Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
خەباتی سەرشەقامی ئێمە و ئەوی ئەوان 5

خەباتی سەرشەقامی ئێمە و ئەوی ئەوان 5

Closed
by July 22, 2011 فەلسەفە


خۆپیشاندان و بەرهەمهێنانی پرسیاری سیاسی گەورە

مەبەست لە پرسیاری سیاسی گەورە چییە؟ چۆن پرسیاری سیاسی گەورە دێتەچێکردن؟ بۆئەوەی وەڵامی ئەو دووپرسیارە بدەینەوە کە دەروازەی ئەم بەشەی نووسینەکەمانیشی پێدەکەینەوە بەپێویستی دەزانین قسە لەسەر ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان بکەین و لەو شوێنەش کە پێویستدەکات بەدلنیاییەوە گفتووگۆ لەسەر تێمای سەرەکی نووسینەکەشمان، کە بە بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریسەوە تایبەتە، دێنینەپێشەوە.
مەبەست لە پرسیاری سیاسی گەورە ئەو پرسیارە سیاسیانەن کە گفتووگۆ بەرهەمیاندێنێت. ئەو گفتووگۆیانەش  ” هزری سیاسی ڕاسیۆنال ” (1) لەپشتیانەوەیەدەبێت. بۆنموونە گۆڕەپانی “ئەگۆرە ” لە یۆنانی کۆن شوێنی هاتنەدونیای ئەو جۆرە پرسیارە سیاسیانەبوونە کە ” هزری سیاسی ڕاسیۆنال ” بەرهەمیانیهێناوە. لەهەمانکاتدا پرسیاری سیاسی گەورە ئەو پرسیارە سیاسیانەن ڕاستگۆئامێزن و لەسەر بناغەی پێوەرێ تایبەت دێنەدونیاوە. پێوەرداری و ڕاستگۆئامێزانەی پرسیاری سیاسی گەورە لەوەدایە بە دۆزی خۆیەوە لێکپچڕاو نییە. بۆیە بۆئەوەی پرسیاری سیاسی گەورە بێتە کایەوە پێویستمان بە دۆزە. ئەلبەتە، ئەم شێوە پرسیارە دەکارێ پرسی هاوبەش ، کە پرسیاری سیاسی گەورەی دەکرێ لێچێکرێت، بکات بە بناغە بۆ خستنە ژێرپرسیاری دۆز. ئەمەش لەسەرێترەوە بەلگەیەلەسەر ئەوەی، ئەو پرسیارانەی حالیبوونیان بۆ دۆزی خۆیان نییە ناتوانن لە دۆزەوە نزدیکبن هەربۆیشە نابن بە پرسیاری سیاسی گەورە. نەک هەرئەوە بەلکو “هزر لە پێوەندیدایە بە هەلومەرجی کۆمەڵایەتیەوە. ئەو دەمەی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی گۆڕانی دێتەسەر هزریش گۆڕانی دێتەسەر”(2). بۆیە گومانیناوێت، پرسیاری سیاسی گەورە ساتەوەختی خۆی هەیە و ئاووهەوای سیاسی تایبەتیش بەرهەمیدێنێ و دواتریش لەڕووی سیاسیەوە هەر ئەو ئاووهەوا سیاسییە پرسیارە گەورەکان بەخێودەکات. گشت قۆناغێ سیاسیش پرسیاری سیاسی خۆی هەیە و ئەو قۆناغانەش کە لەڕووی سیاسیەوە ناسک و زێدە هەستیارن سەرووی قۆناغی خۆیاندەبن و پرسیاری نامەحالی سیاسی ڕاپێچی ناو ژیانی سیاسی تاک و کۆ دەکەن. گەر ئەو جۆرە قۆناغانەش پرسیارگەلی لەوجۆرە نەهێننەدونیاوە نە مەحال دەگۆڕن و نەش سیاسەت دەکارێ ئەوە نیشاندات کە هاوسۆزی ساتەوەختی خۆیەتی. ئەمەو پرسیارە سیاسیە گەورەکان کارئاسانی بۆ تێگەیشتن لە دۆز و قۆناغی سیاسی دێننەپێشەوە و ئەو بینینەش فەراهەمدەکەن کە سیاسەتکردن بێ داهێنانی ،بێهێنانەدونیای، پرسیارە گەورەکان ناشێ تێپەڕێت. ئەو دەمەش ترازان لەنێوان دۆزی سیاسی و خواستی سیاسیدا دروستدەبێت پرسیاری سیاسی گەورە ووندەبێت و لەبڕی ئەوە پرسیارە ساکار و لاوەکیەکان دێنەپێشەوە. ئەو کاتەش کە پرسیاری ساکار و لاوەکی شوێنی پرسیاری ئالۆز و سەرەکی دەگرنەوە خودی پرسیارکردن شوێنی گوماندەبێت و ئەو شێوە سیاسەتەش لەڕێگای ئەو جۆرە پرسیارانەوە دێنەکایەوە دۆز لە قەنارەدەدەن و کەلێنێ گەورەش دەخەنە نێوان تاکەکانی کۆمەل و خودی پرۆسەی سیاسیەوە. گەر نموونەش لەسەر پرسیاری سیاسی گەورە بهێنینەوە دەکرێ هەلوەشانەوەی سیاسییانەی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران بە نموونە وەرگرین. چونکە هەلوەشانەوەی سیاسییانەی ئەو یەکیەتیە بریتی بوو لە هەلوەشانەوەی سیاسییانەی دەولەتێک کە ببوو بە پرسیارێ گەورە لەسەر ئایندەی گەلێ ووردە پرسیاری سیاسی تر(ئایندەی بلۆکی سۆسیالیزم، جەنگی سارد، بازاڕی ئابووری جیهان و…..). وەلێ ئەوەی لەم حالەتەدا گرینگە بووترێ ئەوەیە کاتێ کە دۆز لەپشت بەرهەمهێنانی پرسیاری سیاسی گەورەوە دەبێت پێویستدەکات ئەو پرسیارە سیاسیە کە خۆی وەک پرسیارێ مەزن نیشاندەدات بە باشی وەبەربهێنرێت و لەسەر بناغەی ئەو پرسیارە سیاسیەش ئەو دۆزە نوێیە بەخێوکرێت کە دیوارێ دەخاتە نێوان ئێستا و لەمەوبەرەوە. بۆیشە وادەلێین چونکە ئەو دۆزەی پرسیاری هەلوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەتی جارانی بەرهەمهێنا چاک وەبەرنەهێنرا و دۆزەکەش ڕوەوە ئاقاری دی برا و ئاکامی سیاسی تریش لەو دۆزەوە هەلهێنجرا کە تائێستاش لە ناڕوونی سیاسییا دەژیت. بۆیە زۆرجار پاش هاتنەکایەوەی دۆز و دروستبوونی پرسیاری سیاسی گەورە مەسەلەی چۆنیەتی بەکاربردنی ئەو دۆزەی لەپشت پرسیارە سیاسیەکەوە بووە دەبێت بە باسێک بۆ گفتووگۆ.   
کەواتە و بەپێی ئەو سەرنجانەی لایسەرەوەبێت، پرسیاری سیاسی گەورە لەڕەگەوە کردەی سیاسەت لەو ساتەوەختەی پێویستە دەخاتە ژێرتێڕامانەوە و ، بۆئەوەی متمانەش لەنێوان سیاسەت و خەلک دروستکات “ئێستا” دەبێ بە مەسەلەێ سەرەکی بۆ پرسیارەگەورەکان. ئەو پرسیارە گەورانەی پشت لە “ئێستا” دەکەن پرسیاری سیاسی گەورە نین و یەک مسقالیش لە دۆزەوە نزدیک نیین. کارەساتی گەلێ لە ساتەوەختە ناسکەکانیش ،ناسک لەڕووی سیاسیەوە، ئەوەبووە کە سیاسەت نەیتوانیوە لە دۆزی خۆیەوە نزدیک بێت. یان سیاسەت هاوشێوەیی لەنێوان ئەو ساتەی تیایبووە و ساتەکانی پێشتر دروستکردووە و ئەمەش وایکردووە نەک هەر پرسیاری سیاسی مەزن دروستنەبێت بەلکو خودی سیاسەت پشت لە ساتەوەختی خۆیکات. چونکە سیاسەت بۆی نییە لێکچوون لەنێوان ساتەوەختەکانا دروستکات و هەموو کاتەکان وەک یەک ببینێت. بۆئەوەیش کە سیاسەت لە دۆزەوە سوودمەندبێت پێویستی بەوەدەبێت دەمی خۆی لە ڕابردوو جیاکاتەوە و کارلەسەر داهاتوو بکات.
مایەی ووتنە، سیاسەت ناکارێت لەژێر چەتری تێڕامانەکانی ڕابردوو شتێ ئەوتۆ لەسەر ئێستای جوداواز بلێت. ئێستا کە دۆزێ تایبەت بەخۆی هەیە تەنیا پرسی سیاسی ڕوون دەکارێ لەتەک ئەو دۆزەدا بێتەگۆ. سیاسەتیش لەڕێگای دۆزەوە دەتوانێت تاوتوێ ئەو پرسیارانە بکات کە دێنەپێشەوە و بەرۆکی کردەی سیاسی دەگرن. واتە، گەر سیاسەت لە دۆز سوودمەند نەبێت و لەژێرڕکێڤی ئەو هەلومەرجەی ئەو دۆزەی بەرهەمهێناوە لە گفتووگۆدا نەبێت سیاسەت دژبە تەوژمی ئەو دۆزە ڕەفتاردەکا و شکست و بێهیوای سیاسی لەتەک خۆیدا دێنێ و ئێستا دەکا بە پاشکۆی ڕابردوو. سیاسەتیش کە لە ڕابردوو ژیا ئێستا دەبێ بە بەشێ لە ڕابردوو و هەچ قووربانیێکیش بۆ گۆڕینی ئێستا درابێت لە هیچی زیاتر شتێ ئەوتۆ بەرهەمناهێنێت.
دەرهەق بەوی لایسەرەوە ووترا ئەوەش ئێژین کە ،مەیل بۆ گۆڕینی دۆز ، دۆزی سیاسی، مەیلە بۆ گۆڕینی “ئێستا”. گۆڕینی ئێستاش ئەو دەمە بە گۆڕینی دەژمێردرێت کە ئێستا لە گشت تەنگژەکان بخرێت و لەژێرڕکێڤی پرسیارە سیاسییە مەزنەکان ، کە پرسیارە سیاسیە پێویست و هەنووکەییەکانن، دالدە لەناو ئێستا بۆ ئایندە دەکرێتەوە. کەواتە، ئەرکی سیاسی “ئێستا” ئەوەیە کە لە تاووتوێکردنی کاتەکانا بژیت. ئەو دەمەش سیاسەت ئەمە دەکات هەل لەبەردەم تێگەیشتن لە ئایندە دەکاتەوە. 
گەر بەپێی ئەو تەماشاکردنانەبێت کە لایسەرەوە ئاماژەیانپێدرا،لە خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان پرسیاری ئەوەی بۆ ئێمە لەسەر جادەکان کۆبوینەتەوە دروستنەببوو. بەلێ هوتافێ زۆردرا و هەر پارت و گرووپێ سیاسی دژ بە دوو پارتە سیاسیەکەی کە دەسەڵات پێکدێنن خەلکی خۆیان خستەناو جەماوەر و خۆپیشاندانەوە بەڵام لەبەرئەوەی ئەمانە پراگماتی و کاتی بیریاندەکردەوە هەمیشە ئاسانیێک بۆ پەرشوبڵاوکردن و دورخستنەوەیان لەسەر جادەکان لەئارادابوو. بەشێ زۆریش لەو خۆپیشاندەرانەی ئەو پارت و گرووپە سیاسیانەی دژ بە دوو پارتە سیاسیەکەی کە دەسەڵاتیان لەناو خۆیانا دابەشکردووە خستووبیانە ناو خۆپیشاندانەکانەوە زوو زوو دەبوو بەدەمەقالەیان و یەکتریان بە جاسووس و خەتمایل و چی و چی تاوانباردەکرد و ئەمەش وایدەکرد ئەمانە بەشتێکەوە سەرقالبن زۆر لەو چیرۆکەوە بەدووربێت کە پێکەوەیان گرێدەدات. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرهاویشتەیەش کە زیندانیکردنی دۆز بەوجۆرەی لەکاتی خۆپیشاندانەکانا ڕوویدا کارێ ئەوتۆیکرد سیاسەت بە پرسیارهاێکەوە سەرگەرمکرێت لە خزمەتی نە دۆز بێت و نەش بکرێ دالدەێک بێت بۆ گۆڕینی ئەو “ئێستا”یەی لەگشت ڕووێکەوە پێویستیدەکرد هەلتەکێنرێت.
هەروەها ئەوەش دەلێین: بەلێ لەماوەی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان قووربانی درا و ئازارچەشترا و زولم بینرا وەلی وەرچەرخاندن نەکرا. هەربۆیشە شتێ بۆ گێڕانەوە بۆ نەوەکانی دواتر نابینرێ. باشە بۆ وەرچەرخاندن نەبینرا یان نەکرا؟ هۆ لەو بارەیەوە زۆرن. بەشێ لەو هۆیانەمان لایسەرەوە( لە باسی خەباتی سەرشەقام وەک کردەێک لە هزر ، هوشیاری لە دروشم بەرزکردنەوەدا) خستەڕوو و لایخوارەوەش بەشەکەی تری لەپێوەندی لەتەک تێمای سەرەکی نووسینەکەمان بەرباسدەخەین.
پێش هەموو شتێک جەغتلەوەدەکەین کە، ڕاهاتن لەسەر خەباتی سەرشەقام کارێ سانا نییە. ئەمجۆرە خەباتە کە لە خەباتی ناو دۆل و شاخ و ژێرزەمین جیایە جۆرە چالاکیێ سیاسی و کۆمەلایەتی کراوە و ڕووبەڕووبوەوەیە. ئەمەش وادەکات قووربانیەکان زۆربن و ئەلبەتە گریمانی ئەوەش هەیە دەستکەوتەکان زۆر و یان کاریگەریش بن. ئەوەی لە خەباتی سەرشەقاما دەشێ سەوزبێت کە لەشوێنیتر شیاوی بۆ سەوزبوونی ئەستەمە هەوەس بۆ گۆڕین لە لوتکەدا دەبێت. ئەودەمەش هەوەسی چالاکەوانان بۆ گۆڕینی شتەکان لە لوتکەدا دەبێت سنووری پێوەندی نێوان شیاو و ناشیاو وەکخۆی نامێنێتەوە. وەلێ ئەم لایەنە لە خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان لەوپەڕی لاوازیدابوو. لێرە هیچ دورناڕۆین گەر بلێین: خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان لە خەیالی هێنانەدی گۆڕانە گەورەکان نەبوو وەک ئایاری 1968 ی پاریس. کەمترین نموونەێک لێرە دەشێ لەوبارەیەوە بهێنرێتەوە ئەوەیە کە ،پێویستبوو خۆپیشاندانەکان دۆزی ڕوناکبیری و زانست لە زانگۆکان و کۆمەلکە بخەنە ژێرپرسیارەوە، بەڵام ئەفسووس خۆپیشاندانەکان فریای ئەوەنەکەوتن ئەوەبکەن. ئەمە لەلاێ و ، لەلاێتریش  خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان سنووری شارێک و دەوروبەری ئەم شارەی تێنەپەڕاند. ئەمەش بێڕادە زیانبەخش بوو چونکە ستروکتۆری دەسەڵاتی سیاسی کوردی بەجۆرێک قالبدارکراوە کە دابەش سەر دوو شاری گەورە(هەولێر و سلێمانی) کراوە گەر نەلێن سێ، کە سێهەمیشیان کەرکوکە و شوێنێکیشە بۆ کۆبوونەوەی گشت هێزە سیاسیەکان کورد و بگرە غەیرە کوردیش. ئاشکراشە هەستی نەتەوەی خەلکی ئەم شارە وایکرد کە بەشداریکەی بکا بە قووربانی پرسیارە سیاسیە نەتەوەیەکان ئەگەرچی دەسەڵاتی سیاسی کوردی نە ئەوکاتە و نەش هیچ کاتێتر لە دلسۆزییەکانی خەلکی ئەو شارە نە تێگەیشتووە و نەش تێدەگات.
واتە ئەوەی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان سنووری شارێکی تێنەپەڕاند ئەمە زیانبەخش بوو و فاکتەرێ گەورەش بوو بۆ توانەوەی ئەو خەباتەی بەناوی خەباتی سەرشەقام لە شوبات دا هاتەچێکردن. ئەوەش کە خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان خۆی لە سلێمانی و دەووروبەری قەتیسکرد بوو بە بیانوێک بەدەست ئەو هێزە سیاسیەی سلێمانی بەدەستەوە نییە(واتە پارتی) گلەی بەردەوام لە هێزەسیاسییە سەرەکیەکەی ناو سلێمانی بکات “چۆن ئێوە ئەو خۆپیشاندانانەتان پێلەبارنابرێت؟” ئەمە وایکرد هەردوولا کۆمەکی یەکبکەن بۆ لەباربردنی خۆپیشاندانەکان.
جێگای سەرنجە، بەپێی ئەوی لایسەرەوە ووترا جەغت لەو لایەنە دەکەین کە، لەبەرئەوەی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی ئێمە نەیتوانی پرسیاری سیاسی گەورە بهێنێتەکایەوە نەیتوانی شوێنێک لە مێژوو بۆ خۆی چێکات و شتێ ئەوتۆش بۆ کۆمەلگە لەتەک خۆی بێنێت کە دواتر بووترێت کۆمەلگەی کوردی پێش و پاش شوباتی 2011. ئەمەو خۆپیشاندانەکان نەشیانتوانی شوێنی تاک لە کۆمەلگە دیاریکەن و موخابن هەرلەبەرئەوەش کە لاوان بوون بە ئامراز بەدەست ئەم پارت و ئەو گرووپی سیاسییەوە نەکرا ببن بە خاوەنی پەیامی خۆیان. گشت ئەوانەش بەسەریەکەوە وایانکرد دەستکاری دۆز نەکرێت و ئەوی هەیە وەک خۆی بمێنێتەوە و “ئێستا” لە ڕابردوو بکات و ئایندەش ناڕوون و تەنگژەئامێزبێت.
لێرەوە دەکرێت گومانێ تر بخەینەسەر خەرمانەی ئەو گومانانەی لایسەرەوە سەبارەت بە دروستنەبوونی پرسیاری گەورە و نەبوونی توێژ و کەسایەتیگەلێک بۆ بەرزکردنەوەی ئەو پرسیارە سیاسیە گەورانە. چونکە یەک لەو شتانەی ئایاری 1968 پاریسی بەرهەمیهێنا بێزاری قووتابیانی زانگۆ بوو لە درووشمی ڕووناکبیرانی فەڕەنسی و باوەڕنەکردن بەوەی ئەوی دەستەبژێر ووتویەتی دەتوانێ دۆزی قووتابیان و کرێکاران بگۆڕێت. لەوەش سەیرتر ، لایئێمە گومان لە ڕۆشنبیر نەکرا و وەک تاوانکارێکی ئەو دۆزە تەماشانەکرا. ڕۆشنبیران لە کۆمەلگەی نوێ کوردی (کە مەبەستمان لێی هونەرمەندان، ئەکادیمیست، ڕۆژنامەوانان و نووسەرانیشە) ، کە بەشێکن لە گەندەلی و سوودمەندیشن لەو داڕمانە هزری و کۆمەڵایەتیەی کۆمەلگە تیای دەژیت، دەبایە بخرانایەتە ژێر پرسیاری سیاسی گەورە گەورەوە. چونکە ئەو وێکچوونەی لە ئێستادا لەنێوان سیاسی بەد و ڕوناکبیری بەد دا هەیە پێویستە ڕوونکرێتەوە و ، بۆگشت توێژ و چینەکانیش ئەوە یەکلاکرێتەوە کە دوو جۆر لە ڕۆشنبیر لە کۆمەلگەی ئێستای کوردیدا ئامادەیە. جۆرێکیان ڕۆشنبیرە بەدە گەندەلەکانن ،کە پێشتر ناوینمانا ڕۆشنبیرە سوفستای و سۆسیۆپاتەکانی کورد، و جۆرەکەیتری بریتیە لەو ڕۆشنبیرە بە وەفایانەی لە خەمی کۆمەلگەی ئەمڕۆی کوردیدان و نەیانهێشتووشە پریشکی گەندلی و بەدی بەریانکەوێت.
پەنجەخستنە سەر ئەو لایەنانەی لایسەرەوە گرینگی خۆی هەیە و ڕۆلی پێشەنگیش لە تێگەیشتن لە دۆز و یان لەو “ئێستا” سیاسیەی گشتی گێژ و بێزارکردووە دەبینن. بەواتاێتر ، ئاخۆ نەدەکرا لەگەل سەرهەلدانی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان گومان لە بوونی دوو جۆر لە ڕۆشنبیران (سوفستای غەیرە سوفستاییەکان) لە کۆمەلگەی تازەی کوردی بکرێت؟ مەگەر ئەو بەشەی سوفستاین لە گەلێ لە نەهامەتیە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەکان بەرپرسیارنین ؟ لێرە دەمانەوێت هەرئەوەندە بلێین ئەوانەی دلەڕاوکێیان خستەنێو خۆپیشاندەرانەوە تەنیا سیاسییە سیاسەت پەرست و سیاسییە حیزب و یاخودیش سەرۆک پەرستەکان نەبوون بەلکو ئەوانەش بوون کە دەمێکوەختە لەناو ژیانی ڕۆشنبیری خۆیانا دالدەیان بۆ بەدی سیاسی چێکردووە و لە پەنای ڕۆشنبیریکردن سیاسەتکردنێ گەورە دەکەن، ئەو جۆرە ڕۆشنبیریەش کە بەمشێوەیە دێتە چێکردن نەک هەر ئەزموونی کوردی بگرە گەلێ لە ئەزموونە کولتوریەکانی تر ئەوەیان سەلماندووە کە شکستخواردوە و هیچ پێوەندیێکیشی بە دۆزی خۆیەوە نییە و ناشتوانێت پرسیاری نە سیاسی گەورە و نەش ڕۆشنبیری گەورە بێنێتەدونیاوە. هەر لێرە ، گومانیشیناوێت گەر بلێین: ئەو سیاسەتبازیەی لە هەنووکەدا لە کوردستان سەروەرە و بەرپرسیاریشە لەو گێژی و بێئایندەیەتیەی تاک و کۆ دەیژێن لە گەلێ ڕەوەوە ڕۆشنبیرە سوفستایەکان وەبەرهێنانی زۆریان تیاکردووە و ڕۆلی بەرچاویشیان لە لەباربردنی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان بینی. ئەو ڕێنوماییە سوفستاییانەیەی ئەوان لەو ماوەیەدا کردیان هیچی لەو ڕێنوماییە بەدە سیاسییانەیە کەمتر نەبوو دەسەڵاتی سیاسی کردی.
لەباربردنی ڕەنج و تەقەلای لاوان و داتەپاندنی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان لە ئایندەێکی نزدیکدا دەمانخاتەبەردەم گەلێ تەنگژەی ترسناکەوە و دواترشمان هەمیشە ڕاڕائامێز و ناڕووندەکات. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی مەیل نە بۆ تێگەیشتن لەو ساتەوەختە هەبوو خۆپیشاندانەکان تیایا سەریانهەلدا و نەش ئەوەی “دواترمان” چۆن دەبێت. دواتر ئەو شتە بوو لە خۆپیشاندانەکانا سەرنجینەدرایە و کارلەسەر جیاکردنەوەی “دواتر” لە “پێشووتر” نەکرا. ئەمە کە دەچێتە خانەی نەهامەتی سیاسیەوە بەشێکە لەو نەهامەتیە سیاسیانەی وتاری ناسیۆنالیومی کوردی بە درێژای 100 سالی ڕابردوو دووبارەیکردۆتەوە. ئەو سیاسەتکردنە دەبێ چەند شکستخواردوو بێت کە نەیتوانیبێت ئایندە لە لەوەوەبەر جیاکاتەوە و هەمیشەش هەنووکەی وەک هەموو ساتەکانی تری وابووبێت. هەربۆیشە سیاسەتی کوردی تائێستاش بەدووی شکۆداریخۆیدا وێلە، بەدووی ئەو شتە وێلە سەروەری بۆچێکات. بەپێیئەوەش کە تەنگژەکان لەزیادبووندان و نەهامەتیەکانیش لە نەشونماێ بێسنووردان نە وتاری ناسیۆنالیزمی کوردی براوەیە و نەش تاک و کۆی ناو ئەو وتارە. وەلێ سیاسییەکانی کورد تاکە شتێک لەئەمئێستادا بۆیانمابێتەوە  کاری بۆبکەن پاراستنی شەهامەتی سیاسەتی خێزانییانە، کە ئەوەش ئەستەمی و قەیرانی زۆری لەبەردەمدایە. یەک لەو ئەستەمی و قەیرانانە ئەوەیە، لەبەرئەوەی سیاسەتی کوردی (و سیاسی کورد) دوژمنی ئایندەیە و ناحەزی گشت هەنگاوێ دواترئامێزی سیاسیانەیە ئەمە وادەکات ئەو سیاسەتە تەمەن درێژنەبێت. بۆیە و هەلەناکەین گەربلێین وانەکانی وتاری ناسیۆنالیزمی کوردی ، کە پڕن لە نەهامەتی و ناحەزی، لەدەمووەختی خۆپیشاندانەکانا لەگەلێ ڕوەوە خۆی کاوێژکردەوە و ئەو بەدییە سیاسییانەی پێشتر بەرهەمهێنرابوون ئەفسووس هەلگیرانەوە و کاریشیانلەسەرکرا. بەڵام هێشتا ئەوە نیشانە نییە لەسەر براوەی دەسەڵاتی سیاسی کوردی. چونکە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی خێزانی دەسەڵاتی سیاسی کوردی و تەنگژەکان لەسەر کات و تێگەیشتن لە ئێستا و ڕابردووی وتاری ناسیۆنالیزمی کوردی وەستاون نەک شتێکیتر. بۆیشە تەمەنی ئەو سیاسەتە ،هەروەک تۆزێ پێشتریش ئاماژەمان پێدا، کورتە.   
بۆئەوەی ڕوونتر لەسەر تێمای سەرەکی ئەم بەشەی نووسینەکەمان بدوێین ئەوا لایخوارەوە جەغت لە چەند لایەنێک دەکەین و ئامانجیشمان ڕوونکردنەوەی ئەو حالەتانەیە کە نەک هەر تایبەتە بە دۆزی هاتنەبەرهەمی پرسیارە سیاسیەکانی ئەو دەمە بەلکو ئەو تێگەیشتنەش ڕووندەکەینەوە کە بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس بزووتنەوەی ئایاری دروستکردنی وەچەرخان و ئاسۆکان بوو:
لایەنی یەکەم: دۆزی سیاسی بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس لەچاو خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان تایبەت و دەگمەن بوو. هەر ئەو تایبەتی و دەگمەنیەش وایلێکردبوو پرسیارە سیاسییەکانی لەتەک دۆزدابن و هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی فەڕەنسا و جیهانیش لەبەرچاوبگرن. بەلێ کەموکوڕی ئەو ئەزموونە ئایاریە لە ڕووی سیاسیەوە زۆرە و بیرمەند و ڕابەرانی بزووتنەوەکەش دانییانپیاهێناوە وەلێ لە زۆر ڕووشەوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دەرهاویشتەی سیاسی گەورەشی خستەوە کە هەرئەوانەش بوونە هۆی ڕسکانی پرسیارە سیاسی مەزنەکان لە کۆمەلگەی هاوچەرخی فەڕەنسی.
لایەنی دووەم: بزووتنەوەی ئایاری 1968 ویستی دالدەێ بۆ ئەویتر (قووتابی، کرێکار، ئافرەت، و….) لەناو سیاسەتکردن لە فەڕەنسا چێکات. ئەو دلەڕاوکێیەش خەباتی سەرشەقام لەوکاتە دەیژیا لەپێناو ئەو ئەویترە بوو کە لەناو سیاسەتی فەڕەنسی پەراوێز کرابوو. گشت هێزە سیاسیەکانی ئەوکات بە ڕاست و چەپەوە قسەیان لە شتە گەورە و نادیارەکان دەکرد و ئەوی دیار و پێویستبوو نەببوو بە جێی تێڕامانی پارتە سیاسیەکان. بۆیە پرسیارە سیاسییە گەورەکان بۆ خۆپیشاندەرانی پاریس پرسیاربوون لەسەر ئایندەی لاوان، دۆزی ئافرەت و بارودۆخی کرێکاران لە کارگەکانا. ئەمەش دیسانەوە باسی ئازادی تاک و جەستەی ئەم تاکە و بازووی تاکی ناوبراو بۆ ئایاریستەکان بوو بە شتە جەوهەریەکان. 
لایەنی سێهەم: بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس نەک هەر بیرمەند و ڕوناکبیر و ڕۆژنامەوانی گەورەی لەگەل بوو بەلکو ڕووداوەکانی ئایاری پاریس خودی فەلسەفە و هزری فەڕەنسیان ڕووەو ئاقارێ تر گۆڕی و توێژینەوە فەلسەفی و هزریەکان پاش ئایاری پاریس لە توێژینەوە هزری و فەلسەفیەکانی پێش ئایاری 1968 خۆی جیادەکاتەوە. هەرلەو بارەیەشەوە گەر تەماشای کارەکانی گەلێ لە بیریارانی 1960کانی (لیوتار، دانیێل بینسەعید، دولۆز، سارتەر، بۆدریار، فوکۆ، کریستیڤا، سیزۆ، بادیو، ڕانسیێر، و….. )پاریس بکەین دەبینین کارەکانی پاش 1968 ییان کەوتەژێر گومان و ڕاڤەی جیاجیاوە و ، ڕەوتێ تریشی لە شیکردنەوە و خۆقوولبوونەوە لە واتاهێکی وەک خود، ئازادی تاک، جەستە، ئارەزوو ، واتای بەئافرەتبوون، بەپیاوبوون، خۆشەویستی، زانین ، واتای ڕاستی و عەقل و زانستیش وەرگرت.
لایەنی چوارەم: دواتر گرینگە ئێمە سەرنجی خوێنەر بۆئەوش ڕاکێشین کە، ئایاریەکان لەپاریس کە لەسەر جادەکانا کۆدەبوونەوە گشت ووزەێکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی دەولەت و دامەزراوە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان تەرخاندەکرد و  هەمیشەش ئەوەیان لەبیربوو کە ئەمان نەوەی کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی فەڕەنسین. ئەم هەستە سیاسیە جۆرە غرورێ مێژووی تیادروستکردبوون کە بەخۆی جۆرە ئەزموونێکیشی پێدەبەخشین، کە بریتیبوو لە ئەزموونی بەربەرەکانێ لەپێناو ئازادی و برایەتی و یەکسانیدا.  
لایەنی پێنجەم: هزری باوکسالاری کە زەمینەی لە وتاری ناسیۆنالیزمی کوردی و وتاری ڕۆشنبیرە سوفستایەکانی کودردا هەیە، لە خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان بە ئاشکرا دەبینرا و ئەمە و بەتایبەت ئافرەتان خاوەنی دروشمی خۆیان نەبوون و ئەو نەختە ئافرەتەش کە کەوتبوونە سەر جادەکان یان بەدوای مێردەکانیانەوە بوون ، یانیش ئەم پارت و ئەو گروپی سیاسی فرێیانیدابووە ناو خەلکەکەوە و لەهەمووی سەیرتریش زۆر لەو کچە لاوانەی کە قووتابی زانگۆبوون و دەیانویست پشتگیری لە خۆپیشاندانەکان بکەن خاوەنی هیچ پۆستەرەوشەێ یان دروشمێ نەبوون کە ڕەنگدانەوەی دۆزی ژیانی کەسییان بێت.
لایەنی شەشەم: ناعیلمانیەتی خۆپیشاندانەکان زیانێ زۆری لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان دا و ئەو ترسەش کە لە چەپ دەکرێ تەنیا کارکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ناعیلمانی نیە و نەبووە بەلکو عیلمانیترین ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان نەک هەر ترسی لە دیاردەی چەپگەرای دەبێتەوە بگرە قێزیشیلێدەکاتەوە ، ئەم حالەتەش لەناو ئێمەی کورد تەنیا پێوەندی بە لاوازی چەپەوە نیە بەلکو بەو جۆرە ڕوناکبیرییە پسیکۆپاتەشەوە هەیە کە هیچگەرای و سەفسەتەی کردوە بە بناغە بۆ ووتن و وتارداڕشتن.
چەپگەرای کە لە ڕۆژئاوا تائێستاش وەک شتێ هزری دەبینرێت بەو جۆرە کالنەبۆتەوە کە سوفستاییکانی کورد تێیگەیشتوون. چەپگەرای وەک هزرێ سیاسی نەک هەر لەناو گرووپە سیاسیە چەپەکانا ئامادەبوونی خۆی هەیە بەلکو لەناو ژینگەپارێز و سروشتویست و سەوزچیەکانیشا ئامادەبوونی هەیە و لەگەلێ ڕووشەوە بۆ دژایەتیکردنی بەدیەکانی سێستەمی سەرمایەداری جیهانی بەکاردەبرێت. یەک لە ڕووەکانی گفتووگۆی سیاسیش لە گەلێ لە پەرلەمانەکان و نێوەندە ئەکادیمیەکانی ئەورووپا گفتووگۆی هەمیشەییە نەک هەر لەسەر ئایندە و چۆنیەتی کارکردنی بیری چەپ و بیری ڕاست بەلکو خودی سێستەمی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری نێودەولەتیش. وەلێ یەک لە لاوازیەکانی نووسینی کوردی ئەوەیە نەک کتێبێک لەسەر دیاردەی سەرمایەداری جیهانی نییە بەلکو خودی واتای سەرمایەداری لە نووسینی کوردیدا بێئەندازە بایکۆتکراوە و نووسەرە سوفستایەکانی کورد بەپێیئەوەی تەنیا خەریکی نووسینی شیعرگەرائامێزی سوفستاییانەن لە گرینگی و مانای ڕەخنەکردنی بەدییە سیاسی و ئابووریەکانی سێستەمی سەرمایەداری گلوبال تێناگەن. زۆربەی ئەو بیرمەند و ڕوناکبیرە ڕۆژئاواییانەش کە نووسەرە سوفستایەکانی کورد ووتن و گوزارەیان بەکاردەبەن بەشێ زۆر لە بیریان بۆ ڕەخنەکردنی سێستەمی سەرمایەداری جیهانی تەرخانکراوە و یان لەڕوانگەی بیرێ دژەڕاستڕەوانەوە دیاردەکانی ناو ژیانی هاوچەرخ شیدەکەنەوە. 
مایەی سەرنجە، نەک هەر لە بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس و نەک هەر لە خۆپیشاندانەکانی بەهاری ئەم دوایەی وڵاتانی عەرەبی بگرە لە ناو خودی ڕۆژئاوا ئەمڕۆ چەپ و چەپگەرای باسێ بەرچاویە و گفتووگۆیێ بەردەوامیش لە مێدیاکانا لەسەر دیدی چەپئامێزانە و دیدی ڕاستڕەوئامێزانە هەیە کە کۆمەلگەی کوردی دەیەوێت بەهەموو جۆرێک سەرووی گشت گفتووگۆ سەردەمییەکان بێت و، ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی ڕوناکبیری بێبار و گەندەلی کورد بەردەوامی خۆی لە ڕەتکردنەوەی ئەو گفتووگۆیە دەبینێتەوە کە جیهانی ڕۆژئاوا و غەیرە ڕۆژئاوای تەنیوەتەوە. چونکە ئەو گفتووگۆ ئیدیۆلۆژیانەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەئێستادا لەسەر بابەتی هزری و سیاسی دەکرێن خۆی لەوە دوورنەخستۆتەوە کە خۆی لە باسی ڕاستڕەوی و چەپگەرای نەدات. ئەوەش شتێکی زۆر ڕووکەش و ئاساییە گەر ئێمە بێتوبلێین کە لە وڵاتانی هاوچەرخی ئەورووپای بەردەوام لە مێدیاکانا و یان لە هۆلی پەرلەمانەکانا ئەم ئەو بە چەپگەرا و ئەویش ئەم بە ڕاستڕەو ناوزەدکا و کەچی ڕوناکبیری ترسنۆکی کورد بۆئەوەی وەک تەرفێکی دەسەڵات خۆینیشاندات هەمیشە هێرشدەکاتە سەر بیری چەپگەرای و هیچ تێگەیشتنێ هزریشی بۆ نە دیاردەی چەپگەرای هەیە و نەش ڕەخنەی ئەو سێستەمە سیاسییە بەدە ئابووری و کۆمەڵایەتیە دەکات کە سەرمایەداری لەپشتیەوەیە.
بۆئەوەی درێژەش بە ڕاڤەکردنەکەمان تایبەت بە چۆنیەتی خەباتی سەرشەقام بدەین و ئەو سێرکردنانە بەرچاوخەین تایبەتن بەمشێوە خەباتەوە بەپێویستی دەزانین کارلەسەر ئەوە بکەین کە، ئەوی زۆر زۆر جێی تێڕامانە لە بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس ئەم چەند لایەنەن کە ببڕایببڕ لە خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان بوونی نەبوو ئەمەش وادەکات بلێین پرسیاری سیاسی گەورە لایئێمە و لەدەمووەختی خۆپیشاندانەکانا نەهاتەچێکردن:
یەکەم: بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس خاوەنی ئیدیۆلۆژیاێ نەک هەر دیاریکراو بوو بگرە خاوەنی چەندین ئیدیۆلۆژیای دژەئیدیۆلۆژیش بوو.
دووەم: بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس هزرێ لە پشت سەرهەلدانیەوە بوو کە ئەوەش سەرچاوەی لەو میراتە فەلسەفی و ئەدەبی و هونەریەوە وەردەگرت کە ڕۆژئاوا سالەهابوو بۆی بەرهەمهێنابوو. ڕاستە بزووتنەوەی ناوبراو لەگەلێ حالەتدا بەگژ ئەو میراتەشا دەچوەوە وەلی ئیلهام و وزەی خۆیشی لێوەوەردەگرت و لایەنە باشەکانی ئەو میراتەی کاوێژدەکردەوە: بۆ نموونە تێگەیشتنی بۆ یەکسانی و ئازادی و جۆرەکانی ماف لە کۆمەلگە و بەتایبەت مافەکانی تاک.
سێهەم: بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس هی زۆرینە و گشت بوو بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بە قووربانی پەروەردەی نەرێتی و چەوسانەوەی ئابووری و ژیندەری و جەستەی دەزانی.
چوارەم: بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس خۆی بە دوژمنی هەرە گەورەی کلیسە و هێزە ڕاستڕە و چەپڕەوە زەبرخوازەکان دەزانی کەچی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان بوون بە دەرفەتێک بۆ هێزە چەپە ژەنگاوی و ڕاستڕەوە داخلەدل و ڕوناکبیرە ڕابردوو گەندەلەکان بۆ هوتاف چڕین.
پێنجەم: ئەوکات و ئێستاشی بەسەرەوەبێت بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس کولتووری یاخیبوون و سەرچلی لەناو لاوان و قووتابیاندا چاند کە خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان ئەوەی ناشت و لاوانی بە بەراوورد بەپێشووتر بێدەرەتانتر و سەرگەردانتر و بێهیواترکرد.
شەشەم: ئایاریەکان کوتووری ڕەخنەکردنی ئێستا و پێشوویان کرد بەبناغە بۆ گومانکردن لە ئایندە و ڕێگریکردن لە گەشبینیێ سیاسی یان ئابووریانەی گەوجانە وەلی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان هزری ڕەخنەی نەکرد بە بناغە و لەبڕی ئەوە هەڕەمەکیەت و پڕگماتیەتی سیاسی بوو بە گەورەترین کولتوور.
حەوتەم: ئایار گشت جۆرە بتێکی خستەژێرپرسیارەوە لە باوکایەتی و مامۆستایەتی و ڕابەرایەتیەوە تادەگاتە بتەئاینی و ڕۆشنبیری و سیاسییەکان. بەمە کارێ زۆری لەسەر ئەو دووریە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕوناکبیریانە کردبووە کە پێویستبوو گشت بزووتنەوەێکی لەوجۆرە لەبەرچاویبگرێت. ئەمەش نیشانەیە لەسەر ئەو ئاسۆیەی ئایاریەکان باوەڕیان پێبوو.  
هەشتەم: بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس وەک بزووتنەوە ئەلبەتە زۆرجاریش بزووتنەوەێ سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕوناکبیری سێردەکرێت کە ئەمە بەسەر خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان پێڕەوناکرێت. چونکە نەکرا و ڕێنەدرا ببێتە بزووتنەوە، بزووتنەوە لەوجۆرەی لایسەرەوە پێناسەمانکرد.
نۆیەم: بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس ڕەهێلەێ لە خۆپیشاندانی ڕووکەش نەبوو بەلکو کردەێ هزری بوو لەجۆری ئەو شۆڕشە گەورانەی دەیانەوێت بچنەناو دیرۆکەوە. ئەم چوونە ناو دیرۆکە پێوەندی بەو دوررییانەوە هەبووە بزووتنەوەی ئایاری 1968 لەبەرچاویگرتبوو.
دەیەم: ئایارییەکان بەپێی ئەو دروشمانەبێت لەماوەی خۆپیشاندانەکانا بەرزیانکردوبوەوە، خۆیان بە قووربانی سێستەمی سەرمایەداری جیهانی و یاریە سیاسیە کوشندەکانی پارتە کۆمۆنیستەکان زانیووە کە وەڵامیان بۆ بێدادی و ناچووستیە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان نەبوو.
یانزەهەم: ئایاریەکان دەیانوویست دژ (دژەگەرا) بن، دژی گشت شتێک. چونکە گشت شتەکان بۆ ئایاریەکان واخۆینیشاندەدا کە وەکیەکی لێهاتووە و بووشە بە بوارێ بۆ تێکدانی تاک و جەستە و خۆشیەکان.
دوانزەهەم: بزووتنەوەی 1968 ی پاریس ڕووداوێ بوو پڕبوو لە داوای سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی ، پەروەردەی و ڕوناکبیری. ئایاریەکان بەهۆی ئەم بزووتنەوەیەوە نەیاندەویست گۆڕانی لاوەکی و ڕوکەش لە ژیانی کۆمەڵایەتی کرێکارانی کارگەکان و قووتابیانی دانیشگاکان دروستکەن. بەلکو هەل لەبەردەم دروستبوونی تاک لە کۆمەلگەدا ببیننەوە. سەرسوڕهێنەری بزووتنەوەکەش لەوەدابوو کە دەیویست ژیانی تاک ببێت بە پرسیارێ  بناغەی لە کۆمەلگە و تاک زادەی دۆزی خۆیبێت و نامۆ و بندەست نەژیت.
سیانزەهەم: یەکگرتنەوەی قووتابیانی پاریس لەکاتی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 لەگەل چینی کرێکاران وێنەێ جیاوازی بە شۆڕشە دوو قۆلیەکەی قووتابیان و کرێکاران دا. چونکە کرێکارانی کارگە گەورەکان(ڕینۆ، سیترۆن، و ….) و قووتابیانی زانگۆکانی پاریس( سۆڕبۆن، نانتێر، و…) لە دۆزێ نالەباری ئابووری کۆمەڵایەتیدا دەژیان و لە بەرپاکردنی شۆڕش زیاتر و لە هاتنەسەر شەقام زیاتر هیچیتریان بۆنەمابووەوە. کەچی لایئێمە یەکگرتنەوە لەنێوان قووتابیانی زانگۆ و کرێکارانی کارگەکانا بوونی نەبوو و ، وەکیتریش لایئێمە نەبووە بە کولتورێ سیاسی قووتابیان و کرێکاران هاوخەبات بن و ئامانجی سیاسییان یەکخەن. هەروەها لەلای ئێمە کارگەی گەورە نییە و کرێکارانیش هێزێ نیین بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی، هەروەها ئەو هوشیاریەش لای قووتابیانی زانگۆدا نییە کە بتوانن دەنگی کرێکاران بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و لەو دەنگەش هاواری هاوشێوە دروستکەن کە شەقاملەرزێنەربێت.



سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1.Larry Arnhart. Political Questions: Political Philosophy from Plato to Rawls. Waveland Pr Inc، 2002، p.11.
2. Michael Rosen. Political Thought. Oxford University Press.1999، p. 3.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.