
قوتابخانه‌كان به‌سه‌رمنداڵانی هه‌ژارو گه‌ڕه‌كه شه‌عبییه‌كاندا جێمه‌هێڵن
له‌هه‌موو دنیادا قوتابخانه‌ی ئه‌هلی له‌بره‌وسه‌ندندان، له‌وێدا له‌رووی كوالێتی و زانسته‌وه به‌رده‌وام له‌هه‌ڵكشاندان و به‌پله‌یه‌ك ئامانج به‌ره‌وپێشبردنی دۆخی خوێندنه، له‌كوردستانیشدا رۆژدوای رۆژ قوتابخانه‌و باخچه‌ی ساوایانی ئه‌هلی ده‌كرێنه‌وه، به‌ڵام لێره‌دا كوالێتی و زانست به‌رده‌وام له‌داكشاندایه‌و ئامانجیش ئه‌وه‌نده‌ی بازرگانیكردن وپاره په‌یداكردنه به‌خوێندن ئه‌وه‌نده گرنگیدان نییه به‌خه‌مخواردن له باری خوارو ناهه‌مواری په‌روه‌رده، له وڵاتانی ئه‌وروپاو له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا حكومه‌ت نایه‌ت له‌سه‌رحسابی قوتابخانه حكومییه‌كان قوتابخانه‌ی ئه‌هلی بكاته‌وه، نایه‌ت قوتابخانه ده‌وڵه‌تییه‌كان فه‌رامۆش بكات و به‌سه‌ر منداڵانی هه‌ژارو بێ جلوبه‌رگدا جێیبێڵێت، له‌وێدا هاوشان سیاسه‌تی په‌ره‌دان به هه‌ردوو كه‌رتی حكومی و ئه‌هلی ده‌گیرێته‌به‌ر،له‌راستیشدا له‌زۆربه‌ی وڵاتانی سه‌رمایه‌داریدا ته‌واوی كه‌رتی په‌روه‌رده‌یی له وڵات‌دا بۆته پاره، پاره بده‌و بخوێنه، به‌ڵام خۆ ئێمه وڵاتێكی سه‌رمایه‌داری نین تاكو خوێندن ببێته پاره؟! راسته كه‌رتی په‌روه‌رده‌ییمان سه‌ربه‌ده‌وڵه‌ته‌و ده‌وڵه‌ت خۆی خه‌رجی ده‌كێشێ و ساڵانه‌ش دیاره بودجه‌یه‌كی زۆری بۆ دابین ده‌كرێت، به‌ڵام حكومه‌ت چۆن گرنگی به‌بواری په‌روه‌رده ده‌دات؟ چ سیاسه‌ت و سیسته‌مێكی بۆبه‌ره‌وپێشبردنی واقیعی قوتابخانه‌كانی كوردستان و بارودۆخی خوێندن به‌گشتی هه‌یه؟ چۆن ره‌نگڕێژی سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی و له‌سه‌ر چ بنه‌ماو فه‌لسه‌فه‌و میتۆدێك ئاراسته‌ی ده‌كات؟ ئه‌وه‌ی تا ئێستا ته‌نانه‌ت دوای گرتنه‌به‌ری سیسته‌می نوێش هاتووه كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌دروستكردنی په‌روه‌رده‌یه‌كی هاوچه‌رخدا وه‌ك پێویست جێنه‌هێشتووه، ئه‌وه‌تا زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ قوتابخانه‌ی ئه‌هلی و پڕكردنیان به منداڵانی ده‌وڵه‌مه‌ندو له‌گه‌ڵیدا جێ‌مان له دروستكردنی ژینگه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی ته‌ندروست بۆ قوتابخانه حكومییه‌كان پێمان ده‌ڵێت سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی حكومه‌ت به‌م بیركردنه‌وه‌یه له بیناكردنی سیسته‌مێكی مۆدێرندا كورتده‌هێنێ، تاك و خێزانی ده‌وڵه‌مه‌ند خۆی ئازاده‌و مافییه‌تی به‌پاره‌ی خۆی منداڵه‌كه‌ی بنێرێته باشترین شوێن، به‌ڵام ئه‌و منداڵه نه‌دارو خێزانه بێ ده‌رامه‌ته‌ش مافییانه كوڕ‌و كچه‌كانیان ئه‌گه‌ر له‌باشترین قوتابخانه‌ش نه‌بێت له قوتابخانه‌یه‌كی به‌مانای وشه قوتابخانه‌دا بخوێنن، ئه‌ی ئه‌ركی حكومه‌ت نییه حاڵی سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كان چاك بكات و هاوشانی ئه‌م قوتابخانه ئه‌هلییانه‌ی بكات؟ ژوورێك په‌نجا تا شه‌ست قوتابی تێدا بێت، كه‌موكوڕی له نه‌بوونی كتێب و مامۆستا، بچووكی ژووره‌كان، به‌زستان ساردی و هاوین گه‌رمی، نه‌بوونی كه‌ش وژینگه‌یه‌كی ئارام، نه‌بوونی مه‌رجی ته‌ندروستی ئه‌مانه‌و زۆرێكی دیكه، خوێندن به‌م جۆره ده‌چێته خانه‌ی بره‌ودانی حكومه‌ت به بواری په‌روه‌رده‌ی حكومی؟ خوێندن له‌م چه‌شنه قوتابخانانه‌دا ته‌نیا بڕینی قۆناغه‌كانه‌و به‌س، قوتابی له‌م ژینگه‌یه‌دا چی فێرده‌بێت؟ به‌پێچه‌وانه‌وه قوتابخانه ئه‌هلییه‌كان ته‌واوجودان و زۆربه‌ی پێداویستیی په‌روه‌رده‌یی سه‌رده‌مانه‌یان بۆفه‌راهه‌م كراوه، ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا له‌قوتابخانه حكومییه‌كانیشدا هه‌یه خۆی پاڵنه‌ره بۆئه‌وه‌ی هه‌ركه‌سێك تۆزێك باری دارایی باش بێت منداڵه‌كه‌ی بۆ قوتابخانه ئه‌هلییه‌كان ببات و له‌گه‌ره‌لاوژه‌و بێسه‌روبه‌ری ده‌ریبێنێ، ئه‌مه نه‌به‌ومانایه‌ی له‌وێدا ئیدی منداڵ له رووی په‌روه‌رده‌و زانست دروست ده‌كرێت، چونكه له‌مانه‌شدا دنیایه‌ك گرفت هه‌یه‌و ئه‌مانیش به‌ده‌رنین له كێشه په‌روه‌رده‌ییه‌كان و ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی تێگه‌یشتنی بۆ په‌روه‌رده‌ی هاوچه‌رخ له ئیشكالیه‌تدایه، حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌رپرسی یه‌كه‌می دانه‌دواوه‌ی قوتابخانه حكومییه‌كانن، به‌رپرسن له جێهێشتنی قوتابخانه‌كان به‌سه‌ر منداڵانی هه‌ژاردا، منداڵێكی گه‌ڕه‌كێكی میللی و سیخناخ به خه‌ڵكی هه‌ژار تاوانی چییه ژینگه‌یه‌كی وه‌ك قوتابخانه ئه‌هلییه‌كانی بۆ ناڕه‌خسێنرێت؟ مه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ش منداڵ و نه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌م وڵاته نین؟!