مارتین لوسەر کینگ *Martin Luther King
له‌خۆڕا نییه که ئه‌م بابه‌ته‌م هه‌ڵبژاردووه و کورداندومه، مه‌به‌ستم له‌و دوو خاڵه‌ی خواره‌وەدا سه‌رچاوه‌ی گرتووە:
1- له‌و ڕقه ئه‌ستووره‌مه‌وه دژی ئاژاوه و گێره‌شێونی و به‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگ، چونکه به بیروبۆچوونی من ئه‌وانه له گۆڕینی ئاڕاسته‌ی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌که زیاتر هیچێکی تری لێناکه‌وێته‌وه، ئه‌وه‌شم له یاد نه‌کردووه که هەمیشە ده‌سه‌ڵات خوڵقێنه‌ری ئاژاوه و گێره‌شێوێنی و به‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگ بووه له هه‌موو شوێنێك، مێژووش شایه‌تی حاڵه.
2- ئەگه‌ر به وردی ته‌ماشای واقعی کوردستانی باشوور بکه‌ین، ده‌بینین که دیارده‌یه‌کی خراپ و نزم و مایه‌پووچ له بوارێکی تایبه‌تدا و لای هه‌ندێ که‌سی کول ئەندێش، خه‌ریکی له دایكبوونه، ئه‌و دیارده‌یه‌ش ڕقوکینه و قێزهاتنهوهیه له کرێکارانی ڕه‌گه‌زه‌کانی تر وه‌ك عه‌ره‌ب، تورك، هینیدی و پاکستانی که بۆ بژێوی ژیان و قوتاربوون له تیرۆر ڕوویان کردۆته کوردستان، من دڵنیام که یه‌کێك له فاکته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی دروستبوونی ئه‌و دیارده‌یه بێکارییه و ده‌سه‌ڵات خۆی لێی به‌رپرسیاره، ده‌سه‌ڵاتی بازاڕی ئازاد، به واتایه‌کی دی ده‌سه‌ڵاتی قاچاخچێی و جامبازیی پاره‌وپوول.
—————————————————————————————————————————
مارتین لوسەر کین Martin Luther King لە 15ی جەنیوەری 1929 لە دایک دەبێت لە ئەتلانتای جۆرجییا. دایکی ناوی ئەلبێرتا ویلییەمس بووە و بەر لە شووکردنی دایەن بوو. ئادەم دانیەل ویلیەمسی باوکی دایکی مارتین حەڤدە ساڵ لە کڵێسەی باتیش ئێبێنزەر قەشە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا کە قەشە بووە یەکێش بووە لە پێشەواکانی بزووتنەوەی بەرەنگاربوونەوەی جیاوازیی ڕەگەز و لە ڕیزەکانی National Assosciation for Advancement Colored People دا خەباتی کردووە. سەرەتا هەوڵێکی زۆری داوە بۆ دروستکردنی دواناوەندییەک بۆ پێستڕەشەکان، جگە لەوە یەکێک بووە لەوانەی بایکۆتی ڕۆژنامەیەکی ڕەگەزخوازی کردووە.
مارتین لۆسەری گچکه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له چینێکی مامناوه‌ند بووه له ده‌وروبه‌رێکی بێوه‌یدا گه‌وره ده‌بێت و ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ریی بێوه‌یی ئینجیلیشهوه، که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شه‌ڕانی بووه، به‌ڵام هیچ کات ئه‌و سۆز و به‌زه‌ییه زۆره که هه‌یبووه نه‌یشاردۆته‌وه. وه‌کو وتمان ئه‌و له چینێکی مامناوه‌ند بووه، له‌به‌ر ئه‌وه نه‌ك هه‌ر ئازاری هه‌ژاری نه‌چه‌شتووه، به‌ڵکو دووریش بووه له جرج و قالۆنچە و مێش و مه‌گه‌ز، که ئه‌و ده‌مه به ملیۆنه‌ها پێست ڕه‌شیان هه‌راسان کردبوو. باوکی مارتین هەرچەندە کوڕه باخه‌وانێك بووه، به‌ڵام توانیویه‌تی کوڕه‌که‌ی باش په‌روه‌رده بکات تا ڕه‌وشت به‌رز بێت. مارتین خۆیشی ئه‌و شانسه‌ی هه‌بووه و خوێندگه‌یه‌کی باشی ده‌ست که‌وتووه. باوکی دواتر وتوییه‌تی باش ده‌مزانی که سه‌رکه‌وتنێکی نموونه‌یی ده‌ست ده‌خات.
ئه‌و گه‌نجه ته‌واو سه‌رقاڵی خوێندنه‌که‌ی بووه، ساڵی1944بۆ Morhous ده‌چێته CoUege d’Atlanta تا بتوانێت ببێته دکتۆر یا پارێزه‌ر و به پێچه‌وانه‌ی حه‌زی باوکی خۆی و باوکی دایکییه‌وه، ئه‌وان حه‌زیان دەکرد ببێته قه‌شه. ئه‌ویش ته‌واو وه‌رس بوو له‌و بواره، به‌تایبه‌تی له‌و جێگانه که ته‌رخان کرابوون بۆ پێستڕه‌شه‌کان. ئه‌و حه‌زی له که‌شی ئه‌و بواره نه‌بووه، چونکه پڕ بوو له هه‌ڵچوون و توندوتیژی، مامۆستاکانی بڕوایان وا بووه که ئه‌و له ڕووی فکرییه‌وه باش ئاماده‌یه تا ببێته پیاوێکی ئایینی، به‌ڵام ئه‌و خۆی بڕوای وا نه‌بووه. هه‌رچه‌نده بڕوای پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه هه‌موویان بووه، که‌چی دواتر ساڵی ساڵی1947ده‌گه‌ڕێته‌وە ئەتلانتا و له‌وێ ده‌کرێته خزمه‌تکاری په‌رستگایه‌ك، ئه‌و خۆی زۆر به‌وه‌وه نابه‌ستێته‌وه، ده‌که‌وێته جموجۆڵێکی چڕ‌وپڕ له‌ناو ڕیزه‌کانی N.A.A.C.P، واته له ڕیزه‌کانی NationalAssociation for Advancement of color peopleدا، ئه‌و ڕێکخراوه ساڵی 1919دروستکرابوو. لەناو ئه‌و ڕێکخراوه‌دا،هه‌موو، ئامێره‌کانی ئاسووده‌یی دابینکرابوون، له‌وێ هیچ گرفت و نائاسووده‌یی ڕه‌وشتی نه‌بوو له‌و جۆرانه‌ی که لکێنرابوون به ڕه‌ش پێسته‌کانه‌وه، ئه‌و هه‌ر وه‌ك باوکی له پێناوی باشکردنی ژیانی پێستڕهشهکاندا خەباتی کرد.
ساڵی 1948، دوای ئه‌وه‌ی لیسانسی ئه‌ده‌بی وه‌رده‌گرێت، Morehous جێ ده‌هێڵێت و ده‌چێته Crozer Teological seminary de Chester له پێنسلڤانیا و به‌ویشه‌وه ئەمجا خوێندکاره ڕه‌شه‌کان ده‌بنه شه‌ش دانه له‌ناو ده‌سته‌یه‌کی سه‌د که‌سیدا، ساڵی 1951 لیسانسێکی تر لە ئایینزانیدا وەردەگرێت و به‌وه‌وه ناوه‌ستێت بڕیاری ئه‌وه ده‌دات به‌رده‌وام بێت له گه‌ڕان و لێکۆڵینه‌وه‌دا، بۆ ئه‌وه ده‌چێته زانکۆی بۆستن له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا ده‌ست له وانه فه‌لسه‌فییه‌کان هه‌ڵناگرێت که له زانکۆی هارڤارد دەیخوێندن. لە ساڵی 1953وه هه‌موو کاتی خۆی بۆ نووسینی تێزێک بە ناوی Compararaison de la conception de Dieu chez Paul Tillch et Henry Wieman ته‌رخان ده‌کات، واته به‌راوردکردنی تێگه‌یشتن له خوا لای Paul Tillch و Henry Wieman. ساڵی 1955 دکتۆرایهك وه‌رده‌گرێت له زانستی لاهوتی ڕژێمیدا.
مارتین هه‌رچه‌نده زۆرجار وا خۆی ده‌رده‌خست که کهسایهتیخوازه، personnalist، به‌ڵام وا نه‌بووه، ئه‌و پله‌یه‌کی بڵندی هه‌بوو له لاهوتی کۆمه‌ڵاییه‌تیدا و ئه‌م که‌سایه‌تیانه‌ش -walter Rauschenbusch-Henri David Thoreau-Tillich-Gandhi کاریگه‌رییه‌کی زۆریان تێکردبوو، جگه له‌وه که ئه‌و هیچ گومانێکی له‌وه نه‌بوو که کڵێسه کاریگه‌رییه‌کی به‌هێزی هه‌یه له‌سه‌ر به‌رقه‌راکردنی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵاییه‌تی، جگه له‌و که‌سایه‌تییانه‌ی که ناومان هێناون، ئه‌و ئه‌وده‌مه، که مارکس ته‌مومژاوی و نه‌ناسراو بووه، مارکسیشی خوێندۆته‌وه.
له 17ی مای 1954 له‌گه‌ڵ Coretta Scott بۆته ناسیاو. ئه‌و ئافره‌ته هه‌م دایه‌ن بووه و هه‌م گۆرانیبێژیش. ئه‌و ناسیاوییه له 18/6/1953دا بۆتە دروستبوونی ژیانی هاوسه‌رینی، دواتر به جووته ده‌چنه شاری مۆنتۆمری-ئالاباما و نیشتەجێ دەبن. ئه‌و شاره نزیکه‌ی 50 هه‌زار ڕه‌ش پێست و80 هه‌زار سپی پێستی تیادا ده‌ژیا و مارتین هه‌ر له‌و شاره جێگه‌یه‌کی قه‌شه‌یی بۆ جێمابوو له یه‌کێك له کڵێسه‌ی پێستڕهشهکاندا، له‌وێ زۆر له که‌سانی ساده و ڕووناکبیر هامشۆیان دەکرد.
بایکۆتی Montgomery
هێشتا پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن له‌نێوان ڕه‌شه‌کان و سپییه‌کاندا زۆر له‌وه‌وه دوور بوو ئه‌نجام بدرێت، به تایبه‌تی له ده‌وڵه‌ته‌کانی باشوور، کاتێك دادگای باڵای ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان یاسای مافه سه‌ره‌کییه‌کانی مرۆڤی ده‌رکرد، به ئاشکرا ئه‌و یاسایه له‌گه‌ڵ ده‌ستووردا یه‌کانگیر نه‌بوو، له درزێك ده‌چوو که بووبێته دیوارێك، چونکه گرنگییه‌کی ئه‌وتۆی نه‌دابوو به گیروگرفته‌کانی پێست ڕه‌شه‌کان و قێزهاتنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی له پێشی پێشه‌وه دانابوو، که خۆی له خۆیدا هه‌ڕه‌شه‌کردن بوو له به‌کارهێنانی مافه سڤیله‌کان. مارتین بەپەلە مه‌سه‌له‌ی دروستکردنی کۆمیته‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ده‌وروژێنێت، دواتر داوا له‌و کۆمیته‌یه ده‌کات ببێته ئه‌ندام له N.A.A.C.Pدا. به‌لای زۆر که‌سه‌وه وا بوو که ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی مارتین لە بڕیاره‌که‌ی دادگای باڵاوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌و له ڕووداوه‌که‌ی یه‌کی سێپتمبه‌ری1955وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، چونکه ئه‌و ڕووداوه کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆی هه‌بوو له‌سه‌ر گۆڕانی ئاڕاسته‌ی پیشه‌یی مارتین وەک قەشەیەک. ڕۆژی یه‌کی سێپتمبریش، ئه‌و ڕۆژه بوو که خانمێکی ڕه‌شپێست که ناوی ڕۆسا پارکRosa park بوو،ئه‌و خانمه ئه‌و ڕۆژه که له پاسێکدایە ئه‌وه ڕه‌فز ده‌کات هه‌ڵبسێت و جێگه‌که‌ی خۆی چۆڵ بکات تا پێستسپییهك دابنیشێت، به پێی یاساکانی ئالاباما ئەوە سه‌پێنرابوو و بڤه بوو، بۆیه پۆلیس خۆی له‌و ڕووداوه ههڵدهقورتینێت و دەیانەوێت خانم ڕۆسا باڵبەست بکەن، به‌ڵام بۆیان ناچێته سه‌ر، چونکه هه‌ر ئه‌وکاته له‌و شوێنه‌دا که‌سێك بڕی پاره‌ی بهندنهکردنی ده‌دات. کاتێك ئه‌و هه‌واڵه ده‌گه‌یه‌نرێته لای مارتین خێرا پەیوەندی په‌یوه‌ندی Ralph Abernathyی برادەریەوە ده‌کات و پێشنیاری کۆبوونه‌وه‌یه‌ك ده‌کات به به‌شداری کۆمیونێتێی ڕه‌شه‌کان تا هه‌وڵ بدرێت پشت ببه‌سترێت به‌و که‌سانه که له بواره کۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌کاندا کاریگه‌رییان هه‌یه؛ له‌وانه وه‌ك دکتۆر، پارێزه‌ر، سه‌ندیکالیسته‌کان، هه‌رچۆنێك بووه کۆبوونه‌وەکه ڕێک ده‌خه‌ن، ئه‌وه بوو له میانه‌ی قسه‌وباسه‌کاندا یه‌کێك له سه‌ندیکالیستییه‌کان پێشنیاری بایکۆتی سواربوونی پاسه‌کان ده‌کات، دوای گفتوگۆکردنێکی زۆردهربارهی ئه‌و پێشنیاره، پێشنیاره‌که په‌سه‌ند ده‌کرێت، ڕۆژی یهكشەممه قه‌شه‌کان بڕیاره‌که‌یان ڕاگه‌یاند و بڵاوکراوهیهكیان دابه‌ش کرد به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌دا، تیایدا دوا کرابوو که 5ی سێپتمر ڕه‌شه‌کان سواری پاسه‌کان نه‌بن بۆ چوون بۆ کار یا بۆ خوێندنگە، ڕۆژی دووشه‌ممه هه‌موو که‌س به حه‌په‌ساوییه‌وه پرسیاری ئه‌وه‌یان له خۆیان ئه‌کرد ئایا پێستڕه‌شه‌کان سواری پاس ده‌بن یا نابن؟ ئه‌وه بوو ئه‌و ڕۆژه شۆفێره‌کان پاسه‌کانیان به خاڵی ده‌هێنا و ده‌برد و پاسه‌کان ته‌واو چۆڵ بوون، چونکه سپیپێستەکانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ڕاڕا بوون سواری پاسه‌کان نه‌ده‌بوون. له‌گه‌ڵ جمه‌ی ته‌کسییه‌کاندا، خه‌ڵکه‌که به پاسکیل و به پێ ده‌چوون به‌ره‌و شوێنی کاره‌کانیان، له‌و وه‌زعه‌دا خه‌ڵکی وره‌یان به‌رز بوو و به‌ده‌م پێکه‌نینه‌وه سڵاویان له یه‌کتر ده‌کرد و قسه‌وباسیان گه‌رم بوو، پۆلیس سه‌رقاڵی ده‌ستگیرکردنی هانده‌ران بوو، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دا بوو له‌و ڕۆژه‌دا که‌س نه‌مابوو هانده‌ر نه‌بێت، که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌و فشاره مه‌زنه‌شدا خانم پارک 10دۆلار سزا ده‌درێت، دژی ئه‌و ڕه‌فتاره هه‌مان ڕۆژ ئێواره‌که‌ی کۆبوونه‌وه‌یه‌ك ساز دەکرێت و مارتین و چەند وته‌بێژێکی تریش به‌شداری ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه دەبن و دەڵێن: ”ئیتر به‌سه هه‌ڵسوکه‌وتی خراپ به‌رامبه‌رمان، به‌سه قێزهاتنه‌وه لێمان، به‌سه چه‌وسانه‌وه‌مان، یه‌کێك له سه‌ربه‌رزی و سه‌رکه‌وتنه‌کانی دیموکراتییه‌ت ئه‌وه‌یه که مافی له‌شفرۆشتنی داوه بە خه‌ڵکی، ئه‌وه‌تا ئێمه به‌بێ توندوتیژی و ئاژاوه به‌و کاره هه‌ڵده‌سین، به‌ڵام له ئێسته به‌دواوه، له‌بریی مافی لهشفرۆشتنهکه، خۆشه‌ویستی ده‌که‌ینه پرانسیپی خۆمان.” به‌ده‌م جۆشوخرۆشی چه‌پڵه‌ڕێزانه‌وه بڕیاری به‌رده‌وامبوونی بایکۆته‌که درا تا ئه‌وکاته‌ی ده‌ست هه‌ڵده‌گیرێت له پراکتیزه‌کردنی زهلیلکاری و سته‌مکاری به‌رامبه‌ر به پێستڕه‌شه‌کان له‌ناو پاسه‌کاندا، هه‌ر له هه‌مان کۆبوونه‌وه‌دا بڕیاری دروستکردنی کۆمه‌ڵه‌یه‌ك ده‌ده‌ن بۆ گه‌شه‌پێدانی Montgomery. ئه‌و ئه‌کسیۆنه، واته بایکۆتی پاسه‌کان، 382 ڕۆژ ده‌خایه‌نێت، ده‌سه‌ڵاتداران فشار ده‌خه‌نه سه‌ر مارتین تا کۆتایی به‌و وه‌زعه بهێنێت، قسهوقسهڵۆکێکی زۆر ده‌خه‌نه دوای، به‌ڵام هیچ سوودێكی نابێت، تا ڕۆژێك به بیانووی ئه‌وه‌وه که خێرا ئۆتۆمۆبیلی لێخوڕیوه دەیگرن و بۆ ڕۆژی دوایی پلانی ته‌قاندنه‌وه‌ی ماڵه‌که‌ی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و کرداره‌شیان نه‌بووه مایه‌ی وره‌به‌ردانی ئه‌و و سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی. ده‌سه‌ڵات نا‌ئومێد بوو، چونکه ئه‌و کردارانه‌ی بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه و به‌کارهێنانی توندوتیژی دەکرد. مارتین بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و کردارانه، به‌رده‌وام داوای ئه‌وه‌ی ده‌کرد که ده‌بێت په‌نا ببرێته به‌ر ئه‌قڵ. ده‌سه‌ڵات ده‌رهه‌ق به‌و نه‌رمونیانییه‌ی ئه‌و ئه‌ویان دا به دادگا و به بیانووی ئه‌وه که سنووری یاسای دژ به بایکۆتی به‌زاندووه، 140ڕۆژ به‌ندی ده‌که‌ن و500 دۆلاریش سه‌رانه‌ی لێده‌سێنن. ئه‌وەی به لایه‌وه گرنگ نه‌بوو، ئه‌و ئه‌وه‌ی به‌لاوه گرنگ بوو که به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵات بۆته‌وه و خه‌باتی کردووه له پێناوی ئازادی‌دا.
ئه‌کسیۆن داده‌مرکێته‌وه
مارتین لۆسەر کینگ دوای ئه‌و ئه‌کسیۆن و سزادانه وه‌ك پێشه‌وایه‌کی بزووتنه‌وه‌ی به‌رگریکار له‌سه‌ر ئاستی نیشتمان دەردەکەوێت.
جه‌نیوه‌ری 1957 بە مه‌به‌ستی فۆرمه‌له‌کردنی ڕێکخراوێك، پێشه‌وا ڕه‌شه‌کانی 10ده‌وڵه‌تی باشوور کۆ ده‌بنه‌وه و ڕێکخراوێك دروست ده‌که‌ن و ناوی ئه‌نێن، Southern Christian Leadership conference-S.C.L.C و مارتین بە سەرۆک هەڵدەبژێرن. سه‌ره‌تا بۆ ده‌ستپێکردن ڕێکخراوه‌که بڕیاری ئه‌وه ده‌دات که کاره‌کانی دژی پراکتیزه‌کردنی جیاوازیی ڕه‌گه‌زی و پهڕاوێزکاری له بواری هاتوچۆکردن و گواستنه‌وه‌دا چڕ بکاته‌وه، نه‌ك هه‌ر له Motgomry به‌ڵکو له جێگه‌کانی تریش، له ته‌ك ئه‌وه‌شدا جه‌ختکردن له‌سه‌ر مافی پێستڕه‌شه‌کان له ده‌نگداندا،
مارتین وەک پێشه‌وایه‌کی بزووتنه‌وه‌ی پێستڕه‌شه‌کان ساڵی 1957 ده‌یان هه‌زار کیلۆمه‌تر ته‌راتێن ده‌کات و دوو سه‌د شه‌و وتار ده‌دات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ناو ده‌نرێت -موسای نوێ- یا -گاندیی نوێ- ئه‌و له‌و هه‌موو هاتوچۆ و وتاره‌کانیدا، زیاتر جه‌ختی ده‌کرده‌وه له‌سه‌ر مافه سڤیلییه‌کان (مەدەنییەکان)، ئه‌و له‌و بواره‌دا بیروبۆچوونی وا بوو، بۆ ئه‌وه‌ی پێستڕه‌شه‌کان ڕێزیان بگرێی، ده‌بێت خۆیان به خۆیان ببنه که‌ره‌سه‌ی په‌یداکردنی ئه‌و ڕێزگرتنه.
ڕۆژ دوای ڕۆژ ده‌وروبه‌ری مارتین قه‌ڵه‌باڵغتر ده‌بوو، بووبووه که‌ساییه‌تییه‌کی میللی، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وایکردKwame Nkrumah میوانداریی بکات بۆ به‌شداریکردن له ئاهه‌نگی سه‌ربه‌خۆیی Ghana
کاتێک مارتین له ئه‌فریقا ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ردوو ڕێکخراوی خه‌باتگێڕ N.A.A.C.P و S.C.L.C بڕیاری ئه‌وه ده‌ده‌ن که له یادی سێ ساڵه‌ی یاساکانی دادگای باڵا له واشنتۆن خۆپیشاندانێك ساز بکه‌ن له به‌رده‌می Mémorial de Lincon، ئه‌وه بوو ئه‌و خۆپیشاندانه بیست تا سی هه‌زار که‌س به‌شداری تێدا کرد تێکه‌ڵ له هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌که، خۆ پیشاندانه‌که زیاتر بۆ دژایه‌تیکردنی جیاوازی بوو له خوێندنگەکاندا، خه‌ڵکه‌که به جۆشێکی زۆره‌وه گوێیان له وته‌بێژه‌کان ده‌گرت، که داوای له‌ناوبردنی جیاوازیی ڕه‌گه‌زییان ده‌کرد. بە گه‌رموگوڕی و به چهپڵهڕێزانەوە پێشوازی لە مارتین کرا، دوای مانگێک نیکسۆن، که ئه‌وکاته جێگری سه‌رۆكکۆمار بوو، بانگی کرد، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ هاوڕێکه‌ی Ralph Abemathy چوونه لای. دواتر 23/6دا سەرۆککۆمار ئێزنهاوەر ڕازی بوو دانیشتنێکیان له‌گه‌ڵ بکات، به‌ڵام هه‌ردوو دانیشتنه‌که بێسهمهر بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مان سارد نه‌بوونه‌وه و زیاتر له جاران سوورتر بوون له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان.
سێپتەمبری1958 کاتێك مارتین لە کتێبخانه‌ی (خه‌بات له پێناوی ئازادی‌دا) دێته ده‌رەوه پیاوانی پۆلیس به‌ده‌م جنێودانه‌وه دارکاری ده‌که‌ن و به‌ندی ده‌که‌ن، به‌ڵام زوو نه‌ناسراوێك پاره‌ی به‌ربوونی ده‌دات و به‌ر ده‌درێت، جارێکی دی ئافره‌تێکی ڕه‌ش که که‌وتبووه ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و ده‌نگوباسه‌وه که گوایه ئه‌و کۆمونیسته چه‌قۆیه‌کی لێده‌دات و حاڵی په‌رێشان ده‌کات.
له کۆتایی ساڵی 1959ژیان لە خێزانی مارتین تاڵ دەکرێت، جگه لەوەش مارتین خۆی ناتوانێت ههمئاههنگییهك لە نێوان کاری قه‌شه‌یی و کاره‌کانی S.C.L.Cدا دروست بکات، ناچار مۆنتگۆمری بە جێ دەهێڵن و دەچن لە ئاتلانتا دادەنیشن.
مانگرتنه‌کان ، یاخیبوونه‌کان و سه‌فه‌ری ئازادی
Montgomery یه‌که‌م بازنه‌ی ڕاپه‌ڕینی پێستڕه‌شه‌کان بوو، دووه‌میشGreenshobro بوو. Greenshobro لەناو شاری Caroline de Nordدا بوو، له هه‌ندێك له ده‌وڵه‌ته‌کانی U.S.A ڕاسیزم له هه‌موو لاکانی دی به‌هێزتر بوو.
1/2/1960 چوار خوێندکاری ڕه‌شپێست داده‌نیشن له چێشتخانه‌یه‌ك که تایبه‌ت بوو به سپییه‌کان، داوا له پێستڕه‌شه‌کان دەکرێت بچنه ده‌ره‌وه، ئه‌وانیش ئه‌و داوایه ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه، دواتر ڕادیۆی ناوچه‌که هه‌واڵی ئه‌و ڕووداوه بڵاو ده‌کاته‌وه، دواتریش چه‌ند خوێندکاری ڕه‌ش ده‌چن به‌ده‌م برادهرهکانیانهوه و وه‌ك تاکتیکێك یاخیبوون ده‌ست پێ ده‌کات.
ئه‌و بزووتنه‌وه و یاخیبوونه زیاتر له سه‌د شاری تر ده‌گرێته‌وه حه‌فتا هه‌زار که‌س به‌شداری ده‌که‌ن دژی ئه‌و جیاوازی و پهڕاوێزکردنه. خۆپیشیانده‌ران به هێمنی و به‌بێ هیچ هێرشکردنێك خۆپیشاندنهکهیان ده‌برد به‌ڕێوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ده‌یانبینی گه‌نجه سپییه‌کان قژی ئافره‌ته پێستڕه‌شه‌کان ڕاده‌کێشن و سووکایه‌تیان پێ ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان جگه‌ره‌کانیان ده‌چزان به پێستی ئه‌و ئافره‌ته ڕه‌شانه‌دا، سه‌دان که‌سیش له خۆپیشانده‌ران ده‌گیرێن. مارتین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ملا و ئه‌ولایه‌کی زۆری ده‌کرد، نه‌یده‌توانی به‌شداری ڕاسته‌وخۆی بزووتنه‌وه‌کان بکات و وزه‌به‌خشیان بێت، ئه‌ملا و ئهولاکردنهکانیشی بۆ پشتگیریکردنی بزووتنه‌وه بێئاژاوهکان بوو و به‌رده‌وام دەیگوت: ”بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگریی بێئاژاوه ئاڕاسته‌که‌ی مانایه‌کی هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌و به‌رگریکارییه به‌ره‌و تهبایبوون به‌ڕێوه ببرێت. ئامانجی کۆتایی بهرگریکاریمان، دروستکردنی کۆمیونێتێیهکی خۆشه‌ویستی و برایانه‌یه، ده‌بێت ئه‌وه‌ش له یاد نه‌که‌ین کە ده‌شێت گیانی دژهئاژاوهکاری ببێته هۆکاری ئاژاوه‌نانه‌وه.”
ئه‌و تێکۆشانانه دژی جیاوازی ده‌توانن ببنه وزه‌به‌خش و خێراترکردنی ڕیتمی پێکه‌وه هه‌ڵکردن، له چێشتخانه‌کان، له گوێ ده‌ریا، له مه‌له‌وانگه‌کان، له کتێبخانه‌کان، له کڵێسه‌کان.
ساڵی1960 گه‌نجه‌کانی S.C.L.C. چه‌نده‌ها گرووپی جۆراوجۆریان دروست کرد، بۆ نموونه گرووپی ئه‌کسیۆن (کۆمیته‌ی خوێندکارانی دژه‌ئاژاوهS.n.c.c.)یان دروست کرد، ئه‌و گرووپانه دوای شه‌ش حه‌وت ساڵێك له به‌کارهێنانی توندوتیژی دوورکه‌وتنه‌وه، ئه‌وان له گه‌رمه‌ی ئه‌و خه‌باته پۆزه‌تیڤه‌دا بوو که تاوانی فه‌رهودی پاره‌وپوول خرایه پاڵ مارتین، له‌به‌رئه‌وه بڕیار درا هه‌رچی ده‌کرێت ده‌بێت بکرێت تا ئه‌و تاوانه ناڕه‌وایه به درۆ بخرێته‌وه، به‌ڵام تا ئه‌و کاره ئه‌نجام درا تاوانبارکردنه‌که کاریگه‌رییه‌کی نێگه‌تیڤی بوو له‌سه‌ر وره‌ی خه‌ڵكی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که پێشکه‌وتن و گۆڕانێکی باش ڕووی دابوو له ناوچه جیاواز جیاوازه‌کاندا، ئه‌و پێشکه‌وتن و گۆڕانکارییانه بواری پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن، مافی ده‌نگدان، گفتوگۆی ناو کۆمیونیتهکانی گرتبوهوهوه، به‌ڵام له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، نه‌ك هه‌ر گرنگی به‌وانه نه‌درا، به‌ڵکو له نێوان ئه‌و بیستویه‌ك هه‌زار که‌سەی ده‌وڵه‌ته‌کانی باشووردا مارتین جارێکی تر ده‌ستگیرکرایه‌وه.
نرخی نۆبل بۆ ئاشتی1964
ئایا به مردنی که‌نه‌دی ئاواتی پێستڕهشهکانیش له گۆڕ نرا؟ نه‌خێر خۆشبه‌ختانه Johson و Lyndon B به‌رده‌وامییان دا به هه‌وڵ و کۆششه‌کانی ئه‌وانه‌ی پێش خۆیان. لە 2/7/1964دا یاسایه‌کی نوێ ده‌رکرا بۆ مافه سڤیلییەکان، هه‌رچه‌نده تێکستی یاساکه ئه‌وه‌ی دیاری کردبوو که نابێت پێستڕه‌شه‌کان توخنی سیاسه‌ت بکه‌ون، له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌وه قەدەغە کرابوو که نابێت، په‌ڕاوێزکردن و سووکایه‌تیکردن به پێستڕه‌شه‌کان بکرێت له شوێنە گشتییه‌کاندا، تیایدا سه‌رزه‌نشتی وه‌زیری دادی فیدراڵیش کرابوو، که نابێت دادی فیدراڵ باڵا ده‌ستتر بێت له دادی ناوچه‌کان، سه‌رباری ئه‌وانه کۆمیسیۆنێکیش دروست کرا بۆ لێکۆڵینه‌وه له هه‌موو په‌راوێزکردن و سووکایهتیکردنێك به پێستڕه‌شه‌کان له شوێنی کاره‌کانیاندا، تا ئه‌و کاته هیچ یاسایه‌ك هێنده په‌لی نه‌هاویشتبوو به‌ره‌و یه‌کسانیی ڕه‌گه‌زه‌کان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له هه‌موو لایه‌که‌وه گه‌ڕه‌لاوژێی پێستڕه‌شه‌کان سه‌ری هه‌ڵدا لە نیویۆرک، جیرسەی سیتی، فلادێلفیا و دیکسمور، لە واقعدا خه‌ڵکی شاره گه‌وره‌کانی باشووری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریکا ته‌واو نا‌ئومێد بووبوون، چونکه نه ڕابوردوویان دیار بوو نه داهاتووش، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو که به‌لایانه‌وه هیچ گرنگ نه‌بوو خۆیان بده‌ن له قه‌ره‌ی هه‌رچی مه‌ترسی هه‌یه با توندوتیژیش بێت.
سیپتمبری 1964ده‌بێته میوانی ویلی براند، Willy Brand، ئه‌و میوانییه له‌سه‌ر داوای ویلی بووە،هه‌روه‌ها چاوی بە پاپا PaulیVl دەکەوێت. کاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه پشتیوانیی هه‌ڵبژاردنی جۆنسۆن، Johnson، ده‌کات بۆ سه‌رۆکاییه‌تی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، هێنده‌ی نه‌برد که ناوی ده‌رچوو بۆ وه‌رگرتنی خەڵاتی نوبێل بۆ ئاشتی، وه‌رگرتنی نوبێل وایکرد ببێته سه‌مبولی هه‌ڵچوونی پێستڕه‌شه‌کان، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ناوبانگهشدا، ئه‌وی چاره‌ڕه‌ش له به‌رده‌می یه‌کێك له قاپییه‌کانی شاره هه‌ژاره‌کاندا گیانی ئه‌دا، له باکووریش هه‌موو خه‌و و خه‌یاڵه‌کان له -Blak Power-دا خۆی ده‌نواند.
له زۆربه‌ی زۆری شاره پیشه‌سازییه‌کانی باکوور و ڕۆژهه‌ڵات، وێنه‌ی باشوور، کارگه‌ران هه‌ڵده‌هاتن و عه‌وداڵی جێگه‌یه‌ك بوون که تیایدا هه‌لومه‌رجی ژیان که‌مێ مرۆیانه بێت، گه‌ڕه‌که‌کان هێنده نهتاسێنرابن، خوێندن و په‌روه‌رده و بواری ته‌ندروستی که‌مێك خزمه‌ت کرابێت، هه‌لومه‌رجی ده‌ستکه‌وتنی کار که‌مێك له‌بارتر بێت.
مارتین مانگی مارتی 1965 لە ڕێگەپێوانی Selmaدا سەرکەوتنێکی گەورە بە دەست دەهێنێت.
حوکمڕان والەس، Wallace، که حوکمڕانی ئالاباما بوو، هه‌رچه‌نده هه‌وڵی ده‌دا که سیاسه‌تی جیاوازیخوازی پراکتیزه نه‌کرێت، که‌چی که کاتێك ڕێپێوانی یه‌که‌م ده‌ست پێ ده‌کات، به‌بێ سڵه‌مینه‌وه هێزی پۆلیس به‌ر ده‌داته خه‌ڵکی، شه‌ست که‌س بریندار ئه‌کرێن، لهبهرئهوە مارتین داوا له هه‌موو پارتیزانه‌کانی مافه سڤیلییه‌کان ده‌کات کۆڵ نه‌ده‌ن و جارێکی دی تێ هه‌ڵ بچنه‌وه، ئه‌وه بوو زۆرینه‌ی خه‌ڵك چوون به ده‌نگ بانگه‌وازه‌که‌یه‌وه، 21ی مارس 30000 که‌س ده‌بنه پاڵپشتی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی مۆنتگۆمری.
مارتین بەوە ناوه‌ستێت، به‌ڵکو داوای ئه‌وه ده‌کات که له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی بایکۆتی به‌روبوومه‌کانی ئالاباما بکرێت، به‌ڵام ئه‌و پێشنیاره‌ی په‌سه‌ند نه‌بوو و خه‌ڵکی نه‌چوون به ده‌میه‌وه، گه‌نجه پێستڕه‌شه‌کان به گومان بوون و له‌و بڕوایه‌دا بوون که مه‌حاڵه به‌بێ توندوتیژی شتێك ده‌ست بخرێت، ئه‌وه بوو زۆر له گه‌نجه‌کان ڕوویان کرده توندوتیژی و پاڵیاندا به Blak Powerەوه، به مه‌رجێك ئه‌وه له کاتێکدا بوو که به‌کارهێنانی توندوتیژی له باشوور خزمه‌تی ئه‌و تۆزه پێشکه‌وتن و گۆڕانکارییه‌ی نه‌ده‌کرد که له‌وێ جێبه‌جێ کرابوون، ئه‌وده‌مه ئەگه‌ر ته‌ماشای حاڵی باکوور بکرایه، واقعی ئه‌و جیاوازییه به باشی ده‌بینرا، باکوور کۆڵه‌وارتر بوو.
ئه‌وده‌مه مارتین جڵه‌وی بزووتنه‌وه‌ی پێستڕهشهکانی به ده‌سته‌وه نه‌مابوو، ته‌واو نا‌ئومێد بووبوو جگه له‌وه‌ی که ترسی تیرۆرکردنیشی تا ده‌هات زۆرتر ده‌بوو، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وش بوو که به ده‌گمه‌ن دهردەکهوت، ئه‌و کاتانه‌ش که ده‌رده‌که‌وت وه‌ك (بۆرژوازییه‌کی ڕه‌وشتی ) ده‌رده‌که‌وت، جگه له‌وه بووبووه مام Tom و وه‌ك کاتژمێرێك قوڕمیش کرابوو به ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سپییه‌کان ده‌هێنرا و ده‌برا.
ڕادیکالیزاسیۆن و مردن
مارتین باش ده‌یزانی که خه‌ڵکی زۆر له هیوا و ئاواته‌کانی خۆی به‌وه‌وه گرێداوه، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌وڵێکی زۆری ده‌دا که ئومێد جێگه‌ی نائومێدی بگرێته‌وه، به‌وه‌ش هۆشمه‌ند بوو که خۆی له خۆیه‌وه نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و پله‌یه که متمانه‌ی پێ بکرێت و ئومێده‌کانی پێوه گرێ بدرێت، ئه‌و ئه‌وه‌شی باش ده‌زانی که ئه‌و ئاستی فێربوون و ئه‌و پله‌ی متمانه‌یه له به‌رگریکاری و ناڕه‌زایی پێستڕهشهکانهوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، هه‌ستی به‌وه کردبوو که وه‌ك جاران گوێی لێناگیرێت، که‌وته هه‌وڵی ئه‌وه بزانێت بۆ؟ هێدی هێدی بۆی ده‌رده‌که‌وێت که مه‌سه‌له هه‌ر له دڵ و ده‌روون و ده‌ستووره‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه، مه‌سه‌له‌که مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسیشه. به واتایه‌کی تر، مه‌سه‌له‌که په‌یوه‌ندی به سروشتی سیسته‌مه‌که‌وه هه‌یه و له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ستبه‌رداری ئه‌و بڕوایه ده‌بێت که هه‌یبوو به سیستمی ئه‌مریکایی تێگه‌یشتنی له‌وه که سیسته‌مه‌که خراپ و ڕاسیزمه، ئیتر ئه‌و وه‌ك جاران له ڕه‌خنه‌کان نه‌ده‌سڵه‌مییه‌وه و به په‌شۆکاوییه‌وه به‌ره‌و ڕوویان نه‌ده‌بووه‌وه.
ساڵی 1966، کۆرێتا و مارتین، ده‌گوازنه‌وه بۆ گه‌ڕه‌کێکی پێستڕه‌شه‌کان، به یارمه‌تی هه‌ندێك له ڕه‌شه بێکاره‌کان خانووه‌که‌ی نوێژه‌ن ده‌کاته‌وه. مارتین له‌گه‌ڵ چه‌ند کرێکارێك و کرێچییه زوڵملێکراوه‌کان مانگرتنێك ده‌ست پێ ده‌که‌ن، مانگرتنه‌که ده‌بێته هه‌راسانکردنی چینی سه‌ره‌وه و ئه‌و مانگرتنه‌یان ناوزه‌د کرد به ده‌ستدرێژیکردن بۆ سه‌ر مافی خاوه‌ندارێتی. ئەو، واتە مارتین، قوڕه‌که هێنده‌ی تر خه‌ست ده‌کاته‌وه، چونکه هه‌ندێك داواکاری سۆسیالیستخوازانه ده‌خاته به‌رده‌م سه‌رۆکی شاره‌وانی و حکوومه‌تی فیدراڵ، داواکارییه‌کانیش بریتی بوون له دروستکردنی خانووبه‌ره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو گه‌ڕه‌که هه‌ژاره‌کاندا، باشکردنی ئامرازه‌کانی هاتوچۆکردن و گواستنه‌وه، به‌رزکردنه‌وه‌ی بودجه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنگەکان به ڕێژه‌ی له سه‌داسه‌د، دیاریکردنی لانی که‌می داهات بۆ خێزانه‌کان به‌پێی ژماره‌ی سه‌رخێزان، ده‌رکردنی چه‌ند یاسایه‌ك بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی جیاوازی، باشکردنی خزمه‌تگوزاریی پاکوته‌میزی، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی داوا کردبوو که حکوومه‌ت چی خه‌رج ده‌کات بۆ جه‌نگاوه‌ره دێرینه‌کان، هه‌مان خه‌رجیش ته‌رخان بکات بۆ کۆیله دێرینه‌کان.
سه‌ره‌تا تێکۆشه‌ره‌کانیBlak Power ئه‌وه ڕه‌فز ده‌که‌ن هاوکاریی مارتین بکه‌ن، ئه‌وان خوازیاری هاوکاری بوون، به‌ڵام نه‌ك به‌و جۆره که مارتین گهرکییهتی، دواتر له‌گه‌ڵ بوونی هه‌موو جیاوازییه‌کاندا ئه‌وان ناچار ده‌بن هاوکاریی مارتین بکه‌ن،ئه‌و به‌و هاوکارییه خۆشحاڵ و سه‌ربه‌رز بوو، دواتر چه‌نده‌ها پۆسته‌ریان چاپ کرد که لێی نووسرابوو Blak is beautiful.
مانگی چواری 1967 هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر جه‌نگی ڤێتنام ئاشکرا ده‌کات، به‌رده‌وام ده‌یگوت ئه‌و جه‌نگه کۆسپه له به‌رده‌م هه‌موو هه‌وڵه جدییه‌کاندا دژی هه‌ژاری له وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ساڵی 1967، مارتین، ده‌چێت بۆ گلیڤلاند بۆ پشتگیریکردنی Carl Stokes که کاندیتێکی ڕه‌ش بوو و خۆی بۆ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی کاندید کردبوو، به‌ڵام مارتین له‌به‌ر خاتری دڵی سپییه‌کان چاوی بهStokes ناکه‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و له هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا دەیباتەوە.
ئه‌و ده‌مه ئاژاوه‌کان هه‌ر به‌رده‌وامبوون، به‌ڵام مارتین په‌کخستنی گه‌ڕه‌کێکی زۆر به باشتر ده‌زانی له ئاژاوه و گه‌ڕه‌لاوژێ، به به‌رده‌وامی له کاتی ناڕهزاییدهربڕینهکاندا داوای هێمنی ده‌کرد، به بیروبۆچوونی ئه‌و ئاژاوه بوونی جۆرێك له جۆره‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و په‌ڕله‌مانێك فه‌رز ده‌کات، مارتین و پێشه‌واکانی تر بووبوون به به‌نده‌ی -Birmingham-*** هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و پێشه‌وایانه ده‌که‌ونه سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی ڕێکخستنی (ڕێگهپێوانی هه‌ژاران) له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا و تا به‌هاری 1968 بگه‌نه واشنتۆن. مارتین نوقمی نا توندوتیژی بوو له دنیایه‌کدا که به به‌راورد له‌گه‌ڵ ته‌کنه‌لۆجیا و ڕۆشنبیری و مه‌سه‌له گیانییه‌کاندا، ئه‌و ناتوندوتیژییه زۆر له دواوە بوو، چونکه ئێمه ڕۆژانه له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی قه‌ڵاچۆکردنی وزه‌ی نیوکلێردا ده‌ژین، ناکرێت ناتوندوتیژی بکرێته هه‌ڵبژارده‌یه‌ك بۆ شیکردنه‌وه‌ی فکری، ده‌شێت ناتوندوتیژی له ئه‌کسیۆندا پێویستییه‌ك بێت و نه‌توانرێت ڕه‌فز بکرێت، به‌ڵام وه‌کو وتمان به‌که‌ڵکی شیکردنه‌وه‌ی فکری نایه‌ت. w.C. DU Bois که‌سێکی کۆمونیست بوو، دواتر له‌سه‌ر داوای خۆی بووبوو به په‌ناهه‌نده له Ghana و هه‌ر له‌وێش مرد.مارین لە یادی بیره‌وه‌ریی مردنی ئه‌و که‌سه‌دا له کاتێدراڵی épicopalinneی له واشنتۆن وتی- ڕاسته پێستڕهشهکانیان به‌ره‌ڵا کرد، به‌ڵام هیچ ئامرازێکیان نه‌دانێ پێی بگه‌نه ماڵه‌وه، ئه‌وه‌ش نیشانه‌یه‌کی تر بوو له به ڕادیکالبوونی ئه‌و، چونکه له‌و قسه‌یه‌دا باش دیاره که حکوومه‌ت به تاوانبار ده‌زانێت.
ئه‌و ده‌مه‌ی ئاماده‌باشی ده‌کرا بۆ (ڕێگهپێوانی هه‌ژاران )ئه‌و به‌رده‌وام ده‌چووه لای کرێکارانی زبڵ که مانیان گرتبوو، زۆربه‌ی زۆریان ڕه‌ش بوون، به‌شدارییه‌کی ڕاسته‌وخۆی ده‌کردن و زۆر گوێی نه‌ده‌دا به‌و توندوتوژییانه که ڕوویان ده‌دا.
ئێواره‌ی 3ی مانگی چوار په‌رستگای ماسۆنی له وته‌یه‌کیدا وتی: ”وه‌ك هه‌موو که‌س حه‌ز ده‌که‌م ته‌مه‌نم درێژ بێت، ته‌مه‌ندرێژی هه‌ستی پێ ده‌کرێت و خۆشیبه‌خشه، به‌ڵام ته‌مه‌ندرێژی له‌و جۆره نا که من ئێستا بیری لێده‌که‌مه‌وه، من ته‌نها ده‌مه‌وێت ویستی خوا په‌یڕه‌و بکه‌م که ڕێگه‌ی دام بچمه سه‌ر شاخ و له‌وێوه زه‌وی به‌ڵێنپێدراو ببینم.”
ڕۆژێك دوای ئه‌وه له باڵکۆنی ژووری ئه‌و ئوتێله‌وه که جێگه‌یه‌کی به کرێ گرتبوو، له‌سه‌ر شۆسته‌که براده‌رێکی خۆی ده‌بینێت هاواری لێ ده‌کات، له‌ناکاو ته‌قه‌یه‌ك ده‌بیسترێت، ئیتر هه‌ر ئه‌وه‌نده دوای کاتژمێرێك ده‌مرێت.
ئه‌مڕۆ ئهکسیوێنی ئه‌و دەبێت چۆن هه‌ڵبسه‌نگێنرێت و حوکمی به‌سه‌ردا بدرێت؟ ئه‌نجامی سه‌ره‌کیی ئه‌و ده‌که‌وێته خانه‌ی یاساییه‌وه، پێستڕه‌شه‌کان ئه‌مڕۆ ده‌توانن ئه‌وه په‌سه‌ند بکه‌ن که هێز و به‌ناوبانگی تێکسته‌کانی ئه‌و ئه‌وه‌یه که بوونه‌ته سه‌کۆی ئه‌وه که له هیچ جێگه‌یه‌ك له ئه‌مریکا جیاوازیی ڕه‌گه‌زی شه‌رعی نییه، ئه‌و ستراتیژه‌ی که پێستڕه‌شه‌کان له ده‌وری کۆ بووبوونه‌وه کاری خۆی کرد و پێستڕه‌شه‌کان چاره‌نووسی خۆیان گرته ده‌ستی خۆیان، به جۆرێك که له‌وه‌وبه‌ر هه‌رگیز وا نه‌بووه. مارتین له ساڵه‌کانی دوایی ته‌مه‌نیدا به باشی دهیبینرا که به‌شێك له گه‌لی ئه‌مریکایی پشتیان تێکردووه، چونکه ئه‌و زۆر دره‌نگ فریای شیکردنه‌وه‌ی سیاسیی کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریکایی که‌وت، ئه‌وه‌ش زیاتر له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو که به باشی هوشیار نه‌بوو به‌وه که بە دابڕاویی ده‌یڕوانییه باکوور، له ڕاستیدا ئه‌و ساڵی1967 له‌گه‌ڵ جه‌نگی ڤێتنامدا به باشی تێگه‌یشت که خه‌ونه‌که‌ی نامۆیه به کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریکایی و پێکه‌وه نایانکرێت.
نه‌شونماکردنی فکریی ئه‌و زیاتر له‌و تێکستانه‌دا ده‌رکه‌وت که بڵاوی کردنه‌وه به ناوی -ئێمه به‌ره‌و کوێ ده‌ڕۆین- له لایه‌که‌وه گومان له‌وه‌دا نییه که ئه‌و سیاسه‌تباز نه‌بوو، ئه‌وه‌ی ئه‌و توانی ئه‌نجامی بدات له 1955 تا 1964 له ده‌سه‌ڵاتی کریستانی و ئایینیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، له لایه‌کی تره‌وه ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجامی دا زۆر باشتربوو له خودی خۆی،
———————
Blak Powr دوای ده‌ستپێکردنی به‌ره‌نگارییه‌که‌ی گه‌شه‌یه‌کی باشی کرد، به‌ڵام گه‌شه‌کردنه‌که‌ی کوشنده بوو.
پڵنگه ڕه‌شه‌کان -Panthères Noir گرنگییه‌کی تایبه‌تیان ده‌دا به مه‌سه‌له کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، به‌ڵام ئه‌گه‌ری خه‌باتی چه‌کداریشیان بەلاوەنەنابوو، مارتین هاندەرێك بوو، توانی کورەی کۆڕوکۆمه‌ڵی پێستڕه‌شه‌کان به‌رز بکاته‌وه و بیانخاته سه‌ر جاده‌کان ته‌نها بۆ خەباتێکی ڕەوا، توانیشی ئه‌وه ده‌ربخات که ده‌توانرێت به‌بێ توندوتیژی، سه‌رکه‌وتن به ده‌ست بهێنرێت.
مارتین لە جێگه‌یه‌کی تردا بۆ بۆنه‌یه‌کی تر ئه‌مه‌شی وتوه
من خەونێکم هەیە ****
خه‌و به ڕۆژێکه‌وه ده‌بینم
هه‌موو دۆڵه‌کان هه‌ڵسن
هه‌رچی گرد و شاخ هه‌ییه نزم ببنه‌وه
ڕێکوپێکیش جێگه‌ی ئاژاوه بگرێته‌وه
پاکی دڵه‌کانیش هه‌ڵه‌کان ڕاست بکه‌نه‌وه
به‌رزیی دروستکاریش ده‌ربکه‌وێت تا ئه‌وه‌ی ده‌ژی بیبینێت
ئه‌وه بڕوا و هیوای هه‌موومانه
ئێمه خاوه‌نی هیوا و بڕوایین
ئێمه خاوه‌نی بڕوا و تواناین
ئێمه ده‌توانین شاخێك داتاشیین له هیوا و بڕوا
پته‌و بێت وه‌کو بڕوا
ئێمه ده‌توانین له‌ناو نیشتمان ده‌نگی فیتنه بگۆڕین به
خۆشتریین سیمفۆنیای برایه‌تی
ده‌توانین به هێزی ئه‌و بڕوایه
پێکه‌وه کار بکه‌ین
پێکه‌وه نوێژ بکه‌ین
پێکه‌وه خه‌بات بکه‌ین
پێکه‌وه بڕۆین بۆ به‌ندیخانه
ئه‌و گۆرانییه‌ش بڵێین که ڕۆژێك دێت
ئازادی بۆ هه‌مووانه
سه‌رچاوه: http://lpdw.free.fr/freedom/martinlutherbio.htm
** directeure de publication Altarnative Non vialente
*** نووسه‌ر ویستویه‌تی ده‌ست ڕابکێشێت بۆ زیاده‌ڕۆییکردن له هێمنیدا، فه‌ره‌نسییه‌کان له قسه‌ی ڕۆژانه‌دا هه‌ندێك جار ئه‌و وشه‌یه به کار ده‌هێنن بۆ گاڵته‌کردن به زۆر به‌کارهێنانی هێمنی و نه‌رمونیانی، واته وه‌کو وتراوه، ئەگه‌ر زله‌یه‌کیان دا له لای چه‌پت ده‌نگ مه‌که و لای ڕاستیش ئاماده‌که بۆ زله‌یه‌کی تر، جا ئەگه‌ر ئه‌و وشه‌یه له زمانه ئه‌وروپاییه‌کانی تردا مانای تر ببه‌خشێت، ئه‌وه من نایزانم و بمبوورن
**** مارتین وه‌ك له زۆرجار و جێگه‌ی تردا وشه‌ی -بڕوا-ی بۆ ئیمان به‌کارهێناوه. -س.ع.