، بەڵام لە ڕوانگەی ماتریالیزمی مارکسەوە ئەوە چەوسانەوەی وەحشیانەی چینی کرێکارە کە بارودۆخێك دەخوڵقێنێ لە سەراسەری کۆمەڵگەدا کە هەرجۆرە ناڕەزایەتیەك، هی هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان ئەڵبەتە بەپلەی جیاواز سەرکوت و دەمکوت بکرێت، چونکە کردنەوەی هەرجۆرە دەروازەیەك، بۆ هەر توێژێکی کۆمەڵایەتی بۆ ڕەخنە گرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین، سەردەکێشێت بۆ ئاوەڵاکردنەوەی دەروازەش بۆ ناڕەزایەتی کرێکاری و کۆمۆنیستی، ئەمەش واتا وەستانی چەرخی هەڵسوڕاوی سەرمایە و بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و دابەزین و کەم بوونەوەی سود و قازانج. بۆیە سەیر نیە هەتا چالاکی سەندیکایی ڕیفۆڕمیستیش لەناو کارگە و کارخانەکاندا یاساغە و سەندیکا کرێکاریەکانی مەوجود لەلایەن دەسەڵاتەوە تەواو کۆنترۆڵ دەکرێن و دەکرێنە دەزگای جاسوسی و سەرکوت بەسەر کرێکارانی ناڕازی، بەسەر کرێکارانی پێشڕەو و ڕادیکاڵ و سۆشیالیستەوە بۆ خامۆش ڕاگرتنی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان و بەرگرتن بەتەقینەوەیان. بەهەمان شێوەش زۆرێك لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، و زۆرێك لە سەندیکای پیشەیی مامۆستایان، پارێزەران، ڕۆژنامەنوسان، یەکیەتی مامۆستایانی ئایینی و مەلای مزگەوتەکان لەو وڵاتانەدا دەکرێن بە بەشێك لە دامودەزگای دەسەڵات، نەك هەر بۆ زوڕناژەنین و سڵاوەت لێدان لە دیداری دەسەڵات، بەڵکو بۆ جاسوسی و سەرکوتی هەردەنگێکی ناڕازی لەو ژینگانەشدا.
لێرەوە هاوڕای ناڕەزایەتی ئەسڵی چینی کرێکار لە کۆمەڵگەدا، ناڕەزایەتی و ڕەخنەی توێژە کۆمەڵایەتیەکانی تریش کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداون و خوازیاری ئازادی بیروڕا و ڕەخنەگرتن، خوازیاری ئازادی ڕێکخراوبوونن دور لە دەستێوەردانی دەسەڵات، هەروەها ناڕەزیەتی سەرمایەدارانی تازە پێگەیشتووش کە خوازیاری ئازادی وەبەرهێنان و چالاکی دامەزراوە ئابوریەکانن لەبەرامبەر قۆڕخکردنی بازاڕ لەلایەن سەرمایەدارانی سەر بە دەسەڵات و حزبی حاکم؛ بەڵێ ئاوێزان بوونی ناڕەزایەتی ئەم توێژە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرانە بە ناڕەزایەتی ئەسڵی و چینایەتی کرێکار لە کۆمەڵگەدا، دۆخێکی ناڕەزایەتی گشتی جەماوەری پێك دەهێنێت، کە خسڵەتی چینایەتی ئەو ناڕەزایەتیانە دادەپۆشێت و ڕوخساری ناڕەزایەتی هەموو خەڵکییان پێدەبەخشێت، کە تیایدا هەموو گەل (شەعب) بەدژی دەسەڵات دەردەکەوێت، و کۆمەڵگە وەك بەرمیلێك باروتی لێ دێت کە تەنها چەخمایەكی بەسە بۆ تەقینەوە. خۆسوتاندنی “موحەمەد بوعەزیزی” ئەو چەخماخە بوو کە ئەم بەرمیلە باروتانەی تەقاندەوە و تەواوی ئەو ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گڕدا.
میدیای بۆرژوازی و تیۆریسنە لیبڕاڵەکان ڕیشەی ئەم تەقینەوانە لە نەبوونی دیموکراسی و پەرلەمانێکی ڕاستەقینەدا دەبینەوە، بەدڵنیاییەوە سەرکوتی سیاسی و نەبوونی ئازادی سیاسی و حزبایەتی بەشێکی جیانەکراوەی ئەم تەقینەوە و شۆڕشانەن بەڵام بەشی ڕیشەیی تر و بناغەییتر کە ئەم ئیستیبداد و سەرکوتە فکری و سیاسیەی لەسەر وەستاوە، چەوسانەوەی دڕندانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانە بۆ سودی سەرمایە و “زێدە سود”ی سەرمایەی ئیمپریالیسستی. هەروەها بێکاری بەرفراوان و بێبەش ڕاگرتنی ئەو جەماوەرەیە نەك هەر لە خزمەتگوزاریەکان و لە خۆشی و کامەرانی، لە جیهانێکدا کە بەشێوەیەکی سەرسام ئاوەر نیعمەت و مەلەزات تیایدا بەرهەم هاتووە، بەڵکو ئەم سیستمە لەڕێگەی بێکاری، دەستکورتی و هەژاری و قەیرانی خانووبەرەوە هەتا سەرپەنا و پێکهێنانی خانەوادەی لەلایەن گەنجان و لاوانی کوڕ و کچەوە کردۆتە خەون و خەیاڵ کە لە پێداویستیە بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتیە هەرەپێویستیەکانی ژیانی ئینسانن. بەڵێ ئەم سیستمەی “کۆیلەتی ئازاد” هەتا خۆی بە بەرپرس دانانێت لەبەرامبەر ژیانی کۆیلەکانی خۆشیدا! ئەمەیە ڕیشەی ناڕەزایەتیە ئەسڵیەکان و خوڵقێنەری ئەسڵی کەشوهەوای خنکێنەری ئیستبدادی و نەبوونی ئازادیە فکری و سیاسیەکان لە کۆمەڵگەدا و بێبەش کردنی توێژە کۆمەڵایەتیەکانی تریش لە ئازادی ڕادەربڕین و هەڵسوڕانی سیاسی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەکانیان.
ئەوەی باسکرا لە مێژوویەکی واقعی لە ئاڵوگۆری ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو وڵاتانە، هەر خۆشی میکانیزم و پرۆسه ‌و ئالیه‌تی ئه‌م ڕوداوانه‌یە. وە لێرەوە مانای شۆڕش وەك مەفهومێك دیاری دەکرێت بەرلەوەی کە لەدوو توێی کتێبەکاندا بۆی بگەڕێین. ئەڵبەتە ماتریالیزمی مارکس ئەو دەزگا فکریە گشتیەمان دەداتێ کە لێیەوە بەسۆراغی ئەو ڕوداوانە، ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانەدا بڕۆین. بەڵام دەبێت ئەو دەزگا فکریە گشتیە لە جیهانێکی واقعیدا، لە کۆمەڵگەیەکی دیاری کراودا بەکار بهێندرێت بۆ دووبارە دۆزینەوە و سەلماندنەوەی هەقانیەتی ئەو خەباتە چینایەتیە-سیاسیەی کە لەو کۆمەڵگانەدا لە شکڵی موشەخخەسی خۆیاند (کە جیایان دەکاتەوە لەو شکڵ وشێوازانەی کەلەکۆمەڵگەیەکی تردا خۆی پێدەردەخات) بونەتە تەوەرەی هەر ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی ئەو کۆمەڵگایانە. لێڕەوە مارکسیزم هەقانیەتی خۆی لە دووبارە لە مەحەکدانەوە بە واقعی موشەخخەسی ئەو وڵاتانەوە دەسەلمێنێتەوە و خۆی لە لێکدانەوەی ئەکادیمیستی سەروچینایەتی جیادەکاتەوە کە بە پێناسەیەکی وشك و گشتیەوە دێت بۆ سۆراغی ڕوداو و شۆڕشەکان. ئەم شۆڕشانە، هەروەك پێشتر ئاماژەم پێداون لەسەردەمێکدا سەرهەڵدەدەن کە سەردەمی شۆڕشە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان تیا کۆتایی هاتووە و ناتوانرێن بەپێناسەی ئەو شۆڕشانەی پێشوو بناسرێنەوە، بەڵام پێناسەی تازەیان لەگەڵ خۆیاندا نەهێناوە، بەومانایەی کەلەدەرەوەی خەباتی چینایەتی پێناسە بکرێن، بەڵكو ئەم خەباتە چینایەتیە لەم وڵاتانەدا لە بارودۆخێکی تازەی ناوچەیی و قەیرانێکی جیهانیدا، سەری کێشاوە بۆ ڕاپەڕین و شۆرش کە “تەکنۆلۆژیای زانیاری و پەیوەندی” بێئەندازە پەرەی سەندوە و مۆری خۆی داوە لەو پڕۆسەیە. هەروەك چۆن شۆڕشە بورژوا دیموکراتەکانی 1848 ی وڵاتانی ئەوروپا، کۆپی و هاوشێوەی شۆڕشی بورژوا-دیموکراتی 1789 ی فەرەنسا نەبوون. بەڵام مارکس لە کتێبەکانیدا “خەباتی چینایەتی لە فەرەنسا لەنێوان ساڵەکانی 1848 -1850” و “هەژدەهەمی بڕۆمێری بۆناپارت”، هەروەها ئنگلس لە کتێبی “شۆڕش و دژی شۆڕش لە ئەڵمانیا”، ئەو میکانیزم و ئالیەت و پرۆسەیە دەدۆزنەوە و باسی لێوەدەکەن کە خەباتی چینایەتی بەشێوەیەکی موشەخخەس پیانا تێپەڕیوە بەتایبەت لەسەردەمێکدا کە چینی کرێکاری ئەوروپا کێشێکی قورسی پەیدا کردوە کە لە شۆڕشی 1789 ی فەرەنسا نەیبووە. بە هەمان شێوەش مارکسیستەکانی ئەم سەردەمە دەبێ ئەو میکانیزم و پرۆسە موشەخخەسانە شیبکەنەوە کە خەباتی چینایەتی و تەقینەوەی لە شکڵی شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا، بە دیاریکراوی  پیاتێپەڕیووە یان پیا تێپەڕئەبێت لەم سەردەمەیەدا.
بەپێی ئەو مێژووەی کەلە سەرەوە باسکراوە مارکسیزم پێمان دەڵێت کە ژێرخانی کۆمەڵگەی ئەم وڵاتانە لە کۆتایی سەدەی بیست و پاشان گرتنەبەری سیاسەتی نیولیبرالی (لە پریڤاتیزەکردنی ئابووری ئەم وڵاتانە و پەرەسەندنی گەندەڵیەکی لەڕاددە بەدەر)، ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە کە سەرخانی کۆمەڵگە بۆتە شتێکی نامۆ بە ژیان و بەختەوەری و کامەرانی هاوڵاتیان کە زوربەیان داماڵراون لە خاوەنداریەتی هۆکانی کار و بەرهەمێنان و وەك هێزی کار خراونەتە بازاڕ بۆ چەوساندنەوە لەلایەن سەرمایەی جیهانی و ناوخۆ. دەسەڵاتی دەوڵەت بە زۆری کوتەك و سەرکوت تا ئێستا بەری گرتبوو بە تەقینەوەی ئەم ناکۆکیە ڕیشەییە، بەڵام نەیتوانی تا سەر کۆنترۆلی بکات. کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازان تەکانێكیان لەخۆیان نیشاندا و سەروپۆتەڵاکی ئەم سیستمەیان لە هەردوو وڵاتی میسر و تونس داڕوخاند، بەم مانایە شۆڕش هەنگاوی یەکەمی هاویشتوە بەڵام هێشتا سیستمەکە لەشوێنی خۆی ماوەتەوە کەئەمەش پەیوەستە بە ئیرادەی ئاگاهانە و پراتیکی کۆمۆنیستیەوە کە چینی کرێکار هەڵخرێنێت (تەعبیئە) لەپێناویدا، کە لە ئێستادا بەداخەوە ئەو بزوتنەوە کۆمۆنیستیە لەو ئامادەگیە بەهرەمەند نیە لەو وڵاتانەدا، گەرچی لە هەناوی ئەم تەکانەی چینی کرێکارادا بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری و ئەم پڕاتیکە کۆمۆنیستیەش هەلی پەرەسەندن و هێز گرتنی بۆ دەڕەخسێت. هەروەك لە دڵی شۆڕشی ئێران (1979)دا، کۆمۆنیزم توانی خۆی کۆبکاتەوە و پێشڕەوی جدی بکات، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم شۆڕشانەش لەجیهانی عەرەبیدا ئەو زەمینەیە خۆش دەکەن بۆ گەشە و پێشڕەویەکانی کۆمۆنیزم لە ساڵان و دەیەکانی داهاتوودا.

بەرگری: محوەرێکی زۆر سه‌ره‌نج ڕاکێش له‌م ڕوداوانه‌ ئه‌و بوو که‌ ئه‌حزابی سیاسی وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌ کڵاسیکه‌که‌ی ڕاهاتووین دەبوو پێشەوا و جولێنەر ئەو رووداوانەی سەر شەقام بێت بەلام وا نەبوو. به‌ڵکوو گه‌نجانی ناڕازی و خۆڕسک له‌ تۆڕه‌کانی نێت ڕۆڵی بایخدارترینیان ده‌نواند له‌ شه‌قامدا. پێت وا نیه‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ (حزب) له‌ ڕۆڵی بایەخداری له‌ ڕوداوه‌کانی کۆمه‌ڵگا ئیتر کاریگه‌ری نه‌ماوه‌ که‌ ناتوانێت ئه‌و ئه‌مرازه‌ بێت بۆ ئاڵوگۆڕکردن به‌ شێوه‌ کلاسیکه‌که‌ی؟ پێت وانیه‌ ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ ئیتر پرسیارێکی قووڵ ئاراسته‌ی  فه‌لسه‌فه‌ی بوونی کراوه‌؟

نادر عبدالحمید: سەرەتا پێویستە هێما بۆئەوە بکەین کە بارودۆخی ئیستیبداد و سەرکوتی سیاسی کە باڵی کێشابوو بەسەر ئەو کۆمەڵگایانەدا، بواری چالاکی و هەڵسوڕانی عەلەنی حزبە سیاسیە جۆراوجۆرەکانی بە ئەندازەیەکی وا بەرتەسك کردبۆوە کە حزبێکی لیبراڵ کۆنسێرڤەتیڤی وەك “حزبی وەفد”ی میسر لە ساڵی 2010 دا لەبەرامبەر دەسەڵاتی حوسنی موبارەکدا دەیوت “پەنا دەبەینەبەر شەقام”. جا لە کەشوهەوایەکی سیاسی خنکێنەری ئاوادا کە بوار بۆ چالاکی سیاسی بێئەندازە بەرتەسك دەکاتەوە هەتا لە لیبراڵی کۆنسێرڤەتیش، ئەوا ناڕەزایەتی سیاسی و چالاکی هەڵسوڕانی سیاسی و فکری، بەتایبەت ڕادیکاڵ و دژ بەسەراپای ڕژێمەکە ناچار کەناڵ و ڕێڕەوی تر دەدۆزێتەوە بۆ تەعبیرکردن لەخۆی و کاریگەری دانان لەسەر کۆمەڵگە، هەربۆیە نەوەی نوێ دەستی بردوە بۆ کەناڵی ئینتەرنێت (فەیسبوك، یوتیوب، تویتەر،…) و سود وەرگرتن لە تەلەفۆنی مۆبایل و کامێرای دیجیتاڵ کە چالاکیەکانی خۆی لێیەوە ئەنجام بدات. بەڵام دەبینین بەدوای شۆڕشی تونس و میسردا ئەو چالاکوانە سیاسیانەی فەیسبوك و ئینتەرنێتی پێش شۆڕش، ئێستا دوای شۆڕش و هاتنەئارای فەزای ئاوەڵای سیاسی، بەپلەی یەکەم لە مەیدانی هەڵسوڕانی عەمەلی و عەلەنیدا چالاکیەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن و چالاکی فەیسبوك و ئینتەرنێتیان بۆتە تەواوکەر وەیا پاشکۆی چالاکیە مەیدانیەکانیان. هەروەها زوربەشیان یان پەیوەست بوون بە حزبەکانەوە یان حزبی تازەیان دروست کردوە، هەر بۆ نمونە لە دوای شۆڕشەوە، لە وڵاتێکی بچوکی وەك تونس زیاتر لە 100 سەد حزبی تازە پێکهاتوە. بەڵگەهێنانەوە بۆ ئەوەی کە قاوغی حزبایەتی کۆن بووە و کەڵکی نەماوە، لەگەڵ واقعیاتی سەرهەڵدان و چالاکبوونی ئەو هەموو حزبانە بەدوای شۆڕشدا نایەتەوە.
بەڵام جگە لە ئیستیبداد و هۆکاری سەرکوتی سیاسی، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی ئەو حزبانەی کە مەوجود بوون بەر لە تەقینەوەی ناڕەزایەتیەکان و لەکاتی تەقینەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەشدا لەشکڵی ڕاپەڕین و شۆڕشدا نەیانتوانیوە بە تەعبیری پرسیارەکەتان (ڕۆڵی بایەخدار له‌ ڕوداوه‌کانی کۆمه‌ڵگا دا بگێرن)، ناتوانین هەر هەمووی ئەو حزبانە لە سەبەتەیەکدا کۆبکەینەوە و یەك وەڵامیان پێبدەینەوە، چونکە ئەو حزبانەی کە لەو وڵاتانەدا لە ئارادابوون و چالاکیان نواندوە جا چ بە شێوەیەکی عەلەنی، یا نیوە عەلەنی یا ژێرزەمینی و قاچاخ سەر بەڕەوتی فکری سیاسی جیاجیان، هەر لە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی میانەڕەوی لیبڕاڵ و ئیسلامی سیاسی توندڕەوەوە بیگرە تا حزبە ناسیونالیستە کلاسیکیەکانی دژ بە ئیمپریالیزم، تا ناسیونال-لیبڕاڵەکان، تا ناسیونال-چەپی ڕەوتە پڕۆمۆسکۆییەکانی جاران و تا “چەپی نوێ”، تا ڕەوتە چەپە ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست و کرێکاریەکان. بۆ ئەوەی بە دەقیقی وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوە دەبێ ئەوە بخەینەڕوو ئەم هەموو ڕەنگاڵانە (تەلاوین) لە حزب و ڕەوتی سیاسی، دوو دەستەی جیاوازن. دەستەی یەکەم تەواوی ئەو حزب و ڕەوتە فکری و سیاسیە جیاجیانە دەگرێتەوە کە لەدەرەوەی مەفهومی “ڕەوتە چەپە ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست و کرێکاریەکان”ەوەن. بەم شێوەیە پرسیارەکەی ئێوە تا ئەو جێگەیەی پەیوەستە بە دەستەی یەکەمەوە نامۆ بوونی ئەو حزبانە دەردەخات بەو ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیە ئەسڵیەی کە لەژێرەوە ساڵەهایە دەکوڵێت. ئەمەش لە بێئاگایی و بێخەبەری ئەو حزبانەوە نەهاتووە، بەڵکو بەرهەمی ئاگاهی سیاسی ئەو حزبانە، بەرهەمی ئامانجی سیاسی و شێوازی خەباتکردنی ئەو حزبانەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجانەکانیان، کە سەرچاوەکەی لە نوێنەرایەتی کردنی ئەو ڕەوتە فکری سیاسیانەوە هاتووە کە سەر بە بەرژەوەندی ئەو چین و توێژە کۆمەڵایەتیانەن کە بەدوای چاکسازی و هەموارکردنەوە (ئیسڵاح)ی سیستمی مالیکیەتی خسوسی و دەسەڵاتی بورژوازیەوەن نەك لەناوبردنی ئەو مالیکیەتە و چەوسانەوەی چینایەتی.
بەڵام سەبارەت بە دەستەی دووەمی ئەو حزب و ڕەوتە سیاسیانە “چەپی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست” کە لانیکەم ئەگەر بە ئیدیعاش بێت ڕێکخستنی شۆڕشی کرێکاریان خستۆتە دەستوری کاری بەرنامەی خۆیان و دژایەتی خۆیان ڕاگەیاندوە بۆ مالیکیەتی خسوسی بورژوازی؛ هۆی ئەوەی کە ئەوانە بۆچی نەیان توانیوە ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێك فاکتۆری بابەتی و زاتی، کە ئێرە شوێنی باسکردنیان نیە، بەڵام جێی خۆیەتی کە هێما بۆ چەند لایەنێکی گرینگ بکەین لەوانە سەرکوتی سیاسی و یاساغ بوونی هەرجۆرە چالاکیەکی هەتا سەندیکایی کرێکاری و ڕیفۆڕمیستیش لەناو کرێکاراندا جا چ جایەکی بگا بە چالاکی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵ لەناو بزوتنەوەی کرێکاریدا، ئەمە لە کاتێکیشدایە کە هێشتا قورسایی داڕمانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی سۆڤیەتی وەك “هەرەسهێنانی کۆمۆنیزم” و بالۆرەی سەرکەوتنی دیموکراتیەت و بازاڕی ئازاد وەك سەنگێکی قورس بەسەر دەستوپێی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیەوە لانەچووە و کۆمۆنیزم ئەو ئیعتیبارەی کە لەدەستی داوە لەژێر سایەی بلۆکی سۆڤیەت و هەرەس هێنانەکەیدا هێشتا نەهاتۆتەوە شوێنی خۆی. بەڵام ئەمە هێشتا خاڵی ئەسڵی نیە لە دەستەوستانی (عەجز) ئەم ڕەوتە چەپ و کۆمۆنیستانە لەبەرامبەر ئەم ئاڵوگۆڕانەدا، ئەمە دەکرێت تەنها وەك بارودۆخێکی دەرەکی ناهەمواری دژ بە بەرفراون بوون و هێزگرتنی ئەو ڕەوتانە لەبەرچاو بگیرێت لە کاتێکدا پرسیاری ئەسڵی ئەوەیە کە چۆنچۆنی لەم بارودۆخە ناهەموار و سەختەدا کۆمۆنیزم و ناڕەزایەتی کرێکاران، کۆمۆنیزم و ڕاپەڕین و شۆڕشە کرێکاریەکان لێك هەڵدەپێکرێنەوە؟ ئەمە بەرلەوەی گرفتێکی تاکتیکی، وەیا تەکنیکی عەمەلی سیاسی بێت گرێیەکی ئەسڵی مێسۆدۆلۆژیە و بەبێ گەڕانەوە بۆ مارکسیزمی مارکس و لینین، وە فڕێدانی تەواوی ئەو ئەزمونانەی کە ڕەوتە بورژواکان بەناوی کۆمۆنیزمەوە لەدوای مەرگی لینین و بەتایبەت لە سیەکانی سەدەی بیستەوە خستویانەتەڕوو، ناگاتە ئاکام. هەنگاوی یەکەم لەو ڕاستایەدا، بۆ ئەم لێکهەڵپێکانەوەی کۆمۆنیزم و کرێکار، بەڕای من بەدەستەوەگرتنی باسەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریە. ئەو ڕەوتە چەپ و کۆمۆنیستانەی کە لە وڵاتەکانی جیهانی عەرەبیدا هەن لەسەرەتای پڕۆسەیەکی لەوجۆرە لە بەخۆداچونەوەدان.
ئەم نەوە کۆمۆنیستیەی ئێستا لە سەردەمانێکدا چالاکی دەنوێنێت کە جیهان لە گوزەرگایەکی مێژوویدایە کە سەرەتا سەرمایەداریە دەوڵەتیەکەی دادەڕمێت لەدوایین دەیە (دەیەی نەوەتەکان)ی سەدەی بیست و پاشان لە یەکەمین دەیەی سەدەی تازەدا (ئاگۆستی 2008) قەیرانێکی قوڵ  سەراپاری ئەو سەرمایەداریە کە بازاڕی ئازادە دەگرێتەوە و لە ئەڵقە لاوازەکانیدا کرێکاران بەتەکانێك ڕژێمە دکتاتۆریەکانی سەرمایە دەڕوخێنن لە تونس و میسردا، ئەم نەوە تازەیە لە کۆمۆنیزم لەژێر ئەم وێرانەیەدا پێویستە وەك زەبەلاحێك (عیملاق)ێك بێتە دەرەوە، هەروەك چۆن بەلشەفیەکان لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا وەك زەبەلاحێك هاتنە دەرەوە و مۆری خۆیان لە جیهانی سەدەی بیست کوتا.
ئەوەی کە گەنجانی توڕە و ناڕازی (کە زوربەیان کرێکاری بێکار وەیا سەر بە خانەوادە کرێکاریەکانن)، لە بارودۆخی سەرکوتی سیاسی و یاساغ بوونی چالاکی عەلەنیدا، بە سود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای زانیاری و پەیوەندیەکان توانیویانە لە رێکخستن و هەڵخڕاندنی جەماوەردا بۆ خۆپێشاندان، ڕاپەڕین و شۆڕش ڕۆڵێکی کارا بگێڕن نەفی ڕۆڵی حزب ناکاتەوە چونکە ئەم میکانیزمەی لاوە شۆڕشگێرانە گەرچی گونجاوە بۆ هاندان و تەقاندنەوەی ناڕەزایەتی و روخانی چڵەپۆپەی ئەم رژێمانە بەڵام ئایە دوای ئەوە ئەم شێوازە لەبارە بۆ دەستکۆتاکردنی دژە شۆڕش و هەڵتەکاندنی بەربەستەکانی بەردەم پێشڕەوی شۆڕش؟ ڕووەو لەناوبردنی سەراپای سیستمەکە و جێگرتنەوەی بە سۆشیالیزم. ئەگەر بۆ هەنگاوی یەکەم (ڕوخانی دەسەڵاتی دەوڵەت) ئەم کارە دەستپێشکەریەی ئەم لاوەشۆڕشگێرانە کافی بێت، ئەوا ناتوانێت بۆ هەنگاوی ئەسڵی و مێژووی دواتر وەڵامدەرەوە بێت. نەك هەر ئەوەی کە ئەم جۆرە لە حزبیەتی فەیسبوکی کافی نیە بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی شۆڕش، بەڵکو هەتا کاراش نیە بۆ خۆڕاگری لەبەرامبەر دژە شۆڕشدا بۆ هەرچی زووتر خەواندنی شۆڕش و دامرکاندنەوەی ئەو شۆڕشانە بەرلەوەی دەستکەوتەکانیان جێگیر بن لەسەر ئەرزی واقیع. ئەمە دروست ئەو گرفتەیە کە هەر ئێستا ئەو لاوە شۆڕشگێرانە ڕووبەڕووی بونەتەوە لە میسر و تونس. بۆیە مەسەلەی ئەسڵی لەدڵی ئەم شۆڕش و ئاڵوگۆڕە مێژووییانەدا هێنانەدەرەوەی کۆمۆنیزمە وەك زەبەلاحێکی حزبی بەلشەفی تا بتوانێت کرێکار ڕێکخراو بکات، هەڵیخرێنێت و ڕابەڕایەتی بکات بۆ شۆڕشێکی کۆمۆنیستی کرێکاری، بۆ هەڵتەکاندنی تەواوی ڕەگ و ڕیشەی ئەم سیستمە، و تێکشاندنی هەوڵوتەقەلاکانی دژە شۆڕشی ناوخۆ و دژە شۆڕشی ئیمپریالیستی، و هێنانەدی جهیانێکی ئازاد و یەکسانی سۆشیالیستی.

ناوەڕاستی تەمموزی 2011
nadr1506@yahoo.com

Previous
Next