Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
وانه‌كانی دۆن گیی … عه‌زیز ڕه‌ئووف

وانه‌كانی دۆن گیی … عه‌زیز ڕه‌ئووف

Closed

ئه‌گه‌ر به‌ دیدێكی سیاسیه‌وه‌ ته‌ماشای درامای دۆنگی بكه‌ین ئه‌وا ئه‌م درامایه‌ لێوانلێوه‌ له‌و وانه‌ و په‌ندانه‌ی كه‌ زۆرێك له‌ سیاسیه‌كان پێویسته‌ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن. ناكرێت ئه‌م درامایه‌ هه‌روا به‌ئاسانی به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕێت و قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كه‌ین.
ئه‌وه‌ی له‌م دراما ڕۆشهه‌ڵاتیه‌دا به‌دی ده‌كه‌ین ساده‌یی ژیان و نه‌بوونی ته‌كنه‌لۆژیا و ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانه‌. ئه‌م درامایه‌ بێ ته‌كنه‌لۆژیایه‌ كه‌ هه‌موومان له‌ڕێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیاوه‌ ته‌ماشای ده‌كه‌ین، یاده‌وه‌ریمان ده‌مانباته‌وه‌ بۆ جوانیه‌كانی سروشت و گه‌رموگوڕی عه‌شق و ته‌نانه‌ت خیانه‌ت و شه‌ڕه‌كانیش به‌جۆرێك له‌ نزیكه‌وه‌ ئاماده‌گیان هه‌یه‌ كه‌ هه‌موومان سه‌رسام ده‌كات كه‌ بلۆك و چیمه‌نتۆ و مۆبایله‌كانی ده‌ستمان چه‌ند مشتومڕ و عه‌شق و پێكه‌وه‌بونی ساده‌ و ساكار و ته‌نانه‌ت بێتام كردووه‌.
له‌م درامایه‌دا هه‌موو ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕاستی و حه‌قیقه‌تی خۆیان. هاوڵاتی ساده‌ هه‌یه‌ ڕاستی لایه‌ و خاوه‌نشكۆیه‌ هه‌ڵه‌ ده‌كات و ئیعتراف به‌ هه‌ڵه‌كانی خۆی ده‌كات و ئاماده‌یه‌ گوێ له‌ حیكایه‌ته‌كانی ئافره‌تێك بگرێت. ئه‌م وانه‌یه‌ به‌ر له‌ هه‌رشت بۆ به‌رپرسانی ئێمه‌ دروسته‌ به‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆك ده‌بێت خۆی له‌سه‌روی حه‌قیقه‌ته‌كانه‌وه‌ نه‌بینێت. خاوه‌نشكۆیه‌ كه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت ڕه‌نگه‌ ئافره‌تێك له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆشكه‌كه‌ی بتوانێت پلانه‌كانی كۆشگ كه‌شف بكات.
تاكه‌ چه‌مكێك له‌م درامایه‌دا كه‌ سه‌رسامی كردم چه‌مكی ” ئامانجی مه‌زن”ه‌. ئه‌وه‌ هاوڵاتیه‌كی ساده‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆشك كه‌ ئامانجی مه‌زنی هه‌یه‌ و ده‌توانێت بگات به‌وه‌ی كه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌دات. ڕاهێنانی نه‌وه‌ی نوێ به‌ ئامانجی مه‌زن، تاكه‌ شتێك بوو له‌و درامایه‌دا كه‌ له‌ عه‌ڵقه‌ی كۆتاییدا سه‌رسامی كردم، كاتێك منداڵێك پرسیار له‌ ئامانجی مه‌زن ده‌كات و باوكیشی بێ دوودڵی نه‌وه‌كه‌ی خۆی به‌ ئومێد ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ له‌ ئاینده‌دا ده‌توانێت بگات به‌ ئامانجی مه‌زن.
وانه‌یه‌كی تر كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ دیمه‌نه‌كاندا خاوه‌نشكۆ پشت بۆ دۆنگی داده‌نه‌وێنێت تاكو به‌ سه‌ر دیواری كۆشكدا سه‌ر بكه‌وێت، هه‌مان ئه‌و سامپڵه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت زۆرێك له‌ به‌رپرسه‌ سیاسیه‌كانی ناو كۆشكه‌ مۆدێرنه‌كان بیكه‌ن. ئه‌وه‌ به‌رپرس و خاوه‌ن شكۆی ڕاسته‌قینه‌یه‌ كه‌ پشت داده‌نه‌وێنێت بۆ هاونیشتمانیانی خۆی تا به‌سه‌ریدا سه‌ربكه‌ون. سیمبوڵی دانه‌واندنی پشتی خاوه‌نشكۆ له‌ به‌رده‌م دیواری كۆشكدا ئه‌و سیمبوڵه‌ كاریگه‌ره‌یه‌ كه‌ له‌م درامایه‌دا ساده‌یی و خۆنه‌ویستی پادشایه‌كمان پێده‌ڵێت ڕۆژێك له‌ مێژوودا ئه‌نجامی داوه‌ و وانه‌یه‌كیشه‌ بۆ ساده‌بوونه‌وه‌ و ملدان بۆ داخوازی و سه‌ركه‌وتنی هاونیشتمانیان بۆ ئاینده‌یه‌كی باشتر.
ڕنگه‌ كاریگه‌رترین وێنه‌یه‌ك كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ زاكیره‌ی زۆربه‌ماندا مابێت، ڕووخانی دیواره‌كانی كۆشكه‌ له‌لایه‌ن دۆنگییه‌وه‌. ئه‌مه‌ش وه‌ك سیمبوڵێكی كاریگه‌ر له‌ دراماكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت به‌وه‌ی كه‌ دیواری كۆشك ده‌ڕووخێت و هاونیشتمانیان زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانن دیوی ناوه‌وه‌ی كۆشكه‌كان ببینن، یان به‌ مانایه‌كی تر بتوانن ده‌نگیان بگات به‌ به‌رپرسه‌كان و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كانیش وا له‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ناو كۆشك بكات بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆناو هاونیشتمانیان.
هه‌موو ئه‌م وێنه‌ سیمبوڵیانه‌ی ناو ئه‌م درامایه‌ وانه‌یه‌كه‌ بۆ به‌رپرسانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه‌. به‌رپرسان هه‌م ده‌بێت خه‌ون و ئامانجی مه‌زن له‌ دڵی نه‌وه‌ی نوێدا بچێنن، هه‌م ده‌بێت پشت بۆ هاوڵاتیانی خۆیان دانه‌وێنن تاكو به‌سه‌ر دیواره‌كاندا سه‌ر بكه‌ون، هه‌م ده‌بێت دیواره‌كانی كۆشكه‌كانیان بڕوخێنن و بێنه‌وه‌ بۆناو هاونیشتیمانیان. وه‌ك چۆن خاوه‌ن شكۆ له‌ كۆتایی دراماكه‌دا كۆشكه‌كه‌ی جێده‌هێڵێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆناو سروشت، به‌رپرسانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ش ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانن مادام شه‌رعیه‌تیان له‌ خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی كۆشكه‌كانیان وه‌رگرتووه‌،  ڕێگه‌ی تر نیه‌ جگه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك.

Azizrauf75@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.