ئه‌وین له وڵاتێکی له‌تله‌تکراودا
( ئه‌وین له وڵاتێکی له‌تله‌تکراودا) :
یاده‌وه‌ری چیرۆکی ئه‌وینێکی ئاڵۆز
به‌رزان فه‌ره‌ج
( له وڵاتێکی له‌تله‌تکراودا به‌شه‌ڕی به‌رده‌وام ژیان ئاسان نه‌بوو. ئه‌وین کردن له وڵاتێکی له‌تله‌تکراودا دوو هێنده ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تێدابوو ) ل 166 ، رۆمانی ئه‌وین له وڵاتێکی له‌تله‌تکراودا.
هه‌شته‌مین فێستڤاڵی ساڵانه‌ی به‌ردخان که له ڕۆژانی 9 – 10/7 /2011 له پاریس سازکرا، بۆمن سه‌رباری مایه‌ی شادبوونه‌وه به توێژێکی دیاری هاوڕێیانی خۆشه‌ویستم له دنیای ڕۆشنبیری کوردی‌دا ، خۆشحاڵیش بووم که ده‌سگای به‌درخان و هاوڕێی به‌ڕێزد.ئازاد حه‌مه شه‌ریف ڕۆمانی ( ئه‌وین له وڵاتێكی له‌تله‌تکراودا) ی به دیاری پێشکه شکردم . وێڕای ئه‌و په‌ڕی ده‌ستخۆشیم له کاک ئازاد بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌م ڕۆمانه واقیعیه ی خانمه نووسه‌ری ئه‌مه‌ریکی جین ساسۆن ، سوپاسی ئه‌که‌م بۆ ئه‌و دیارییه که منیشی وه‌کو ئه‌و گه‌ڕانده‌وه بۆ یاده‌وه‌ری ڕۆژانێک و تێروانین له بوونمان له چوگرافیایه‌کی ئاڵۆزدا که ناوی عێراقه . هه‌موومان به‌شێک له‌و یاده‌وه‌ری و چیرۆکی ئه‌و ڕۆمانه‌مان به‌رئه‌که‌وێت ، هه‌ربۆیه‌شه پێم وایه کاک ئازاد به‌وه‌رگێڕانی هه‌ڵساوه چونکه به‌شێکی خۆی تێدا ئه‌بینێته‌وه. منیش له‌گه‌ڵ ده‌ستپێ کردنی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌دا تا کۆتایی ، نه‌متوانی له پاڵ هه‌موو ساتێکی چیرۆکه‌کانی ( جوانه ئه‌لعه‌سکه‌ری) دا، چه‌ندین چیرۆکی خه‌فه‌کراوی بیره‌وه‌ریه‌کانی نه‌وه‌یه‌ک لام زیندوو نه‌بێته‌وه که هه‌موومان پێکه‌وه قه‌ده‌ری جوانه‌مان هه‌بوو. له‌وانه‌یه ناونیشانی ووتاره‌که‌م که هه‌ڵگری هه‌مان ناوی ڕۆمانه‌که‌ی جین ساسۆنه ( ئه‌وین له وڵاتێکی له‌تله‌تکراودا)، تاکه ناونیشان بێت بتوانێت هه‌موو ئه‌و مێژووی ئه‌وینه، له یه‌ک ڕسته‌ی وادا کۆبکاته‌وه که تیایدا ئه‌سته‌م و مومکین پێکه‌وه له میژووی تراژیدیایه‌کدا کۆبکاته‌وه ، بۆیه هه‌مان ناونیشانم کرده ده‌سپێکی ئه‌م نووسینه ، به جیاوزایه‌ک له‌گه‌ڵ جین ساسۆندا که نووسیویه‌تی ( ئه‌وین له وڵاتێکی له‌تله‌تکراودا، به‌سه‌رهاتی ڕاسه‌قینه‌ی ژنێکی ئازایه له‌به‌رده‌م هێرشی گازی ژاراوی سه‌دام بۆسه‌ر کورده‌کانی عێراق) ، به‌لای منه‌وه ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆمانه‌دا دیارتر ئه‌مێنێته‌وه ، چیرۆکی قه‌ده‌ری پێکه‌وه ژیانی چه‌ندین نه‌وه‌ی مرۆگه‌لێکی ناو عێراقه ، که چه‌نده که‌وتوونه‌ته ناو گێژاوی بێ هوده‌ی په‌یوه‌ندیه‌کی ئاڵۆز‌و دوژمنکاری به‌یه‌ک ، له‌یه‌کدی تێنه‌گه‌یشتن ، چه‌نده قه‌ده‌رله جه‌نگ و یه‌کدی ڕه‌تکردنه‌وه‌دا پێکه‌وه‌ی کۆکردوونه‌ته‌وه ، هێنده‌ش قه‌ده‌ر چیرۆکی ئه‌وینێکی ئه‌سته‌می نێوان ئه‌م نه‌وانه‌ی ئابڵوقه داوه ، که چیرۆکی جوانه ئه‌کاته چیرۆکی ژه‌هراوی بوونی په‌یوه‌ندی نێوان مرۆگه‌لێکی جیاواز‌و دوژمنه‌کانی ناو عێراق ، به‌ڵام به تروسکایی ئومێدی له‌دایک بوونی ئه‌وینێکی ئه‌سته‌م ، که له‌ده‌روه‌ی ئه‌و بازنه بێهوده‌ی پێکدادانه‌دا له‌خۆی دواوه.
گرنگیه‌کی مه‌زنی ئه‌م ڕۆمانه له‌وه‌دایه ، له کاتێکد جین ساسۆن ئه‌یه‌وێت ڕۆمانێکی ده‌کۆمێنتاری بنووسێته‌وه‌و تیایدا تراژیدیای میلله‌تێک له ڕێگه‌ی رووداوه ڕاسته‌قینه‌کان و به‌سه‌رهاتی ئه‌و که‌سانه‌وه بگێڕێته‌وه که تیایدا ژیاون ، به‌تایبه‌تی جوانه عه‌سکه‌ری که جین ساسۆن ئه‌یکاته شایه‌تی قۆناغێکی زه‌مه‌نی و گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمان ئامێزی مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی میلله‌تێک تا له‌بیر نه‌چێته‌وه، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا جوانه‌ی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌که به‌ده‌ر له‌و تراژیدیایه، خۆی وه‌کو که‌سایه‌تیه‌ک به‌سه‌ر ڕه‌وتی گێرانه‌وه‌کاندا ئه‌سه‌پێنێت که ئه‌یه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و تراژیدیایانه‌وه، چیرۆکی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وینی خۆی بگێڕێته‌وه‌و له گه‌رمه‌ی قڕانی میلله‌تێکدا ئه‌و جه‌نگی پاراستن و ڕزگار کردنی ئه‌وینێک بکات. له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه شه‌ڕانگێزیو دوژمنکاریه‌کانه‌وه ، په‌یوه‌ندییه‌کی دی ئینسانی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌کدا بۆ مێژوو جێبهێڵێت و چیرۆکێک به پاکی بهێڵێته‌وه که چه‌نده جێرۆکێکی تاکه‌که‌سیه ، هێنده‌ش له‌دایک بووی ئه‌و په‌یوه‌ندیه مرۆییه به‌یه‌ک دوژمنانه‌یه‌ی ناو عێراقه که ته‌نها جوانه تیایدا باوه‌ڕمان پێ ئه‌هێنێت که ئه‌وین له‌وڵاتێكی له‌تله‌تکراویشدا مومکینه. ئه‌وه‌ش پرسیاره‌که‌یه ،که ئه‌شێت له کاتێکدا لای نووسه‌ریان خوێنه‌رانی ئه‌م ڕۆمانه تا ڕاده‌یه‌ک به ئالۆزی و بێ وه‌ڵام بمێنێته‌وه ، به‌ڵام جوانه عه‌سکه‌ری به ڕزگار کردنی ئه‌و ئه‌وینه، وه‌ڵامی مومکینی ئه‌و هێزه شه‌ڕانگێزانه‌ی داوه‌ته‌وه ، که هه‌موو مانایه‌کی ئه‌وینیان له نێو مرۆگه‌لی ئه‌و وڵاته‌دا له ڕقدا خنکاندووه. ئه‌وینی جوانه که له‌نێو ڕقدا له‌دایک ئه‌بێت ، به‌ڵام دواجار ته‌نها مانایه‌ک به خۆی ئه‌به‌خشێته‌وه که ئه‌وین هیچ سنوور‌و شوناسێکی نییه. سه‌ره‌تای ده‌سپێکردنی چیرۆکی ئه‌وینی جوانه‌و سه‌ربه‌ست ، له گه‌ڵ توند‌و تیژ بوونه‌وه‌و پێکدادانی دوو نه‌ته‌وه‌و دوو که‌لتوری ناو عێراق ده‌ست پێ ئه‌کات ، له‌گه‌ڵ کڵپه سه‌ندنی جه‌نگی نێوان کورد‌و ده‌سه‌ڵات، یان ئه‌وه‌ی له یاده‌وه‌ری ساده‌ی خه‌ڵکدا به جه‌نگی کورد‌و عه‌ره‌ب ناسراوه. سه‌ره‌تای ئه‌م ئه‌وینه سه‌یره ، له کاتێکدا له گه‌شتی جوانه له به‌غداوه به‌ره‌و سلێمانی ده‌ستپێ ئه‌کات ، بۆ گه‌ییشتن به سه‌ربه‌ستی خۆشه‌ویستی ، سه‌ره‌تای پێکه‌وه گرێدانی مێژوویه‌کی ئه‌سته‌م وماره‌یی ئه‌وینێکی لێکنامۆو دابراو ده‌ستپێئه‌کات ، که هه‌ر سه‌ره‌تای ئه‌و خۆشییه‌ی ماره‌یی نێوان دوو که‌سی جیاوازی عێراق له 1987 دا، ئه‌بێته سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی دڵڕه‌قی چیرۆکی نێوان دوو گه‌ل ، سه‌ره‌تای په‌لاماردانی ئه‌و خاکه‌ی که جوانه‌ی نیوه کورد‌و نیوه عه‌ره‌ب خۆشی ئه‌وێت و سه‌ربه‌ستی پێشمه‌رگه‌ی ی ن ک به‌رگری لێئه‌کات. سه‌ره‌تای په‌لاماردانی دڵره‌قانه‌و له‌هه‌موولاوه‌ی کوردستان به جه‌نگی جینۆساید و ئه‌نفال. لێره‌وه له نێوان دوو جه‌سته وڕۆحدا که ئه‌خوازن له نێو ئه‌و مێژووه دا که دواتر ئه‌بێته شایه‌تی تۆمارکردنی تاوانه بێ وێنه‌و سه‌رسوڕ‌هێنه‌ره‌کان، ئه‌وینێکی سه‌یر بخوڵقێنن، که له پاڵ تاوانه‌کاندا ببێته شایه‌تی ڕزگار کردنی تروسکاییه‌ک له په‌یوه‌ندی مرۆڤایه‌تی له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕقدا. ،له‌پاڵ ئه‌و مێژووه‌دا که ئه‌یه‌وێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وینه‌وه جه‌سته‌کان بکاته دوژمنی یه‌کدی و ئه‌نفال دروست بکات وته‌نیا ڕق به‌رهه‌م ئه‌هێنێت ، مێژوویه‌کی تر له‌خۆی ئه‌دوێت که ئه‌خوازێت چ نه‌بێت دووجه‌سته به پاکی له‌و دۆزه‌خه‌دا بهێڵێته‌وه. سه‌ره‌تای ئیمزاکردنی په‌یمانی ماره‌یی نێوان جوانه‌و سه‌ربه‌ست ، ساتی لێکجیابوونه‌وه‌ی دوونه‌ته‌وه‌و به‌رامبه‌ر یه‌کدی بوونه‌وه‌یانه که تیایدا لایه‌کیان مه‌رگی ده‌سته‌جه‌معی ئه‌وی دی ڕائه‌گه‌یه‌نێت . له‌راگه‌یاندنی ئه‌و مه‌رگه ده‌سته‌جه‌معیه‌دایه ئه‌وینی جوانه‌و سه‌ربه‌ست ، تروسکایه‌ک بۆ پاککردنه‌وه‌ی به‌شێکی مێژوو له هه‌موو تاوانه‌کانی ئه‌دۆزێته‌وه. به‌ڵام جێی داخه ، ئه‌وه دواجار ته‌نها چیرۆکی ئه‌وینێکی ته‌نیایه که هێنده‌ی یاده‌وه‌ریه تراژیدیه‌کانی هه‌ڵگری مێژووه ئاڵۆز‌و پڕ له حکایه‌ته کوشنده‌و پڕ له قینه‌کانه ، به‌ڵام یاده‌وه‌ریه شادیه‌کانی هه‌ڵگری ئه‌وینێکی ته‌نیایه که خۆی له‌و مێژووی کینه‌یه جیاکردۆته‌وه وئه‌مه‌ش وای کردووه، له ده‌ره‌وه‌ی ڕۆمانه ده‌کۆمێنتیه‌که‌ی جین ساسۆنه‌وه که نه‌هامه‌تی میلله‌تێک یان په‌یوه‌ندی دڵره‌قانه‌ی نێوان دوو میلله‌ت ئه‌گێڕێته‌وه ، چیرۆکی جوانه‌و سه‌ربه‌ست به ته‌نیاو له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌وه له خۆی بدوێت.
جین ساسۆن که نووسه‌ری به‌شێکی سه‌ره‌کی ئه‌م ڕۆمانه‌یه ، واته زیاتر به‌شه ده‌کۆمێنتیه‌که‌ی ، ئه‌یه‌وێت به تۆمار کردنی تاوانه‌کان له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه راستیه‌کانه‌وه، په‌یوه‌دییه‌کی ئاڵۆزی نێوان مرۆگه‌لێکی نامۆ به‌یه‌ک ، زۆرجار دوژمن به‌یه‌ک وترساو له‌یه‌کدی ، زۆرجار مرۆگه‌لێکی شه‌ڕ کردوو له‌سه‌ر زه‌وی و وڵاتێک بگێڕێته‌وه که بۆته دۆزه‌خی هه‌موویان. له‌ڕێگه‌ی نیشاندانی وێنه‌ی باوکێکی عه‌ره‌به‌وه که نایه‌وێت مناڵه‌که‌ی کولیچه‌یه‌ک له ده‌ستی ژنه کوردێک وه‌ربگرێت ، چیرۆکی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی یه‌کدی ئه‌م مرۆگه‌له‌ی ناو عێراقمان نیشان ئه‌دات که نه‌وه له‌دوای نه‌وه حکایه‌تی دوژمنایه‌تیه‌کانی خۆیان بۆ مناڵه‌کانیان ئه‌گوازنه‌وه‌و له بازنه‌ی وون بوونی شوناسێکی ئالۆزو دۆزه‌خاویدا، ڕق و تۆڵه‌یان بۆ جێ‌دێڵن. دواجار نووسه‌ر ئه‌و پرسیاره به کراوه‌یی جێدێڵیت که ئایا له نێوان ئه‌و شوناسه دژ به‌یه‌کانه‌دا له‌دایک بوون یان ڕزگارکردنی ئه‌وینێک له نیوان دژه‌کاندا مومکینه؟
بۆیه ڕۆمانه‌که ئه‌گه‌ربه ڕێکه‌وتیش بێت جیرۆکی که‌سایه‌تیه‌ک باس ئه‌کات، هه‌ڵگری شوناسی ئاڵۆزی مێژووی عێراق و نه‌ته‌وه‌کانیه‌تی، که له‌و بێ شوناسیه‌یدا ئه‌شێت تیایدا په‌یوه‌ندیه دوژمنایه‌تیه‌کانی نێوانیان بگۆڕێت به خۆشه‌ویستی یان دوژمنکاری . بێ مانا نییه (جوانه عه‌سکه‌ری) که دواتر ئه‌که‌وێته به‌رهه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردن و قڕکرانه‌وه ، باوکی عه‌ره‌به‌و مامی باوکی یه‌کێکه له بنیاتنه‌رانی ده‌وڵه‌تی عێراقی عه‌ره‌بی و دایکی کوردێکی سلێمانی سه‌ربه‌خێزانێکی کوردپه‌روه‌رو خه‌باتکه‌ره‌و باپیره‌ی ئه‌سڵی عوسمانیه‌و له بنه‌ماڵه‌یه‌کی تێکه‌ڵ له عه‌ره‌ب و تورک له‌دایک بووه . ئه‌گه‌ر ڕێکه‌وت که‌سایه‌تیه‌کانی نێو ئه‌م چیرۆکه‌ی کۆکردبێته‌وه ، به‌ڵام مێژووییه‌کی دوورودرێژی پێکه‌وه ژیانی ناڕه‌زایی لێکی جیاکردوونه‌ته‌وه ،بێ ئه‌وه‌ی که‌سیان ئه‌و قه‌ده‌ره‌ی هه‌ڵبژاردبێت . جوانه یه‌کێکه له‌و منداڵانه‌ی به‌رهه‌می هاوسه‌رگیرییه‌کی ناته‌باو نابه‌دڵیه له نیوان کافیه‌ی کورد که دوای قه‌ده‌ری خۆی ئه‌که‌وێت ، دایکی جوانه که شوو به محمد ئه‌لعه‌سکه‌ری که‌ڕئه‌کاتو تا کۆتایی ژیانی جگه له زمانی ئاماژه زمانێکی لێکتێ گه‌ییشتن له نیوان ئه‌وو مناڵه‌کانیدا نییه . جوانه هێنده‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستیه به‌سۆزه‌ی بۆ باوکی هه‌یه‌تی ، به‌ڵام دواتر خۆی له‌شوناسی دایکیدا ئه‌دۆزێته‌وه‌و که‌ڕی باوکیشی ئه‌بێته هۆکارێک که ئه‌وله ده‌ره‌وه‌ی تراژیدیاکاندا بمێنێته‌وه‌و بێ ئاگا بێت له‌و نه‌هامه‌تی و سته‌مانه‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی به‌هۆی ڕژێمی به‌عسی عه‌ره‌به‌وه تووشی ئه‌بن. بۆیه ئه‌م ڕۆمانه به ڕێکه‌وت ڕووداوه ڕاسته‌قینه‌کان پێکه‌وه گرێ ئه‌داته‌وه‌و زۆرجار نووسه‌ر گێڕانه‌وه‌کان له جوانه وه‌ئه‌گرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له نووسینێکی ده‌کۆمێنتیدا وه‌سفی ترسناکی خاکێک بکات که ناوی عێراقه. ئه‌و شوێنه‌ی که ڕه‌مزی سته‌مکاریه، ئه‌و شوێنه‌ی کاره‌سات و ژیانی چه‌ندین نه‌وه ئه‌گێڕێته‌وه ، هه‌ر له دایک و باوکی جوانه‌وه تا خودی خۆیی و ئه‌و نه‌وانه‌ی ته‌نها له جه‌نگا ژیاون، ته‌نها قه‌ده‌ری ئه‌وان جه‌نگ بووه‌و له یاده‌وه‌ریاندا ته‌نها کاره‌سات و جه‌نگ هه‌یه .
ئه‌وه‌ی وام لێ ئه‌کات که بڵێم ئه‌م ڕۆمانه شایانی خوێندنه‌وه‌یه ، ئه‌وه‌یه که که‌م تا زۆر ئێمه هه‌موومان خۆمانی تێدا ئه‌بینینه‌وه، کێ له ئێمه له‌و نه‌وانه به‌شێک له‌و چیرۆکه‌و ئه‌و ساتانه نه‌ژیاوه که (جوانه) تیایدا جه‌نگی له‌گه‌ڵ مه‌رگدا کردووه و به هیوای ڕزگارکردنی ئه‌وینێک ژیاوه؟ هه‌موومان به‌شێوه‌ی جیاواز به‌شێک له یاده‌وه‌ری و چیرۆکه‌کانی جوانه له گه‌ڵ چیرۆکی خۆمان هاوشیوه ئه‌که‌ینه‌وه . سه‌رئه‌نجام خۆمان له‌ته‌ک ئه‌ودا ئه‌بینینه‌وه، چۆن ئه‌مانه‌وێت جه‌سته‌ی خۆمان له ده‌سه‌ڵاتێکی سته‌مکار قوتار بکه‌ین ، چۆن خۆمان به زه‌لیلی له‌به‌رامبه‌رئه‌فسه‌رێکی ئاساییشدا ئه‌بینینه‌وه ، چۆن به بێ ده‌نگی و به ترسه‌وه تراژیدیایه‌کی ئینسانی له زه‌ینماندا ئه‌پارێزین. ئێمه هه‌موومان به‌شێکی شاراوه‌و په‌راوێزی ررووداووکانی ناو ئه‌م ڕۆمانه‌ین ، یان به‌شێکی هێشتا نه‌گێڕراوه‌و ئاشکرا نه‌کراوی نێو ئه‌و چیرۆکه‌ین که له هه‌موومان ئه‌دوێت . له‌مانای عێراقی بوون ئه‌دوێت له نائاماده‌یی ئه‌و شوناسه‌دا که له‌نێو ئاڵۆزی خۆیدا په‌یوه‌ندییه‌کی دڵڕه‌قانه‌و سته‌مکاری له نیوانماندا خوڵقاندووه که وامان لێ ئه‌کات پاش خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکی جوانه فرمێسکێکی بێهوده له چاومان بێته خوارێ بۆ مێژووییه‌کی بێهوده ی ئه‌وانه‌ی قه‌ده‌ری عێراقی بوونیان هه‌ڵگرتووه. ئه‌م کتێبه هه‌ندێک جار وه‌کو ڕۆمان ، هه‌ندێک جار وه‌کو شایه‌تنامه، هه‌ندێک جار وه‌کو به‌ڵگه‌و بیرهێنانه‌وه‌ی مێژوو ، باسی وڵاتێکی له‌تله‌تکراوو ئه‌کات که ئه‌وین تیایدا ئه‌سته‌مه له نێو پێکهاته دژه‌کانیدا له‌دایک بێت. چونکه مێژووی ئه‌وانه‌ی پێکه‌وه ئه‌ژین له‌و وڵاته‌دا خۆی هه‌ڵگری به‌ئه‌سته‌م بوونی پێکه‌وه زینده‌گیانه له ئه‌ویندا.
چیرۆکی جوانه یه‌کێکه له چیرۆکه له‌بیر نه‌کراوه‌کانی مییلله‌تێکی ناو عێراق که هه‌میشه ئاماده‌یه ، وه‌کو چیرۆکی هه‌موو کاره‌ساته‌کانی دی که له‌سه‌ره‌تای ڕوودانیانه‌وه هه‌رگیز له‌بیر ناچنه‌وه‌و له یاده‌وه‌ری هه‌موواندا ئاماده‌ن و له هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌کاندا خۆیان نماییش ئه‌که‌نه‌وه. له نێو ئه‌و مرۆگه‌له‌شدا تا ئێستا بێ ئاگایی له چیرۆکی یه‌کدی و له‌کاره‌ساتی یه‌کدی و له ڕه‌تکردنه‌وه‌ی یه‌کدی ئه‌وینی له په‌یوه‌ندیه‌کانینادا بزر کردووه. وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌موو له گێژاوو ته‌مومژێکدا بن که یه‌کدی نه‌بینن. بۆیه له‌و گێژاوه‌دا، له‌و تێنه‌گییشتنه‌دا جوانه له به‌جێهێشتنی به‌غدایه‌کی جه‌نجاڵه‌وه که ئاگای له‌هیچ نییه، که تاوانه‌کان تیایدا به بێده‌نگی بزر ئه‌بن، ئه‌که‌وێته قیامه‌تی کاره‌ساتی له‌نێودانی میلله‌تێکه‌وه، له قڕکردنی به‌شێک له مرۆڤایه‌تیه‌وه و به‌غداش بێ ئاگایه، دواجار له‌نێو دوکه‌ڵی ئه‌و گازه ژه‌هراویه‌دا له نێو ته‌نیایی به‌رگه‌ڵوی به چیای مه‌نگ ده‌وره‌دراودا، جوانه بێهوده ئه‌پرسێت: ( ئایا هیچ که‌س له‌ده‌ره‌وه هه‌یه بزانێت چی له کوردان ئه‌کرێت ؟) ل 290 . له کاتێکدا به‌غدای جه‌نجاڵ و پڕ عه‌شامات بێ ئاگایه له‌و تاوانه ترسناکانه‌ی له دوای هۆلۆکۆسته‌وه جارێکی تر له به‌شێکی عێراقدا ئه‌نجام ئه‌درێت، تراژیدیای جوانه له ڕۆمانه‌که‌دا ئیدی ئه‌بێته گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی مه‌رگه‌ساتی ده‌سته‌جه‌معی گه‌لێک ، به‌رکیمیاوی که‌وتنی جوانه ئه‌بێته به‌رکیمیاوی که‌وتنی سه‌دان هه‌زار که‌س، مه‌رگی میلله‌تێک به خاک و زینده‌گی و سروشتیه‌وه، به‌و باڵندانه‌ی که‌وه‌کو باران ئه‌بارێن. کاتێک گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه‌کانی جوانه ئه‌خوێنینه‌وه ، له هه‌مان کاتدا ئه‌بینه خوڵقێنه‌رو زیندوو که‌ره‌وه‌ی هه‌زارن چیرۆکی دی و هه‌زارن ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جیاوازی مه‌رگ . له زه‌ینماندا دیمه‌نی له‌خاچدانی میلله‌تێک و قرکردنی ئه‌بینین که دنیا پشتی تێ کردبوو، که به بێ ده‌نگی ئه‌کوژراو گیانی ئه‌دا، بۆیه ئێستا که جوانه به هێمنی ئه‌و جیرۆکانه ئه‌گێڕێته‌وه له هه‌مان کاتدا هاوارو ناڵه‌یه‌کی خه‌فه کراو ئه‌قێنێته‌وه که هاواری هه‌مووانه‌و پێشتر له بیر کرابوو.
جوانه ئه‌لعه‌سکه‌ری توانی ئه‌وینێک له به ژه‌هراوی بوون به گازی کیمیاوی بپارێزێت ، به ڵام نه‌یتوانی تاوانه‌کان له یاده‌وه‌ری ده‌سته‌جه‌معی عێراقیدا بسڕێته‌وه . نه‌یتوانی ماناکانی لێبورده‌یی له نێو بوونه‌وه‌ره عێراقیه‌کندا بگه‌شێنێته‌وه. رووداوه‌کانی دوای ڕزگار بوون له دیکتاتۆریه‌ت ، هێشتا ئه‌و هه‌سته نادڵنیاییه‌ی له نێو ئه‌م مرۆگه‌له‌دا هێشتۆته‌وه که به ترس و بێ باوه‌ڕی به‌یه‌کدی له عێراقی بوونی خۆیان ئه‌ڕوانن.
ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆمانه‌دا وه‌کو ڕاستیه‌ک ئه‌مێنیته‌وه ، ده‌رخستنی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ی نیوان مرۆگه‌له‌کانی عێراقه که بارگاویه به ئاڵۆزی و نادڵنیای به‌رامبه‌ر یه‌کدی و به ترس و لێکسڵه‌مینه‌وه‌و ، به مێژوویه‌ک له هه‌ڵگرتنی دوژمنایه‌تی که پیاوانی سیاسه‌ت له نێو ئه‌وانه‌ی قه‌ده‌ری عێراقی بوونیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه دروستیان کردووه . وه ئه‌م ڕۆمانه وه‌ڵامی ئه‌و په‌یوه‌ندیه نادروسته ڕیاکارییه‌ی نێوان پیاوانی سیاسی عێراق نیشان ئه‌دات که ئه‌یانه‌وێ له پشتی ته‌وافوقی سیاسی خۆیانه‌وه به ووتنه‌وه‌ی گوتاری سیاسی دروشمئامێزی یه‌کڕیزی و یه‌کشوناسی و یه‌کچاره‌نووسی گه‌لانی عێراق، ئه‌و ڕاستیانه بشارنه‌وه که ئه‌وان نه‌وه‌یه‌کیان له عێراقدا دروست کردووه که له‌یه‌کدی تێ ناگه‌ن و پێکه‌وه ژیانیان بۆته ئه‌سته‌م ، که هه‌ریه‌که‌یان به‌جیا چاره‌نووسی خۆی ئه‌ژی و به‌جیا ڕووبه‌رووی کاره‌ساته‌کانی بۆته‌وه‌و به‌جیا به بێ هاوبه‌شی هه‌ستی ئه‌وانی دی له‌به‌رده‌م قه‌ده‌ری خۆیدا فرمێسکی ڕشتووه‌و به‌رگری له مانه‌وه‌ی خۆی کردووه‌و ڕقی تۆڵه‌ی بنیاتناوه .
دواجار ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆمانه‌دا وه‌کو ڕاستیه‌کی دی ئه‌مێنێته‌وه‌و له دوای ئه‌وینێکی ئه‌سته‌م سه‌رکه‌وتوو دێته ده‌رێ ، ئه‌به‌یه‌تی ژیانه له‌به‌رامبه‌ر هێرشی مه‌رگدا، ئه‌و ڕاستیه‌ی که ئه‌شێت مه‌رگ له هه‌موو لاوه په‌لاماری مرۆڤه‌کان بدات، به‌ڵام هیچ جینۆسایدێک ، هیچ قڕانی مرۆگه‌لێک ، کۆتایی به ژیانی ده‌سته‌جه‌معی ناهێنێت. جوانه چیرۆکی قڕکردنی گه‌لێک ئه‌گێڕێته‌وه، چیرۆکی جه‌نگی گه‌لێک له‌گه‌ڵ مه‌رگدا، چیرۆکی ئه‌نفال که بۆئه‌وه‌ی دوا چیرۆکی جینۆسایدی مرۆڤایه‌تی بێت ، ئه‌و تیایدا ئه‌وینێک له ڕق و ژه‌هراوی بوون ڕزگار ئه‌کات، ئه‌و له گه‌شتی ئه‌ومه‌رگه‌دا ئازادی به‌ده‌ستدێنێت. ئه‌گه‌ر تاکه هه‌ستێک که له کۆتایی ئه‌و گه‌شته‌دا به ناودۆزه‌خدا مانایه‌ک بۆ مانه‌وه‌ی جوانه بهێڵێته‌وه‌و کۆتاییه‌کی جوان به‌ڕۆمانه‌که ببه‌خشێت ، ئه‌و ڕسته چه‌ندین ساڵه خه‌فه کراوه‌ی ناخی جوانه‌یه که ئه‌ڵێت: جوانه ئازاده.
بۆ ئه‌وه‌ی مێژوومان له‌بیر نه‌چێته‌وه ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو یاده‌وه‌ریه له بیرکراوه‌کانی دی به‌ده‌نگ بێنینه‌وه، با چیرۆکی جوانه بخوێنینه‌وه. خه‌ونی جوانه هاتۆته دی ، ئێمه‌ش ئازادین ، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆکه بۆ هه‌موومان گرنگه، ئه‌وانه‌ی له‌کاره‌ساته‌کاندا ژیان ، ئه‌وانه‌ی ته‌نها ئازادیان بینی، ئه‌وانه‌ی نرخی ئازادییان دا و ، ئه‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ئه‌که‌ن ، بۆ هه‌موومان گرنگه له نرخی ئه‌م ئازادییه تێ بگه‌ین ، که له جه‌نگی ده‌سه‌ڵات و پاره گرنگتره.
دواجار سڵاو‌و ده‌ستخۆشی بۆ د. ئازاد حه‌مه شه‌ریف که چیرۆکێکی جوانه‌ی وه‌رگێرایه سه‌ر زمانی میلله‌ته‌کی خۆی ، که بێ گومان خۆی یه‌کێکه له که‌سایه‌تیه‌کانی ناوی. بێگومان ئه‌وه‌ی له‌هه‌موو دنیاش زیاتر له‌م ڕۆمانه تێبگات بوونه‌وه‌ری کورد خۆیه‌تی.
ــ ئه‌وین له وڵاتێکی له‌تله‌تکراودا ، ڕۆمان، نوسینی جین ساسۆن ، وه‌رگێرانی له ئینگلیزیه‌وه د. ئازاد حه‌مه‌شه‌ریف .له بڵاوکراوه‌کانی ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌درخان ، 2011