
موختاته …. گه‌یلان عبدالله
پێش هه‌موو شتێك ده‌زانم لاتان سه‌یره كه من موختاته‌م و ده‌توانم چیرۆك بگێرمه‌وه، ئاخر موختاته چۆن قسه ده‌كات ؟! ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه، كه ئێستا مێشكی هه‌موو ئه‌وانه‌ی مه‌شغوڵ كردوه كه ئه‌م خوێننه‌وه
به‌ڵام وه‌ك بینیتان موختاته‌م و قسه‌ش ده‌كه‌م، كه‌وایه هیچی تر سه‌یر نیم، ئیتر كه‌س بۆ ئه‌وه‌ی لێم تێ بگات، چاوم لێ زه‌ق ناكاته‌وه. ئه‌مه زیاد له دڵخۆشی، بێزاریم پێ ئه‌به‌خشێت، چونكه هیچی تر نابمه جێی سه‌رنج. دڵنیام ئیتر، گه‌ر موختاته‌یه‌كی شكاویش كه له هه‌موو ژیانیدا نوكی قه‌ڵه‌مێكی پیا نه‌چوبێت، بگره له‌باتی چیرۆك گۆرانیشتان بۆ بلێت لاتان سه‌یر نابێت. هه‌میشه شته‌كان تا ئه‌و كاته سه‌یرن كه رویان نه‌داوه، هه‌ر شتێك كه رویدا هه‌رچه‌نده پێشتریش سه‌یر بوو بێت ئه‌وا سه‌یر نیه، هه‌رشتێك. ئه‌مه والێ ده‌كات هیچ شتێك وه‌ك خورافه‌نه‌بینم، هیچ شتێك.
هه‌نێك جار رقم له خۆمه، هه‌ركاتێك موسه تیژه‌كه‌م له ملی قه‌ڵه‌مه‌كان گیر ئه‌كه‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكی تیژتر له خۆم گیر بوبێت، ده‌مخاته دۆخێكی نا ئاساییه‌وه. زۆر جاریش دڵخۆشم و تێده‌گه‌م، گه‌ر ئه‌و ئازاره‌ی من نه‌بێت، قه‌ڵه‌مه‌كان هه‌رگیز ناتوانن بنوسن.
هاورێیان، من گه‌لێ ده‌ستم بینیوه، چونه هه‌ر ده‌ستێكه‌وه بۆ خۆی چیرۆكێكه. بۆیه گه‌ڵێ چیرۆك ده‌زانم: چیرۆك گه‌لی ناوازه و سه‌یر، كه زۆر شایسته‌ی نوسینه‌وه‌ن به‌س به هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌نه‌كانیان چیرۆك نوسنین، به بێ ئه‌وه‌ی كه‌س هه‌ستیان پێ بكات، ون ده‌بن.
زۆر چێژم له له‌وساتانه كردوه كه كه‌وتومه‌ته ده‌ستی كچه منداڵه رومه‌ت سوره‌كان، ئه‌و كچانه‌ی تا قه‌ڵه‌مێكیان تیژ ئه‌كرد، ده‌سته‌كانیان عاره‌قی ده‌كرد و چه‌ندین جار شوێنی من و قه‌ڵه‌مه‌كه‌یان له‌م ده‌سته‌وه بۆ ده‌سته‌كه‌ی تر ده‌گۆری. ده‌ستی ئه‌و كچانه هێنده ناسك بوو، رقم له خۆم بوو به‌م ره‌قیه‌و ئازاری ده‌سته بچوكه‌كانیان بده‌م !
بیرمه جارێكیان، دوای ئه‌وه‌ی له كاتی ڕاكردندا، له ده‌ستی كچێكی هه‌ژار به‌ربومه‌وه، فه‌راشێكی پیری مه‌كته‌به‌كه هه‌ڵی گرتمه‌وه. ئه‌و ده‌ستی له گیانی من ڕه‌ق تر بوو. به‌لام دلی پارچه‌یه‌ك بوو له ئاسمان، به‌لێ پارچه‌یه‌كی روت له ئاسمان، به‌س كه‌س هه‌ستی به‌مه نه‌ده‌كرد و هه‌میشه وه‌ك پیره پیاوێكی مۆن و توڕه سه‌یر ده‌كرا. وای بۆ چوم له‌به‌ر ئه‌وه بێت ده‌ستیان ده‌گاته ده‌ستی، نه‌ك دڵی.
جارێكیش كه‌وتمه ده‌ستی گه‌یلانه‌وه – به‌ڵی ئه‌م كوڕه‌ی ئێستا چیرۆكه ئه‌گێڕێته‌وه – ئه‌وكات منداڵ بوو، گه‌ر شتێكی جوانی ببینیایه، وڕكی ده‌گرت و ده گریان بۆی، هه‌تا ده‌كه‌وته ده‌ستیشی ئاشت نه‌ده‌بوه‌وه. رێك پێچه‌وانه‌ی ئێستا، ئیستا بۆ چاره‌نوسی ئه‌و شتانه ده‌گری كه ده‌كه‌ونه ده‌ستی، نه‌ك ئه‌وانه‌ی نابنه هی ئه‌م.
بیرمه ئه‌و رۆژه، تا منی ده‌ست كه‌وت، زۆر گریا، هێنده گریا كه لێوه قلیشیوه‌كه‌ی به هۆی فرمێسكه‌كانیه‌وه، توشی قرچاندنه‌وه بوو. ئه‌مه دڵخۆشی پێبه‌خشیم، چونكه هه‌ستم كرد منیش یه‌كێكم له شته جوانه‌كان.
ده‌زانم پرسیارێك له مێشكی هه‌نێكتاندا دروست بووه ، منێك كه كه‌وتومه‌ته ده‌ستی زۆر كه‌سه‌وه، ئه‌دی بۆ ده‌مه‌وێت زیاتر بایه‌خ به‌وه بده‌م كه كه‌وتومه‌ته ده‌ستی گه‌یلانه‌وه ؟ ئایا له به‌ر ئه‌وه‌یه كه له ناو ئێوه‌ی مرۆڤگه‌لدا، باسم بكات و چیرۆكه‌كه‌م بۆ بڵاوكاته‌وه ؟ نا به‌هه‌ڵه تێ مه‌گه‌ن. بۆیه به‌شێكی ئه‌م چیرۆكه‌ش ئه‌گێرمه‌وه، چونكه به‌لێنی پێداوم هیچ دێرێكی نوسینه‌كه‌م نه‌سرێته‌وه، هه‌تا ئه‌گه‌ر به‌دلیشی نه‌بێت. هۆكارێكی تریشی كه من به هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌زانم ئه‌وه‌یه كه ئه‌م چیرۆكه زیاد له‌وه‌ی چیرۆك بێت نامه‌یه‌كه‌و، ئه‌و ده‌یه‌وێت به‌كه‌سێكی بگه‌یه‌نێت.
هه‌ركاتێك قه‌ڵه‌مێكم تیژ كردبێت زانیومه چی ده‌نوسێت، هه‌رگیز قه‌ڵه‌مێك تیژ ناكه‌م كه نه‌زانم چی ده‌نوسێت. زۆر جار له به‌ر ئه‌وه‌ی ڕقم له‌و نوسینه‌یه كه قه‌ڵه‌مه‌كان ده‌ی نوسن، توڕه ده‌بم و نوكی قه‌ڵه‌مه‌كان ده‌شكێنم، كه‌چی ئێوه واده‌زانن موختاته‌یه‌كی عادیم، نا هاورێیان ئه‌وه توڕه‌م.
جارێكیان له شه‌ڕی ناوخۆدا، قه‌ڵه‌مێكم بۆ پیاوێك تیژكرد كه ده‌یویست نامه‌یه‌ك بۆ ژنه‌كه‌ی بنێرێت. بیرمه له سه‌ر پشتی ئه‌و وه‌رقه سپیه‌ی كه وه‌ك هه‌موو شته‌كانی ئه‌وێ، ئه‌ویش پاكی له ده‌ست دابوو، نوسی: گه‌ر له‌م شه‌ڕه‌دا كوژرام كه‌س پێم نه‌ڵێ شه‌هید. هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نی نامه‌كه، له ته‌مه‌نی كوڕه‌كه درێژتر بوو، به‌ڵام ئه‌ویش نه‌گه‌شته ده‌ست ژنه‌كه‌ی و دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ون بوو.
رۆژێكیش كچێك كه هێشتا سالێك به سه‌ر باڵغ بونیدا تێ نه‌په‌ری بوو، چه‌ندین قه‌ڵه‌می هێنا، منیش یه‌ك به‌یه‌ك نوكی قه‌ڵه‌مه‌كانم شكاند، منیش ده‌زانم شكاندنی دلی كچێك له‌و ته‌مه‌نه‌دا چ تاوانێكه. به‌ڵام ئه‌وه‌شم ده‌زانی گه‌ر ئه‌و قه‌ڵه‌مانه تیژبان، شتێكیان ده‌نوسی، كه چاره‌نوسی ئه‌و كچه‌یان به‌ره‌و رێگه‌یه‌كی لێڵ ده‌برد. له پڕ كچه‌كه به هه‌موو هێزی خۆی منی كێشا به‌دیواره‌كه‌دا، ئازارێكی زۆرم پێگه‌شت، چاوم پڕ بوو له ئاو. به‌س فرمێسكه‌كانم له‌به‌ر ئازاره‌كه‌م نه‌بوو، نا به‌ڵكو ده‌مزانی ئه‌وكچه‌ش وه‌ك زۆربه‌ی هاوته‌مه‌نه‌كانی هێنده عیناده كه هه‌موو هیزی دنیا ناتوانن ده‌ستی له خولیاكانی بكه‌نه‌وه. كاتێكیش منی دا به‌زه‌ویدا، تێگه‌شتم كه هیچی تر پێویستی به‌من نیه، كه‌وایه قه‌ڵه‌مێكی ده‌ست كه‌وتوه، كه پێویستی به تیژكردنی نوكه‌كه‌ی نیه. سێ هه‌فته دوای ئه‌وه‌ی له سه‌ر گه‌چی ماڵه‌كه‌یان وێنه‌ی دوو دڵ و تیرێكی كێشا، ته‌رمی ئه‌و كچه له سه‌ر یه‌كێك له رێگا دوره‌كان له شاره‌وه دۆزرایه‌وه.
ئه رۆژه‌ی كه كه‌وتمه ده‌ستی گه‌یلان ته‌مه‌نی 13 ساڵ بوو، رۆژێك بریاری دا بمداته هاورێیه‌كی خوێندنی سه‌ره‌تایی، به‌ڵام ئه‌ورۆژه هاورێكه‌ی نه‌هات. ئێستا بیر ده‌كه‌مه‌وه گه‌ر ئه‌و رۆژه ئه‌و هاورێیه‌ی بهاتایه، ژیانی من به‌م شێوه‌یه نه‌ده‌بوو، ڕه‌نگه سه‌ر له‌به‌ری ژیانی من و هی ئه‌م و هی هاورێكه‌شی بگۆڕایه. ئای ئه‌م قسه‌یه‌م چه‌ن بێ مانایه، ڕه‌نگه نه‌هاتنی هاورێكه‌ی نهێنیه‌كی ئیلاهی بێت‌و، هه‌رچیم بكردایه هه‌ر ئه‌م ژیانه‌ی لێ دروست ببوایه.
هاورێیان، ڕه‌نگه كه‌س وه‌ك خۆی نه‌توانێت، باس له خۆی بكات. بۆیه منیش واز دێنم با خۆی چیرۆكه‌كه بگێرێته‌وه. به‌ڵام به‌لێنتان پێ ئه‌ده‌م له هه‌ر شوێنێكدا ویستی درۆبكات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، یه‌كسه‌ر بێمه‌وه ناو چیرۆكه‌كه‌و راستیكه‌ی بلێم.
سلاو … سه‌ره‌تا حه‌ز ئه‌كه‌م هه‌ڵه‌یه‌ك راستكه‌مه‌وه موختاته‌كه وتی:”ئیسَتا بۆ چاره‌نوسی ئه‌و شتانه ده‌گری كه ده‌كه‌ونه ده‌ستی، نه‌ك ئه‌وانه‌ی نابنه هی ئه‌م” باوه‌ڕ به‌م قسه‌یه مه‌كه‌ن.
به‌منداڵی عاشق بووم. به‌ڵام هه‌مووی پێم پێ ده‌كه‌نی. ده‌یانگوت: لێی گه‌رێ منداڵه چی ده‌زانێت. ئه‌م قسه‌یه هێنده دوباره كرابوه‌وه، كه خۆشم هاتبومه قه‌ناعه‌تێك ده‌بێت ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه له مێشكم ده‌ربێنم. به‌ڵام ئێستا دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ زۆرێك له سۆزانیه‌كاندا خه‌وتم، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستم گه‌شته عاسی ترین شوێنی له‌شی ژنه قژ زه‌رده‌كان, ئاواته خوازم وه‌ك منداڵی عاشق ببمه‌وه. تێده‌گه‌م عه‌شقی راسته قینه عه‌شقی مندالی بوو، عه‌شقی منداڵی عه‌شقێك بوو، كه له ژێر پاڵه په‌ستۆی هیچ حه‌زێكی جنسیدا نه‌بوو.
ببورن قسه‌كان ئه‌بڕم (موختاته‌كه‌م)به‌ڵام ئه‌و بڕگه‌یه‌ی قسه‌كان، كه باسی ژنه سۆزانی و كچه قژ زه‌رده‌كان ده‌كات، درۆ بوو. باوه‌ڕی پێ مه‌كه‌ن، درۆ بوو.
به‌لێ هاورێیان، راست ئه‌كات ئه‌و برگه‌یه درۆ بوو، هه‌رچه‌نده ده‌زانم زۆرێك له ئێوه سه‌ره‌تای درۆكانی ناو چیرۆكه كه ده‌گیڕنه‌وه بۆ ئه‌و شوێنه كه موختاته قسه‌ی كرد.
به منداڵی رقم له كارتۆنی “تلیتبیز” بوو، وه كورێكی لاواز بووم، لاواز تر له ئێستا. چونكه لاواز بووم رقم له‌و یاریه بوو كه‌سێك له‌م به‌ری یاریكه سوار ئه‌بێت و كه‌سه‌كه‌ی ئه‌و به‌ر به‌رز ئه‌كاته‌وه، دواریش كه‌سی ئه‌و به‌ر ئه‌م به‌رز ئه‌كاته‌وه، چه‌نكه ده‌مزانی ناتوانم ئه‌وان به‌رز كه‌مه‌وه، ئاخر هه‌موو هاوته‌مه‌نه‌كانم له من قه‌ڵه‌و تر بوون.
حه‌زم ده‌كرد زوو گه‌وره بم. پێم وابوو كه گه‌وره بم، ده‌توانم ئیمپراتۆریه‌تێكی خه‌یاڵی دروستكه‌م، به‌ڵام ئێستا نه‌ك ناتوانم ئیمپراتۆریه‌ته‌كه دروست بكه‌م، به‌لكو ئیره‌یی به مندالیم ده‌خوازم، كه ئه‌وه‌نده بوێر بووم ئاواتێكی وه‌هام هه‌بوو.
چه‌ند رۆژێك به‌ر له ئێستا، ئه‌و هاورێ یه‌م بینیه‌وه، كه چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وپێش، ویستم ئه‌م موختاته زۆر بڵێ یه‌ی بده‌مێ، ئه‌و كه‌سه‌ی كه عاشقی بوبوم، بینینه‌وه‌ی ئه‌و، زیاد له سوتفه بیر كردنه‌وه له به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ی به‌مێشكمدا هێنا، كه دنیا به‌رێوه ده‌بات. ئه‌ویش وه‌ك جوگرافیای ئێستای ئه‌م وڵاته زۆر به‌سه‌قه‌تی گۆرابوو. (تامی منالی بیر نه‌ده‌هێنامه) ….
ئێستا هاتومه‌ته قه‌ناعه‌تێك كه عه‌شقی راسته‌قینه گه‌شتن نیه به یار، به‌لكو دڵخۆشكردنی یاره، ڕه‌نگه زۆرجار یار به‌وه دڵخۆشبێت تۆ لێی دوور بكه‌ویته‌وه.
ببورن، نامه‌وه‌ێت هیچی تر بلێم. ده‌زانم گه‌ر به‌رده‌وام بم ناچارم درۆ بكه‌م، ده‌شزانن له‌م حاَله‌ته‌ی مندا درۆكردن شتێكی نه‌كرده‌یه.