Skip to Content

Wednesday, December 4th, 2024
دیوانی شێركۆ بێكه‌س به‌ توركی

دیوانی شێركۆ بێكه‌س به‌ توركی

Closed
by July 26, 2011 کتێبخانە

464 لاپه‌ڕه‌یه‌ و پوخته‌یه‌كه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ گرنگه‌كانی شاعیر
دیوانی شێركۆ بێكه‌س به‌ توركی

 

“گوینه‌یده‌ن شیعر یاغموروو – بارانی شیعر له‌ باشووره‌وه‌”، ناوی دیوانێكی شیعری شێركۆ بێكه‌سه‌ و هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ ئیستانبوڵ له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی توركی”به‌ڵگه‌”وه‌ چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌. ئه‌م دیوانه‌ 464 لاپه‌ڕه‌یه‌ و 150 شیعری كورت و درێژ له‌ خۆده‌گرێت كه‌ له‌ كۆی به‌رهه‌مه‌كانی شاعیر وه‌رگیراون و له‌لایه‌ن هه‌رسێ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و ڕۆژنامه‌نووس سیروان ڕه‌حیم، به‌كر شوانی و ئازاد دلواره‌وه‌ كراون به‌ توركی. وه‌ك له‌ دوایین لاپه‌ڕه‌ی دیوانه‌كه‌شدا هاتووه‌، پڕۆژه‌ی وه‌رگێڕان و به‌ چاپگه‌یاندنی ئه‌م كتێبه‌ به‌ پشتیوانیی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی كوردستان به‌ ئه‌نجام گه‌یشتووه‌. دیوانه‌كه‌ به‌ چاپێكی نایاب و به‌ كاغه‌زی تایبه‌ت چاپكراوه‌ و دیوانێكی شایسته‌ی پێشاندان و ناساندنی ئه‌ده‌بیاتی كوردییه‌.
به‌كر شوانی له‌ لێدوانێكدا، ده‌رچوونی ئه‌و كتێبه‌ی به‌ هه‌نگاوێكی واتادار بۆ ناساندنی كولتووری كوردی له‌ قه‌ڵه‌م دا و گوتی: “وه‌رگێڕانی چه‌پكێك له‌ شیعره‌كانی شێركۆ بێكه‌س بۆ توركی ئاشناكردنی خوێنه‌ری توركه‌ به‌ ئه‌ده‌بیاتی هاوچه‌رخی كوردی و ده‌كه‌وێته‌ خانه‌ی بنیاتنانی پردی كولتووری له‌ نێوان هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی هاوسێدا. ئه‌م كاره‌ی ئێمه‌ هه‌نگاوێكه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌وه‌، واتا له‌ زمانی كوردییه‌وه‌ بۆ زمانێكی بیانی. زۆر پێویسته‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و ده‌زگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی كوردستان بایه‌خ به‌م لایه‌نه‌ بده‌ن و هه‌موو ساڵێك پڕۆژه‌ی وه‌رگێڕانی چه‌ند به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بیی كوردی بۆ زمانه‌ بیانییه‌كان بخه‌نه‌ به‌رنامه‌ی كاری خۆیانه‌وه‌. ده‌كرێت سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كوردستانیش پشتیوانی له‌ پڕۆژه‌ی له‌م جۆره‌ بكه‌ن.”
هاوكات سیروان ڕه‌حیم سه‌باره‌ت به‌ ده‌رچوونی دیوانی “بارانی شیعر له‌ باشووره‌وه‌” گوتی: “ته‌نها وه‌رگێڕان ده‌توانێت ئه‌ده‌بیاتی گه‌لان به‌ یه‌ك بگه‌یه‌نێت. وه‌رگێڕانی كاری ئه‌ده‌بی واتای دروستكردنی پردی گرنگه‌ له‌ نێوان زمان و كولتوره‌ جوداكاندا. ده‌كرێت له‌ رێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه‌ كاری شایسته‌ بۆ ناساندنی ئه‌ده‌بیاتی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین. ئه‌ده‌بیاتی شیركۆ بێكه‌س شایانی ئه‌وه‌یه‌ پێشان به‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بدرێت. بێگومان ئێمه‌ به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئاماده‌ین بۆ ئاماده‌كردنی كاری دیكه‌ی هاوشێوه‌، ئیتر چ شیعر بێت یان چیرۆك و رۆمان. به‌ڵام دیاره‌ كاری وه‌ها گه‌وره‌ بێ پشتگیری و كۆمه‌ك ناكرێت. به‌ هیوام سیاسه‌تی كولتوری له‌ وه‌ڵاتی ئێَمه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی روون گرنگی به‌م كارانه‌ بدات.”
ئازاد دلوار سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ی وه‌رگێڕانی شیعره‌كانی شێركۆ بۆ بێكه‌س گوتی: “دانوستاندنی وێژه‌یی له‌ نێوان گه‌لاندا پردی له‌ یه‌ك تێگه‌یشتن و یه‌كدی ناسین بنیات ده‌نێت. زۆر گرنگه‌ گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌زۆر ده‌ستیان به‌سه‌ر كوردستاندا گرتووه‌، كۆمه‌ڵگای كوردی له‌ ڕێی به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانییه‌وه‌ بناسن. ئه‌ده‌بیات ده‌توانێت ڕۆڵێكی گرنگ له‌ نزیككردنه‌وه‌ی هه‌ردوو گه‌لی كورد و توركدا بگێڕێت و پێویسته‌ به‌رهه‌می زیاتری كوردی بۆ توركی وه‌ربگێڕدرێت.”

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.