Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئەو سووتەمەنە چیتر مەسوتێنن ئەگینا ئەو خەرمانتان دەسوتێنێت…..

ئەو سووتەمەنە چیتر مەسوتێنن ئەگینا ئەو خەرمانتان دەسوتێنێت…..

Closed
by July 24, 2011 گشتی

لە سەرەساتی قۆناغی شۆڕش وراپەرین وبەرەنگار بوونەوەی دوژمن ورووبەرووبوونەوەی پرس وئامانج وئاواتەکانی گەل، چ کەسانێک هەن تا سەر ئێسقان ببنە سووتەمەنێکی ساغ وپوخت وبێ خلتە بۆ ئەوەی رەورەوەکەی گۆڕان وبەردەوام بوونی کۆمەڵ لەگەڕ نەکەوێت وئاسۆی وڵات بەرەو ئاوەدانی ورزگاریەوە ببەن، دیارە بێگومان لە هەموو قۆناغێک ولە هەموو دەورو زەمانێکیش بە تەنیا ئەو کەسانەی ئەو ناسنامەی کەسێتیە هەڵدەگرن، هەر گەنج وئەو توێژە شۆڕشگێڕەن کە مانای بەزین ودۆڕان وکۆڵدان نازانن…
 لەبەرئەوەی پێکهاتەی کەسایەتی ئەو کەسانەی دەسەڵاتی ئەمڕۆکەمان پێک دێنن بە گشتی پیاوی بەتەمەنی ئێستاو پیری ئەمڕۆکەن وئەگەرچی گەنج وکوڕی دوێنێکە بوون کە ئەوان لە تافی لاوێتی وقۆناغی گەنجیاندا ئەستێرەیەکی گەش وچاو کراوە بوون، ئەو کات هەستیان بە ئازارەکانی خەلک وبوونی خۆیان وئەرک بەرپرسیاری نیشتمانی ونەتەوەیی ئەوسای خۆیان وگەلەکەیان کرد بوو، ئەو کاروانسەرایەش بێ بڕانەوە نیە تا ژیان بەردەوام بێت تەمەنی تازە بە بەرهەم وهێزی تازەوە دێنە پێش وژیان بە ئیرادەو تواناکانیان دەڕازێننەوە، ئەوە جەدەلیەتی ژیانەو ژیانیش بەردەوامەو تەمەنیش ناوەستێت وتا ئێرە هیچ کێشەیەک نیە، بەڵام بەدبەختیەکە لێرەیە لە عەقلیەت وهەست ونەستی نەوەکانی دوێنەکەو بە تەمەنەکانی لای خۆمانە، دان بە گەورە بوونی تەمەنی خۆیان وکەم بوونەوەو پووکانەوەی تواناکانیان دانانێن لە لایەک، هەروەها لە لایەکی دیکەش لە لای خۆمان نەوەی دوێنێ بە ئاسانی نایەتە بن بارو رێگا بۆ نەوەی دیکە چۆل ناکات وباوەڕ بە گەنجی تازەو تواناکانی ئەوان ناهێنێت، تا بە شەڕو تا بە چاو لێ سۆر کردنەوە نەبێت…
ئەگەرچی تەمەن ناگەڕێتەوەو رابردووش شتە زیندوو ودەستکەوتە پاک وکارو بڕیارە چاکەکان بە نەمریەوە دەهێلێتەوە نەک پیر نەبوون هەمیشە بە گەنجی مانەوە، ناکرێت تۆ تاسەر خۆت بە گەنج بچوێنی وهەرواش خۆت لە خشتە ببەی وبە درۆ خۆت بە شتێکی دیکە بنوێنی، وەکو ئەو دیاردەیەش لە کوردستانی لای خۆمان بۆتە شتێکی ئاسایی وباو خەڵک هەر هەمووی دەیەوێت خۆی بە گەنج بخوێنێتەوەو هەر مووێکی سپیان دەکەوێتە سەر سەریان یەکسەر پەنا بۆ بۆیاغ دەبەن وخۆیانی پێ گەنج دەکەنەوە، من زۆرجار کە تەماشای تەمەنی خۆم وتەمەنی هاوەلەکان وئەو کەسانەی پێش خۆم دەکەم، لە رەنگی رەشی سەریانەوە خۆم لە لا زۆر گەورەو پیر دەبینم…
 دەریشکەوتووە هیچ کەسێک بە ئاسانی هەست بە تەمەنی یەکێک لە تەمەنی خۆیدا نەبێت ناکات، بۆیە لە رووی تەمەن وهۆشمەندی وسەلیقەوە دەبنە بابەتێکی جیاوازو لەیەک نەچوو، ئاسان نیە ئەو بە تەمەن وپیرانە دوێنێکە ببنەوە گەنجی ئەمڕۆکەو وەکو گەنجی ئەمڕۆکەش هەست بکەن،نزیک بوونەوە لە هەست ونەستی ئەو تەمەنە شتیکی باشە، بەڵام ئەوان تا ئێستا بەو شێوەیە لەوان نزیک نەبوونەتەوە کە ئەوان خۆیان بە کەسانی بە ئەزموون وبرا گەورە بزانن، بەڵکو خۆیان بە سەردارو شاو باوکێکی رەق وتوند دادەنێن، ئەمەش ئەو کەلێن ومەوادیە بۆش ولێک دوورەیە لە نێوان خۆیان (گەنجی دوێنێ وسەرداری دەسەڵاتی ئەمڕۆکە) لەگەل گەنجی راستەقینەی ئەمڕۆکەو هاوڵاتی راستگۆ…
 چونکە ئەوان نە بەکردارو قسەوە نە فیزیکی جەستەو هەست ونەستی رۆحیەوە لە تەمەنی گەنجی گەنجەکانمان نزیک بوونەتەوەو دا نزیکیشیان لە خزمەت بەرەو پێش چوونی ئەوانەوە بەکار بردووە، بۆئەوەی لێیان تێبگەن وئەوانیش لەوان تێبگەن، بەمە حالەتی لەیەکتر تێنەگەیشتن وبەدحالی بوون ولێک دوور کەوتنەوە لەیەکتر هاتۆتە ئاراوە، نە ئاسانە بە قسە زل وگۆڕانی دیکۆرو رەنگی دەرەوەی خۆیان لە (گەنج) نزیک ببنەوە نە بە ئاساییش بەو قۆناغەدا تێپەریون بۆ ئەوەی ئەوانیش بە ئاسایی وبە ئاسانی ئەم کارو کردەوەیان لێ وەربگرن، بۆیە تا ئێستا (دەسەڵات) تا رادەیەکی بەرچاو، دوورن لە پلان وخولیاو ئارەزوو وخەونەکانی گەنج، هەروەها گەنجیش لە رەوتی ئەوان دوور کەوتۆتەوەو ناکەوێتە بەر کاریگەریان وناکەونە سەرجادەکەیان…
ئەو حکومەتەی بە تەمەن بێت وخۆی بە گەنج بزانێت، تا چەنە ساغ وبێ گرفت وراستگۆو سەرراستە، ئەو حکومەتەی نەتوانێت خۆی لە گەنج نزیک بکاتەوە دیوارێکی زبر لە نێوان خۆی وئەوان بە سکرتێرو (حیمایە)و بۆدگاردو پەیامنێرو زمانحال وپرسگەوە هەڵچنێت، چەند دەتوانێت لە خزمەت گەنجدا بێت وگەنجیش بتوانێت بە ئاسانی گفتووگۆی لەگەل بکات، ئەو حکومەتەی گەنج بەڕێوەی نەبات وبە عەقلیەتێکی گەنجانەش کاروبارەکان بەڕێوە نەچن بێگومان حکومەتێکی پیرو نەزۆک وگەنج نابێت ووەکو بەساڵاچوو هەلسوکەوت دەکات، لە رووی تەندروستیش بە حکومەتێکی نەخۆش وپەککەوتە دادەنرێت، تەنانەت ئەو گەنجانەی لە دەوروبەرو بەردەستیشیان کار دەکەن ودەبنە ئالەت و لە بن کاراو بەرنامە بەرتەسکەکانی ئەوانیش بوونی راستەقینەی خۆیان جێبەجێ ناکەن بە عەقلی ئەوانەوە کار دەکەن ولە ژیانیاندا سەرکەوتوو نابن وەکو گەنجێکی ئاسایی وتەندروست وسروشتی نابن ولە خزمەتی کۆمەڵەکەشیان تێناکۆشن..
بۆ ئەوەی حکومەتیش تەمەنی درێژ بکاتەوەو رۆژێک لە رۆژان وەکو ئاردی ناو تەراشانی لێ نەیەت، تا بە دەردی دابڕان وتەنیایی وپیری خۆیەوە نەچێت وخەلکانێکیش پەیدا نەبن بلێن ” خۆزگەمان بە کفن دزی  بکات ” دەبێت خۆیان تەندروست بکەنەوەو بە دوای هەموو رێساو رێنماییەکانی خۆپاراستن وخۆچارەسەر کردن بچن وبگەڕێن، تا بە رۆحێکی دیکە پێشوازی لە ژیانی سیاسی وبەرێوە بردنی وڵات بکەن، گەنجانیش کە هەمیشە سووتەمەنی گۆڕان وبەرەوپێشەوە چوون وئاگردانی شۆڕش کردن بووینە، لێیان دوور نەکەونەوەو بە سەرکردەو وباوک وبرا گەورەیەکی بەخشندەو سەرراست ودڵپاک وداوێنپاک بزانن، بەمەش دەبێت ئەو سەرکردانە بێنە ناو واقیعی راستەقینەو بەرەو باشتر خۆیان بگۆڕن ولەگەل خۆیان ودەوروبەیان راستگۆ بن ودڵی ئەوانەش خۆش بکەن کە دڵیان زۆر شکاندوون بە تایبەتی (گەنجان)، بۆیە دەبێت خۆیان نوێ بکەنەوەو سەرلەنوێ لە ناو هۆشمەندی وئاوەزی گەنجاندا حزورێکی ئیجابیانە بەردەست ودەستەبەر بکەن کە خۆی لە جۆرێک (ئەپ دێیت) دەبینێتەوە…
بەمەش دەبێت ئامادەباشیەکی باش وەربگرن، بۆ خۆداتەکان وتەکانی جەستە کەرەشینە گرتووەکەیان تا خۆی لەو دژوونی بوونەی عەقلیەت وئاوەزی قرپۆک وبۆگەنیان خاوێن کەنەوەو بەو پاکژ بوونەوەی جەستەو رووکەشی دەرەوشی بەڵکو رۆحی ژەنگرتووی ناوەوەشیان ساف ببێتەوە، دیارە بەو بەخۆداچوونەوەیەش لە خەونە نەزۆکانیەکانی رادەچەنێن وبە ئاگا دێنەوەو لە خەونی گەنجانیش نزیک دەبنەوە…

ئێمە هەر هەموومان گەنج بووینەو بەو قۆناغەش دا رەت بووینە، بۆیە باش دەزانین گەنج چۆن بیر دەکاتەوەو هێزو کاری گەنجیش چۆنە، ئەگەر ئەویش تەبا نەبێت لەگەل رەوتی رێساو یاساکان هیچ شتێک ناتوانێت تەبایی ئەو مسۆگەر بکات وئارامی وئاسودەییەک بەرقەرار بکات، کەسێک ناتوانێت رێگای پێ بگرێت ئەگەر بێت وهەموو رێگاکانی لێ بگیرێت ئەو ناچار دەبێت بۆ خۆی رێگایەک هەڵبژێرێت ودەرچەیەک بۆ خۆی بکاتەوە تا هەناسەیەک بۆ ژیانی خۆی بکاتەوە، ئەوەی لە ئاوەزو دڵی گەرمیدا هەیە درەنگ یان زوو هەر جێبەجێی دەکات، گەنج ئەو کەسەیە هەمیشە هیچ شتێکی نیە بیدۆڕێنێت وهیچ بەرژەوەندیەکی تایبەتیشی نیە لە دەستی بدات، ئەو ئەو شتەی دەیەوێت بیبنێت، ئەمڕۆکە خوازیاریەتی بیبینێت وتامی بکات بیر لە بەیانیەکی دوورو نابیناو لێل ناکات، لە لای ئەوەوە نان ئەو نانەیە کە ئێستا لە سەر خوانەو هێشتا نەسوتاوەو ناهێلێت بسوتێت ویاخود تاسەر لە دەستی بچێت..
بەمەش دەبێت ئێوە (سەردارانی دەسەڵات) خۆتان لە کۆڕو دانیشتن وجیهانی پڕ خەیال وحەزو خۆزگەکانی گەنجەوە ئامادە بکەن وحزورتان هەبێت تا ئەوانیش لە بەشداری کردنی ئیجابیانەیان لە کۆڕی ژیان وئەرکە نەتەوەیی ونیشتیمانیەکان ئامادە بن وهاوکارێکی باش بن، بۆیە دەبێت هەول بدەن زۆر زیاتر لە جاران لە گەنج نزیک ببنەوە، بە بێ سێودوو ئەوە بە باش بزانن ئەگەر نەتوانن دڵی گەنجان لە خۆتان رازی بکەن هەرگیز ناتوانن گرەنتی مانەوەو بەردەوام بوونی تەمەنی خۆتان تا سەر بدەن بە خۆتان، بەمەش لە بڕی ئەوەی سووتەمەنەکە بسوتێنن ئەوان خەرمانی رابردووتان بە با دەکەن وهەرچی هەتانەو هەبووە دەسوتێت ولە هیچ کودیەکی تەریش ناوتان ناهێنرێت…
کەوابوو ئێوە وەکو کاربەدەست وبەرپرسیارێک لە سوڕانی ماشێنی (دەسەڵات)، ناکرێت ئەوەندە بیر لە خۆتان و زیندوو کردنەوەی رابردووی خۆتان بکەنەوە، ناتانەوێت دەستبەرداری لە بە گەنج کردنەوەی خۆتان ببن وبۆ ئەو مەسەلەیەش تەخسیر ناکەن وباشترین گەنجینەی کۆمەڵ ووڵاتیش لە بیر دەکەن وخۆتان لە خۆزگەکانیان گێل دەکەن، ئایا  رۆژێک لە رۆژان ئەوەتان بە بیرەوەی خۆتان نەهێناوەتەوە ئەگەر ئەوان پشتتان تێبکەن ولێتان راپەڕن لە هیچ قەڵایەکی ئەستوورو پۆڵایینی خۆشتان جێگەتان نابێتەوە، لەبەردەمیاندا خۆتان پێ راناگیرێت وئەوەی بەدەستتان هێناوە لە چاوتروکانێک هەر هەمووی لە دەست دەدەن، ئنجا ئەو دەم دەبێت هەر لە چۆکی خۆتان بدەن وبۆ بەختی هەڵگەڕاوو چارەنووسی رەشتان بلێن : ئاخ چمان بە خۆمان کرد وئەویشمان چوو وئەویشمان چوو…

شوان عوسمان
هۆلەندە ٢٣-٧-٢٠١١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.