له‌م وڵاته‌دا کێن سیاسه‌تمه‌داره‌کانمان؟ …. گلێنه
زۆربه‌مان بیستوومانه، که به درۆی پیاوی گه‌وره ده‌ڵێن سیاسه‌ت، به‌ڵام چه‌په‌ڵیی سیاسه‌ت له‌م هه‌رێمه‌دا له درۆی سیاسه‌تمه‌داره‌کانمان لای داوه و گه‌شتۆته ئاستێکی به‌رزتر، که ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم هه‌موو ڕێبازێک و شێوازێکی چه‌واشه‌کارانه به‌کارده‌هێنن، بۆ ئه‌وه‌ی که به‌هانه‌یه‌ک بۆ هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌ک و هه‌نگاوێکی خۆیان بدۆزنه‌وه. ئازاد جوندیانی، که به یه‌کێک له مێشکه ژیره‌کانی یه‌کێتی ده‌ژمێردرێت، له چاوپێکه‌وتدنێکدا ده‌ڵێت: “بڕینی بودجه‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، به‌شێكبووه له‌و ئاڵۆزییانه‌ی له چه‌ند مانگی ڕابردوودا ڕوویاندا.”
به‌نده نازانێت، کاک ئازاد له چ ڕوانگه‌یه‌که‌وه ته‌ماشای پێکهاته‌کانی حکومه‌ت و پارت و ڕێکخراوه‌کان ده‌کات؟ ئایا لای ڕوونه به ته‌واوه‌تی ماف و ئه‌رکی سه‌رشانی حکومه‌ت چییه؟ یاخود که‌سه ژیره‌که‌ی ناو یه‌کێتی هه‌تا ئه‌م ساته ده‌سته‌واژه‌کانی (حکومه‌ت، په‌رله‌مان، حیزب) هه‌موویان پێکه‌وه له‌ناو یه‌ک ئاوێته‌دا ده‌بینێت و ناتوانێت لێکیان جیا بکاته‌وه؟ من بێگومانم له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به ڕووکه‌شیش نه‌بێت، ئه‌وا له ناخی دڵه‌وه کاک ئازاد هه‌تا ئێستاش حکومه‌ت له حیزب جیا ناکاته‌وه یاخود نایه‌وێت جیای بکاته‌وه، ئه‌گینا به چ یاسا و ڕێسایه‌ک حوکمه‌ت ده‌توانێت بوجه‌ی لایه‌نێک ببڕێت؟ ئه‌و لایه‌نه هه‌ر حیزبێک یان ڕێکخراوێک بێت وه هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر حکومه‌ت هه‌رچۆنێک بێت، ته‌نها ئه‌گه‌ر نه‌گاته سنووری شه‌ڕه‌نگێزیی و توندوتیژیی و تێرۆریزم. به‌رله‌وه‌ی کاک ئازاد ئه‌م ڕسته پڕهه‌ڵه‌یه ده‌ربپه‌ڕێنێت، ده‌بووایه تێگه‌شتنی بۆ ئه‌وه هه‌بووایه، که هه‌موو لایه‌ن و حیزب و ڕێکخراوه‌کان به‌رامبه‌ر یاسا وه‌ک یه‌ک وان (ئه‌گه‌ر له‌ناو هه‌رێمێکدا بژین، که ده‌سه‌ڵات تیایدا سه‌روه‌ر بێت)، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌نگاوه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای (هه‌واوهه‌وه‌س) ده‌ڕۆن به‌ڕێوه، ئه‌وا من به‌ش به حاڵی خۆم گله‌ییم له هه‌نگاوه‌کان و بڕیاره‌کانی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵام به ناحه‌قی داده‌نێم ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیش گله‌یی و ڕه‌خنه‌ی له هه‌ڵوێست و ڕه‌فتاری ئۆپۆزیسیۆن و خۆپیشانده‌ران هه‌بێت. له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌گه‌ینه ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ی هه‌رچییه‌ک ڕووبدات له‌م هه‌رێمه‌دا ئاساییه و با هیچ که‌س گله‌یی له هیچ که‌سێکی دیکه نه‌کات.
زۆرجار دووپاتی ئه‌وه‌م کردووه‌ته‌وه، که له‌م هه‌رێمه‌دا زۆربه‌ی ئه‌ستێره گه‌شاوه‌کانی مه‌یدانی سیاسه‌تی کوردی که‌سانێکی (نه‌زانن). به‌ڵێ نه‌زانن. نه‌زانن به‌وه‌ی بیست ساڵی ڕه‌به‌قه هه‌مان وشه و ڕسته و کوردایه‌تی و ئه‌زمون و گۆڕی شه‌هیده‌کان و تێکۆشانی خۆیانمان پێ ده‌فرۆشنه‌وه. نه‌زانن چونکه هیچ پرۆژه‌یه‌ک له مێشکیاندا ناتوانێت چه‌که‌ره بکات بۆ چاکسازیی و پێشخستنی باری هه‌رێمه‌که، نه‌زانن به‌وه‌ی هیچ شتێکی نوێیان بۆ ئه‌م کۆمه‌ڵگایه پێ نییه، واته ده‌توانم بڵێم ده‌سه‌ڵاتدارانمان له‌ناو ئیفلاسێکی زانستیی و به‌ڕێوه‌بردن و ئه‌خلاقی سیاسی‌دا ده‌ژین. ئه‌م ئیفلاسبوونه‌ش هۆکارێکه له لایه‌که‌وه بۆ دیارده‌ی به‌ندبوون و به‌سته‌ڵه‌کیی گۆڕانکارییه‌کان له‌ناو هه‌رێمدا له‌بواری بێکاریی، ئابووریی، سیاسیی، په‌روه‌رده، ته‌ندروستی، و . . . هتد. ده‌توانم دووپاتی ئه‌وه‌ش بکه‌مه‌وه، که ئه‌م به‌ندبوونه گه‌یشتووه‌ته هه‌موو قوژبن و کوچه و کۆڵانێکی ژیانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه. له لایه‌کی دیکه ده‌رکپێکردنی ده‌سه‌ڵاتداران به نه‌توانایی و نه‌زانی خۆیان هۆکارێکه بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵات به هه‌موو شێوه‌یه‌کی (ڕه‌وشتی و ناڕه‌وشتی) زۆرانبازی بکات له‌پێناوی مانه‌وه‌ی له‌ناو ده‌سه‌ڵاته‌که‌دا. ئه‌م دیارده‌یه‌ش بووه به خه‌سڵه‌تێک و ڕه‌وشتێک که سه‌رتاپای چینه‌که‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی گرتۆ‌ته‌وه.
ئه‌مه‌ی کاک ئازاد جوندیانی فه‌رموویه‌تی ئاوێنه‌ی تێگه‌شتنی ده‌سه‌ڵاته بۆ شێوازی به‌ڕێوه‌بردن له‌م هه‌رێمه‌دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کاک ئازاد به ڕێکه‌وت له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی نه‌زانیی خۆی به‌ده‌سته‌وه دابێت، ئه‌وا هاوکاران و هاوڕێبازه‌کانی دیکه‌ی کاک ئازاد له‌ناو ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا له‌و زیره‌کتر و ژیرتر و هۆشمه‌ندتر نین، به‌ڵکو ده‌توانم بڵێم که ئه‌م به‌ڕێزه یه‌کێکه له (هه‌ره زیره‌که‌کان) و ئه‌م په‌یژه‌یه‌ش به‌ره‌و خوار ده‌چێت هه‌تا ده‌گاته ئاستێک، که سیاسه‌تمه‌دار (بازاڕییانه) بیرۆکه‌کانی خۆی ده‌رده‌بڕێت، هه‌روه‌ک له ناو په‌رله‌ماندا به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ری وه‌زیر به (وه‌ڵا وه‌ڵا وه‌ڵا، به سه‌ری خوشک و برایه‌تیمان) گفتوگۆی باره گرژه‌که‌ی ئه‌و کاته‌ی ده‌کرد.
به داخه‌وه، که له‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو که‌سه تێگه‌شتووانه‌ی ناو ئه‌م کۆمه‌ڵگایه، که‌سانێکی مێشک به‌به‌ردبوو جڵه‌وی به‌ڕێوه‌بردنیان گرتۆته ده‌ست. به داخه‌وه.