ئاسته‌كانی به‌كێشه‌كردن له‌رۆمانی:ئاوینه‌ی بوركانی ژه‌نه‌رال دا
(1)
خوێندنه‌وه‌یه‌كه بۆ رۆمانی “ئاوێنه‌ی بوركانی ژه‌نه‌راڵ” له نوسینی” سه‌لاح جه‌لال” و به‌رهه‌می ساڵی 2011 یه‌تی و له سه‌ر ئه‌ركی خۆی چاپ و بڵاوی كردۆته‌وه،له (چاپخانه‌ی كارۆ)
به كێشه كردنی رۆمان وه‌ك كه‌لتورێك نه‌بۆته به‌شێكی زیندو دانه‌بڕاو له ژیانی رۆشنبیری ئێمه و زۆر به كه‌می و تا ڕاده‌ی نه‌بون هیچی له‌سه‌ر نه‌وتراوه و نه‌كراوه، بۆیه به گرانم زانی ئه‌م رۆمانه وه‌ك به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی و شاكارێك له‌م روه‌وه بخوێنمه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی رۆمان به‌رمه‌وه بۆ ره‌چه‌ڵه‌ك و دروستكردنی لێدوانی ره‌سه‌ن له‌و باره‌یه‌وه، چونكه ده‌بێت مرۆڤ ده‌رك به‌وه بكات، ئه‌و شعوره له‌لای خۆی دروست بكات، كه كێشه‌یه‌كه و قه‌یران به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت!!ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه بمێنێته‌وه.هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش كاتێك دێته به‌رچاو كه‌له مانا سایكۆلۆژییه‌تییه‌كه‌ی دوور بخه‌ینه‌وه و دایماڵین لێی، به مانایه‌كی تر مه‌به‌ست له كێشه گه‌رانه‌وه‌یه، بۆ پرسه بنه‌ره‌تی و سه‌ره‌كییه‌كان به‌گشتی و ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌تایبه‌تی، كه لیره‌دا مه‌بستمان له‌پرسه سه‌ره‌كییكانی رۆمانه وه‌ك و ئه‌ده‌ب و ده‌ست پێكردنی چڕ‌و پری گفتوگۆكان له‌سه‌ر دڵی بابه‌ته‌كان كه خودی ، كێشه”یه واته كاتێك كه ئیمه ده‌زانین “كێشه” مانایه‌كی جیاواز له مانا باوه سایكۆلۆژییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت ، خۆ به‌خۆ له”ئاژاوه”جیا ده‌ببَته‌وه و پرسیاری ره‌سه‌ن و دروست له دایك ده‌بن .
ئێمه لیره‌دا به‌هیچ جۆریك به‌نیاز نین له‌روی زمانه‌وانییه‌وه هیچ بڵێین به‌ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێت ، مه‌به‌ستی خۆمان روون ده‌كه‌ینه‌وه به‌وه‌ی كه كێشه‌ی رۆمان وا ده‌خه‌ینه روو وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌م رۆوه له‌م كاته‌دا پایه‌یه‌كی گرنگی ئه‌ده‌به و نهێنی خویندنه‌وه و راڤه‌و ره‌خنه و لیكدانه‌وه‌ی له‌خۆ گرتووه ، بێ له‌وه‌ی رۆمان له‌م رۆدا له‌قه‌یراناویترین دۆخیدایه ،به‌ده‌ر له قه‌یرانی نووسین خۆیشی.
كه‌واته كه باس له كێشه‌ی رۆمان ده‌كه‌ین مه‌به‌ستمان ، له‌و باس و خواسانه‌یه كه‌په‌یوه‌ه‌سته به ژینالۆژیایی رۆمان وه‌كو ئه‌ده‌ب و به‌ستنه‌وه‌ی به‌تێڕامان و تێفكرینی وجودی و فه‌لسه‌فی و بون و نه‌بونه‌وه و له‌ئاستیكی تریشیدا خراپ بون و كه‌وتنه قه‌یرانی ئه‌ده‌بییه‌وه و لێره‌دا كیشه‌كه گه‌وره ده‌بیت بۆ مانا گه‌وره‌كه‌و باسه‌كه هه‌ستیار ده‌كات, واتا كیشه‌ی بون و نه‌بونی ڕۆمان وه‌كو ژانرێكی ئه‌ده‌بی دروست ده‌بیت, به دیویكی تردا نه‌بینیی وه‌كو كێشه و بایه‌خ پێنه‌دان و پشت گوێ خستنی ده‌بیته به‌شێكی تری گرفته‌كه و به‌هه‌ردووكیشیان به‌دوای خۆیاندا قه‌یران ده‌هێنن, نه‌ك ئه‌و تێگه‌یشتنه سواوه‌ی كه مه‌سه‌له‌ی فرۆشتن و ئه‌زبه‌ر كردنی له‌لایه‌ن كۆمه‌لێك خه‌ڵكی نه‌شاره‌زاوه بكه‌نه پێوه‌ر بۆ “كیشه”و بگره”كیشه”مانای فراوانتر و قوڵتر و گه‌وره‌تری هه‌یه و له‌بنچینه‌شدا بۆ مشت و مڕی فه‌لسه‌فی گونجاو تره وه‌ك مانا بازاڕی و باوه‌كه‌ی…….
بۆیه‌لیره‌وه ده‌بیت بگه‌ڕینه‌وه بۆ ڕۆڵه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ڕۆمان، له ڕووی بنیات و له جیهانی مۆدیرندا و خویندنه‌وه‌ی وه‌كو”دۆكترینیكی-عقیده”یه‌كی شایان به‌خوڵقاندندنی فۆڕم و شیوازی جۆراوجۆر. یان به مانایه‌كی تر به‌خویندنه‌وه‌ی كیشه‌كان ده‌توانین لێكدانه‌وه‌ی درووست بۆ رۆمان بكه‌ین، واته كاتێك رۆمان ده‌بێته كێشه و ئاوس ده‌بێت به یه‌كه‌كانی فه‌لسه‌فه و ته‌كنیك و مێژو…هتد. ئه‌وه مانا راسته‌قینه‌كانی رۆمان ده‌رده‌كه‌ون و خوێندنه‌وه‌یش ده‌بێته دیار خه‌ری ئه‌و لایه‌ن و نهێنیه شاراوانه‌ی ده‌ق و گه‌یشتنه هه‌ناوی داهێنان- لێره‌وه پرسه‌كه به‌ره و شوێن و بابه‌تی ده‌ڕوات، بۆیه لێره‌وه ده‌چینه ناو كرۆكی باسه‌كه‌وه.
خستنه روی ئاسته‌كانی كێشه له رۆمانی “ئاوێنه‌ی بوركانی ژه‌نه‌ڕاڵ” رۆمانی ئاوێنه‌ی بوركانی ژه‌نه‌ڕاڵ”وه‌كو (كێشه و ئاوس به كێشه):-
یه‌كێك له دروشمه‌كانی (جۆرج باتای) ئه‌وه بو كه ده‌یگوت:”په‌سند (كردنی ژیان تا سه‌ره مه‌رگ . 1).
ئه‌گه‌ر له‌م رسته‌یه‌وه بچینه رۆمانه‌كه‌وه، ئه‌وه ده‌بینین هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌كه خۆی كێشه‌یه له‌سه‌ر ئاستی(نه‌ته‌وه‌یی و تاكه كه‌سی)
ِله ئاسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یدا، كێشه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به دیار ده‌خرێت، كه به‌درێژای سه‌ده‌یه‌ك و هه‌تا ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت، كێشه‌ی په‌سه‌ندنی كردنی ژیان خۆیه‌تی،له‌م ئاسته‌یدا ڕۆمان ده‌بێته (خه‌م ) خه‌مێكی وجودی و قورس و خاڵی له مانا سایكۆلۆژیه‌كه‌ی، وه‌كو ئه‌ده‌ب هه‌ڵگری په‌سه‌ند كردنی خه‌مه‌كانی بوون خۆیه‌تی ، كه له ئێستادا چه‌ندان بابه‌تی گرنگ و نیشتمانی هه‌ن فه‌رامۆش كراون و په‌راوێز كه‌وتون، هه‌روه‌كو چۆن (باتای) وتویه‌تی :
( ئه‌ده‌بیات یا هه‌موو شتێكه یا هیچ. 2).
ئه‌ده‌ب كه ده‌مانخاته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی (بوون) وه‌كو بابه‌تێكی گرنگ و پڕ له به‌رپرسیارێتی، له‌م كاته‌دا ئه‌م ڕۆمانه ده‌بێته نمونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ی پڕ له كێشه و له لایه‌كی تریشه‌وه ڕۆمانی ئاوێنه‌ی بوركانی ژه‌نه‌ڕاڵ كه كه‌ره‌سته‌كانی وه‌رگیراوی مێژویه‌كی دیاری كراوی ژیانی سیاسی كورده، به‌ره‌و ڕووی ژیانی كه‌سایه‌تیه‌كی پڕ له بایه‌خ له ڕووی كاریگه‌ریه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و نه‌ته‌وه‌یی ….هتد. یه‌كانی نه‌ته‌وه‌و (خه‌م) ی نوسه‌ر لێره‌دا دوباره زیندوو كردنه‌وه و به‌رز ڕاگرتنی ئه‌و كه‌سایه‌تیه مێژوییانه‌یه له به‌رگێكی تێكه‌ڵ به ئه‌فسانه‌و داستان و هونه‌ریانه‌و ئه‌ده‌بیانه .
له حیكایه‌تێكدا (خۆرخی لویتس بۆرخنیس) نوسیویه‌تی:
( نوسه‌رێك سزای مه‌رگی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت ،ئه‌و داوای یه‌ك ساڵ مۆڵه‌ت له خوا ده‌كات تاكو بتوانێت كتێبه‌كه‌ی ته‌واو بكات. 3) ،
ئه‌مه‌ش دۆخی هه‌موو نوسه‌ر و دانه‌ر و كه‌سه به‌رپرسانه‌یه كه ده‌یانه‌وێت له ڕێی ئه‌ده‌به‌وه خۆیان بكه‌نه ئاوێنه بۆ ته‌قینه‌وه‌ی بوركانی (كه‌سان) و (بابه‌ته) نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان ، كه لێره‌دا (نوسه‌ر)ده‌بێته به‌شێكی مه‌زنی كێشه‌كه‌و بوونی (نوسه‌ر)خۆشی ئاوێزان ده‌بێت به ( دۆگم _تقلید )ه‌كانی یاخی بوون كه دژی لاسایگه‌رێتی و خۆ دووباره كردنه‌وه‌یه له پێناو گه‌یاندنی حه‌قیقه‌ت ،ئه‌ڵبه‌ته حه‌قیقه‌تی ئه‌ده‌بی به جۆرێك ده‌وترێت كه (كێشه ) دار بێت ، چونكه نوسینی بێ كێشه واته مه‌رگی نوسین و بڵاو كردنه‌وه‌ی ئاژاوه .
( كێشه) له‌م ڕۆمانه‌دا وه‌كو (بابه‌ت) جیاوازه له (ئایدیا)كانی نوسه‌ر وه‌كو (كێشه)،به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا یه‌كانگیرو هاو مانا له‌ڕووی فه‌لسه‌فیه‌وه، (گادامیر) وته‌نی ،(ئاسۆی ڕابردوو به شێوه‌یه‌ك بوو تێپه‌ڕی ،كه بوو تێپه‌ڕی و ئیدی ناگه‌ڕێته‌وه. 4).
به‌ڵام له ڕوویه‌كی تره‌وه زیندوویی و به‌ها داری خۆی ده‌گه‌یه‌نێت وه‌كو(بۆڵ دێیان) هێمای بۆ بنه‌مای (….) هزری (نیچه) كردووه‌و گوتویه‌تی (كه پێكناكۆكی نێوان كامڵ بوونی مێژوویی و ئافراندنی هونه‌ری هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا ڕادیارده‌یه‌كی په‌یوه‌ست به (مۆدێرنیزم ) مۆدێرنیزم به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی به ڕابردوو مێژووه به‌ستراوه‌ته‌وه ..5)
هه‌روه‌كو چۆن چه‌ندان نمونه‌ی زیندوو هه‌ن له ڕۆمانه‌كه‌دا كه باشترین به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و گوتانه‌ی سه‌ره‌وه، بۆ نمونه ده‌رباره‌ی كێشه‌ی (بوون ) له‌م ڕۆمانه‌دا نوسه‌ر له ل 7 دا ده‌ڵێت :
(گومان له هه‌موو شتێكه‌وه ده‌رده‌كه‌وت، وه‌ك چۆن تارای نهێنیه‌كی نادیار دایپۆشی بێت ,,,).
یان له هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا ده‌ڵێت :
(زمانێك له بێزمانیه‌وه تۆڕی ئاماژه‌ی ئاسۆییان له فه‌زای ڕوانینا به‌رجه‌سته كرد … ل 7)
نهێنی ئه‌م سروشته تایبه‌ته لێره‌دایه كه مۆدێرنیزم پاساوی خۆی له دابڕانی مێژوییه‌وه به‌ده‌ست دێنێت (…) كاتیكَ له دابڕان تێده‌فكرێت نازانیتَ له ڕاڤه‌ی خۆی چۆن مێژووی خۆی ده‌رباز بكات ، به ڕای (دێیان) (له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌ده‌بیات به‌رده‌وام له بنیاتی خۆیدا مۆدێرنه. 6)
ئا لێره‌وه تێده‌گه‌ین ئه‌م ڕۆمانه به مانای (كێشه )سه‌ر به‌ساتی دروست بونی ڕۆمان خۆیه‌تی و زاده‌ی ئه‌و ساته‌یه كه به‌ره‌و ڕووی ئاراسته‌ی گونجاوی خۆی ده‌ڕوات ، ئه‌وه‌تا ,ئێدمۆند هۆستیرڵ, ی فه‌یله‌سوف ی سه‌ده‌ی بیسته‌م گوتویه‌تی :
(به‌ره‌و خودی شته‌كان. 7)
كه من لێره‌دا مه‌به‌ستمه ئه‌م بێژه‌یه ببه‌ستمه‌وه به مه‌سه‌له‌ی (كێشه ) له‌م ڕۆمانه‌دا ,كه نوسه‌ری ,, ڕۆمانی ئاوێنه‌ی بوركانی ژه‌نه‌راڵ ,, ؛كاك صڵاح ؛ زۆر جوان كێشه‌كان ده‌باته‌وه سه‌ر خودی شته‌كان ئه‌گه‌ر كه‌مێك ڕونتر بدوێم (كێشه )ده‌باته‌وه بۆ خودی ئه‌ده‌ب و ڕه‌سه‌نایه‌تی ڕۆمان ….چونكه هۆسیرڵ وای بۆ ده‌چێت كه هه‌موو هوشیاریه‌ك هوشیاریه به شتێك. 8).
هوشیاری لێره‌دا و له‌م ڕۆمانه‌دا گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دۆزینه‌وه‌ی دۆگمه‌كانی نوسینی ڕۆمان و به (دۆكترین ـ حقیقه‌ت ) كردنیان و بردن و فڕاندن یان بۆ ناو یه‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌تر كه خه‌می (نیشتمان و نه‌ته‌وه)یه .
(لائودزۆ) له ؛دائود جینگ ؛ دا ده‌ڵێ :
(واز له فێربوون بێنه په‌ژاره به‌سه‌ر ده‌چێت . 9) .
ئه‌مه‌یه ئه‌و هوشیارییه‌ی كه (كێشه) دروست كه‌ریه‌تی و به ته‌نها كێشه‌ش ده‌توانێ ئه‌و ناسنامه‌یه ببه‌خشێ و نوسه‌ر به فێربوون و فێركردن له ڕابردوه‌وه , ئه‌و خه‌مه په‌خش ده‌كاته‌وه كه خه‌ریكه له یاده‌وه‌ریاندا كاڵ ده‌بێته‌وه یان خه‌ریكه ڕوو له نه‌مان ده‌كات .واته له ساتی خوێندنه‌وه‌و تێفكرینه‌كانی نوسه‌ره‌وه به‌ره‌و زیاد كردنی په‌ژاره ده‌چین . چونكه له یه‌ك كاتدا (نوسه‌ر ) فێربوه‌و (فێریش )ده‌كات كه‌سێك كه فێربوونی ته‌ڵاق دابێ چ باكی به په‌ژاره هه‌یه یان چی له خه‌م بكات به مانایه‌كی تر به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه (فێربوون ) زیاد ده‌بێت و په‌ژاره‌و خه‌مه‌كانیش گه‌وره ده‌بن و زیاد ده‌كه‌ن و به پێچه‌وانه‌شه‌وه ڕاسته .
په‌ژاره‌و خه‌می نوسه‌ر .كه‌سی نیه‌و چ په‌یوه‌ندیه‌كی سایكۆلۆژی ساتی پێكه‌وه‌یان نابه‌ستێته‌وه . به هێنده‌ی فێربون و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌یه . كه تاكو ئێستا كه‌مترینی خه‌ڵكی دوو دڵ و قه‌له‌ق كردووه له بواری دروست كاری و ڕۆماندا, وه كه‌مترین گومان و داهێنان له‌و بواره‌دا گرتونیه‌تیه‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی ئه‌ده‌بی میلله‌تێك كه خۆی فیدا ده‌كات و قوربانی ده‌دات و خوێن ده‌ڕێژێت و پرسیار ناكات !!
(كێشه) ی نوسینی ئه‌م ڕۆمانه ,خودی نیه‌و ناچێته‌وه سه‌ر په‌ژاره دنیایی و ماددی و خێرا ڕاگوزه‌ره‌كان به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ست بردنه بۆ پرسه سه‌ره‌كی و نهێنی و فه‌لسه‌فی و وجودیه‌كان (كه له نوسینه‌كانی داهاتوودا زیاتر له‌و باره‌یه‌وه ده‌دوێم ) ئه‌مه‌ش وا ده‌كات لای خوێنه‌ر جێگیر بێت به گواستنه‌وه له خوێندنه‌وه‌ی به‌شه‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌مووی (كلی ) به یه‌ك پێگرتنی پارچه‌یه‌كی ده‌قی (نصی) به شیكردنه‌وه‌ی بنیاتی ده‌قی گشتگیره‌كی (10)
ڕۆمان به سیما ,,شێوه ـ شكڵ ,, یه‌كانی دیاری ناكرێت به هێنده‌ی ئه‌وه‌ی به مه‌دلوله‌كانی دیاری ده‌كرێت كه په‌یوه‌ست به بیری خه‌یاڵكه‌ره‌كه‌وه (11) ئه‌وه‌تا نوسه‌ر چه‌ندان نمونه و به‌ڵگه‌ی به هێزی به‌یان كردووه له‌م باره‌وه كه په‌یوه‌ستن به ئاخاوتنه‌كانی پێشومه‌وه له باره‌ی كێشه‌وه ده‌توانرێت مه‌دلوله‌كانی به باشی بخوێنرێته‌وه و ئێمه لێره‌دا ته‌نها چه‌ند نمونه‌یه‌كمان هه‌ڵبژاردووه كه بێگومان ده‌قی نوسه‌ر پڕ پڕه له‌م نمونانه له به‌شی (1) له لاپه‌ڕه حه‌وت دا :
– ( ده‌نگی سروشت ئاوێته‌ی نوزه‌ی گریانێكی خه‌فه بوو )
هه‌روه‌ها له هه‌مان به‌ش و له لاپه‌ڕه (10 ) دا :
-(ئه‌و وێنانه‌ی لای ببون به ئه‌لبومی بیره‌وه‌ری خوێناوی ـ سرودی ( ئه‌ی ڕه‌قیب )یان له مێشكدا ده‌كرد به ئاهه‌نگ)
له به‌شی دوودا و له لاپه‌ڕه‌كانی (27 , 29 ,34 , 37 ) دا
-(به دیمه‌ن و بۆن و ده‌نگ و چرپه‌و هه‌ناسه‌و ڕۆحی سروشته‌وه شێوازی ئاوێته‌ییان گرتبوو)
-(له‌وه‌وه بیره‌وه‌ری ژیانی به گوڵی ئاشكرا و نه‌بینی ده‌دیه‌وه )
-(به‌و تارا خوێناویه‌وه تفه‌نگی كرده شانی و فیشه‌كدان و خه‌نجه‌ر و ده‌مانچه‌ی به‌ست)
-(ئه‌و بڕوایه بوو پێشمه‌رگه‌ی وا لێ كرد كه ڕۆحیان بفڕێت )
له به‌شی سێ هه‌م (49 ,53 , 55 , 62 ) دا :
-(به‌و وێنانه‌وه ئاسمان ببوه دوكه‌ڵ كێشی ژان و هه‌ناسه‌ی خه‌فه و به‌سه‌ریدا په‌خش ده‌بوه‌وه )
-( دوا نیگای له گوڵه‌كان گرته‌وه ,هێزێكی نه‌بین خوێنی ده‌جۆشاند)
-( ئه‌وه بیره‌وه‌ریه‌كی سه‌خت بوو له شارای ته‌مه‌نیدا خڕ ده‌بوه‌وه ..)
-( به‌و دیمه‌نه‌وه به‌ره‌و مزگه‌وت هه‌نگاوی هه‌ڵهێناوه ..)
له به‌شی چواره‌م دا :
-( به‌و دیده‌وه له‌گه‌ڵ ڕه‌ش بونه‌وه‌ی شاخ و كێوا ئێشكی گرت. ل 81)
-(له‌سه‌ر زاری جه‌نه‌راڵه‌وه ده‌ڵێ : تاكه‌ی بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه كه به بێ میلله‌ت هیچ هێزێكمان تیا نیه . ل 84)
له به‌شی پێنجه‌م دا :
-(به ئازارێكی ڕۆحیه‌وه سه‌ری به‌رز كرده‌وه. ل 93)
یان له به‌شی شه‌شه‌م دا :
-(ده‌وڵه‌تی تورك بێ په‌یمانه ـ نه‌ك په‌نای نه‌داین خیانه‌تیشی لێ كردین ـ ل 110)
هه‌روه‌ها له به‌شی حه‌وته‌م دا :
-(به سه‌یری ئاسمانه‌وه هێڵنجی ده‌دا ـ ل 127 128 )
-(ئه‌م ده‌رده نه‌هامه‌تیه چی بوو ؟ ل 129)
له به‌شی هه‌شته‌م دا چه‌ندان نمونه‌ی زۆر هه‌ن گرنگترینیان :-
( فه‌زای ژوره‌كه به ئه‌فسانه‌ی زه‌مه‌ن , ئاوێته‌ی شه‌پۆلی نه‌بین ببو ل 143)
-(بێ ئارامی گرتیه‌وه‌و به‌سه‌ر بوركانی ناخیدا حه‌ژمه‌تی باراند ل 147)
ئه‌ڵبه‌ته ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر كه‌من له‌و كێشانه‌ی كه ڕۆمانی ( ئاوێنه‌ی بوركانی ژه‌نه‌ڕاڵ) به‌یانی كردون , بگره ده‌توانرێت هه‌موو كتێبه‌كه به‌ش به‌ش و ڕسته ڕسته‌و وشه به وشه‌ی وه‌ك و كێشه ته‌ماشا بكرێت و ببه‌سترێت به یه‌كه‌وه‌و ناو بنرێن به (تۆڕی كێشه‌كان ) ئه‌مه‌ش لای یه‌كێكی وه‌كو (جولیا كریستیڤا ) وا ده‌كه‌وێته‌وه كه پێی وایه (….) له ڕۆمانه‌كاندا شتێ سه‌رهه‌ڵده‌دات كه زۆر تر هێڵكاریه : (پێكهاته‌یه‌كی وه‌رگیراوی بان كه‌سێتیه (12 ) ).
وه‌ك و چۆن له به‌شی ( 9 ) و كۆتایی كتێبه‌كه‌دا نوسه‌ر له لاپه‌ڕه 162 دا ده‌نوسێت :
-(دوژمن بێ به‌زه‌یی ده‌مانفلیقێنێته‌وه) (ــ) یان له لاپه‌ڕه 166 دا ده‌نوسێت 🙁 ئێمه نوێنه‌ری گه‌لێكی بێكه‌س و چه‌وساوه‌ین) – له لاپه‌ڕه 185 دا ده‌نوسێت : (ئه‌و هاوارانه مێشكیان گرتبووه‌وه ڕۆژ به ڕۆژ په‌ره‌یان ده‌سه‌ند ..)
هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین ئه‌و هاوارانه هاواری نه‌ته‌وه‌ییه‌و په‌یوه‌سته به خه‌باتی ڕزگاری نیشتیمانی گه‌ڵێكی سته‌م دیده‌و سه‌ركوت كرا‌و، ئه‌وه‌ش بڵێین ( جولیا كریستیڤا) له كتێبی (معنی ولا معنی لتمرد ) دا جه‌ختی له‌وه كردۆته‌وه كه تصوركردنی ئه‌ده‌ب وه‌ك و گه‌شتێك وایه له ناو ئاڵۆزی و نادیاره‌كاندا ,…(12 )
(( سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان ))
1_ پێك هاته‌و ڕاڤه‌ی ده‌ق نوسینی (بابه‌ك ئه‌حمه‌دی ) , وه‌رگێڕانی (مه‌سعود بابایی ) له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكری و ئه‌ده‌بی نما زنجیره (56) چاپی یه‌كه‌م ,هه‌ولێر (2005) كتێبی سێ هه‌م ل 135
2 _ هه‌مان سه‌رچاوه ل 137
3 _ هه‌مان سه‌رچاوه ل 139
4 _ پێكهاته‌و ڕاڤه‌ی ده‌ق , نوسینی (بابه‌ك ئه‌حمه‌دی ) وه‌رگێڕانی (مه‌سعود بابایی ) له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكری و ئه‌ده‌بی نما زنجیره (22 ) چاپی یه‌كه‌م هه‌ولێر (2007 ) كتێبی چواره‌م ل 20
5 _ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 19
6 _ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 19 ـ 20
7 _ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 54
8 _ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 55
9 _ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 7
10 _ النص الروائی تالیف ؛ بیرنارفالیت ؛ ترجمه ؛ د. رشید ؛ منشورات iv ,Nathan ,paris,1992
11_ نفسه المصدر ص 6
12_ (مجله المدی )عدد (16 ) السنه اپانیه (1997 ) مجموعه حیوارات مع (جولیا كریستیف ) ص 40
13_ نفس المصدر.
تێبینی / جگه‌له‌و سه‌رچاوانه‌ی كه ئاماژه‌یان بۆ كراوه ڕۆمانی (ئاوێنه‌ی بوركانی ژه‌نه‌راڵ) له نوسینی (( كاك صڵاح جلال ) سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی ئه‌م نوسینه‌یه ….
له‌رۆژنامه‌ی خه‌بات ژماره(3837)له29:7:2011 بلاوبۆته‌وه.