
وجادلهم بالتي هي أحسن
فه‌رمان خه‌رابه‌یی نامیلکه‌یه‌کی به ناونیشانی (ڕاستییه‌کی وونبوو)ه‌وه بڵاو کردووه‌ته‌وه،(1) له خۆی وایه (توێژینه‌وه‌یه‌کی ئه‌کادیمییه،) تێیدا گومانی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و که‌س و سه‌نته‌رانه‌ی، داکۆکی له مافی ئافره‌ت ده‌که‌ن و باسیشی له بزووتنه‌وه‌ی فێمێنزم کردووه، ئه‌ز لێره‌دا هه‌ندێک سه‌رنج و بۆچوونی خۆم له باره‌ی ناوه‌ڕۆکی لێکۆڵینه‌وه، خۆی گوته‌نی زانستییه‌که‌یه‌وه، ده‌خه‌مه ڕوو.
به‌وه ده‌چمه ناو باسه‌که‌مه‌وه که (وونبوو) هه‌ڵه‌یه، ئاخر هیچ وشه‌یه‌ک له زمانی کوردی‌دا به دوو واو ده‌ست پێ ناکات، ونبوو، ڕاسته و (فێمێنزم)یش، چه‌وته، فێمینیزم دروسته. فه‌رمان خه‌رابه‌یی وه‌ک خۆی نووسیویه‌تی، پێشنوێژ و (ووتار)خوێنه له مزگه‌وتی ماجیداوای هه‌ولێر، کێشه‌ی من لێره‌دا ته‌نیا ئه‌وه‌یه که وتار به یه‌ک واو ده‌نووسرێت، نه‌ک به دووان، که وتار هه‌ڵه‌یه، گوتار ڕاسته.
هه‌ر له دێڕی یه‌که‌می نامیلکه‌که‌ی (خه‌رابه‌یی)یه‌وه، خراپیی زمانیمان بۆ ئاشکرا ده‌بێت، ئه‌وه‌تا ئاوه‌ها ده‌ست پێ ده‌کات: (له‌م نامیلکه‌یه‌دا په‌رده هه‌ڵده‌ماڵم له‌سه‌ر ڕاستیه‌ک که له ناو خه‌ڵکی وون بووه و شاراوه‌یه. ل3) سه‌رنج بده‌ن بزانن هه‌ر له‌م دێڕه‌دا چه‌ند هه‌ڵه هه‌یه:
1) ده‌بوو بنووسێت: په‌رده له‌سه‌ر ڕاستییه‌ک هه‌ڵده‌ماڵم.
2) ڕاستیه‌ک، هه‌ڵه‌یه، ڕاستییه‌ک دروسته.
3) له ناو، یه‌ک وشه‌یه، پێکه‌وه ده‌نووسرێت، وه‌ک له‌سه‌ر، له‌ناو به عه‌ره‌بی ده‌بێت به في و به ئینگلیزیش به (ئین،) واتا له‌و دوو زمانه‌یشدا یه‌ک وشه‌ی ساده‌یه.
4) خه‌ڵکی، هه‌ڵه‌یه، خه‌ڵکیدا دروسته. ئه‌گه‌ر له‌بری (له‌ناو،) (له‌لای) نووسیبا، (خه‌ڵکی) پێویستی به (دا) نه‌ده‌بوو.
5) له (وون بووه،)دا سێ هه‌ڵه هه‌یه:
ئهلف: ون بووه، بێ: ونبووه. پێ: ته‌نیا (ون) بۆ ئه‌و جێیه ڕاسته.
6) دێڕه‌که‌ی به دروستی بۆ ده‌نووسم: (له‌م نامیلکه‌یه‌دا، په‌رده له‌سه‌ر ڕاستییه‌ک هه‌ڵده‌ماڵم که له‌ناو خه‌ڵکیدا ون و شاراوه‌یه.)
ئیدی چونکه خوێنه‌ر گومانی له وێرانیی زمانه‌که‌ی خه‌رابه‌یی نه‌ما، پێی ده‌ڵێم: مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، پێشنوێژی بکات، گوتار بدات، نامیلکه بنووسێت، وه‌لێ مافی ئه‌وه‌ی نییه زمانی کوردی بشێوێنێت، بۆیه وا چاکه، لای که‌م شه‌ش مانگێک بۆ فێربوونی زمانی کوردی ته‌رخان بکات، ئه‌وسا سه‌رله‌نوێ بکه‌وێته‌وه نووسین، ئاخر ئه‌گه‌ر په‌یامێکی پاک و جوانیشمان پێ بێت، ناتوانین به زمانێکی پهڕپووتدا بینێرین. خه‌رابه‌یی چونکه له ئه‌رکی نووسه‌ر به‌د حاڵیی بووه، تا هه‌نووکه چه‌ندان نامیلکه‌ی لاوازی عهوامفریودهری نووسیوه، ئه‌گه‌ر زانیبای ئیشی نووسه‌ر به پله‌ی یه‌که‌م خوێندنه‌وه‌یه و نووسین ئه‌لبێرتۆ مانگوێل گوته‌نی: (هیچ نییه جگه له دووباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی دوای پرۆسه‌ی درێژخایه‌نی خوێندنه‌وه له زه‌ینماندا جێ ده‌مێنێت،) ده‌ستی به نووسینه‌وه ده‌گرت.
5/ 1/ 2011 له هه‌ولێر به‌شێک له ژنانی چالاک، له دژی نامیلکه‌که‌ی خه‌رابه‌یی، چونکه تێیدا سووکایه‌تییان پێ کرابوو، خۆپیشاندانێکیان به‌ره‌و په‌رله‌مانی کوردستان ساز کرد. سایتی ستانده‌ر که پێگه‌یه‌که نزیک له ئیسلامییه‌کانه‌وه، که پێ ده‌چێت بۆ داڕشتنی هه‌واڵ، هانا بۆ هه‌ڵبه‌ستنی فیشاڵ ببات، له ڕۆژی 6/ 1/ 2011 دا وه‌های نووسیبوو: (چه‌ند ئافره‌ت و پیاوێک به ناوی به‌رگریکردن له مافی ئافره‌تان و زاراوه‌ی جێنده‌ره‌وه، له دژی ئایین و زانایانی ئیسلامی خۆپیشاندانێکیان ساز کرد،) ئاخر له‌و خۆپیشاندانه‌دا، نه که‌س دژی ئایین قسه‌ی کردبوو، نه که‌س ناوی زانایانی ئیسلامیی هێنابوو.
به قه‌ولی مه‌لا فه‌رمان خه‌رابه‌یی سێ جۆر فێمینیزم هه‌یه: (لیبرال، ڕادیکال و جه‌نده‌ری. ل7) لێره‌یشدا دوو هه‌ڵه‌ی کردووه، یه‌که‌م فێمینیزم سێ جۆر نییه، زۆر زیاتره، دووه‌م: فێمینیزمێک نییه ناوی فێمینیزمی جه‌نده‌ری بێت. فێمینیزم وێڕای لیبرال و ڕادیکاڵ، جۆری دیکه‌یشی هه‌یه له‌وانه: سۆشیال فێمینیزم، که (کلارا زێتکین)ی (1857 _ 1933) ئه‌ڵمانیایی، ناسراوترین که‌سی ئه‌و شه‌پۆله‌یه و به ده‌ستپێشخه‌ریی ئه‌و، هه‌شتی مارس کرا به ڕۆژی ژنان. ئه‌لێکساندرا کۆڵۆنتای (1872 _ 1952) که دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری 1917 یه‌که‌مین ژن بوو، پۆستی وه‌زیریی له ڕووسیا وه‌رگرت، فێمینیستێکی کۆمۆنیست بوو. بلاک فێمینیزم هه‌یه، بزووتنه‌وه‌یه‌که داکۆکی له ژنانی ڕه‌شپێست ده‌کات، ئه‌وانه‌ی مووچه‌یان بۆ هه‌مان ئیش له مووچه‌ی ژنانی سپی‌پێست که‌متره و ئه‌وانه‌یشی ژنانی سپیپێستی دارا، بۆ ڕاپه‌راندنی ئیشی ناو ماڵ به کرێیان ده‌گرن و سته‌میان لێ ده‌که‌ن.
ڕه‌نگه ئه‌نارشیست فێمینیزم، له‌بارترین نیشانه بێت بۆ تیری نووسه‌ری وه‌ک مه‌لا فه‌رمان، ئاخر ئه‌و ڕه‌وته بڕوایان به هاوسه‌رگیری نییه، چونکه وای بۆ ده‌چن، له پرۆسه‌ی ژنومێردایه‌تیدا، ژن ده‌بێته موڵکی پیاو. 1991 ڕه‌وتێکی دی په‌یدابوو، ناوی ئهنالیتیکاڵ فێمینیزم بوو، ئان کود یه‌که‌مین سکرتێری بوو. وێڕای ئه‌وانه، حیزبی فێمینیست، پۆست‌مۆدێرن فێمینیزم، پۆستکۆلۆنیال فێمینیزم، کۆنتییهنتاڵ فێمینیزم و پراگماتیسک فێمینیزمیش هه‌نه. دوو جۆر فێمینیزمی تریش هه‌یه، فێمینزمی لێکجودا و فێمینزمی لێکچوو، لێکجودایییهکان پێیان وایه، ئه‌وه کاری سروشته ژن و پیاوی جیاواز ئه‌فراندووه و ئه‌وه هه‌ر سروشتیشه له کۆمه‌ڵدا ڕۆڵی جیاوازی پێ سپاردوون، لێکچوویییهکان وای بۆ ده‌چن، زه‌قکردنه‌وه‌ی جیاوازیی بایهلۆژیایی نێوان ژن و پیاو، پاساوێکه بۆ به‌ئاساییکردنی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن.(2)
خاڵی هاوبه‌شی نێوان فێمینیسته‌کان سه‌ر به هه‌ر ڕه‌وتێکی فێمینیزم بن، ئه‌وه‌یه، ئینسان به چاوپۆشین له‌وه‌ی نێره یان مێ، هه‌مان به‌ها و هه‌مان مافی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئاسانکاری بۆ نووسه‌ری نامیلکه‌که بکه‌ین، ده‌ڵێین: به کوردی ده‌بێته: شێر له لانه هاته ده‌ر، چ نێر بێ، چ مێ! ڕه‌نگه ئامانجی بزووتنه‌وه‌ی فێمینیزم له کوردستاندا، له‌وه‌دا چڕ ببێته‌وه که ژن پاسیڤ نه‌بێت، ئه‌ویش وه‌ک پیاو ئه‌کتیڤ بێت، که ژن به‌رکار نه‌بێت، ئه‌ویش وه‌ک پیاو بکه‌ر بێت، ئه‌مه‌یش مافێکه ئه‌وی نکووڵی بکات، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، خوا بیگرێت. که‌واته وه‌ک فه‌رمان خه‌رابه‌یی، بۆی چووبوو، فێمینیزم سێ ڕێباز نییه، لای که‌م، یان به گوێره‌ی زانیارییه‌کانی من، (چوارده)یه.
نامیلکه‌نووس ده‌ڵێت: (فێمینیزمی جه‌نده‌ری له ساڵی (1999)ه‌وه ده‌ستی پێ کرد، میشیل فۆکۆ و ژاک درێدا، ده‌وری باڵایان بینیوه له سه‌ر هه‌ڵدانی ئه‌م شه‌پۆله‌دا. ل12)(3) به داخه‌وه مه‌لا فه‌رمان هه‌رچه‌نده سوودی له ژێدهرگهلێکی زۆر بینیوه، وه‌لێ لێره‌دا خوا وه‌کیلی بێ سه‌رچاوه قسه‌ی فڕێ داوه، ئاخر فۆکۆ که له 15 ی ئۆکتۆبه‌ری 1926 دا هاتووه‌ته دنیاوه و له 25 ی حوزه‌یرانی 1984 دا کۆچی دوایی کردووه، ئیدی چۆن ڕۆڵی باڵای له سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌یه‌کدا وازی کردووه که شه‌ش ساڵ دوای مه‌رگی سه‌ری هه‌ڵدابێت؟ فۆکۆ هه‌م فه‌یله‌سووف بووه، هه‌م کۆمه‌ڵناس، هه‌م شاره‌زا له سایکۆلۆژیادا و سه‌رقاڵی نووسین بووه له باره‌ی مێژووی سێکسچواڵییهتی، شێتی، ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه‌وه و وه‌ک فێمینیست نه‌ناسراوه.
(ژاک دریدا)یش(1930 _ 2004) فه‌یله‌سووفێکی پۆست ستروکتورالیست بووه، ناوی له‌گه‌ڵ (هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازی)دا دێت و له بواره‌کانی (جیاوازی، دیارده و میتافیزیک)دا جێده‌ستی دیاره و خه‌ریکی دیالۆگ بوو له‌گه‌ڵ (پلاتۆن)دا، ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ی لای خۆمان به ئیفلاتوون ناسراوه. ڕه‌نگه قینی مه‌لا فه‌رمان لێی زاده‌ی ئه‌وه بێت، دریدا جووله‌که بووه. جۆن ستیوارت میڵ، کارڵ مارکس، لویس ئاڵتوسێر، ئا‌نتۆنیۆ گرامشی و ژاک لاکان، هه‌ندێک له‌و فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندانه‌ن که فێمینیسته‌کان، سه‌روه‌ختی خه‌بات له پێناوی یه‌کسانیدا، سوودیان له تێزه‌کانیان دیتوه.
جێنده‌ر، بزووتنه‌وه نییه، تێرمێکه مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه، ڕه‌گه‌ز زاده‌ی کولتووره و کۆمه‌ڵ ئه‌و ڕۆڵه دیاری ده‌کات که ئه‌م یان ئه‌و ڕه‌گه‌ز ده‌یبینێت. جێنده‌ر چه‌مکێکه باس له‌وه ده‌کات که ئه‌وه هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تییه، بڕیار له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له نێوان نێر و مێدا ده‌دات. جێنده‌ر ئه‌وه‌یش ده‌گرێته‌وه که ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی مێ له سۆنگه‌ی مێبوونییهوه ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، زوڵمێکه وه‌ک چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی و ڕاسیزم، هه‌رچه‌نده ئه‌و سته‌مه‌ی له مێ ده‌کرێت، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه نییه، وه‌ک مێ له دایک بووه و له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، کۆمه‌ڵ ده‌یکات به مێیه‌کی ژێرده‌سته.(4)
گه‌رچی فه‌رمان خه‌رابه‌یی له مانای جێنده‌ر حاڵیی نه‌بووه، نازانێت فێمینیزمێک نییه، ناوی جێنده‌ری بێت، ده‌رکی پێ نه‌کردووه که جێنده‌ر (گوته)یه‌که به مانای ڕۆڵی ڕه‌گه‌ز دێت، نه‌ک فیکر، که‌چی بێباکانه ده‌نووسێت: (ئه‌و سه‌نته‌ر و ڕێکخراوانه‌ی له کوردستاندا هه‌ن، فیکری فێمینیزمی جه‌نده‌رییان هه‌یه. ل14) نامیلکه‌نووس ده‌ڵێت: (مه‌به‌ست له جێنده‌ر ئه‌وه‌یه، مرۆڤ مه‌رج نییه هه‌تا سه‌ر مێ یان نێر بێت، به‌ڵکوو ده‌توانێت، ڕه‌گه‌زی خۆی بگۆڕێت. ل15) لێره‌دا به شێوازی مه‌لا ده‌دوێم و ده‌ڵێم: حاڵ له دوو فه‌قه‌ره به‌ده‌ر نییه، ئه‌و بۆچوونه ئه‌گه‌ر زاده‌ی جه‌هل نه‌بێت، ئه‌وا لادانه له ڕاستی به هۆشیارییه‌وه، ئاخر گۆڕینی ڕه‌گه‌ز نه پێوه‌ندی به چه‌مکی جێنده‌ره‌وه هه‌یه، نه به هیچ ته‌وژمێکی فێمینیزمه‌وه.(5)
هه‌ر له ده هه‌زار که‌سدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، یه‌کێکیان ترانسسێکسچواڵ(*) بێت، ترانسسێکسچواڵ که‌سێکه له له‌شێکی هه‌ڵه‌دا، پیاوێکه حه‌ز ده‌کات ژن بووایه، یان ژنێکه ده‌خوازێت پیاو بووایه، ترانسسێکسچواڵ دوو جۆری هه‌یه، یه‌که‌میان زاده‌ی زۆریی یان که‌میی هۆرمۆنه، کاتێک ئینسان کۆرپه‌له‌یه له پزدانی دایکیدا، دووه‌میان دوای له‌دایکبوون سه‌ر هه‌ڵده‌دات. ئه‌مه‌ی دووه‌میان بۆ گۆڕینی ڕه‌گه‌زی خۆی، پێویستی به نه‌شته‌رگه‌ری نابێت. له سوێد له (1972) ه‌وه، ڕه‌گه‌زگۆڕین شتێکی یاسایییه، له‌وێ ساڵی پار شه‌ست که‌س داوایان کردووه ڕه‌گه‌زی خۆیان بگۆڕن. ئه‌وانه‌ی ترانسسێکسچواڵن، زوو زوو تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌بن، زوو زوو هه‌وڵی خۆکۆشتن ده‌ده‌ن، ته‌مه‌نیشیان له هی که‌سانی دیکه کورتتره و ئه‌گه‌ر ڕه‌گه‌زی خۆیشیان بگۆڕن، نه هێور ده‌بنه‌وه، نه هه‌ست به ئاسووده‌یی ده‌که‌ن، مه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌کی کورت، دڵیان به‌و کاره‌یان خۆش بێت.(6) ئه‌وه له ده‌ستی ئینسان خۆیدا نییه وه‌ک ترانسسێکسچواڵ له دایک ببێت، یان دواتر وای لێ بێت، بۆیه پێویسته هه‌ستیان بریندار نه‌کرێت و داخوازییان جێبه‌جێ بکرێت، که‌چی فه‌رمان خه‌رابه‌یی نه‌ک هه‌ر هیچ کۆمه‌کێکیان ناکات، به‌ڵکوو به هه‌ڵه لێکدانه‌وه، بۆ ڕه‌وشی ئه‌و که‌سانه ده‌کات که گرفتاری ده‌ستی ئه‌و ده‌رده کوشنده‌یه‌ن.
یه‌کێکی دیکه له خه‌وشه زۆره‌کانی نامیلکه‌که ئه‌وه‌یه، فه‌رمان خه‌رابه‌یی هاتووه، خراپ سوودی له قسه‌ی سه‌رپێی و نووسینی کرچوکاڵی هه‌ندێک له کۆلکهنووسهری ژن وه‌رگرتووه و له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی فێمینیزمی کردوون به ماڵ. له ڕوانگه‌ی ژنانی یهکسانیخوازهوه، چاره‌سه‌ری فره‌ژنی به‌وه ناکرێت، ژنیش مافی فرهپیاویی هه‌بێت، به‌وه ده‌کرێت، فره‌ژنی قه‌ده‌غه بکرێت، خه‌رابه‌یی ئه‌مه ده‌زانێت، وه‌لێ چونکه بۆ ژنانی چالاک له بۆسه‌دا بووه، لێکدانه‌وه‌ی تاقه‌ژنێکی به‌سه‌ر هه‌موو فێمینیسته‌کاندا گشتاندووه، یان که سه‌نته‌رێکی ژنان خراپه‌ی لێ ده‌رکه‌وتووه، هه‌موو سه‌نته‌ر و ڕێکخراوه‌کانی ژنانی پێ تۆمه‌تبار کردووه. ژنه‌کوردێکی سوێدنشین هه‌یه، زوو زوو نووسینی ئه‌م و ئه‌و زه‌وت ده‌کات و به ناوی خۆیه‌وه بڵاوی ده‌کاته‌وه، خه‌رابه‌یی بۆ دژایه‌تیکردنی خه‌باتی ئافره‌تان، ته‌نانه‌ت قسه‌ی ئه‌و ژنه‌یش به نموونه ده‌هێنێته‌وه که توانای نووسینی ڕسته‌یه‌کی دروستی نییه.
هه‌ندێک له‌و ژنانه‌ی مه‌لا فه‌رمان قسه یان نووسینی به نموونه هێناونه‌ته‌وه، بڕوایان به‌و چاره‌سه‌ره دێرینه نییه که ئایینی ئیسلام پێشنیاری ده‌کات و به دوای چاره‌سه‌ری نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێن. نامیلکه‌نووس ئه‌وه‌ی به لاوه سه‌یره و ده‌خوازێت هه‌مووان وه‌ک خۆی بفکرن، ئه‌مه‌یش زاده‌ی بڕوا نه‌بوونه به جیاوازی و ئازادیی بیرکردنه‌وه که هه‌میشه سته‌مکارییان لێ ده‌که‌وێته‌وه. خه‌ون به سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و جۆره مه‌لایه‌وه ده‌بینم، گوتوبێژ بۆ ئه‌وه بکات، شتێکی نوێ فێر ببێت، ئاخر مه‌لای لای ئێمه، بۆ ئه‌وه گوتوبێژ ده‌کات، شته کۆنه‌کانی خۆی به‌سه‌ر ئه‌م و ئه‌ودا بسه‌پێنێت.
ڕه‌نگه پیاوانی ئایین به زه‌بری کۆمه‌ڵێک هۆکار بتوانن بۆچوونه‌کانی خۆیان بسه‌پێنن، به‌ڵام موسڵمانی ڕاسته‌قینه که‌سێکه به خۆشیی خۆی بڕوا به چاره‌سه‌رییه‌کانی ئیسلام بهێنێت. ئه‌گه‌ر کرۆکی ئایین خۆشه‌ویستییه، ئه‌وا کرۆکی خۆشه‌ویستییش ئازادییه، بۆیه هه‌قه ئه‌وانه‌ی بڕوایان به ئه‌وین و ئازادی هه‌یه، به بیروڕای جیاواز سه‌غڵه‌ت نه‌بن و له‌بری توندوتیژی، له ڕێی خۆشه‌ویستییه‌وه بانگه‌شه بۆ ئایین بکه‌ن، تا هه‌موو تاکێک ئازاد بێت له‌وه‌ی به‌ده‌م بانگه‌که‌یانه‌وه ده‌چێت یان نا. ئه‌گه‌ر ڕاسته ئیمان و ئازادی دوو دیوی یه‌ک دراون، ئه‌وا پیاوانی ئایین، مافی ئه‌وه‌یان نییه، له هه‌وڵی به کۆیله‌کردنی ئه‌م و ئه‌ودا بن.
مه‌حه‌ممه‌د عابد ئه‌لجابری ده‌ڵێت: (که خۆری عه‌قڵانیبوون له یۆنان ئاوابوو، عه‌قڵ لای ئیسلامیش ده‌ستی له کار کێشایه‌وه.) جۆرج ته‌رابیشی پێی وایه ده‌ست له کار کێشانه‌وه‌ی عه‌قڵ لای ئیسلام، زاده‌ی هۆکاری ناوه‌کییه نه‌ک ده‌ره‌کی.(7) ئایا هانابردن بۆ تۆقاندن زاده‌ی بزربوونی عه‌قڵ نییه؟ ئایا بێ هه‌بوونی ئازادی، ئه‌گه‌ری پێشکه‌وتن له هیچ بوارێک‌دا له ئارادا هه‌یه؟ ئایا که له ده‌قی قورئاندا (أفلا تعقلون؟) هه‌بێت، هه‌نووکه بۆچی ڕێگه له به‌گه‌ڕخستنی عه‌قڵ بگیرێت؟ فه‌رمان خه‌رابه‌یی ئه‌گه‌ر عه‌قڵی وه‌گه‌ڕ خستبا نه‌یده‌نووسی: (ئه‌وانه‌ی داکۆکی له مافی ئافره‌ت ده‌که‌ن، زۆربه‌یان قه‌یره‌ن و ئومێدی شووکردنیان نه‌ماوه. ل39) ئایا ڕۆزا لوکسه‌مبورگ (1871 _ 1919) که سه‌رکردایه‌تیی شۆڕشێکی کرد و گیانی خۆی له پێناوی ئازادی و یه‌کسانیدا به‌خشی، به دوای شوودا وێل بوو؟ چڕکردنه‌وه‌ی خه‌باتی ژنان له مه‌سه‌له‌ی شوودا، لێکدانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌یه، ژنیان ته‌نیا بۆ ناو جێ ده‌وێت و هه‌ر ئه‌ده‌بێکیش ژن بینووسێت، به (ئه‌ده‌بی ناوجێ)ی ناوزه‌د ده‌که‌ن، ئه‌وانه نه‌ک هه‌ر وه‌ک هۆش و هه‌ست، ته‌نانه‌ت وه‌ک نه‌ستیش سه‌نگه‌ری دژ به ژنانیان هه‌ڵبژاردووه و بڕیاری پێشوه‌ختیان داوه، چی‌یان بۆ سه‌رکوتکردنی ژنان له ده‌ست بێت، درێغی نه‌که‌ن.
مایه‌ی داخه ئه‌م مامۆستا سینگ له قورئان ته‌ژی و پێشنوێژ و گوتارخوێنه‌ی مزگه‌وتی ماجیداوای هه‌ولێر، بێ په‌رده و ڕاسته‌وخۆ سووکایه‌تی به ژن ده‌کات، ئه‌وه‌تا ده‌نووسێت: (ڕ. ع(**) ده‌زانێت له‌عابه‌ی ئۆتۆماتیکیی سێکسیی چۆن به کار دێ و چێژی چۆنه. په‌راوێزی ژماره 18 لاپه‌ڕه 40) (ڕاست)ی زۆرێک له زانیارییه‌کانیشی له که‌مه‌ی گۆچان ده‌چن، وه‌ک: ساڵی پار (ڕێژه‌ی ته‌ڵاق له عێراقدا له سه‌ددا هه‌شتاوپێنج بووه. ل34) هه‌روه‌ها ده‌نووسێت: (ڕێژه‌یی قه‌یره‌یی له عێراقدا له سه‌ددا هه‌شتاوپێنجه. ل38) ئایا ئه‌وه جێی بڕوایه ڕێژه‌ی قه‌یره‌یی و هی ته‌ڵاقیش هه‌ر له سه‌ددا هه‌شتاوپێنج بن؟
11. 01. 2011
هه‌ولێر
(1) ڕاستییه‌کی وونبوو، ئاماده‌کردنی: فه‌رمان خه‌رابه‌یی، ناوی چاپخانه‌ی پێوه نییه 2010 هه‌ولێر.
(2) Feminism, från Wikipedia.
(3) لێره‌وه ئیدی که ڕسته‌یه‌کی به نموونه ده‌هێنمه‌وه، زمانه چه‌وته‌که‌ی بۆ ڕاست ده‌که‌مه‌وه.
(4) Genusvetenskap, Från Wikipedia.
(5) شولامیت فایهرستوون له (دیالێکتیکی سێکس 1970)دا ده‌ڵیت: (ژن بۆیه ژێرچه‌پۆکه‌ی پیاوه، چونکه توانای منداڵبوونی هه‌یه، ڕه‌نگه ڕێگه‌چاره بۆ ده‌ربازبوون له‌و ژێرچهپۆکییه ئه‌وه بێت، ئه‌و توانایه له ده‌ست بدات،) بڕوام وایه فه‌رمان خه‌رابه‌یی، قسه‌ی ئه‌م ژنه‌ی ژنهفتبا، به‌د سوودی لێ ده‌بینی.
(6) Anna Bratt, Född i fel kropp, DN, 09.01. 2011 Stockholm.
(7) إشکالیة العقل العربي النقدي، إبراهیم الحیدري 3 أکتوبر 2010 إیلاف.
(*) transsexual.
(**) ئه‌وه بنووسی ئه‌م باسه، دوو حه‌رفی داناوه، ئه‌گه‌ر نا مه‌لا فه‌رمان ناوی ته‌واوی ئه‌و خاتوونه‌ی نووسیوه.