نۆش ئەی مەراق … زمكان عەزیز
ئەو ژەھرە چەند شیرینە
كە لە دەمی تۆوە
بە قەستی مردن
ماچێكم ئەكەیت
***
ئەو پێكەش چەند تاڵە
كە بێ تۆ ..
لەم مەراقخانە
خەیاڵم نۆشی ئەكات
***
ئەو فێڵە لە خودا
چەند جوانە ..
ئەو دزیە لە خەڵك
چەند پاكە ..
كە من تۆم ھەبێت
چیبكەم لە ئەخلاق
***
كە تۆ دەرم ئەكەیت
بۆ دەرەوە پاڵم پێوەئەنێیت
لە دواتەوە ..
عەشق چاوم لێدائەگرێت
***
لە نامەیەكدا نوسیبوت
بۆ بینین و
بۆ بیستنی .. من
ھەتا ھەتایە ناتەوێت
كەچی ھەموو ڕۆژێك
بە دزی تۆوە ..
من و نامەكەت
ئەچینە دەرەوە ..
شەوانیش بە تەنیشتمەوە
ئەنوێت
***
ویستم لە پەنجەرەكەتەوە
بتبینم ..
پەردەكەت دادایەوە
گڵۆپەكەشت كوژاندەوە
لە خۆشیدا تا بەیانی
ھەڵپەڕیم
ئاخر ..
تۆ لەوێیت
***
ووتت ..
من تۆم ناوێت
ڕقم لە تۆیە
بە خۆمم ووت ..
ئێستا ئەزانم
كە من ھەم
***
چرایەك ئەكوژێتەوە
وائەزانم ..
لەسەر جێی نوستنم
چرایەكیش دائەگرسێت
وائەزانم ..
بە ووردە ماچی تۆ
خەبەرم ئەبێتەوە
***
لە ژوورێكدا ..
چاوەڕێی كچێك ئەكەم
لە شقامێكیشدا
چاوەڕێی ئازادی ،،
ئاخر .. شەقامەكان
بێ دەرگا و
بێ پەنجەرەن
***
من ..
حەزم لە ئازادی نیە
ئازادی ،،
لە دڵی ھەموو كەسێكدایە
من ..
حەزم لە تۆیە ،،
لەناو دڵی من
بە تەنیا تۆ ھەیە
***
بەر لە مردن
ووتیان ..
حەزت لە چیە
ووتم .. مردن
ئاخر ..
بە تەنھا مردن
من ئەكات بە ھی تۆ
***
لە تونێلە تاریك و تەڕ و توشەكەدا
لەوسەرەوە ..
كونێك ماوە بۆ ھەناسە
كونێك ..
ڕوناكی لێوە ئەڕژێت
كونێك ..
لە قوڵایی تاریكیەكەدا
لە لێوی تۆ ئەچێت
***
ئەو سەری ڕێگاكە
لای تۆ ..
گیراوە
ئەمسەریش .. لای من
بە ئەسپی ئومێدەوە
بەسراوە ..
گەرچی نازانم
ئەسپەكە ..
بەرەو كوێ ئەڕوات
***
ئەوە عەشقە
لە شەڕی عومردا
ئەتوانێت
ھێرشی بەربەریانەی تووكە سپیەكان
بۆ سەر ڕەشەكان
ڕاگرێت
بەیانی زوو ..
لە ئاوێنەكەتەوە تەماشاكە
Simkan97@hotmail.de