
دۆنگ یی، وانه‌یه‌ك بۆ حوكمڕانیی دادوه‌رانه
((خه‌ونی من ئه‌وه‌یه كۆشك به‌جێبێڵم………..دۆنگ یی))
(دۆنگ یی)، درامایه‌كی كۆرییه‌و كه‌ناڵی كوردسات بۆ ماوه‌ی زیاتر له هه‌شتاو پێنج شه‌و، جوانترین و نایابترین شه‌وچه‌ره‌ی بۆ مه‌یسه‌ر كردین. ئه‌م درامایه راسته كۆری بوو، كوردی یان عه‌ره‌بی یان ئێرانی و توركی نه‌بوو، بۆئه‌وه‌ی چێژی زۆرتری لێوه‌ربگرین، باسی كلتوورێك بوو دوور له كلتووری ئێمه، پیشاندانی مرۆڤێك بوو به‌شێوه‌ش له شێوه‌ی ئاسایی خۆمان نه‌ده‌چوون. به‌ڵام ئه‌م درامایه بۆ زۆرینه‌مان وانه‌یه‌ك بوو، پڕبوو له په‌ندو حیكمه‌ت و خۆشه‌ویستی و دڵسۆزی و خاكه‌ڕایی و راستگۆیی، به‌ڵام له زاری كێوه؟ هه‌مووان ئه‌و شته نایاب و جوانانه‌یان فێركردین، نه‌خێر كه‌متر له هه‌مووانه‌وه ئه‌و شته باشانه‌مان ده‌بیست، زۆرتر له پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی ئه‌و درامایه‌وه بوو كه ئه‌ویش (دۆنگ یی)، كچێكی بێباوك و كه‌سوكاری هه‌ژارو پله‌نزمه‌وه بوو، كه به‌ڕێكه‌وت بووه هاوڕێ و دواجار هاوسه‌ری پادشای كۆریای ده‌وروبه‌ری ساڵانی 1680ه‌كانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده بوو. ئه‌وه‌ی له‌و درامایه‌دا نمایشكرا باسكردن بوو له سه‌رگوزه‌شته‌و چیرۆكی گرنگترین قۆناغی حوكمڕانییه‌ك له كۆریادا، كه پادشایه‌ك (تاڕاده‌یه‌ك لاواز‌و بێهێز) وڵاتێكی پڕ له كێشه‌و دوبه‌ره‌كی نێوان باشوری و نۆرۆنییهكان كه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و كورسی پادشایه‌تی زۆرانبازی و كێشمه‌كێشی سارد‌و تاڕاده‌یه‌كیش ناوبه‌ناو گه‌رمیان هه‌بوو.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی (دۆنگ یی) مناڵ‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بوو، كه چین و توێژێك له خه‌ڵكان هه‌بوون كه پله نزم و هه‌ژاربوون و بۆ قووتی رۆژانه‌ی خۆیان كۆششی تاقه‌ت پڕووكێنیان پێشكه‌ش به ژیانی كولهمهرگیان ده‌كرد. باوكی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌ڵستكارانی برایانی شمشێردا جه‌نگێكی ئاشتیانه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی كۆریادا ده‌برد به‌ڕێوه، باوكی (دۆنگ یی) بڕوای به كوشتن و خوێنڕشتن نه‌بوو، هه‌ر ئه‌و ره‌فتارو هزره مرۆڤدۆستییهشبوو كه له باوكه‌وه بۆ كچه پاڵه‌وانه‌كه(دۆنگ یی) مابووه‌وه‌و دواتر له‌نێو كۆشك و وڵات‌دا پیاده‌ی ده‌كرد. كاتێك (دۆنگ یی) گه‌یشته ناو كۆشك و وه‌كو شاژنێك ده‌ستنیشانكرا، به‌ره‌یه‌ك له دوژمن و نه‌یاری بۆ دروستبوو، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه خاتوو سووی شاژنی دووه‌م بوو كه له‌به‌ره‌ی باشووریه‌كان بوو، پیلانی دوورودرێژی ئه‌م شاژنه له‌گه‌ڵ دایكی و براكه‌یدا بۆ ئه‌وه‌بوو وڵات بخه‌نه پشێوی و ههلاكهتهوهو ئۆباڵی ئه‌وه‌ش بخه‌نه ئه‌ستۆی (دۆنگ یی)یه‌وه تا به‌بڕیارێك له كۆشك بچێته ده‌ره‌وه، یان چه‌ندین پلانی دیكه‌یان بۆ كوشتنی خۆی و شازاده ژیر‌و زیره‌كه‌كه‌ی داڕشت و به هیمه‌تی چووسووی برای و به‌رپرسی پۆلیس و هه‌وڵی خاوه‌نشكۆ ئه‌و هه‌وڵ و پیلانه قێزه‌ونانه سه‌ریان نه‌گرت و ژه‌هر ڕشتنهكانیان بۆ خاوهنشكۆو حكومه‌ت و خه‌ڵكی ئاشكرابوو، ئه‌وان هه‌موویان به فه‌رمانی شاهانه به سزای ره‌وای خۆیان گه‌یشتن و له سه‌ره‌مه‌رگدا هه‌ر ئه‌و خاتوو سووه نه‌یاره دڵڕه‌قه بوو كه له(دۆنگ یی) ده‌پاڕایه‌وه كه شازاده‌ی جێ‌نشین كه كوڕه تاقانه‌كه‌ی بوو، وه‌كو كوڕی خۆی بپارێزێت و كورسی پادشایانه‌ی بۆ مسۆگه‌ر بكات.
(دۆنگ یی) وه‌كو شاژنێك و پاش مردنی شاژنی یه‌كه‌م و ژههردهرخواردانی شاژنی دووه‌م، وازی له‌و پله‌و پایه به‌رزه هێناو بۆ ئه‌وه‌ی شازاده‌ی گه‌وره‌ی (كوڕی خاتووسووی نه‌یاری خۆی) ببێته جێگره‌وه‌ی پادشا، واته وه‌كو كوڕی راسته‌قینه‌ی خۆی ته‌ماشای دهكردو دواتریش هه‌موو لایه‌ك ئه‌و هه‌ڵوێسته سه‌یره‌ی (دۆنگ یی) یان بۆ ده‌ركه‌وت كه چه‌ند مرۆڤێكی به‌رزه‌و خۆبه‌خش و راستگۆیه له‌گه‌ڵ پادشا‌و شازادهیهكدا كه كوڕی خۆشی نییه‌و بگره كوڕی ژنێكه كه چه‌ندینجار هه‌وڵی كوشتنی ده‌دا… لێره‌وه ئه‌م ژنه قاره‌مانه‌ی كه له‌نێو چینی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاوه به‌ره‌و ناو كۆشكی پادشایانه چووبوو، چاوی ته‌ماحی له كورسی و پله‌وپایه‌ی شاژنی و خۆبه‌زلزانی و به‌رژه‌وه‌ندیخوازی نه‌بوو، ئه‌م ژنه دانا‌و زانایه، كه كوڕه‌كه‌ی خۆی بۆ فێرببون برده ده‌ره‌وه‌ی كۆشكی پادشایانه تاكو لای فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ندی مه‌زنی ههژارنشینانی وڵاته‌كه‌یدا فێری زمان و په‌ندو حیكمه‌ت بێت نه‌ك وه‌كو دابونه‌ریته باوهكهیان له‌نێو كۆشكدا فێربكرێت.
ئه‌مه‌ش وانه‌یكی گرنگبوو كه بۆچی ئه‌م خانمه دانایه ده‌یویست تاقه كوڕه‌كه‌ی خۆی به‌رێته ده‌ره‌وه‌ی كۆشك و لای دانایه‌كی هه‌ژاری ناو گه‌ڕه‌كه هه‌ژاره‌كان، فێری حیكمه‌ت و زانین ببێت.؟ ئه‌و ده‌یووت: من ده‌مه‌وێت كوڕه‌كه‌م پێش ئه‌وه‌ی زمان و دانایی فێر ببێت، پێویسته له‌سه‌ری وه‌كو كوڕێكی سهردهكهی و ناو بنه‌ماڵه‌كه‌ی دایكی له‌نێو هه‌ژاره‌كاندا بژی و هه‌ست به برسێتی و تینوێتی ئه‌وان بكات، هه‌ست به ئازار‌و ژیانی دژواری هه‌ژاران بكات.. ئه‌م خانمه زانایه ده‌یویست كوڕه شازاده‌كه‌ی كه ره‌نگه رۆژێك له رۆژان ببێته پادشای وڵات، له‌نێو خه‌ڵكی ساده‌و هه‌ژاردا بگوزه‌رێت و له كێشه‌و ئاریشه‌و خه‌م و خه‌ونه‌كانیان نزیك بێت، هه‌روه‌ها فێر ببێت ژیان ته‌نیا بریتی نییه له كۆشك و نانخواردن و ژیانی بریق و باق و رازاوه‌یی و له‌ژێر سێبه‌ری خۆشیه‌كاندا خه‌ونی ره‌نگاوڕه‌نگ و بێخه‌م و بێ كۆشكردن به‌رێته‌سه‌ر.. به‌ڵكو ده‌یویست وانه‌كانی ژیان له‌نێو قوڵایی كۆڵان و شه‌قام و گه‌ڕه‌كه هه‌ژارنشینه‌كانه‌وه فێر ببێت و (بودا ئاسا) پڕ بێت له هزری مرۆڤدۆستانه‌و دانایه‌كی خزمه‌تگوزاری میلله‌ته‌كه‌ی خۆی بێت و جیاوازی نه‌كات له‌نێوان هیچ به‌ره‌و چین و كه‌سانێكدا، هه‌موویان به یه‌ك چاوی رێز‌و حورمه‌ته‌وه ته‌ماشا بكات..
ئه‌وه‌ی له كۆتایی ئه‌م دراما نایابه‌دا بینیمان ئه‌وه‌بوو، كه (دۆنگ یی) داوا له پادشا ده‌كات بۆ گوزه‌رانی ژیانی داهاتووی خۆی كه بچێته ده‌ره‌وه‌ی كۆشك و نزیك بێت له خه‌م و ئازاری خه‌ڵكی و به دڵێكی پاك و گه‌رمه‌وه له‌ناو جه‌ماوه‌ردا بژی. ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه دێت كه دووا شاژنی ناو كۆشك له‌وه گه‌یشت كه (دۆنگ یی) خانمێكه پڕ‌و سیخناخه له دڵسۆزی و راستگۆیی و لێبوورده‌یی و ئاشتیخوازی، ئه‌و شاژنه بۆی ئاشكرابوو كه ئه‌م خانمه وازی له ته‌ختی شاژنی هێناوه بۆئه‌وه‌ی گیانی دوبه‌ره‌كی و شه‌ڕانگێزی و خوێنڕشتن و كورسی په‌رستن نه‌بێته رۆح و گیانێكی به‌ربڵاو و باوی ناو كۆشك و دواجار بته‌نێته‌وه ناو وڵاته‌كه‌ی. ئه‌و بۆی ئاشكرابوو كه ته‌نانه‌ت شازاده‌ی جێنشینیش به‌چاوی دایكانه‌وه ته‌ماشای (دۆنگ یی) ده‌كات و له‌گرته‌یه‌كدا ئه‌وه‌ی نیشانداین كه شازاده چه‌ند ئه‌م خانمه دانا‌و دڵگه‌وره‌یه‌ی خۆشده‌وێت و له‌شاژن ده‌پاڕایه‌وه كه بڕیاری دژ به(دۆنگ یی) ده‌رنه‌كات چونكه ئه‌و خانمه‌ی زۆر خۆشده‌وێت و باشی ده‌ناسێت كه چه‌ند بۆی دڵسۆزه‌و جیاوازی ئه‌و و كوڕه‌كه‌ی خۆی ناكات، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش شاژنی تووشی شۆك كرد‌و پاشتر بۆی روونبۆوه كه ئه‌م خانمه ژنێكی زۆر مه‌زنه‌و دڵسۆز‌و خاكهڕایهو بێهوده نییه وازی له شاژنی هێناوه، بۆیه له دوا ته‌ڵه‌و كۆسپی وه‌زیری جه‌نگدا زۆر زیره‌كانه ره‌فتاری كرد‌و وه‌كو گرته‌یه‌كی فانتازییانهش ئه‌و هه‌ڵوێست و بڕیاره‌ی شاژن بۆ هه‌موو بینه‌رێك ئاشكرابوو كه چۆن له‌جیاتی (دۆنگ یی)، وه‌زیرو راوێژكاری سه‌ر به به‌ره‌ی باشوور كه‌وتنه داوهكهوهو گیران و سزای توند دران، به‌و شێوه‌یه پشێوی و نیگه‌رانی و ململانێی ناو كۆشك بنه‌بڕ كران و كه‌سانی شه‌ڕخواز تهمێكران و قهلاچۆبوون.
له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی ئه‌م درامایه‌دا، كه من خۆم ساڵانێكه به‌و شێوه‌یه ئالووده‌ی هیچ دراما‌و فیلمێك نه‌بووم، كه رۆژانه كاتی بۆ ته‌رخان بكه‌م و ته‌نانه‌ت باوكیشم كه له‌گه‌ڵمدا ده‌ژی، شه‌وێكیان بینیم چاوه‌كانی پڕبوون له فرمێسك، چونكه ئه‌و كاته‌ی شازاده‌ی جێ‌نشین هه‌واڵی سزای مه‌رگی دایكی بیستبوو ته‌واو شێت و دێوانهببوو، ده‌یویست و ده‌پاڕایه‌وه كه خاوه‌نشكۆ په‌شیمان بێته‌وه، ده‌یویست بۆ دواجار دایكی ببینێت و له نزیكه‌وه له ئامێزی بگرێت، به‌ڵام پاسه‌وانه‌كان نه‌یانده‌هێشت و رێگریان لێده‌گرت، بۆیه ئه‌و گرته‌یه زۆر تراژیدی و جه‌رگبڕبوو…!
به‌كورتی ئه‌م درامایه‌و به‌تایبه‌ت گفتوگۆكانی (دۆنگ یی) ئه‌وه‌ی فێركردنین كه حوكمڕانی ده‌بێت دادوه‌رانه بێت، ده‌بێت هزری لێبوورده‌یی به‌سه‌ر شه‌ڕانگێزی و كوشتاردا زاڵ بێت.. نه‌رمونیانی و خۆشه‌ویستی و ته‌بایی و دڵسۆزی فێركردین، كه چۆن ده‌بێت مرۆڤ له‌نێو كۆشكدا، دووچاری كورسی په‌رستن و گومڕایی و له‌خۆباییبوون نه‌بێت و جیاكاری نێوان كه‌سان و چینه‌كان كارێكی نامرۆڤانه‌یه‌و هه‌موو مرۆڤه‌كان ده‌بێت به‌پێی یاسایه‌كی دادوه‌رانه به یه‌ك چاوه‌وه ته‌ماشا بكرێن، كینه‌و رق و بوغز كۆتایی به جوانی و به‌های به‌رزی مرۆڤ خۆی نوغرۆ ده‌كات..
له‌كۆتاییدا ئێمه‌ی بینه‌رو هاوڵاتی ئه‌م كوردستانه هیوادارین ئه‌م درامایه‌و حیكمه‌ت و په‌نده جوانه‌كانی ببێته وانه‌یه‌ك بۆ به‌رپرس و حزبه كوردستانیه‌كان به ده‌سه‌ڵات و به ئۆپۆزسیۆنه‌وه، كه په‌یامی ئاشتیخوازی هزری لێبورده‌یی و ته‌بایی و برایه‌تی (دوژمنایه‌تی) و زمانی ئه‌قڵ و حیكمه‌ت زاڵ بكه‌ن به‌سه‌ر شه‌ڕانگێزی و یه‌كترقبوڵنه‌كردن و یه‌كتركوشتن و یه‌كتر سڕینه‌وه‌دا، كورسی په‌رستن نه‌بێته خواست و هزرو ئه‌خلاقییاتی به‌رپرس و حزبییه‌كانی كوردستانێك كه سه‌دان ساڵه شۆڕشی به‌رپا كردووه بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆبوون، ئه‌مڕۆش پاره‌و پله‌وپایه و كورسی وه‌خته ئه‌م هه‌رێم و نیمچه كیانه له‌ناو ده‌بات و به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه، ژیانمان یه‌ك دوو قولانج له دۆزه‌خه‌وه دووره و خۆشه‌ویستی و رێز‌و حورمه‌ت بۆ خۆمان و نیشتمانمان گه‌یشتۆته لێواری فه‌نابوون. كه‌واته ئه‌مه‌شیان وانه‌یه‌كی دیكه‌یه‌و ده‌بێت به‌رپرسان و سه‌ركرده زۆره‌كانمان چاوێك له‌و درامایانه بكه‌ن و په‌ڕۆیه‌ك له‌و ژنه دانایه وه‌ربگرن كه زیاتر له هه‌شتاو پێنج رۆژ به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵی كردین..